Home / مێژووى ئاینەکان / ئاینى ئیسلام / لە نێوان ئیسرائیل و عەرەب دا،شاری قودس میراتی كامیانە؟

لە نێوان ئیسرائیل و عەرەب دا،شاری قودس میراتی كامیانە؟

712201719rger (2)

لە نێوان ئیسرائیل و عەرەب دا،شاری قودس میراتی كامیانە؟
عومەر ئیسماعیل مارف
هەر چەندە لە ئێستادا تەواوی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و زۆرێك لە موسڵمانانی جیهان خاكی فەلەستین بە پیرۆز و مافی رەوای عەرەبەكانی ئەو وڵاتە دەزانن، هەر بۆیە دوژمنی سەرسەختی ئیسرائیلییەكانن لە فەلەستین و بە گوتەی خۆیان لە ساڵی (1948ز) بە دواوە لە عەرەبە موسڵمانەكان داگیر و زەوت كراوە، بەڵام ئەگەر ئاوڕێكی خێرا لە لاپەڕەكانی مێژوو بدەینەوە دەبینین ئەو خاكەی ئێستا پێی دەگووترێت فەلەستین، هەر لە كۆنەوە سەر زەمینی پەیڕەوانی ئایینی یەهوودی بووە كە بە (جوولەكە) ناسراون.
بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان؛ لە دەوروبەری ساڵی (3760پ.ز) هۆزێكی پیشەوەر و بازرگان بە ناوی (كەنعانییەكان) كە نەتەوەیەكی سامی نەژاد بوون خاكی (فەلەستین)یان ئاوەدان كردوەتەوە، دواتریش پەیامبەر (یەعقوب1745-1653پ.ز) لەگەڵ (12) كوڕەكەی دا، بوون بە دەسەڵاتداری ناوچەكە و بە كوڕانی ئیسرائیل ناویان دەركردوە، پاشان (موسا1571-1451پ.ز)ی كوڕی (عیمران) (1) لە تیرەی (لاوی) كوڕی پەیامبەر یەعقوب(2)، یەكەمین و بە ناوبانگ ترین پەیامبەری جوولەكەكان بووە و پەڕاوی پیرۆزی (تەورات)ی بۆ هاتووە، لەگەڵ هۆزەكەی دا كە بە (عیبرانییەكان) ناسراون و بۆ دەربازبوون لە ستەم و چەوساندنەوەی فیرعەونی ئەو كاتەی میسر كۆچیان كردوە بۆ فەلەستین(3).
لە سەردەمی سولەیمان دا كراوە بە پایتەخت
لەلایەكی تریشەوە، بەڵگەی سەلمێنەری ئەو راستییە مێژووییەی سەرەوە، ژیان و مردنی زوربەی پەیامبەرانی نەوەكانی ئیسرائیلە لەو وڵاتەدا، لە چەند سەردەمێكی جیاوازدا ئایینی ئاسمانی و چەند پەڕاوێكیان هەبووە و بانگەشەیان بۆ كردوە، لە نموونەی؛ پەیامبەر (داوود1010-974پ.ز)(4) كە لە هەمان كات دا هۆنەر و مۆسیقا زانێكی شارەزاش بووە(5)، دواتر شانشینی گەورەی (ئیسرائیل)ی دامەزراندوە(6). دوای ئەویش (شالوم(7)-سولەیمان974-937پ.ز)ی كوڕی داوود(8) بووە بە پاشا و پەیامبەری یەهوودییەكان و رۆژگاری فەرمانڕەواییەكەی بە سەردەمی شكۆمەندی دادەنرێت لە مێژوودا. لە كاتێك دا، ئوور شەلیم كە پێشتر شارێكی بچووكی كەم بایەخ بووە لە سەردەمی سولەیمان دا كراوە بە پایتەخت و بە پێی سەرچاوەكان؛ نزیكەی (200) هەزار كرێكار بەشدارییان لە دروست كردنی پەرستگاكەی دا كردوە(9).
ئەگەرچی دوای كۆچی دوایی سولەیمان، ساڵی (922پ.ز)(10) ، لە بەشی باكووری وڵاتەوە خێڵی ناوچەكە راپەڕیوون و شانشینێكی جیاوازیان بە ناوی (دەوڵەتی ئیسرائیلی باكوور)(11) یان (ئێفرائیم)(12) دروست كردوە و پایتەختەكەی شاری (سامرە) بووە(13). دوا جار ئەو بەشە ساڵی (722پ.ز) لەلایەن (شەلمانسەری پێنجەم727-722پ.ز)ی پاشای ئاشوورییەوە هێرشی كراوەتە سەر و داگیركراوە، دواتر زۆرێك لە دانیشتوانەكەی كە ژمارەیان (27290) كەس بووە(14) بە دیل كراوی كۆچیان پێ‌ كراوە بۆ ناوچە شاخاویەكانی وڵاتی مادەكان، لەو كاتەش دا یەكێك لە پەیامبەرەكانیان ناوی (تۆبیت) بووە(15).
بەشی باشووریش (دەوڵەتی ئیسرائیلی باشوور-یەهوودا)ی پێ‌ گووتراوە و پایتەختەكەی شاری (ئوور شەلیم) بووە(16) كە لە ئێستادا موسڵمانەكان بە (قودس) ناوی دەبەن.
لەسەرچاوە مێژووییەكان دا؛ هەر یەكە لە پەیامبەران؛ (ئێشعیای یەكەم702پ.ز) و دواتر (یوشع-الیسع639پ.ز) كە یەكێك بووە لە بانگخواز و پەیامبەرە لێهاتووەكانی یەهوودی ناویان هاتووە(17).
بەسەر شارەكانی ئەو وڵاتەدا بڵاوی كردونەتەوە
دوای ئەوەی (نەبوو خزنەسری دووەم605-562پ.ز) بووە بە پاشای بابل، ساڵی (604پ.ز) بە مەبەستی رێگری لە هاوكاری جوولەكەكان بۆ فیرعەونەكانی میسر و سەرهەڵنەدانی هیچ شۆڕش و پشێوییەك لە دژی بابل، لە ئوور شەلیم رێككەوتنێكی لەگەڵ پاشای ئەو كاتەی یەهوودییەكان بە ناوی (یویاقیم)ی كوڕی (یۆئاش) واژۆ كردوە، بەڵام دواتر لە ساڵی (598پ.ز)دا، یویاقیم پێشێلی بەڵێنەكەی كردوە و نەبوو خزنەسریش لە بەرامبەردا بە سوپایەكی گەورەوە هێرشی كردوەتە سەر خاكی یەهوودییەكان. سەرئەنجام، ساڵی (586پ.ز) دەوڵەتی ئیسرائیلی باشووری بە تەواوی داگیركردوە و كردویەتی بە بەشێك لە دەوڵەتی بابل، پاشان ژمارەیەكی زۆر لە ژن و پیاو و منداڵی بە دیل گرتووە و وەكو كۆیلە بۆ وڵاتی بابل كۆچی پێ‌ كردون و بەسەر شارەكانی ئەو وڵاتەدا بڵاوی كردونەتەوە(18).
جێگای ئاماژەیە، پێشتر هەر دوو پەیامبەری یەهوودی (ئارمیا650-580پ.ز) و (حزقیا-ژی الكفل627-570پ.ز) كە یەكێكن لە چوار پەیامبەرە گەورەكەی یەهوودی(19)، بە دەستی پاشای بابل پێشبینی وێران بوونی وڵاتەكەیان كردوە، دواتریش خۆیان یەكێك بوون لە دیلە كۆچ پێ‌ كراوەكان(20). بە پێی گێڕانەوەی ئارمیای پەیامبەر لەو كاتەدا (4600) كەس لە جوولەكەكان لەلایەن نەبوو خزنەسرەوە راگوێزراون بۆ بابل(21)، بە جۆرێك پەیامبەر حزقیا ماوەی (40) ساڵی ژیانی لە بابل دا بەسەر بردوە، هەروەها پەیامبەر (دانیال)یش ماوەیەك لە ناو كۆشكی نەبوو خزنەسردا خزمەتی كردوە(22).
یەكێكی تر لە پەیامبەرانی جوولەكە ناوی (ئێشعیای دووەم540پ.ز)(23) بووە و پێشبینی ئەوەی كردوە لە وڵاتی (فارس)ەوە پاشایەك دێت و جوولەكە دیلەكان ئازاد دەكات و دەیاننێرێتەوە بۆ ئوور شەلیم(24).
یەكەم كاروانی گەڕانەوەیان دەستی پێ‌ كردوە
ئەگەرچی دوای نزیكەی (60) ساڵ ئاوارەیی نەوەكانی ئیسرائیل لە بابل و گوزەراندنی ژیانێكی سەخت و كولەمەرگی لە ژێر ئەشكەنجە و چەوسانەوەدا، دوای داگیركردنی بابل لەلایەن (كوروشی گەورە559-530پ.ز)ی یەكەم پاشای ئەخمینییەكان، لە ساڵی (539پ.ز)دا، یەكەم كاری گێڕانەوەی ئەو یەهوودییە ئاوارانە بووە كە لەلایەن نەبوو خزنەسرەوە بە دیلی هێنراون بۆ بابل. دوای (2) ساڵ لەو بڕیارە، ئینجا یەكەم كاروانی گەڕانەوەیان دەستی پێ‌ كردوە و سەرەتا (42300) كەس كە (30) هەزاریان پیاو و (7337) كۆیلە و ئەوانی تر ژن و منداڵ لە ژێر سەرپەرشتی یەكێك لە پیاوە ناودارەكانیان بە ناوی (زروبابل)، بەرەو فەلەستین و ئوور شەلیمی پایتەختیان گەڕاونەتەوە و دوای (3) مانگ رێگا بڕین، ئینجا بە زێدی خۆیان شاد بوونەتەوە، دواتریش بە فەرمانی كوروش زروبابل كراوە بە پاشا و فەرمانڕەوای خاكی یەهوودیەكان. لەبەر ئەوەی كوروش بووە بە ئازادكەر و فریادرەسی تەواوی جوولەكەكان لە دەست زوڵم و زۆری بابلییەكان، هەر بۆیە هەریەكە لە ئارمیا و حزقیا بە پەیامبەر ناویان بردوە.
گەواهیدەری ئەو راستییە میژوویەیە
لەسەردەمەكانی دواتریش دا، دەركەوتنی هەریەكە لە پەیامبەران؛ (عزرا-عوزێر444پ.ز)(25) كە ئەویش هەر لە نەوەكانی پەیامبەر یەعقوب و تیرەی لاوی بووە، لە كاتێك دا زۆر گچكە بووە كە بە دیلی هێنراوە بۆ بابل(26)، دوای گەڕانەوەشی بۆ ئوور شەلیم، بە هۆی دووبارە نووسینەوەی تەورات بە (مووسای دووەم) ناوی دەركردوە(27)، هەروەها (زەكەریا100پ.ز-20ز)، دواتر (یەحیا1-30ز)ی كوڕی زەكەریا و چەندانی تر كە لە مێژوودا بە پەیامبەرانی نەوەكانی ئیسرائیل ناسراون و گۆڕی زوربەشیان لە دەوروبەر و ناو مزگەوتی (قودس-ئوور شەلیم)دا، گەواهیدەری ئەو راستییە میژوویەیە، بەڵام پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە؛ ئایا ئەو جەنگە درێژخایەنە، شەڕی نێوان دوو نەتەوەی هاوسێی یەكترە, یاخود شەڕە لە نێوان هەردوو ئایینی (یەهوودی و ئیسلام) كە هەردووكیان ئایینی ئاسمانی خوای گەورەن و پەیڕەوانیان لە پێناو بەرژەوەندییەكانی ژیان لەسەر گۆی زەوی درێژەی پێ‌ دەدەن؟!
سەرچاوە بەكارهاتووەكان:
-د. كەیوان ئازاد ئەنوەر، كورد لە چەند تۆمارێكی مێژوویی دا، چاپی دووەم، لە بڵاوكراوەكانی خانەی چاپ و بڵاوكردنەوەی چوار چرا، سلێمانی2010، ل86.
2-مێژووی ئێران سەردەمی هەخامەنیشییەكان: وەرگێڕانی: سەلاحەددین ئاشتی، بنكەی ژین، سلێمانی2012، ل922.
3-د. كەیوان ئازاد ئەنوەر، كورد لە چەند تۆمارێكی مێژوویی دا، ل86.
4-ویل دورانت، مێژووی شارستانییەت: وەرگێڕانی: عەبدوڵڵا رەسووڵی، بەرگی یەكەم، چاپخانەی كەمال، لە بڵاوكراوەكانی دەزگای رۆشنبیری جەمال عیرفان، سلێمانی2014، ل209.
5-گیرترود هارتمان، بنیاتنەرانی دنیای دێرین: وەرگێڕانی: یادگار حەمە غەریب، چاپی یەكەم، چاپخانەی خانی، دەزگای توێژینەوە و بڵاوكردنەوەی موكریانی، هەولێر2009، ل71.
6-ئیدۆن دەنباو، رێبەرێكی خێرا و ئاسان بۆ مێژووی جیهان: وەرگێڕانی: جێگر سەلام، لە بڵاوكراوەكانی خانەی چاپ و بڵاوكردنەوەی چوار چرا، سلێمانی2012، ل52.
7-ویل دورانت، مێژووی شارستانییەت: وەرگێڕانی: عەبدوڵڵا رەسووڵی، بەرگی یەكەم، ل513.
8-هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل209.
9-د. یوسف مەجید زادە، مێژووی شارستانییەتی میسۆپۆتامیا: وەرگێڕانی: سەمیر حسێن، بەرگی یەكەم، چاپی یەكەم، لە بڵاوكراوەكانی خانەی چاپ و پەخشی رێنما، سلێمانی2012، ل493.
10-د. كەیوان ئازاد ئەنوەر، كورد لە چەند تۆمارێكی مێژوویی دا، ل87.
11-ئیدۆن دەنباو، رێبەرێكی خێرا و ئاسان بۆ مێژووی جیهان: وەرگێڕانی: جێگر سەلام، ل52.
12-ویل دورانت، مێژووی شارستانییەت: وەرگێڕانی: عەبدوڵڵا رەسووڵی، بەرگی یەكەم، ل528.
13-ئیدۆن دەنباو، رێبەرێكی خێرا و ئاسان بۆ مێژووی جیهان: وەرگێڕانی: جێگر سەلام، ل52.
14-ئەرنۆڵد توینبی، مێژووی مرۆڤایەتی: وەرگێڕانی: دڵشاد مستەفا وەسانی، چاپی یەكەم، دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی رۆژهەڵات، هەولێر2010، ل237.
15-مێژووی ئێران سەردەمی هەخامەنیشییەكان: وەرگێڕانی: سەلاحەددین ئاشتی، ل922.
16-د. كەیوان ئازاد ئەنوەر، كورد لە چەند تۆمارێكی مێژوویی دا، ل87.
17-ویل دورانت، مێژووی شارستانییەت: وەرگێڕانی: عەبدوڵڵا رەسووڵی، بەرگی یەكەم، ل209.
18-سمكۆ بەهرۆز محەمەد (ئەژی)، ئاراپخای وڵاتی كوردەواری لە مێژوودا: بەرگی یەكەم، چاپی یەكەم، سلێمانی2004، ل106.
19-ئەلبێرت چامپدێر، كۆرشی مەزن: وەرگێڕانی: دلاوەر عەبدوڵڵا، چاپی یەكەم، خانەی چاپ و بڵاوكردنەوەی قانع، سلێمانی2005، ل164.
20-ویل دورانت، مێژووی شارستانییەت: وەرگێڕانی: عەبدوڵڵا رەسووڵی، بەرگی یەكەم، ل541.
21-ئەرنۆڵد توینبی، مێژووی مرۆڤایەتی: وەرگێڕانی: دڵشاد مستەفا وەسانی، ل237.
22-د. جەمال رەشید ئەحمەد، كەركوك لە چەرخە كۆنەكان دا: وەرگێڕانی: حەسەن جاف، چاپی یەكەم، چاپخانەی خانی، دەزگای توێژینەوە و بڵاوكردنەوەی موكریانی، هەولێر2008، ل52.
23-ویل دورانت، مێژووی شارستانییەت: وەرگێڕانی: عەبدوڵڵا رەسووڵی، بەرگی یەكەم، ل210.
24-هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل544.
25-سەرچاوەی پێشوو، ل210.
26-كلۆدیۆس جەیمس ریچ، گەشتنامەی ریچ بۆ كوردستان: وەرگێڕانی: مینە، بەرگی دووەم، چاپی یەكەم، چاپخانەی شڤان، سلێمانی2012، ل412.
27-د. جەمال رەشید ئەحمەد، كەركوك لە چەرخە كۆنەكان دا: وەرگێڕانی: حەسەن جاف، ل52.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …