Home / مێژووى ئاینەکان / ئاینى ئیسلام / ئایا بانگخوازە سعودیەکان بانگەواز بۆ شەرعی خودا دەکەن یان شەرعی ئاشوری و بابلیی سەردەمی بتپەرستی؟

ئایا بانگخوازە سعودیەکان بانگەواز بۆ شەرعی خودا دەکەن یان شەرعی ئاشوری و بابلیی سەردەمی بتپەرستی؟

11896056_705060112955375_485755481617379080_n

ئایا بانگخوازە سعودیەکان بانگەواز بۆ شەرعی خودا دەکەن یان شەرعی ئاشوری و بابلیی سەردەمی بتپەرستی؟
نووسینی: سۆران حەمەڕەش
هەندێک کەس مێژوویان پێ گرنگ نیە و پێیان وایە مێژوو تەنها باسکردنی ڕابردووە و هیچ سودێکی بۆ ئەمڕۆمان نیە. لە ڕاستیدا تێگەیشتن لە مێژوو تا ڕادەیەکی باش بە ڕوونی بنەچەی دروستی دیاردەکانی ئەمڕۆمان بۆ دەخاتە ڕوو. هەر هەڵسوکەوتێک کە ئەمڕۆ دەیکەین، هەندێکیان بنەچەیان بۆ هەزاران ساڵ دەگەڕێتەوە و گەر بخوازین زۆر جار دەتوانین بنەچەکەیان بە تەواوی بدۆزینەوە.
زۆر لایەنەکانی ژیانی ڕابردوو بە شێوەی جیاواز ئەمڕۆ دەردەکەون. لەم سەردەمەدا هەندێک جار ڤیدیۆی سەیر دەبینیت کە هی هەندێک کەسایەتی ئاینیە و لە ناو بۆچوونەکانیاندا ئەو ڕابردووە دێرینە خۆی مەڵاس داوە، بە تایبەت لەوەتەی کە ئایین و سیاسەت تێکەڵ بوون و دەرفەت هەبووە کە بۆچوونی بانگخوازە سعودیەکان ببینین. لەم ڕۆژانەدا ڤیدیۆی مەلایەکی کورد بە تایبەت سەرنجی ڕاکیشام کە داوای دەکرد ئافرەت بە هیچ شێوەیەک قژی دەرنەکەوێت و تەنانەت جەختی دەکردەوە لەسەر ئەوەی کە ئافرەت دەبێت لە ماڵ نەیەتە دەرەوە و شوێنی ئەو ماڵەوەیە، کابرا حەدیسیشی بۆ پشتگیری لە بۆچوونەکەی دەهێنایەوە و دەیویست وەک شەریعەتی خودا بە گوێگرانی ڕابگەیەنێت، جلوبەرگ و قسەکردنی ئەو مەلایە بە ئاشکرا کاریگەری فەرهەنگی سعودی پێوە دیار بوو. وەک مێژوونوسێک هەمیشە ئەو بابەتانە دەمخەنە گەڕان و پرسیار لەوەی کا ئایا سەرداپۆشین و سەپاندنی مانەوە لە ماڵدا بۆ ئافرەت و دەستبڕین وەک سزای دزی، شەرعی خوادیە کە ئەو مەلایە لە ژێر کاریگەری بانگخوازە سعودیەکان بانگهشێتی بۆ دەکات یان شەرعی ئاشوری و بابلی سامی و کۆمەڵگەی بتپەرستیە کە بۆ عەرەبەکان ماوەتەوە؟
وەک هەموو جارێک دەبێت پەنا بەرمەوە بۆ تێکستە ئاشوری و بابلیەکان کە زانیاری زۆر وورد سەبارەت بە زۆر لایەنی ژیان دەدەن. هۆکاری پەنابردنی من بۆ ئەو تێکستانە ئەوەیە کە عەرەب لە ڕووی فەرهەنگیەوە خزمە لەگەڵ ئاشوری و بابلیە سامیەکاندا و ئەوان هەموویان بنەچەیەکی بیابان نشینیان هەیە بۆیە لە زۆر ڕووەوە توندوتیژن لەگەڵ ژیان و مامەڵەیان لەگەڵ ئافرەت هاوشێوەیە. جا لەبەر ئەوەی کە سەرچاوەی عەرەبی پێش ئیسلام دەگمەنە، بۆیە پەنابردن بۆ تێکستە ئاشوری و بابلیەکان هاوکاریمان دەکەن کە لە هەڵسوکەوتی عەرەبەکانی ئەمڕۆ بگەین و بنەچەی دیاردە فەرهەنگیەکانیان بە ڕوونی دەربکەون کە ئەمڕۆ وەک شەریعەتی خودا بە خەڵکی دەفرۆشن.
ئاشوریەکان بە ڕوونی بۆچوونیان داوە لەسەر ئەوەی ئافرەتێک کە شوو بکات، دەبێت حیجاب بکات و تەنانەت زۆربەی جار ژن دەبوو لە ماڵەوە بمێنێتەوە و پەیوەندی بە خەڵکی بێگانەوە نەکات و دەبوو لە ماڵەوەش بپارێزرێن بۆ ئەوەی کە خەڵکی دەرەوە نەیانبینێت. هەر وەک ئەمڕۆی سعودیە گەر ئافرەتێک بێ نێرینەیەکی خێزانەکەی سەفەری بکردایە ئەوا سزا دەدرا. لە ڕاستیدا کە یاسا وڕێسا ئاشوری و بابلیە سامیەکان دەخوێنیتەوە، زۆر جار وەک یاسای دەوڵەتی سعودی ئەمڕۆ دەکەوێتە بەرچاوت. یاسا ئاشوریەکان دەسەڵاتی پیاو بەسەر ئافرەتدا دەسەپێنن و بە ڕوونی هەموو مافێک دەدەن بە پیاو لە سزادانی ئافرەتدا و داوا لە ئافرەت دەکەن کە گوێڕایەڵی مێردەکەی بێت. ئافرەت بە تەواوی موڵکی پیاو بووە و چارەنووس و سزادان و لاقەکردن و هەموو شتێکی بەدەست پیاوەوە بووە و ئەو هیچ دەسەڵاتێکی ئەوتۆی نەبووە کە شایانی باسکردن بێت. یاساکان هەر بەرامبەر ئافرەت توندوتیژ نەبوون، لە زۆر لایەنی تری ژیانیشدا هەر وابوون. لە یاسای حاموڕابیدا هاتووە کە ئەو کەسەی دزی بکات، دەبێت دەستی ببڕێتەوە. هەندێک لە زانا ئیسلامیەکان لەوە بێخەبەر نەبوون، ئیبن کەسیر نزیکی حەوت سەد ساڵ لەمەوبەر دەڵێت کە دەست بڕین لەسەر دزی، لە سەردەمی جاهلیدا لە ناو عەرەبدا پەیڕەو کراوە. واتە ئەوەی کە ئەمڕۆ مەلا سعودیەکان لە باڵا پۆشی و دەستەمۆکردن و سزادانی ئافرەت و دەستبڕین پەیڕەوی دەکەن، شەریعەتی خودا نیە و شەریعەتی کۆمەڵگەی بتپەرستیە و یاسا ئاشوری و بابلیە سامیەکان هیچ گومانێک بۆ ئەوە ناهێڵنەوە.
بۆ نموونە ساڵی ٢٠٠٦ لە سعودیە ئافرەتێک کاتێک کە لەلایەن حەوت کەسەوە دەسترێژی کرایە سەر، دادگای سعودی حوکمی ٩٠ شەلاق و شەش مانگ زیندانی دا بەسەر کچەکەدا و دوایی کە پاریزەرەکەی داواکاری پێشکەش کردەوە، حوکمەکەی کرایە دوو ئەوەندە. قازیە سعودیەکان پێیان وابوو کە هەڵەی ئافرەتەکە بووە، ئەو دەبوو کەسێکی نێرینەی خێزانەکەی خۆی لەگەڵدا بوایە و ئەگەر بە تەنها نەبوایە تووشی ئەوە نەدەبوو. سەیرەکە لەوەدایە یاسا ئاشوریەکان نزیکی زیاتر لە سێ هەزار ساڵ لەمەوبەر، بە هەمان پرنسیپ مامەڵەیان لەگەڵ کەیسی هاوشێوەی ئەوە کردووە. هەر وەک لەم لینکەدا کەیسی ئەو ئافرەتە سعودیەکە دەکەوێتە ڕوو: http://www.theguardian.com/…/n…/17/saudiarabia.international
لەوانەیە خەڵکانێک بڵێن، جا ئێمە پەیوەندیمان بە سعودیەوە چیە؟ لە ڕاستیدا پەیوەندیمان زۆرە و ئێستاکە زۆرجار هەندێک لە مەلاکانمان خەریکە ئەو دابوونەریتانەی سەردەمی بتپەرستیمان بە شەرعی خوادا پێ دەفرۆشن. زانا و فەیلەسوفە کوردەکان لە ڕابردوودا توانیبوویان کە خۆیدنەوەی خۆیان بۆ ئاینی ئیسلام هەبێت و کاریگەریان لەسەر ئەو ئاینە هەبێت و بە شێوەیەکی کوردانە ئەو دینە وەربگرن. باوباپیرانمان بزر نەبوون و لە سەر ڕێچکە و ڕەگی فەرهەنگی خۆیان ئاینە نوێکانیان قبوڵ کردبوو و بۆیە چەندین ڕێچکەی سۆفیگەریان پەیڕەو دەکرد. سورەوەردی فەیلەسوفی جیهانی بە فەلسەفەی ئیشراقەوە و سورەوەردیەکەی تر کە سۆفیەکی گەورەی جیهانی بوو و مامۆستای سەعدی شیرازی بوو، بە تەریقەی سورەوەردی کوردیەوە و شەمسەدینی شارەزووری بە لێکدانەوەی فەلسەفەی ئیشراقەوە کە هەموو فەیلەسوفەکانی ڕابردوومان لە کتێبە فیکریە بە نرخەکەیدا بۆ زیندوو دەکاتەوە و ئیبراهیمی کوردی گۆرانی شارەزووری و مەولانا خالید و فەیلەسوف عیزی زەریری هەولێری و دەیان کەسایەتی مەزنی جیهانی تر، ئەوان بەرگی کوردیان کردبووە بەری ئاینی ئیسلام و نەکەوتبوونە ژێر کاریگەری دابونەریتی سەردەمی بتپەرستی عەرەبەکانەوە. بۆیە شاعیری گەورەی کورد بێسارانی، کوردانە دەڕوانێتە حیجاب و دەفەرموێت:
شیرین شەرم نیەن، شیرین شەرم نیەن٭٭٭٭٭٭شیرین پەی خاسان شەرت هەن، شەرم نیەن
چێش بی مەواچان حیجاب خاس بیەن؟*******جە ئافتاو خاستەر کەسێ کەی دیەن؟
ئەگەر پەی خاسان حیجاب خاس مەدی٭٭٭٭٭٭ ئافتابو، مەهتاب هیچ کەس نمەدی
ماناکەی (کەواتە؛ شیرین شەرم مەکە، شیرین شەرم مەکە ئەوانەی کە کەسی باشن زیاتر شەرت و ئیڕادەی ئەوان گرنگترە تا شەرمکردنیان. ئەوە چیە دەڵێن شتێک بەناوی حیجاب دروست بووە؟ ئەوە کێیە لە خۆرەتاو شتی باشتری بینیوە؟ ئەگەر خوا بۆ شتە باشەکان حیجابی بە باش زانیبا، کەواتە هیچ کەس نەخۆرەتاوی دەبینی نە مانگ).
ئەو شیعرەی شاعیری مەزن بێسارانی نەنکم بیردەهێنێتەوە. نەنکم سەروکڵاوێکی کوردانەی دەبەست و کە لە منداڵیدا سەردانیم دەکرد لە باوەشیدا بۆنی مێخەک و گەرموگوڕی باوەشی کوردانەی مەستی دەکردم. هەمیشە دەمڕوانیە ئەگریجەکانی کە لە ژێر سەروکڵاوەکەیەوە هاتبووە خوارەوە، ئەو دیمەن و بۆن و بەرامە کوردانە بۆ هەمیشەیی لەگەڵمدا دەژی. زۆر جار پرسیار دەکەم تۆ بڵێی گەر نەنکم لەم سەردەمەدا ڕەشەبای فیکری سعودی بەربکەوتایە، ئەو ڕوخسارە کوردانەی بمایە و ئەویش حیجابێکی سەردەمی شەریعەتی بابلی و ئاشوری نەکردایە و بۆ هەتایی سەروکڵاو و مێخەکی کوردانەی فڕی نەدایە و ئەگریجەکانی نەشاردایەتەوە؟
نووسینی: سۆران حەمەڕەش
تێبنی:
– وێنەکەی لای ڕاست وێنەی موفتی سعودیەیە و وێنەکەی ناوەڕاست وێنەی حەپسەخانی نەقیبە لەگەڵ ئافرەتێکدا لە نزیک ناوەڕاستی سەدەی رابردوو و وێنەکەی دەستی چەپ کاتی دەستبڕینی دزێکە لەلایەن داعشەوە.
– من بە مافی هەموو تاکە کەسێکی دەزانم کە حیجاب بکات یان نەیکات و ڕێزم بۆ ئازادی تاکەکان هەیە بەڵام لە هەمان کاتدا بە مافی خۆشمی دەزانم کە لە بنەچەی حیجاب بکۆڵمەوە و بنەچە مێژووەکەی بۆ خوێنەر بخەمە ڕوو. هەر کەس دەخوازێت بچێتە سەر ئەو تێکستانە و زیاتر سەبارەت بە یاسا و ڕێسا ئاشوریەکان ئاشنا بێت سەبارە بە ئافرەت، با بەتایبەت کتێبی دووەمی بەشی سەرچاوەکان بخوێنێتەوە کە لەلایەن تاتلۆ-وە نووسراوە و بە ووردەکاری ئەو یاسایانە ئاشنا ببێت.
– ئەو شیعرەی بێسارانی و لێکدانەوەکەی لەلایەن یەکێک لە خوێنەرە بەڕیزەکانی پەیجەکەمەوە لە بەشی کۆمێنتدا دانرابوو بە ناوی Farzin Khosravi-Hawrami . من زۆر سوپاسی تایبەتی دەکەم.
– بابەتێکی هاوشێوەی ئەم بابەتەم لە ڕابردوودا داناوە لەسەر بنەچەی حیجاب هەر وەک لەم لینکەدا دەبینرێت.
https://www.facebook.com/photo.php?fbid=664261513609519&set=pb.100000770292893.-2207520000.1439483316.&type=3&theater
سەرچاوەکان:
‌Holbert, J.C.(2002) The Ten Commandments: A Preaching Commentary, Abingdon Press, USA.
Moshay, JG.J.O (2010) Anatomy of the Qur’an, Chick Publications, USA.
Tetlow, E. M. (2004) Women, Crime and Punishment in Ancient Law and Society: Volume 1: The Ancient Near East, International Publishing Group, London.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …