مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریس، گه‌وهه‌رێك له زمانزانی و سه‌لیقه
ئاماده‌كردنی: زاهیر سدیق
مامۆستا مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریس، زانایه‌كی گه‌وره‌ی كورده و ئه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی كلاسیكی خوێندبێته‌وه، ئه‌وه‌ی پیتێكی له‌ئه‌ده‌بیات و له زانستی ئایینی خوێندبێته‌وه مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریس ده‌ناسێ. ئه‌م زانا بلیمه‌ته‌ی گه‌لی كورد له‌ماوه‌ی ژیانیدا هه‌ر له‌منداڵییه‌وه تا دوا رۆژه‌كانی ژیانی جگه له‌زانست و زانیاری هیچ خولیایه‌كی تری نه‌بووه، ئه‌م پیاوه مه‌زنه هه‌موو ته‌مه‌نی به‌دوای عیلم و مه‌عریفه‌دا گه‌ڕاوه‌و ئه‌وه‌یش كه له‌پاش خۆی به‌جێیهێشتووه ده‌ریایه‌كه له نووسین و زانیاری و هه‌ڵوێستی جوامێرانه و كوردانه رۆژگارێك له‌پایته‌ختی عیراقی زه‌مه‌نی حوكمڕانی ره‌شی به‌عسییه‌كاندا مامۆستا له‌نێو به‌غدادا وه‌ك زانایه‌كی گه‌وره و بلیمه‌ت له‌پاڵ زانست و ئاینداری و ئه‌ده‌بیاتدا هه‌میشه خاوه‌ن هه‌ڵوێست جوان بووه‌و بۆ ساتێك دژی گه‌له‌كه‌ی نه‌بووه‌و له به‌غداوه خه‌مخۆری پێشمه‌رگه بووه و دڵی لای نه‌ته‌وه‌كه‌ی بووه. واژۆی هیچ كارێكی ناڕه‌وای بۆ ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی سه‌دام نه‌كردووه، ئه‌گه‌رچی ئه‌وزه‌مانه حوكمڕانی به‌عسییه‌كان مه‌رایی زۆریان بۆ كردووه تاوه‌كو زانایه‌كی بلیمه‌تی ئاوها له‌گه‌ڵیاندا بێ و پاڵپشتی بڕیاره ره‌شه‌كانیان بكات، به‌ڵام مامۆستا مه‌لا عه‌بدولكه‌ریم هه‌رگیز نه‌چووه‌ته ژێر ركێفیانه‌وه و هه‌میشه هه‌ڵوێستی كوردانه و مه‌ردانه‌ی هه‌بووه.
به‌شی یه‌كه‌م
ره‌ووف عوسمان: مامۆستا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریس یه‌كێكه له‌زانا گه‌وره‌كانی چه‌رخی بیسته‌م، كه رۆڵێكی گه‌وره‌ی بینیوه له‌بواری نووسیندا و له‌بواری زیندوو كردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی كلاسیك‌دا، ئه‌م پیاوه مه‌زنه لای شێخ عومه‌ری قه‌ره‌داغی ناسراو به ئیبن لقه‌ره‌داغی، له‌مزگه‌وتی مه‌ولانا خالیدی نه‌قشبه‌ندی له سلێمانی ئیجازه‌ی مه‌لایه‌تی وه‌رگرتووه و هه‌ر دوای وه‌رگرتنی ئیجازه‌ی مه‌لایه‌تییه‌كه‌ی شێخ سدیقی شێخ مارفی نێرگزه‌جاڕ كه ئه‌كاته مامی من یه‌كسه‌ر بردوویه‌تی بۆ نێرگزه‌جاڕ له‌وێ مه‌دره‌سه‌یان هه‌بووه و له‌وێ مه‌دره‌سه‌كه‌یان ئاوه‌دان كردوه‌ته‌وه و كۆمه‌ڵێك خوێنكاری زۆری له‌ده‌ور كۆبووه‌ته‌وه، و ته‌نانه‌ت هه‌ر له‌وێ هاوسه‌رگیرییان بۆ دروست كردووه كه خێزانی یه‌كه‌مێتی و دایكی خوالێخۆش بوو فاتیحی كوڕێتی، ماوه‌یه‌ك له‌نێرگڤه‌جاڕبووه و پاشان له‌وێوه چووه بۆ بیاره، دیسانه‌وه له‌وێ كۆمه‌ڵێكی زۆر خه‌ڵك له‌ده‌وری كۆبووه‌ته‌وه و ته‌دریسی كردووه و له‌وێشه‌وه هاتووه بۆ سلێمانی و له‌مزگه‌وتی حاجی حان ماوه‌یه‌ك ماوه‌ته‌وه و پاشان چووه‌ته كه‌ركوك له‌وێشه‌وه چووه‌ته به‌غدا.
م. نوری فارس حه‌مه خان: مه‌جلیسه‌كانی رێك له‌مه‌جلیسی پێغه‌مبه‌ری ئه‌كرد، هه‌ر باس باسی دین و حه‌دیس و ته‌فسیربوو، باسی قورئان و عیلمه قورسه‌كان بوو، ئینجا مامۆستاش له‌ناحیه‌ی عیلمییه‌وه سوبحانه‌ڵڵا له‌ئیقبال نامه‌وه كه بۆ منداڵ داده‌نرێ هه‌تاوه‌كو موخته‌سه‌ری سه‌حیحی مامۆستا ته‌ئلیفی تێدا هه‌یه، یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی كه ئیهتیمامی به كاره‌كانی مامۆستا ده‌دا، حه‌پسه‌خانی نه‌قیب بوو، من له‌یادمه باوكم خوا لێی خۆش بێ، كۆمه‌ڵێك كتێبی بۆ هێنام وتی نوری ئه‌مه حه‌پسه‌خانی نه‌قیب چاپی كردووه له‌سه‌ر حسابی خۆی و ئه‌یدات به‌منداڵی لادێكان، ئه‌و كتێبانه‌ش پێنج دانه‌بوون، یه‌كێكیان عه‌قیده‌ی كوردی بوو، یه‌كێكی تریان ئیقبال واله‌ی مامۆستا مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریس بوو، یه‌كێكی تریان ئه‌ساس السه‌عاده‌ت بوو، ئیمان ولئیسلام بوو، ئه‌حمه‌دی بوو، هه‌تا چوومه فه‌قێیه‌تیش ئه‌م كتێبانه هه‌ر مابوو، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ئه‌سه‌ری مامۆستا له‌چله‌كانه‌وه خه‌ڵك ده‌یخوێنێته‌وه، به‌راستی مامۆستا خۆی حه‌كیم و دانا بوو، ته‌سوربكه منداڵی مامۆستا له‌عه‌تییه‌خان ئه‌مه كاكه حه‌مه‌یه، ئه‌مه مامۆستا فاتیحه، سه‌ڵاحه. مامۆستا مه‌لا عه‌بدولكه‌ریم ئه‌مه‌نده به‌هێمنی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا كردبوون، له‌گه‌ڵ باوكیاندا وه‌كو هاوڕێ وابوون، نه‌ك وه‌كو كوڕ و باوك. مامۆستا ئه‌وه‌نده مرۆڤێكی حه‌كیم و دانا بوو، هه‌تا له‌په‌روه‌رده‌ی منداڵدا یه‌كه‌م بوو، مامۆستا كه‌له‌گه‌ڵ سۆفییه‌كه‌دا داده‌نیشت به‌گوێره‌ی عه‌قڵی ئه‌و قسه‌ی بۆ ده‌كرد، له‌گه‌ڵ مامۆستا مه‌لا ساڵحی تریفه‌دا خوالێی خۆش بێت كه گه‌وره‌ترین زانا بوو له‌هه‌ڵه‌بجه‌دا داده‌نیشتن، له‌تۆوایه ئه‌مه ئیبن و لسینا و فارابین، به‌و مه‌نتیقه و به‌و فه‌لسه‌فه قوڵه قسه‌یان ده‌كرد، مامۆستا پیاوێكی مه‌وسوعی بوو، له‌ناحیه‌ی دین و زانسته‌وه موته‌كامیل بوو.
م. شێخ تاهیر ئیسماعیل: له‌لایه‌نی زانسته‌وه ئێمه ناتوانین باسی زانستی مامۆستا بكه‌ین، یه‌كێك باسی زانستی ئه‌و ده‌كات له‌ئاستی زانستی ئه‌ودا بێ یان له‌سه‌رووی زانستی ئه‌وه‌وه بێت، مامۆستا زانا نه‌بوو به‌ته‌نیا، مه‌وسوعه‌یه‌ك بوو، ئێستا به‌یه‌كێك ده‌ڵێن فڵانه كه‌س عالمه، عالمه له‌بوارێكدا، به‌ڵام مامۆستا عالم بووه له هه‌موو بوارێكدا، ئه‌مه‌ش واته وه‌كو مه‌وسوعه‌یه‌ك وابووه، مامۆستا له‌لایه‌نی مێژووه‌وه، خه‌ڵكی شوێنه‌كانی وه‌كو بادینان و موسڵ ئه‌چوونه خزمه‌تی و مامۆستا باسی شه‌خسیاتی ئه‌و ناوچانه‌ی ئه‌كرد وه‌كو ئه‌وه‌ی ئه‌و له‌وناوچانه په‌روه‌رده‌بووبێ. ناوچه‌ی عه‌ره‌بی كه باسی ده‌كرد، و باسی عه‌شایه‌ری ئه‌كرد وه‌كو ئه‌وه‌ی مامۆستا له‌گه‌ڵیاندابووبێ، جاری واهه‌بوو قوتابی مالیزی و ئه‌نده‌لوسیمان له‌لابوو زانیاری وای پێده‌دان ئه‌وان پێكه‌نینیان پێ ده‌هات، شتی وایان نه‌بیستبوو، كه باسی ئێران ده‌كرا وات ده‌زانی خه‌ڵكی ئێرانه و له‌هه‌موو گونده‌كاندا هاتوچۆی كردووه، باسی عالمێكی ده‌كرد له‌زانایانی ئێران، توركیا، سوریا، سعودیا، باسی هه‌روه‌ڵاتێكی بكردایه زانیاری ته‌واوی له‌سه‌ریان هه‌بوو، مامۆستا باسی هه‌ركه‌سێكی ده‌كرد پاش ته‌مه‌نێكی درێژ وات ئه‌زانی كابرا له‌به‌رده‌ستدایه.
م. ساڵح هۆرێنی : مامۆستا مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس كه له‌كوردستاندا پێگه‌یشت و یه‌كێك بوو له‌قوتابییه‌كانی مامۆستا شێخ عومه‌ری قه‌ره‌داغی، كه‌یه‌كێك بوو له‌مامۆستا ناسراو و زاناكانی كوردستان، كه مامۆستا مه‌لا عه‌بدولكه‌ریم به‌موده‌ریس دامه‌زراوه بیاره ئه‌و كاته وه‌كو دانیشگایه‌كی گه‌وره نه‌ك هه‌ر له‌كوردستاندا بگه‌ره له‌ده‌ره‌وه‌ی كوردستانیشدا ده‌نگی دابووه‌وه له‌و بواره دینی و زانستییانه‌دا كه هۆی هه‌ڵكه‌وتنی نالی و مه‌حوی و سالم و رۆشنبیر و زانای دیكه، مامرستا عومه‌ر كه مامۆستای مه‌لا عه‌بدولكه‌ریم بوو و موجازی ئه‌و بوو، به‌چه‌ند مه‌لایه‌كی ده‌وروپشتی خۆی ئه‌ڵێ بابڕۆین پیرۆزبایی له‌مامۆستا مه‌لا كه‌ریم بكه‌ین. جا ئێستا ئه‌گه‌ینه ئه‌و خاڵه سه‌رنجڕاكێشه كه‌روویداوه له‌م چیرۆكه‌دا. مامۆستا عومه‌ر هه‌ندێك زانای ئه‌و ده‌وره كۆده‌كاته‌وه كه له‌و رۆژگاره‌دا به‌ناوبانگ بوون، وه‌كو مامۆستا بابا ره‌سوڵی عه‌بابیلێ، مامۆستا شێخ نووری باباعه‌لی، مامۆستا شێخ عه‌بدولكه‌ریمی ئه‌حمه‌د بڕنه، مامۆستا مه‌لا عه‌زیزی پلیز، مه‌لای ره‌ش له‌كۆیه، مه‌لا عه‌لی له‌كه‌ركوك، مه‌لا عه‌بدوڵڵای ده‌ره شیش، شێخ ره‌سوڵی ته‌كییه كه ئیمام و خه‌تیبی مزگه‌وتی هه‌ڵه‌بجه‌بووه، ئه‌مانه و كۆمه‌ڵێك كه‌سانی تر له‌گه‌ڵیدا كۆده‌بنه‌وه و ده‌چن بۆ بیاره، زه‌مانی شێخی عه‌لادین بووه، له‌گه‌ڵ شێخی عه‌لادیندا مامۆستا شێخ عومه‌ری قه‌راغی كه مامۆستای مه‌لا عه‌بدولكه‌ریم بووه، له‌به‌رده‌می هه‌موو ئه‌و زانایانه‌دا، به مه‌لا عه‌لادین ئه‌ڵێ ئاگاداری مه‌لا كه‌ریم به، یارمه‌تی بده، ئه‌م مه‌لا كه‌ریمه له‌من مه‌لاتر ئه‌بێ. له‌دانیشگاكانی خۆماندا و بگره له‌دانیشگاكانی وڵاتانی ناوه‌ڕاست و گه‌لێك شوێنی تر ی جیهاندا مامۆستایه‌كی دانیشگا ئه‌توانێ قوتابییه‌كه‌ی خۆی هه‌ڵسه‌نگێنێ و بڵێت ئه‌بێ به‌قوتابییه‌كی باش، به‌ڵام له‌به‌رده‌می كۆڕێكی گه‌وره‌دا بڵێت ئه‌مه له‌من خوێنده‌وارتر ده‌بێ، ئه‌مه زۆر ده‌گمه‌نه، ئه‌م ته‌وازوعه پاداشتی په‌روه‌ردگاری له‌سه‌ر ئه‌بێ.
د. عیزه‌دین مسته‌فا ره‌سوڵ: ئه‌وه‌ی كه من لام وابوو، جارێك عه‌رزی خۆشیم كرد به‌هێمنی و به‌ئه‌ده‌به‌وه، ئه‌وه‌ی كه ئه‌مێنێته‌وه بۆ ئه‌و كتێبه‌كانێتی و ئێستاش ئه‌وه ماوه‌ته‌وه، كه ئه‌وانی تر هه‌مووی یادگارن، له مێشكی هه‌ندێك كه‌سدا كه‌مابن، یان چه‌ندی وه‌كو خۆی ده‌گێڕدرێته‌وه و چه‌ندی وه‌كو خۆی ناگێڕدرێته‌وه، ئه‌وه‌ش دیسانه‌وه كه كاكه حه‌مه ته‌مه‌ن درێژ بێ و به‌له‌شی ساغ بیبینینه‌وه، زیاتری لێ ده‌زانێ ته‌نانه‌ت له‌كوڕه‌كانی تری و له‌وانه‌ی ده‌وروبه‌ری، كتێبه‌كانی كۆمه‌ڵێكی جیان، هه‌ندێكی كتێبی ئاینییه و سه‌ر به‌ئیسڵامه‌تییه و هه‌ندێكیان له‌ژانری ئه‌ده‌بیاتن، جارێك عه‌رزم كرد ئه‌و هه‌ر له‌رووی نازه‌وه به‌برازای دائه‌نام و له‌شوێنێك واشی بۆ نووسیوم، پێم وت هه‌ندێك له‌م كتێبانه‌ی جه‌نابت به‌مه‌لایه‌كی عاده‌تیش ده‌كرێت له‌سه‌ر شه‌ریعه‌تی ئیسلام و له‌سه‌ر هه‌ندێك شتی ته‌فسیر، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه ئه‌مێنێته‌وه بۆ جه‌نابت و بۆ ئێمه‌ی كورد ئه‌و دیوانانه‌یه كه چوونه چاپخانه‌وه و تائێستاش چاپ ئه‌كرێنه‌وه یان شتێكی كه‌میان لێ زیاد ئه‌كرێن، یان پارچه شیعرێكی تر ئه‌دۆزرێته‌وه هی شاعیره‌كه، شتێكی وان به‌ڵام به‌وجۆره شه‌رحه جوانه‌وه له‌وانه‌یه تا ئێستا نه‌كرابێ. مامۆستا مه‌لا عه‌بدولكه‌ریم گروپێكی پێكهێنابوو، من ئه‌موت ئه‌مه كارێكی مه‌جمه‌عییه، ئه‌كادیمیایه‌ك بیكات، چونكه له‌ئه‌كادیمیاشدا كتێبێك یان یه‌ك كه‌س خه‌ریكی ده‌بێ یان چه‌ند كه‌سێك پێكه‌وه خه‌ریكی ئه‌بن، و هه‌ركه‌سه لایه‌نێكی ئه‌گرێ، كاره‌كان زۆربه‌ی كاری ره‌حمه‌تی كاك فاتیحی كوڕێتی، كه كوڕی گه‌وره‌ی بوو، كه به‌داخه‌وه كه‌متر ناوی دێت، ئه‌و دیوانانه شه‌رحی به‌جۆرێك له‌یه‌كدانه‌وه‌ی بۆ ئه‌نووسی، دێڕ به‌دێڕ، ئیتر مه‌له‌وییه، نالییه، سالمیان به‌ده‌سته‌وه بوو هێشتا به‌داخه‌وه نه‌گه‌یشتووه‌ته چاپخانه، كۆمه‌ڵێك دیوانه، كاك فاتیح جۆره یه‌كدانه‌وه و شه‌رحێكی ئه‌كرد، مامۆستا ئه‌یگرت به‌ده‌سته‌وه و ئه‌یخوێنده‌وه، كۆمه‌ڵێك شتی ئیسلامی، چونكه ئه‌و دیوانانه هی مه‌لای موسڵمانن، هه‌رچه‌ند وه‌كو شیعری كلاسیكی میلله‌تانی تر زۆر لایه‌نیان تێدایه، عه‌شق و دڵداریان تێدایه، سروشتیان تێدایه، لای زۆریان لایه‌نی نیشتمان په‌روه‌ری تێدایه، مامۆستا لایه‌نه ئیسلامییه‌كانی كه هه‌ندێكی پێویستی به زانیاری قووڵی شه‌ریعه‌تی ئیسلامی ده‌ویست كه مامۆستا مه‌لا كه‌ریم ئه‌یزانی، وه مه‌لای وامان ئێستا له جیهانی ئیسلامی سووننیدا نه‌ماوه، دووه‌م شت لایه‌نه‌كانی به‌لاغه‌ی تێدابوو، به‌لاغه‌ی كۆن، كه له‌عه‌ره‌بییه‌وه هاتبوو، دوایی بووه به‌فارسی، ئه‌و لایه‌نه به‌لاغیانه كه ئیتر به‌جیناس و تیباق و گه‌لێك شتی تر كه پێشچوون یان لێكچوان و چوار لایه‌نه‌كه‌ی ته‌شبیهه و گه‌لێك شتی تری به‌لاغه. ئه‌مانه چوونه‌ته ناو زانستی به‌لاغه‌وه و ئه‌و به‌لاغه‌ته‌ش كۆن له‌مزگه‌وتا ئه‌خوێنرا، هه‌رچه‌نده له‌كۆلێژه‌كانی ئاداب و عه‌ره‌بیشدا ئه‌خوێنرێ به‌ڵام به‌و جۆره قوڵ و ورد و فراوانییه نییه، مامۆستا مه‌لا عه‌بدولكه‌ریم زانایه‌كی گه‌وره‌ی به‌لاغه‌تیش بوو، ئه‌و لایه‌نانه‌شی هه‌مووی له‌دیوانه‌كانی ئه‌و شاعیرانه‌دا ئه‌خسته سه‌ر كاغه‌ز و ئه‌خسته سه‌ر ئه‌و به‌شه‌ی كه كاك فاتیحی شه‌رحی كردبوو، سێیه‌م ده‌ور ده‌وری كاكه حه‌مه بوو، ته‌مه‌ن درێژبێ، كاكه حه‌مه خه‌تێكی خۆشی هه‌یه، ئیملایه‌كی كوردی چاك ئه‌زانێ، ئه‌و ئیملایه ئه‌ویش به‌پله هاتووه، سه‌ره‌تا كوردی نووسین چۆن هاتووه، هه‌ندێك تیپ هه‌بووه یان نه‌بووه، هه‌ندێك ئیشاره‌ت چوكڵه و شتی واهه‌بووه یان نه‌بووه، وه‌كو چۆن قسه ده‌كه‌یت وابنووسی، ئه‌وه تازه‌ترین شته، گه‌لێك شتی تر، ئیملای كوردی پله‌یه‌كی زۆری بڕیوه، چونكه یه‌كه‌م شته چاپكراوه‌كانی كوردی یان ده‌ستنووسه هه‌ره‌كۆنه‌كانی كوردی سه‌یر بكه‌ین، ئیملاكه‌ی جیایه نزیكه له ئیملای عه‌ره‌بی و فارسییه‌وه، به‌ڵام ئه‌مانه ورده ورده هه‌ریه‌كه شتێكی بۆ زیادكراوه و گه‌لێك كه‌س كاریان تێدا كردووه و گه‌یشتووه‌ته پله‌یه‌كی چاك، كه له‌ئیملا پێشكه‌وتووه‌كانی جیهانیشه.
م. نوری فارس حه‌مه خان: ئه‌م مامۆستایه به‌راستی كه‌سایه‌تییه‌كی ته‌واوی هه‌بوو، تا بڵێی خاكی بوو، زانا بوو، به‌مانای كه‌لیمه زانایه‌كی مه‌وسوعی بوو، له‌زانستی نه‌حودا و زانستی سه‌رفدا له‌فیقه دا له‌ته‌فسیردا له‌هه‌موویدا ده‌ریا بوو، داناوزانا كه‌م هه‌بوو وه‌كو ئه‌و. له‌هه‌مووی سه‌یرتر ئه‌وه‌نده خاكی بوو كه ئه‌چویته خزمه‌تی له‌به‌غدا له‌بابوشێخ له‌ژوره‌كه‌ی خۆی كورسییه‌كی هاكه‌زاییان بۆ دانابوو، لای ده‌رگاكه‌وه یه‌كه‌م كه‌س له‌لای خواره‌وه دانیشتبوو، هه‌تا قسه‌ت له‌گه‌ڵ نه‌كردایه ئه‌وه ئه‌وه له‌و مه‌جلیسه‌دا ئه‌وه‌نده بێ هه‌وا و بێ نه‌فس بوو، وه‌كی تر به‌مانای وشه مامۆستا زۆر عاشقی كوردبوو، حه‌زی له‌كوردایه‌تی بوو، هه‌میشه ئامۆژگاری ئێمه‌ی ئه‌كرد و ئه‌ویت ئێوه كوردبن و مه‌ردبن. جارێكیان ئه‌ڵێن سه‌دام كه وه‌ختێ مامۆستا لێره ته‌شریفی ئه‌ڕوا و ئه‌چێ بۆ بابولشێخ سه‌دام پێی ئه‌ڵێ جه‌نابی شێخ عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریس وادیاره كورده‌كان حه‌زیان له‌زانای گه‌وره نییه و دژی مه‌لای باش و زانای گه‌وره‌ن بۆیه تۆ له‌ناو ئه‌واندا جێت نه‌بووه‌ته‌وه. مامۆستاش له‌قسه‌كه‌ی تێده‌گات و ده‌زانێ ئه‌و ویستویه‌تی ره‌خنه له‌میلله‌ته‌كه‌ی بگرێ و وه‌ڵامی ئه‌داته‌وه و ئه‌ڵێ نه‌خێر من وه‌ختی خۆی فه‌قێی مه‌لا باشه‌كانی كوردستان بووم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من ئایه‌خیان بووم بۆیه له‌كوردستان جێم نه‌بووه‌ته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه له‌كوردستانه‌وه نه‌هاتووم بۆ به‌غدا كه گوایه من له‌هه‌موویان باشترم و جێمنه‌بووه‌ته‌وه. من خودی خۆم له‌مامۆستام بیستووه وتی نوری تۆ ئه‌چیته‌وه بۆ سلێمانی رۆڵه خۆزگه‌م به‌خۆت كه مه‌جالت ماوه و ته‌مه‌نت به‌به‌رێوه ماوه كه هاتوچۆی كوردستان بكه‌یت، من ئێستا وام لێهاتووه ناتوانم بچمه‌وه نیشتمانه‌كه‌ی خۆم. مامۆستا هه‌تا ئه‌و رۆژه‌ی مرد كوردێكی پاك بوو، موسڵمانێكی چاك بوو، دڵسۆزی میلله‌تی خۆی بوو، دڵسۆزی خاك و ئاوی خۆی و موسڵمانێكی پاك بوو، مامۆستا كه‌سایه‌تییه‌كی ناودار و مه‌شهور بوو، یه‌كێك له‌وانه‌ی له‌سه‌ر مامۆستای نووسیووه، وه‌زیری ئه‌وقافی كۆنه، جارێكیان مه‌قالێكی زۆر زۆر جوانی له‌باره‌ی مامۆستاوه نووسیبوو، ئینجا د. محه‌مه‌د شه‌ریف كه ئێستا له‌هه‌ولێره كه ئه‌و وه‌خته وه‌كیلی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف بوو ئه‌و وه‌خته له‌به‌غدا. هه‌موو وه‌ختێك كه وه‌فدێكی گه‌وره ئه‌هات، یان وه‌فدێكی دینی له‌عاله‌می ئیسلامییه‌وه ده‌هات بۆ نموونه له ئه‌نده‌نوسیا یان له‌پاكستانه‌وه، یان له‌توركیاوه، یان له وڵاتانی دیكه‌وه، كاك محه‌مه‌د شه‌ریف پێشیان ئه‌كه‌وت و ئه‌یبردن بۆ لای مامۆستا و له‌ژوره‌كه‌ی خۆیدا وه‌كو فه‌قێ له‌خزمه‌تی مه‌لادا ئاوا له‌خزمه‌تی مامۆستا داده‌نیشتن، مامۆستاش به‌عه‌ره‌بییه‌كی سه‌حیحی فه‌سیح له‌گه‌ڵیان ئه‌دوا. كه من كه‌سم نه‌دیوه وه‌كو مامۆستا ئاوا زمان پاراو بێ، مامۆستا به‌یه‌ك نه‌فه‌س به عه‌ره‌بییه‌كی فه‌سیحی سه‌حیح قسه‌ی ئه‌كرد له‌بابه‌تی ته‌فسیر و حه‌دیس و نه‌حو، له‌سه‌ر زۆرشتی له‌و بابه‌تانه.
م. شێخ تاهیر ئیسماعیل: له‌ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا ئه‌وه‌نده به‌وه‌فابوو باس ناكرێ، جارێ به‌رانبه‌ر به‌سه‌ید زۆر به‌رێز بوو، مامۆستا وانه‌ی لای هه‌ركه‌سێ خوێندبێ، رێزی گرتبێ، رێزی باوكی گرتبێ، منداڵی منداڵی ئه‌و كه‌سه ئه‌هاته لای ئه‌و له‌به‌ری هه‌ڵئه‌سا و رێزی لێئه‌گرت، مامۆستا له‌گه‌ڵ جه‌ماعه‌تی بیاره و ته‌وێڵه زۆر به‌رێز بوو، به‌سۆزه‌وه باسی ئه‌كردن، جاری واهه‌بوو كه ئه‌نه‌هو باسی یادێكی كۆن ئه‌كات و سه‌ری هه‌ڵده‌بڕی و بێده‌نگ ئه‌بوو، هی واهه‌بوو پاشه مله ئیره‌یی پێده‌برد، ئه‌چوو له‌مه‌جلیسی تردا قسه‌ی پێوتووه قسه‌كه ئه‌گه‌یشته‌وه به مامۆستا و كه كابرا ئه‌هات له‌كه‌جلیسی مامۆستادا ئه‌و رێزی لێده‌گرت، له‌نیوه‌ڕۆدا ده‌عوه‌تی ئه‌كرد و له‌گه‌ڵیا نانی ئه‌خوارد، تا ئێستا رێكنه‌كه‌وتووه مامۆستا كه‌سێك بچه‌وسێنێته‌وه یان ته‌ریقی بكاته‌وه و بڵێت تۆ قسه‌ت پێگوتووم. مامۆستا زۆر ئه‌مین بووه، له‌ئه‌مانه‌تی مامۆستا مه‌لا عه‌بدولكه‌ریم دووشتت بۆ ده‌گێڕمه‌وه، یه‌كێك له‌وانه رۆژێك دوو قوتابی له حوجره‌كه‌یدا دانیشتبوون و منیش له‌خزمه‌تیا بووم، ئه‌وان جزمی عه‌ممیان ده‌خوێند، منداڵ بوون، ئاستی جزمه عه‌مه وه‌كو سه‌ره‌تایی ئیعتیباری بۆ داده‌نرێ، مامۆستا له‌جێگه‌كه‌ی خۆی هه‌ستا و چوو جزمی عه‌ممه‌ی پێوتن، پاش ئه‌وه منیش وتم قوربان، ئێ من مه‌لای مزگه‌وتێكم و خه‌ریجی كولیه‌م. وتی تاهیر ئه‌مانه ئه‌مانه‌تن، داویانه‌ته ده‌ست من، كه لای ئه‌و ئه‌مانه‌ت ئه‌وه‌نده گه‌وره‌یه. یه‌كێكی تر له‌ئه‌مانه‌تی، كاتی نیوه‌ڕۆ بوو، ئه‌یویست پاره بنێرێ نانی بۆ بكڕن، له‌ده‌ستێكیدا هه‌ندێك پاره‌ی تێدابوو، ئه‌گه‌ڕا به‌دوای جزدانه‌كه‌یدا بیدۆزێته‌وه و بۆی نه‌ئه‌دۆزرایه‌وه، منیش وتم قوربان ئه‌وه پاره‌یه له‌ده‌ستا. وتی تاهیر ئه‌وه ئه‌مانه‌ته. وتم جا مامۆستا ئێستاكه هه‌زاردینار بنێره و دوایی هه‌زاره‌كه بخه‌ره‌وه جێگای خۆی. وتی تاهیر وادیاره تۆ گێلی له‌ئه‌مانه‌تدا. وتم قوربان بۆ وتی ئه‌مانه‌ت ئه‌وه‌یه تۆ چی پاره‌یه‌كیان پێدای هه‌مان پاره بده‌یت به‌خه‌ڵك، ئه‌گه‌ر پاره‌كه بگۆڕیته‌وه به پاره‌یه‌كی تر ئه‌وه له‌ئه‌مانه‌ته‌كه‌ت نوقسان كردووه، مامۆستا پیاوێكی زۆر ئه‌مین بوو، دنیایی نه‌ئه‌زانی چییه، به‌دوای ته‌ماعدا نه‌ئه‌رۆیشت، دكتۆر عه‌بدوڵلا فازل وه‌زیری ئه‌وقاف بوو سویچی سه‌یاره‌ی بۆ هێنا فه‌رمووی من نامه‌وێت، من براده‌رم هه‌یه بۆ هه‌رشوێنێ بمه‌وێت ئه‌مبه‌ن. ئه‌وان ئه‌یانه‌وێت بڵێن خزمه‌تت ده‌كه‌ین و دوایی داوای شتم لێ ده‌كه‌ن و له‌دینه‌كه‌م ده‌كه‌ن،پێی وتم تاهیر ئه‌مانه شتێك ناده‌ن به‌یه‌كێ ئیللا له‌دینه‌كه‌وه بۆی ئه‌ڕۆن، له‌ئه‌مانه‌ت و ته‌نه‌بوئاتی مامۆستا نه‌بووه، رۆژێك له‌ماڵی خۆمان بێتاقه‌ت بووم و چووم بۆ خزمه‌ت مامۆستا وتم پێی ئه‌ڵێم مامۆستا كاغه‌زێكم بۆ نه‌نووسی بۆ یه‌كێك له‌سه‌ركرده‌كان بۆ ئه‌وه‌ی له‌ماجستێر وه‌ربگیرێم، چونكه له ماجستێر وه‌رنه‌ده‌گیرا خه‌ڵكێك ئیلا به‌عسی نه‌بووایه، منیش هه‌رچی ته‌قدیمم ئه‌كرد ئه‌یانوت كه به‌عسی نیت عه‌زێتی خۆت مه‌ده، منیش چوومه خزمه‌ت مامۆستا و ده‌ستیم ماچ كرد، ئه‌و سه‌ری شۆڕكرد و پاشان سه‌ری هه‌ڵبڕی و به‌بێ ئه‌وه‌ی من قسه بكه‌م وتی تاهیر تۆ ئه‌زانی خوا ره‌حمی زۆر لێكردووم. وتم قوربان چییه؟ وتی تائێستا یارمه‌تی كه‌سم نه‌داوه بۆ ماجستێر، ئه‌و ماجستێری نه‌ئه‌فه‌رموو، شتێكی تری ئه‌وت، چونكی زۆر رقی له‌شه‌هاده‌بوو، له‌به‌ر ئه‌وه شه‌هاده‌كه له‌گه‌ڵ عه‌یلمه‌كه‌دا نه‌بوو، ئه‌گینا له‌به‌ر شه‌هاده‌كه نه‌بوو، چونكه عیلمه‌كه ئه‌گه‌ر ماجستێر بێ واته عالمی بێ، دتۆر بێ ئه‌بێ عالمتربێ، وتم وه‌ڵڵا قوربان ته‌واومان كرد، من بۆ ئه‌وه هاتووم یارمه‌تیم بده‌یت، یارمه‌تیم نه‌ده‌یت، من ئه‌چم بۆ شوێنێك چیم داوه له ده هه‌زار دیناری ئه‌وقاف ته‌به‌قێ هێلكه ناكات. تاوێك بێده‌نگ بوو پاشان وتی تاهیر خۆم من كاغه‌زت بۆ بنووسم وه‌رت ئه‌گرن، به‌ڵام تۆ رازیت له‌سه‌ر حسابی دینه‌كه‌ی من وه‌ربگیرێیت؟ وتم وه‌ڵڵا قوربان نه‌ك دینه‌كه قوربانی قونده‌ره‌كه‌شت ده‌بم. وتی وه‌ڵلاهی ده‌سا تاهیر ئه‌وه‌یه. وتم باشه من به‌ناوی تۆوه هه‌وڵ ئه‌ده‌م، وتی به‌ناوی منه‌وه هه‌وڵبده كێشه نییه. ئیتر به‌ناوی ئه‌وه‌وه هه‌وڵمدا حه‌قه‌ت وه‌رگیرام، به‌ڵام مامۆستا خۆی له‌واسته دوورئه‌گرت، كاك محه‌مه‌دی كوڕی له‌زیندان بووه، له‌خزمه‌تیا چوومه بۆ ماڵه‌وه باجی خوا عه‌فوی بكات یاخوا توڕه بوو لێی و وتی بۆ كاغه‌زێ نانووسی. رادیوێیه‌ك له‌به‌رده‌ستیدا بوو كوتای به ئه‌رزا وتی حه‌مه ئیعدام بكه‌ن كه‌لیمه‌یه‌ك ناخه‌مه سه‌ركاغه‌ز.
م. ساڵح هۆرێنی: گه‌وره پیاوانی جیهان ، به‌تایبه‌تی گه‌وره پیاوانی گه‌لی كورد، نازانرێ چیبوون و چی بوارێكی گه‌وره‌ی زانستیان هه‌بووه، چ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر گه‌له‌كه‌یان هه‌بووه تا له‌ده‌ست ده‌رنه‌چن، تا نه‌مرن، قسه‌یه‌كی باقڕی قاسمیم له‌یاده كه له‌كۆنفراسه پرسه‌كه‌ی مامۆستا مه‌لا كه‌ریمدا له‌ئێران گیرا كه هه‌ورامییه‌كانی نیشته‌جێی تاران وابزانم ئه‌و كۆنفرانسه‌یان گرت، ئه‌و مامۆستا باقڕه كۆنفرانسه‌كه‌ی ئه‌برد به‌رێوه هه‌رچه‌ند به‌فارسی قسه‌ی ئه‌كرد به‌ڵام قسه‌ی جوانی كرد و كۆنفرانسه‌كه‌ی رازاندبووه‌و قسه‌یه‌كی كرد(ئینسان بامرگ تكامول می كوند) واته مردن ئه‌بێت به‌ته‌واوكه‌ری شه‌خسیه‌تی مرۆڤ، ئه‌وكاته خه‌ڵك بیرده‌كه‌نه‌وه كێیان له‌كیس چووه، پێویستییه‌كی هه‌موو ئینسانێكی رۆشنبیری گه‌لی كورده كه له‌م كه‌سایه‌تییه تێبگات. جا لێره‌دا قسه‌یه‌ك ئه‌كه‌م ئه‌م زانا گه‌ورانه كه له‌بواری به‌رزی زانستیدا ده‌ستیان هه‌یه، گه‌لێك جار حه‌قی خۆیان پێنادرێ، بۆچی؟ چونكه وه‌كو ئه‌ڵێن زه‌ره‌نگه‌ر زه‌ڕ ئه‌ناسێ، كه‌سانی زانا تاراده‌یه‌ك نرخی زانا ئه‌زانن. كه‌سانی تر دوور له‌زانست به‌ڵێ ته‌قدیری ئه‌وه‌ی ده‌كه‌ن كه زانایه‌كی هه‌ڵكه‌وتووی كورد بووه، به‌ڵام وه‌كو پێویست ناچنه ناو ناخی مامۆستاوه.
م. شێخ تاهیر ئیسماعیل: رۆژێك له‌رۆژان ئێمه له‌خزمه‌تی مامۆستادا بووین وه‌كو قوتابی، رێزی ده‌گرتین و ئێمه‌ش رێزمان لێده‌گرت، مامۆستا عه‌بدولكه‌ریم كوردبوو، له هۆزی قازی بوو، له‌سه‌یدسادق داده‌نیشتن، گوندی مایندۆ، یه‌كێكه له‌و گوندانه‌ی كه خزمه‌كانی مامۆستا ئه‌هاتن بۆ لای مامۆستا، یه‌كێك له ریش سپییه‌كانی حاجی فه‌تاح بوو، هه‌میشه ئه‌هات بۆ خزمه‌تی مامۆستا، مامۆستا خزمایه‌تی له‌گه‌ڵ ئێران‌دا هه‌بوو، خوشكی هه‌بوو له‌ئێران شووی كردبوو خوشكه‌زای هه‌بوو لای مامۆستا خوێندنی ته‌واو كردووه و ئێستاش له‌ژیاندا ماوه.
محه‌مه‌د مه‌لاكه‌ریم: به‌ڵام باوكم سێ و چوار نوسخه دیوانی مه‌وله‌وی لابوو كه هه‌ر به‌فه‌قێیه‌تی نووسیبوویه‌وه، ئه‌وه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ كه باوكم هه‌ر له‌زه‌مانی فه‌قێیه‌تییه‌وه زه‌وقی له‌شیعری مه‌وله‌وی هه‌بووه، ئاره‌زووبوونی له‌شیعری مه‌وله‌وی بۆ چه‌ند خاڵێك ده‌گه‌ڕێته‌وه، یه‌كه‌م بۆ ده‌مارێكی سۆفی گه‌ری، ئه‌وه له‌باكمدا هه‌بوو، په‌یوه‌ندی به‌شێخانی بیاره‌وه هه‌بوو، شیعره‌كانی مه‌وله‌وی به‌شێوه‌زاری نیمچه هه‌ورامییه، باوكیشم نیوه‌ی ته‌مه‌نی له هه‌ورامان به‌سه‌ر بردووه، و هه‌ورامی ئه‌زانی، هه‌رچه‌ند له‌گه‌ڵ هه‌ورامییه‌كاندا به‌كوردی سۆرانی قسه‌ی ده‌كرد، ئه‌وانیش به‌هه‌ورامی قسه‌یان ده‌كرد و یه‌كیش حاڵی ده‌بوون، به‌ڵام ئه‌توانم بڵێم تاوه‌كو دره‌نگێك خه‌ریكی مه‌سه‌له‌ی ئه‌ده‌ب نه‌بوو، به‌س له‌و سه‌ره‌تای ساڵی په‌نجاكان من و كاك فاتیحم هانماندا رووبكاته ئه‌ده‌ب و ئه‌وه‌بوو شه‌رحی مه‌وله‌وی كرد و من پێیداچوومه‌وه و دامڕشته‌وه و سه‌رپه‌رشتی چاپیم كرد، كه ته‌واو بوو و كه‌وته نێو خه‌ڵمه‌وه و خه‌ڵكێكی زۆر روییان تێكرد، كه‌شكۆڵ و ده‌ستنووس و شیعری كۆنی كوردیان بۆ ده‌هێناین، بیرمه دیوانی مه‌حوییان بۆ هێناین، شێخ محه‌مه‌دی مه‌حوی مختوتێكی مه‌حوی بۆهێناین، مه‌ختوته‌ی مه‌حوی یه‌ك نووسخه هه‌بوو ئه‌ویش خه‌تی خۆی نه‌بوو هی كوڕه‌كانی مه‌حوی بوو، ئیتر باوكم شه‌رحێكی كرد و منیش سه‌رله‌نوێ پێیداچوومه‌وه و دامڕشته‌وه و ده‌ستمان به‌چاپكردنی كرد، نایشمان هه‌ر به‌و شێوه‌یه هێنایه پێشه‌وه، باوكم له‌گه‌ڵ كاكه‌م خه‌ریكی ئه‌بوون، من پێداچوونه‌وه‌م بۆ ده‌كردن و هه‌ندێك بیروبۆچوونی خۆشم بۆ په‌یدا بوو، له‌باره‌ی نالییه‌وه و له‌پاشان كردم به‌كتێبێكی بچكۆله به‌ناوی نالی له‌كڵاورۆژنه‌ی شیعره‌كانییه‌وه و له‌چاپمدا. پاشان دیوانی بێسارانیشی شه‌رح كرد، هه‌رچه‌ند چاپنه‌كراو و ده‌ستیشی لێنه‌دراوه، دیوانی سالمی له‌گه‌ڵ كاكه‌مدا شه‌رح كرد و ئه‌وه‌یش ئێستا من خه‌ریكیم و خستوومانه‌ته ژێر چاپه‌وه. هیوامان وایه له‌ساڵی دادێ چاپبكرێ، وه‌كو كاك هێمن و مه‌لا شوكور ده‌یانوت بڵێ دادێ، مه‌ڵێ ساڵی داهاتوو، جگه له‌وه‌ش كۆمه‌ڵێك ده‌ستنووسیان بۆ باوكم هێناوه هێشتا ئیشیان له‌سه‌ر نه‌كراوه، به‌س به‌و بۆنه‌یه‌وه من ئه‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم زۆر ترسی ئه‌وه‌م هه‌یه كتێبخانه‌كه‌ی بردبووه شێخ ، چونكه له‌و ده پانزه ساڵه‌ی ئاخیریدا نه‌ئه‌هاته‌وه ماڵه‌وه، ته‌نیا رۆژانی هه‌ینی نه‌بێ، بۆیه كتێبخانه‌كه‌ی بردبووه شێخ و له‌ژوورێكدا داینابوو، ده‌رگاكه‌شی دانه‌خرابوو، له‌پاشاندا بڕیاری دابوو كتێبه‌كانی ببه‌خشێ به كتێبخانه‌ی شێخ عه‌بدولقادری گه‌یلانی گه‌ڕاین مه‌ختوتاتی لێ ده‌ربكه‌ین، كتێبه چاپه‌كانی بهێنینه‌وه، سه‌یرمان كرد ئه‌و مه‌ختوتانه‌ی كه بۆی هاتبوون ته‌قریبه‌ن نه‌مابوون، هیچیان نه‌ماوه.
د. عیزه‌دین مسته‌فا ره‌سوڵ: له وڵاتانی تریشدا به‌و جۆره ئیملایه كه چۆن قسه ئه‌كه‌یت وابنووسی و تا دوایی له‌وانه‌یه نه‌بێ به‌ڵام هی كوردی گه‌یشته پله‌یه‌كی گه‌وره، و ئێستاش حكومه‌تی هه‌رێمان هه‌یه و هیوامان وایه به‌رده‌وام بێ و كار بۆ ئه‌وه بكه‌ین، زۆرجار حكومه‌تیشمان نه‌بووه و كوردیش قه‌ده‌غه بووه، به‌ڵام ئه‌و ئیملایه جێگه‌ی خۆی گرتووه، ئیملایه‌كی پێشكه‌وتووه، كاكه حه‌مه ره‌نگه بڵێم شاره‌زاترین كه‌سه له‌و ئیملایه‌دا خه‌تێكی خۆشی هه‌یه و باشیش ئه‌ینووسێته‌وه، جا ئه‌و دیوانانه مامۆستا مه‌لاكه‌ریم ئیشی تێدا كردووه، كاك فاتیحیش سه‌ره‌تا ئیشی تێدا كردووه و دوایی مامۆستا مه‌لا كه‌ریم ئه‌و لایه‌نانه‌ی خۆی خستووه‌ته سه‌ر و كاكه حه‌مه نووسیوێتییه‌وه، به‌ڵام كه نووسیوێتییه‌وه ئه‌وه نه‌بێ ده‌ستكاری نه‌كردبێ، بێگومان خۆشی كوردیزانێكی باشه، فارسی و عه‌ره‌بییه‌كی باش ده‌زانێ كامه حه‌مه، ماوه‌یه‌ك چووه مۆسكۆ و هه‌وڵی دا روسیش فێربێ، به‌ڵام ئه‌وه‌نده نه‌مایه‌وه كه ئه‌و روسییه بزانێ، به‌ڵام تۆزێك هه‌ر شاره‌زایی تێدا هه‌یه، جا ئه‌م به‌پێی ئه‌و شاره‌زاییه‌ی خۆی كه زه‌وقی ئه‌ده‌بی كلاسیكیشی هه‌یه، له‌ئه‌ده‌بیاتی تازه‌ش حاڵی ده‌بێ، نووسیوێتییه‌وه و من نازانم مه‌گه‌ر بۆ تاقی كردنه‌وه سه‌یرێكی بكه‌م، بزانم كامه ئیشی كاك فاتیحه و كامه‌یان ئیشی مامۆستا خۆیه‌تی و كامه‌یان كاكه حه‌مه خستویه‌تێ سه‌ری به‌و جۆره دیوانه‌كان دیوانی هه‌ر سێكیانه، هه‌تا له‌دیوانی مه‌حویدا ئه‌وه‌ی كه من بزانم ره‌حمه‌تی شێخ محه‌مه‌دی مه‌حوی كه نه‌وه‌ی مه‌حوی بوو، ناڵێم ئاگاداری هیچ شتێك نه‌بوو، به‌ڵام به‌هیچ شتێكه‌وه خه‌ریك نه‌بوو له ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا به‌دیوانی مه‌حوی نه‌بێ، دیوانی مه‌حوی له‌به‌ر بوو، باشی ئه‌زانی، موناسه‌به‌تی نووسینه‌كانی و شیعره‌كانی ئه‌زانی، و من له‌مامۆستا گۆرانم بیستووه كه هات بۆ مۆسكۆ بۆ نه‌خۆشی و چاك نه‌بوو و گه‌ڕایه‌وه و كۆچی كرد، لێم پرسی و گوتم باوكمت بینی؟ مامۆستا گۆران وتی جاروبار دێته لامان خه‌ریكی دیوانی مه‌حوین له‌گه‌ڵ شێخ محه‌مه‌ددا، هه‌ردووكیان و كاكه‌ی فه‌لاحیش له‌وێ بوو، له‌فه‌رمانگه‌یه‌ك پێیان ده‌وت ئیسكان، له‌وێ ئیشیان ده‌كرد وتی خه‌ریكی دیوانی مه‌خوین، ئیزنمان له موته‌سه‌ڕیفی ئه‌و وه‌خته وه‌رگرتووه كه عه‌بدولموته‌لیب ئه‌مین بووه، كه دوو سه‌عات له‌وه‌دا كار بكه‌ین، كه دوو رۆژ له‌هه‌فته‌كه‌دا خه‌ریكی ئه‌وه بن، موته‌سه‌ڕیفه‌كه‌ش زه‌وقی ئه‌ده‌بیاتی هه‌بوو، پیاوێكی چاكیش بوو، وتی باوكت جاروبار دێته لامان ئاوا پرسی هه‌ندێك شتی لێ ئه‌كه‌ین ئه‌ویش ئه‌و مه‌سه‌له ئیسلامییانه‌یه كه ئه‌مان خه‌ریكین، مامۆستا گۆرانیش ده‌وری بووه له‌و دویوانی مه‌حوییه‌دا، جا ئه‌مانه كارێكی مه‌جمه‌عین، به‌ڵام بمانه‌وێشت و نه‌مانه‌وێت هیمه‌تی گه‌وره هی مامۆستا مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمه، ئه‌مانه به‌ناوی ئه‌وه‌وه چوونه‌ته مێژووی كورده‌وه، ئه‌و ناوانه‌ی تریش هه‌ریه‌كه به‌شێكی خۆی هه‌یه.
د.ره‌ووف عوسمان: مامۆستا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریس چه‌ند خه‌ریكی عیرفانیات و ئاین بووه، ئه‌وه‌نده‌ش سه‌رقاڵی ئه‌ده‌بی كوردی بووه، بۆ نموونه ئه‌و له‌گه‌ڵ كاك فاتیحی كوڕیدا نالیان ته‌فسیركردووه، ئه‌گه‌ر ئه‌وان نه‌بوایه به‌و شێوه‌یه ئه‌و دیوانانه نه‌ده‌بوو، مه‌حویان ته‌فسیر كردووه، فه‌قێ قادری هه‌مه‌وه‌نیان ته‌فسیركردووه، مامۆستا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریس یادی مه‌ردانی كردووه، كه مێژووی كوردی تێدایه و باسی مه‌ولانا خالیدی نه‌قشبه‌ندی و زانا گه‌وره‌كانی كورد ده‌كات، هه‌وره‌وه‌ها كتێبی عولماونا فی خدمه دین ی كردووه، ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌بوایه مێژووی ئه‌و زانایان كوێر ئه‌بووه‌وه و له‌هه‌موو حاڵه‌تێكدا ئه‌توانم بڵێم مامۆستا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریس ئه‌ستێره‌یه‌كی دره‌وشاوه‌ی گه‌شه له‌بواری عیرفانیاتا و له‌بواری ساغكردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی كوردیدا، ته‌نانه‌ت له‌بواری كۆمه‌ڵایه‌تیشدا رۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌بووه و زۆربه‌ی خه‌ڵك كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینی هه‌موو له‌كوردستانه‌وه چوون بۆ لای مامۆستا كێشه‌كانی بۆ چاره‌سه‌ر كردوون.
م. ساڵح هۆرێنی: دۆخێك هاته پێشه‌وه كه وای كرد مامۆستا له‌بیاره ده‌رچێت و بێته سلێمانی، ئه‌وه لای ئه‌و نووسه‌رانه‌ی كه له ژیانی مامۆستا كۆڵیونه‌ته‌وه ئاشكرایه به‌بۆنه‌ی باری راگه‌یاندنی كوڕه‌كانییه‌وه بووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا هاتنی مامۆستا له‌بیاره‌وه بۆ سلێمانی و له‌سلێمانیشه‌وه بۆ كه‌ركوك و پاشان له‌كه‌ركوكه‌وه بۆ به‌غدا، ئه‌م ده‌رچوونه‌ی مامۆستا له كوردستان بۆ به‌غدا له‌وانه‌یه خه‌ڵك واتێبگا و بڵێ خۆزگه هه‌ر له‌كوردستاندا بمایه‌ته‌وه، به‌ڵام من ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر مامۆستا شته‌كه به‌دڵی خۆشی نه‌بووبێ به‌ڵام ئه‌نجامه‌كه‌ی بۆ كورد به‌خێر گێڕه‌را، چونكه به‌غدا وه‌كو پایته‌ختی عیراق، رۆشنایی زانایان زیاتره و پرش و بڵاوتره، نه‌ك وه‌كو كوردستانی خۆمان كه وه‌كو ئێستاش نیمچه سه‌ربه‌خۆییه‌ی نه‌بوو، جا له‌به‌ر ئه‌وه كه مامۆستا چووه به‌غدا بوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی قوتابیانی وڵاتانی عه‌ره‌بی و توركیا وجاوه و ئه‌فریقا و وشوێنی تر هه‌موو هاتنه خزمه‌تی مامۆستا و ده‌نگی مامۆستا به‌وڵاتاندا بڵاوبووبووه‌وه، ئه‌و خاڵه سه‌رنجڕاكێشه‌ی من ئه‌یڵێم ئه‌وه‌یه كه مامۆستا چوو ئیمتیحانی ته‌دریس بدات لیژنه‌ی تاقیكردنه‌وه خوالێخۆش بوو مامۆستا ئه‌مجه‌د زه‌هاوی بوو كه ئه‌ویش له‌ئه‌سڵدا زانایه‌كی كورد بوو، فوئاد ئالوسی بوو ئه‌و دوو كه‌سایه‌تییه هه‌ردووكیان دووكه‌سی دیاری لیژنه‌ی تاقیكردنه‌وه‌كان بوون، فوئاد ئالوسی كه سه‌یری وه‌ڵامه‌كانی مامۆستای كردبوو وتبووی وه‌ڵڵاهی عه‌یبه ئێمه ئیمتیحانی ئه‌م پیاوه بكه‌ین، وه‌ڵامه‌كانی بۆ ئه‌وه ئه‌شێ كه ئێمه له‌به‌ری بگرینه‌وه و سوودی لێببینین، مامۆستاكانی ئه‌مڕۆ قوتابییه‌كانیان ده‌ستخۆشی لێ ئه‌كه‌ن و هه‌ڵیده‌سه‌نگێنن و ده‌ڵێن ئافه‌رین بۆ ئه‌و وه‌ڵامه و بڕواناكه‌م مامۆستایه‌ك ببێت بڵێت ئه‌م وه‌ڵامه‌ی قوتابیه‌كه‌ی خۆم لێی ئه‌گرمه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی سوودی لێببینم، ئه‌م شتان هه‌ر له‌ژیانی مامۆستادا من پێی بزانم روویداوه.
م. نوری فارس حه‌مه خان: جه‌نابی مامۆستا به‌حه‌قیقه‌ت به‌تایبه‌تی كه له‌بابوشێخ بوو وه‌كو گه‌وره‌ترین زانای سووننه له‌به‌غدا داده‌نرا، ئێمه وه‌ختی خۆی كه له‌مامۆستاكانی خۆمان بیستووه و وه‌هاش مه‌شهوره ئه‌هلی سوننه و جه‌ماعه‌ت به‌غدا به‌سێیه‌م مه‌دینه‌ی موقه‌ده‌سه داده‌نێن، یه‌كه‌م مه‌ككه‌یه، دووه‌م مه‌دینیه، سێیه‌م به‌غدایه له‌به‌رچی؟ له‌به‌ر یه‌ك شت، چونكه به‌غدا یه‌كه‌م مه‌رقه‌دی شێخ عه‌بدولقادری گه‌یلانی لێیه، كه شه‌خسیه‌تێكی ئیسلامییه و خاوه‌نی ته‌ریقه‌تی قادرییه، جیگای شانازی ئه‌هلی سووننه‌یه، دووه‌میش خه‌ڵكی به‌غدا به‌عه‌ره‌ب و كورده‌وه ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی ئه‌سڵی به‌غدا بێ مزهه‌بی حه‌نیفه‌یه، و مه‌رقه‌دی ئه‌بوو حه‌نیفه‌ش له‌وێیه، هه‌تا جاران ئه‌وانه‌ی كه له‌توركیاوه ده‌هاتن پێش ئه‌وه‌ی بگه‌نه دیاری موقه‌ده‌سه، ده‌چوونه زیاره‌تی شێخ عه‌بدولقادری گه‌یلانی و ئه‌بوو حه‌نیفه و شێخ مه‌عروفی كه‌رخی، ئه‌وسا ده‌چوون بۆ حه‌ج، جا مامۆستا له‌م روانگه‌یه‌وه مامۆستا له‌به‌غدا بووبوو به‌مه‌جمه‌عێكی زانستی، بووبوو به‌زانكۆیه‌ك بۆ هه‌موو خوێنكارێك، خوێنكاره‌كانیشی له‌چل و په‌نج كه‌متر نه‌بوون، مامۆستا وه‌كو دیاربوو كاته‌كه‌ی خۆی كردبوو به‌چه‌ند به‌شێكه‌وه‌ن به‌شێكیان بۆ ماڵه‌وه و بۆ خێزانی و به‌شی دووه‌می كه له مزگه‌وت بوو نوێژه‌كانی به‌جه‌ماعه‌ت ئه‌كرد و ئینجا تاقی به‌یانی بۆ وانه‌گوتنه‌وه دانرابوو، خوێنكاره‌كانی ئاستی به‌رزیان هه‌بوو، توركیان تێدابوو، عه‌ره‌بیان تێدابوو، هه‌تا فارسیان تێدابوو، یه‌كێك له‌و فه‌قێیانه‌ی كه من له‌خودی خۆیانم بیستووه، كه له‌خزمه‌تی مامۆستا خوێندویه‌تی، د. عه‌بدولمه‌لیك سه‌عدی كه ئێستا شه‌خسیه‌تێكی ئیسلامی ناسراوه له‌عیراقدا. یه‌كێكی تر دكتۆر رافیع كه ئێستا له‌زانكۆی سلێمانی وانه ده‌ڵێته‌وه یه‌كێكی دیكه بوو له خوێنكاره‌كانی مامۆستا، دووكه‌س هه‌ن خوێنكاری مامۆستا بوون و كه‌م كه‌س ده‌زانێ مامۆستا محه‌مه‌دی مه‌لا عه‌بدولكه‌ریم، كه هه‌ر لای مامۆستا خۆی خوێندویه‌تی، ئه‌م كه‌سایه‌تییه كورده له‌كوردستاندا قه‌ڵه‌می دیاره، دووه‌م فاتیحی كوڕی مامۆستا خوالێی خۆش بێت زانایه‌كی گه‌وره و نووسه‌رێكی باش بوو، له‌دیوانه‌كانی مه‌حوی و نالی و دیوانه‌كانی تردا یارمه‌تی باوكی داوه، هه‌موو ئه‌وكه‌سانه‌ی كه لخزمه‌تی مامۆستادا خوێندویانه زانای گه‌وره گه‌وره بوون، به‌مانای وشه مامۆستا ئه‌وه‌نده متوازع بوو، گه‌لێك جار بۆ حه‌قی وه‌فا شێخ بابا عه‌لی و مه‌لا عومه‌ری قه‌ره‌داغی مامۆستا له‌حاجی حان خۆی وانه‌ی پێده‌گوته‌وه، ئه‌و مامۆستا شێخ بابا عه‌لییه كه ئه‌چوو بۆ ژووره‌كه‌ی مامۆستا مه‌لا كه‌ریم پڕ قوڕگی ئه‌بوو له‌گریان ئه‌یوت وه‌ختی خۆی من لای باوكی ئه‌م زاته خوێندوومه، به‌رزه پێ له‌به‌ری هه‌ڵده‌ستا و هه‌تا شێخ بابا عه‌لی دانه‌نیشتایه مامۆستا دانه‌ئه‌نیشت، مامۆستا ئه‌هلی وه‌فا بوو، مامۆستا له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه كوردییه‌كاندا په‌یوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵی هه‌بوو، مامۆستا سه‌ید عه‌لای سه‌جادی یه‌كێك بوو له‌دۆسته نزیكه‌كانی، مامۆستا محه‌مه‌دی قزڵجی كه له‌به‌غدا یه‌كێك بوو له‌دۆسته نزیكه‌كانی، هه‌تا مرد له‌گه‌ڵ خێزانی شێخ عه‌لائه‌دینی بیاره‌دا په‌یوه‌ندیان هه‌ر مابوو، كه له‌حاجی حان بوو، شێخی عه‌لائه‌دین دووجار شێخ عوسمانی كوڕی نارد بۆ دڵنه‌وایی مامۆستا مه‌لا عه‌بدولكه‌ریم كه سڵاوی لێ بكات و ئه‌حواڵی بپرسێ و هه‌واڵی بۆ بباته‌وه، مامۆستا ئه‌گه‌ر هی میلله‌تی كورد نه‌بوایه وه‌كو سه‌ڵاحه‌دینی ئه‌یوبی ناوی ده‌رده‌كرد، مامۆستا ئاینی پیرۆزی ئیلامی له‌به‌رگێكی نوێ‌دا له‌گه‌ڵ شێخ محه‌مه‌دی خاڵدا پێشكه‌شی ئه‌م خه‌ڵكه‌یان كرد، هه‌ر مه‌لایه‌ك له‌هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستاندا ئه‌گه‌ر رۆشنبیربێ و موخلیسی دین و دنیا بێ مه‌علومه ئه‌وه كاریگه‌ری مامۆستای بیاره‌ی له‌سه‌ر بووه، یان فه‌قێی مامۆستای بیاره بووه، مامۆستا پیاوێكی باش بووه و له‌توندوتیژییه‌وه دووربووه، له‌مه‌جلیسی مامۆستایه خه‌ڵك هه‌بوو قسه‌ی وای ده‌كرد كه ئه‌و په‌ڕی ئیلحاد بوو، مامۆستا به پێكه‌نین، به‌زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ك وه‌ڵامی ئه‌دایه‌وه و ئه‌یهێنایه‌وه سه‌ر رێ، شته‌كه‌ی بۆ روون ده‌كرده‌وه، توڕه‌یی لای مامۆستا نه‌بوو.