ڕه‌هه‌نده مێژووییه‌كانی ململانێی قودس
ناوه‌ندی میلله‌ت بۆ توێژینه‌وه
نووسینی: مونا بۆشنه‌ق و سوێڵ چان و ئیریت پازنه‌ر گارشه‌ویتز و گایه تریپۆڵی
سه‌رچاوه: The New York Times
ئیدمۆند ئاڵنبایی جه‌نەراڵی به‌ریتانی له دیسه‌مبه‌ری 1917، سه‌د ساڵ پێش ئێستا، پاش تێكشكاندنی توركه عوسمانییه‌كان توانی كۆنتڕۆڵی شاری قودس بكات. ئیدمۆند ئاڵنبایی له ئه‌سپه‌كه‌ی دابه‌زی و به پێ، وه‌ك ڕێزێك بۆ پیرۆزییه‌كه‌ی شاری قودس، له ڕێگه‌ی ده‌روازه‌ی یافاوه چووه ناو شاری قودسه‌وه.
له ماوه‌ی ئه‌م سه‌ده‌یه‌دا (سه‌د ساڵه‌دا) چه‌ندین هێزی جودا و جیاواز، مسوڵمان و جووله‌كه و مه‌سیحی و ئیسرائیل و فه‌ڵه‌ستینییه‌كان وه‌ك نموونه، بۆ كۆنتڕۆڵكردنی قودس بەجه‌نگ هاتوون. سه‌ره‌ڕای نیگه‌رانی و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی وڵاتانی عه‌ره‌بی و توركیا و فه‌ڕه‌نسای هاوپه‌یمانی ئه‌مه‌ریكا، بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ بۆ ناساندنی قودس وه‌ك پایته‌ختی ئیسرائیل ڕه‌نگه درێژكراوه‌ی ئه‌و ململانێ مێژووییه بێت كه له نێوان لایه‌نه جیاوازه‌كاندا له‌سه‌ر قودس هه‌بووه.
مێژووی ململانێكان له‌سه‌ر قودس بۆ هه‌زاران ساڵ پێش ئێستا ئه‌گه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام ئه‌م ململانێیه‌ی ئێستا (ململانێی نێوان ئیسرائیل و فه‌ڵه‌ستیینییه‌كان)، هه‌رچه‌نده ڕه‌گوڕیشه‌كه‌ی بۆ سه‌رده‌می كۆڵۆنیاڵیزم و ناسیۆنالیزم و دژه- سامیزم ئه‌گه‌ڕێته‌وه، ململانێیه‌كی نوێیه‌و مێژووه‌كه‌ی سه‌ده‌ی بیسته‌م تێناپه‌ڕێنێت. نیۆرك تایمز داوای له چه‌ند شاره‌زایه‌كی ئه‌م بواره‌كرد، به‌مه‌به‌ستی باشتر تێگه‌یشتن له ڕه‌هه‌نده مێژوویه‌كه‌ی ململانێكانی قودس، مێژوو و سروشتی ئه‌و ململانێیانه كه له سه‌ده‌ی ڕابردوودا له‌سه‌ر قودس ڕوویان داوه بۆ خوێنه‌رانمان ڕوون بكه‌نه‌وه.
ئینتیدابی به‌ریتانی (1917-1948)
یه‌هشوا بن ئاریه‌ی پرۆفیسۆری مێژووی جوگرافیا له زانكۆی عیبری، ئه‌ڵێت: “قودس بۆ به‌ریتانییه‌كان زۆر گرنگ بووه‌و هه‌ر ئه‌وانیش بۆ یه‌كه‌مجار كردیان به پایته‌خت، پێش سه‌رده‌می به‌ریتانییه‌كان؛ قودس پایته‌ختی هیچ كه‌س و لایه‌نێك نه‌بووه.”
له ماوه‌ی ئه‌و سێ ده‌یه‌ی كه به‌ریتانیانییه‌كان فه‌رمانڕه‌وای قودس بوون، جووله‌كه‌كان له ژێر كاریكه‌ری دیدگای “نیشتیمانی جووله‌كه‌كان” كه دیدگای زایۆنیسته‌كان بوو، ده‌ستیان به كۆچ و نیشته‌جێبوون له قودسدا كرد و عه‌ره‌به‌كانیش ده‌ستیان به خۆگونجاندنكرد له‌گه‌ڵ ئه‌و واقیعه‌ی كه ده‌سه‌ڵاتی عوسمانییه‌كان، كه له 1517ه‌وه حوكمی قودسیان ئه‌كرد، له شاری قودس كۆتایی پێهاتووه.
ئامنون ڕامۆن گه‌وره توێژه‌ر له په‌یمانگای قودس بۆ توێژینه‌وه‌ی سیاسی ئه‌ڵێت كه “ب ه‌شێوه‌یه‌كی كتوپڕ زایۆنیزم پاشگه‌ز بوونه‌وه له به‌پایته‌ختكردنی شاری قودس، به‌تایبه‌تی قودسی كۆن، چونكه (أ) قودس وه‌ك سیمبولی دانیشتووانی تاراوگه سه‌یر ده‌كرا و (ب) قودس شوێنێكی پیرۆزبوو بۆ ئایینه‌كانی ئیسلام و مه‌سیحی. زایۆنیزم پێی وا بوو به هۆی ئه‌م پیرۆزیبوونه‌وه پڕۆسه‌ی درووستبوونی ده‌وڵه‌تێكی جووله‌كه كه پایته‌خته‌كه‌ی قودس بێت پڕۆسه‌یه‌كی ئاڵۆز و قورس ئه‌بێت.
به‌شێكی زۆر له زایۆنیسته‌كانی ڕابردوو سۆسیالیسه عه‌لمانییه‌كانی ئه‌ورووپا بوون كه ناسیۆنالیست و مافی چاره‌ی خۆنووسین و ڕزگاربوون له چه‌وسانه‌وه، نه‌ك ئایین، بنه‌مای كاركردنیان بوون. مایكڵ ده‌مپه‌ر مامۆستای زانسته سیاسییه‌كان له زانكۆی ئیسته‌ری به‌ریتانی پێی وایه كه “قودس به‌شێك بوو له ڕابردوو و درێژكراوه‌ی كولتووری كۆنزه‌رڤاتیڤ (نه‌ریتپارێز) بوو كه زایۆنیسته‌كان ئه‌یانویست خۆیانی لێ به‌دووربگرن. هه‌ربۆیه ئه‌وان ته‌لئه‌بیبیان كرد به پایته‌خت چونكه ته‌لئه‌بیب شارێكی قه‌شه‌نگی نوێ بوو كه به‌سه‌ر به‌رزاییه‌كه‌وه بوو و ئه‌م شاره گوزارشتی له دنیای مۆدێرنه ئه‌كرد.”
هه‌روه‌ها ئه‌و، مایكڵ ده‌مپه‌ر، ئه‌ڵێت كه عه‌ره‌به‌كان “به هۆی كۆتاییهاتنی حوكمی عوسمانی و دووباره داڕشتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كه‌یان توشی ڕاچه‌نین هاتن. بزوتنه‌وه ناسیۆنالیسه فه‌ڵه‌ستینییه‌كان له‌لایه‌ن عه‌ره‌به ئه‌رستۆكراته‌كانی شاری قودسه‌وه ڕابه‌رایه‌تی ئه‌كرا و ئه‌م بزووتنه‌وانه به شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو له‌گه‌ڵ كۆچی جووله‌كه‌كاندا ڕووبه‌ڕووی یه‌ك بوونه‌وه.”
دژایه‌تیكردنی كۆچی جووله‌كه‌كان له لایه‌ن فه‌ڵه‌ستینییه‌كانه‌وه بووه هۆی درووستبوون و سه‌رهه‌ڵدانی چه‌ندین كاری پشێویی توند‌وتیژئامێز له لایه‌ن فه‌ڵه‌ستینییه‌كانه‌وه. له هه‌مان كاتدا جووله‌كه‌كان، به هۆی كۆتوبه‌نده‌كانی سه‌ر كۆچكردنی جووله‌كه‌كانه‌وە- ئه‌و كۆتوبه‌ندانه‌ی كه ڕێگری له هاتنی چه‌ندین جووله‌كه بۆ شاری قودس ئه‌كرد- له سیاسه‌ته‌كانی حوكمه‌تی به‌ریتانیا له قودس ناڕازی بوون. دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌م، له ساڵی 1947 نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بڕیاره پلانێكی په‌سه‌ند كرد كه به‌گوێره‌ی ئه‌و پلانه بێت، دوو ده‌وڵه‌ت: ده‌وڵه‌تێك بۆ فه‌ڵه‌ستینییه‌كان و ده‌وڵه‌تێك بۆ جووله‌كه‌كان درووست ئه‌كرێت و شاری قودس به هۆی ئه‌و ڕه‌وشه تایبه‌ته‌یه‌وه كه هه‌یه‌تی له‌لایه‌ن “ده‌سه‌ڵاتێكی تایبه‌تی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه” به‌ڕێوه ئه‌برێت.
دابه‌شبوونی شاری قودس (1948- 1967)
پلانی دابه‌شكردنه‌كه له لایه‌ن عه‌ره‌به‌كانه‌وه ڕه‌د كرایه‌وه و یه‌ك ڕۆژ پاش ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی له لایه‌ن ئیسرائیله‌وه له 1948، وڵاتانی عه‌ره‌بی په‌لاماری ئیسرائیلی تازه درووستبوویاندا و له جه‌نگه‌كه‌دا تێك شكان. به هۆی توندوتیژییه‌كانی هه‌ردوولاوه ژماره‌یه‌كی ز‌ور له عه‌ره‌ب و جووله‌كه ئاواره بوون.
شاری قودس دابه‌ش بوو و به‌شی خۆرئاوای شاره‌كه بوو به‌به‌شێك له ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل (ئیسرائیل به یاسایه‌ك له 1950 ئه‌و به‌شه‌ی قودسی وه‌ك پایته‌ختی خۆی ناساند) و به‌شی ڕۆژهه‌ڵاتی شاری قودس له لایه‌ن ئوردنه‌وه داگیر كرا. پرۆفیسۆر ده‌مبه‌ر ئه‌ڵێت “قودس بۆ فه‌ڵه‌ستینییه‌كان وه‌ك خاڵی كۆكه‌ره‌وه سه‌یر ئه‌كرا.” ئیسرائیل و ئوردن به هۆی سه‌رقاڵبوونیان به په‌رەپێدان و درووستكردنی شاری نوێوه، به شێوه‌یه‌كی ڕێژه‌ی بارودۆخی قودسیان وه‌ك ئه‌وه‌ی كه هه‌بوو به‌جێهێشت.
عیسام نه‌سار مێژووناس له زانكۆی ئه‌ڵینۆیس پێی وایه كه ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل له سه‌رەتادا به هۆی فشاره‌كانی نه‌تەوه یه‌كگرتووه‌كان و وڵاتانی ئه‌ورووپییه‌وه نه‌یویست گۆڕانكاری له بارودۆخی قودسدا بكات. هه‌روه‌ها دكتۆر ڕۆمان له‌و باوه‌ڕه‌دایه كه سه‌ركردایه‌تیی ئیسرائیل به هۆی په‌سه‌ندكردنی پێشنیاره‌كه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی شاری قودس له لایه‌ن هێزێكی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه، به‌رپرسانی ئیسرائیل ویستیان شوێنێكی تر له باشووری ئیسرائیل، وه‌ك جێگره‌وه‌ی قودس، بكه‌ن به پایته‌ختی ئیسرائیل.
هه‌رچه‌نده ئیسرائیل، له ماوه‌ی دوو ده‌یه‌ی دوای درووستبوونیدا، چه‌ندین باره‌گای حوكمی حكومه‌تی ئیسرائیلی بردووه‌ته شاری قودس، به‌ڵام وڵاتانی بیانی وه‌ك نیشاندانی پابه‌ندبوونیان به بڕیاری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه: بڕیاری چاره‌سه‌ری دوو ده‌وڵه‌تی، ئاماده نه‌بوون باڵوێزخانه‌كانیان به‌رنه شاری قودس.
دوو جه‌نگ و یه‌ك ڕاپه‌ڕین (1967- 1993)
جه‌نگه‌كه‌ی 1967 چوارچێوه‌یەكی نوێی به ململانێكان به‌خشی. له‌و جه‌نگه‌دا ئیسرائیل نه‌ك ته‌نها سه‌ركه‌وتوو بوو له تێكشكاندنی سوپا “داگیركه‌ره‌كه‌ی” وڵاتانی عه‌ره‌بی، به‌ڵكو ئیسرائیل توانی كه‌رتی غه‌زه و سینا، كه پێشتر له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی میسردا بوو، كۆنتڕۆڵ بكات و كه‌ناری خۆرئاوا و قودسی ڕۆژهه‌ڵات، كه له لایه‌ن ئوردنه‌وه ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرابوو، كۆنتڕۆڵ بكات و به‌رزاییه‌كانی جۆڵانیش له سوریا بگرێت.
مه‌ناحم كڵاین پسپۆڕی زانسته سیاسییه‌كان له زانكۆی بار-ئیڵانی ئیسرائیلی ئه‌ڵێت كه جه‌نگه‌كه‌ی 1967 دوو خاڵی وه‌رچه‌رخانی له خۆ گرتبوو كه ئه‌وانیش بریتی بوون له “سه‌ركه‌وتنێكی مه‌زن كه ترس له دۆڕاندن، ئه‌و ترسه‌ی پێش ڕوودانی جه‌نگه‌كه بوونی هه‌بوو، گۆڕی بۆ متمانه به‌خۆبوون و كاریگه‌رییه ئه‌رێنییه‌كانی داگیركردنی قودسی ڕۆژهه‌ڵات له لایه‌ن ئیسرائیله‌وه.” وێنه‌ی سه‌ربازه ئیسرائیلییه‌كان كه سه‌رقاڵی “نوێژكردن” بوون له نزیك دیواری ڕۆژهه‌ڵات، ئه‌و ڕێوڕه‌سمه ئاینییه‌ی كه له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی ئوردنییه‌كاندا ڕێگه‌پێدراو نه‌بوو له قودسی ڕۆژهه‌ڵات، بوو به‌به‌شێك له هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی ئیسرائیل.
ڕه‌شید خالیدی پرۆفیسۆری دیراساتی هاوچه‌رخی عه‌ره‌بی له زانكۆی كۆڵۆمبیا له‌و بڕوایه‌دایه كه “قودس بووه به ناوه‌ندی بایه‌خپێدانی گرووپه توندڕه‌وه ئاینییه‌كان به‌شێوه‌یه‌ك كه له‌وه‌و پێش بوونی نه‌بووه. ئه‌م پرسه زه‌قتر بوویه‌وه كاتێك كه ناسیۆنالیسه ئاینییه‌كان له ئیسرائیل هاتنه سه‌ركار.” سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی پارتی لیكۆدی ڕاستڕه‌و له 1977 به سه‌ركردایه‌تی مه‌ناحیم بیگه‌ن ئه‌م تێڕوانینه‌ی زیاتر چه‌سپاند و ئه‌وان قودس وه‌ك به‌شێكی دابه‌شنه‌بوو له شووناسی ئیسرائیل ئه‌بینن. سیاسییه سۆسیالیسته‌كان كه ڕه‌گێكی ڕووسی و ئه‌ورووپییان هه‌بوو ڕێگه‌یان بۆ ئه‌و سیاسییه توندڕه‌وه ئایینییانه چۆڵ كرد كه ڕه‌گێكی ڕۆژهه‌ڵاتی و ئه‌فریقیان هه‌بوو.
ئه‌م گۆڕانه له سیاسییه‌كانی ئیسرائیل كاریگه‌ری هه‌بوو له سه‌ر بارودۆخی قودس. دوای ئه‌م گۆڕانكارییانه، له قوتابخانه و مه‌شقه سه‌ربازییه‌كاندا باس له گرنگی و پێویستی شاری قودس بۆ جووله‌كه ئه‌كرا و خوێندكاران، وه‌كو به‌شێك له چالاكی قوتابخانه‌كان، له هه‌موو شاره‌كانی ئیسرائیله‌وه بۆ سه‌ردانیكردنی قودس ئه‌بران. پرۆسه‌ی به‌گرنگ سه‌یركردنی قودس له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه له ساڵی 1980، كاتێك كه په‌رله‌مانی ئیسرائیل به‌یاسایه‌ك قودسی وه‌ك شارێكی یه‌ك پارچه به پایته‌ختی ئیسرائیل ناساند، گه‌یشته چڵه‌پۆ. به‌ڵام ئیسرائیل نه‌یویست كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی توڕه بكات بۆیه بۆ ماوه‌یه‌ك قودسی ڕۆژهه‌ڵاتی نه‌خسته سه‌ر قودسی ڕۆژئاوا.
ئۆسلۆ و دوایی ئۆسلۆ (1993 بۆ ئێستا)
ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی 1993ی ئۆسلۆ ڕێگه‌ی خۆش كرد بۆ درووستبوونی ده‌سه‌ڵاتی فه‌ڵه‌ستینی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كه‌ناری خۆرئاوا و كه‌رتی غه‌زه. هه‌ر به پێی ئه‌و ڕێككه‌وتنه بێت، یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی بابه‌ته سه‌ره‌كییه‌كانی وه‌ك سنوور و ئاواره‌كان و چاره‌نووسی شاری قودس بۆ كاتێكی تر دوا خرا. دوای تێپه‌ڕبوونی نزیكه‌ی چاره‌كه سه‌ده‌یه‌ك به‌سه‌ر ئه‌و ڕێكکه‌وتنه‌دا، به‌دیهاتنی ئاشتییه‌كی به‌رده‌وام له نێوان ئیسرائیل و فه‌ڵه‌ستینییه‌كاندا كارێكی دژوار و قورسه.
سه‌ردانیكردنی شوێنه پیرۆزه‌كانی قودس له لایه‌ن سیاسییه‌كه‌ی ڕاستڕه‌وی وه‌ك ئاریه‌ل شارۆنی ئیسرائیلییه‌وه بووه هۆی درووستبوونی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توندوتێژ ئامێز و دواتر سه‌رهه‌ڵدانی ڕاپه‌ڕنی دووه‌می فه‌ڵه‌ستینییه‌كانی لێ كه‌وته‌وه كه به هۆیه‌وه سێ هه‌زار فه‌ڵه‌ستینی و هه‌زار ئیسرائیلی كوژران.
فه‌ڵه‌ستینییه‌كان ئه‌ڵێن كه دانیشتیوانی نشینگه (مسته‌وته‌نه) جووله‌كه‌كان پیرۆزییه‌كه‌ی قودسی ڕۆژهه‌ڵاتیان شكاندووه و حكومه‌تی ئیسرائیلیش له‌ڕێگه‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مۆڵه‌تی نیشته‌جێبوونه‌وه دیمۆگرافیای قودسی گۆڕێوه. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه ڕێژه‌ی عه‌ره‌به‌كانی قودس گۆڕانی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌و ڕێژه‌كه وه‌ك خۆی له نێوان 30 بۆ 40دا ماوه‌ته‌وه.
پرۆفیسۆر خالیدی ئه‌ڵێت: “هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی خستنه‌سه‌ر و درووستكردنی نشینگه جووله‌كه‌كانی قودسی ڕۆژهه‌ڵات نایاسایین و ئاماده نین كه قودس وه‌ك پایته‌ختی ئیسرائیل بناسێنن. ئه‌گه‌ر تره‌مپ ئه‌م هاوكێشه‌یه بگۆڕێت ئه‌وا به‌دیهاتنی ئاشتییه‌كی به‌رده‌وام له نێوان ئیسرائیل و فه‌ڵه‌ستینییه‌كان یان ئاسایكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان وڵاتانی عه‌ره‌بی ئیسرائیل ئه‌بێت به‌كارێك ئه‌سته‌م.”
له كۆتاییدا، پرۆفیسۆر ئاریه پێی وایه كه ململانێكان له‌سه‌ر قودس وا چاوه‌ڕوان ئه‌كرێت كه به‌رده‌وام بێت. “ململانێكانی نێوان عه‌ره‌ب و جووله‌كه توندتر بووه‌و ململانێكه گۆڕاوه بۆ ململانێیه‌كی نیشتیمانی كه شاری قودس كرۆكه‌كه‌یه‌تی. له ڕابردوودا قودس شوێنێكی پیرۆزبوو بۆ هه‌رسێ ئایینه‌كه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه له ئیسرائیل‌دا دوو نه‌ته‌وه‌ی جیاواز بوونی هه‌یه‌و ئه‌م دوو نه‌ته‌وه‌یه، جووله‌كه و عه‌ره‌ب، له‌گه‌شه‌دان و هه‌ردوولا قودس به هی خۆیان ئه‌زانن بۆیه وا چاوه‌ڕوان ئه‌كرێت كه ململانێكان به‌رده‌وام بێت. ئه‌م دوو نه‌ته‌وه‌یه: جووله‌كه و عه‌ره‌به‌كان، ئه‌بێـت ئه‌وه بزانن كه زیاتر له‌وه‌ی ئه‌وان پێویستیان به قودسه، قودس پێویستی به‌وانه.”