Home / بەشی مێژووی كورد / مەنیج حەیران کێ بوو؟؟

مەنیج حەیران کێ بوو؟؟

مەنیج حەیران کێ بوو؟؟

FB_IMG_1517485809039

حەیران بێژێکو ژنە کوردێکی بەتوانا (مەنیج حەیران)
ئەم ژنە بەتوانا دەنگ خۆشە توانیوێتی لە هەستیار ترین کاتو سەردەمدا پێگەی خۆی دەست نیشان بکات هەرچەنە لەو کاتانەدا خەڵکی زۆر بەچاوی خراپو گومانەوە ڕوانیویانەتە هونەرو گۆرانی ئینجا نەخوازە ژنێک بیەوەێت هەڵکەوێت لەناو کۆمەڵگایەکی پیاو سالاریدا ئەبێت چەن ئەستەم هاتبیتە سەر ڕێگای لە لایەکی دیکەوە کۆمەڵگەی پیاوسالاری کوردستان زۆر لە مێژ نییە رێگەی بە ژنان داوە لە بواری هونەردا چالاکی بنوێنن و خۆیان دەربخەن. ئەوانەی بەو دواییانەش دەرکەوتوون هەر لە تیر و تانە و تڕۆکردن و سووکایەتی پێکردن لە لایەن پیاوانەوە بێبەش نەکراون. بۆیە سەیر نییە کە دەنگی ئەوانە تۆمار نەکراوە و هیچ بەرهەمێکیان بە ئێمە نەگەیشتووە مەنیج حەیران یەکێک لەو مرۆڤە کوردە بەهرەمەندانەیە کە مێژوو ناهەقیی لێکردووە و کۆمەڵگەکەشی ئەو زوڵم و ناهەقییەی لێ خەستتر کردووەتەوە کاتێ دەبینین کەسێکی ئاوا نۆرم شکێن و ئازا و بوێر، کەسێک کە خۆی دەکاتە فیدای هونەر و تواناکەی و رێگەیەک دەکاتەوە بۆ نەوەی دوا رۆژی خۆی کەچی بە داخەوە ئێستا بەگوێرەی پێویست نەناسراوە کەواتە قوربانیدانی ئەو ژنە هونەرمەندانە کاروانی هونەری ژنانەی کوردی نزیک بە نیو سەدە بەرەوپێشتر بردووە و وای کردووە ئیتر ئافرەتە هونەرمەندی ئەمڕۆ بەو رێچکەیەدا نەرواتەوە. بەڵام ئەگەر سەردەمەکەیان ئەو زوڵمە زۆرەی لێکردوون و هەقی خواردوون و سەرکوتی کردوون، ئیتر پێویستە نەوەی نوێ چاکەیان بداتەوە و ناویان بزر نەبێت حەیران یەکێکە لە روخسارە دەوڵەمەندەکانی گۆرانیی کوردی. حەیران شێوە گوتنێکی کوردییە لەسەر مەفامی بەیاتە کە دوو چین یان شێواز یان جۆری گوتنی هەیە. مەقامی بەیات لە سەر نۆتەی سۆڵ وەرگیراوە نۆتەی (لاکار)وە دەست بە گوتنی حەیرانەکە دەکاتن، دەچێتە نۆتەی چوارەم (دۆ) و هەندێ جار بۆ چەند چرکەیەک دەگاتە نۆتەی پێنجەم (رێ) و دواجار لە سەر نۆتەی یەکەمی ئەو مەقامە (سۆڵ) دەسەکنێت. بەڵام بەر لە هەموو شتێک پێویستە بە کورتی ئاوڕێک لە پێناسە و جۆگرافیا و شێوازی حەیران بدەینەوە حەیران بە واتای قوربان بوون، بەفیدابوون دەگەیێنێت و زۆر کەرەت دەگوترێ هەی بە حەیرانت بم! واتا هەی بە قوربانت بم، هەی بە فیدات بم. حەیران واتای سەرسووڕمان و سەرسامبوون دەگەیێنێت.
حەیران لە ناوچەی هەولێر و کۆیە و موکریاندا بە مانای یار دێ. کوڕ بە یارەکەی دەڵێ: کچەتیمە حیران، حەیرانیش بەو دەڵێ: کوڕەتیمە حەیران.
حەیران ئەو ئاواز و بەندە خۆشەیە …. حەیران بۆ ناوی کیژ بەکار دێ .دەربارەی ئەوەی کە ئاخۆ حەیران تایبەت بە کام ناوچەی کوردستان (رۆژهەڵات و باشوور)ە و لە کامیانەوە سەرچاوەی گرتووە و پەڕیوەتە ئەوی دیکەیان، هەتا ئێستاش را و بۆچوونی جیاواز هەیە. هەندێک دەڵێن حەیران لە موکریان سەری هەڵداوە و بەرەو هەولێر هاتووە هەندێک بە پێچەوانەوە دەڵێن لە دەشتی هەولێرەوە دەچێت بەرەو موکریان و زۆرجار سنوورەکە دەبڕێ و دەچێتە لای ماردین و دیاربەکر و لەوێ پێی دەڵێن حەیرانۆک هەر وەک روون و ئاشکرایە مەڵبەندی حەیران دەشتی هەولێر و قەراج و کەندیناوەیە. بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە زۆربەی حەیرانبێژەکان خەڵکی ئەم ناوچەیەن و ناوی ئەم شوێن و ناوچانەی نێو حەیرانەکان هەمووی هی ئەم دەشتە پان و بەرینەیە و کەم حەیرانبێژ هەیە ناوی قەراج و کەندیناوە و هەولێر نەهێنێ، بێجگە لەمە کاتێک حەیرانبێژ دەست بە گوتنی حەیرانەکەی دەکات لە قەراج و مەخموور هەردەستێ بۆ هەر کوێیەک بڕوا هەر دەگەڕێتەوە ئەو ناوچەیە. (مەخموورى.مامۆستا حەمەی حەمەباقییش لە کتێبی مێژووی موسیقای کوردیدا دەڵێ: من پێم وایە ناوچە زۆزان و سەختەکان پلەی دەنگ و ریتمی مۆسیقا و گۆرانییان توند و گورجە و تا بەرەو ئاران و پێدەشت و هەردە و هەڵەتی باشووریش شۆڕتر ببینەوە، ریتمی مۆسیقا و گۆرانییەکان هێمنتر و خاوتر و ئارامتر دەبنەوە وەک ئەوەی ئەگەر لە جۆرافیای لاوک و لاوژە و حەیران و سیاوچەمانەدا کە لە هەرێمە کوێستان و سەختەکان دان، ریتمی مۆسیقایان گورج و حەماسی بێت، ئەوا لە پێدەشتەکانی گەرمیانی دەوروبەری کەرکووک و سلێمانی و کراماشاندا، مەقامی خەمین و لەسەرخۆی وەک ئای ئای و قەتار و خاوکەر و هۆرە ئەبیستین. جۆرەکانی حەیران لە رووی پێکهاتە و ناوەڕۆکەوە
حەیرانیش خۆی بەپێی پێکهاتەکەی، بەسەر چەند بەشێکا دابەش دەبێت.
1ـ حەیرانی مەجلیسی و کۆشک و دیوەخان: حەیرانی مەجلیسی لە دیوەخان و کۆڕ و مەجلیسدا گوتراوە. بە پەیژە و چینێکی نزمدا گوتراوە و دەنگی حەیرانبێژەکە لە مەجلیس و کۆڕەکە نەچووەتە دەرەوە و هەر ئەوانەی لەوێدا دانیشتوون گوێیان لێی بووە.
2ـ حەیرانی چیایی، هەوایی: ئەو حەیرانە لە ئامێزی سرووشتدا گوتراوە. حەیرانبێژ بەکەیفی دڵی خۆی تێی چریکاندووە و دەنگی لێ هەڵێناوە. دوکتۆر شوکریە رەسووڵ لە کتێبی ئەدەبی فۆلکلۆریی کوردیدا دەڵێ: حەیرانی سەرچیایی ـ سەرهەڵدان، هەوایی سواری لە چینی دووەمی حەیراندا (سەرچیایی) زۆرتر لە دەرەوە … لە ناو سرووشتدا گوتراوە… حەیرانبێژ لە نۆتەی پێنجەمی مەقامی (بەیاتی سۆل) واتە (رێ) دەست بە گوتنی ئەو چینە دەکات و دەچێتە سەر نۆتەی شەشەمی (می بیمۆڵ) و دێتەوە بۆ نۆتەی پێنجەم (رێ) . ئەم کارە چەندین جار دووبارە دەبێتەوە و دواجار دەگاتە نۆتەی حەفتەمی مەقامی بەیات (فا) بەر لەوەی جارێکی دی پێ بە پێ دابەزێت و لەسەر نۆتەی یەکەمی مەقامی بەیات واتە (سۆڵ) بسەکنێت.

بە سوپاسەوە لە واڵی تایبەتی shameran Sherzad ەوە وەرگیراوە

1 ی شوباتی 2018
بڕیار

About زريان احمد

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …