دوو شه‌ممه‌ , كانونی یه‌كه‌م 17 2018
Home / بەشی مێژووی كورد / نێرگز خانمی شارەزووری و عابدینی جاف، ئەو ژن و مێردەی کە زیاتر لە شەش سەد ساڵ لەمەوبەر گەڕانەوە سەر ئاینی باوباپیرانیان، کێ بوون؟

نێرگز خانمی شارەزووری و عابدینی جاف، ئەو ژن و مێردەی کە زیاتر لە شەش سەد ساڵ لەمەوبەر گەڕانەوە سەر ئاینی باوباپیرانیان، کێ بوون؟

1235497_594102753958729_1715158117_n
هەرچەندە بەڵگەنامەیەکی زۆری سەردەمی میدەکان و مانی (مانای)ەکان لە ئارادا هەیە بەڵام بەشێکی زۆر لە سەرچاوە مێژووییەکانی ڕاستەوخۆ سەردەمی پێش هاتنی ئیسلام بۆ ناو کورد بزرە و بە داخەوە کتێبە کوردیەکانی ئەو سەردەمە هیچیان نەماون هەتاوەکو ئەو سەردەمەمان بۆ ڕۆشن بکەنەوە. بەڵام لە باوەشی ئاینە دێرینە کوردیەکاندا و لە ناو شیعرە ئاینیە یارسانی (کاکەیی) ەکان و تێکستە ئێزدیەکاندا، هەندێک ڕووی ژیانی کوردەواری لە دوای هاتنی ئیسلام ڕوونکراوەتەوە.
ئەوەی کە ڕوونە پاش چەند سەد ساڵێک زۆرێک لە سۆرانی و کرمانجەکان جگە لە ئێزدیەکان، وازیان لە ئاینە کوردیەکان هێناوە و بوونەتە موسوڵمان و هەندێکیشیان بوونەتە کەسایەتی گەورە لە ئاینی نوێی ئیسلامدا. بەڵام زۆرینەی ئەوانەی کە بە ماچۆ قسە دەکەن، کە گۆران و هەورامیەکان دەگرێتەوە، ئەوان بۆ ماوەیەکی زۆر ئاینە کوردیەکانیان پاراست و زۆر لەو دابونەریتە دێرینانەیان لە ناو خۆیاندا هێشتبووەوە و قورسایی ڕاگرتنی فەرهەنگ و ئاینی کوردی لای ئەوان بوو. ئەوەتا سەرهەنگی دەودان کە پێشتر لە بابەتەکانی تردا ئاماژەم پێکردووە و لە شیعرێکدا کە نزیکی هەزار ساڵ لەمەوبەر نووسیویەتی و کۆنترین شیعری کوردایەتیە باس لەو هەوڵە دەکات بۆ هێشتنەوەی ئاینی کوردی و دەڵێت:
سەرهەنگ دەودان سەرهەنگ دەودان ئەز کە ناممەن سەرهەنگ دەودان
چەنی ئێرمانان مەگێڵم هەردان مەکۆشم بەرێ ئایین کوردان
ماناکەی دەبێتە “من کە سەرهەنگی دەودان- م و ناوم سەرهەنگی دەودان-ە، لەگەڵ مریدەکان و هاوەڵانی خۆما بە هەموو شوێن و هەردێکدا ئەسوڕێمەوە، کۆشینەکەشم بۆ ئاینی کوردانە”
پێش سان سەهاک کە گەورەی یارسانەکانە، گۆرانەکان و هەورامیەکان لە هەوڵێکی زۆردا بوون بۆ هێشتنەوەی ئەو ئاینە بەڵام لە سەردەمی سان سەهاکدا ئاینی یارسانی برەوێکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، بەشێوەیەک کە هەندێک لە کەسایەتیە موسوڵمانە کوردەکان ڕوویان کردۆتەوە ئەو ئاینە و ئاینی ئیسلامیان بەجێهشتووە و گەڕاونەتەوە سەر ئاینی باوباپیرانیان.
یەکێک لەو کەسانە، کەسایەتیەک بووە کە بە عابدینی جاف ناسراوە. عابدین لە نزیکی ساڵی ١٣٢٠ز دا لە شارەزوور لەدایکبووە. لە سەردەمی منداڵیەوە لە خوێندنگە ئاینیەکانی ئەو سەردەمە لای مەلا ئەلیاسی شارەزووری کە زانایەکی گەورەی ئەو سەردەمە بووە، شەریعەتی ئیسلامی خوێندووە و لای مەلا غەفوری شارەزووریش فەلسەفەی خوێندووە. دوایی خۆی بووە بە مامۆستایەکی ئاینی و لە شارەزوور وانەی گووتۆتەوە. باوکی عابدین واز لە ئاینی ئیسلام دەهێنێت و سەرەتا عابدین بەرهەڵستی بیروبڕوای باوکی دەکات و دژایەتی یارسانەکان دەکات. لە ئەنجامدا باوکی دەچێتە لای سان سەهاک و ئەوەی بۆ دەگێڕێتەوە. سان سەهاک چەند کەسێکی زانای یارسانی بۆ لای عابدین دەنێرێت و ئەوان دوای گفتووگۆیەکی زۆر قەناعەتی پێ دەهێنن و عابدین بەو جۆرە دێتە سەر ئاینی یارسانی و ئەمەش بە تەنها ناکات، بەڵکو ژنەکەی کە ناوی نێرگز خانمی شارەزووریە و کچی مەلا شوکروڵای شارەزووریە و کەسێکی خوێنەوار و شاعیر بووە، ئەویش لەگەڵیدا واز لە ئاینی ئیسلام دەهێنێ و ڕوو دەکاتەوە ئاینی باوباپیرانی.
نێرگز خانم زیاتر لە شەش سەد ساڵ لەمەوبەر لە شیعرێکدا ئەو هەستەی بۆ ئایینی یارسانی دەخاتە ڕوو و دەڵێت:
ساقی لە جەم بادە دەدا دەرسی ڕێگەی جادە دەدا
مێردان هەموو لە دەور پادشا پێمان دەکەن گشت تەماشا
قەومێ بە من نەیبێ باوەڕ نەیێت بۆ جەم یاری یاوەر
هەر کە بۆ یار خۆی نەکوژێ خوێنی لە ڕێی یار نەڕژێ
هەر کە لەم دین یەقین نەکا بە دڵ لە جەم ئامین نەکا
هەر کە نەگرێ قەوڵی دروست بێ دین ئەوە وەک بتپەرست
هەر کە شکێ ببێ بە دڵ باوەڕ نەکا بە شای عادڵ
هەر کە لە جەم نەگرێ ئەرکان بە ڕاست نەگرێ دینی سوڵتان
هەر کە بەیار بدا ئازار کردەی ناچێ بۆ ناو تۆمار
(نەرگز) هەر کە بیبێ کینە بێ شک گومڕا و هەم بێ دینە

بەهۆی زانایی و شارەزایی لە ئاینی و فەلسەفەدا، عابدین شوێنیکی دیاری لە ئاینی یارساندا بۆ خۆی دەکاتەوە و نزیکی سێ هەزار هۆنراوەی جوانی بە زاراوەی سۆرانی لێ بەجێماوە کە بوونەتە بەشێکی گرنگ لە کتێبی پیرۆزی سەرئەنجامی یارسانەکان. بوونی عابدین بە یارسان، زۆر لە زانا موسوڵمانە شارەزووریەکان نیگەران دەکا و چەندین شیعریان بۆ نووسیوە کە هێرش و هەڕەشەی دەکەنە سەر و هەروەها داوای لێ دەکەن کە بگەڕێتەوە سەر ئاینی ئیسلام، بەڵام عابدینی جاف و نێگرز خانمی ژنی هەتاوەکو کۆتایی ژیانیان لەسەر ئاینی یارسانی دەمێننەوە و ئەوەی کە مایەی سەرنجە یارسانەکان لە فەرهەنگێکی سنگ فراوانیەوە، زۆرینەی ئەو شیعرانەیان هەڵگرتووە کە دژی عابدین نووسراوە و زۆربەی شیعرەکانی عابدین و نێرگز خانمیشیان پاراستووە.
عابدین لە شیعرێکیدا دەڵێت:
من عاشقی خاوەندکارم عەشقی یارە وا بێ عارم
ئەمن گرا و شا و چوار یارم نوختەی موسی وا لە زارم
ئەز کە وێڵ بووم لە جێ و شارم بەڵەدمی کرد شای شاسوارم
بە زەربی دەست کەماندارم بە فیدای یاری کردار دارم
کە منی خستە سەر ڕێی ڕاسی هەتا بژیم بە بێ کاسی
من (عابدین) ی کاکەییم ئاخر بە یاری خۆم گەییم

وەک ئاماژەی پێکرا، موسوڵمانە شارەزوورییەکان بە شێوەیکی سەرنج ڕاکێش هێرش دەکەنە سەر عابدین و شیعرەکان کە موسوڵمانە شارەزووریەکان دژی عابدین نووسیویانە زۆرن. سەرەڕای ئەوە، دەبێت ئەوە بزانرێت لە سەردەمی هاتنی ئیسلامدا شارەزوور ناوەندێکی گرنگی خوێندن و زانین بووە و لەوێوە کەسایەتی زۆر گرنگ سەری هەڵداوە. سەردەمانێک قازی شام و میسر هەر لەم شارەزووریانە بووە و بە پێی سەرچاوە ئیسلامیەکان زۆرێک لە مامۆستای خوێندنگەکان لە سەردەمی ئیسلامدا خەڵکی ئەو ناوچەیە بوون و ئەو نازناوە هەرچەندە خەڵک چیتر ئەمڕۆ بەو مەبەستە بەکاری ناهێنیت، بەڵام لە سەردەمی ئیسلامدا نازناوی “شارەزووی” نازناوێک بووە کە زۆر لە زاناکانی ئەو ناوچەیە بۆ خۆیان بەکاریان هێناوە.
ئەو شیعرانەی کە لەلایەن شارەزووریە موسوڵمانەکانەوە دژی عابدینی جاف دانراون، لە ڕووی داڕشتنی شیعریەوە سادەن و هەندێکیان زمانێکی زۆر ناشرینی تێدا بەکارهاتووە، من هەوڵم دا کە لێرەدا تەنها چەند دێڕێک لە شیعرێکی گونجاویان دابنێم و یەکێک لەوانەی کە ئەو شیعرانەیان گووتووە، مەلا نەسوری شارەزووریە کە دەڵێت:
عابدین گرانە، عابدین گرانە ئەم کارە مەکە و بۆ تۆ گرانە
قەولی شەیتانت بکە وێرانە کاکەیی سنگی تۆشەی نیرانە
بۆ دەکەی کفری خودا و پیرانە ئێژی کە سەهاک شای کەبیرانە
……………………..……………
ئەم شیعرە و دەیان شیعری تر لە دژی ئەم کەڵە زانایە گووتراوە و بە شیعرەکاندا وا دەردەکەوێت کە عابدین کەسایەتیەکی ناسراو بووە و زانا موسوڵمانەکانی شارەزوور ترساون لەوەی کە ئەم هەنگاوەی عابدین ببێتە هۆی ئەوەی کە خەڵکانی تریش ڕووبکەنەوە ئەو ئاینەی خۆیان.
پاراستن و برەودان بەو ئایینە دێرینە و تێگەیشتنی، پاراستنی فەرهەنگی دێرینی کوردە و بەشێکی گرنگ لە فەرهەنگی کوردی لە ناو ئاینی یارسانیدا پارێزراوە و نەک هەر شیعر و ئەدەبی کوردی، بەڵکو ئەم ئایینە باشترین سەرچاوەیە بۆ لێکۆڵینەوە لە مۆسیقای ئاینیی کوردی و زۆر لە ئاوازە دێرینە کوردیەکان لەلایەن ئەم ئایینە پیرۆزەوە پارێرزاوە و ئەم بابەتە بەیادهێنانەوەی نێرگز خانم و عابدینی جاف بوو کە هێشتا زۆرینەی هۆنراوەکانیان کە بە هەزاران مەزەندە دەکرێت، هەر بە دەسنووسی ماوەتەوە. لێرەدا لینکی کەلامێکی یارسانی دادەنێم کە بە تەمیرەوە لەلایەن یارسانەکانەوە دەچڕێت و باس لە عابدینی جاف دەکاتhttp://yariyarsan.com/mp3/abdina.mp3.
نووسینی: Soran Hamarash
بۆ زیاتر زانیاری سەبارەت ئەم بابەتە و سەرچاوەکانی، سەیری کتێبی مێژووی ئەدەبی کوردی مامۆستا سدیق بۆرکەیی و کتێبی “کورد کێیە؟” ی سۆران حەمەڕەش بکە.
تێبینی: وێنەکان هەردووکیان خەیاڵین و بنەمای مێژووییان نیە.

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About didar othman

Check Also

79122018_orzdi9122018.jpg111

كێ وشەی ئۆرزدی داناوە؟ زانیاری نەزانراو لەسەر ناوی ئۆرزدی‌

 پەیسەر پرێس لە هەموو ئەو وڵاتانەی كە ژێردەستەی وڵاتانی بیانی بوون، چەندین وشە و زاراوە …