Home / بەشی مێژووی كورد / تۆماس مەرگەیی، ئەو مێژوونوسە کریستیانەی کە نزیکی هەزار و دوو سەد ساڵ لەمەوبەر لە گەرمیاندا مێژوو و ژیانی قەشەی کڵێساکانی کوردستان و ناوچەکەی نووسیوە، کێ بووە؟

تۆماس مەرگەیی، ئەو مێژوونوسە کریستیانەی کە نزیکی هەزار و دوو سەد ساڵ لەمەوبەر لە گەرمیاندا مێژوو و ژیانی قەشەی کڵێساکانی کوردستان و ناوچەکەی نووسیوە، کێ بووە؟

12795467_793696540758398_3058005935036359287_n

تۆماس مەرگەیی، ئەو مێژوونوسە کریستیانەی کە نزیکی هەزار و دوو سەد ساڵ لەمەوبەر لە گەرمیاندا مێژوو و ژیانی قەشەی کڵێساکانی کوردستان و ناوچەکەی نووسیوە، کێ بووە؟
هەندێک لە مێژوونوسە کوردەکان بڕیاریان داوە کە خۆیان یەک ئایین بۆ ڕابردووی کورد هەڵبژێرن، بە دڵنیایی ئەوە هەوڵێکی ئایدۆلۆژیە بە مەبەستی ئەوەی کە بە زۆر ڕابردووی کورد بکرێتە ڕابردوویەکی تاک ئایینی و بە زۆر ئاینێک بکەنە کوردی و لە ئەنجامدا بیانەوێت خەیاڵی یەک ئایین و یەک نەتەوە بهێننە دی. وەک ئاماژەی پێکرا ئەمە هەوڵێکی ئایدۆلۆژیە لەبەر ئەوەی کە بەڵگەنامە مێژووییەکان بە هیچ شێوەیەک پشتگیری لەوە ناکەن. بەڵگەنامە مێژووییەکانی سەرەتا و پێش هاتنی ئیسلام، هەمووی هەلومەرجێکی تەواو پێچەوانە دەخەنەڕوو لەوەی کە ئەمڕۆ باس دەکرێن.
پێش هاتنی ئیسلام بۆ کوردستان، کوردستان گۆڕەپانی کێبڕکێی نێوان دەسەڵاتی ڕۆم و عەجەم بووە. کێبڕكێی نێوان ئەو دوو هێزە، لە ڕووی دەسەڵاتی سەربازی و ئاینی و فیکریشدا لە کوردستاندا دەرکی پێکراوە. لە سەدەکانی زاینەوە ڕۆم لە ڕێگای ئاینی کریستیان و عەجەمیش لە ڕێگای ئاینی زەردەشتیەوە ئەو کێبڕكێیەیان کردووە. بۆیە بەشی چەپی کوردستان زیاتر کەوتبووە ژێر کاریگەری ئاینی کریسیتیان و بەشی ڕاست زیاتر ئاینی زەردەشتی. ئەو کێشمەکێشە ئاینی و فیکریە، هەندێک جار بۆتە هۆی دەرکەوتنی ئاینی ناوگیریی وەک ئاینی مانی، جگە لە بەردەوامبوونی چەندین ئاین و ئاینزای تری کوردی وەک ئاینی ئێزدی و شێوە دێرینەکەی ئاینی یارسانی. ژیان و کتێبە گەورەکەی تۆماس مەرگەیی، کە تایبەتە بە ئاینی کریسستیانی، گوزارش لە بەشێک لەو هەلومەرجە ئاینیەی کوردستانی پێش ئیسلام و دوای هاتنی ئیسلام دەکات.
تۆماس کوڕی پیاوێک بوە بە ناوی یاقوب و لە ناوچەی شیروانەی نزیک کەلار و کەرکوک لەدایکبووە. بەپێی ئەوەی کە تۆماس خۆی ئاماژە بەوە دەکات کە لە ساڵی ٨٣١ ز دا لاو بووە، دیارە هەر لە سەرەتاکانی سەدەی نۆیەم، واتە نزیکی هەزار و دوو سەد ساڵ لەمەوبەر، لەدایکبووە. تۆماس لە کڵێسای جیاوازدا کاری کردووە و دوایی بە پلەکانی ئاینیدا پێگەی بەرزبووەتەوە و کتێبێکی زۆر گرنگی لەسەر مێژووی کڵێساکانی کوردستان و ناوچەکە بە زمانی ئارامی نووسیوە، کە ئەو کات زمانی ئاینی کرسیتیانی بووە، لە ژێر ناوی (کتێبی حوکمڕانەکان) دا.
وەک ئامژەی پێکرا، تۆماس خۆی خەڵکی شێروانە بووە بەڵام لەبەر ئەوەی کە ماوەیەک قەشەی باڵای مەرگە بووە، بۆیە لە سەرچاوەکاندا بە تۆماسی مەرگە (تۆماس مەرگەیی) ئاماژەی پێکراوە. تۆماس پلەو پایەی بەرز دەکرێتەوە و دوایی بووە بە قەشەی باڵای هەموو ناوچەی گەرمیان. لەو سەردەمەدا قەشە باڵاکانی کڵێسا بەرهەمی نووسراویان هەبووە و تۆماس-یش لەسەر هەمان رێچکە بەرهەمی نووسراوی هەبووە. لە ڕاستیدا هەرچەندە وەک بەڵگە تەنها ئەو کتێبەی ماوە، بەڵام بە دڵنیایی کەسایەتیەک لەو پلەوپایەدا بەرهەمی تری هەبووە و دیارە وەک هەزاران کتێبی تری کوردستان لەناوچوون.
“کتێبی حوکمڕانەکان” کتێبێکی نایابە کە سەردەمێکی دەوڵەمەندی فیکری و ئاینی کوردستان دەخاتە ڕوو. تۆماس لەوکتێبەدا هاتووە باسی چەندین کەسایەتی گرنگی کڵێساکانی هەزەبان (هەولێر) و گەرمیان و ناوچەکانی نوسەیبین (باکوری کوردستان) و زۆر لە ناوچەکانی تری عێراق و ئێرانی ئەمڕۆی هاوسەردەمی خۆی و پێش خۆی، کردووە. ئەو بۆ نموونە باسی ژیانی کەسایەتیە کریستیانەکانی وەک جوبرائیلی شارەزووری و یوسفی شارەزووری دەکات کە هەردووکیان شارەزووری بوون و خزم بوون. ئەم دوو زاتە لە نزیکی کۆتایی سەدەی حەوتەم و سەرەتای سەدەی هەشتەم ژیاون. واتە کەمتر لە سەد ساڵ دوای پەیدابوونی ئیسلام ژیاون. بە تایبەت جوبرائیل شارەزووری کەسایەتیەکی زانا بووە و چەندین بەرهەمی نووسراوی هەبووە و گفتتوگۆکەرێکی بە توانا بووە. تۆماس ئاماژە بە سەدان کەسایەتی تری کریستیانی سەردەمی خۆی و پێش خۆی کردووە.
لەبەر ئەوەی کە کتێبەکە نزیکی دوو سەد ساڵ دوای هاتنی ئیسلام نووسراوە، بۆیە لە هەندێک حاڵەتدا ئاماژەی بە هاتنی عارەبە موسوڵمانەکان کردووە. لە شوێنێکدا تۆماس ئاماژە بەوە دەکات ئەو کڵێسایەی کە یوسف شارەزووری سەرکردەی بووە، عارەبێک بە ناوی عەیاس (عەیاض) ڕووی تێ دەکات و ووردە ووردە بە ناوی لەوەڕی ئاژەڵەکانیەوە زەوی نزیک کڵێساکە داگیر دەکات و چەند کەسایەتیەکی کڵێساکە دەکوژێت و تەرمەکانیان دەخاتە بیرەوە. یوسف کە بەو مەترسیە دەزانێت، هەڵدێت و ڕوودەکاتە ناوچەی بەلەدی نزیک تکریتی ئەمڕ و لەوێ کڵێسایەکی نوێ دەکاتەوە کە دوای مردنی هەر بە ناوی خۆیەوە دەمێنێتەوە.
لە شوێنیکی تردا تۆماس، ئاماژە بە کریاکۆسی سەرکردەی ئاینی کڵێسای ئەبهە دەکات کە کڵێسایەکی گرنگ بووە و ئەمڕۆ شوێنەکەی بە تەواوی نازانرێت، بەڵام نزیک مەرگەی ناوچەی پشدەر بووە. لەم کڵێسایەوە سەرکردەی ئاینی کریستیانی مەزن پێگەیەنراوە کە لێیان بووە بە قەشەی باڵای کرکوک، مەرگە و زۆر شوێنی تر، تەنانە کەسایەتی ئەم کڵێسایە لە یەمەن و وڵاتی چین-یش بوونەتە سەرکردەی مەزنی ئاینی کرسیتیانی، بۆیە ئەو کڵێسایە ڕۆڵیکی گرنگی هەبووە لەو ئاینەدا.
تۆمسا دەڵێت کە کریاکۆس لە نزیکی نێوان ساڵی ٧٤٠ و ٧٥٠ زاینیدا چووتە ئەو کڵێسایە. وەک بەشێک لە ڕێچکەی ئاینی ئەو سەردەمەی کوردستان، کریاکۆس زۆربەی ژیانی لەو کڵێسایەدا چووتە خەڵوەتێکی زۆر سەختەوە و وازی لە زۆر شتی دنیایی هێناوە. خواردنی ڕۆژانەی تەنها تۆزێک ووردە نان بووە کە لە ئاوی سوێری هەڵژەنیوە و زۆربەی کات بە چەرم ئەژنۆی خۆی بەستووە بۆ ئەوەی کە قاچی بۆ حەوانەوە درێژ نەکات. شەوانە ئەژنۆیەکی بە چەرم بەستووە و بە گۆچانێکەوە هەتاوەکو ڕۆژ هەڵهاتووە، بە پێوە وەستاوە. بەو جۆرە لە کڵێسا نوێکەی ئەبهەدا ئەو خەڵوەتەی بووەتە مایەی سەرنجی هەمووان و لە دوای مردنی سەرکردەی کڵێساکە، کریاکۆس کراوەتە قەشەی باڵای ئەو کڵێسایە. لە سەردەمی دەسەڵاتی کریاکۆسدا واتە لە ساڵی حەوسەدەکاندا پیاوێكی عارەب بە ناوی عەمرانی کوڕی موحەمەد، ڕوودەکاتە ناوچەکە. تۆماس ئاماژە بە دڵڕەقی و تاونباری و پیاوکوژی عەمران دەکات و دەڵێت عەمران ڕوو دەکاتە ناوچەی مەرگە و دوای ئەوەی کە زۆر لە گوندەکانی داگیر دەکات و خەڵکێکی زۆر سەردەبڕێت، چاو دەبڕێتە کڵێسای ئەبهە کە لە ناوچەی مەرگە بووە. لەوێ دەیەوێت کڵێساکە و زەویەکەی دەوری لە کریستیانەکان بکڕێت. بۆ ئەو مەبەستە ڕوو دەکاتە کڵێساکە و عەمرانی کوڕی موحەمەد لەگەڵ کریاکۆسدا دەکەوێتە گفتوگۆ و کریاکۆس لە شوینێکدا دەڵێت ” بە هیوای خودا و ئاینی کرسیتیان تۆ و کوڕی تۆ و کوڕی کوڕی تۆ نابنە خاوەنی ئەم شوێنە” قسەکانی کریاکۆس بە شێوەیەکی زۆر ڕەق و ئازایەنە دەبن و کریاکۆس زۆر بە ڕوونی فرۆشتنی کڵێساکە ڕەتدەکاتەوە.
ئەو گفتوگۆیە ترس دەخاتە دڵی ئەندامانی کڵێساکە و هەموویان دەکەونە دڵەڕاوکێوە. کریاکۆس بە ئەندامانی کڵێساکە دەڵێت مەترسن، پشت بە خودا نایەڵم عمران ئەم شوێنە داگیر بکات و ئێوەش لە تاوانی ئەو دەپارێزم. تۆماس وەک هەموو کەسایاتیەکی ئاینی ئەو سەردەمە، دەکەوێتە باسی موعجیزەکانی کریاکۆسی پیاوچاک. لە شوێنیکدا تۆماس دەڵێت ئەو پیاوچاکە لە پڕ وەک موعجیزە لە ناو ماڵی عمرانی کوڕی محەمەدی عارەبدا دەردەکەوێت و عومران ترس دایدەگرێت. دوایی دەیگێڕێتەوە کە چۆن عومران چەند پیاوێک دەنێرێت کە شەوێک کریاکۆسی پیاو چاک بکوژن. بەڵام لەو شەوەدا دوای ئەوەی نوێژەکانی دەکات، بە موعجیزەیەکی خودایی کریاکۆس لەشی دەبێتە یەک پارچە ئاگر و بە دەوریدا ئاگرێک دروست دەبێت کە ترس دەخاتە دڵی پیاوەکانی عومرانەوە. بەو جۆرە ئەو کڵێسایە و گیانی کریاکۆس دەپارێزرێت لە عارەبەکان و بە قسەی تۆماس، پێش مردنی، عومرانی کوڕی محەمەد بە کوڕەکانی دەڵێت کڵێسای ئەبهە هەرگیز نابێتە موڵکی ئێوە و هەروەها تۆماس دەڵێت عومرانی کوڕی محەمەد هێندە گوناهبار بووە، چەندین جار دەینێژن و گۆڕەکە لاشەکەی هەڵناگرێت و هەر دەیکاتەوە دەرەوە. بەو جۆرە بە بەڵگەی مێژوویی بۆمان دەردەکەوێت کە عارەبەکان زۆر جار خەریکی داگیرکردن بوون وەک لە بڵاوکردنەوەی ئایینەکەیان.
ئەو چەند نموونەیە بەشێکی زۆر بچووکی کتێبە بەنرخەکەی تۆماس مەرگەییە و ئەو کتێبە مێژوویەکی نەزانراوی ڕابردووی کوردستانی تێدایە کە بەهۆیەوە دەتوانرێت پەنجەرەیەک لە سەر سەردەمێکی مێژوویی کوردستان بکرێتەوە. ئەو کتێبە بە تایبەت ئاشنامان دەکات بە مێژووی ئاینی کریستیانی کە ڕۆڵێکی گەورەی لە مێژووی کوردستاندا هەبووە و ئاینێکی سەرەکی خەڵکی کوردستان بووە، پێش زۆر لە نەتەوە ئەوروپیەکانی ئەمڕۆ. لەو کتێبەدا تۆماس مەرگەیی دەوڵەمەندی و هەمەڕەنگی فیکر و فەرهەنگی کوردستان دەخاتە ڕوو و لە هەمان کاتدا زۆر لەو ڕوانگە بێ بنەمایانە هەڵدەوەشێنێتەوە کە بێ بەڵگە و بە خەیاڵات بۆ ئاینی کوردستان دروستکراوە. ئەم کتێبە دانەیەکە لە دەیان کتێبی تری ئارامی کە دەتوانن زیاتر ئاشنامان بکەن بە ڕابردووی ئاینی کوردستان.
نووسینی سۆران حەمەڕەش
تێبینی:
– هەتاوەکو ئێستا لە هیچ سەرچاوەیەکدا بە ڕوونی و بە بەڵگەوە شوێنی جوگرافی کڵێسای ئەبهە و مەرگە نەخراوەتە ڕوو، بەڵام بەپێی ئەوەی کە لە ڕووداوەکاندا ناوچەی هەزەبان (هەولێر) و گەرمیان و موسڵ باس دەکرێت، لەوە دەچێت کە “مەرگە” هەر “مەرگە” ی ئەمڕۆبێت کە دەکەوێتە ناوچەی پشدەرەوە، بە تایبەت کە وشەی (مێرگ) وشەیەکی دێرینی کوردیە و لەوە دەچێت کە پێکهاتەی ناوی ئەو شوێنە بێت کە مێرگی زۆری تێدایە.
– لەم چەند ساڵانەی دواییدا چەند نامەیەک و زانیاریەک سەبارەت بە فەروخ پاشای مەرگە و نامەی یەزدەگر بەرامبەر بە عارەبەکان خراونەتە ڕوو، بەڵام دوای گەڕان بە هەموو سەرچاوەکاندا، لەوە دەچێت ئەم بابەتانە زیاتر فەنتازیایەکی دروستکراو بن و هیچ بەڵگەیەکی مێژوویی نەبێت پشتگیریان بکات.
– وێنەکە وێنەیەکی خەیاڵیە و پەیوەندی بە تۆماس مەرگەییەوە نیە.
سەرچاوە
سەرچاوەی ئەم بابەتە کتێبەکەی تۆماس مەرگەییە کە لە سەدەی نۆیەمی زاینیدا بە زمانی ئارامی نووسیویەتی و ئەمڕۆ کراوەتە زمانی ئینگلیزی لە ژێر ناونیشانی “The Book of Governors”.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …