Home / بەشی مێژووی كورد / ئەوانەی کە نزیکی زیاتر لە هەزار ساڵ لەمەوبەر، (بازی کورد) ی سەرکردەی دەوڵەتی کوردییان سەربڕی و لاشەکەیان لە خاچدا، هەر باوباپیرانی داعشەکانی ئەمڕۆ نەبوون؟

ئەوانەی کە نزیکی زیاتر لە هەزار ساڵ لەمەوبەر، (بازی کورد) ی سەرکردەی دەوڵەتی کوردییان سەربڕی و لاشەکەیان لە خاچدا، هەر باوباپیرانی داعشەکانی ئەمڕۆ نەبوون؟

10404422_564473877014000_6678428843437234866_nئەوانەی کە نزیکی زیاتر لە هەزار ساڵ لەمەوبەر، (بازی کورد) ی سەرکردەی دەوڵەتی کوردییان سەربڕی و لاشەکەیان لە خاچدا، هەر باوباپیرانی داعشەکانی ئەمڕۆ نەبوون؟ 

نووسینی: سۆران حەمەڕەش
ڕاستەوخۆ چەند سەدەیەک پێش هاتنی عەرەبەکان کە لە سەدەی حەوتەمی زاینیدا ڕوویان کردە کوردستان و ناوچەکە، بۆ مێژوونوس تۆزێک لێڵە، لەبەر ئەوەی کە سەرچاوەی زۆر وورد و ڕوون نیە کە هەلومەرجی تەواوی شێوەی ژیانی خەڵکی کورد بخاتە ڕوو. سەرەڕای ئەوە هەندێک سەرچاوە زانیاری گرنگ دەخەنە روو. بۆ نموونە سەرباز و مێژوونوسی ڕۆم مارسێلینۆس، لە سەدەی چوارەمی زاینیدا بە تەواوی باس لە جوگرافیای وڵاتی کوردستان دەکات بێ ئەوەی کە بە کوردستان ناوی بهێنێت. مارسێلینۆس هەمەدان و هەزەبان (هەولێر هەتاوەکو ئازەربایجان) و نەینەوا، بە یەک وڵات سەیر دەکات. دیارە بە ڕەچاوکردنی ئەوەی کە ئەو کاتە ناوچەی نەینەوا لەمڕۆ گەورەتر بووە و ناوچەکانی تری باکور و ڕۆژئاوای کوردستان لە ژێر دەسەڵاتی ڕۆمدا بووە و مارسێلینۆسیش خۆی سەربازی ڕۆمی بووە، ئەوا دەردەکەوێت کە مارسێلینۆس بە نزیکی ئاماژەی بە کوردستانی گەورە کردووە، ئەو ناوچەیەی کە زۆر لە سەرچاوە ئیسلامیەکان دواتر بە ناوچەی نیشتەجێبوونی کورد سەیریان کردووە و هەندێک جار بە هەرێم/وڵاتی شاخ (اقلیم الجبل/کور الجبل) ناویان هێناوە. بۆ نموونە یەعقوبی لە سەدەی نۆیەمی زاینیدا وڵاتی شاخ (کور الجبل) بە وڵاتی کوردان لە قەڵەم دەدات.
ئەم وڵاتە لە سەدەی حەوتەمەوە کەوتە بەر هێرشی عەرەبەکان، عەرەبەکان خۆیان پێشتر لە ناوچە بیابانەکانی عێراقی ئەمڕۆ و سوریادا بوونیان هەبووە و بەشێکی زۆریان بە ڕەوەندی دەژیان؛ بۆیە بۆ ئاماژه‌کردن به‌ عه‌ره‌ب، ڕۆمان و یۆنانەکان وشەی (شاسۆو Shasou) یان بەکاردەهێنا بە هەر سێ مانای (ڕەوەند، شوان، عەرەب). عەرەبەکان لە سەدەی حەوتەمەوە لە هەندێک ناوچەی کوردیی وەک نەینەوادا دەسەڵاتیان پەیدا کردووە، ئەم دەسەڵاتەش زۆر جار لەگەڵ دەسەڵاتی کورد دا بەریەک کەوتووە. ژیانی (بازی کورد) کە زیاتر لە هەزار ساڵ لەمەوبەر لە سەدەی دەیەمی زاینیدا سەرکردەی دەوڵەتێکی کوردی بووە، سەردەمێک لەو بەربەرەکانیە و شەڕەکانی نێوان کورد و عەرەبەکان دەخاتە ڕوو.
با بزانین ناوی ئەم سەرکردەیە و بەسەرهاتەکەی چۆن بووە؟
هەرچەندە هەندێک لە سەرچاوەی ئیسلامی دەڵێت ئەم سەرکردە کوردە ناوی تەواوی بریتی بووە لە ئیبن عەبدوڵا حسێن کوڕی دۆستەك و لە کوردە حەمیدیەکان بووە، بەڵام ئیبن ئەسیر (١١٦٠ ز- ١٢٣٣ ز) کە خۆی کورد بووە و ئاماژە بە کەسایەتی کوردی دەکات وەک سەرچاوە کە بە تایبەت شارەزای مێژووی (بازی کورد) بوون و ئیبن ئەسیریش خۆی خەڵکی هەمان ناوچەی دەسەڵاتی (بازی کورد) بووە و مێژونوسێکی نایاب بووە، دەڵێت ئەو ناوە ناوی براکەی بووە و ناوی خۆی بریتی بووە لە (باز) و نازناوی (ئەبو شوجاع) ی لێنراوە. لە گوێزانەوەی ناوەکەیدا زۆرینەی سەرچاوە ئیسلامیەکان بە (باذ) ناوی دەهێنن، بەڵام وادەردەکەوێت کە ناوەکە هەر (باز) بووبێت و لە سەرچاوەکاندا بە هەڵە تۆمار کرابێت. ئەوەی کە ئەم بۆچوونە پشتڕاست دەکاتەوە ئەوەیە کە ئەم ناوە لە مێژووی دێریندا لە ناو کوردا هەبووە. پاشای هەولێر لە سەدەی یەکەمی زاییندا، واتە دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر، ناوی (باز) بووە و جگە لەوە ئەو باڵندەیە لە ناو کورد دا بە درێژایی مێژوو شوێنیکی تایبەتی هەبووە. تەنانەت (بازی زێڕین)، سیمبوڵی سوپاکەی سەلاحەدینی ئەیوبی بووە و لۆگۆی دەوڵەتی هوریەکان دووباڵی گەورەی هاوشێوەی (باز) ی تێدا بووە، بۆیە زیاتر ناوی (باز) دروستتر دیارە.
ئیبن ئەسیر زیاتر لەسەر ژیانی دەڕوات و دەڵێت کە (بازی کورد) سەرەتا کابرایەکی مەڕداری ئاسایی بووە، بەڵام بە خزمەت و بەخشندە بووە و ووردە ووردە ڕەوشتی چاک و بەخشندەیی بووەتە هۆی ئەوەی کە خەڵک لە خۆی کۆبکاتەوە. سەرەتا پەلاماری شاری ئەرجیش دەدات لەناو ئەرمینیا و ئەوە یەکەم شوێنی دەسەڵاتی دەبێت و لەوێوە دەسەڵات و هێز پەیدا دەکات. ئەمجا دیاربەکر و مەیفاریقین و نوسەیبین دەگرێتەوە و بەو جۆرە دەوڵەتێکی کوردی بەهێز دادەمەزرێنێت.
بازی کورد دەسەڵاتی بەهێز دەبێت و زۆر لە کوردی ناوچە جیاوازەکان هاوکاری دەکەن. یەکێک لەوانە کوردانی بەشنەوی دەسەڵاتداری ناوچەی قەڵای (فنیک/فەنەک) کە سترابۆ لە سەدەی یەکەمی زاینیدا ئاماژە بە پتەوی قەڵاکانی ئەو ناوچەیە کردووە و لە سەدەی چواردەیەمدا ئەلقەلقەشەندی ئاماژەی بە کوردانی ئەو ناوچەیە کردووە و شەرەفخانیش لە باسی کورداندا، ئاماژەی پێکردوون وەک بەشێکی گرنگ لە کوردانی کوردستان.
لە سەدەی دەیەمدا ئەو ناوچەیە بە دەست کوردانی بەشنەویەوە بووە و وا دەردەکەوێت کە کوردە بەشنەویەکان بە شێوەیەکی باش پشتگیری (بازی کورد) یان کردبێت. ئەوەتا زیاتر لە هەزار ساڵ لەمەوبەر، شاعیری کورد حوسەینی بەشنەوی بە شانازیەوە ئاماژە بە پشتگیریکردنی (بازی کورد) دەکات لەلایەن کوردە بەشنەویەکانەوە و بە تایبەت باس لە شەری باجەلایا دەکات، کە کوردەکان لەوێدا بە سەرکردایەتی (بازی کورد) دەیلەمیەکان و هێزە هاوپەیمانەکانیان دەشکێنن. حوسەینی بەشنەوی باس لەو شەڕە و هاوکاری بەشنەویان بۆ باز دەخاتە ڕوو و لە هەمان کاتدا بە ڕوونی هەستی کورد بوونی بەرامبەر عەرەب و عەجەم دەخاتە ڕوو کاتێک کە بە زمانی عەرەبی دەڵێت:
البشنويّة أنصارٌ لدولتكم، … وليس في ذا خفاً في العجم والعرب
أنصار باذٍ بأرجيشٍ وشيعته، … بظاهر الموصل الحدباء في العطب
بباجلايا جلونا عنه غمته … ونحن في الروع جلاؤون للكرب
واتە:
[بەشنەوییەکان لایەنگری دەوڵەتەکەتانن – ئەمەش لە عەرەب و عەجەم شاراوە نییە – پشتی بازیان گرت بە (ئەرجیش ) و شۆڕەسوارانیەوە – لە دەرەوەی موسڵ ،لە کاتی تەنگانەدا – لە (باجەلایا) تەمی دوژمنمانمان لەسەری رەواندەوە – ئێمەین کە لە کاتی لێقەوماندا فریادڕەسین] لەوێوە دیسان باز بەهێزتر دەبێت و نامە دەنێرێت بۆ خەڵکی موسڵ و لە هاتنی سوپاکەی ئاگاداریان دەکاتەوە، کە ئەوکاتە خەڵکەکەی بەدەست دەیلەمیەکانەوە دەیان ناڵاند. بەو جۆرە خەڵکی موسڵ خۆشحاڵی خۆیان دەردەبڕن و هەرچەندە حەمدانیەکان کە هاوکاری دەیلەمیەکان بوون، دەیانەوێت خەڵک لە دژی بازی کورد کۆبکەنەوە، بەڵام لە کۆتاییدا بازی کورد موسڵیش دەگرێت.
باز هێندە بەهێز دەبێت کە ئامادەکاری دەکات لە داهاتوودا شاری بەغدا لە دەست دەیلەمیەکان دەربهێنێت. بەڵام هۆزەکانی حەمدانی و عوقەیلیەکان بە هاوکاری دەیلەمیەکان سوپایەکی بەهێزی بۆ کۆدەکەنەوە و لە جەنگێکدا سوپاکەی (بازی کورد) دەشکێنن و لە گەرمەی جەنگدا کاتێک کە باز دەیەوێت لە ئەسپێکەوە بچێتە سەر ئەسپێکی تر، دەکەوێت و دەفەی شانی دەشکێت. خوشکەزایەکی بەناوی (ئەبو عەلیی کوڕی مەڕوان ) دەگاتە سەری و هەوڵ دەدات کە سواری بکاتەوە، بەڵام سەرکەوتوو نابێت. لە دواییدا هاوڕێکانی بەرەو چیاکان دەچن و بازیش بە برینداری لەوێدا بەجێدەمێنێت . باز لە نێو کوژراوەکاندا دەمێنێتەوە و کاتێك کە لە ناو کوژراوەکاندا عەرەبێك دەیناسێتەوە، پاش کوشتنی، سەرەکەی بۆ کوڕانی حەمدان دەبات و ئەوانیش خەڵاتێکی باشی پێ دەدەن . هەر بەوە قایل نابن، بەڵکو عەرەبە حەمدانیەکان تەرمەکەشی لە پێش فەرمانداریی – دار الامارة – لە خاچ دەدەن . ئەم ڕەفتارەی حەمدانیە عەرەبەکان ناڕەزایی خەڵکی ناوچەکەی لێ دەکەوێتەوە و ئەوان دەڵێن کە باز پیاوێکی غەزاکارە و ئەو کارەی لە گەلیا کراوە بۆ پیاوێکی وەک ئەو نەگونجاوە. بەو جۆرە لاشەکەی دادەگرن و بەڕێزەوە دەینێژن.
ئەوەی کە سەرنجی منی ڕاکێشا ئەوەبوو، کە سەربڕین و دوایی لە خاچدانی لاشەی کەسێک و خستنەڕووی لە شوێنە گشتیەکاندا کە بەرامبەر (بازی کورد) کرا، هەتاوەکو ئەمڕۆ وەک حوکمدان لە سعودیەی عەرەبیدا ماوە و ئەمڕۆش داعشیەکان زۆر جار هەر بەهەمان ڕێگە خەڵک دەکوژن. چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە وڵاتی سعودیە بڕیاری کوشتنی ئایەتوڵای شیعە مەزەب، شێخ نەمری کوڕی ئەلنەمر، درا. سەرەتا لە ساڵی ٢٠١٣ دا داواکاری گشتی داوای دەکرد کە (سزای لە خاچدان) ی بەسەردا بدرێت، کە بریتیە لە ملپەڕاندن و دوایی لە خاچدانی لاشەی کەسی تاوانبار و دانانی لە شوێنی گشتیدا، هەر وەک لەم لینکەی بی بی سی دا خراوەتە ڕوو:
http://www.bbc.com/news/world-middle-east-29627766
بەو جۆرە ئەو دەوڵەتە کوردیە لەگەڵ کوژرانی سەرکردەکەی، بازی کورد، دا کۆتایی هات. بەڵام ناوچەی موسڵ، کە پێش هاتنی عەرەبەکان لە ژێر دەسەڵاتی هەزەبانیەکاندا بوو و ناوچەیەکی کوردی بووە، زۆر جار لە سەدەکانی دواییدا شەڕی نێوان هەزەبانیە کوردەکان و عەرەبە حەمدانیەکانی تێدا ڕوویداوە. ئەوەی کە ڕوونە داعشیەکانی ئەمڕۆ هەر بە هەمان فەرهەنگی هەزاران ساڵ لەمەوبەر ئەمڕۆش شەڕ و ڕەفتارمان لەگەڵ دەکەن و ئێمەش هەر بە گیانی دێرینی لێبوردەیی و ئازایی و ڕۆڵی گەورەی ئافرەت، هەر بە هەمان فەرهەنگی (بازی کورد)، داکۆکی لە خۆمان دەکەین.
تێبینی:
– زۆرێک لە سەرچاوەی زانیاریەکان لە کتێبی “کورد کێیە؟” ی بەندەدا دانراوە.
– زۆر سوپاسی کاک عەبدول سەلام دەکەم کە لە تەرجومەکردنی هەندێک لە تێکست و شیعرە عەرەبیەکاندا هاوکاری کردم. هەرچەندە هەندێک جیاوازی بۆچوون لە نێوان من و کاک عەبدول سەلامی خۆشەویستدا هەیە، بەڵام کەسایەتیە دڵفراوان و نەرمونیانێتیەکەی وایکردووە کە بێ کێشە و بەوپەڕی ڕێزەوە گفتوگۆ و مامەڵە لەگەڵ یەکتری بکەین. جارێکی تر سوپاسی دەکەم.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …