Home / ناوداران / ژیانی حەقیقی شاعیر

ژیانی حەقیقی شاعیر

61220172011800_v

ژیانی حەقیقی شاعیر

ژیڤان خۆرانی

بەشی یەکەم

مامۆستا عه‌باسی حه‌قیقی ساڵی ۱۹۰۲ی زاینی له ‌گوندی قره‌باغ سه‌ر به ناوچه‌ی بۆکان له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان پێی ناوەته سه‌ر دنیا، دێبۆکری و تایفه‌ی شێخ ئاغا بوو.

به منداڵی بۆ یه‌که‌مجار له گوندی مه‌رخوزی سه‌ر به شاری سه‌قز چووەته قوتابخانه و له ماڵێش له لای باوکی “گوڵستان” و”بوستان”ی سه‌عدی و “کیمیای بەختەوەری” و کتێبگه لی بابه‌تی ئه‌و سه‌ردمی خوێندووه، زۆر به لاوی مامۆستاکهی ماڵیی واته باوکی له دەست داوه، ئیتر خۆی دەمێنێ و دایکێکی دڵسۆز و لەعه‌ینی نه‌خوێندەواری ژیر و ئه‌وینداری شیعر و کتێبخانەیه‌کی ئاخندراو به دیوانی شاعیرانی کورد و فارس. بەهۆی موتاڵای زۆری ئەم دیوانانه زەوقی شیعر گوتنی دەبزوێ و له تەمەنی 14 ساڵیدا یه‌که‌م شێعری دادەنێ. دایکی بۆ درێژەدان به خوێندن ده‌ینێرێته گونده‌کانی ئیسکی به‌غدا و باخچه.

هاوپۆلەکانی لەم قوتابخانانه‌ مامۆستا سه‌ید کامیلی ئیمامی (ئاوات) و خاڵەمینی بەرزەنجی، که هەردووکیان له شاعیرانی گەورەی کوردن، دەبێ. ئیتر کاتی ئه‌م سێ لاوه خۆش زه‌وق و خوێنشیرین و سه‌حه‌ت سووکه ده‌که‌ونه لای یه‌ک به قه‌ولی مامۆستا حه‌قیقی کات و ساتیان له بری خوێندنی سه‌رف و نه‌حو، سه‌رف و نه‌حوی گاڵته و گه‌پ و مووشه‌رعێن دەبێ.

له ساڵی ۱۹۳٤ دا وه‌ک کارمه‌ند له دایره‌کانی دارایی و دوخانیه له شاره‌کانی بۆکان و مه‌هاباد کار ده‌کا، له کۆماری کوردستاندا حه‌قیقی به ناسناوی (ع. هونه ر) دێته جه‌رگه‌ی خه‌باتگێرانی دژ به په‌هله وی. به شێعری به‌رزی خه‌وی غه‌فڵه‌ت له گۆڤاری نیشتمان ژمارەکانی ۷، ۸ و ۹ ته‌کانێک به شێعری نیشتمانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا ده‌دات. مامۆستا حه‌قیقی چه‌ند کتێبی فارسی به ناوه‌کانی “گلستان” و”بوستان”ی سه‌عدی و “کیمیای سعادت” به کوردی وه‌رده‌گێرێت. له ساڵی ١٩٦٣ له بۆکان خانەنشین دەبێ و باقی ته‌مه‌نی پڕپیت و به‌ره‌که‌تی ٩٤ ساڵه‌ی تا پازده‌ی مانگی جانیوەری ساڵی ۱۹۹۷ واته ۱۲ رۆژ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له سه‌فه‌رێکی دوومانگه بۆ ئاڵمان و هوڵه‌ند، له‌م شاره‌ ده‌باته سه‌ر، له‌و رۆژه‌دا له نه‌خۆشخانه‌ی شاری بۆکان دڵی ئه‌وینداری گه‌ل و نیشتمانی مامۆستا حەقیقی له لێدان که‌وت و رۆژی دواتر به به‌شداری شاعیران و نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان و خه ڵکی شاری بۆکان و شاره‌کانی ده ورووبەر له گۆڕستانی شاری بۆکان به خاک سپێردرا. ئێستە قوتابخانەیەک بە ناوی “حەقیقی” لە بۆکان دروست کراوە.

مامۆستا لە مەڕ ژیانی خۆی، کە هێمن موکریانی داوای لێ کردووە، بینووسێتەوە، ئەو لە دیوانەکەیدا بە دەستی خۆی چەند دێڕێک دەنووسێت، ئەوانیش بە پوختی ئەمانەن:

(بەهۆی داخوازی خوا لێ خۆشبوو، مامۆستا هێمن ژیاننامەیەکی خۆم بە کورتی نووسیبوو، کە لە گۆڤاری سرەوە ژمارە سێدا چاپ کرا. هێندێک ڕەخنەیان لێ گرتم، کە بۆچی کەمم نووسیوە، زووم کۆتایی پێ هێناوە. هێندێکیش لایان وابوو باشە و چی دیکەی ناوێ، ئەوە نەقڵێکی خستەوە بیرم:

باب و کوڕێک چوون بۆ سەفەر
بیلامانێ بە ســــــــــــواری کەر
پیادە و ســـــواریان بە نۆبە بوو
هەرجارێ یەکیان ســوار دەبوو
لە نۆبەی سواربوونی کوڕدا
تووشی پیاوێک بوون لە پڕدا
لێی تووڕەبوو: مەگەر ئاوسی؟
باوکت دەڕوا بە پێ خاوسی
کوڕ دابەزی بابی سوار بوو
بە یەکی دیکە دووچار بوو
پێی گوت بۆچی ئەو نازدارە
بەپێیان بڕوا و تۆ سوارە
دووپشتەکی سواربوون ئەوجار
تووشی کابرایەک بوون ڕێبوار
کوتی: چاو ئەو بەستەزمانە
پێوە بووە بەدەس ئەم دووانە
ئەوجار هەردووکیان دابەزین
یەکێ دی لێوی لێ گەزین
کوتی تەماشا چەن هینن
کەرێکیان پێیە و نایبینن!

نووسەریش هەتا ئاستێک و بەهەر شێوەیەک بنووسێ، هێشتا ناتوانێ دڵی هەمووان بەجێبێنێ. جا کەوایە منیش هەر وەک پێشوو، ڕێگەی کورت هەڵدەبژێرم و ڕێ لە خۆم و خوێنەران دوور ناکەمەوە. دۆستانی ڕەخنەگریش دەبێ لێم ببوورن، چونکە من لە جحێلێ هەر کەم بڵێ بووم چ بگا بە ئێستە کە پیرم و هێزی چەنەم نەماوە.

لە سروەدا گوتوومە ئەگەر بتەوێ شێوی بورە و بەیاری زەویوزاری ژیان بە وردی ورد بدەیەوە، تەمەنێکی دووپاتەت پێویستە، ئەویش بەو مەرجەی تەواوی ڕووداوی ژیانت، پشوو بە پشوو، هەنگاو بە هەنگاو لە بیر مابێت. کە ئەویش هەرگیز پێک نەهاتووە و نایە، کەوایە منیش یەک لە هەزار و خەروار دێنمە ژمار.

سەرچاوە/ دیوانی حەقیقی، عەباس حەقیقی، یەکەم چاپ، ئینتیشارات سڵاعەدین ئەیوبی.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …