Home / ناوداران / بابە یادگار، ئەو کەسایەتیە ئاینیە کوردیەی کە مەقامەکەی لەلایەن داعشەوە لە نزیک موسڵ تەقێنرایەوە، کێ بوو؟

بابە یادگار، ئەو کەسایەتیە ئاینیە کوردیەی کە مەقامەکەی لەلایەن داعشەوە لە نزیک موسڵ تەقێنرایەوە، کێ بوو؟

10649830_540549766073078_5296050731811196064_n

بابە یادگار، ئەو کەسایەتیە ئاینیە کوردیەی کە مەقامەکەی لەلایەن داعشەوە لە نزیک موسڵ تەقێنرایەوە، کێ بوو؟
نووسینی: سۆران حەمەڕەش
داعش تەواوکەری فەرهەنگێکی ڕابردووی ڕەشی تێکدەرە کە بۆ هەزاران ساڵە بە شێوەی شەپۆل شەپۆل ڕووی کردۆتە کوردستان و ناوچەکە و هەر جارەو بە جۆرێک و لە ژێر ناو و بەهەنایەکی نوێدا ئازاری خەڵکەکە و فەرهەنگی ناوچەکەی داوە. وەک بەشێک لەم شەپۆلە ڕەشە ڕوخێنەرە، داعش لە ناوچەی موسڵ کە بەشێکی گەورەی ڕابردووەکەی بە کوردەوە بەستراوە، ژمارەیەکی زۆر لە نزرگە و مەقامی سەردەمی جیاوازی تەقاندۆتەوە و یەکێک لەو شوێنانە، مەقامی پیرۆزی بابە یادگارە. ئەمڕۆ ئەو مەقامە پیرۆزە لە گوندی تولەبەند تەقێنراوەتەوە و چەندین مەقامی تری پیرۆزی یارسانی لەو ناوچەیەدا لە ژێر مەترسی کاولکردندایە. ئەوەی جێی داخە، شوێنە مێژوویی و ئاینیە ڕەسەنە کوردیەکانمان دەتەقێنرێتەوە بێ ئەوەی کە ئێمەی کورد بزانین ئەو کەسانە کێ بوون. بۆیە لە خوارەوە بەشێکی کورتی ژیانی ئەو کەسایەتیە پیرۆزە دەخەمە ڕوو.
بابە یادگار لە نزیکی ساڵی ١٣٦٠ ز دا لەدایکبووە و هەندێک دەڵێن لە دێی شێخان و هەندێک ناوی شوێنی تر دەهێنن وەک مەڵبەندی لەدایکبوونی. وەک زۆر لە کەسایەتیە ئاینیەکانی تر، لەدایکبوونی ئەم کەسایەتیە وەک داستانی لێکراوە و هاوشێوەییەک هەیە لە نێوان چیرۆکی لەدایکبوونی بابە یادگار و عیسادا بەڵام ئەوەی بابە یادگار بەرگێکی کوردی لەبەرکراوە.
چەند بۆچوونێکی جیاواز هەیە سەبارەت بە ناوەکەی خۆی، بە گشتی زۆرینە دەڵێن بابە یادگار ناوی خۆی بریتی بووە لە ئەحمەد و دوایی سان سەهاکی گەورەی یارسانەکان نازناوی بابە یادگار-ی پێ بەخشیوە. باوە یادگار ماوەیەک لە کوردستاندا لە جێی جیاواز خوێندوویەتی و دوایی چووەتە لای سان سەهاک. پاشان بۆ ماوەیەک ڕووی کردۆتە وڵاتی هندستان بۆ زیاتر قوڵبوونەوە لە ئایین و دواتر گەڕاوەتەوە کوردستان بۆ ڕێنماییکردنی خەڵک بۆ ئاینی یارسانی پیرۆز. بە داخەوە پاش ماوەیەک لە ڕووداوێکدا لە کوردستان لە دێی سەرانە دەکوژرێ و چۆنێتی و ووردەکاری کوشتنەکەی لە سەرچاوەکاندا ڕوون نیە.
بابە یادگار کەسایەتیەکی زۆر گرنگی یارسانەکانە و بە یەکێک لە حەوت تەن دادەنرێت. ئەم کەسایەتیە پەڕاوێكی گرنگی بە زاراوەی ماچۆ لێ بەجێماوە بە ناوی “زوڵاڵ زوڵاڵ” کە ژمارەیەکی زۆر لە بەند لە خۆ دەگرێت و هەر کام لەم بەندانە باس لە سەرگوزەشتەیەکی ئاینی دەکەن.
باوە یادگار لە یەکێک لەو بەندانەدا دەڵێت:
زوڵاڵ کۆی زەمان، زوڵاڵ کۆی زەمان یادگارەنان زوڵاڵ کۆی زەمان
جاگا غوڵامان جەم بین جەلامان نامش گوشتاسپ بێ، شام وە بێ گومان
ئەز ئەو ناووس بیم ڕۆشن کەردم مان کاکەم زەردەشت بێ پوورەی ئەسپیتمان
سەردەمانێک پێش ئەوەی کە کورد بە تەواوی لە فکردا خۆی بزر بکات، باوە یادگار لە ناو هەموو کورد دا شوێن و ڕێزی تایبەتی هەبووە، بۆیە شاعیری مەزن, مەولەی کە سەرەڕای ئەوەی موسوڵمان بووە، شیعرێک بۆ ئەو کەسایەتیە پیرۆزە دەڵێت:
سەرشار سەهبای بەزم موناجات مەلجەی ئیلتیجای ئەرباب حاجات
جای ڕجای جەرگەی پادشا و دەروێش بارەگا و پەنا پەی پێگانە و خوێش
سەر و سایەدار نیشاندەی وەلی یەعنی یادگار مورتەزا عەلی
بابە یادگار ژنی نەهێناوە و منداڵی لێ بەجێنەماوە، دوای خۆی دووکەس لە پەیڕەوان، سەی خەیاڵ و سەی ویساڵ، خەڵکیان ڕێنوێنی کردووە بۆ سەر ئاینی یارسان. ئەمڕۆ بنەماڵەی بابا یادگار سەر بەو دوو کەسایەتیەن.
وا مەقامە پیرۆزەکەی ئەم زانا کوردە تەقێنرایەوە، کەچی دوای زیاتر لە شەش سەد ساڵ, پەڕاوی “زوڵال زوڵاڵ” ی پیرۆز نە چاپکراوە و نە باسکراوە و نە خوێندەواری کورد پێی ئاشنان. باسکردنی ئەدەبی کوردی و تێگەیشتن لە فیکری کوردی سەردەمانێک، بێ ئاشناکردنی کۆمەڵگە بە ئایین و ئەدەبی دەوڵەمەندی یارسانی، هەوڵێکی بێ هودەیە و ناتوانرێت بێ ئەوە وێنەیەکی فراوان و دەوڵەمەندی فەرهەنگی کوردی ببینین. ئەم نائاشناییە بەو فەرهەنگە دێرینە، بە دڵنیایی یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانە کە کورد بۆچوونێکی زۆر هەڵەی بەرامبەر بە ڕابردووی ئەدەبیی خۆی هەبێت و تەواو نائاشنا بێت بە فەرهەنگەکەی.
لە هەر کوێی ئەم کوردستانە بگەڕێیت گۆڕی پیر و بابە و دایە و پور و خاتوونی مەزنی کوردی تێدایە؛ پیر نازدار خاتوونی شیرازی، پیر ڕاستگۆی قەرەداخی، پیرە مەگرون، پیرمام، پیرمەسور، پیر بیامینی شاهۆیی، پیر دلاوەری دەرەشیشی، پیر دانیاڵی داڵاهۆیی، خاتوون زەڕبانوی دەرزیانی، بابە یادگار، دایە تەورێزی هەورامی، دایە خەزانی سەرگەتی، پور فەرەیدونی شیرازی، خاتوو مەی زەرد، بابە ناووسی جاف، خاتوون دایراکی ڕەزبار….کەچی هەموویان وەک سەربازی نەناسراو، گۆڕ و مەقامەکانیان لەوێدان و ئێمە بەلایاندا تێپەڕ دەبین بێ ئەوەی لێیان تێبگەین، مەگەر تەقینەوەی ئەو شوێنە پیرۆزانە و تاوانی قیزەونی داعش بە ئاگامان بهێنێتەوە و بتوانین ئاوڕێکیان لێبدەینەوە.
تێبینی:
– دەبێت سوپاسی مامۆستا سدیق بۆرەکەیی بکرێت کە لە ڕێگای کتێبی مێژووی ئەدەبی کوردیەوە زۆر لەو کەسایەتیانەی بە کۆمەڵگەی کوردی ناساندووەتەوە.
– وێنەکان لە چەپەوە، مەقامی باوە یادگار لە گوندی تولەبەند لە نزیک موسڵ، وێنەکەی ناوەڕاست وێنەیەکی خەیاڵیە و بنەمای مێژوویی نیە، وێنەکەی لای ڕاست گۆڕی پیرۆزی بابە یادگارە لە نزیک سەرپێڵی زەهاو.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …