Home / بەشی مێژووی كورد / سامی عەبدولڕەحمان بۆ لەپارتی جیابوویەوەو چۆن گەڕایەوە بۆ ناو پارتی؟

سامی عەبدولڕەحمان بۆ لەپارتی جیابوویەوەو چۆن گەڕایەوە بۆ ناو پارتی؟

تا ناوەڕاستی شەستەكانی سەدەی ڕابردوو، لەگەڵ حیزبی شیوعی عێراقدا دەبێت، لەگەرمەی ململانێكانی نێوان مەلا مستەفاو باڵی مەكتەبی سیاسیدا پەیوەندی بە پارتییەوە دەكات‌و وەك كریس كۆچێرا باسیكردووە، لەماوەی سێ ساڵدا بروسكە ئاسا پلەكانی بەرزبوونەوەی حیزبی دەبڕێت‌و دەبێتە ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی.

بێگوومان ئەم گرنگیدانە بە سامی عەبدولڕەحمان‌و بەو خێراییە كردنی بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی لە لایەن مستەفا بارزانییەوە دوو هۆی هەبوو، یەكەمیان پەیوەندی بەو بۆشاییە گەورەیەوە هەبوو كە باڵی مەكتەبی سیاسی لە پارتیدا دروستیان كردبوو، هۆكاری دووەمیش ئەوە بوو كە سامی لە بەریتانیا خوێندبووی‌و زمانی ئینگلیزی دەزانی‌و وەكو وەرگێڕ، یاوەری ئەو ڕۆژنامەنووسە بیانییانەی دەكرد كە دەهاتن بۆ لای بارزانی.

،،

سامی عەبدولڕەحمان كە قیادەی كاتی پارتی لە دەرەوەی وڵات دروستدەكاتەوە لە لە مانگی 10ی ساڵی 1976 دەچێتە واشنتۆن بۆ لای مەلا مستەفاو بۆ ئەو مەبەستە قسەی لەگەڵدا دەكات، بەڵام بەوتەی خۆی مەلا مستەفا باوەڕی بە بەرگریكردن‌و سەرهەڵدانەوەی نوێ نەبووە.

” محەمەد مەحمود شەنگالی” ” سامی”، لە ساڵی 1932 لە دایكبووە، لە زانكۆی موسڵ خوێندوویەتی‌و پاشان چوووەتە زانكۆی مانچستەر لە بەریتانیاو ئابوریشی لە لەندەن خوێندووە، دواتر گەڕاوەتەوە عێراق‌و تاساڵی 1963 لە وەزارەتی نەوتی عێراق كاریكردووە، ئەو سەرەتای كاری سیاسی لە حیزبی شیوعی عێراقەوە دەستپێدەكات‌و لەناوەڕاستی شەستەكانی سەدەی ڕابردوودا پەیوەندی بە پارتییەوە دەكات‌و لە كۆنگرەی شەشەمی پارتی لە ساڵی 1966 بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی‌و پاشان بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی دیاریدەكرێت.

تا هەرەسی شۆڕشی ئەیلوول یەكێك دەبێت لە هەرە بڕوا پێكراوەكانی مەلا مستەفاو لە ساڵی 1970 – 1974 لە حكومەتی عێراقیدا دەبێتە وەزیر بۆ كاروباری باكور.
كریس كۆچێرا لە كتێبی ” بزوتنەوەی نەتەوەیی كوردو ویستی سەربەخۆیی”دا ئەوە باسدەكات كە لەپاش هەرەسی شۆڕشی ئەیلوول، دەربارەی دەستپێكردنەوەی خەبات‌و كۆبوونەوەكانی ” عەلی عەسكەری‌و عومەر دەبابەو دكتۆر خالید سەعید” لە شاری نەغەدەی ئێران، پرسیاری لە سامی عەبدولڕەحمان كردووە كە لەكەرەج بووە، سامی وتوویەتی :” بزوتنەوەی چەكدارانەی كورد كۆتایی هاتووەو ئەو دەستەیە لە ڕووی سیاسییەوە بەتەواو بوو دا دەنرێن”.

،،

لەسەروبەندی كۆنگرەی نۆیەمی پارتیدا، ناكۆكییەكانی سامی عەبدولڕەحمان لەگەڵ كوڕانی مەلا مستەفادا دەتەقنەوە

كت‌و مت پێچەوانەی ئەو قسانەی خۆی، لەگەڵ هەوڵەكانی دەستپێكردنەوەی شۆڕش لە لایەن مام جەلال‌و هاوڕێكانییەوەو دروستكردنی ” یەكێتی نیشتیمانی”، سامی عەبدولڕەحمان یەكێك دەبێت لەوانەی كە سەركردایەتی پارتی ” قیادە موەقەتە” دروستدەكات‌و هەرزووش لەگەڵ یەكێتیدا دەكەونە ململانێ‌و شەڕی سەختەوە.

سامی عەبدولڕەحمان كە قیادەی كاتی پارتی لە دەرەوەی وڵات دروستدەكاتەوە لە لە مانگی 10ی ساڵی 1976 دەچێتە واشنتۆن بۆ لای مەلا مستەفاو بۆ ئەو مەبەستە قسەی لەگەڵدا دەكات، بەڵام بەوتەی خۆی مەلا مستەفا باوەڕی بە بەرگریكردن‌و سەرهەڵدانەوەی نوێ نەبووە.

سەكردەكانی یەكێتی دروستكردنی سەكردایەتی كاتی بەدژایەتیكردنی یەكێتی‌و شۆڕشی نوێ ناو زەد دەكەن‌و ئەوان پێیانوابووە “سەركردایەتی كاتی پارتی” بۆ تێكدانی شۆڕش هاتوونەتەوە مەییدان‌و لە ئەدەبیاتی سیاسی یەكێتیشدا هاتووە كە ئیدریس بارزانی وتوویەتی:” ئەگەر شۆڕشمان پێنەكرێت، شۆڕشمان پێ تێكدەدرێت”.

لەپاش هەرەسی شۆڕشی ئەیلوول، لەسەر میراتی پارتی، هاوكات لەگەڵ سامی عەبدولڕەحماندا كە سەرگەرمی دروستكردنی سەركرایەتی كاتی پارتی بوو، “دكتۆر مەحمود عوسمان”یش لەگەڵ “شەمسەدین موفتی‌و عەدنان موفتی‌و قادر جەباری”دا ” لیژنەی ئامادەكاری پارتی”یان دروستكردو ” عەلی سنجاریش” ” یەكێتی دیموكراتی كوردستان”ی دروستكرد.

زۆرێك لەسەرچاوەكانی تایبەت بەو مێژووە باس لەوە دەكەن كاتێك كە سامی عەبدولڕەحمان‌و نوری شاوەیس‌و جەوهەر نامیق‌و كریم سنجاری عارف تەیفور خەریكی دروستكردنەوەی پارتی بوون، بنەماڵەی بارزانی ئاگایان لەو هەوڵانە نەبووەو ئەوان تەنها وەكو هێمایەك ناوی بارزانییان هێناوە.

بەڵام لەپاش ماوەیەكی كەم لە پێكهێنانی “سەركردایەتی كاتی پارتی”، كوڕانی مەلا مستەفا ئیدریس بارزانی‌و مەسعود بارزانی دەستبەسەر ئەو سەركرایەتییە كاتییەدا دەگرن‌و لەسەر وەختی ئەنجامدانی كۆنگرەی نۆی پارتیشدا سامی عەبدولڕەحمان‌و هاوڕێكانی ناچار بە وازهێنان‌و دوركەوتنەوەیان لەپارتی دەكەن‌و كاتێكیش ئیدریس بارزانی‌و مەسعود بارزانی دەستبەسەر پارتیدا دەگرن سامی‌و بەشێك لەسەركردەكانی سەركردایەتی كاتی، لەپارتی جیا دەبنەوە.
لە ئەدەبیاتی سیاسی یەكێتیدا، سامی عەبدولڕەحمان وەكو یەكێك لە تاوانبارەكانی كارەساتی ” هەكاری” ناوی دێت.

سەید كاكە لە بیرەوەریەكانیدا ئاماژە بەوە دەكات كاتێك كە لەكارەساتی هەكاریدا لە لایەن “قیادە موەقەتەوە” بەدیل گیراوە، بە سامی عەبدولرەحمانی وتووە كە ڕێكەوتنیان لەگەڵ ئیدریس بارزانیدا هەبووە، بەڵام سامی عەبدولڕەحمان پێیووتوە:” ئێوە لەخۆتانەوە ئیدریس بە بەرپرسی ئێمە دادەنێن، ئێمە سەر بەئیدریس نین”.

سەید كاكە ئەوەشی ئاماژە پێداوە كە قیادە موەقەتە لەوكاتەدا چەندە دژی ئێمە بوون، هێندەش دژی ماڵی بارزانی بوون.

،،

كریس كۆچێرا لەزاری سامی عەبدولڕەحمانەوە باسلەوە دەكات كە سامی وتوویەتی” بڕیاری من بۆ جیابوونەوە لە پارتی كاتێكبوو كە پێشمەرگەكانیپارتی لەبەرانبەر ڕێپێوانی كوردەكانی شاری “شنۆ” تەقەیان كرد

سامی عەبدولڕحمان كە سكرتێری گشتی سەركردایەتی كاتی پارتی بووە، لەو كاتەشدا ڕێبەرایەتی باڵی چەپی سەركردایەتییە كاتییەكەی كردووە، هەر زوو لەگەڵ ئیدریس بارزانی‌و مەسعود بارزانی‌و بەتایبەت لەگەڵ ئیدریس بارزانیدا دەكەوێتە ململانێوە.

بەپێی سەرچاوەكان سامی‌و ڕەوتەكەی دژی پەیوەندییەكانی ئیدریس بارزانی بوون لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێرانداو دژی چوونی پارتی بوون بۆ پاڵ ڕژێمی نوێی ئێران دژی كوردانی ڕۆژهەڵات.

كریس كۆچێرا لەزاری سامی عەبدولڕەحمانەوە باسلەوە دەكات كە سامی وتوویەتی” بڕیاری من بۆ جیابوونەوە لە پارتی كاتێكبوو كە پێشمەرگەكانی مەسعودو ئیدریس بارزانی لەبەرانبەر ڕێپێوانی كوردەكانی شاری “شنۆ” تەقەیان كرد، من ناتوانم ئەوە پەسەند بكەم كە كورد بەهەر بيانويەك بێت كوردیتر بكوژێت”.

ئەو قسانەی سامی عەبدولڕەحمان لەكاتێكدا بووە كە ساڵێك بەر لەوە خۆی لەكارەساتی ” هەكاری”دا بەشداری شەڕی براكوژی كردووەو ڕێبەرایەتی ئەو “قیادە موەقەتەیە”ی كردووە كە دەیان پێشمەرگەی یەكێتی‌و هەریەكە لە ” عەلی عەسكەر‌و دكتۆر خالیدو شێخ حسێن شێخ بابا”یان كوشتووە.

لەسەروبەندی كۆنگرەی نۆیەمی پارتیدا، ناكۆكییەكانی سامی عەبدولڕەحمان لەگەڵ كوڕانی مەلا مستەفادا دەتەقنەوە، هەرچەندە واباسدەكرێت كە لەسەر كات‌و میكانیزمەكانی ئەنجامدانی كۆنگرە ڕێكنەكەوتوون‌و سامی‌و ڕەوتەكەی داوای دواخستنی كۆنگرەیان كردووە، بەڵام ناكۆكییەكان هۆكاری دیكەیان هەبووەو فاكتەری جەوهەریش ئەوە بووە كە سامی عەبدولڕەحمان دڵنیابووە لەوەی كە مەسعودو ئیدریس بارزانی كۆنترۆڵی پارتییان كردووەو لە كۆنگرەشدا خۆیی‌و ڕەوتەكەی دەكەونە پەراوێزەوە.

ڕەنگە هۆكارێكیتریش ئەوە بووبێت كە مەسعود بارزانی لەسەروەختی سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانداو لەكاتی گەڕانەوەیدا لە ئەمەریكاوە بۆ ئێران بەڵێنی بەسەرانی شۆڕشی ئیسلامی داوە كە بزوتنەوەی نیشتیمانی كوردستانی عێراق لەكەسانی چەپڕەو پاك دەكاتەوە، ئەمە ئەگەر مەبەست لێی دژایەتیكردنی یەكێتی بێت وەكو هێزێكی چەپ لەو كاتەدا، بێگومان هەڕەشەش بووە بۆ سەر سامی عەبدولڕەحمان وەكو ڕێبەری چەپەكانی ناو پارتی، ئەوەش لەكاتێدایە هەمیشە ئیدریس بارزانی سامی عەبدولڕەحمانی بە ماركسی‌و دژ بەڕێبازی مەلا مستەفا تاوانبار دەكردو ئەوەی كردبوویە هۆیەك بۆ دژایەتیكردنی.

،،

لەگەڵ گەڕانەوەی سامی عەبدولڕەحماندا بۆ ناو پارتی‌، سەركردەكانی دیكەی “پارتی گەل” ” عارف تەیفورو كەریم سنجاری” چونەوە سەركردایەتی پارت

لەپاش جیابوونەوەی خۆی‌و گروپەكەی لە پارتی، بەهۆی ئەو نزیكایەتی‌و هاوكارییەی كە لەنێوان ئیدریس بارزانی‌و مەسعود بارزانی‌و سەرانی جموری ئیسلامی ئێراندا هەبووە، سامی عەبدولڕەحمان ماوەیەك لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە دەگیرێت‌و دوای بەربوونیشی ناچار دەبێت ئێران بەجێبهێڵێت‌و ڕوو بكاتە ئەوروپا.

پاش ئەوەی لەپارتی جیادەبێتەوە لە 30ی تەمموزی 1981 لەگەڵ هەریەكە لە” نوری شاوەیس‌و عارف تەیفورو كەریم سنجاری‌و جەوهەر نامیق”دا حیزبێك بەناوی ” پارتی گەلی دیموكراتی كوردستان” ڕادەگەیەنن.

هەرچەندە جیابوونەوەی ئەمان لە پارتی بۆ یەكێتی جێگەی خۆشحاڵی بووە، بەڵام نەیانتوانیوە لە یەكێتی نزیكببنەوە، چونكە ئەمان لەو سەركردانەی قیادە موەقەتەن كە لەلایەن یەكێتییەوە كوشتنی ” عەلی عەسكەری‌و دكتۆر خالیدو شێخ حسێن شێخ بابا” خرابوویە ئەستۆیان.

لەگەڵ جیابوونەوەیاندا لەگەڵ پارتیدا ململانێكانیان دژواتر دەبن‌و لەهەندێك شوێنیشدا شەڕ لە نێوان پارتەكەی سامی عەبدولڕەحمان‌و پارتیدا دروست دەبێت.
حیزبەكەی سامی عەبدولڕەحمان ” پارتی گەل” یەكێك دەبێت لەو حیزبانەی كە بەشداری دروستكردنی ” بەرەی كوردستانی” لە ساڵی 1988 دەكات‌و لەپاش ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991یش سامی عەبدولڕەحمان یەكێك دەبێت لە ئەندامی سەرەكی ئەو وەفدانەی كە بەسەركردایەتی مام جەلال‌و مەسعود بارزانی بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ حكومەتی ئەوكاتەی عێراق‌و سەددام حسێندا دەچنە بەغدادو ئەو هەمیشە ئەندامی سەرەكی ئەو وەفدە دەبێت كە مام جەلال سەرۆكایەتی دەكات.
لەپاش هەڵبژاردنەكانی ساڵی 1992، حیزبەكەی سامی عەبدولڕەحمان لەگەڵ هەریەك لە ” حسك‌و پاسۆك”دا یەكدەگرن‌و حیزبی دەگرن‌و حیزبی ” یەكگرتن” دروستدەكەن‌و لە كۆنگرەی حیزبی یەكگرتنیشدا، سامی عەبدولڕەحمان بەئەندامی سەركردایەتی حیزب‌و پاشان مەكتەبی سیاسی دیاریدەكرێت.

پاش ماوەیەكی كەم، حیزبی یەكگرتن دەچنە ناو پارتییەوەو لەپاش چواردە ساڵ دابڕان سامی عەبدولڕەحمان دەبێتەوە بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی‌و بەشێك لە هاوڕێكانیشى لە ” پارتی گەل” دەبنەوە بە ئەندامی سەركردایەتی پارتی.

گەڕانەوەی سامی عەبدولڕەحمان‌و هاوڕێكانی بۆ ناو پارتی، لەهەمان گەڕانەوەی مەلا بەختیارو هاوڕێكانی دەچێت بۆ ناو یەكێتی.

سامی عەبدولڕەحمان لەپاش یەكگرتنی حیزبەكەی” پارتی گەل” لەگەڵ ” پاسۆك‌و حسك”دا بەماوەیەكی كەم‌و لەپاش چواردە ساڵ دابڕان لە ساڵی 1993دا دەگەڕێتەوە بۆناو پارتی‌و مەلا بەختیاریش لەپاش هەشت ساڵ دابڕان ‌و لە سەرەتای ساڵی 1993‌و دوای یەكگرتنی حیزبەكەی ” ئاڵای شۆڕش” لەگەڵ حیزبی زەحمەت كێشان دا، بەماوەیەكی كەم، دەگەڕێتەوە بۆ ناو یەكێتی.

سامی عەبدولڕەحمان پاش ماوەیەكی زۆر لە دژایەتكردنی پارتی دەچێتەوە ئاستی ناوەندی باڵای پارتی‌و دەبێتەوە بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و مەلا بەختیاریش بەهەمانجۆر.

لەگەڵ گەڕانەوەی سامی عەبدولڕەحماندا بۆ ناو پارتی‌، سەركردەكانی دیكەی “پارتی گەل” ” عارف تەیفورو كەریم سنجاری” دەچنەوە سەركردایەتی پارتی‌و بەهەمانجۆر لەگەڵ گەڕانەوەی مەلا بەختیاردا بۆناو یەكێتی هاوڕێكانیشی لە” ئاڵای شۆڕش” ” عیماد ئەحمەدو سالار عەزیز” دەچنەوە سەركردایەتی یەكێتی.

سامی عەبدولڕەحمان لە یەكی شوباتی ساڵی 2001 لە كردەوەیەكی تیرۆریستیدا لە شاری هەولێر لەگەڵ چەند سەركردەیەكی دیكەی پارتی‌و یەكێتیدا تیرۆر دەكرێت.

سەرنج:
بۆ نوسینی ئەم ڕاپۆرتە، سود لەم سەرچاوانە بینراوە:

۱ـ لەکەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگـ نەوشیروان مستەفا ئەمین.

۲ـ بزوتنەوەی نەتەوەیی کوردو ویستی سەربەخۆیی ـ کریس کۆچێرا ـ وەرگێڕانی ـ حەسەن ڕەستگار.

۳ـ سیاسەتی ئێران بەرامبەر جوڵانەوەی ڕزگاریخوازی جوڵانەوەی کورد لە باشوری کوردستان ـ فاروق محەمەد محەمەد ئەمین.

٤ـ بزافی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کورد لەکوردستانی عێراق لە ساڵەکانی جەنگی عێراق و ئێرانداـ عەلی تەتەر نێروەیی.

٥ـ حزب و ڕێکخراوە سیاسییە عێراقییەکان لە ۱۹۱۰ ـ ۲۰۱۰ ـ محەمەد فاتیح.

About دیدار عثمان

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …