Home / ناوداران / قانع شاعیری چەوساوەکانی کوردستان

قانع شاعیری چەوساوەکانی کوردستان

251220172132800_ASf

قانع شاعیری چەوساوەکانی کوردستان

ژیڤان خۆرانی

قانع، ناوی تەواوی محەمەد کابولیە مێژووی ژیان و مردنی دەکەوێتە نێوان ساڵانی (١٨٩٨ – ١٩٦٥). قانع، شاعیرێکی بەناوبانگی کورد بوو. بەھۆی شیعرەکانییەوە بە “شاعیری چەوساوەکانی کوردستان” ناوبانگی دەرکردووە. شیعرەکانی قانع ھەوێنی بیرێکی پێشکەوتووخوازانەیە. دوای ئەوەی دەرەبەگەکانی ناوچەی مەریوان باوکی ئەم شاعیرە ئاوارە دەکەن، بەدەم لێقەوماوییەوە قانع وەک مناڵی دەربەدەرێک لە ڕۆژی ١٥ی ئەیلولی ساڵی ١٨٩٨ی زایینی لە گوندی ڕیشێن، لە بناری شارەزووری مەریوان لە دایک بووە، بەو حاڵەیشەوە کڵۆڵی دەستی لە یەخەی نەکردەوە، لە تەمەنی ٤٠ ڕۆژیدا باوکی کۆچی دوایی دەکات و تازە پێ دەگرێت کاتێک دایکیشی کۆچی دوایی دەکات، مامەکانی نازی دەکێشن.

تۆماری ژیانی ئەم منداڵە مەینەت دۆستە لە زەمینەیەکی دەربەدەری و پڕ لە کوێرەوەرییەوە دەستی پێ کرد، ڕۆژانێ لە ناو منداڵاندا و شەوان لەسەر تەنوور ژیانی بەسەر دەبرد. تا ماوەیەک ئینجا بەھۆی خزمێکی دووریانەوە، کە ناوی (ئاغا سەید حسێن)ـە و خەڵکی دێی چۆڕ دەبێت لە ناوچەی مەریوان پێ دەنێتە زەمینەی ژیانێکی ترەوە، ئاغا سەید دەیباتە لای خۆی و لە حوجرە دەینێرێتە بەر خوێندن. بەر لەوەی بە تەواوی فێری نووسین و خوێندن ببێت جاروبار شیعری سەرزەنشتیی دادەنا و ھەر ئەمەیش بووە بنچینەی شاعیرێتی دوا ڕۆژی ئەم شاعیرە مەزنە. قانع لە کاتی بێ ئیشیدا خۆی بە خوێندنەوە و بابەتی وێژەییەوە خەریک دەکرد، شیعر لەو کاتەدا شەوچەرەی کۆڕی شەوانە و کەرەستەی ڕۆشنبیرەکانی جەماوەر دەبێت، بۆیە ئەمیش یەکێک دەبێت لە سەوداسەرەکانی بازاڕی شیعر.

کە ئاگری شەڕی جیھانیی یەکەم گەیشتە ناوچەی مەریوان، لەبەر ئەوەی کە لایەنی ئایینی لە شەڕەکەدا بەھێز بوو، زۆربەی ڕۆشنبیرە ئاینییەکانی ئەو سەردەمەی ناوچەکە ڕاستەوخۆ تێکەڵاوی شەڕەکە بوون و خەڵکێکی زۆریان ڕاپێچی ناو شەڕەکە کرد. بێ ئەوەی لە ستراتیژییەتی شەڕەکە و لایەنە سیاسییەکان و نیازی ئیمڕیالیزم و مەبەستەکانی بگەن. ئەمیش یەکێک دەبێت لەو کۆمەڵە ڕۆشنبیرە ئاینیانەی ئەو سەردەمەی ناوچەکەیان و وەک یەکێک لەوان بەشداری شەڕەکە دەکات. لایەنی بە ئاین بۆیاخکراوی شەڕەکە گەلێک کار دەکاتە سەر ڕێبازی بیرکردنەوەی بۆیە ئەو سەرەتا شیعرییەی کە لەسەر شیعری سەرزەنشتکاری دامەزرابوو بەجێ دەھێڵێت و ڕوو دەکاتە شیعری ئاینی و خواپەرستی.

شۆڕشی ئۆکتۆبەری شۆسیالیستی بە پێچەوانەی تایکێشی سیاسی ئەنجامی شەڕەکەی بە بارودۆخێکی سەر بە قازانجی زۆربەی گەلانی ناوچەکە کێشایەوە، سەرەتای بیرکردنەوەیەکی نوێ لە ژیانی ڕۆشنبیری شاعیردا سەری ھەڵدا. دوای ئەوە جارێکی تر دەست دەکاتەوە بەخوێندن، ئینجا ھەوای گەڕان بە شارەکانی کوردستاندا دەبێتە خولیای، ھەر بۆیە بۆ خوێندن سنە، مەھاباد، شنۆ، ھەولێر، کۆیە، کەرکووک، سلێمانی و بیارە گەڕاوە. دوا قۆناغی خوێندنی دێنێتەوە بۆ مەریوان و ئینجا بە یەکجاری دەستی لێ ھەڵدەگرێ.

بەھۆی شەڕی دووەمی جیهانییەوە، بیروباوەڕی پێشکەوتووانە لە وڵاتدا پەرەی سەند و ئەم پەرەسەندنەیش بووە ھۆی زیاتر ھاندانی شاعیر لە دژی ڕژێمی دەرەبەگایەتی و کۆڵۆنیالیزم. ئەو ناکۆکییە خێڵەکییانەی نێوان شاعیر و چەند دەرەبەگێک گۆڕایە سەر شێوەی کێشەیەکی سیاسی دژ بە تێکڕای ڕژێمەکە. ھەرچەندە مەودای بیرکردنەوەی لە کێشەی نێوان خاوەن موڵک و ڕەعیەتەکان قوڵتر بووایەتەوە ئەوەندە ھەڵوێستی بەرانبەر تێکڕای دەرەبەگایەتی توندتر دەبوو، لەم قۆناغەدا شاعیر تێکەڵ بە ئەدەبی شۆڕشی نھێنی بوو.

لەبەر ئەوەی کۆمەڵگای کوردەواری ئەو سەردەمە کۆمەڵگایەکی ئایینی و دەرەبەگایەتی بووە، سروشتی کۆمەڵگاکەمان لە وڵاتێکی پیشەسازی نەچووەکە دەسەڵاتی سەرمایەداران خەڵکایان چەوساندبێتەوە بۆیە شیعرەکانی بە زۆری لەگەڵ جوتیاراندا دەدوێ و بەرھەڵستی دەرەبەگەکان دەکات. شاعیر باوەڕی بە یەکگرتنی جەماوەر و سەرکەوتنی ڕژێمی سۆشیالیستی ھەبووە، بۆیە ڕوو دەکاتە دەرەبەگ و ھەوڵی شۆڕشی نھێنی دەدات بە گوێیدا و دەڵێت:

گوێگرە قانوونی سۆشیالیستی دەنگی دایەوە
ڕۆژی مەرگت زۆر نزیکە ئەو دەنگە یاسینتە
نۆکەر و پێشخزمەت و کارەکەر و دایانەکەت
کەوتە ڕۆژی خۆی بزانە دوژمنی خوێنینتە
باخێ ھێندە قایم و مەحکەم نەبووی من ناتگەمێ
دەستی ئیستیعمارە ھێز و کۆمەک و پەرژینتە

شاعیر لەو باوەڕەدا بووە کە لە وڵاتێکی فرە نەتەوەدا نابێت، کە ھەموو نەتەوەکانی ناو چوارچێوەی ئەو وڵاتە وەک یەک بژین و لە ڕووی یاسای کۆمەڵایەتییەوە یەکسان بن و ئابووری وڵات بە ئابووری ھەموو نەتەوەکان وەک یەک بدرێنە قەڵەم و وەک یەک سەربەستی سیاسییان بدرێتێ، بۆیە ھەمیشە لە ھەڵوێستی سیاسییانەی نەتەوە سەرەکەییەکانی ئەو جۆرە وڵاتانە سڵەمیوەتەوە و لە شیعرەکانیدا ئەمەی بە لادێنشینەکان گەیاندووە.

بەشێک لە چوارینەکانی قانع:

بە سیحری تێمەگەن عیلمی زەمانە
بخوێنن چونکە خوێندن پشتیوانە
نەجاحی ئەجنەبی وا ئەچنە کەوکەب
بە هێزی خوێندنە، چاکی بزانە

فەرهاد بۆ شیرین چەکووشی ئەوەشان
بەردی ئەتاشی و بەردی تیک ئەشکان
ئەی بۆ فەرهادێک نەهاتە ڕووی کار
شیوەن بتاشێ لە ڕووی کوردستان

بەناوی دینۆ جەڵەیان کردین
بە ڕیزە بۆ ناو سەنگەریان بردین
کاتێ زانیمان ڕۆژمان لە دەس چوو
یەکێ ئەیکوشتین، یەکێ سەیری ئەکردین

لەگەڵ فەرهاد دڵمان ئەبرژان
فرمێسکی سوورمان بە کول دائەڕژان
هەردوو زوخاوی فیرقەتمان نۆشی
ئەو بۆ شیرین و من بۆ کوردستان

زۆر بێخەبەرین ئێمە لە ئەوزاعی ویلایەت
بێخویندن و بێسنعەت و تەفکیر و درایەت
عالەم هەموو سەییاحی سەماوات و بیحارن
ئێمەش، کە بەهۆی جەهلەوە وا بووینە حیکایەت

شەپۆڵی لەشکری یۆنان، کە خاکی مادی یەغما کرد
تەبەسووم غەرقی خوێناوە و سەر و سامانی بەربا کرد
لەڕووی دوازدە هەزار پێشتەی وڵاخ نووسرا بوو ئاوێستا
ئەوەی فەنی پزیشکی و فەلسەفی بوو، بردیان باقی لەناوا برد

من و تۆ هەردوو زادەی یەک خاکین
بۆ تۆ حاکم و من ئاشەوان بم
ئەگەر لای دوژمن هەردوو مەکڕوهین
چۆن تۆ وەزیر و من پاسەوان بم؟

سکەندەر خەڵقی کوشت و ماڵی سووتان
کەلاوەی کرد لەجیاتی کۆشک و بوونیان
لە چەرخی ئاردە شیری بابەکاندا
بە وەحدەت دانرا، فەرهەنگی ساسان

سەرچاوە/ دیوانی قانع، بورهان قانع، چاپی هەشتەم سلێمانی خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەی چوارچرا.

 

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …