Home / ناوداران / ژیانی پرتەوی هەکاری و زانیاری نوێ

ژیانی پرتەوی هەکاری و زانیاری نوێ

231120171924800_fffffffff

ژیانی پرتەوی هەکاری و زانیاری نوێ

ژیڤان خۆرانی

پرتەوی ھەکاری (١٧٥٦ – ١٨٢٥) شاعیرێکی باکووری کوردستانە. ناوی مستەفا بەگی کوڕی عەبدوڵا بەگی کوڕی محەمەد کوڕی ئێزدین شێرە، ناسناوی “پرتەوی ھەکار” یان “شاپرتەوی ھەکاری” یان “پرتەویێ هەکاری” بۆ خۆی داناوە. لە ساڵی ١٧٥٦ لە ناوچەی ھەکاری لەدایک بووە. زانیاریی تەواو لە بارەی ژیان و مردنی نییە و ڕوون نەکراوەتەوە وەک زۆرێک لە شاعیرانی کلاسیکیی کوردی، بەڵام دەرکەوتووە، کە لە ساڵی ١٨٢٥ کۆچی دوایی کردووە. ناوچەی ھەکاری وەک ناوەندێکی ڕۆشنبیریی دەوڵەمەند کاریگەری بۆ خەمڵاندنی چێژ و خەیاڵی پرتەو ھەبووە. پرتەو شیعرەکانی بە شێوەزاری کرمانجی سەروو نووسیون.

لە بەرگی دووی فەرهەنگی تورکی ناودار “قاموسی الاعلام”ی شەمسەدین سامی لە بارەی ناوی پرتەوییەوە گوتوویەتی: پەرتوی هەکاری یەکێکە لە شاعیرە بەناوبانگەکان، شاعرانی ئێرانی کاریگەرییان لەسەری هەبووە، شیعرەکانیشی کاریگەرییەکە دەردەخەن. ئێستە لە تەنیشت گۆڕی سەعدی بە خاکیان سپاردووە.” ئەو بۆچوونەی شەمسەدین سامی، لە ناو هەرسێ بەرگی کتێبی “گنج سخن”ی د. زەبیوڵا سەفادا نەهاتووە، کە ئەو مێژووی هەرسێ قۆناغی شاعیرانی فارسی لەم سێ بەرگەدا نووسیوە.

نەبوونی ناوی پرتەوی لە مێژووی ئەدەبی ئێرانیدا، لەگەڵ ئەوەیش هەبوونی ناوی “پرتەوی پاشا” لە مێژووی ئەدەبی تورکیدا، بیر بۆ ئەوە دەچێت ئەوە پرتەوی هەکاری بێت، چونکە تورک هیچ شاعیرێکی بەم ناوە نییە. مخابن سەرچاوە و دەستنووس و بەڵگەی مێژووی ژیان و مردنی پرتەوی بەر دەست نییە و لە سەتەی ڕابردووشدا، ئەو مێژووە دیاری نەکراوە.

مامۆستا نەجمەدینی مەلا لە بارەی دەستنووسی کوردیدا، لە کتێبی “سۆزی نیشتمان”دا، کە لەساڵی ١٩٤٢دا نووسیویەتی و چەند دێڕێکیشی لەبارەی پرتەوی هەکاری نووسیوە و دەڵێت: “سەرگوزشتەی ژیانی پرتەوی هەکاری بە درێژی بە دەست ئێمە نەکەوتووە، بەڵام محەمەد عەلی عەونی لە ڕاڤەی کورد و کوردستاندا دەڵێت: (دیوانی پەرتو شا) لە ساڵی ١٨٠٦ی زانینیدا، هاتیتە نووسین، هەڵبەستێکی بەتەنێ لە ژمارەی ١٠ی گۆڤاری کرمانجیدا لە ڕۆژی (٣/٧/١٩٢٧) بڵاو کراوەتەوە.

عەلائەدین سەجادی لە کتێبی مێژووی ئەدەبی کوردیدا، لە لاپەڕە ٧٤ی بەرگی یەکەم، دەڵێت: شا پرتەوی حەکاری لە ساڵی ١٨٠٦ دیوانەکی دەستنووسی کردووە. پڕۆفیسۆر قەناتێ کوردو، لە کتێبی “گراماتیکا زمانێ کوردی” کاتێ لەسەر تیۆری ئەدەبی کوردی دەلێت: “پرتەوی بەگ هەکاری لە ساڵی ١٨٠٨دا، شیعری بە زاری کرمانجی نووسیوە. دیوانی پرتەوی هەکاری لە پێنجی مانگی شەوالی ساڵی ١٢٢١ی کۆچی بە دەستی عەبدوڵا ناوەکی، کە نە ناوی باوکی خۆی نە ناوی باپیری خۆی نەنووسیوە، هاتیتە نووسین.

پرتەوی هەکاری لە ماڵباتی میرانی هەکارییە، بۆیە بە ناوی شا پرتەوی بەناوبانگ بووە، ئەو بنەماڵەیە بە جوامێری و خێرخوازی و مرۆڤدۆستی بەناوودەنگ بووینە، ئەو شوێنەی پرتەوی هەکاری لێی لە دایک بووە، سروشتێکی ڕەنگین و دەنگێکی کوردی بووە. بۆیە لە شیعرەکانیدا باسی سروشت و گوڵ و بولبولی کوردستانی کردووە. وەک باس دەکرێ، زانست و زانین لە دەڤەری هەکاریدا سەری هەڵداوە.

لە ڕووی ڕوخسارەوە، شیعرەکانی لە غەزەل و قەسیدە پێکھاتووە، جگە لەمانەش کۆمەڵێک چوارین و چێنجین و موستەزادی ھەیە. لەڕووی ناوەڕۆکەوەیش، موناجات و ستایشی پێغەمبەر و دڵداری و وەسفی خۆشەویستی و سروشت، ھەموو لایەنێکی شیعرەکانی گرتووەتەوە.

چییە دەردێ تـە بێژە ئەی دل ئەی دل
ژ چاڤان خون برێژە ئەی دل ئەدی دل

ژ بــــــو تەسکینا ئیش و حـرقەتا دل
هەمە دەردان بڕێژە ئەی دل ئەی دل

ژ من ئەحـــــوالێ کۆڤــــانان مەپرسە
کو حـــــالاتەک درێژە ئەی دل ئەی دل

هەچی داغ و برینا مـــن ل سینە
ژ وێ بەژنا درێژە ئەی دل ئەی دل

نە ئیرۆکە تە تەرکـــــــا ئاشنائــــــی
کـــو قــەتعا ژ مێژە ئەی دل ئەی دل

مـــــــە زانــــی عشقا مــــــەحبوبان بە لایە
هەچی دی سوس و گێژە ئەی دل ئەی دل

وەکی تە گوهـ نەدا پەندێت ت (پرتو)
ت نـازێ غەم بڕێژە ئەی دل ئەی دل

نموونەیەکی شیعری پرتەوی ھەکاری لە ھونەری موستەزاد.

ئیرۆکە م تالیع سەحەرێ دلبەری سەلما
مەشیا ب خرامـان
مەستانە وەش، کە چ کولەھ و قامەتی ڕەعنا
شەنگا شەبی ڕیحان
ئەڤ شیوە و ئەڤ عیشوە و ئەڤ ناز و نەزاکەت
ئەسلن من نەدی بوون
یا ڕەب ژ ھەمی دەرد و بەڵا و ئافاتی دنیا
حافز کو ب یەزدان

سەرچاوە/ دیوانا پەرتویێ، بەرهەڤکردن و توێژاندنا سادق بەهائەدین ئامێدی، ١٩٧٧ دار العریە گباعە بغداد.

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About نورسی گۆران

Check Also

1516611239wefayi

وه‌فایی

جام کوردی: میرزا عەبدوڕە‌حیم سابڵاغی ناسراو به وەفایی شاعیری به ناوبانگی کورد، ساڵی ١٢٦٤ی ھەتاوی …