Home / مێژووى جیهان / سەردەمی ئیمپریالیزم (١٨٧٠ – ١٩١٤)

سەردەمی ئیمپریالیزم (١٨٧٠ – ١٩١٤)

 ربلللل

وەرگێڕانی: هێمن عەزیز

هەرچەندە شۆڕشی پیشەسازی و ناسیۆنالیزم لە سەدەی نۆزدەدا ڕەنگڕێژی کۆمەڵگا ئەوروپیەکانیان کرد، ئیمپریالیزم – زاڵبوونی وڵاتێک یان خەڵکانێک بەسەر وڵاتێک یان خەڵکانێکی تردا – بە تەواوی جیهانی گۆڕی لە نیوەی کۆتایی سەدەی ناوبراودا.

ئیمپریالیزم لەسەدەی نۆزدەهەمدا دەستی پێنەکرد. لە سەدەی شازدەهەمەوە تا سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم، سەردەمێک کە بە سەردەمی ئیمپریالیزمی کۆن ناسراوە، نەتەوەکانی ئەوروپا لە هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگای بازرگانی دابوون بۆ ئاسیای دوور، جیهانی تازە دەگەڕان و نشینگەیان لەئەمریکای باکوور و باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دامەزراند. ئەوان شوێنگەی بازرگانیان دامەزراندن و پێگەی گرنگیان لە کەنارەکانی ئاسیا و ئەفریقا بەدەستهێنان و بە دۆستانە کاریان لەگەڵ فەرمانڕوا ناوخۆییەکان دەکرد بۆ دڵنیابوون لە پارێزراوی بەرژەوەندیە ئابووریەکانی ئەوروپیەکان. لەگەڵ ئەوەشدا کاریگەری و نفوزیان سنووردار بوو. لە سەردەمی ئیمپریالیزمی نوێدا کە لە ساڵانی ١٨٧٠کان دەستی پێکرد، ئەوروپیەکان کۆمەڵێ ئیمپراتۆریەتی گەورەیان دامەزراند بەزۆری لە ئەفریقا و دواتریش لە چین و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش.

جیاواز لە ڕێگاکانی درووستکردنی نشینگەکان لە سەدەکانی شازدە و حەڤدەدا، ئیمپریالیستە تازەکان بەڕێوەبەرایەتی ناوچە داگیرکراوەکانیان لە بەرژەوەندی هێزی کۆلۆنیالیدا دامەزراند.  نەتەوە ئەوروپیەکان سیاسەتێکی شەڕانگێزانەی پاوانخوازانەیان خستەگەڕ کە هاندەری سەرەکیان ئەو پیداویستەیە ئابووریانە بوون کە بەهۆی شۆڕشی پیشەسازیەوە درووست ببوون. لە ماوەی نێوان ساڵانی ١٨٧٠ – ١٩١٤ ئەوروپا بە ”دووەم شۆڕشی پیشەسازی” دا گوزەری کرد، کە لەگەڵ خێراتر بوونی گەشەی ئابووری بەهۆی زانست و تەکنەلۆجیا و پیشەسازیەوە ڕەوتی گۆرانکاریەکانیش خێراتر بوو. گەشەسەندنەکان لە بواری بەرهەمهێنانی پۆڵادا بووە هۆی گۆرانکاری شۆڕشگێڕانە لە بواری درووستکردنی کەشتی و گواستنەوەدا. گەشەسەندنەکان لە بواری هێڵی ئاسن، مەکینەی سوتانی ناوەکی و بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا پێکڕا بەشداریان کرد لە گەشەسەندنی ئابووری پیشەسازی ئەوروپا و پێداویستیەکانیان بۆ گەران بە دوای ڕێگای تازەی فراوانخوازیدا.

یەکێکی تر لە پاڵنەرەکانی سیاسەتی فروانخوازی ئەو پێداویستە سیاسیە بوو کە بنیاتنانی ئیمراتۆریەتی بە مەزنی نەتەوەییەوە وابەستە دەکرد، هەروەها هۆکاری کۆمەلایەتی و دینی کە پێداگیری دەکرد لە باڵاتربوونی کۆمەڵگا خۆرئاواییەکان بەسەر کۆمەڵگا ”دواکەوتوەکان”دا.

لە رێگای بەکارهێنانی هێزی سەربازی ڕاستەوخۆ، نفوز و دەسەڵاتی ئابووری و داگیرکردن، کۆمەڵگا ئەوروپیەکان بەسەر کیشوەرەکانی ئاسیا و ئەفریقادا زاڵبوون. بە هاتنی ساڵی ١٩١٤، بەریتانیای گەورە زۆرترین ژمارەی داگیرگەی دەستبەسەردا گرتن و دەستەواژەی ”خۆر هەرگیز لە ئیمپراتۆریەتی بەریتانی ئاوا نابێت.”  گوزارشتی لە مەزنی و زۆری موڵکەکانی دەکرد.

ئەنجامەکانی ئیمپریالیزم کاریگەریان هەبوو لەسەر نەتەوە داگیرکراوەکان، ئەوروپا و جیهانیش. هەروەها بووە هۆی زیادبوونی پێشبڕکێی نێوان نەتەوەکان و ئەو گرژیانەی کە دواجار لە ساڵی ١٩١٤ دا ئاشتی جیهان دەشێوێنن.

ئیمپریالیزمی کۆن

ئیمپریالیزمی ئەوروپی لە ساڵانی ١٨٠٠ دەستی پێنەکرد. لە هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەکی بازرگانی ڕاستەوخۆ بۆ ئاسیا لە سەردەمی ئیمریالیزمی کۆندا، نەتەوە ئەوروپیەکان چەندین داگیرگە (کۆلۆنی) یان دامەزراند لە هەردوو کێشوەری ئەمریکا، هیندستان، ئەفریقای باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و لەمەشدا چەندین ناوچەی دەسەڵاتیان بەدەستهێنا بە درێژایی کەنارەکانی ئەفریقا و چین. لە هەمان کاتدا، شۆڕشی بازرگانی ئەوروپا پێداویستی و حەز و ویستی نوێی دروستکرد بۆ بەدەستهێنانی سامان و کەرەستەی خاو.پشتیوانانی بازرگانی سووربوون لەسەر ئەوەی کە داگیرگەکان دەتوانن وەک سەرچاوەیەکی سامان بەکاربهێندرێن، لە کاتێکدا پاڵنەرە کەسەکیەکان لە لایەن فەرمانڕەواکان، پیاوانی دەوڵەت، گەڕیدەکان و مژدەدەرەکانەوە پشتگیری باوەڕی ئیپراتۆریانەی بە ”شانازی، خودا و زێڕ” وە دەکرد. بە هاتنی ساڵی ١٨٠٠، بەریتانیای گەورە سەرمەشقی دەوڵەتانی داگیرکەر بوو بە هەبوونی داگیرگە لە هیندستان، باشووری ئەفریقا و ئوستورالیا. ئیسپانیا ئەمریکای ناوەڕاست و باشووری داگیرکرد. فەڕەنسا لوسیانا، گیانای فەرەنسی داگیرکرد و هۆڵەندیەکانیش ئیمپراتۆریەتێکیان لە هیندی ڕۆژهەڵات دروستکردبوو.

لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەمدا، کۆلۆنیالیزم کەمتر باو بوو، شەڕەکانی ناپلیۆن، هەوڵدان بۆ ناسیۆنالیزم و دیمۆکراسی و تێچوونی بە پیشەسازیکردن، وزەی نەتەوەکانی ئەوروپای بەرەو ماندوێتی برد. زۆر لە سەرکردەکانیش پییان وابوو کە تێچوونی ئیپراتۆریەتیەکانیان زیاترە لە قازانجەکان، بە تایبەت تێچوونی چاودێریکردنی داگیرگەکان. لەگەڵ ئەوەشدا لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا، ئەوروپا – بە تایبەت بەریتانیا و فەڕەنسا – دەستیانکرد بە گەشانەوەی ئابووری. لە ماوەی سەردەمی ڤیکتۆریا دا، کە لە ١٨٣٧ – ١٩٠١ ی خایاند، بەریتانیای مەزن بووە دەوڵەتێکی پیشەسازی زەبەلاح کە ٢٥٪ هەموو کەلوپەلە پیشەسازیەکانی جیهانی بەرهەم دەهێنا. لە فەڕەنسا، وەبەرهێنانی ناپلیۆن لە پیشەسازیدا و پڕۆژە ئابووریە گەورەکانی وەک بنیاتنانی هێڵی ئاسن، یارمەتی زۆری گەشەی ئابووریان دا. بەم شێوەیە شۆڕشی پیشەسازی هیوا و ئاواتی لە زۆر لە ولاتە ئەوروپیەکاندا جووڵاند و بووە هۆی نوێبوونەوەی باوەڕبەخۆبونیان بۆ دەستپێکردنی ڕێگایەکی شەڕانگێزانەی فراوانخوازی لە کیشوەرەکانی دی.

ئیمپریالیزمی نوێ

لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەهەم و سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەهەمدا، وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا جۆرێک لە سیاسەتی داگیرکارانەیان پەیڕەوکرد کە دواتر ناونرا بە ئیمریالیزمی نوێ. ئەم سەردەمە نوێیەی ئیمریالیزم لە کۆمەڵێ پاڵنەری ئابووری، سەربازی، سیاسی، مرۆیی و ئاینییەوە سەرچاوەی دەگرت، ئەمە سەرەڕای گەشەسەندن و پەسەندکردنی تیۆری (داروینیزمی کۆمەڵایەتی) و پیشکەوتنە تەکنەلۆجیەکان.

هۆکارە ئابووریەکان

بە هاتنی ساڵی ١٨٧٠، وا پێویستبوو کە نەتەوە پیشەسازیە ئەوروپیەکان بازاڕەکانیان لەسەر ئاستی جیهان فراوان بکەن بۆ فرۆشتنی ئەو بەرهەمانەی کە چیتر نەیاندەتوانی لە ناوخۆی کیشوەرەکەدا ساغیان بکەنەوە. پیاوانی بازرگانی و بانکدارەکان سەرمایەی زیادەیان هەبوو بۆ وەبەرهێنان، وەبەرهێنانی بیانیش، سەرەڕای ڕیسک و مەترسییەکان،  هاندەری قازانجی زیاتر و زۆرتری خستبووە بەر دەست. پێداویستی دەستی کاری هەرزان و سەرچاوەی بەردەوامی کەرەسە خاوەکانی وەک نەوت، لاستیک و مەنگەنیز بۆ پۆڵا، وای پێویست دەکرد کە نەتەوە پیشەسازیەکان زۆر بە تووندی دەست بەسەر ئەو ناوچە نەپشکنراوانەدا بگرن.تەنها بە دەست بەسەرداگرتنی ڕاستەوخۆی ئەو هەرێمانەش، کە واتای دامەزراندی داگیرگە (کۆلۆنی)ی دەگەیاند لەژێر کۆنتڕۆڵی ڕاستەوخۆی ئەواندا، ئابووری پیشەسازی دەیتوانی بە کارایی کاربکات_ یان لانیکەم ئیمپریالیستەکان وایان بیردەکردەوە. لەگەڵ ئەوەشدا دەستکەوتەکانی ئیمریالیزمی نوێ بۆ نەتەوە داگیرکەرەکان سنووردار بوون، لەبەرئەوەی ئەو داگیرگە نوێیانە لەوە هەژارتربوون کە بتوانن پارە لە کڕینی شمەکە ئەوروپیاکاندا خەرج بکەن.

هۆکارە سیاسی و سەربازیەکان

نەتەوە ئەوروپیە باڵادەستەکان پێیان وابوو کە داگیرگەکان گرنگی زۆریان هەیە لە بواری هێزی سەربازی، ئاسایشی نەتەوەیی و ناسیۆنالیزم. سەرکردە سەربازیەکان بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە بۆ بوون بە هێزێکی گەورە، هێزیکی دەریایی بەهێز زۆر گرنگ و پێویستە. بەم شێوەیە کەشتیە جەنگیەکان پێویستیان بە پێگەی سەربازی بوو لە سەرانسەری جیهان بۆ دابینکردنی خەڵوز و پێویستیەکانی دی. دوورگە و بەندەرەکان دەستیان بەسەرداگیرا بۆ دابینکردنی ئەو پێویستیانە. کۆلۆنیەکان (داگیرگەکان) دەستەبەری پارێزراوی ئەو بەندەر و وێستەگانەی خەڵوزیان بۆ هێزە دەریاییە گەشەسەندوەکان دەکرد کە لە کاتی جەنگدا زۆر پێویست بوون. ئاسایشی نەتەوەیی هۆکارێکی گرنگ بوو لە بڕیاردانی بەریتانیای گەورە بۆ داگیرکردنی میسر. پارێزگاری لە نۆکەندی سوێس گرنگی زۆری هەبوو بۆ ئیمراتۆریەتی بەریتانی. نۆکەندی سوێس، کە بە فەرمی لە ساڵی ١٨٦٩ دا کرایەوە، ڕێگای نێوان ئەوروپا و ئەفریقای باشوور و ئاسیای ڕۆژهەڵاتی کورت کردەوە. بۆ بەریتانیا، نۆکەندەکە تاکە ڕێگەی هیندستان بوو، کە ئەویش خشڵی ئیمراتۆریەتەکە بوو. هەروەها زۆربەی خەڵکی باوەڕیان وابوو کە خاوەندارێتی داگیرگەکان دەرخەر و ڕەنگدانەوەی مەزنێتی نەتەوەییە، بە مانایەکی دی داگیرگەکان سیمبولی پێگەی نەتەوەیی بوون. بە تێڕوانینی مێژوونووسی ئەڵمانی سەدەی نۆزدەیەم، هێنریک ڤۆن تریشکە، هەموو نەتەوە مەزنەکان پێویستە بیانەوێت نەتەوە سەرەتاییەکان (بەربەریەکان) داگیر بکەن.

ئامانجی مرۆیی و ئاینی

زۆر لە ڕۆژئاواییەکان باوەڕیان وابوو کە پێویستە ئەوروپا برا بچووکەکانی لە کیشوەرەکانی دی بەشارستانی بکا. بەپیی ئەم تێڕوانینە، ڕەگەزە نا-سپییەکان خێروبێری شارستانیەتی خۆرئاوایان پێدەگەیشت وەک زانستی پزیشکی، یاسا و مەسیحیەت.

ڕۆدیارد کیپلینگ (١٨٦٥ – ١٩٣٦) لە شعرە بەناوبانگەکەیدا، ”بارگرانی پیاوە سپیەکە”  گوزارشتی لەم ئەرکە کردوە لە ساڵانی ١٨٩٠ دا کاتێ هانی ئەوروپیەکانی دەدا کە  دەست بە ”ئەرکە ئەخلاقیەکەیان” بکەن کە بەشارساتنیکردنی نەتەوە ناشارستانیەکانە. هانیدەدان کە ”باشترین کەسەکانتان بنێرن بۆ خزمەتکردنی پێداویستی زیندانیکراوەکانتان.” مژدەدەرەکان پشتگیری کۆلۆنیالیزمیان دەکرد، لەو بڕوایەوە کە باڵادەستی ئەوروپا لەو ناوچانە یارمەتیاندەدا لە بڵاوکردنەوەی مەسیحیەت، ئاینی ڕاستدا، لە ئاسیا و ئەفریقا.

داروینیزمی کۆمەڵایەتی

ساڵی ١٨٥٩ چارلس داروین (١٨٠٩ – ١٨٨٢) کتێبی (لەبارەی ڕەچەڵەکی چەشنەکان) وەی بڵاوکردەوە. داروین لەو بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ژیان وەک گشتێک لە ماوەی ملیۆنان ساڵدا لە گەشەسەندنی بەردەوام دابووە تا گەیشتووە بەو دۆخەی ئێستای. داروین تیۆری (هەڵبژاردنی سروشتی) خستەڕوو،کە تیایدا پێی وابوو هێزە سرووشتیەکان ئەوانە هەڵدەبژێرن کە تایبەتمەندییە جەستەییەکانیان بە باشترین شێوە لەگەڵ ژینگەی دەوروبەردا دەگونجێ. داروین خۆی هەرگیز پەرەی بە لایەنە کۆمەڵایەتیەکانی تیۆریەکەی نەدا. دواتر تیۆریەکەی داروین ناسرا بە (مانەوەی گونجاوترینەکان). کۆمەڵناسی ئینگلیزی هێربێرت سپێنسەر (١٨٢٠ – ١٩٠٣)، یەکەم کەس بوو کە تیۆری (مانەوەی گونجاوترینەکان)ی بۆ پەیوەندی نێوان کۆمەڵگا مرۆییەکان و نەتەوەکان بەکارهێنا. داروینیزمی کۆمەڵایەتیش بە نۆرەی خۆی پەرەی بە فراوانخوازیە ئیمپریالیستەکاندا بە بەکارهێنانی ئەو بانگەشانەی کە هەندێ لە نەتەوەکان گونجاوترن (پێشکەوتوترن) لە نەتەوەکانی دی. ئەوروپیەکان پێیان وابووکە ئەوان وەک (ڕەگەزی سپی) زاڵ و باڵاترن، لەبەرئەوە شتێکی سروشتییە کە ئەوان نەتەوە (بێبایەخ)ەکان بهێننە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە، ئەمەشیان وەک ڕێگایەکی سروشتی دەبینی بۆ باشکردنی مرۆڤایەتی. بەم شێوەیە، لای ڕۆژئاواییەکان، داگیرکردنی کۆمەڵگا پلە نزمەکان و وێرانکردنی ڕەگەزە لاوازەکان نادادی نەبوو، بەڵکو یاسایەکی سروشتی سروشت بوو.

تەکنەلۆژیای ڕۆژئاوا

پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و گەشەسەندنی زانستی پزیشکی یارمەتی پەرەسەندنی ئیمپریالیزمیان دا. کینین* یارمەتی ئەوروپیەکانی لە ڕزگاربوونیان لە نەخۆشیە خولگەییەکان و گەشتکردنیان بۆ هەرێمەکانی ناوەوەی ئاسیا و ئەفریقا کە پڕبوون لە مێشولەی مەترسیدار و نەخۆشی هەڵگر.

گەشەی هەریەک لە کەشتی هەڵمی و تەلەگراف هێزە ڕۆژئاواییەکانی توانادار کرد لە خێرایی جوڵە و وەڵامدانەوەیان بۆ هەر دۆخێک کە ببێتە مایەی مەترسی بۆ زاڵبوونیان لە هەرێمە داگیرکراوەکاندا.

پەرەسەندی ئامێری چەکی خێراهاوێژیش یارمەتیەکی سەربازی زۆری بە ئەوروپیەکان گەیاند لەوەدا کە ئاسیایی و ئەفریقیەکان ڕازیبن بە باڵادەستی ڕۆژئاواییەکان لە هەرێمەکانیاندا.

*کینین (quinine): دەرمانێکە بەکاردێت لە چارەسەرکردنی نەخۆشیی لە شێوەی تای مەلاریا.

ئەم خشتەیەی خوارەوە هۆکارەکانی ئیمپریالیزمی نوێ کورت دەکاتەوە:

هۆکارەکانی ئیمریالیزمی نوێ
ئابووریی سەربازی/سیاسیی مرۆیی/ئاینی تەکنەلۆژی
پێداویستی بازاڕ پێداویستی بنکەی سەربازی بەرپرسیارێتی مرۆڤی سپی دەرمانی نوێ
کەرەسەی خاو ئاسایشی نەتەوەیی بڵاوکردنەوەی مەسیحیەت چەکی نوێ
سەرچاوەی وەبەرهێنان سەرچاوەی شانازی نەتەوەیی داروینیزمی کۆمەڵایەتی (باڵایی کۆمەڵگاکانی خۆرئاوا) هاتووچۆ

 

ئیمریالیزم لە ئەفریقا

ئەفریقا بە کیشوەرە ڕەشەکە ناسرابوو، وە بە نەناسراوی لای جیهانی دەرەوە مایەوە تا کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم، لەبەرئەوەی بیابان، چیا، بان و دارستانە ناوەکیەکانی بەربەست بوون لەبەردەم پشکنیندا. داگیرکردنی میسر لە لایەن بەریتانیا و چوونەناوەوەی بەلجیکا بۆ ناو کۆنگۆ دەستپێکی پێشبڕکێی داگیرکردنی کۆلۆنیەکان بوون لە ئەفریقا.

کەناڵی سوێس

لە ساڵی ١٨٧٥، بەریتانیا بەشێکی زۆری پشکەکانی نۆکەندی سوێسی لە حاکمی مایەپوچبووی میسر کڕیەوە کە توانای دانەوەی ئەو قەرزانەی نەمابوو کە بۆ نۆکەندەکە و نوێکردنەوەی ((modernizationی وەریگرتبوون. فەڕەنسیەکان، کە ئەرکی دروستکردنی نۆکەندەکەیان لە ئەستۆ بوو لە سەردەمی فێردیناند دی لێسێپس ١٩٥٩، خاوەنی پشکەکانی دی بوون. نۆکەندەکە گرنگی بەرچاوی هەبوو لەبەر ئەوەی ڕێگای نێوان ئەوروپا و باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئاسیای زۆر کورت دەکردەوە.  هەروەها ئەم نۆکەنەدە ئەلقەیەکی گرنگی بەیەکەوەبەستنی بەریتانیا بوو بە هیندستانەوە، کە بەریتانیا لە ساڵی ١٨٥٨ وە کردبووی بە بەشێک لەئیمپراتۆریەتەکەی. لە ساڵی ١٨٨٢، بەریتانیا پارێزبەندی خۆی بەسەر میسردا دامەزراند، ئەمەش مانای ئەوەی دەگەیاند کە سەرکردەکانی حکومەت لە دەسەڵاتدارانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەبن، بەڵام لە ڕاستیدا لەژێر کۆنتڕۆڵی بەریتانیای گەورەدا دەبن. داگیرکردنی بەریتانی بۆ میسر، کە دەوڵەمەندترین و گەشەسەندووترین خاکی ئەفریقا بوو،  بووە هۆی سەرهەڵدانی ”تای ئەفریقی” لە ئەوروپا. بۆ دڵنیابوون لەزاڵی و جێگیری لە ناوچەکە، بەریتانیای گەوەرە دەستی بەسەر سودانیشدا گرت.

گەڕان بە کۆنگۆدا

لە ساڵی ١٨٧٨، لیۆپۆڵدی دووەمی پادشای بەلجیکا (لەدایکبوون ١٨٣٥، حکومداری ١٨٦٥ – ١٩٠٩) ڕۆژنامەنوسی ئەنگلۆ – ئەمریکی هێنری ستانلەی (١٨٤١ – ١٩٠٤) نارد بۆ گەڕان بە کۆنگۆدا، هەروەها بۆ دامەزراندنی ڕێککەوتننامەی بازرگانی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی حەوزی ڕووباری کۆنگۆ.

لە ساڵی ١٨٧١، ستانلەی گەورە گەڕیدە و مژدەدەری سکۆتلەندی دەیڤید لیڤینگستۆن (١٨١٣ – ١٨٧٣)ی دۆزیەوە، کە پێشتر بە ماوەی سی ساڵ بە ناو ئەفریقادا گەڕابوو. پاش ئەوەی چەند ساڵێک تێدەپەڕێت و هیچ هەواڵێکی نابێت، مەترسی ئەوەی لێدەکرێت کە مردبێت. ستانلەی لە ساڵی ١٨٦٩ دا لە لایەن ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی (نیو یۆرک ‌هێڕاڵد)ەوە بەکرێدەگیرێت بۆ دۆزینەوەی لیڤینگستۆن. سڵاوە بەناوبانگەکەی ” دکتۆر لیڤینگستۆن، وا گریمان دەکەم” بووە ئەفسانە، هەرچەندە هەندێ گومان لەسەر ڕاست و دروستی هەیە. گێڕانەوەکەی ستانلەی سەبارەت بە یەکتربینینیان (لەگەڵ لیڤینگستۆن) بووە سەردێڕی زۆر لە ڕۆژنامەکانی دونیا و وایکرد کە ستانلەی بەناوبانگ بێت.

لە کۆتاییدا ستانلەی خزمەتگوزاریەکانی بە لیۆپۆڵدی دووەم فرۆشت، کە سەندیکایەکی دارایی بەناوی ڕێکخراوی ئەفریقی نێودەوڵەتی دامەزراندبوو. کاریگەری و دەستێوەردانەکانی پادشای بەهێزی بەلجیکا، لیۆپۆڵدی دووەم، کۆمەڵێ پرسیاری گوماناوی سەبارەت بە چارەنووسی سیاسی ئەفریقای باشووری بیابانی سەحارا وروژاند. نەتەوە ئەوروپیەکانی دی ترسی ئەوەیان هەبوو کە بەلجیکا بیەوێت ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی بۆ سەر تەواوی هەرێمەکە فراوانبکات.

چنگەکڕێ بۆ ئەفریقا    (the scramble for Africa)*

ئۆتۆ ڤۆن بسمارک (١٨١٥ – ١٨٩٨)، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، لەگەڵ جولیس فێری (١٨٣٢ – ١٨٩٣) ، سەرۆک وەزیرانی فەڕەنسا و دامەزرێنەری ئیمراتۆریەتی نوێی فەڕەنسا، کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتیان لە بەرلین سازکرد بۆ دانانی کۆمەڵی یاسای بنەڕەتی بۆ ناوچە داگیرکراوەکانی ئەفریقا. کۆنگرەی بەرلین (١٨٨٤ – ١٨٨٥) ئەو بنەمایەی دامەزراند کە داگیرکاری ئەوروپیەکان لە هەرێمەکانی ئەفریقادا  پێویستە داگیرکاریەکی کارا و راستەقینە بێت و لەلایەن دەوڵەتانی دیەوە دانی پێدابنرێت، هەروەها هیچ هێزێکی ئەوروپی نابێت بتوانێت هەموو ئەفریقا بەدەست بێنێت. کۆنگرەی ئەفریقا بووە هۆی چنگەکڕێ بۆ ئەفریقا”.

لە نێوان ساڵانی ١٨٧٨ – ١٩١٤، هێزە ئەوروپیەکان هەموو کیشوەری ئەفریقایان لەنێوان خۆیاندا دابەشکرد جگە لە وڵاتە سەربەخۆکانی ئەسیوپیا و لیبیریا. لیبیریا نشینگەی کۆیلە سەربەخۆکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوو و لە ساڵی ١٨٤٧ وە بووە دەوڵەتێکی کۆماری سەربەخۆ. ئەسیۆپیا، کە پێشتر سەربەخۆ بوو، لە ساڵی ١٨٩٦ داگیرکاری ئیتاڵیای تێکشکاند. تێکشکانی ئیتاڵیەکان ئەو دڵنیاییەی دا کە وڵاتەکە بە سەربەخۆیی دەمێنێتەوە.

*چنگەکڕێ بۆ ئەفریقا (the Scramble for Africa) داگیرکردن، دابەشکردن و کۆلۆنیالیزەکردنی هەرێمەکانی ئەفریقا بوو لە لایەن هێزە ئەوروپیەکانەوە لە سەردەمی ئیمپریالیزمی نوێدا لە نێوان ساڵانی ١٨٨١ – ١٩١٤.  پێشی دەوترێت (دابەشکردنی ئەفریقا) یان (داگیرکردنی ئەفریقا). لە ساڵی ١٨٧٠، تەنیا ١٠٪ خاکی ئەفریقا لەژێر دەسەڵاتی ئەوروپیەکاندا بوو؛ تا ساڵی ١٩١٤ ئەم ڕێژەیە بەرز بووەوە بۆ ٩٠٪ خاکی ئەفریقا. واتە تەنیا ئەسیوپیا (ئەبیسینا)، دەوڵەتی دێرڤیش (بەشێک لە سۆماڵی ئێستا) و لیبیریا بە سەربەخۆیی مانەوە.

کۆنگرەی بەرلین لە ساڵی ١٨٨٤، کە کۆلۆنیالیزەکردن و بازرگانیکردنی ئەوروپیەکانی لە ئەفریقا بە یاسایی کرد، هەمیشە وەک خاڵی دەستپێکی پەلەقاژێ بۆ ئەفریقا ئاماژەی بۆ دەکرێت. لە دەرئەنجامی ئەو ململانێ سیاسی و ئابووریە بەهێزانەی لە کۆتا چارەگی سەدەی نۆزدەهەمدا لە نێوان ئیمپراتۆریەتە ئەوروپیەکاندا هەبوو، دابەشکردنی ئەفریقا ئەو ڕیگایە بوو کە ئەوروپیەکان بەکاریان هێنا بۆ خۆلادان لە جەنگ لە نێوان خۆیاندا لەسەر ئەفریقا.

وڵاتە ئەوروپیەکان ئەفریقایان بەم شێوەیەی خوارەوە دابەشکرد:

فەڕەنسا

فەڕەنسیەکان گەورەترین ئیمپراتۆریەتی کۆلۆنیان هەبوو لە ئەفریقا، نزیکەی ٣،٥ میلی چوارگۆشە کە نیوەی ئەو ڕووبەرە بیابانی سەحارا بوو. لە ساڵی ١٨٣٠، فەڕەنسیەکان جەزائیریان لە باکووری ئەفریقا داگیرکردبوو. لە نێوان ساڵانی ١٨٨٢ – ١٩١٢، فەڕەنسیەکان تونس، مەغریب، ڕۆۆژئاوای ئەفریقا و ئەفریقای خولگەییشیان خستە ژێر دەسەلاتی خۆیانەوە. لەو لووتکەی داگیرکاریەکانیدا، ئیمراتۆریەتی فەڕەنسی لە ئەفریقا هێندەی ویلایەتە یەلگرتووەکانی ئەمریکا دەبوو بە بێ ئالاسکا.

بەریتانیای مەزن

ڕووبەری داگیرگەکانی بەریتانیا لە ئەفریقا هێندەی هی فەڕەنسا نەدەبوو بەلام بەریتانیەکان ئەو ناوچانەیان دەست بەسەرداگرت کە دانیشتوانی زیاتری لێبوو، بە تایبەت باشووری ئەفریقا، کە دەوڵەمەند بوو بە سەرچاوەی کانزایی بەهادار، وەک ئەڵماس و زێڕ. لە ساڵی ١٨٠٦، بەریتانیەکان هۆڵەندیەکانیان لە ئەفریقای باشوور دەرکرد و دەستیان کرد بە بەڕێوەربردنی داگیرگەی کەیپ. لەگەڵ ئەوەشدا بەریتانیەکان زوو لەگەڵ بۆر (Boer) (جووتیار)ەکاندا، دانیشتوانە ڕەسەنە هۆڵەندیەکان کە دژایەتی حوکمی بەریتانیایان دەکرد، کەوتنە ململانێ. لە ساڵانی ١٨٣٠دا، بۆرەکان هەرێمەکانی بەریتانیایان جێهێشت و بەرەرە باکوور کۆچیان کرد ، لەوێ دوو هەرێمی سەربەخۆیان دۆزیەوە- دەوڵەتی ئۆرەنجی ئازاد و ترانسڤال. بۆرەکان هەر زوو لەگەڵ زولۆسە بەهێزەکان، کە نەتەوەیەکی ڕەسەنی ئەفریقی بوون، لەسەر دەست بەسەرداگرتنی خاک کەوتنە ململانێوە. کاتێک هیچ یەک لە بۆرەکان و زولۆسەکان نەیانتوانی سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوە بەدەست بێنن. بەریتانیەکان دەستیان وەردا لە شەڕەکان و لە کۆتاییدا ئیمپراتۆریەتی زولۆیان لەناو برد.

 لە ساڵانی ١٨٩٠دا، سێسڵ ڕۆدس (١٨٥٣ – ١٩٠٢)، کە لەدایکبووی بەریتانیا بوو و ببووە ملیۆنێرێکی کانی ئەڵماس، بووە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی کۆڵۆنی کەیپ. دەیەویست کە فراوانخوازی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا لە ئەفریقا، لە کەیپ تاونەوە تا قاهیرە درێژ بکاتەوە، لەبەرئەوە بڕیاری دا کە کۆماری بۆر لەناو بەرێت. لە شەڕی بۆر دا (١٨٩٩ – ١٩٠٢)، بەریتانیەکان، پاش زەحمەتیەکی زۆر، بۆرەکانیان تێکشکاند و کۆمارەکەیان داگیر کرد. لە ساڵی ١٩١٠، بەریتانیا کۆڵۆنیەکانی خۆی لە باشووری ئەفریقا لە یەکێتی باشووری ئەفریقا دا کۆکردەوە. سپی پێستەکان حکومەتیان بەڕێوە دەبرد، وە بۆرەکان، کە بە ژمارە لە بەریتانیەکان زۆرتر بوون، دەسەڵاتیان گرتە دەست. ئەم سیستەمە بنچینەکانی جیاوازی ڕەگەزی لە ئەفریقا دانا کە بەردەوام بوو تا ساڵانی ١٩٩٠.

ئەڵمانیا

درەنگ کەوتنی یەکێتی ئەڵمانیا، پڕۆژە ئیمپریالیەکانی ئەڵمانیای دواخست. بەڵام ئەویش وەک دەوڵەتێکی تازە شوێنی خۆی دەویست لە ئەفریقا. ئەڵمانیا کۆمەڵێ داگیرگەی لە ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژئاوای کیشوەرەکە داگیر کرد.

ئیتاڵیا

ئیتالیاش وەک ئەڵمانیا پڕۆژە داگیرکاریەکانی درەنگ دەست پێکرد، ئیتالیا توانی هەریەک لە لیبیا، سۆماڵی ئیتاڵی و ئەریتیریا، کە هەرێمی ئەوپەڕی باکووری ئەسیوپیا بوو لە نزیک دەریای سوور داگیر بکات. هەوڵەکای ئیتاڵیا بۆ دەست بەسەرداگرتنی ئەسیوپیا بە شکستێکی تاڵ کۆتایی هات.

پڕتوگال

پڕوتوگالیش کۆمەڵی داگیرگەی گەورەی لە ئەنگۆلا و مۆزەمبیق دەست بەسەرداگرت.

ئیمپریالیزم لە ئاسیا

هیندستان

بەریتانیەکان ساڵی ١٧٦٣ هیندستانیان داگیر کرد،  پاش ئەوەی فەڕەنسایان لە شەڕی حەوت ساڵە (١٧٥٦ – ١٧٦٣) تێکشکاند. بەریتانیەکان لە ڕیگەی کۆمپانیای هیندی ڕۆژهەڵاتیەوە دەستیان بەسەر هیندستاندا گرت، کە زۆر بە تووندوتیژی حوکمیان دەکرد. لە ساڵی ١٨٥٧، یاخیبوونێکی هیندی، کە لە لایەن ئەو سەربازە هیندیانەوە ڕابەڕایەتی دەکرا کە بە سیپۆیەکان ناودەبران، بووە هۆی ڕاپەڕینێک کە دواتر ناسرا بە هەڵگەرانەوەی سیپۆی. پاش دامرکاندنەوەی یاخیبوونەکە، بەریتانیا لە ساڵی ١٨٥٨ هیندستانی کردە بەشێک لە ئیمپراتۆریەتەکەی.  بەریتانیا کۆمەڵێ ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتی لە هیندستان ئەنجامدا، پشگیری پەروەردە و خوێندنی کرد و تەکنەلۆژیای پەرە پێدا. بەریتانیا سوودێکی زۆری لە هیندستان بینی بە شێوەیەک کە بە ”تاجی زێڕینی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا” دەناسرا. لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکی هیندستان لە هەژاری و برسێتیەکی زۆردا دەژیان و بەریتانیەکان ڕێزیان لە خەڵکی هیندستان و کلتورەکەی نەدەگرت.

هۆڵەندیەکان دەستیان بەسەر ئاسیای ڕۆژهەڵاتی هۆڵەندی داگرت و سنووری دەسەڵاتی خۆیان بۆ سەر ئیندۆنیزیا درێژ کردەوە، لە کاتێکدا فەڕەنسیەکان ناوچەکانی هیندی چینیان (کەمبۆدیا، لاوس و ڤێتنام) کۆنتڕۆڵ کرد. ڕووسیەکانیش هاتنە ناو شاڵاوە داگیرکاریەکانەوە و سنووری فراوانخوازیەکانیان درێژ کردەوە بۆ سەر ناوچەکانی ئێران.

چین

لە سەدەی حەڤدەهەمەوە چین خۆی لە جیهانی دەرەوە جیاکردبوەوە و بەکارهێنانی ڕێگاکانی خۆرئاوای ڕەتدەکردەوە. چینیەکان ڕیگەیان بە بازرگانی دەدا بەڵام تەنیا لە بەندەری کانتۆنەوە، کە لەوێدا مافەکانی بازرگانە ڕۆژئاواییەکان بە پێی حەزی ئیپراتۆر بوو. ئیمپریالیزم لە چین لەگەڵ جەنگی ئەفیونی یەکەم (١٨٣٩ – ١٨٤٢) دەستی پێکرد، کاتێک حکومەتی چین هەوڵیدا کە بەریتانیەکان بوەستێنێت لە هاوردەکردنی ئەفیون. ئەمە بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێک کە تیایدا سوپای بەهێز و پیشەسازی پێشکەوتووی بەریتانیا بە ئاسانی هێزە سەربازیەکانی چینیان تێکشکاند. ڕێکەوتننامەی نانکینگ (١٨٤٢)  ڕێگەی بە بەریتانیا دا بۆ کردنەوەی پێنج بەندەر، دوورگەی هۆنگ کۆنگی دا بە بەریتانیەکان و چینیشی ناچار کرد بە دانی قەرەبوویەکی زۆر. لە ساڵی ١٨٥٨، چین بە پێی ڕیکەوتننامەیەکی دی ناچار کرا بەوەی کە یازدە بەندەری دی بکاتەوە و کۆمەڵێ ئیمتیازاتی دی بدات بە بەریتانیا وەک مافی بازرگانیکردن لەگەڵ هەرێمەکانی ناوخۆی چین و مافی چاودێریکردنی نوسینگەکانی بازرگانی چین.  بیانیەکانیش مافی زیادەهەرێمی (extraterritoriality)یان وەرگرت، بەو واتایەی کە نەتەوە ڕۆژئاواییەکان لە چیندا پارێزگاریان لە دادگاکانی خۆیان دەکرد و یاساکانی خۆیان بەکار دەهێنا و لە دادگاکانی خۆشیان دادگایی دەکران.

لە نێوان ساڵانی ١٨٧٠ – ١٩١٤، نەتەوە ڕۆژئاواییەکان چینیان دابەشکرد بۆ چەند ناوچەیەکی دەسەڵاتی جیاواز، ناوچە گەلێک کە تیایاندا هێزە دەرەکیەکان بانگەشەی مافی تایبەتی بازرگانیان دەکرد. فەڕەنسا هەرێمەکانی باشووری ڕۆژئاوای چین و ئەڵمانیاش نیمچە دوورگەی شاندۆنگی بەدەستهێنا، ڕووسیاش دەستی بەسەر مەنشوریادا گرت و بەندەری ئارسەریشی بەکرێ گرت، هەرچی بەریتانیاشە دەستی بەسەر دۆڵی یانگزیدا گرت. ویلایەتە یەکگرتووەکان، کە بەشداری دابەشکردنی چینی نەکردبوو چوونکە لەوە دەترسا کە بوونی ناوچەی دەسەڵاتی جیاواز ڕەنگە زیان بە بازرگانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بگەیەنێ، هانی سیاسەتی دەرگای ئاواڵای دەدا لە ساڵی ١٨٩٩.  جۆن هەی، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پێشنیاری ئەوەی کرد کە مافی یەکسانی بازرگانی لە چیندا بۆ هەموو نەتەوەکان ڕێگەی پێبدرێت و ڕیز لە یەکێتی خاکی چین بگیرێت. نەتەوە داگیرکەرەکان لە بنەمادا ئەو پیشنیارەیان پەسەند کرد، بەڵام زۆر جار لە داکەوت (واقع) دا پشتگوێیان دەخست. لەگەڵ ئەوەشدا سیاسەتی دەرگای ئاواڵا بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان بووە بناغەی سیاسەتی ئەمریکا لە چیندا لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا.

بە هاتنی ساڵی ١٩٠٠، چین لە دۆخێکی سەختی سەرلێشواندا بوو. هەستی دژە بیانیەکان لە بەرزبوونەوە دابوو لەبەرئەوەی چین ناچار کرابوو واز لە زۆر لە مافە سیاسی و ئابووریەکانی بێنێ. ئەم هەستە دژە-بیانیە بووە هۆی یاخیبوون یان راپەڕینی بۆکسەر (١٨٩٩ – ١٩٠١). بۆکسەرەکان کۆمەڵەیەکی نهێنی نەتەوەیی چینی بوون کە لەلایەن حکومەتی مانچۆوە پشتگیری دەکران، وە ئامانجیان دەرکردنی هەموو بیانەکان و گێڕانەوەی چین بوو بۆ دۆخی گۆشەگیری. لە حوزەیرانی ساڵی ١٩٠٠، کۆمەڵێ هێرشیان کردە سەر بیانیەکان و مەسیحیە چینیەکان، هەروەها هێرشیان کردە سەر باڵیۆزی وڵاتانی بیانی لە پەکین. هێزە ئیمریالیستەکان هێزێکی ٢٥ هەزار سەربازی نێوەدەوڵاتیان نارد بۆ دامرکاندنەوەی یاخیبوونەکە و لە ماوەی دوو هەفتەدا کۆتاییان پێهێنا.

یاخیبوونی بۆکسەرەکان شکستی هێنا، بەڵام بڕوای بە چینیەکان هێنا کە وڵاتەکەیان پێویستی بە چاکسازی هەیە. لە ساڵی ١٩١١، کۆمەڵی شۆڕش لە ناوچە جیاوازەکانی چین دەستیان پێکرد و ئیمپراتۆری مانچۆ لەسەر کار لادرا. دکتۆر سەن یات-سێن (١٨٦٦ – ١٩٢٥)، باوکی چینی نوێ. کۆمارێکی ڕاگەیاند و ناو نرا سەرۆکی نوێ. دکتۆر سەن پشتگیری بەرنامەیەکی سێ خاڵی دەکرد: ناسیۆنالیزم (ئازادکردنی چین لە دەسەڵاتی داگیرکاری)، دیمۆکراسی (هەڵبژاردنی دەسەڵاتدارانی دەوڵەت) و بژێوی (گونجاندنی میتۆدە پیشەسازی و کشتوکاڵیەکانی خۆرئاوا). کۆماری چین ڕووبەڕووی گەلێک کێشە بووەوە و بۆ ماوەی سی و حەوت ساڵی پاش ئەوە چین بەردەوام بوو لە جەنگ لەگەڵ خۆی و لەگەڵ داگیرکەرانیش.

یابان

یابان تاکە وڵاتی ئاسیا بوو کە نەبووە قوربانی ئیمپریالیزم. لە سەدەکانی حەڤدە و هەژدەدا، یابانیەکان ئەوروپیەکانیان لە وڵاتەکەیان دەرکرد و بەندەرەکانیان بە ڕووی بازرگانی دەرەوەدا داخست. تەنیا ڕێگەیان بە هۆڵەندیەکان دەدا کە بازرگانی لە ناگازاکی بکەن. لە ساڵی ١٨٥٣، فەرماندەی دەریایی ماثيو پێری (١٨٦٦ – ١٩٢٥)، کە دەسەڵاتدارێکی دەریایی ئەمریکی بوو، سەرکردایەتی گەشتێکی کرد بۆ یابان. پێری توانی دەسەڵاتدارانی یابان (شۆگەن) ڕازی بکات بە کردنەوەی بەندەرەکان بە ڕووی بازرگانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندا.  بەهۆی ترسیانەوە لە باڵادەستبوونی وڵاتانی بیانی، یابان، بە پیچەوانەی چینەوە، پارێزگاری لە سیاسەتی دوورەپەرێزانەی خۆی کرد و دەستی کرد بە پرۆسەی مۆدێرنیزەکردنی وڵاتەکەی لەسەر شێوازای خۆرئاوا. گێڕانەوەی مێجی، کە لە ساڵی ١٨٦٧ دەستی پێکرد، هەوڵی دا کە لە جێگای دەسەڵاتدارە دەرەبەگەکان (شۆگەن) دەسەڵاتدارانی نوێ دابنێت و دەسەڵاتی ئیمپراتۆریش زیاتر بکات. ئامانجی ئەمەش ئەوە بوو کە یابان تا ئەو ئاستە بەهێز بکات کە بتوانێت پێشبڕکێی خۆرئاوا بکات. دەسەڵاتدارە تازەکان سوپای یابانیان بەهێز کرد و یابانیان کردە کۆمەڵگایەکی پیشەسازی. یابان دەستوورێکی لەسەر بنەمای دەستووری پڕووسی پەسەند کرد کە تیایدا ئیمپراتۆر کەسی یەکەمی وڵات بوو. حکومەت مەبەستی نەبوو کە دیموکراسی لە وڵاتدا گەشە پێبدات بەڵکو تەنیا ئامانجی یەکخستنی یابان و یەکسانکردنی بوو بە وڵاتانی ڕۆژئاوا. دەسەڵاتداران سوپایەکی تازەیان دامەزراند لەسەر بنەمای سەربازی بە زۆر و کەشتیگەلێکی لە کەشتی هەڵمی و ئاسن دامەزراند.

یابانیەکان بە شیێوەیەک سەرکەوتوو بوون کە بوونە هێزێکی ئیمپراتۆری. لە شەڕی سینۆ – یابانی ساڵی ١٨٩٤ – ٩٥، یابان چینی تێکشکاند و ناچاری کرد کە واز لە بانگەشەی خاوەندارێتی کۆریا بهێنێت. هەروەها یابان دەسەڵاتی بەسەر یەکەم کۆڵۆنی خۆیدا – تایوان و دوورگەکانی پێسکادۆرس – سەپاند و جیهانی تووشی شۆک کرد کاتێک توانی لە جەنگی ڕووسی – یابانی ساڵی ١٩٠٤ – ١٩٠٥ ڕووسیا تێکبشکێنێت. سەرکەوتنی یابان بەسەر ڕووسیادا یەکەم سەرکەوتنی وڵاتێکی ئاسیایی بوو بەسەر هێزێکی ئەوروپاییدا لە ماوەی دوو سەد ساڵی پێش جەنگەکەدا.

ئیمپریالیزم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

گرنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئیمپریالیستە نوێکان پێگە ستراتیجیەکەی (کە هەرسێ کیشوەری ئاسیا، ئەوروپا و ئەفریقا بە یەکەوە دەبەستێتەوە)، ڕێگا ئاویە گرنگەکانی (نۆکەند و دەردەنێڵەکان) و سەرچاوە نەوتیە بەهادارەکانی بوو.

ئەوروپیەکان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان بەو شێوەیەی خوارەوە دابەشکرد:

  • بەریتانیای گەورە: دەستبەسەرداگرتنی نۆکەندی سوێس لەلایەن بەریتانیاوە ئەو وڵاتەی ناچار کرد کە ڕۆڵێکی کارا لە میسردا ببینێ و دەست بەسەر دورگەی قوبرسیشدا بگرێ کە بەهایەکی سەربازی گرنگی هەبوو لە دابینکردنی ئاسایشی سەرچاوە نەوتیەکان بۆ پێویستیە پیشەسازی و سەربازیەکان.

جگە لەوە بەریتانیا کۆمەڵێ ئیمتیازاتی گرنگی لە ئێران، عێراق، کوەیت، قەتەر و بەحرەین بەدەستهێنا. چەندان بۆڕی نەوت بۆ سەر دەریای ناوەڕاست و کەنداوی فارسی بونیاد نران.

  • ڕوسیا: هەر لە کۆنەوە ڕوسیا هەوڵی بەدەستهێنانی دەردەنێڵەکانی دەدا وەک ڕێگایەک بۆ گەیشتن بە دەریای ناوەڕاست و لە وێشەوە بۆ ناوچەکانی فراوانخوازی. ڕوسیا یارمەتیدەر بوو لە دابەشکردنی ئیمراتۆریەتی عوسمانی و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی بۆ چەند دەوڵەتێکی بالکانی.
  • ئەڵمانیا: لە ساڵی ١٨٩٩، خاوەن سەرمایەکانی ئەڵمانیا ڕەزامەندی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیان بەدەستهێنا بۆ تەواوکردنی ڕێگای ئاسنی بەرلین – بەغدا.

دەرئەنجامەکانی ئیمپریالیزم

ئیمریالیزمی نوێ گۆڕانکاری گەورەی هەم لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاوا و هەم لە داگیرگەکاندا درووستکرد. لەم ڕێگەیەوە، وڵاتە ڕۆژئاواییەکان سەرەتای ئابووریەکی جیهانیان داڕشت کە تیایدا پێویست بوو کە گواستنەوەی شتومەک، پارە و تەکنەلۆجیا بە یاسایی ڕێک بخرێت بۆ دڵنیابوون لە بەردەستی بەردەوامی سەرچاوە سروشتیەکان و دەستی کاری هەرزان بۆ جیهانی بە پیشەسازیبوو.

ئیمپریالیزم زۆر نەرێیانە کاری لە داگیرگەکان کرد، بەهۆی حوکمی بێگانەوە، کلتور و پیشەسازی خۆماڵی وێران بوون. شمەکە هاوردەکان پیشەی دەستیان نەهێشت. بە بەکارهێنانی داگیرگەکان وەک سەرچاوەی کەرەسەی خاو و بازاڕێک بۆ ساغکردنەوەی کەلوپەلە پیشەسازیەکان، وڵاتانی داگیرکەر ڕێیان نەدا بە بەرەوپێشچوونی پیشەسازی داگیرگەکان. یەک لە هۆکارە گرنگەکانی هەژاری لە داگیرگەکاندا ئەوە بوو کە گشت سامانی سروشتی هەرێمەکانیان بۆ وڵاتە داگیرکەرەکان دەچوو.

جگە لەوە ئیمریالیزم بووە هۆی ڕووبەڕوبوونەوەی کلتورەکانیش. بە هاتنی ساڵی ١٩٠٠، وڵاتە ڕۆژئاواییەکان دەستیان بەسەر زۆربەی جیهاندا گرتبوو. ئەوروپیەکان پێیان وابوو کە ئەوان خاوەنی کلتووری باڵان و خەڵکی ناوچە داگیرکراوەکانیان ناچار دەکرد کە کلتووری ئەوان پەسەند بکەن. فشاری بەڕۆژئاواییکردن خەڵکی داگیرگەکانیان ناچارکرد کە هەوڵی پێداچوونەوە بە کلتوورەکانی خۆیان بکەن کار بکەن بۆ نەهێشتنی هەندێ نەریتی لە شێوەی قاچ بادان لە چین و ساتی لە هیندستان. ساتی ئەو نەریتە بوو کە تیایدا ژنێکی باش و ڕێزدار (ساتی) خۆی هەڵدەدایە سەر جەنازە ئاگرینی مێردەکەی بەو هیوایەی ئەو قوربانیکردنە ببێتە هۆی سڕینەوەی تاوانی هەم خۆی و هەم مێردەکەی.

هەرچەندە ئیمپریالیزم خەڵکی کۆلۆنیەکانی بۆ مەبەستی خۆی بەکار دەهێنا، وڵاتە ڕۆژئاواییەکان زانستی پزیشکی نوێیان بەو داگیرگانە ناساند کە جەختی دەکردەوە لەسەر بەکارهێنانی ڤاکسین و ماددەی پاکەرەوەی زیاتر، کە ئەمەش یارمەتیدەر بوو لە پاراستنی ژیانی خەڵکی و بەرزبوونەوەی تێکڕای تەمەن.

ئیمپریالیزم چەندین کیشەی سیاسی درووست کرد. نەتەوە ئەوروپیەکان چەندی یەکەی سیاسی کۆنیان شێواند و خەڵکانی نەیار و دژ بەیەکیان بە زۆر لە ناو یەک حکومەتدا یەکخست، ئەم حکومەتەش هەوڵی ڕیکخستن و چەسپاندنی جێگیری دەدا لە ناوچەگەلێک کە ناکۆکی ناوخۆیی بۆ ماوەی دەیان ساڵ درێژەی هەبوو، وەک لە نایجیریا و ڕواندا. ناکۆکیە ئیثنیکیەکان کە دواتر لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا لە زۆر لەو ناوچانەدا گەشەیان سەند، دەکرێت هۆکارەکانی بگەڕێندرێنەوە بۆ ئەم سیاسەتە ئیمریالیانە. لە لایەکی دیەوە ئیمپریالیزم بووە هۆی زیادبوونی گرژی لە نێوان هێزە ڕۆژئاواییەکاندا. ململانێی نێوان فەڕەنسا و بەریتانیای گەورە لەسەر سوودان، لە نێوان فەڕەنسا و ئەڵمانیا لەسەر مەغریب و ململانێکانیش لەسەر دەوڵەتی عوسمانی گشتیان بەشدار بوون لە درووستبوونی ئەو دۆخە شەڕانگێزانەی کە دواتر سەری کێشا بۆ جەنگی جیهانی یەکەم لە ساڵی ١٩١٤.

کۆمەڵگەی ئەوروپی لە وەرچەرخانی سەدەدا

لە نیوەی کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا کۆمەڵگە ئەوروپیەکان کۆمەڵێ گۆڕانکاریان گەورەیان لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا بەخۆوە بینی. لە ماوەکانی پێشووتردا، هونەرەکان تا ئاستێکی زۆر سنووردار کرابوون بۆ دەوڵەمەندان، کە هەم پارە و هەم کاتی بەتاڵیان هەبوو بۆ چیژبینین لە کلتور.

لە پیشەسازیترین وڵاتەکاندا، کاتەکانی کارکردن سنووردار کرابوون بۆ دە کاژێر لە ڕۆژێکدا و پێنج ڕۆژ و نیو لە هەفتەیەکدا. ئەمە کاتی بەتاڵی زیاتری درووست کرد کە نەوەکانی پێشتر هەرگیز ئەو کاتەیان نەبوو بۆ چێژ بینین. یەکێک لە چالاکیە میللییەکانی کاتی بەتاڵی سەردانیکردنی هۆڵە میوزیکیە لۆکاڵیەکان بوو.  ئەم هۆڵانەی میوزیک چەندین چالاکی جۆراوجۆری لە شێوەی گۆرانی، سەما، کۆمیدیا و چەندانی دیان پێشکەش دەکرد. بە هاتنی ١٩٠٠، هونەر، مۆسیقا و چالاکیەکانی تری چێژ بینین گەیشتن بە جەماوەری زیاتر. داهێنانی ئامێری تۆمارکەری دەنگی و شریتی تۆمارکەر مۆسیقای ڕاستەوخۆ بردە ماڵی خەڵکەوە. لە ماوەی نیوان ١٨٨٠کاندا بەهۆی تەکنەلۆجیای نوێوە وێنەی جوڵاو دەرکەوت. لە سەرەتاکانی ١٩٩٠دا فیلم بە خێرایی بووە بازرگانیەکی گەورە و بە هاتنی ساڵی ١٩١٠، نزیکەی پێنج ملیۆن هاوڵاتی ئەمریکی ڕۆژانە ئامادەی نزیکەی ١٠ هەزار شانۆ دەبوون بۆ سەیرکردنی فیلمی بێدەنگ. پیشەسازی فیلمی ئەوروپی گەشەیەکی هاوشێوەی ئەزموون کرد.

چینی ناوەڕاست و چینی کارکەران دەستیان کرد بە چێژبینین لە وەرزشەکان و چالاکیە دەرەکیەکانی دی. یانە پیشەگەرەکانی تۆپی پێ لە ئەوروپا دەستیان بە دروستبوون کرد. ساڵی ١٩١٣ لە جامی تۆپیپێ

 (Football Association Cup) لە یاریگای کریستاڵ پاڵاس لە ئینگلتەرا، بورنێت لە بەرانبەر ١٢٠ هەزار هاندەردا (١ – .) لە یانەی لیڤەرپوڵی بردەوە. گەشەسەندنی حەز و ئارەزوو بۆ وەرزش بووە هۆی زیندووکردنەوەی یاریە ئۆڵۆمپیە کۆنەکان لە نێوان وڵاتاندا. لە ساڵی ١٨٩٦، یەکەم  یاریە ئۆڵۆمپیە نوێیەکان لە ئەسینا بەڕێوە چوون.

گەشت،کە پێشتر تەنیا دەوڵەمەندان توانای ئەنجامدانیان هەبوو، بووە چالاکیەکی باو لە ناو چینی ناوەڕاستدا کاتێک دکتۆران، پارێزەران، مامۆستایان و ئەندازیاران بوونە بەشێک لەکۆمەڵگای پیشەسازی.  تۆماس هۆک (١٨٠٨ – ١٨٩٢)، پیاوێکی ئینگلیزی بوو کە بۆ یەکەمجار ساڵی ١٨٤١ گەشتێکی بۆ نزیکەی ٥٠٠ کەس ڕێکستبوو بە یەک شێلینگ، دواتر گەشتی بە کۆمەڵی بۆ چینی ناوەڕاست بە میللی کرد. ساڵی ١٨٥١، گەشتی ڕۆژانەی بۆ نزیکەی ١٥٠ هەزار کەس ڕێکدەخست بۆ ئامادەبوون لە پێشانگای مەزنی لەندەن، ئەو پێشانگایەی کە وەک سیمبولی باڵایی پیشەسازی و ئابووری بەریتانیای گەورە چاوی لێدەکرا. گەشتەکانی کووک تا ئاستێک جەماوەری بوون کە گەشتی بۆ هەموو دوورگەکانی بەریتانیا، وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکای باکوور ڕێک دەخست. بە هاتنی ساڵی ١٨٧٠کان، کووک یەکەم گەشتی بۆ سەرانسەری جیهان ڕێک خست. سەرکەوتنی ئاژانسی گەشتی کووک سیمبولی بەجەماوەریبوونی چالاکی گەشتکردن بوو بۆ هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە، نەک تەنیا چینەکانی سەرەوە.

گۆران لە هونەر و ئەدەبدا

لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەهەمدا، هونەرمەند و نووسەرە ڕۆمانتیکیەکان عەقڵانیەتی ڕۆشنگەریان رەتدەکردەوە و جەختیان لە گرنگی هەست و سۆزە مرۆییەکان دەکردەوە. لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا، واقیعگەرایی (ڕیالیزم)، ئیمپرێشینیزم (انطباعية) و پۆست ئیمپرێشینیزم (ئێکسپرێشینیزم) باڵ بەسەر جیهانی هونەر و ئەدەبدا دەکێشن.

ڕیالیزم

نووسەر و هونەرمەندانی جوڵانەوەی ڕیالیزم جەختیان لە ژیانی ڕۆژانەی هاوچەرخ دەکردەوە، بە تایبەت ژیانی چینە کارکەرەکانی شار، کە پێشتر لە ئەدەبی خەیاڵیدا لە بیر کرابوون. هەروەها ئەو نووسەرانە پێداگیریان لەوە دەکردەوە کە هۆکارە ژینگەیی و بۆ ماوەییەکان کار لە رەفتاری مرۆڤ دەکەن.

لە ڕۆمانیسیزمەوە بۆ ڕیالیزم
ئامانجەکان جیهان بەو شێووەیە ڕەنگ بکەی کە هەیە

سێرە (ترکیز) لە لایەنە سەختەکەی ژیان و ژیانی ژنان و پیاوانی کارکەر بگری

ژیانی بەدبەختەکان باش بکەی

پێداگیری ڕۆمانتیکیانە لەسەر خەیاڵ ڕەت بکەیتەوە

هونەرمەندەکان/کارەکان گۆستاڤ کۆربێت (فەڕەنسی، ١٨١٩ – ١٨٧٧) بەرد شکێنەکان (١٨٤٩)، وێنەکێشانە ڕاستینەییەکەی کۆربیت بۆ دوو کرێکاری ماندوو لەسەر ڕێگایەکی دەرەوەی شار- واتە لادانی ئەو جوانی و سەرنج ڕاکێشیەی کە زۆربەی وێنەکێشە فەڕەنسیەکان لەو سەردەمەدا لە کارەکانیاندا نیشانیان دەدا – یارمەتیدەر بوو لەوەدا کە کۆربیت ببێتە ڕابەری جووڵانەوەی ڕیالیستی لە وێنە کێشاندا.

جیەن فرانشەس میلێت (فەڕەنسی، ١٨١٤ – ١٨٧٥) چێنەر (١٨٥٠). وینەکانی میلێت سێرەیان لەسەر جیهانی کشتیاری بوو.

نووسەرەکان/نووسینەکان چارلس دیکنس (ئینگلیز ١٨١٢ – ١٨٧٠) ئۆلیڤەر تویست (زنجیرە: ١٨٣٧ – ١٨٣٩)، کاتە سەختەکان (١٨٥٤). نووسینەکانی دیکنس زیاتر ژیانی دانیشتوانی ناوچە هەژارەکانی شار و کرێکارانی کارگەکانی پیشان دەدا، لە ناویاندا منداڵان.

ئەمیل زۆڵا (فەڕەنسی، ١٨٤٠ – ١٩٠٢) جێرمیناڵ  (١٨٨٥). ململانێی چینایەتی لە پیشەسازی کانەکانی (هەڵکۆڵین) ی فەڕەنسی پیشان دەدا.

جۆرج ئیلیۆت (ماری ئان ئیڤانس) (ئینگلیز، ١٨١٩ – ١٨٨٠)، میدڵمارچ (١٨٧١ – ١٨٧٢). ژیانی لادێی بەریتانیای دەخستە ڕوو لە ساڵانی ١٨٣٠، بابەتە سەرەکی نووسینەکانی بریتی بوون لە پێگەی ژنان، سروشتی هاوسەرگیری، دووڕوویی ئاینی و هێواشی ڕەوتی چاکسازی سیاسی بۆ چاککردنی ژیانی خەڵکی ئاسایی.

گۆستاڤ فلاوبێرت (فەڕەنسی، ١٨٢١ – ١٨٨٠) مادام بۆڤاری (١٨٥٦ – ١٨٥٧). گوزارشتی لە نائومێدی تێڕوانینی ڕۆمانسیانە دەکرد بۆ هاوسەرگیری بەراورد بە ژیانی ڕاستەقینە.

لیۆ تۆڵستۆی (ڕووسی، ١٨٢٨ – ١٩١٠) شەڕ و ئاشتی. ئەوەی پیشاندەدا کە چۆن شەڕەکانی ناپلیۆن کاری کردۆتە سەر ژیانی خەڵکی ئاسایی لە ڕووسیا.

ئیمپرێشنیزم

ئیمپرێشنیزم
ئامانجەکان پەیدابوونی فۆتۆگراف

دوورکەوتنەوە لە ڕیالیزم کاتێک کامێڕا دەتوانێت هەمان شت باشتر بکات.

گوزارشتی ورد لە یەکەم کاریگەری (انطباع)ی کەسی کە لە ساتێکی دیاریکراودا درووست دەبێت.

هونەرمەندان/کارەکان پیێر ئۆگەست ڕێنۆیەر (فەڕەنسی ١٨٤١ – ١٩١٩)Le Bal du moulin de la Galette (١٨٧٦). وێنەکانی ڕێنۆیەر گوزارشتیان لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی دەکرد.

کلاود مۆنێت (فەڕەنسی، ١٨٤٠ – ١٩٢٦) گلادیۆلی (١٨٧٦)،  دیمەنی باخچەیەکی ئارام کە کارایانە ڕووناکی و ڕەنگی تیادا بەکار هاتووە. هونەرمەندان لەبەر ڕووناکی سروشتیان، دیمەنەکانی دەرەوەیان لا پەسەندتر بووە.

ئێدگار دێگاس (فەڕەنسی، ١٨٣٤ – ١٩١٧) La classe de danse   ( پۆلی سەما)، ١٨٧٣ – ١٨٧٤؛ ژیانی پاریسی ناودار، لە لاوندێسەکانەوە بۆ گۆرانیبێژانی کاربێت و سەماکارانی بالێ.

 

پۆست ئیمپرێشنیزم/ئێکسپرێشنیزم

پۆست ئیمپرێشنیزم/ئێکسپرێشنیزم
ئامانجەکان جەخت کردن لەسەر ڕووناکی و ڕەنگ، تەنانەت لە ئیمپرێشنیستەکانیش زیاتر.

تاقیکردنەوەی ڕەنگی ڕووناک و هێڵی فڵچەی تیژ بۆ سێرەگرتن لە خەیاڵ.

هونەرمەندان/کارەکان پاوڵ سێزان (فەڕەنسی، ١٨٣٩ – ١٩٠٦) ژیانی وەستاو بە پەردەیەکەوە (١٨٩٥)؛ پردی نێوان کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەم و سەدەی بیستەم. شێوازە شیکاریەکانی دواتر کار دەکەنە سەر کیوبیزم (خشتەک گەرایی)

ڤیسێنت ڤان کوخ (هۆڵەندی، ١٨٥٣ – ١٨٩٠) شەوی ئەستێرەدار (١٨٨٩). ڕەنگە ڕووناکەکان سیمبولی سەرەکی ئێکسپرێشنیزمەکەی بوون. ئاسمان وەک شاشەیەکی ناوازەی یاریە ئاگرینەکان و وێنەیەکی جوڵاوی چاوی عەقڵی ڤان کوخ نیشان دراوە.

پاوڵ گاوگین (فەڕەنسی، ١٨٤٨ – ١٩٠٣)؛ Fatata te miti   ( لە پاڵ دەریا) (١٨٩٢). گاوگین پشک فرۆش بوو دواتر بوو بە هونەرمەند، لەو وێنەیەدا شێوە، رەنگ وئەفسانەکانی پۆلیننێسیانی تاقیکردەوە؛ لە کاتی یەکەم گەشتیدا بۆ تاهیتی کێشاویەتی.

بیرۆکەی نوێ لە پزیشکی و زانستدا

نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەهەم پیشکەوتنی پزیشکی و زانستیشی بەخۆوە بینی. ئەم خشتەیەی خوارەوە کورتەی هەندێ لە گۆڕانکاریە گرنگەکانە:

بیرۆکە تازەکان لە بواری پزیشکی و زانستیدا
ناو بیرۆکە سەرەکیەکان ئەنجامەکان
جۆزێف لیستەر (بەریتانی، ١٨٢٧ – ١٩١٢) توشبوون بەهۆی پیسیەوە؛ جەختی لە وە دەکردەوە کە کارمەندانی تەندرووستی نەخۆشخانە پاک ڕابگرن. دکتۆرەکان دەستیان کرد بە بەکارهێنانی ئامێری پزیشکی پاککراو (تەعقیم کراو)؛ نەخۆشخانە ئەمریکی و ئەوروپیەکان ستانداردێکی خاوێنییان گەشە پێدا.
لویس پاستەر (فەڕەنسی، ١٨٢٢ – ١٨٩٥) تیۆرەی بەکتریا – پەیوەندی نیوان میکرۆب و نەخۆشی چەند ڤاکسینێک دژی هاری پەرەی پێدرا، هەروەها پرۆسەی پاستۆریزەیشن، کە ئەو بەکتریا زیانبەخشانەی لە شیردان دەکوژێت.
دمیتری میندێلیڤ (ڕووسی، ١٨٣٤، ١٩٠٧) هەموو توخمە ناسراوەکانی بە پێی کێش ڕێکخست (لە سووکترینەوە بۆ قورسترین). خشتەی کاتی تا ئێستاش لە لایەن زانایانەوە بەکار دێت.
ماری کوری (پۆڵەندی/فەڕەنسی، ١٨٦٧، ١٩٣٤)

پیێر کوری (فەڕەنسی، ١٨٥٩ – ١٩٠٦)

لە چالاکی تیشکی (Radioactivity)

کۆڵیەوە.

لە ساڵی ١٩١٠، چوار ساڵ دوای مردنی مێردەکەی، ماری کوری ڕادیەم Radiumی جیاکردەوە.

لە ١٩١١، خەڵاتی نۆبڵی لە کیمیادا بردەوە لەبەر دۆزینەوەی رادیەم و پۆلۆنیەم.

ژنان و خەبات لە پێناو مافی دەنگداندا

بە هاتنی ساڵانی ١٨٩٠، چەندین وڵاتی پیشەسازی یاسای مافی دەنگدانی نێرینەیان پەسەند کردبوو، لەگەڵ ئەوەشدا، هیچ وڵاتێک مافی دەنگدانی بە ژنان نەدەدا. لە ساڵانی ١٨٤٠ وە، لە ئەمریکا ژنانی وەک سوزان ب. ئەنتۆنی (١٨٢٠ – ١٩٠٦) و ئیلیزابێث کادی ستانتەن (١٨١٥ – ١٩٠٢)چەندین بەنگەشەیان بۆ مافی ژنان ڕێک خستبوو. لە بەریتانیای گەورە، دابەشبوونێک لەمەڕ مافی دەنگدان بۆ ژنان لە ئارادا بوو. هەریەک لە ژنان و پیاوان پێیان وابوو کە مافی دەنگدانی ژنان دابڕانێکی زۆر ڕیشەییانەیە لەگەڵ ڕابردوودا. هەندێ بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە ژنان ئەو توانا عەقڵیەیان نییە کە بەشداری لە سیاسەتدا بکەن. شاژنە ڤیکتۆریا (١٨١٩ – ١٩٠١) خەباتی لە پێناو مافی دەنگدانی ژناندا بە کارێکی خراپ ناو دەبرد.

ساڵی ١٩٠٣، ئیمیلین پانکهەست (١٨٥٨ – ١٩٢٨) لە بەریتانیای گەورە یەکێتی کۆمەڵایەتی و سیاسی ژنانی پێک هێنا (WSPU). ئەم ڕێکخراوە پێی وابوو داوی ساڵانێک دەربڕینی ناڕەزایی ئاشتیانە بە بێ ئەنجام، تەنیا پەلامار و کردەی سەربازیانە دەبنە هۆی سەرکەوتن. زاراوەی  suffragette بۆ ئەندامە ڕادیکاڵەکانی ئەم ڕێکخراوە بەکار دەهات. سەرەڕای خۆپیشاندانی ئاشتیانە، زۆر لەو ئەندامانە قسەیان بە ئەندام پەرلەمانان دەبڕی، هیڵەکانی تەلەگرافیان دەبڕی، پەنجەرەیان دەشکاند و بینا گشتیەکانیان دەسووتاند. پانکهەست و کچەکانی کریستابێڵ (١٨٨٠ – ١٩٥٨) و سیلڤیا (١٨٨٢ – ١٩٦٠) و گیران و چەندین جار زیندانی کران. لە زینداندا پانکهەستەکان مانیان لە خواردن دەگرت بۆ ڕاکێشانی ڕای گشتی بۆ گرنگیدان بە داواکانیان. لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩١٣، یەکێک لە ئەندامە ڕادیکاڵەکانی ڕێکخراوەکە مرد کاتێک خۆی فڕێ دایە پێش ئەسپەکەی پادشاوە لە دێربی ئینگلیزی.

لە فەڕەنسا، ژان-ئیلیزابێس سکاماڵ (١٨٤٦ – ١٩١٥) ساڵی ١٩٠٩ ڕێکخراوی یەکێتی فەڕەنسی بۆ مافی دەنگدانی ژنانی دامەزراند. ئەو شێوازە توندوتیژەکانی جووڵانەوەی ئینگلیزی ڕەت کردەوە و ناڕەزایی یاسایی هەڵبژارد بۆ داواکردنی مافەکانی ژنان. ژنانی فەڕەنسی تا دوای جەنگی دووەمی جیهانیی مافی دەنگدانیان بەدەست نەهێنا. کاتێک بەریتانیا چووە جەنگی جیهانی یەکەمەوە، پانکهەست چالاکیەکانی هەڵپەسارد. کاتێک ساڵی ١٩١٨ جەنگ کۆتایی هات، پەرلەمان مافی دەنگدانی بۆ ژنانی سەروو ٣٠ ساڵ پەسەند کرد. لە حوزەیرانی ساڵی ١٩٢٨، تەمەنی داواکراو کەمکرایەوە بۆ ٢١ ساڵ، بەمەش تەمەنی دەنگدان بۆ هەردوو ڕەگەز هاوتا کرا.

زنجیرەی کاتیی (کرۆنۆلۆجی) سەردەمی ئیمپریالیزم

١٧٦٣ کۆتایی شەڕی حەوت ساڵە؛ بەریتانیا دەست بەسەر هیندستاندا دەگرێت.
١٨٣٠ فەڕەنسا جەزائیر داگیر دەکات.
١٨٣٩ یەکەم شەڕی ئەفیون ڕوودەدا.
١٨٤٢ یەکەم شەڕی ئەفیون بە ڕێککەوتنی نانکینگ کۆتایی دێت.
١٨٤٩ گۆستاڤ کۆربێت تابلۆی بەرد شکێنەکان دەکێشێت.
١٨٥٠ ژان فرانشەس میلێت تابلۆی چێنەر دەکێشێت.
١٨٥٠ یاخیبوونی تایپینگ لە چین دەست پێدەکات؛ شەڕی ناوخۆی چین دژ بە فەرمانڕەوایانی مانچو (بنەماڵەی کینگ)؛ بە ملیۆنان کەس دەکوژرێ.
١٨٥١ پێشانگەی گەورەی لەندەن ئاهەنگی دەستکەوتە تەکنەلۆجیەکانی بەریتانیای مەزن دەگێڕێت.
١٨٥٣ کۆمۆدۆر پێرری بازرگانی لەگەڵ یابان دەست پێدەکا.
١٨٥٧ هەڵگەڕانەوەی سێپۆی دژ بە حوکمی بەریتانیا ڕوودەدا.
١٨٥٨ هیندستان دێتە ژێر حوکمی ڕاستەوخۆی بەریتانیاوە.
١٨٦٩ بنیادنانی نۆکەندی سوێس کۆتایی دێت.
١٨٧٠ سیسێل ڕۆدس دەگاتە کەیپ تاون لە ئەفریقای باشوور.
١٨٧٢ تۆماس کوک یەکەم گەشتی خۆی بە دەوری جیهاندا ڕێک دەخات. ٢٢٢ ڕۆژ دەخایەنێت.
١٨٧٢ کلاود مۆنێت تابلۆی ئیمپرێشن، خۆرهەڵات دەکێشێت.
١٨٧٤ ئێدگار دێگاس تابلۆی پۆلی سەما دەکێشێت.
١٨٧٥ بەریتانیای مەزن دەست بەسەر نۆکەندی سوێسدا دەگرێت و دەست دەکات بە دامەزراندنی پارێزبەدنی خۆی بەسەر میسردا (لە ١٨٨٢).
١٨٨٢ هێزەکانی بەریتانیا دەگەنە خاکی میسر.
١٨٨٤-١٨٨٥ کۆنگرەی بەرلینی نێودەوڵەتی دەبەسترێت بۆ دانانی ڕیکارەکانی ئیمپریالیزمی ئەوروپی لە ئەفریقا.
١٨٨٥ ئەڵمانیا دەست بەسەر ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا دا دەگرێت.
١٨٨٦ بەریتانیا بۆرما داگیر دەکات.
١٨٨٩ ڤینسێنت ڤان کوخ تابلۆی شەوی ئەستێراوی دەکێشێت.
١٨٩٢ پیێر ئاوگەست ڕێنۆی تابلۆی کچانی لای پیانۆکە دەکێشێت.
١٨٩٧ پاوڵ گاونین تابلۆی لە کوێوە دێین؟ ئێمە کێین؟ بۆ کوێ دەچین؟ دەکێشێت.
١٨٩٧ یەک کۆنگرەی زایۆنی لە بازل، سویسرا، دەبەسترێت.
١٨٩٩-١٩٠١ یاخیبوونی پاڵەوانباز لە چین دژ بە ڕۆژئاواییەکان ڕوودەدات.
١٨٩٩ سیاسەتی دەرگای کراوە لە لایەن ئەمریکاوە بۆ چین پێشنیار دەکرێت.
١٨٩٩-١٩٠٢ جەنگی بۆر؛ بەریتانیەکان یاخیبوونی جووتیارانی هۆڵەندی لە ئەفریقای باشوور سەرکووت دەکات.
١٩٠٤-١٩٠٥ جەنگی رووسی-یابانی؛ یابان کۆریا داگیر دەکات و بەندەری ئارسەر لە ڕووسیا دەگرێت.
١٩١٠ یەکێتی ئەفریقای باشوور پێک دەهێنرێت.
١٩١١-١٩١٢

بنەماڵەی یانچو لە دەسەڵات لا دەدرێت؛ دکتۆر سەن یات-سێن وەک سەرۆکی کۆماری چین دەستنیشان دەکرێت.

 

About دیدار عثمان

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …