Home / بەشی مێژووی كورد / بەشیر موشیر، دۆنكیشۆتێك بە جلوبەرگی كوردییەوە

بەشیر موشیر، دۆنكیشۆتێك بە جلوبەرگی كوردییەوە

بەو هۆیەوە کە مێردمنداڵێکی جوان بوو، بازوەکانی بەهێزبوون و لەزۆرانبازیدا پشتی نەئەدرا لەزەوی، کوڕوکاڵی گەرەکی سەرشەقامی سلێمانی وەک سەرۆکی گەڕەک لێیان ئەڕوانی ، لەشەرەگەڕەکدا لەپێش هەموانەوە شەری ئەکرد ،بەهۆی ئەوەوە هەمیشە گەرەکی سەرشەقام براوەبوو،تەنیا جارێک خەریک بوو بشكێن چونکە بەشیر بەشدار نەبوو، بەڵام کە هەواڵی پێگەیشت خۆی گەیاندە شەرەکەو ورەیانی بەرزکردەوە و بەرامبەرەکەیانی شکاند، بەشیر، ئەوبەردانەی کە بۆی ئەهات ئەیگرتنەوە و بەجۆرێک ئەیهاویشتنەوە هەرجارەی یەکێکی ئەتلاند.کامیل ژیر، ئاوەها سەردەمی منداڵی ئەو دەگێرێتەوە.

لەوانەیە هەر سەرۆکایەتی شەڕی منداڵانی گەرەک پاڵی بە بەشیرەوە نابێت لە داهاتوودا ببێتە سەرۆکی دەوڵەت، یان بەجۆرێکی تر خەونی سەرۆک بوون خەونی منداڵی بوبێت و تا دواتەمەن بیری بەشیری جێ نەهێشتبێت. بۆ چی نا؟بەشیرێک سەرۆکایەتی بەرەکانی شەرە گەرەکی سلێمانی لەسەدەی نۆزدە کردبێت، بەشەڕی ڕوبەڕووی دەستەو یەخەشەوە، قابیلە نەتوانێت لەسەر کورسی ئیسراحەت وڵات بەڕێوەبەرێت؟

وەک ئەوەی قەدەر بیەوێت بەشیر مرۆڤێکی ئەفسوناوی بێت، تا ئیستا هیچ کەس نازانێت بەڕاستی کەی لەدایک بووە؟هیچ کەسیش لەبارەی ڕابردوویەوە نازانێت، تەنها ئەوەنەبێت کە بەشیر خۆی باسی کردووە.هەرئەوەشە نهێنی ژیانی بەشیر.

،،

کێ ناڵێت جەنەڕاڵە تورکەکان لە ئازایەتی بەشیر نەترساون و خەمی ئەوەیان نەبووە کە ڕۆژێک ئەم جەنگاوەرە ئازایەی سوپای عوسمانی، ئەگەر بکرێتە ئەفسەر و سریەیەکی سەربازی لەبەردەستدا بێت لە دەوڵەتی عوسمانی هەڵناگەڕێتەوە و کوردستانی گەورە لە دەوڵەتی عوسمانی جیاناکاتەوە؟

ئەگەر سەرۆکی ڕۆحیی، مێژوی ژیانی لەو ساتەوەختەوە كە لەدایك بووە تا كۆتایی ژیانی هەمووی لەبەرچاوبێت کەواتە چ نهێنییەک دەمێنیتەوە بۆ ئەوەی خۆی لە پاڵدا حەشاربدات، ئەمە یارمەتی بەشیری دابوو بۆئەوەی مێژووی ژیانی خۆی بەوشێوەیە بنوسێتەوە کە خۆی دەیویست یان حەزی لێ بوو.

بەشیر دوای ئەوەی ناوی لەشەڕی گەرەک و سەرۆکایەتی ئەوهەموو داستانە بەتەواوی شاردا بڵاو دەبێتەوە، بە ئامانجی پەروەردەکردنی سەرۆکە نوستوەکەی ناخی، خۆی دەهاوێتە خولیکی سەربازی عوسمانی و بەشداری چەندین شەری گەورەی عوسمانی دەکات و لەهەموو ئەوشەڕانەشدا، بەشیر، ڕۆڵی پاڵەوانی و جەنگاوەری یەکلاکەرەوە دەبینێت، بەجۆرێک پاڵەوانبازی بەشیر لەناو سوپادا بڵاو دەبێتەوە،هەر بەرەیەکی شەڕ، بەشیری جەنگاوەر بەشداری تێدا كردبێت دووژمن دەشكا.

کەچی لەپای هەموو ئەم ئازایەتییەی، فەرماندەکانی سوپا لەبری پلە بەرزکردنەوەی دەینێرنە بەشی درومانی سەربازی!

بەشیر خۆی پێی وایە فەرماندەکان لەترسی ئەوەی جێگەیان دەگرێتەوە نەیانکردە ئەفسەر، ئەگەرنا ئازایەتییەکەی ئەو شایەنی ئەوەبوو کە بکرێتە جەنەڕاڵ.

ئەوەی بەرامبەر بەشیر کرا بەهەموو پێوانەیەک زوڵم بوو، داستانەکانی ئەو شایانی لەوەزیاتربوون، ئەو تەنها یەک کێشەی بچکۆلەی هەبوو ئەویش ئەوەبوو ، کە بۆئەم داستانانەی هیچ شایەتێکی نەبوو جگە لەخۆی! لەوانەیە ڕاستیش بێت کێ ناڵێت جەنەڕاڵە تورکەکان لە ئازایەتی بەشیر نەترساون و خەمی ئەوەیان نەبووە کە ڕۆژێک ئەم جەنگاوەرە ئازایەی سوپای عوسمانی، ئەگەر بکرێتە ئەفسەر و سریەیەکی سەربازی لەبەردەستدا بێت لە دەوڵەتی عوسمانی هەڵناگەڕێتەوە و کوردستانی گەورە لە دەوڵەتی عوسمانی جیاناکاتەوە؟ بۆچی نا؟مەگەر تورکەکان بەچاوی خۆیان نەیانبینیوە هیچ ئوردویەکی دوژمن لەبەرامبەر بەشیر، خۆی پێ نەئەگیرا؟ ئەی ئەگەر بەشیر جاڕی سەربەخۆییدا دەوڵەتی عوسمانی چی بکات؟

سەرەڕای هەموو ئەمانەش بەشیر کۆڵی نەدا ئەو مەقەستەی دایانە دەستی بۆ ئەوەی هونەری جەنگی بیر ببنەوە، گۆڕی بۆ هونەری بەرگدووری و لەماوەیەکی کەمدا وەک خاوەنی مەقەستی تەڵایی ناوبانگی بڵاوبویەوە، هەموو جەنەڕال و مارشاڵ و ئەفسەرە گەورەكانی سوپا هەیە تەنها بەدەستی ئەو ڕازی بوون و ئەوجلانەیان لەبەردەکرد کە بەدەستی بەشیر دوورابوون.

هەرچەندە بەشیر لەم کارەی پارەیەکی زۆری دەستدەکەوت بەڵام پارە ئامانجی گەورە نەبوو لای بەشیر.

ئەو خەیاتی وەک خەباتی دبلۆماسی سەیر دەکرد کە لەڕێگەیەوە چەندین جەنەڕاڵ و فەرماندەی باڵای سوپا دەناسێت و پەیوەندیان لەگەڵ دروست دەکات، ئەم پەیوەندیانەش پێویستن بۆ ئەوکاتەی بەشیر دەیەوێت سوپاکەی دژی دەوڵەت بجوڵێنێت، ئەوكاتە بێگومان چەندین سەرکردەی سوپای هەیە کەلەژێرەوە یارمەتی دەدەن و دەست لەسەر سنگ بۆ بەشیر دەوەستن، ئەوکاتە بەیارمەتی ئەمانە بەشیر سوپای دووژمن بنکوڵ دەکات و دوای سەرکەوتنی کودەتاکەیشی ئیعلانی دەوڵەتی کوردی دەکات.

،،

ئەو خەیاتی وەک خەباتی دبلۆماسی سەیر دەکرد کە لەڕێگەیەوە چەندین جەنەڕاڵ و فەرماندەی باڵای سوپا دەناسێت و پەیوەندیان لەگەڵ دروست دەکات، ئەم پەیوەندیانەش پێویستن بۆ ئەوکاتەی بەشیر دەیەوێت سوپاکەی دژی دەوڵەت بجوڵێنێت، ئەوكاتە بێگومان چەندین سەرکردەی سوپای هەیە کەلەژێرەوە یارمەتی دەدەن و دەست لەسەر سنگ بۆ بەشیر دەوەستن

لەعەشقی کوردستانەوە بۆ عەشقی مەریەم

تازە دەوڵەت خۆی توشی کێشەیەکی گەورەکردبوو، بەشیرێکی لێ پەیدابوو کە بەهیچ کلۆچێک چارەسەری نەبوو، پیاوەگەورەکانی دەوڵەت و جەنەڕاڵە پلەباڵاکان خواخوای سەلامێکی بەشیریان بوو.

ڕۆژێک یەکێک لە فەرماندە باڵاکان کە پلەی موشیری هەبوو لە سوپادا بەشیری دەعوەت کرد بۆماڵەوە بۆئەوەی بە بەری خۆی جلێکی سەربازی نایابی بۆ بدورێت. بەڵام بەشیری تازە پیاکەوتوو لەو سەردانەدا عەشقی کچەکەی فەرماندەی سوپا دەبێت.

مەریەم، ئەو کچەی لە جوانیدا هاوتای نەبوو، قژێكی ڕەش و باڵایەکی قەڵەمی و چاوی گەورە،تەنها بەتیرێکی موژگانی پاڵەوانەکەی ئێمەی پێکاو ئیتر هەڵنەسایەوە.

لەو ڕۆژەوە بەشیر خۆشەویستی مەریم و کوردستانی هەردووک بەیەکترەوە بەستەوە،

راستە ئابەم حاڵەوە موشیر كچەكەی خۆی ناداتە بەشیرەكەی ئێمە/ بەڵام بێگومان ئەوکاتەی بەشیر دەبێتە سەرۆکی کوردستان، باوکی مریەم بەخۆشحاڵییەوە کچەکەی پێشکەش دەکات.

ئەم هاوسەرگیرییە لەداهاتوودا قازانجی زۆری بۆ کوردایەتیش دەبێت، چونکە هەرتەنها لەڕوکەشدا پەیوەندیەکی سۆزداریە، ئەگینا لە ناوەڕٶکدا هاوسەرگیرییەکی سیاسیشە.

بەهۆی ئەمەوە یۆنانییەکان دەبنە دۆستی گەلی کورد و لەبەرخاتری بەشیرئاغای زاوایان ئامادەن هەمووشتێک لەگەڵ تورک تێک بدەن.

ئەوەکێیە لەروی نەزانیەوە وتویەتی جیڤارا عەشق و شۆڕشی بەیەکترەوە بەستۆتەوە، مەگەر کەسێکی ناشی و نەشارەزابووە بە بەشیرەکەی ئێمە، کەسی ساڵ پێش جیڤارا کوردایەتی و عەشقی بەیەکەوە بەستۆتەوە.

لەهەر لەحزەیەکدا کوردایەتی دەغدەغەی مێشکی بەشیری دابوایە ، یەکسەر وێنەی مەریەمیش حازر دەبوو.

جارێکیان تازە بەکرسدقی کودەتای کردبوو حکومەتی سەربازی دامەزراندبوو ، بڕیاریدا هەڵبژاردن لەوڵاتدا بکرێت، بەشیر، خێرا بەیاننامەی خۆپاڵاوتنی نوسی و لەڕۆژنامەی ژیانی پیرەمێرددا بڵاوی کردەوە.

بەشیر لەسەر لیوای سلێمانی خۆی پاڵاوت بۆ ئەنجومەن و دڵنیابوو کە سەد لەسەد لە پای ئەو هەوڵ وتەقەلایەی کە بۆ کوردی داوە دەردەچیت و ئەبێتە نائیب.

بۆچی مەگەر لە بەشیر باشتر هەیە تاخەڵکی سلێمانی هەڵی بژێرن؟

بەشیرێک کە کورد بەسەرۆکی خۆیانی دەزانن و ئامادەن نەک دەنگ ڕۆحیشیان بکەنە قوربانی.

بەشیر لە بیری ناچێتەوە ئەو ڕۆژەی کە هەڵیان بژارد و بەسەرشان لە دووکانی خەیاتیەکەیەوە بردیانە ناو ئەنجومەن و لەبەرکەسایەتی کاریگەریشی لە تەشکیلەی حکومەتدا کرایە وەزیری دیفاع.

،،

هەواڵ هات کە ئەنجامی هەڵبژاردنی مەجلیس ئاشکرابووە و لە لیوای سلێمانی ئەو دەرنەچووە، بگرە دەنگێکی کەمیشی هێناوە، بەشیر بەتەواوەتی توڕە بوو، دەمی کەفی کرد، ئەوجالەبەر خۆیەوە وتی”ئەم میللەتە هێشتا نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی سەرۆکێکی وەک منیان هەبێت”.

بەشیر بیری کردەوە کە بۆتە وەزیری دیفاع یەکەمجار چی بکات؟ دەوڵەتی کوردی دابمەزرێنێت یان مەریەم مارەبکات؟.

بیری کردەوە هێشتا حکومەت بەتەواوەتی خۆی نەگرتووە و بەکری برادەریشی بەتەواوەتی دەسەڵاتی خۆی نەچەسپاندوە لە وڵاتدا، لەوانەیە هێشتا زۆبێت بۆئەوەی بەیەکەوە ئینقیلابی کوبرا بکەن و دەوڵەتی کوردی ڕابگەیەنن و عێراقی عەرەبیش شەق تێهەڵدەن، بەڵام خۆئەگەر ئەمەش نەکرێت دەتوانێت مەریەم مارەبکات، بەتایبەتی کەئەو پایەی موستەشاری دەوڵەتی وەرگرتووە و بەرزترین پلەو پایەی سەربازی هەیە ، باوکی مەریەم نەک هەر ڕازی دەبێت بەڵکو دەست لەسەر سنگ لەبەردەمیدا دەوەستێت و سڵاوی سەربازی لێ دەکات. کێ خودا ئەیداتێ کچەکەی بداتە وەزیری بەرگری ووڵات؟

لەوانەیە بەشیرەکەی ئێمە وای لێکدابێتەوە مارەکردنی مەریەم هەنگاوی پێش وەختەی پلانی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردییە، چونکە کاتێک بەشیر و بەکرسدقی هاوڕێی دەیانەوێت ئینقیلاب بکەن و سوپای کوردستان دروست بکەن پێویستیان بە پەیوەندی دیبلۆماسی دەبێت، لەوانەیە ئەوکات یۆنان یەکەم وڵات بێت دان بە سەربەخۆی کوردستاندا بنێت.

مەریەم کرایە بووک و بەڕێوڕەسمی شاهانە بۆ کۆشکی بەشیر گوێزرایەوە. لەبەر جوانیەکەی هەموان سەرسامی بوبون، بەشیر ئاگای لێ بوو یەکێک لە پاسەوانەکانی بەچاوی خیانەت لە مەریەمی دەڕوانی، بەشیر ئەم ڕەفتارە ناشیرینەی پێ قبوڵ نەکراو هەستایەوە قۆناگەتفەنگێکی سرەواندە پاسەوانی خیانەتکار، لە هاڕەی ئاوێنەکەی بەردەمی داچلەكی، تمەس تا هێزی تێدابوو گەزی خەیاتیەكەی کێشابوو بە ئاوێنەكەی بەردەمیدا.

هەواڵ هات کە ئەنجامی هەڵبژاردنی مەجلیس ئاشکرابووە و لە لیوای سلێمانی ئەو دەرنەچووە، بگرە دەنگێکی کەمیشی هێناوە، بەشیر بەتەواوەتی توڕە بوو، دەمی کەفی کرد، ئەوجالەبەر خۆیەوە وتی”ئەم میللەتە هێشتا نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی سەرۆکێکی وەک منیان هەبێت”.

لەوکاتەدا جەمال نەبەز بۆی سەندەوەو پێی وت کاتی خۆی هیتلەریش هەمان شتی وتووە، بەشیر بەئەسپایی سەرێکی راوەشاندوو وتی ئەویش هەقی بوو.

کاتێک بەشیر بێ ئومێدبوو لە مەجلیس و هەڵنەبژێردرا بەنائب، وتی بەکری ڕەفیقم تۆڵەم بۆ دەکاتەوە، هەرنەبێت دەمکاتە وەزیری بەرگری، حکومەتیش تەشکیل کراو خەبەرێک لە وەزیریەکەی بەشیر نەبوو، كەچی بەسەرخۆیدا نەهێناو لەملاولا دەیوت هەڵبەتە منی بۆ پۆستێکی گەورەتر هەڵگرتووە، کاتێکیش کە کودەتا بەسەر بەکردا کراو لە سێدارە درا ئەوجا بەشیر دەنگی نێربوو بەسەر هەموو ئەوانەدا کەدەیانوت بەکرحسابی بۆ نەکردوە، بەشیر دەیوت ئەها تەماشاکەن ئەم بەکر سدقیە چەندە منی خۆش ویستووە،نەی کردم بە وەزیر بۆئەوەی سەرم تیانەچی و پاریزراوبم.

لە ڕاستیدا چیرۆکی هاوڕێیەتی بەکر و بەشیر بۆ خۆی نهێنیەكی ئاڵۆزی ترە، چونکە کەس نازانێت چیرۆکی هاوڕێیەتییان چۆن چۆنییە.

بەشیر خۆی دەیووت ئەوکاتە لەدەورەی سەربازی عوسمانی هەردوکمان پێکەوە بووین ئیتر ئەوەبوو چونکە لە ئازایەتی و زیرەکی من دەترسان ڕێگەی پێشکەوتنیان نەدام و پیشەکەیان گۆڕیم. بەم پێیە ئەبێت تورکەکان هێندەی بەشیریان لە بەکر ڕەوانەبینیبێت، بۆیە گوێیان پێ نەداوە و ڕێگەیان داوە ئەم ئەفسەرە کوردە بچێتە پێشەوە.

بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەبوو کە ئەم هاوڕێیەتییەی بەشیر و بەکر تاک لایەنە بوو ، واتا تەنها بەشیر بەکر سدقی بەهاوڕێی خۆی دەزانی و لەلایەن بەکرەوە هیچ ئاماژە وە خەبەرێک نەبوو.

تێبینی: ئەم وتارە خۆی شتێكە لە نێوان حەقیقەت و خەیڵدا دەقاو دەق وەك بەشیر موشیر خۆی، ئیلهامی لە نوسینێكی مامۆستا كامیل ژیر وەرگرتووە بەناوی” بەشیر ئەو سەرۆكەی نە راستی كرد نە درۆ”.

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …