Home / مێژووى ئاینەکان / ئاینى ئیسلام / قوتابخانە هزری ‌و سیاسیەكان لە ئیسلامدا (شیعەی ئیسماعیلی) [1]

قوتابخانە هزری ‌و سیاسیەكان لە ئیسلامدا (شیعەی ئیسماعیلی) [1]

593122812018_shia M

قوتابخانە هزری ‌و سیاسیەكان لە ئیسلامدا (شیعەی ئیسماعیلی) [1]

د. ئومێد عوسمان

كاتێك چاو دەخشێنیت بە مێژووی گروپە هزری ‌و سیاسی ‌و كەلامیەكان لە ئیسلامدا بە گشتی ‌و مێژووی گروپە شیعیەكان بە تایبەتی، رووبەڕووی ئاڵۆزی ‌و ناڕێكی ‌و ناتەباییەكی زۆر دەبیتەوە لە بۆچوونەكاندا سەبارەت بە حەقیقەتی گروپی ئیسماعیلیەكان، ئەمەش بۆ سێ هۆكاری سەرەكی دەگەڕێتەوە:
1-ئەو سەرچاوە و نووسینانەی پشتی پێ دەبەسترێت بۆ ئاشنابوون بە بیروبۆچوونی ئەم گروپە، زۆربەی نووسراوی  نەیارانیانن لە گروپە سوننی ‌و شیعیەكانی تر، خاوەنی ئەو نووسینانەش درێغیان نەكردووە لە ناشیرینكردنی پێگە و شێواندنی مێژوو و بیروبۆچوونیان، هەتا كافركردن‌ و كردنە دەرەوەیان لە چوارچێوەی ئیسلام.

2-دەركەوتنی چەندین گروپی لادەر و تۆقێنەر و شەڕەنگێز لە نێویاندا، ئەمەش وایكردوە ئاڕاستە میانەڕەوەكەیان‌ و حەقیقەتیان بە ئاسانی نەناسرێتەوە، ئیسماعیلیەكان بە درێژایی مێژووی سەرهەڵدان ‌و گەشەكردنیان بە چەندین شێواز دەركەوتوون‌ و كاریانكردووە، وەكو گروپی شیعەی میانەڕەو، رێكخراوی سەربازیی نهێنی توندڕەو و تۆقێنەر، بزاڤی عەقڵانی ‌و فەلسەفی، بزاڤی سیاسی، گروپی شیعەی پەڕگیر و لادەر.
3-ئاڵۆزیی تێگەیشتن لە نووسین‌ و دەربڕینەكانیان، بەهۆی گرنگیدانیان بە راڤەی ناوەكی (التأویل الباطنی) دەقەكان لەلایەك ‌و رەنگدانەوەی فەلسەفەی فیساغۆرسی‌ و ئەفلاتۆنیەتی نوێ ‌و بیری عیرفانی فارسی ‌و هیندی لە بۆچوونە هزری‌ و سیاسیەكانیاندا.

لەلایەكی ترەوە لە هەندێك لە قۆناغەكاندا كتێب ‌و نوسراوە سەرەكیەكانیان زۆر نهێنی بووە، تەنها كەسە زۆر نزیك‌ و متمانەپێكراوەكان ئاگاداریان بووە..
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا لەم دوایینەدا چەندین كتێب ‌و نوسراوی گەورەزانایانی پێشینی ئیسماعیلی چاپكراو بڵاوبوویەوە، بە تایبەتی كتێبەكانی قازی نوعمانی تەمیمی (363ك) مردووە، حەمیدەدینی كەرمانی (412ك) مردووە، هاوكات لە نووسەرە هاوچەرخەكانیش هەركام لە: حسەین هەمەدانی، مستەفا غالب، عارف تامر، ئیحسان ئیلاهی، فەرهاد دەفتەری، موحەمەد عەبدوڵا عەنان، عەبدولڕەحمان بەدەوی، موحەمەد كامل حسەین و چەندینی تر لەبارەی ئیسماعیلیەكانەوە نووسیویانە و هەوڵیانداوە راڤە و شیكاریی بۆ مێژووی سەرهەڵدان ‌و گەشەكردنی هزرییان بكەن. هەروەك هەركام لە: ئیفانوف، ماسینیون، بەرناردلویس، لە پێشەنگی ئەو رۆژهەڵاتناسانە دێن كە گرنگیانداوە بە كەلتوور و هزری ئیسماعیلی.

بەڵام زۆربەی ئەو نووسەرانە بە رۆژهەڵاتناسەكانیشەوە، بەكەمی توانیویانە خۆیان لە دەمارگیری یان لایەنگیری، یان حوكمدانی پێشین، یان میتۆدی بەشەیتانكردن یان بە پیرۆزكردن بپارێزن.
نابێت ئەوەشمان لە بیر بچێت، هەردوو كتێبـی مێژوونووس (تەقیەدینی مەقریزی) لە (845ك) مردووە (اتعاظ الحنفا بأخبار الائمة الفاطميين الخلفا) و (المواعظ والاعتبار بذكر الخطط والاثار) لە سەرچاوە گرنگەكانی ناساندنی لایەنێكی زۆری مێژووی خەلیفەكانی فاتـیمین لە میسر.

ناساندنی ئیسماعیلیەكان

ئیسماعیلیەكان لە سەرەتادا گروپێكی شیعەی میانەڕەو بوون، ئەم ناولێنانەشیان نیسبەتە بۆ ئیسماعیلی كوڕە گەورەی ئیمام جەعفەری سادق، لەگەڵ گروپی ئیمامیەكاندا هەتا جەعفەری سادق گرفتیان نییە و هاوڕان لە پێشەوایەتیدا، بەڵام لە دواتردا جیادەبنەوە.
ئیسماعیلیەكان پێیانوایە لەپاش جەعفەری سادق، پێشەوایەتی لە رێگەی دەق‌ و دیاریكردنەوە گواستراوەتەوە بۆ ئیسماعیلی كوڕە گەورەی، بەڵام ئیمامیەكان دەڵێن لەپاش جەعفەری سادق، كوڕە بچوكەكەی كە موسای كازمە دانراوە بە پێشەوا، هۆكاری ئەم جیاوازیەش ئەوەیە، بەلای زۆربەی مێژوونووسانەوە، ئیسماعیلی كوڕە گەورەی جەعفەری سادق، لە ژیانی باوكیدا مردووە، بۆیە ئیمامیەكان دەڵێن پێشەوایەتی لە جەعفەری سادقەوە گواستراوەتەوە بۆ موسای كازم1. سەبارەت بە مردنی ئیسماعیلیش، ئیسماعیلیەكان چەند رایەكیان هەیە:

  یەكەم: ئیسماعیل لەژیانی باوكیدا نەمردووە، بەڵكو جەعفەری سادق لەترسی ئەبوجەعفەری مەنسوری عەباسی، ئیسماعیلی شاردۆتەوە و وای پیشانداوە كە مردووە2.

دووەم: خوای پەروەردگار لە سەردەمی جەعفەری سادقدا ئیسماعیلی لەبەرچاو ونكردووە، لە كۆتایی دنیادا دەینێرێتەوە تا دادپەروەری بڵاوكاتەوە، واتە ئیسماعیل مەهدی چاوەڕوانكراوە3.

   سێیەم: ئیسماعیل لە ژیانی باوكیدا مردووە، لێرەدا سوودی بەپێشەوادانانی ئیسماعیل لەوەدایە، كە بسەلمێندرێت پێشەوایەتی تەنها لە باوكەوە بۆ كوڕ دەبێت، واتە لەدوای جەعفەری سادق پێشەوایەتی گواستراوەتەوە بۆ نەوەكانی ئیسماعیل، هەروەك چۆن موسا پێغەمبەر، هارونی برای كردە جێنشین، دواتر هارون لە سەردەمی موسادا مرد، كاتێكیش موسا وەفاتی كرد، جێنشینایەتی گواسترایەوە بۆ نەوەكانی هارون، كەواتە لە دوای جەعفەری سادق پێشەوایەتی لە رێگەی ئیسماعیلەوە گواستراوەتەوە بۆ محەمەدی كوڕی ئیسماعیل4.

    ئیسماعیلیەكان رای ئیمامیەكان رەتدەكەنەوە كە موسای كازم لە دوا جەعفەر پێشەوا بێت، ئەوان دەڵێن لەدوای حەسەن ‌و حسەین جارێكی تر پێشەوایەتی لە براوە ناگوازرێتەوە بۆ برا، ئەگەر بڵێین موسای كازم پێشەوایە، واتە لە رێگەی ئیسماعیلەوە بۆی ماوەتەوە كە برایەتی5.
گروپی ناوبراو ناسراون بە ئیسماعیلیەكان كە دانە پاڵە بۆلای ئیسماعیلی كوڕی جەعفەری سادق، هەروەها باتنیەكانیشیان پێدەڵێن، لەبەر ئەوەی باوەڕیان وابووە كە دەقەكانی قورئان‌ و سوننەت لەیەك كاتدا دووجۆر واتا دەدەن بەدەستەوە، واتایەكی دەرەكی ‌و رووكەش (الظاهر) لەگەڵ واتایەكی ناوەكی ‌و شاراوە ( الباطن)، واتا دەرەكیەكان بەزۆری نموونە و پەندهێنانەوەن، هاوكات مەبەستە سەرەكیەكان لە واتا شاراوە و ناوەكیەكاندان6. بەڵام بەلای ئیبن خەلدونەوە ناونانیان بە باتنیەكان دەگەڕێتەوە بۆ باوەڕبوونیان بە پێشەوای شاراوەو نادیار ( الإمام المستور)7.

   هەروەها بە گروپی ناوبراو وتراوە حەوتیەكان( السبعیة) بە هۆی گرنگیدانیان بە ژمارە حەوت ‌و پۆلێنكردنی زۆربەی قۆناغ‌ و حاڵەت‌و رووداو و دیاردەكان لەسەر بنەمای ئەو ژمارەیە8.
یان هەندێك وتوویانە: هۆكاری ناونانیان بە حەوتیەكان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لە حەوتەم پێشەوایاندا كە ئیسماعیلی كوڕی جەعفەرە، پێشەوا ئاشكراو دیارەكان كۆتاییان دێت9.

  بەڵام پۆلێنكردن‌ و ریزبەندیی ئیسماعیلیەكان بۆ پێشەوا ئەوە دەدات بەدەستەوە كە ئیسماعیل شەشەم پێشەوا بووە، نەك حەوتەم، چونكە پێشەوا عەلی هەرچەندە یەكەم پێشەوا بووە، بەڵام دواتر بەرزتربۆتەوە بۆ پلەیەك لە نێوان پێغەمبەرایەتی ‌و پێشەوایەتیدا، كە بە (وصی) ناوزەدكراوە، لەبەر ئەمە ریزبەندی پێشەوایەتی بەمشێوەی لێدێت: حەسەنی كوڕی عەلی، حسەینی كوڕی عەلی، عەلی كوڕی حسەین، موحەمەد باقر كوڕی عەلی، جەعفەری سادق كوڕی موحەمەد باقر، ئیسماعیلی كوڕی جەعفەر10. یان هەندێكیان پێشەوا عەلیان بەیەكەم پێشەوا داناوە،  دواتر حەسەنی كوڕی عەلیان سڕیوەتەوە و دووەم پێشەوا حسەینی كوڕی عەلیان داناوە11. هەندێك لە مێژوونووسانیش بە فێركاریەكان (التعلیمیة) ناویاندەبەن، چونكە بنەمای مەزهەبەكەیان بریتیبووە لە رەتكردنەوەی عەقڵ ‌و فێربوون ‌و وەرگرتنی زانست لە پێشەوا پارێزراوەكانەوە12.

دەركەوتنی ئیسماعیلیەكان ‌و گەشەكردنیان

  بە مردنی ئیمام جەعفەری سادق لە ساڵی (148ك)  كەلێنی گەورە دەكەوێتە ریزی شیعەكانەوە، هەندێكیان كە دواتر شیعەی ئیمامی پێكدەهێنن، موسای كازم كوڕە بچوكی ئیمام سادق بە پێشەوا دەبیننەوە، هەندێكی تریان پێشەوایەتی لە ئیسماعیلی كوڕە گەورەی ئیمام سادق‌ و نەوەكانیدا دەبیننەوە، هاوكات هەر لەپاش مردنی ئیمام سادق چەندین گروپی تری شیعەی پەڕگیر و لادەر دەردەكەون13.

  موحەمەدی كوڕی ئیسماعیل كە بە یەكەم پێشەوای شاراوەی ئیسماعیلی دادەنرێت، لە ناوەڕاستی سەدەی دووەمی كۆچیەوە، لە ترسی عەباسیەكان بەردەوام دەبێت لە خۆشاردنەوە و شوێنگۆڕین، تا لە كۆتاییدا لە گوندێكی چەپەكی ناوچەی نەهاوەند بەناوی (موحەمەد ئاباد) نیشتەجێ دەبێت، لەوێوە راسپاردە دەداتە بانگخوازانی‌ و بە جیهانی ئیسلامیدا بڵاودەبنەوە14.
بەپێی هەندێك سەرچاوە موحەمەدی كوڕی ئیسماعیل لە حەفتاكانی سەدەی دووەمی كۆچی لە دەوروبەری نەهاوەند مردووە، بەڵام هەندێك سەرچاوەی تر ئاماژە بەوە دەدەن كە موحەمەد بەهۆی ئاشكرابوونی شوێنەكەی لە نەهاوەند نەماوەتەوە، بەڵكو خۆی لەبەرگی بازرگاندا پیشانداوە و ناوی خۆی گۆڕیوە بۆ مەیمونی قەدداح ‌و لە ناوچەیەكی وڵاتی شام جێگیر بووە، هەر لەوێش لە ساڵی (193ك) مردووە15.

    لەدوای موحەمەد پێشەوایەتی دەگوازرێتەوە بۆ عەبدوڵای كوڕی، ئەمیش وەك باوكی بەردەوام لە شوێنگۆڕین‌ و خۆشاردنەوەدا دەبێت، تا لە كۆتاییدا لە ناوچەیەكی وڵاتی شام بە ناوی (سەلمیە) جێگیر دەبێت، هەر لەوێش لە دەوربەری ساڵی (212ك) مردووە 16.
ناوچەی سەلمیە و دەوروبەری لە مێژووی ئیسماعیلیدا ناوچەیەكی زۆر گرنگ‌ و ستراتیژی بووە، زۆربەی پێشەواكانیان لەوێ نیشتەجێ بوون‌ و بانگخوازانیان بە پانتایی دەوڵەتی ئیسلامیدا بڵاوكردۆتەوە، بەرنامەیان داڕشتووە بۆ چۆنیەتی گەیشتن بە بنیاتنانی دەوڵەتێكی سەربەخۆ، بەڵام ئەوەی مایەی تێڕامانە قۆناغی خۆشاردنەوەی پێشەواكان لە پاش مردنی جەعفەری سادقەوە كە نزیكەی سەدە و نیوێكی خایاندووە، بە ئاڵۆزترین قۆناغی مێژووی ئیسماعیلیەكان دادەنرێت، بەهۆی ناتەواوی ‌و كەموكورتی زانیاریەكان لەسەر ئەو قۆناغە، هەتا نەسازی ‌و جیاوازی زۆر لە سەرچاوە ئیسماعیلیەكانیشدا بەدیدەكرێت.

   پێشەواكانی ئیسماعیلی بەردەوام دەبن لە قۆناغی خۆشاردنەوەدا، تا لە كۆتایی سەدەی سێیەمی كۆچیدا، لە رێگەی یەكێك لە بانگخوازانیان بە ناوی ئەبوعەبدوڵای شیعی بناغەی پتەوی دەوڵەتی فاتیمی بنیاتدەنرێت، پێشەوا عوبەیدوڵا یان عەبدوڵای مەهدی كۆتایی بە قۆناغی خۆشاردنەوە دەهێنێت‌ و دەبێتە یەكەمین پێشەوای دەوڵەتەكە لە ناوچەكانی مەغریب‌ و كەناراوەكانی دەریای ناوەڕاست، دواتریش تا ساڵی (362ك) دورگەی سەقلیە و وڵاتی میسر و زۆربەی ناوچەكانی حیجاز و شامیش دەكەوێتە ژێر ركێفی دەوڵەتی فاتمیەوە17.
دەتوانین سەدەی چوارەمی كۆچی بە سەردەمی زێڕینی شیعەی ئیسماعیلی دابنێین لە چەندین رووەوە، لەوانە: هەڵكشانی فیكری ‌و فەلسەفی، داڕشتنی بنەماكانی فیقهی ئیسماعیلی، گەشەكردنی بیری سیاسی ‌و هونەری دەوڵەتداری‌ و بەڕێوەبردن، فراوانبوونی سنووری جوگرافی، پێشكەوتنی هێزی سەربازی ‌و بنیاتنانی كەشتیگەلی گەورە لە كەناراوەكانی دەریای ناوەڕاستدا18.

 بەڵام بە پێچەوانەوە، سەدەی پێنجەم بە تایبەت چارەكی كۆتایی، بۆ ئیسماعیلیەكان دەبێتە سەرەتایەك بۆ بەرەو لاوازبوون ‌و ئاوابوونی ئەستێرەی بەخت ‌و لەدەستدانی شكۆیان، ئەمەش لەلایەكەوە بەهۆی لەدەستدانی یەكڕیزیان ‌و دابەشبوونیان بۆ چەندین ئاڕاستە و گروپی جیاواز و دژیەك، لەلایەكی تریشەوە بەهۆی ململانێی هۆز و كەسایەتیەكان لە جومگە سەرەكیەكانی دەسەڵاتدا، هاوكات كاركردنیان بۆ پشتشكاندنی یەكتر، لەگەڵ ئەمانەشدا دەركەوتنی جموجوڵی سەلیبیەكان ‌و هاتنیان بەرەو كەناراوەكانی میسر و شام لە كۆتایی سەدەی پێنجەمدا.
لە كۆتاییەكانی سەدەی پێنجەمدا ناكۆكی دەكەوێتە نێوان هەردوو برا نزار و موستەعلی كوڕانی خەلیفە موستەنسیر بیللا، لە پاش كوژرانی نزار، هەندێك لە بانگخوازانی ئیسماعیلی كوڕەكەی نزار بە نهێنی دەگوازنەوە بۆ دەوروبەری قەزوین، دواتر گروپی نزاریەكان پێكدەهێنن‌ و دەوڵەتۆكەیەك لە باكوری خۆرئاوای شاری قەزوین بنیاتدەنێن، هاوكات دەستدەگرن بەسەر قەڵای بەناوبانگی (ئەلەموت) ‌و چەند قەڵایەكی تری دەوروبەری قەزوین‌و ناوچەی شامدا 19.

نزاریەكان باڵێكی سەربازی بەهێز دروستدەكەن كە زۆرتر بە حەشاشیەكان ناسراون، رایاندەهێنن لە سەر تیرۆركردن ‌و كوشتنی لەناكاو، ئەم باڵە سەربازیەی نزاریەكان لە مێژووی ئیسلامیدا بە مەترسیدارترین گروپی تیرۆریستی ناوزەدكراوە، بەدرێژایی نزیكەی دووسەدە دەوڵەتی عەباسی‌ و فاتیمی ‌و پادشا و میرەكانی سەلجوقی ‌و خەواریزمی ‌و زەنگی‌ و ئەیوبیەكان لەلایەك‌ و سەلیبیەكان لەلایەكی ترەوە لە هەوڵدابوون بۆ لەناوبردنیان، بەڵام سەركەوتوو نەبوون، تا ئەو كاتەی قەڵاكانیان لە ئێران دەكەوێتە بەر هێرشی مەغۆلەكان زۆربەیان لە ناودەچن، دواتریش قەڵاو مۆڵگەكانیان لە وڵاتی شام لەلایەن (زاهیر بیبرس)ەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت20.

 زۆربەی مێژوونووسان دەیگێڕنەوە كە هەركام لە (نیزامولمولك)ی گەورە وەزیری سەلجوقیەكان، خەلیفەی عەباسی (موستەرشید بیللا) و كوڕەكەی (راشد بیللا)، پادشای قودس (كونراد)، لەلایەن گروپی ناوبراوەوە تیرۆركراون، هاوكات چەندجارێكیش هێرشیانكردۆتە سەر سەلاحەدینی ئەیوبی ‌و هەوڵی تیرۆركردنیانداوە بەڵام سەركەوتوو نەبوون.، پاشماوەی نزاریەكان لە ئەمڕۆدا لە هەندێك ناوچەی هیندستان بە ناوی خواجەكان یان ئاغاخانیەكان بوونیان هەیە21.

 ئیسماعیلیەكان لە پاش دەستبەكاربوونی موستەعلی وەك خەلیفەی شەرعی فاتمیەكان لە میسر، شوێنكەوتووان ‌و لایەنگرانیان بە موستەعلیەكان ناوزەد كراون،  دواتر لە دەوروبەری ساڵی (524ك) ئەمانیش دەبن بەدووبەشەوە: حافزیەكان كە خەلیفەكانی دواینی فاتمیەكان لەمانن، لەگەڵ تەییبیەكان كە دوای كۆتاییهاتنی دەسەڵاتی فاتمیەكان لە میسر لەلایەن سەلاحەدینی ئەیوبیەوە، پێگەیان لە یەمەن ‌و هەندێك ناوچەی هیندستان بەهێز دەبێت22.

 ئەوەشمان لە بیر نەچێت لەسەرەتای دەستبەكاربوونی عوبەیدوڵای مەهدی وەك یەكەم خەلیفەی فاتیمی كۆمەڵێك لە ئیسماعیلیەكانی عێراق ‌و بەحرەین پێشەوایەتی عەبەیدوڵا رەتدەكەنەوە و لە سەر باوەڕی خۆیان بەردەوام دەبن كە موحەمەدی كوڕی ئیسماعیل نەمردووە و مەهدی چاوەڕوانكراوە، دواترلە كۆتایی سەدەی سێیەمی كۆچی لە بەحرەین دەوڵەتۆكەیەكی سەربەخۆیان دامەزراند بەناوی قەرامیتەكان، لە ساڵی (317ك) دەستیانگرت بەسەر شاری مەككەی پیرۆزدا، بەردە رەشەكە (الحجر اڵاسود)یان گواستەوە بۆ بەحرەین، دواتر لەپاش بیستودوو ساڵ گێڕایانەوە شوێنی خۆی، ئەم كۆمەڵەیە نزیكەی یەك سەدە بەردەوام خەریكی كاری تێكدەری ‌و ئاژاوەنانەوە‌ و كوشتن‌ و بڕین‌ و گرتن ‌و ترساندن‌ و تۆقاندن بوون، بە پێچەوانەشەوە هەندێك لایانوایە قەرامیتەكان دژی ستەم ‌و چەوسانەوە و ناعەدالەتی، زۆر بە دڵسۆزی‌ و راستگۆیی شۆرشیانكردووە، بانگەشەی یەكسانی ‌و عەدالەت‌ و چاكسازی كۆمەڵایەتی ‌و ئابووریان كردووە، بێگوێدانە جیاوازی ئایین ‌و مەزهەب‌ و رەگەز23.

 بەگشتی ئیسماعیلیەكان توانیان لە رێگەی بانگەشەی یەكسانی ‌و دادپەروەری ‌و شۆرش ‌و یاخیبوونە ناوخۆییەكانەوە، چەندین میرنشین ‌و دەوڵەتی نیمچە سەربەخۆ بنیاتبنێن‌ و سنووری دەسەڵاتیان ناوچەكانی میسر، مەغریب‌، حیجاز، سوریا‌، لوبنان‌، بەحرەین و چەندین ناوچەی تری دووردەست بگرێتەوە، بەتایبەتی لە سەردەمی دوڵەتی فاتمیەكاندا، كە لە لوتكەی دەسەڵاتدا بوون.

لەوانەیە بتوانین گەشەكردن ‌و بەرەوپێشچوونی ئیسماعیلیەكان لە نێو ئەو ململانێ هزری ‌و سیاسی‌ و مەزهەبیەی سەردەمی عەباسیەكاندا بۆ چەند هۆكارێك بگێڕینەوە24:

   یەكەم: بانگەشەكردنی ئیسماعیلیەكان بۆ كۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی عەباسیەكان ‌و دروستكردنی دەوڵەتێك لەسەر بنەمای برایەتی ‌و یەكسانی ‌و دادپەروەری.
دووەم: بانگەشەكردن بۆ دابەشكردنی پارە و سەروەت‌ و سامانی دەوڵەت بەسەر خەڵكیدا بەیەكسانی‌، بێگوێدانە جیاوازی ئایینی ‌و مەزهەبی ‌و رەگەزی ‌و كۆمەڵایەتی.

    سێیەم: وێناكردن‌ و چواندنی خۆیان بە چەترێك كە لە ژێریدا سەرجەم چین ‌و توێژ‌ و مەزهەب ‌و دەنگ‌ و رەنگە جیاوازەكان جێگەی دەبێتەوە.
چوارەم: بانگەشەكردن بۆ نزیكبوونەوەی تێكڕای ئایینەكان لە یەكتر، یاخود بەواتایەكی تر، بانگەشەكردن بۆ یەكێتی ئایینەكان، هەروەك لە هەندێك لقی ئیسماعیلیەكانەوە گێڕدراوەتەوە، وتوویانە: ئیمام عەلی زەردەشتە، مەزدەكە، مانیە، موسایە، عیسایە، محەمەدە، واتە خاڵی ئاوێتەبوونی هەموو ئەمانەیە.

پێنجەم: بانگەشەكردن لەسەر بنەمای رێكخستنی تۆكمە و نهێنی، بەجۆرێك هەرچین‌ و توێژێك لە كۆمەڵ، بەشێوازێكی تایبەت‌ و نهێنی پەروەردە دەكرا و پەیامەكانی ئاڕاستە دەكرا، بێجگە لەسەركردە و لێپرسراوە باڵاكان هیچ كەسێك ئاگاداری نهێنی بانگەشەكان نەدەبوو.
شەشەم: لاوازیی دەسەڵاتی خەلیفەكانی عەبباسی، كە وەك بوكەڵە وابوون بەدەست وەزیرە فارس ‌و توركەكانەوە، بە ئارەزووی خۆیان لایاندەبردن یان دەیانهێشتنەوە.

حەوتەم: بێزاریی خەڵكی نیشتەجێی ویلایەت ‌و میرنشینە دووردەستەكان لە ستەمكاری میر و والی ‌و فەرمانڕەواكان، هاوكات چاوەڕوانیان بۆ رزگاركەر و فریادرەسێك لە هەر شوێنێكەوە بێت.
هەشتەم:  دەركەوتنی دەسەڵاتی  بنەماڵەی بوەیهیەكان لە عێراقدا لە ساڵی (334ك) و مەیلدارییان بۆ ئیسماعیلیەكان

سەرچاوە و پەراوێز

1- الشهرستاني: صححه وعلق عليه: أحمد فهمي محمد، دار الكتب العلمية، بيروت، ط2، 1992، 1/170.ابن خلدون: مقدمة ابن خلدون، اعتنى به: هيثم جمعة هلال، مؤسسة المعارف، بيروت، ط1، 2007،ص 221. غالب، مصطفى: تأريخ الدعوة الإسماعيلية، دار الأندلس، بيروت، ص7 .
2-  النوبختي: : فرق الشيعة، تحقيق: المستشرق الألماني:  ﻫ.ريتر، بدايات، سوريا، 2007، ص57.  الشهرستاني:سەرچاوەی پێشوو، 1/170. غالب، مصطفى: سەرچاوەی پێشوو، ل8. تامر، عارف: تأريخ الإسماعيلية، رياض الريس للكتب والنشر، لندن،  ط1، 1991، 1/117.
3- النوبختي:سەرچاوەی پێشوو، ل62. عبدالحميد، عرفان: دراسات في الفرق والعقائد الإسلامية، مطبعة أسعد، بغداد، ص 59.
4- النوبختي:سەرچاوەی پێشوو، ل58. الشهرستاني: سەرچاوەی پێشوو، 1/170، 200. عبد الحميد، عرفان: سەرچاوەی پێشوو، ل 58. غالب، مصطفى: سەرچاوەی پێشوو، ل7.

5-   عبدالحميد، عرفان:سەرچاوەی پێشوو، ل 59.
6-   الشهرستاني:سەرچاوەی پێشوو، 1/201. عبدالحميد، عرفان: سەرچاوەی پێشوو، ل 58.
7-   ابن خلدون: سەرچاوەی پێشوو،ل 222.
8-   الشهرستاني:سەرچاوەی پێشوو، 1/200.
9-   عبدالحميد، عرفان:سەرچاوەی پێشوو، ل 58.

10-   دفتري، فرهاد: الإسماعيليون، تأريخهم وعقائدهم، ترجمة: سيف الدين القصير، دار الساقي، بيروت، ط1، 2012، ص 839.
11-   غالب، مصطفى: سەرچاوەی پێشوو، ل52.  دفتري، فرهاد:  سەرچاوەی پێشوو، ل839.
12-   بدوي، عبد الرحمن: مذاهب الإسلاميين، دار العلم للملايين، بيروت، ط3، 2008، ص 1083.عبد الحميد، عرفان: سەرچاوەی پێشوو، ل 58.
13-   دفتري، فرهاد:سەرچاوەی پێشوو، ل171. تامر، عارف: سەرچاوەی پێشوو، 1/114.
14-   القرشي، عماد الدين إدريس: عيوزن الأخبار وفنون الآثار، كتاب ألكتروني، ص351. تامر، عارف: سةرضاوةي ثيَشوو، 1/118.
15-   تامر، عارف:سەرچاوەی پێشوو،1/119.

16-   تامر، عارف:سەرچاوەی پێشوو، 1/130.  عبدالحميد، عرفان: سەرچاوەی پێشوو، ل 60.
17-   عبد الحميد، عرفان:سەرچاوەی پێشوو، ل 61.
18-   تامر، عارف: سەرچاوەی پێشوو، 2/183. غالب، مصطفى: سەرچاوەی پێشوو، ل171-225.
19- هەندێك لە مێژوو نووس‌و توێژەران لایانوایە نزار نەكوژراوە، بەڵكو بەنهێنی گەیشتۆتە دەوروبەری قەزوین ‌و لەوێ دەوڵەتی نزاری بنیاتناوە.   المقريزي: اتعاظ الحنفا بأخبار الأئمة الفاطميين الخلفا، تحقيق: محمد حلمي محمد، القاهرة، 1996، 3/14. بدوي، عبد الرحمن: سەرچاوەی پێشوو،ل1099.  غالب، مصطفى: سەرچاوەی پێشوو، ل241.
20-   الهمذاني، رشيد الدين: جامع التواريخ، ترجمه عن الفارسية: محمد صادق نشأت وآخرون، دار إحياء الكتب العربية، 1/258.. حسين، محمد كامل: طائفة الإسماعيلية، تأريخها ، نظمها، عقائدها، مكتبة النهضة المصرية، ط1، 1959، ص63، 74. دفتري، فرهاد: سەرچاوەی پێشوو، ل515.

21-    حسين، محمد كامل:سەرچاوەی پێشوو، ل75. بدوي، عبدالرحمن: سەرچاوەی پێشوو، ل1086. عبد الحميد، عرفان:سەرچاوەی پێشوو، ل63.
22-   دفتري، فرهاد:سەرچاوەی پێشوو، ل417.
23-   حسين، محمد كامل:سەرچاوەی پێشوو، ل23. بدوي، عبدالرحمن: سەرچاوەی پێشوو، ل880. تامر، عارف: سەرچاوەی پێشوو،1/150. دفتري، فرهاد: سەرچاوەی پێشوو، ل 202، 211.
24-   جوزي، بندلي: من تأريخ الحركات الفكرية في الإسلام، الاتحاد العام للكتاب والصحفيين الفلسطيين، ط2، 1981، ص120.  حسين، محمد كامل:سەرچاوەی پێشوو، ل36- 38. تامر، عارف: سەرچاوەی پێشوو،1/123. لويس، برنارد: أصول الإسماعيلية، ترجمة: خليل أحمد خليل، دار الحداثة، بيروت، ط1، 1980، ص 152.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …