یه‌ك شه‌ممه‌ , ئه‌یلول 23 2018
Home / بەشی مێژووی كورد / مەلا مستەفا شێخی شۆڕش ‌و بەرپرسی یەكەمی شكستەكان

مەلا مستەفا شێخی شۆڕش ‌و بەرپرسی یەكەمی شكستەكان

مەلا مستەفا شێخی شۆڕش ‌و بەرپرسی یەكەمی شكستەكان

 

خەڵك- ئەحمەد عەبدوڵا

مستەفا ئەحمەد بارزانی یان مەلا مستەفای بارزانی 113 ساڵ پێش ئێستا و لە گوندی بارزان لە دایكبووە و بۆ ماوەی چەند دەیەیەك رابەرایەتی شۆڕشی رزگاریخوازی نەتەوەی لە باشوری كوردستان كردووە.

بە بڕوای شارەزایانی مێژوو مەلا مستەفا بارزانی وەكچۆن شۆڕشگێڕێكی ناسراو و كاریگەر بووە و جێدەستی بەسەر گۆڕینی هاوكێشەی سیاسی و سەربازی عێراق و ناوچەكەوە دیاربووە، هاوكاتیش بەشێك بووە لە شكستی بزوتنەوەی نەتەوەی كورد لە سەدەی رابردوودا، بەتایبەتی بەهۆی هەرەسی شۆڕشی ئەیلول و نەگەیشتنە ئامانجی شۆڕشەكە، بەهۆی ئەوەی پشتی بە دەرەوە بەستبوو، كاتێ پشتیوانی دەرەوەی لێ بڕا، شۆڕش شكستی خوارد.

مەلا مستەفای بارزانی رۆژی 14 ئاداری 1903 لە دایكبووە و كۆڕی شێخ ئەحمەد بارزانی كوڕی شێخ عەبدولسەلام بارزانیە، بنەماڵەی بارزانی لە كۆتایی ساڵانی دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانیدا چەندجارێك لە فەرمانی دەوڵەتی عوسمانی دەرچوون و داوای مافەكانی كوردیان كردووە، بەڵام هیچ كام لەو جوڵانەوانەیان سەركەوتنی بەدەستنەهێناوە، بەتایبەتی جوڵانەوەی شێخ عەبدولسەلام بارزانی باپیری مەلا مستەفا بارزانی.

جێهێشتنی وڵات

لە ساڵی 1943 و لەسەردەمی پادشایدا مەلا مستەفا دەستی بە شۆڕش و جوڵانەوەی جەماوەری دژ بە حكومەتی پادشایی عێراق كردووە و شۆڕشەكەی تەنها سێ‌ ساڵی خایاندووە و لە ساڵی 1946 دا رووی لە ئێران كردووە و بووەتە ئەفسەری كۆماری مەهاباد.

چاودێرانی مێژوویی، بۆچونی جیاوازیان دەربارەی چونی مەلا مستەفا بۆ مەهاباد هەیە و هەندێك دەڵێن، مەبەستی هاوكاریكردنی كۆماری تازە پێكهێنراوی مەهاباد بووە و هەندێكی دیكەیش رەتیدەكەنەوە، پێیانوایە مەلا مستەفا بارزانی لە ژێر فشاری سەربازی حكومەتی عێراقدا ئەو كارەی كردووە.
بۆ ماوەی نزیكەی ساڵێك لە مەهاباد ماوەتەوە و بەهۆی هێرشی سەربازی دەوڵەتی ئێران رووخانی كۆماری مەهاباد و لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەد سەرۆك كۆماری كوردستان لە مەهاباد لەو كاتەدا، مەلا مستەفا بارزانی و پێشمەرگانی ئێرانیان بەرەو یەكێتی سۆڤیەت جێهێشتووە.

گەڕانەوە بۆ وڵات

لە ساڵی 1958 دا و دوای كودەتای تەمموزی 1958، مەلا مستەفا بارزانی و پێشمەرگەكانی دوای 12 ساڵ مانەوە لە یەكێتی سۆڤیەت گەڕانەوە بۆ عێراق و لەلایەن قاسمەوە پێشوازی گەرمیان لێكرا.
مانەوەی ئاشتیانەی عەبدولكەریم و بارزانی زۆری نەخایاند و لە مانگی ئەیلولی 1961 دا جارێكی تر بارزانی دەستی بە جوڵانەوەی چەكداری دژ بە حكومەت كردەوە، هەرچەندە جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و یەكێك لەهاوكارەكانی ئەو كاتەی بارزانی ساڵی 2012 رایگەیاند، بارزانی لەگەڵ دەستپێكردنەوەی شۆڕش نەبووە، بەڵام شۆڕش دەستی پێكردەوە و لەماوەیەكی كورتدا سەركەوتنی زۆری بەدەستهێنا.

بەیاننامەی 11 ئادار

دوای 9 ساڵ لە شۆڕشی ئەیلول و لە ساڵی 1970 دا بەیاننامەیەك لە نێوان سەركردایەتی شۆڕش و حكومەتی ئەو كاتەی عێراقدا راگەیەندرا و بەپێی بەیاننامەكە، كێشەكانی نێوان هەردوولا كۆتایی پێهێندرا، بەڵام بەهۆی پابەندنەبوونی حكومەتی عێراقەوە بە بەڵێنەكانی جارێكی تر شۆڕش دەستی پێكرایەوە و لە قۆناغی دووەمی شۆڕشدا، شۆڕشگێرانی كورد بە وزەیەكی ترەوە بەشێكی ناوچەكانی باشوری كوردستانیان كۆنترۆڵكرد، بەشێوەیەك دەسەڵاتی دەوڵەت تەنها لە سنوری شارەكان و ناوچەكانی دەوروبەری شار بوو و ناوچە گوندنشینەكان و بەتایبەتی سنورەكانی عێراق-ئێران، عێراق- توركیا لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە كۆنترۆڵكران.

هەرەسی شۆڕش

قۆناغی دووەمی شۆڕشی ئەیلول تەنها ماوەی نزیكەی چوار ساڵی خایاند و بەهۆی رێككەوتنی 6 ئاداری 1975 (رێككەوتنی جەزائیر) ی نێوان عێراق و ئێرانەوە شۆڕشەكە شكستی هێنا و مەلا مستەفا بارزانی و زۆربەی فەرماندە و بەشێك لە پێشمەرگەكانیش ئاوارەی ئێران بوون، چونكە ئێران بە سەركردایەتی شۆڕشی وت تەسلیمی عێراق ببنەوە یان ئێران سنور دادەخات و هاوكاریان ناكات.

بە بڕوای بەشێك لە چاودێرانی سیاسی و مێژووی شۆڕشی ئەیلول بەهۆی پشتبەستی بە ئێران و دانانی هەموو هێلكەكانی لە سەبەتەی ئەو وڵاتەدا نەیتوانی بەرگەی شەڕی پارتیزانی بگرێت و توایەوە و ئامانجەكانی شۆڕشیش بە مێژوو سپێردرا.

مەلامستەفا بارزانی بەرپرسیارەتی یەكەمی سەركەوتن و شكستەكانی هەردوو قۆناغی شۆڕشی ئەیلولی دەكەوێتە ئەستۆ، لەلایەك بەهۆی كۆمەڵایەتی بوون و سیاسەتی راستگۆیانەی بارزانییەوە لە ماوەیەكی كورتدا پشتیوانی جەماوەری زۆری لە دەوری خۆی كۆكردتەوە و خەڵكی هەموو ناوچەكانی باشوری كوردستان تێدابووە، تەنانەت لە پارچەكانی دیكەی كوردستانیشەوە خەڵك بۆ نێو شۆڕش هاتووە، لەلایەكی ترەوە، بەهۆی نەبوونی ستراتیژیەكی سیاسی و سەربازی سەربەخۆوە نەیتوانیووە بەرگە بگرێت و لە ماوەی چەند رۆژێكدا شۆڕشێكی دەیان هەزار چەكداری تواندەوە.

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About didar othman

Check Also

ظهور-پادشاهی-ماد

خۆڵەمێشی نوسراوەکانی ( ماد – میدی ) درا بەدەم باوە .

خۆڵەمێشی نوسراوەکانی ( ماد – میدی ) درا بەدەم باوە . ن/ ھێمن حەسەن ڕۆستەم …