Home / مێژووى ئاینەکان / ئاینى ئیسلام / پێنج بنەماکەی موعتەزیلە و دیدێکی ڕەخنەییانە

پێنج بنەماکەی موعتەزیلە و دیدێکی ڕەخنەییانە

 574839e7c4618844138b45e2 (1)
جلال کوڵکنی
موعتەزیلە، گروپێكی ئیسلامی بوون، له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی دووه‌می كۆچی له‌لایه‌ن واسڵی كوڕی عه‌تا له‌ به‌سره‌ دامه‌زراوە‌، پشتیان به‌ عه‌قڵ به‌ستووه‌ له‌ داڕشتنی بۆچوونه‌كانیاندا و له‌كاتی بوونی ناكۆكی له‌نێوان عه‌قڵ و نه‌قڵدا، عه‌قڵیان پێشخستووه‌ و كه‌مترین حه‌دیسیان وه‌رگرتووه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌و حه‌دیسانه‌ی ( به‌ وته‌ی خۆیان ) له‌گه‌ڵ عه‌قڵ پێكنایه‌نه‌وه‌، له‌ دیاریكردنی چاكه‌ و خراپه‌شدا هه‌ر پشتیان به‌ عه‌قڵ به‌ستووه‌ و ( ده‌بێت و نابێت )ه‌كانی شه‌ریعه‌تیان به‌پێی عه‌قڵ دیاریكردووه‌، واته‌ ئه‌گه‌ر كارێك شه‌ریعه‌ت فه‌رمانی به‌ كردن یان نه‌كردنی كردبێت ئه‌وا پێویستبووە‌ عه‌قڵ بڕیاری له‌سه‌ر بدات كه‌ بكرێت یان نه‌كرێت و عه‌قڵییان كردبوو به‌ حاكم به‌سه‌ر ده‌قدا.
كۆتاییه‌كانی فه‌رمانڕه‌وایی ئه‌مه‌وییه‌كان سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی موعته‌زیله‌ بوو، به‌شێك له‌ سه‌ركرده‌ و ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی ئه‌مه‌وییه‌كان چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی گرنگ و كاریگه‌ری ئایینه‌كانی تریان ( یه‌هودی و مه‌سیحی ) له‌ خۆیان نزیك كردبوه‌وه‌ و كاریگه‌ری زۆریان له‌سه‌ر موعته‌زیله ‌هه‌بوو و بۆچونه‌كانیان له‌وانه‌وه‌ وه‌رگرت و گواستیانه‌وه‌ بۆ ناو ئیسلام، سه‌ره‌كیترینیشیان بابه‌تی خه‌لقی قورئان بو كه‌ له‌ ئاینی یه‌هودییه‌وه‌ هێنرایه‌ ناو ئیسلامه‌وه‌ و دواتر كێشه‌یه‌كی زۆری له‌ناو خه‌ڵكیدا دروستكرد، هه‌روه‌ها كاریگه‌رییه‌كانی یوحه‌نای دیمه‌شقی كه‌ كه‌سێكی مه‌سیحی و راوێژكاری خه‌لیفه‌ بوو به‌سه‌ر بۆچونه‌كانی موعته‌زیله‌وه‌ ده‌بینرێت ( ۱ ).
بنه‌ماكانی موعته‌زیله‌: له‌سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنیاندا موعته‌زیله‌ دوو بۆچوونیان هه‌بوو ئه‌وانیش: ( سه‌رپشكبوونی مرۆڤ له‌ ئه‌نجامدانی ته‌واوی كاره‌كانیدا، واته‌ مرۆڤ خۆی بكه‌ری كاره‌كه‌ی خۆیه‌تی و به‌رپرسیاریه‌تییه‌كه‌شی له‌ئه‌ستۆی خۆیدایه‌. دووه‌میشیان پێیانوابو ئه‌و كه‌سه‌ی تاوانی گه‌وره‌ ئه‌نجام ده‌دات نه‌ كافره‌ و نه‌ موسڵمانه‌ به‌ڵكو فاسیقه‌ و له‌ پله‌یه‌ك نێوان دوو پله‌كه‌دایه‌ ( المنزلة‌ بین المنزلتین ). ئه‌م جیاوازییانه‌ی موعته‌زیله‌ له‌گه‌ڵ شەرعناسان و فەرموودەناسەکاندا زیاتر په‌ره‌یسه‌ند تا گه‌شته‌ ئه‌وه‌ی پێنج بنه‌مای سه‌ره‌كییان بۆ گروپه‌كه‌یان دانا و هه‌ركه‌سێك باوه‌ڕی به‌م پێنج بنه‌مایه‌ نه‌بوایه‌ تەکفیر دەکرا ئه‌وانیش: ۱ – یه‌كتاپه‌رستی ( التوحید ): مه‌به‌ستیان له‌ یه‌كتایپه‌رستی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خوا وه‌كو شته‌كان نیه‌، نه‌ لاشه‌یه‌ و نه‌ ره‌گه‌زه‌ و نه‌ عه‌ره‌زه‌ و نه‌ به‌ش و نه‌ جه‌وهه‌ره‌، به‌ڵكو خالقی ئه‌مانه‌یه‌. هیچ مرۆڤێك توانای بینینی خوای نیه‌ نه‌ له‌ دنیا و نه‌ له‌ ئاخیره‌تدا. له‌ ده‌ره‌وه‌ی كات وشوێنه‌، سه‌ره‌تا و كۆتایی نیه‌، و خالقی هه‌موو شتێكه‌، كۆن‌ (قدیم )ە و هه‌موو شتێكیش جگه‌ له‌و به‌دیهاتوو ( محدث )ه‌ ( ۲ ).
نه‌بینینی خوا له‌ لایه‌ن به‌نده‌كانییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌ دنیادا بۆچوونێكی راست بێت ئه‌وا بۆ ئه‌ودنیا پێچه‌وانه‌ی ده‌قی قورئان و فه‌رمووده‌یه‌ كه‌ به‌ راشكاوی ده‌قیان له‌سه‌ر داوه، وه‌ك ( وُجُوهٌ يَوْمَئِذٍ نَاضِرَةٌ * إِلَى رَبِّهَا نَاظِرَةٌ ) القیامة ۲۲ـ۲۳, یان فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ر ( د.خ ) ( إنكم سترون ربكم، كما ترون هذا القمر…) متفق علیه‌‌. مه‌به‌ستی موعته‌زیله‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ كه‌ ئینكاری بوونی سیفه‌ته‌كانی خوا بكه‌ن، چونكه‌ به‌بڕوای ئه‌وان زات و سیفاتی خوا هه‌ر یه‌ك شته‌ و ناكرێت سیفات شتێكی جیاواز بێت له‌ زات، ئه‌گه‌ر وابێت ئه‌و كاته‌ دوو قه‌دیم بوونی ده‌بێت كه‌ ئه‌مه‌ش مه‌حاڵه‌.
۲ – دادپه‌روه‌ری ( العدل ): موعته‌زیله‌ ددانیان به‌ سه‌رپشكی مرۆڤدا نا تا بیسه‌لمێنن كه‌ خۆی به‌رپرسیاره‌ له ‌كاروكرده‌وه‌ی خۆی و له‌و رووه‌وه‌ لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت، دادپه‌روه‌ری خوداش له‌وه‌دایه‌ كه‌ مرۆڤ خۆی به‌رپرسی ئه‌نجامدانی كاره‌كانی خۆی بێت و خواش به‌دیهێنه‌ری كرداره‌كانه‌. ئه‌گه‌ر له‌ قۆناغی یه‌كه‌مدا مشتومڕی موعته‌زیله‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بوبێت كه‌ ئایا خوا بكه‌ره‌ یان مرۆڤ ئه‌وا له‌ قۆناغی دووه‌مدا گواستیانه‌وه‌ بۆ سروشت و لێكۆڵینه‌وه‌كانیان گه‌یانده‌ ئه‌و ئاسته‌ی كه‌ ئایا خوا بكه‌ره‌ یان سروشت؟ ( ۳ ).
مه‌به‌ستی موعته‌زیله‌ نه‌فییكردنی قه‌ده‌ر بووه‌ و پێیانوابووه‌ ئه‌گه‌ر خوا خالقی كرده‌وه‌كانی مرۆڤ بێت و مرۆڤیش به‌هۆی ئه‌و كرده‌وانه‌وه‌ سزا و پاداشت بدرێته‌وه‌ ئه‌وا له‌گه‌ڵ دادپه‌روه‌ری خوا نایه‌ته‌وه‌. ئه‌گه‌رچی مرۆڤ جوزئی ئیختیاری هه‌یه‌ به‌ڵام موعتەزیلە نه‌فی ئیراده‌ی قه‌ده‌ریی كه‌ونیی خوایان كردووه‌ و سروشتیان كردووه‌ به‌ بكه‌ر.
۳ – پله‌یه‌ك له‌نێوان دوو پله‌كه‌دا ( المنزلة بين المنزلتين ): سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی موعته‌زیله‌ و ناونانیان به‌هۆی ئه‌م بۆچونه‌یانه‌وه‌ بوو، ئه‌ویش كاتێك له‌ كۆڕێكی حه‌سه‌نی به‌سریدا كه‌سێك هاتوو پرسیاری كرد ئایا ئه‌و كه‌سه‌ی تاوانی گه‌وره‌ ئه‌نجامده‌دات كافره‌ یان موسڵمان‌؟ به‌رله‌وه‌ی حه‌سه‌نی به‌سری وه‌ڵام بداته‌وه‌، واسڵی كوڕی عه‌تا وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی نه‌ موسڵمانه‌ و نه‌ كافره‌ به‌ڵكو له‌ پله‌یه‌ك له‌نێوان دوو پله‌كه‌‌دایه‌‌، ئه‌م وته‌یه‌ی وت و رۆشته‌ كه‌نارێكه‌وه‌، حه‌سه‌نی به‌سریش وتی: اعتزلنا واصل، ئیتر لێره‌وه‌ به‌ موعته‌زیله‌ ناویان ده‌ركرد. موعته‌زیله‌ پێیانوابووه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی تاوانی گه‌وره‌ ئه‌نجامده‌دات حوكمه‌كه‌ی له‌ دنیادا نه‌ كافره‌ و نه‌ موسڵمانه‌ به‌ڵكو فاسیقه‌، ئه‌گه‌ر بمرێت و ته‌وبه‌ی نه‌كردبێت ئه‌وا له‌و دنیاش له‌ ئاگردا ده‌مێنێته‌وه‌ به‌ڵام سزایه‌كی سوكتری هه‌یه‌ له‌چاو كافردا( ٤ ).
ئه‌هلی سوننه‌ و جه‌ماعه‌ش ئه‌م بۆچونه‌ی موعته‌زیله‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ و پێیانوایه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی تاوانی گه‌وره‌ ئه‌نجام ده‌دات له‌ نێوان كوفر و ئیمان ( المنزله‌ بین المنزلتین )دا نیه‌، به‌ڵكو ئیمانداره‌ و كه‌موكوڕی له‌ ئیمانه‌كه‌یدا هه‌یه‌، له‌ قیامه‌تیشدا به‌ هه‌میشه‌یی له‌ ئاگردا نامێنێته‌وه‌، به‌ڵكو ده‌كه‌وێته‌ ژێر مه‌شیئه‌تی خواوه‌ ئه‌گه‌ر ویستی لێی خۆشده‌بێت، ئه‌گه‌ر ویستی به‌پێی تاوانی كه‌سه‌كه‌ و دادگه‌ری خۆی سزای ئه‌دات ، پاشان له‌ ئاگر ده‌ریده‌هێنێت، هه‌روه‌ك خوای گه‌وره‌ ئه‌فه‌رموێت ( إِنَّ اللَّهَ لَا يَغْفِرُ أَنْ يُشْرَكَ بِهِ وَيَغْفِرُ مَا دُونَ ذَلِكَ لِمَنْ يَشَاءُ… ) النساء ٤۸ ( ٥ ).
٤ – پاداشت و سزا ( الوعد والوعید ): موعته‌زیله‌ پێیانوایه‌ كه‌ خوا به‌ڵێنه‌كانی ده‌باته‌ سه‌ر و ناڕاستی و پێچه‌وانه‌ له‌ به‌ڵێنه‌كانیدا روونادات، ئه‌گه‌ر به‌نده‌ گوێڕایه‌ڵی خوای كرد ئه‌وا به‌پێی ئه‌و كرده‌وانه‌ی كه‌ كردوویه‌تی شایانی پاداشته‌، ئه‌گه‌ر كه‌سێكیش تاوانی گه‌وره‌ی ئه‌نجامدا و ته‌وبه‌ی نه‌كرد ئه‌وا به‌ هه‌میشه‌یی له‌ ئاگردا ده‌مێنێته‌وه به‌ڵام سزاكه‌ی كه‌متره‌ له‌ سزای كافر‌. بۆچونیشیان له‌باره‌ی شه‌فاعه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ سودی بۆ كافر و فاسیق نابێت، واته‌ شه‌فاعه‌ت ناتوانێت كه‌سێك له‌ ئاگر رزگار بكات، به‌ڵكو تایبه‌ته‌ به‌ ئیمانداران و ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ به‌هه‌شتدان و به‌هۆیه‌وه‌ له‌ پله‌یه‌كه‌وه‌ به‌رزده‌بنه‌وه‌ بۆ پله‌یه‌كی تر، واتە شەفاعەت تەنها تایبەتە بە ئەهلی بەهەشت. ئه‌وه‌ی له‌م بۆچونه‌ی موعته‌زیله‌وه‌ ده‌ره‌كه‌وێت جه‌ختكردنه‌وه‌ی هه‌مان بۆچونی پێشویانه‌ له‌سه‌ر ته‌كفیركردنی ئه‌و كه‌سه‌ی تاوانی گه‌وره‌ ئه‌نجامده‌دات و مانه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی له‌ ئاگردا. ئه‌هلی سو‌ننه‌ و جه‌ماعه‌ش پێیانوایه‌ كه‌ هه‌شت جۆر شه‌فاعه‌ت هه‌یه‌، یه‌كێكیان بۆ ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ تاوانی گه‌وره‌یان ئه‌نجامداوه‌، به‌مه‌ش بۆچونه‌كه‌ی موعته‌زیله‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌. ئیبن ته‌یمیه‌‌ ده‌فه‌رموێت: پێغه‌مبه‌ر ( د.خ ) شه‌فاعه‌ت ده‌كات بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی تاوانی گه‌وره‌ی كردووه‌، و هه‌ر كه‌سێك كه‌ مسقاڵه‌ زه‌ڕه‌یه‌ك ئیمان له‌ دڵیدا هه‌بێت له‌ ئاگردا نامێنێته‌وه‌. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: چه‌ند فه‌رمووده‌یه‌ك له‌ پێغه‌مبه‌ر ( د.خ ) گێڕدراوه‌ته‌وه‌ كه‌ شه‌فاعه‌ت ده‌كات بۆ ئه‌وانه‌ی تاوانی گه‌وره‌یان ئه‌نجامداوه‌ و له‌ ئاگر رزگاریان ده‌بێت ( ٦ ).
٥ – فه‌رمان به‌ چاكه‌ و رێگری له‌ خراپه‌ ( الامر بالمعروف و النهي عن المنكر ): مه‌به‌ست له‌م بنه‌مایه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر هه‌موو باوه‌ڕدارێك پێویسته‌ كه‌ فه‌رمان به‌ چاكه‌ و رێگری له‌ خراپه‌ بكات ئیتر به‌ شمشێربێت یان هه‌ر شتێكی تر. ئه‌گه‌ر به‌ شمشێر به‌رگرییان كرد ئه‌وه‌ جیهاده‌، چونكه‌ هیچ جیاوازییه‌ك نیه‌ له‌نێوان جیهادی جه‌نگ و جیهادی روبه‌روبوونه‌وه‌ی كافر و فاسیقدا ( ۷ ). موعته‌زیله‌ به‌هۆی ئه‌م بنه‌مایانه‌وه‌ ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌یان ده‌دا كه‌ دژی بۆچونه‌كانی خۆیان بوون و زۆر به‌ سانایی مۆری كافر و فاسیقبوونیان لێده‌دان، به‌تایبه‌تیش له‌سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌وایی هه‌رسێ خه‌لیفه‌ی عه‌باسی ( مه‌ئمون و واسیق و موعتەسەم )دا كه‌ هه‌رسێكیان بۆچوونه‌كانی موعته‌زیله‌یان وه‌رگرت و موعته‌زیله‌ گه‌یشته‌ ئه‌وجی ده‌سه‌ڵات و توانیان كه‌سانی خۆیان بخزێننه‌ ناو كۆشكی فه‌رمانڕه‌وا و كاریگه‌رییان به‌سه‌ر بڕیاره‌كانی خه‌لیفه‌وه‌ هه‌بێت. ئه‌م بنه‌مایانه‌ ئه‌سڵی موعته‌زیله‌ن كه‌ هه‌موو گروپ و كه‌سایه‌تییه‌ دیاره‌كانی موعته‌زیله‌ی كۆكردبوه‌وه‌، جگه‌ له‌مانه‌ش چه‌ند بنه‌مایه‌كی تریان هه‌بووه‌ كه‌ جێگای ناكۆكی نێوان موعته‌زیله‌ی به‌سره‌ و به‌غدا بوون، وه‌ك: نه‌بینی خوا و نه‌فیی شه‌فاعه‌ت و كه‌راماتی ئه‌ولیا و دداننان به‌ مه‌خلوقییه‌تی قورئان و… هتد.
كێشه‌ی خه‌لقی قورئان
له‌بابه‌تی خه‌لقی قورئاندا سێ بۆچوون په‌یدابوون، موعته‌زیله‌ ده‌یانووت قورئان مه‌خلوقه‌ و ئه‌وه‌ی ددان به‌ مه‌خلوقییه‌تیدا نه‌نێت كافره‌، ئه‌هلی سوننه‌ و جه‌ماعه‌ش وتویانه‌ كه‌لامی خوایه‌ و قه‌دیمه‌‌، ئه‌شعه‌ریش پێیوابووە قورئان وەکو واتا قەدیمە و وەکو لەفز و وشە حادیسە‌، له‌نێوانیشیاندا گروپێك هه‌بوون كه‌ نه وتویانه‌ مه‌خلوقه‌ و نه‌ وتووشیانه‌ قه‌دیمه‌ ئه‌مانیش به‌ واقیفییه‌ ناسراون و به‌ڵگه‌شیان ئه‌وه‌ بووه‌ نه‌ خوا له‌ قورئان و نه‌ پێغه‌مبه‌ریش له‌ فه‌رمووده‌كانیدا باسیان نه‌كردووه‌ و ئیجماعی زانایانیشی له‌سه‌ر نیه‌. موعته‌زیله‌ پێیانوایه‌ قورئان هاوشێوه‌ی زه‌وی و ئاسمان و ته‌واوی شته‌كانی تر مه‌خلوقه‌ و له‌ كات و شوێندا به‌دیهاتوو ( محدث)ه و پێشتر نه‌بووه‌‌، دداننانیان به‌ مه‌خلوقییه‌تی قورئاندا بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ نه‌فیی سیفه‌تی قسه‌ ( كلام )ی خوا بكه‌ن و ده‌رباره‌ی ئایه‌تی ( … وَكَلَّمَ اللَّهُ مُوسَى تَكْلِيمًا ) النساء ۱٦٤، وتوویانه‌ كه‌ خوا قسه‌ی له‌ دره‌ختێكدا داناوه‌ و ئه‌وه‌ی قسه‌ی له‌گه‌ڵ موسا كرد دره‌خته‌كه‌ بوو نه‌ك خوا. هه‌ركه‌سێكیش ددانی به‌ مه‌خلوقیه‌تی قورئاندا نه‌نایه‌ ته‌كفیریان ده‌كرد و رووبه‌رووی ئه‌شكه‌نجه‌ و زیندان و كوشتن ده‌بوویه‌وه‌. خه‌لیفه‌ مه‌ئمون فه‌رمانی به‌ سه‌رۆكی قازییه‌كانی شار كردبو كه‌ خه‌ڵكی كۆبكه‌نه‌وه‌ و پێیانڕابگه‌یه‌نن كه‌ قورئان مه‌خلوقه‌ و هه‌ركه‌سێك دژایه‌تی كرد نابێت شایه‌تی لێوه‌ربگیرێت چونكه‌ ئیمانی كامڵ نیه‌، هه‌روه‌ها له‌ گۆڕینه‌وه‌ی دیلی موسڵمانان له‌گه‌ڵ رۆمه‌كاندا، دینارێك وه‌كو فیدییه‌ ئه‌درا له‌به‌رامبه‌ر ئازادكردنی موسڵمانه‌كه‌دا، به‌رله‌وه‌ی فیدییه‌كه‌ بدرێت پرسیاریان له‌ دیله‌كه‌ ده‌كرد ئایا باوه‌ڕت هه‌یه‌ به‌وه‌ی قورئان مه‌خلوقه و هیچ كه‌سیش ناتوانێت خوا ببینێت‌؟ ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌كه‌ی نه‌رێ بوایه‌ ئه‌وا فیدییه‌كه‌ی بۆ نه‌ده‌درا. له‌ دیارترین ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌ مه‌خلوقییه‌تی قورئان تاقیكرایه‌ و روبه‌رووی ئه‌شكه‌نجه‌ و زیندانی و شه‌لاق كرایه‌وه‌ ئه‌حمه‌دی كوڕی حه‌نبه‌ل بوو، كه‌ سه‌ره‌تا له‌سه‌ر ده‌ستی مه‌ئمون و پاشان واسیق و دواتریش موعته‌سه‌مدا به‌توندترین شێوه‌ سزا درا. چونكه‌ ئه‌و باوه‌ڕی به‌ مه‌خلوقییه‌تی قورئان نه‌بوو و ده‌یوت: قورئان كه‌لامی خوایه‌ و له‌مه‌ زیاتر ناڵێم. پاش چه‌ندین گفتوگۆ و مونازه‌ره‌ له‌گه‌لیدا كه‌ موعته‌سه‌میش حازر بوو هه‌ر سوربوو له‌سه‌ر قه‌دیمی قورئان. كاتێك پرسیاریان لێكرد چی ده‌لێی ده‌رباره‌ی قورئان؟ پێیان ده‌لێت: ئێوه‌ چی ده‌ڵێن ده‌رباره‌ی عیلمی خوا؟ قورئان عیلمی خوایه‌، ئه‌كرێت خوا هه‌بووبێت به‌ڵام عیلمی نه‌بووبێت؟( ۸ ).
ئه‌م میحنه‌ت و مشتومڕه‌ درێژه‌ی كێشا تا كۆتایی فه‌رمانڕه‌وایی موعته‌سه‌م. به‌هاتنی مته‌وه‌كیل كۆتایی به‌ جه‌ده‌لی مه‌خلوقییه‌تی قورئان هێنا و ده‌سه‌ڵاتی موعته‌زیله‌ی له‌باربرد و گیراوه‌كانی ئازادكرد و سه‌رجه‌م ئه‌و ڕێكارانه‌ی كه‌ هه‌رسێ خه‌لیفه‌ی پێش خۆی گرتیانه‌ به‌ر له‌ میحنه‌ت و تاقیكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی كۆتایی پێهێنا. په‌راوێزه‌كان:
۱ – موعته‌زیله‌، بابا سوهه‌یل قاشا، و: سعید بشیر، چاپی یه‌كه‌م، ۲۰۱٥، ل٤۳ـ٤٤.
۲ – موقع امام مسجد، اصول المعتزلة الخمسة, دروس, عقيدة.
۳ – مێژووی فه‌لسه‌فه‌ له‌ ئیسلامدا، ت.ج.دی بور، و: ئارام ئه‌مین شوانی، هه‌ولێر، ۲۰۱۳، ل٥۷ـ٥۸.
٤ – المعتزلة و اصولهم الخمسة و موقف اهل السنة منها, عواد بن عبدالله المعتق, الطبعة الثانية, ۱۹۹٥, رياض, ص ۲٥٥.
٥ – په‌راوێزی ژماره‌ ( ٤ ) ل۲٦٤.
٦ – په‌راوێزی ژماره ‌( ٤ ) ل۲٤۷.
۷ – په‌راوێزی ژماره‌ ( ۱ ) ل٦٤.
۸ – ئیمام ئه‌حمه‌دی كوڕی خه‌نبه‌ل، م. مه‌جید حه‌مید مه‌جید.
لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About didar othman

Check Also

received_2155071294757516

تایبەت بە ماڵپەری مێژووی کورد قورئانە دەستنووسەکەی مەلا عەوڵای کۆڕێ

تایبەت بە ماڵپەری مێژووی کورد قورئانە دەستنووسەکەی مەلا عەوڵای کۆڕێ مێژووی نوسینی ئەو قورئانە بە …