Home / بەشی مێژووی كورد / ئایا کێ سەرداپۆشین (حیجاب) ی ئافرەتی هێنایە ناو کورد؛ ئەکەدی و ئاشوری یان عەرەب؟ ئەی دوای چەند هەزار ساڵ ئافرەتی کورد سەری داپۆشی؟ 

ئایا کێ سەرداپۆشین (حیجاب) ی ئافرەتی هێنایە ناو کورد؛ ئەکەدی و ئاشوری یان عەرەب؟ ئەی دوای چەند هەزار ساڵ ئافرەتی کورد سەری داپۆشی؟ 

1920203_664261513609519_2034577962_n
سۆران حەمەڕەش
زۆر جار لەسەر پێگە کۆمەڵایتیە کوردیەکان بابەت سەبارەت سەرداپۆشینی ئافرەت دەبینم کە لە ژێریدا گفتوگۆیەکی خەست دروست دەبێت و وەک هەمو جارێک، لە ژێر کاریگەریی دابەشبوونی فیکریی دوو جەمسەریی کۆمەڵگەی کوردەواری ئەمڕۆدا و لە ناو گفتوگۆکاندا دوو جۆر بۆچوون بە زەقی بەرچاو دەکەون؛ یەکێکیان لە ڕوانگەیەکی ئاینیەوە سەرداپۆشین بە دابونەریتێکی ئیسلامی جوان دادەنێت و پشتگیری دەکات و ئەوی تریان لە ڕوانگەیەکی عیلمانی و نەتەوەییەوە بە بەشێک لە فەرهەنگی سەپێنراوی عەرەبی دادەنێت و دژی دەوەستێت.
بابزانین لە باخەڵی مێژوودا چی هەیە و دوور لە کاریگەریی بیر و باوەڕی شەخسی خۆمان ئەم بۆچوونانە تا چەند ڕاستن و کێ سەرداپۆشینی هێنایە ناو کوردەوە؛ ئیسلام و عەرەب؟ ئەی دوای چەند هەزار ساڵ لە هێنانی سەرداپۆشینەوە ئافرەتی کورد سەری داپۆشی؟

زۆر کەس پێیان وایە پێویست ناکات لە مێژوو بکۆڵینەوە و تێگەیشتن لە ڕابردوو هیچ سوودێکی نیە بۆ ئەمڕۆ و دوێنی بە ئەمڕۆ چی. من پێم وایە هەتاوەکو لە ڕابردوو نەگەین، هەرگیز لەمڕۆ ناگەین و نە لە خۆمان و نە لە فەرهەنگ و دیاردە کەڵتوریەکان دەگەین. بۆیە ئەگەر بێ پەنابردن بۆ سەرچاوە مێژووییەکان و بە سەرپێیانە سەیری سەرداپۆشین بکەین، ئەوا دەستبەجێ تەنها وەک فەرهەنگێکی عەرەبی و ئیسلامی خۆی دەنوێنێت، بەڵام کە دەچینە ناو قوڵایی مێژووەوە دەبینرێت بەڵگەکان شتێکی ترمان پێ دەڵێن.

مێسۆپۆتامیا دوو فەرهەنگی جیاوازی تێدا بوو؛ فەرهەنگێک کە هی خەڵکە ڕەسەنەکە و خەڵکانی ڕۆژهەڵاتی مێسۆپۆتامیا و کوردستانی ئەمڕۆ بووە کە سۆمەری، گوتی، هوری، هیتی، لوڤی،هتد. دەگرێتەوە و فەرهەنگی دووەم فەرهەنگێک کە لە ڕۆژئاوا و باشوری ڕۆژئاواوە ڕوویان کردبووە ناوچەکە کە ئەکەدی، ئاشوری، عاموری، ئارامی، بابلیە سامیەکان، هتد. ی دەگرتەوە کە بە نەتەوە سامیەکان ناسراون. فەرهەنگی سامیەکان فەرهەنگێک بوو کە بەگشتی تێیدا مافی ئافرەت زەوتکرابوو. ئافرەت لەو کۆمەڵگانەدا بۆی نەبوو کە خاوەن زەوی و موڵک و ماڵ بێت و لە هیچ هەڵسوکەوتێکیدا ئازاد نەبووە و چەندین یاسا و ڕێسا هەبوو بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەڵسوکەوتی ئافرەت. تەنانەت کاتێک کە کچێک باوکی بمردایە و بە تەنها زەوی و زاری بۆ بمایەتەوە، ئەوا لە کاتێکدا کە لە ڕووی یاساییەوە زەویەکە هی خۆی بوو، بەڵام بۆی نەبوو مامەڵەی پێوە بکات هەتاوەکو شووی نەکردایە. واتە ئافرەت لە ناو کۆمەڵگەیەکدا بوو کە هەموو دەسەڵاتێکی لێسێنرابووەوە.

بەهۆی ئەوەی کە ئاشوریەکان بۆ ماوەیەکی زۆر دەسەڵاتدار بوون بۆیە زۆر تێکستیان لێ بەجێماوە و لە ناو ئەرشیفی تێکستەکانیاندا هەندێک تێکستیان بە ڕوونی دەستنیشانی دەکات کە دەبێت کێ سەری دابپۆشێت و کێ بە سەر ڕووتی بمێنێتەوە و یاسای ڕوون و تایبەتیان هەبوو بۆ سەرداپۆشین. یاسا ئاشوریەکان بە ڕوونی دەڵێن کە ژن، بێوەژن، کچ و ئافرەتە بەڕێزە ئاشوریەکانی تر، نابێت بێ سەرداپۆشین و بەسەر ڕووتی لە ماڵ دەربچن. ئەو کەنیزەکەی لەگەڵ خاوەنە ژنەکەی دەچوووە دەرەوە، دەبوو سەری دابپۆشێت. هەروەها لە یاساکاندا بە ڕوونی دەڵێت کە ئافرەتی لەشفرۆش و کۆیلە بۆیان نەبووە سەریان دابپۆشن.

یاسا ئاشوریەکان دەری دەخەن کە لە فەرهەنگی ئاشوریدا پیاو دەسەڵاتی تەواوی هەبووە بەسەر ئافرەتدا و لای ئەوان سەرداپۆشین جۆرێک بووە لە دووپاتکردنەوەی دەسەڵاتی پیاو و سەرداپۆشینیان کردۆتە نیشانەی ڕێز و لای ئەوان تەنها ئافرەتی بەڕێز بۆی هەبووە کە سەری دابپۆشێت. لەبەر ئەوەی کە ئەگەر ئافرەتێک بە شێوەیەکی نایاسایی سەری دابپۆشیایە، ئەوا سزای شەلاق لێدان یان قیر بەسەرداکردن یان گوێ بڕینیان بەسەردا دەسەپاند. کۆنتڕۆڵکردنی ئافرەت بە شێوەیەک بووە کە بەپێی یاسای ئاشوری ئەگەر پیاوێک دەستدرێژی بکردایەتە سەر کچی پیاوێکی تر، ئەوا دەبوو ژنی پیاوی دەسدرێژکەر بهێنرێت و باوکی کچەکە بڕیار بدات کە بە گەلەکۆمەکی پیاوان دەسترێژی بکەنە سەر ژنەکەی. واتە لە هەردوو حاڵەتەکەدا پیاو سزای ڕاستەوخۆ نەدراوە، بەڵکو سزای ماڵ و موڵکەکەی دراوە و ئافرەت لە کۆمەڵگەی ئاشوریدا بەشێک بووە لە ماڵ و موڵک. نەتەوە سامیەکان بە گشتی لە شێوەی هەڵسوکەوتیاندا لەگەڵ ئافرەت، هاوبەش بوون.
بە پێچەوانەی ئەو فەرهەنگەوە، لە ناو هوری، گوتی، سۆمەری و هیتیەکاندا ئافرەت بە تەواوی ڕۆڵی جیاواز بووە. بۆ نموونە لەو کاتانەدا کە ئاشوریەکان یاسای لەو جۆرەیان دەرکردووە، یەکێک لە شاژنی گووتیەکان، نەواوریتوم، سوپایەکی دە هەزار سەربازی بۆ یەکێک لە جەنگەکان ناردووە. هەروەها لە ناو ئەو تێکستە هوریانەدا کە لە شاری کەرکوک دۆزراونەتەوە، دەردەکەوێت کە ئافرەت بە نزیکی هەمان مافی پیاوی هەبووە لە موڵکداری و زۆرینەی هەڵسوکەوتی ژیاندا و بێ هیچ کێشەیەک توانیویەتی مامەڵە بە موڵک و ماڵەوە بکات. هەڵسوکەوتی هوریەکان بەتایبەت لە تێکستەکانی کەرکوکدا بەشێوەیک ڕوونە کە بووەتە هۆی ئەوەی لێکۆڵینەوەی تایبەت سەبارەت بە ڕۆڵی ئافرەتی تێدا بکرێت و بابەتەکە سەرنجی لێکۆڵەرانی ڕاکێشاوە بۆ خۆی.
لای هیتیەکان ئافرەت بۆی هەبووە ئەو پیاوە ڕەتبکاتەوە کە کەسوکاری بۆیان هەڵدەبژارد و تەنانەت لە هەندێک باردا پیاویشی تەڵاق دەدا. شاژنی دەوڵەتی هیتیەکان، هاوبەشيیان کردووه‌ لە حوکمڕانیدا و دوای مردنی مێردەکانیان هێشتا هەر نازناوی پاشایی خۆیان دەما. لە ناو سۆمەریەکاندا بە هەمان شێوە ئافرەت ڕۆڵی تەواوی خۆی بینیوە و کەسایەتی گەورەی ئاینی زۆر جار ئافرەت بووە.
ئەم فەرهەنگە هەمیشە بەردەوام بووە لە ناو کورد دا. لە سەدەی یەکەمی زاینیدا هێلێنای هەزەبانی، کە شاژنی هەولێر بوو، دوای ئەوەی کە مێردەکەی مرد، هێشتا هەر نازناوی شاژنی بزر نەکرد و شانبەشانی کوڕەکەی کە پاشا بوو، هەر دەسەڵاتدار بوو و دەسەڵاتی ئەو هیچی لەوەی کوڕەکەی کەمتر نەبوو و ڕۆڵی گەورەی لەو دەوڵەتەدا گێڕاوە.

ئەوەتا لە ناو (قانوننامە) ی عوسمانیدا بڕگەی تایبەت هەبووە بۆ ناوچەی شارەزوور کە ئەگەر دەسەڵاتدارێک بمردایە بەپێی ئەو قانوننامەیە کچەکەی بۆی هەبووە کە دەسەڵات بگرێتە دەست و ئەولیا چەلەبی ڕەگەز تورک دەڵێت کە ئەوە شتێکی ئاسایی بووە لە ناو کورد دا.

میر خانزاد، هاوشێوەی گوتیەکان لە سەدەی حەڤدەی زاینیدا لە ناوچەی سۆران و هەریر حوکمرانی کردووە و سەرکردایەتی سوپایەکی دوانزە هەزار سەربازی پیادە و دە هەزاری جێگیری تیروکەوان بە دەستی کردووە و لە هەندێک جەنگیدا سی بۆ چل هەزار سەربازی هەبووە و هێرشی کردۆتە سەر وڵاتی ئێران و چەندین سەرکەوتنی بەدەست هێناوە.

هەرچەندە لە ناو جوەکانی جیهاندا ئافرەت نەیتوانیوە بگاتە هەندێک پلەی ئاینی، کەچی لە ناو جووی کورد دا ئەو ڕێسایە گۆڕاوە. یەکێکە لەو نمونانە ئەسێناس بەرزانیە کە کچی ڕابی ساموۆئێل بەرزانی بووە و لە نێوان ١٥٩٠ ز-١٦٧٠ ز دا لە شاری موسڵ ژیاوە و هەر لەوێ لەدایک بووە. ئەسێناس دوای مردنی باوکی، نازناوی ئاینی (ڕابی) وەرگرتووە و شاعیر، کابەلایی (عیرفانی جویی)، سەرکردەی خوێندنگەی ئاینیی جویی و مامۆستایەکی گەورەی تەورات بووە لە کوردستاندا. ئەم کەسایەتیە هێندە بلیمەت و زانا بووە و بۆ کۆمەڵگەی جوە کوردەکان گرنگ بووە، لە دوای مردنی چەندین داستانی سەبارەت دروستکراوە و دەماودەم لە ناو جووە کوردەکاندا گێڕڕاوەتەوە. لە ناو فەرهەنگی جویی دا و لە وڵاتەکانی تردا، ئافرەت بە گشتی نەگەیشتۆتە ئەو پلە ئاینیە.

هەروەها لە ناو کتێبی سەرئەنجامی پیرۆزی یارسانی (کاکەیی) دا ناوی دەیان کەسایەتی ئاینی هاتووە کە شاعیربوون و رۆڵی پێشڕەوی ئاینیان لە ناو یارسانەکاندا بینیوە و شیعرەکانیان بووەتە بەشێک لە سەرئەنجام. لەوانە دایە تەورێزی هەورامی (سەدەی دەیەمی زاینی)، جەلالە خانمی لورستانی (سەدەی دەیەمی زاینی)، ڕێحان خانمی لوڕستانی (سەدەی یانزەیەمی زاینی)، فاتمە لوڕەی گۆران (سەدەی یانزەیەمی زاینی)، لزا خانمی جاف (سەدەی یانزەیەمی زاینی) و بە دەیان کەسایەتی تری ئافرەت.

مەستورە خانمی کوردستانی (١٨٠٥ز ١٨٤٨ز)، یەکەم ئافرەتە لە مێژووی ڕۆژهەڵاتدا کە لە سەردەمی خۆیدا مێژوونوس و شاعیر بووبێت و ئەم کەسایەتیە بە هەزاران دێڕە شیعری لێبەجێماوە. مرۆڤ کە شیعرە دڵداریەکانی مەستورە خانم دەخوێنێتەوە، بۆی دەردەکەوێت کە کۆمەڵگەی کوردی و فەرهەنگەکەی چەندە جیاوازە لە فەرهەنگی فارس و عەرەب و تورک.

لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەمدا فاتمە ڕەش بە نزیکی پێنج سەد سەربازی کوردەوە خۆی کرد بە شاری ئەستەمبوڵ و بەرەو جەنگی ڕوسەکان ڕۆیشت. ئەو ڕووداوە بۆ دەیان ساڵ دوای خۆی لە میدیای ئەوروپیدا باسکراوە.

میر تەحسین بەگی ئێزدیەکان، پێش ئەوەی کە ببێتە میری ئێزدیان، پێشتر نەنکی حوکمڕان بوو. مەیان خاتون دوای ئەوەی کە عەلی بەگی مێردی کۆچی دوایی کرد، ئەو بووە چاودێری کوڕەکەی و دواییش کە کوڕەکەی گەورە بوو، بە هۆی لاوازیەوە، مەیان خاتوون هەر خۆی حوکمڕانی دەکرد هەتاوەکو کوڕەزاکەی، میر تەحسین بەگی ئەمڕۆ گەورە بوو؛ ئەمجا دەسەڵاتی دا بەو.

تەنانەت تاقە سەرۆک وەزیران لە جیهانی ئیسلامیدا کە بەنازیر بۆتۆ بووە، لە هەندێک سەرچاوەدا ئاماژە بەوە دەکات کە فەرهەنگی کوردانەی دایکی بووەتە هۆی ئەوەی کە ببێتە سەرۆک وەزیران (دایکی کوردێکی کرماشانی بووە).

نموونەکان فرەن و ئەمانە تەنها چەند دانەیەکیان بوون، بەڵام لە ڕێگای ئەو نموونانەوە دەردەکەوێت کە بەهۆی بەهێزی و توندوتۆڵی فەرهەنگی کوردیەوە، سەرداپۆشینی ئافرەت، هەتاوەکو سەدەی بیستەم بە هیچ شێوەیەک نە لە ڕێگای ئاشوریەوە نە لە ڕێگای ئیسلامەوە نەیتوانیوە بێتە ناو کوردەوە. ئەمە تەنها قسە نیە و بەڵگەی لە پشتەوەیە.

کلۆدیۆس ڕیچ نزیکی ساڵی ١٨٢٠ز سەبارەت ڕۆڵی ئافرەت لە ناو کورد دا دەڵێت “خەڵکە ئاساییەکان تەنانەت لە سلێمانیدا، بێ خۆ داپۆشین بە شاردا هاتووچۆ دەکەن و دەشێت بەیانیان زوو لە ناو جێگەدا لەگەڵ مێردەکانیاندا ببینرێن یان لە خەو هەستن و لەسەربانی ماڵەکانیان کاروباریان بەڕێوەبەرن کە لەسەر شەقامەکەیە، ئەوانیش شەقامی تەسکن و ماڵەکان لە مەتر و نیوێک بۆ مەتر و هەشتا زیاتر بەرزنەکراونەتەوە لە زەوی”.
ئەمجا بەردەوام دەبێت و دەڵێت “هەلومەرجی ژنان لە کوردستاندا زۆر باشترە لە هەلومەرجی ژنانی تورکیا و وڵاتی فارس؛ دەبێت بگووترێت کە مێردەکانیان بە یەکسانی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن و گاڵتە بە کۆیلەیی ئافرەتی تورک دەکەن و بێزی لێدەکەنەوە”
دیسان بەردەوام دەبێت و دەڵێت “ئافرەتی کورد ئاشقی هەڵپەڕکێن. لە کاتی زەماوەند دا ئەگەر بانگهێشتیش نەکرابن، ئەوان هەر ده‌چن بۆ ئاهەنگەکان و تەنانەت دیاری بچووک دەبه‌ن بۆ بوک بۆ ئەوەی کە بتوانن بەشداری هەڵپەڕکێکە بکه‌ن. ئافرەتەکان هەمیشە لە ناو خەڵکدا بێ سەر داپۆشین هەڵپەڕکێ دەکەن، هەرچەندیشە ژمارەی پیاوەکان لەو ناوەدا زۆر بێت”.

هەبەرد لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا و لە گەشتەکەیدا بۆ کوردستان باس لە ئافرەتی کورد دەکات و ئافرەتەکانی شاری هەڵەبجە وەک نموونە دەهێنێتەوە و دەڵێت “سەرپۆش و هەموو بابەتەکانی لە کوردستاندا هەر ناوی نیە و ئافرەت لە ڕووی ڕەفتارکردنەوە وەک ئافرەتی ئینگلتەرا سەربەستن. یەکەم هاتووچۆم بە ناو شاری هەڵەبجەدا ئەم بۆچوونەی لەلا دروستکردم. لە شوێنی وڵاتی خێوە ڕەشپۆشە محەمەدیەکان [مەبەستی ولاتە ئیسلامیەکانە] دا تەنها سرکە و قریوەی ئافرەتەکان دێت یان هەر بە بینینی ئەوروپیەک دەستبەجێ وەک کەروێشکی ترساو بزر دەبن. کەچی ئافرەتە چاکە بەتەمەنەکانی هەڵەبجە لە بەر دەرگاکانیاندا خەریکی قسەو باس بوون هەر وەک میسس براون و میسس جۆن لە لادێیەکی وڵاتی خۆماندا، بەو جۆرە بە تێپەڕبوونی کەسێکی غەریب، هیچ باکیان نەبوو.” واتە هەتاوەکو سەرەتای سەدەی بیستەم ئافرەتی کورد لە ڕووی سەربەستیەوە بەراورد کراوە بە ئافرەتی ئینگلتەرا و ئەوە تەنها جار نیە.

سۆن (ناسراوبە مەیجەر سۆن) لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا باسی ڕووداوێک دەکات کە لە شاری سلێمانی لێی ڕووداوە کاتێک کە لەگەڵ کابرایەکی کورد دا شەو لە ماڵی ئافرەتێکی ناسراوی هاوڕێ کوردەکەی لە سلێمانی دەمێننەوە و دەڵێت “ئا لێرە تۆزێک حەوامەوە و کاتم بە گفتوگۆکردن بەسەر دەبرد لەگەڵ ژنی ماڵەکە، کە ژنێکی جوانی کورد بوو و تەمەنی لە سی ساڵ تێنەدەپەڕی، کە بەهۆی دابونەریتی گونجاوی کوردستانەوە ئازادە و دەتوانێت بەبێ سەرداپۆشین بیگوزەرێنێ و وەک بونەوەرێکی ژیر هەموو مامەڵەیەک لەگەڵ پیاواندا بکات. هەموو ئیشوکارەکانی خۆی دەیکات کە وای لێ دەکات تەنها ڕەگەز بێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بتوانێت بە نزیکی وەک هەموو ئافرەتێکی ئەوروپی ئازاد بێت”. ئەمجا بەرداوام دەبێت و دەڵێت “لە وڵاتی فارسەکان یان لە ناو موسوڵمانەکانی تردا، بۆ دوو پیاوی غەریب لە ماڵێکدا بمێننەوە کە هەمووی ئافرەت بێت، وەک ئەم حاڵەتەی ئێمە، کارەساتێکی هێندە خراپە کە کەس نەیبیستووە، بەڵام لێرە هیچ جیاواز نیە لەوەی کە چۆن لە ئینگلتەرا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت”
هەر وەک لەو ووتەی ئەو شایەتحاڵانەدا ڕوون بووەوە، دیاردەی سەرداپۆشین هەتاوەکو سەرەتای سەدەی بیستەم لە ناو کورد دا نەبووە و ئەگەر تۆزێکیش بە شێوەیەکی کەم هەبووبێت تەنها لە ناو دەسەڵاتدارەکاندا دەرکەوتووە کە پەیوەندیان لەگەڵ نەتەوە دراسێکاندا زیاتر بووە و زیاتر ئەگەری وەرگرتنی تایبەتمەندی فەرهەنگی دراوسێکانیان هەبووە. ڕیچ کە دێتە سەر باسی ئافرەتی ماڵە پاتشا دەسەڵاتدارە کوردەکان، ئاماژە بەوە دەکات کە ڕوپۆشێکی شینی وەک ئافرەتی بەغدا دەپۆشن بەڵام سەرەڕای ئەوە کە ژنەکەی سەردانی جافەکانی کردووە، لە ناو کۆڕەکەدا چەند ئافرەت لەوێدا بووە هێندە پیاویشی تێدا بووە. واتە لە ناو دەسەڵاتدارە کوردەکاندا ئەو دابونەریتە تۆزێک بینراوە.

ئەم پرۆسەیە بەم شێوەیە بەردەوام بووە و بەپێی بەڵگەکان ئافرەتی کورد هەتاوەکو سەرەتای سەدەی بیستەم بێ سەرداپۆشین هەر مابووەوە. ووردە ووردە لە ژێر کاریگەریی چوار پارچە کردنی کوردستاندا، شارە گەورەکانی کوردستان کەوتوونەتە ژێر فەرهەنگی نەتەوە دراوسێکان و لە ساڵی پەنجاکاندا، واتە نزیکی دوای چل ساڵ، کوردستان لە زۆر ڕووەوە بە تەواوی دووچاری گۆڕانێکی گەورە بووە.
گۆڕانکاری گەورە لە هەڵسوکەوتی ئافرەتدا لە کوردستان لە بەڵگەنامەیەکی کۆتایی پەنجاکاندا دەردەکەوێت. هێنی هانسن کە ئافرەتێکی دانیمارکی ڕەگەزناس بووە، هاتۆتە ناوچەی دوکان و سلێمانی له‌ کوردستانی باشور و بە تایبەت باسی چۆنێتی ژیانی ئافرەتی کردووە. بەپێی هانسن ئەو کاتە لە شارە گەورەکانی باشوری کوردستاندا ئافرەت بە تەواوی سەری داپۆشیبوو و بە هیچ شێوەیەک سەری دەرنەدەخست، کەچی لە لادێکاندا کە هێشتا کاریگەری فەرهەنگی داگیرکردنی نەتەوە دراوسێکانی لەسەر نەبووە، سەری ڕووت بووە و لە کتێبەکەی هانس لە چەندین وێنەدا جیاوازی شار و لادێ بە ڕوونی دەردەکەوێت. واتە نزیکی دوای چل بۆ پەنجا ساڵ دوای سۆن، لە کوردستاندا ووردە ووردە سەرەتای سەرداپۆشین لە شارەکاندا دەستی پێکردووە و لە پەنجاکاندا بە تەواوی چەسپاوە. ئەم پرۆسەیە هەتاوەکو سەرەتای هەشتاکانیش بەردەوام بوو، ئافرەتی لادێ عابای نەبوو و تەنها لە شاردا عەبا هەبوو. بۆیە کە ئەگەر ئافرەتێک خەڵکی دەرەوە بوایە، دەستبەجێ بە چارۆکە و سەروکڵاوەکەیدا دەناسرایەوە.

من خۆم کە منداڵ بووم، سەرنجم دەدا کە ئافرەتی لادێ، لە ناوشاردا دیار بوون لەبەر ئەوەی کە ئەوان لە دەرەوەی ماڵدا سەروکڵاویان لەسەردا بوو و نەیاندەزانی عابا بەکاربهێنن. لە دوای هەفتاکانەوە ووردە ووردە، ئافرەتی شار عەبا و لەچکی کەمکردۆتەوە، ئەمجا سەر داپۆشین کەوتۆتە ناو لادێکانی کوردستانەوە. لە دوای ئەم گۆڕانکاریەی کە لە کەمتر لەم دەساڵەی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتدا ڕوویدا، ئێستاکە دیسان بە شێوەیەکی بەرچاو سەرداپۆشین بە شێوەیەکی خێرا بە کوردستاندا بڵاو دەبێتەوە.

لە ڕاستیدا زۆر دابونەریت، مێژوویان بۆ هەزاران ساڵ پێش هاتنی ئاینە نوێکان دەگەڕێتەوە. وسڵ دەرکردن کە وەک نەریتێکی ئیسلامی دەردەکەوێت، لە سەدەی یەکەمی زاینیدا، واتە دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر و نزیکی چوار سەد ساڵ پێش پەیدابوونی ئاینی ئیسلام، لە ناوچەی بابل لە لایەن سترابۆی یۆنانیەوە تۆمارکراوە و زۆر لە هەڵسوکەوتە ئاینیەکان، بنەچەیان بۆ سەردەمانێکی فرە دێرین و پێش پەیدابوونی ئاینە نوێکانی وەک جودایزم، کریستیانێتی و ئیسلام دەگەرێتەوە.

واتە وەک ڕوونبووەوە، بۆ نزیکی چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر و نزیکی دوو هەزار و پێنج سەد ساڵ پێش هاتنی ئاینی ئیسلام و عەرەب، هەوڵی سەرداپۆشین دراوە لە کوردستاندا. سەرەڕای ئەوە، لە ڕابردوودا بەهۆی پتەوی و جیاوازی فەرهەنگی کوردی و نامۆیی سەرداپۆشین بە فەرهەنگی کوردی، نەتوانراوە سەرداپۆشێن بەسەر کورد دا بسەپێنرێت و لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمەوە ئافرەتی کورد دەستیکردووە بە سەرداپۆشین و ئەم پرۆسەیە هەتاوەکو ئەمڕۆ بەردەوامە و لەم چەند ساڵەدا بە شێوەیەکی بەرچاو و بە خێرایی بە ناو کورد دا بڵاودەبێتەوە. کەواتە نە علمانی و نە ئیسلامیەکان لەوەدا ڕاست نەبوون، لەبەر ئەوەی نە سەرداپۆشین لە سەرەتادا ئیسلام هێناویەتیە ناوچەکە و نە بنەچە دێرینەکەی عەرەبیە. مەبەست لەوەیە ڕاستە ئیسلامیش لەگەڵ خۆیدا ئەو دابونەریتە سامیانەی هێناوەتەوە ناو کوردەوە، بەڵام چەندین هەزار ساڵ پێش ئیسلامیش نەتەوە سامیەکان کە هاوبەشیی فەرهەنگیان لەگەڵ عەرەبدا هەیە، ئەوان ئەو دابونەریتەیان هێناوەتە ناو کوردەوە و گۆڕانکارەیەکە لە ناو کورد دا بە گشتی لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا ڕوویداوە نەک پێشتر.

تێبینی:
– تکایە با ئەم بابەتە نەخرێتە چوارچێوەی ئەو دوو جەمسەرییە فیکریەی کە ئەمڕۆ کۆمەڵگەی کوردەواری تێکەوتووە کە لە ئەنجامدا هەندێک جار گفتوگۆی زبر و شەخسی سەبارەت بە بابەتەکان بە دوای خۆیاندا دەهێنن. من ئارەزووی ئەوەم نیە کە باباتەکە بکرێتە بەشێک لەو سەنگەر لەیەکگرتنە، لەبەر ئەوەی کە ئەم بابەتە بە متمانە بە بەڵگەنامەی مێژوویی نووسراوە بۆ ڕوونکردنەوەی بنەچەی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی ناو کوردە و دەکرێت گفتوگۆی زۆری لەسەر بکرێت، بەڵام پێم باشە کە گفتوگۆکان سەبارەت بە دروستی بەڵگەکان و بابەتە مێژووییەکە بن، نەک بۆچوونی علمانی و ئاینیی شەخسی خۆمان تێکەڵی بابەتەکە بکەین و لە ناوەرۆکی بابەکە دووربکەوینەوە.
– ئەو سێ وێنەیە ئافرەتی کورد لە ناوچەی جیاوازی کوردستان نیشان دەدەن. دەبنیرێت لەو وێنەکانی دەستی چەپ و ڕاستدا، کۆمەڵێک ژن و پیاو لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوودا لە ناوچەیەکی نەناسراوی کوردستاندا ڕەشبەڵەک دەکەن، کەچی خەریکە ئەمڕۆ ئەو دەستگرتنە لە دەرەوەی شاردا بە تەواوی نامێنێت. وێنەکەی ناوەڕاست ئافرەتێکە لە ڕۆژهەڵاتی وڵات کە بە جلی ماڵەوەیە و لە ساڵی ١٨٨٥ دا وێنەکەی کراوە.
– زانیاری فراوان و دەوڵەمەندتر سەبارەت ئەم بابەتە و سەرچاوەی زانیاریەکان لە کتێبی “کورد کێیە؟” ی بەندەدا لە بەشی “ڕۆڵی ئافرەت لە مێژووی کورد و کوردستان” دا ڕوونکراوەتە و بۆ قوڵبوونەوەی زیاتر لەو بابەتە، پەنا بۆ ئەو بەشەی کتێبەکە بەرە.

نووسینی: سۆران حەمەڕەش

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …