Home / بەشی مێژووی كورد / قەواڵە چەرمەکانی هەورامان کە تەمەنیان نزیکی دوو هەزار و سەد ساڵە، کێ گەیاندنیە لەندەن و کام ڕەز و باخی کوردستانیان تێدا فرۆشراوە؟

قەواڵە چەرمەکانی هەورامان کە تەمەنیان نزیکی دوو هەزار و سەد ساڵە، کێ گەیاندنیە لەندەن و کام ڕەز و باخی کوردستانیان تێدا فرۆشراوە؟

10614229_606723316122389_2656832145801409526_n

قەواڵە چەرمەکانی هەورامان کە تەمەنیان نزیکی دوو هەزار و سەد ساڵە، کێ گەیاندنیە لەندەن و کام ڕەز و باخی کوردستانیان تێدا فرۆشراوە؟
نووسینی: سۆران حەمەڕەس
لە تەمەنی منداڵیمەوە لەسەر زاری خەڵک و لەملاولا دەبیستم “دەڵێن قەواڵەکانی هەورامان باس لە ڕەز فرۆشتن دەکەن”. بە داخەوە بەشێکی زۆری مێژوومان بە “ئەڵێن” باس دەکەین و هەر ئاوا بۆ یەکی دەگێڕینەوە. وەک کەسێکی عەوداڵی مێژوو، لە مێژە تامەزرۆی ئاشنابوون بەو قەواڵانە بووم و دەمویست ڕۆژێک لە ڕۆژان لە دەرەوەی “ئەڵێن” دا بزانم بە تەواوی چیان تێدا نووسراوە و لە کوێوە پەیدا بوون. خۆشبەختانە کۆپی ئەو قەواڵانە و نووسراوەکانیم هاتە بەردەست؛ ئەو قەواڵانەی کە پەنجەرەیەک دەکاتەوە لەسەر ئاشنابوون بە شێوە ژیانی سەردەمێکی ئەم وڵاتە و فەرهەنگە دەوڵەمەندەکەی. بەڵام جگە لە گرنگی مێژوویی قەواڵەکان بۆ کورد، ئەو کەسایەتیە کوردەی کە لە ساڵی ١٩١٣ دا قەواڵەکانیشی گەیاندە لەندەن، شایانی ئەوەیە کە زیاتر بیناسین و پەنجەرەیەک لە سەر ژیانی دەوڵەمەندی ئاینی و زانستی و ئەدەبی ئەو بلیمەتە بکەینەوە.
لە مێژە قەواڵە لە لە کوردستاندا نووسراون و کورد پێیان ئاشنایە، سەرەتا لەسەر بەرد و قوڕی سورەوەکراو و دوایی گوێزرایەوە بۆ سەر چەرم، بۆیە بە سەدان قەواڵەی زەوی فرۆشتن کە تەمەنیان سێ هەزار و پێنج سەد ساڵە لە کەرکوکدا دۆزراونەتەوە. کورد دەمێکە لە ژیانی ڕۆژانەیدا سوودی لێوەرگرتوون و قەواڵەکان کۆڵەکەیەکی بەهێزی ڕاگرتنی ئاسایش و ئارامی کۆمەڵگەی کوردی دێرین بوون، لە هەمان کاتدا کورد ئاگاداری ئەوەش بووە کە زوڵم و زۆرداری هات، سەرەڕای گرنگی قەواڵەکان دەشێت زۆرداری هەڵیان بوەشێنێتەوە، بۆیە پەندە کوردیەکە دەڵێت “کە زۆر هات قەواڵە بەتاڵە”.
چیرۆکی ئەم قەواڵانە سەرنج ڕاکێشە؛ لە ساڵی ١٩١٣ دا پیاوێکی کورد کە پزیشکە و ئینگلیزی زانێکی بە توانایە، بە مەبەستی خوێندنی زیاتر لە بوارەکەی و کڕین و هێنانەوەی دەرمانی زیاتر، دەگاتە لەندەن. ئەم بلیمەتە، جگە لەو هۆکارانە، لەگەڵ خۆیدا سێ پارچە چەرمی دێرین دەهێنێت بۆ لەندەن و دەیگەینێتە دەست پرۆفیسۆرێک لەوێ بۆ خوێندنەوەی. قەواڵەکان لە لەندەن لە بازاڕێکی تایبەتدا دەفرۆشرێن و خۆشبەختانە مۆزەخانەی بەریتانی دەبێتە خاوەنیان.
ئەو زاتەی کە قەواڵەکان دەباتە لەندەن، بە دکتۆر سەعید خانی کوردستانی- ناسراوە و لە بنەچەدا ناوی سەعید کوڕی مەلا رەسوڵی مەریوانیە. بە پێی ناوەکەی دیارە مەریوانی بووە بەڵام لە شاری سنە لە ساڵی ١٨٦٢ لە دایکبووە. سەی سەعید لە منداڵیەوە لای باوکی فارسی و عەرەبی و قورئانی خوێندووە و دوایی لە حوجرە بەردەوامی داوە بە خوێندن و ئاشنا بووە بە فیقهی ئیسلامی و ڕێزمانی عەرەبی و فارسی. لە دوانزە ساڵیدا باوکی دەمرێ و پاش ماوەیەک دەست دەکات بە وانە گووتنەوە و لە نزیکی ساڵی ١٨٨٨ دا کۆمەڵێک بانگخوازی کریستیان ڕوودەکەنە شاری سنە و دوای گفتوگۆکردن لەگەڵیان، دەکەوێتە ژێر کاریگەری ئاینی کریستیان و واز لە ئاینی ئیسلام دەهێنێت و دەچێتە سەر ئەو ئایینە. لەو کاتەوە ئاڕاستەی ژیانی بە تەواوی دەگۆڕێت، بەهۆی زیرەکی خۆی و لە ڕێگای ئەو کەسایەتیە کریستیانانەوە لە شاری هەمەدان لای ئەوان دەبێتە پزیشک و بۆ مەبەستی خوێندن، سەی سەعید دەچێتە سوید و بەریتانیا و دکتۆرا لە بواری پزیشکیدا وەردەگرێت. ئەو سەردەمە بوونی کەسێکی کورد بە پزیشک لەسەر ڕێچکەی ئەوروپی، شتێکی نوێ بووە و لە کاتێکدا بوونی بە کریستیان هەندێک مەترسی لەسەر ژیانی دروست دەکات، لە هەمان کاتدا بوونی بە پزیشک پلە و پایەی لە ناو خەڵکدا بەرزدەکاتەوە و بە جۆرێک ئەو پیشەیە تا ڕادەیەک پارێزگاری لە ژیانی بۆ پێکدەهێنێت.
سەی سەعید لە نێوان هەمەدان و تاراندا ژیان دەگوزەرێنێت و ماوەیەک خۆی تەرخان دەکات بۆ نووسینی کتێبێکی شیعریی ئاینی لە ژێر ناوی نزان (مزگانی) بە شێوەزاری هەورامی کە بابەتەکانی ناو ئینجیل بە شیعر باس دەکات. هەرچەند هەندێک کەس پێیان وایە کە سەی سەعید ئیجیلی تەرجومە کردبێت، بەڵام لە ڕاستیدا بە شیعرەکاندا وا دەردەکەوێت کە ئەو نەیویستبێت دەقاودەق ئینجیل تەرجومە بکات، بەڵکو هەوڵیداوە هەموو بابەتەکانی ناو ئینجیل بە شیعری هەورامی و بە شێوەیەکی ئاسان تر دابڕێژێتەوە و خەڵکی کوردی پێ ئاشنا بکات. سەی سەعید لە شوێنێکدا لە پەراوەکەدا دەڵێت:
بەڵێ ئازیزم خاتر جەمعەنان
پەی شنۆی دەنگش تەواو سەمعەنان
بەوادەکەی وێش مەکەڕۆ وەفا
عیسا هۆیگێڵۆ دیسان نە سەما
……………………….
ئایەتوڵای مەردوخی دەڵێت ڕاستە دکتۆر سەعید چوو بووە سەر ئاینێکی نوێ، بەڵام هەستی کوردایەتی لەگەڵیدا زیادی کردبوو و نموونە دەهێنیتەوە کە لەو سەردەمەدا بە زمانی کوردی نامەی بۆ مەردۆخی ناردووە و بەو جۆرە سەی سەعید دەرکی بە گرنگی زمانەکەی کردووە و وەک هەنگاوێکی نوێ لە نامە نووسیندا بەکاریهێناوە. دکتۆر سەعید کەسێکی ژیر و ئاشنا بووە بە فەرهەنگی کوردی و لەگەڵ زانا و گەورەی یارسانەکان، نور عەلی ئیلاهی- دا پەیوەندی دەبێت و داوای پەڕاوە هەورامیەکانی یارسان لەو زانایە دەکات، بە مەبەستی سوود لێ وەرگرتنی لە نووسینی کتێبە ئاینیەکەیدا. جگە لە کتێبە ئاینیەکەی کە لە تاراندا چاپکراوە، فەرهەنگێکی فارسی- کوری – ئینگلیزی و چەند بابەتێکی تری نووسیوە کە چاپنەکراون. لە سەرەتای سەدەی ڕابردوودا، کتێبێک بە ئینگلیزی لەسەر سەی سەعید دەردەکرێت کە ووردەکاری ژیان و بلیمەتیی تێدا خراوەتە ڕوو (بڕوانە سەرچاوەکانی ئەم بابەتە).
دکتۆر سەعید بە گەشتێک و بە مەبەستی چارەسەرکردنی دەسەڵاتدارێکی گەورەی هەورامان سەردانێکی ئەوێ دەکات، لەوێ دوای چارسەرکردنی ئەو دەسەڵاتدارە، قەواڵە چەرمەکانی هەورامانی چنگ دەکەوێت کە پێشتر لە ساڵی ١٩٠٩ دا لەلایەن کابرایەکی هەورامیەوە لە ئەشکەوتێکدا لە کۆساڵان، لە ناو کوپەیەکی پڕ هەرزندا دەدۆزرێتەوە. لە بنەچەدا پارچە چەرمەکان لە ڕووی ژمارەوە زۆر بوون، بەڵام دەستاودەستیان پێدەکرێت و تەنها سێ پارچەیان دەمێنێت کە دکتۆر سەعید دەیانباتە لەندەن و دوانیان بە زمانی یۆنانی کۆنە و ئەوی تریان بە ئەلفوبێی ئارامیە و بە زمانێک نووسراوە کە تێکەڵێکە لە ئارامی و پەهلەوی.
چەرمەکان تەمەنیان نزیکی دوو هەزار و سەد ساڵە و لە ڕووی خۆشکردنەوە نایاب نین و لە هەندێک شوێندا زیادە چەرم کێشەی بۆ نووسەرە دێرینەکەی چەرمەکە دروستکردووە. قەبارەی چەرمەکان بەم شێوەی خوارەوە بە پێوەری سانتیمەترین:
١٤ بە ٢٤
٢١ بە ٢٧
١٥ بە ٩.٥
تێکستە یۆنانیەکە قەواڵەی زەوی فرۆشتنە، کە لە ژێر سایە و ناوی پاتشای ئەشکانیاندا نووسراون و بە سیستمی یاسایی یۆنانی نووسراون. دراوی بەکارهاتوو بریتیە لە دراخمای یۆنانی (کە عەرەبەکان زۆر درەنگ وەریان گرتووە و کردوویانەت درهەم).
تێکستەکە ئاماژە بە ناوچەی زەویەکە بە گشتی و گوندێک بە تایبەت دەکات و شوێنی زەویەکە بە ڕوونی دەستنیشان دەکات کە ڕەزێکە. لە قەواڵەکەدا ووردەکاری زۆر هەیە؛ پابەندبوونی یاسایی هەردوولا دەستنێشان دەکرێت و ناوی فرۆشیار و کڕیار و شایەتەکان بە ڕوونی تۆماردەکرێت. لەو تێکستەدا ناوی چەند گوند و کەسایەتیەک مایەی سەرنج ڕاکێشانە کە ئەمانە هەندێکیانن:
ناوی کەسەکان: دێنۆباز/دینۆواز، هاپەک، وەرکەداد، خەسرەو، فەرهاد، ئۆچۆبەگ، ئەسپۆمەک، میرەبەندەک، ئەردێن
ناوی گوند و شوێن: بەیسێیرە/باسەڕە، گەنجەکان، وەرکەداد، کۆپان/کۆپانیس، دادبەکەباغ، دادبەکەڕەز.
هەندێک لە ناوەکان وەک “میرداد” بە تەواوی مۆرکی کوردی پێوەیە و سەرنجی لێکۆڵەرانیشی بۆ خۆی ڕاکێشاوە، لەبەر ئەوەی کە لە بەڵگەنامە پەهلەویە ئاساییەکاندا ناوەکە دەبێتە “میهرداد” و لەو بەڵگەنامەیەدا کوردێنراوە و کراوەتە میرداد. دەبێت ئەوە بزانرێت ناوەکان بە زمانی یۆنانی نووسراون و ناسینەوەی ناوەکان تۆزێک گرانە لەبەر ئەوەی هەندێک جار بە حوکمی مانەوەی ئەو زمانە بۆ چەندین سەدە لە کوردستاندا، ناوە ناوچەییەکان شێوە یۆنانی خۆی هەبووە و ئەمڕۆ ناسینەوەیان ئاسان نیە، جگە لە ناوە ناسراوە دێرینەکانی وەک میرداد و خەسرە و فەرهاد. ناوی ئۆچۆبەگ وەک ئوسوبەگ/وسوبەگ دەردەکەوێت.
جگە لەو دووچەرمەیان کە بە زمانی یۆنانین، چەرمی سێیەمیان بە ئەلفوبێی ئارامیە. جا هەرچەندە ئەلفوبێکە ئارامیە، بەڵام زمانی ئارامی پێ نەنووسراوە و ئەم پارچە چەرمەش هەر قەواڵێکە و بە زمانێکی تێکەڵ نووسراوە و لێکۆڵەران بە لای پەهلەویدا پەسەندی دەکەن.
ئێدمۆندس کە فەرمانبەری دەوڵەتی بەریتانیا بووە لە کوردستان و شارەزایی هەبووە سەبارەت بە ناوچەکانی کوردستان و ئاشنای فەرهەنگی کوردی بووە، لە ساڵی ١٩٥٢ دا و دوای نزیکی چل ساڵ لە خوێندنەوەی تێکستەکان، لە لێکۆڵینەوەیەکدا هەوڵی داوە کە شوێنی ئەو ڕەزە بدۆزێتەوە کە لە قەواڵەکەدا فرۆشراوە. ئێدمۆندس پێی وایە کە ناوی “کۆپان/کۆفان” بەشی “ان” ی پاشگری ناوەکە یۆنانیە بۆ ئاماژە بە شوێن و وشە بنچینەییەکە خۆی لە پەهلەویدا ماوە بە شێوەی “کۆف” کە ئەمڕۆ بە “قۆپی قەراخ” ناسراوە و ناوەکەی دووەم کە بریتیە لە ” بەیسێیرە/باسەڕە” ئەمڕۆ وەک خۆی وەک باسەڕە ماوە و ئێدمۆندس پێی وایە کە ئەو ڕەزەی کە فرۆشراوە لەلای شاخی قۆپی قەرداخی نزیک سلێمانیەوە بووە. لە ڕاستیدا لە تێکستەکاندا ناوی ڕەزەکە و چەند ناوێکی تر بە شێوەی، دابەکانڕەز/دادبەگانڕەز، دادبەگەباغ/دادبەکەباغ، گەنجەکان… دەردەکەوێت. بە دڵنیایی لەو سەردەمدا لە کوردستان بە جۆرێک لە کوردی دێرین قسەکراوە، بەڵام بۆ نووسینی نامە ڕەسمیەکان زمانەکانی ئارامی، یۆنانی و دواتر پەهلەوی بەکارهاتوون. واتە کورد ئەدەب و زانست و نووسینی خۆی بە زمانی کوردی نووسیوە و تەنها بۆ بابەتە ڕەسمیەکانی وەک قەواڵە ئەو زمانانەیان بەکارهێناوە کە ئاماژەی پێکرا.
جگە لە گرنگی لایەنی زمانەوانی کە لە سەرەوە باسکرا، ئەو چەرمانە زۆر گرنگن بۆ تێگەیشتن لە شێوەی حوکمڕانی و ئاستی پێگەیوی یاسا و سیستمی ئیداری کوردستانی زیاتر لە دوو هەزار و سەد ساڵ لەمەوبەر. چەرمەکان ئاستی کاریگەری زمان و فەرهەنگی یۆنانی لەسەر کوردستان دەخاتە ڕوو؛ لە ڕاستیدا زۆر وشەی یۆنانی هاتۆتە ناو زمانی کوردیەوە بێ ئەوەی کە پێی بزانین. زۆر ناوی وەک چیای ئاسۆس و ئەشکەوتی جاسەنە، زیاتر لە هەموو زمانێک، یۆنانی دەنوێنن. بۆیە لامان سەیر نەبێت کە شاژنی دەوڵەتی هەزەبانی هەولێر، نزیکی دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر ناوی (هێلێنا) بووە کە ناوێکی یۆنانیە. هەروەها بەڵگەنامەکە بۆمان دەردەخات کە زمانی یۆنانی لە کوردستاندا زانراوە و خەڵک پێی ئاشنا بووە و بەڵگەنامەی یاسایی پێ نووسیوە. هەر ئەم هۆکارەشە وایکردووە کە خەڵکی کوردستان ئاشنای فەلسەفە و فیکری یۆنانی بێت و کاریگەری لەسەر پیرمەندە کوردەکان داناوە. ئەو ئاشناییەش وای کردووە کە کەسێکی وەک شەمسەدینی شارەزووری لە سەدەی دوانزەیەمدا کتێبێکی نایاب لەسەر مێژووی فەلسەفە بنووسێت کە بۆ ئەمڕۆش مایەی تێڕامانە. هەروەها فەیلەسوفێکی وەک سورەوەردی، ببێتە خاوەنی فەلسەفەی ئیشراق بە شێوە کوردی/ڕۆژهەڵاتیەکەی کە لە بنەچەدا فەلسەفەیەکی یۆنانیە و سورەوەردی بەرگی کوردی/ڕۆژهەڵاتی کردۆتە بەر.
بە دڵنیایی بۆشاییەکی زۆر هەیە لە بوونی بەڵگەنامە و لێکۆڵینەوەی مێژوویی کوردی و بۆ نەتەوەیەک کە مێژووەکەی بە تەواوی تێکدراوبێت، دۆزینەوەی هەر بەڵگەنامەیەکی دێرین و ئاشنابوون پێیان، پارچەیەک لەو ناسنامە بزرکراو و تێکدراوە دروستدەکاتەوە. بە تایبەت ئەو پارچە چەرمەی کە بە ئەلفوبێی ئارامی نووسراوە، پێویست دەکات لە داهاتوودا کوردێک بیخوێنێتەوە بۆ ئەوەی کە دڵنیای بکات زمانەکە کوردیە یان وەک لێکۆڵەران دەڵێن پەهلەویەکی تێکەڵ بە ئارامی.
نووسینی: سۆران حەمەرەش
تێبینی: ئەو پارچە چەرمەی وێنەکە تەنها ئەو دانەیەیە کە بە ئەلفوبێی ئارامی نووسراوە.
سەرچاوەکان
– بۆرەکەیی، صدیق (١٩٩٦) مێژووی وێژەی کوردی، بەشی یەکەم و دووهەم، انتشارات ناجی، بانە.
– حەمەڕەش، سۆران (٢٠١٣) کورد کێیە؟، لەندەن.
-Cowley A. (1919), The Pahlavi Document from Avroman, The Journal of the Royal Asiatic Society of Great Britain and Ireland (p147-154), Cambridge University Press, UK.
– Edmonds, C. J. (1952) The Place Names of the Avroman Parchments, Bulletin of the School of Oriental and African Studies, University of London, Vol. 14, No. 3, (p 4787-482), Cambridge University Press, UK.
– Minns, E.H (1915) Parchments of the Parthian Period from Avroman in Kurdistan, The Journal of Hellenic Studies, Vol. 35, (p. 22-65), Cambridge University Press, UK.
– Unvala, J. M. (1920) , On the Three Parchments from Avroman in Kurdistan, Bulletin of the School of Oriental Studies, University of London, Vol. 1, No. 4 (p 125-144), Cambridge University Press, UK.
– Yonan, Isaac Malek (1934) The beloved Physician of Tehran, Cocksbury Press, Nashville.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …