شه‌ممه‌ , كانونی یه‌كه‌م 16 2017
Home / مێژووی ئیسلام / سەردەمی عەبباسی یەكەم

سەردەمی عەبباسی یەكەم

abase-eakam

سەردەمی عەبباسی یەكەم

نووسينى: محمود شاكر

وەرگێڕانی نهاد جلال حبیب الله
*سەردەمی عەبباسی یەكەم:

*خەلیفە ئەبولعەباس (132-136كۆچی) :

ئەبولعەباس عەبدوڵای كوڕی موحەمەدی كوڕی عەلی كوڕی عەبدوڵای كوڕی عەبباسی كوڕی عەبدول موتەلیبە، لەحەمیمە لەشام لەساڵی (108كۆچی) لەدایك بووە، لەشام گەورە بووەو پەروەردەی كەش‌وهەوای ئەوێ بووەو شانازیەكانی خێڵەكانی نزارو یەمەنی لەبیر بووە، سەرەتا نازناوی مەهدی هەبوو، دواتر بەسەفاح ناسرا، لەبەر ئەوە نا كە حەزی بە خوێن ڕشتن بووبێت وەك ئەوەی مسعودی دەیڵێت بەڵكو بەهۆی زیادكردنی سەد درهەمی بۆ خەڵكی كوفە.

ئەبولعەباس كەسێكی سیاسی لێزان بوو، لەسەردەمی ئەمدا لە نزیك كوفە هاشمیە بنیادنرا، دواتر شارێكی دی بە ناوی هاشیمیە لەنزیك ئەنبار دروستكرد‌و كردی بە پایتەختی دەسەڵاتی، لەسەردەمی دەسەڵاتیدا چەند مەترسیەك دەركەوتن كە لەهەموویان ڕزگاری بوو‌و بنەڕەتەكانی دەوڵەتی عەبباسی دانا، ئەبولعەبباس لەدوای چوار ساڵ‌و هەشت مانگ دەسەڵاتداری لەساڵی (136كۆچی -753زایینی) كۆچی دوایی كرد.

*خەلیفە ئەبوو جەعفەری مەنصور:

ئەبوو جەعفەر عەبدوڵای كوڕی موحەمەدی كوڕی عەلی كوڕی عەبدوڵای كوڕی عەبباسی كوڕی عەبدول موتەلیبە لەساڵی (90كۆچی -708زایینی) لەدایك بوو، لەحمیمە گەورەبوو پەروەردەی ئەوێی وەرگرت، لەپێش بوون بەخەلیفەی ڕاوێژكاری ئەبولعەبباسی برای بوو، دوای مردنی ئەبولعەبباس لەساڵی (136كۆچی) دەسەڵاتی گرتە دەست، خەلیفە مەنسوور بەدامەزرێنەری ڕاستی دەوڵەتی عەبباسی دادەنرێت‌و بەهۆی هەنگاو ڕاستی‌و سیاسەتی وردیەوە توانی بنەماڵەكانی دەسەڵات لەسەر چەند بنەمایەكی بەهێز دابنێت، شاری بەغدادی دروستكردەوەو كردی بە پایتەختی دەسەڵاتەكەی، بەوە ناوبانگی دەركەوت‌و جێی سەرنجی جیهان‌و زانستخوازان‌و زانایان بوو، مەنسوور لەساڵی (158كۆچی -775 زایینی) دوای بیست ‌ودووساڵ دەسەڵات مرد.

*خەلیفە مەهدی (158-169كۆچی):

موحەمەدی كوڕی عەبدوڵای كوڕی موحەمەدی كوڕی عەلی لەساڵی (121 كۆچی) لەحەمیمە لەدایك بوو، خەلیفە مەنسوور هەر لە سەرەتاوە كەوتە پەروەردەكردنی مەهدی تادوای خۆی دەسەڵات بگرێتە دەست، لەساڵی (141 كۆچیدا) خستیە مەیدانی سیاسیەوەو بەهەڵمەتێكی سەربازیەوە ناردی بۆ خوراسان تابزوتنەوەكەی عەبدولجەبار ئەزدی سەركوت بكات، دواتر بە هەڵمەتێكەوە ناردی بۆ تەبەرستان، لەوێ سەقامگیر بوو تائەوەی بەهۆی ئەوەوە بەوشارە دەوترا موحەمەدیە.

مەهدی دوای مردنی ئەبوجەعفەری مەنسووری باوكی لەساڵی (158كۆچیدا) بوو بە خەلیفە، لەسەردەمی ئەودا دیوانەكانی تەنگژە نوێ كرانەوەو ئەركیان پشكنین‌و چاودێری دیوانە مەركەزیەكان بوو بەتایبەت لایەنە داراییەكانیان لەڕووی وردەكاری‌و وردبینی ژمێریاریانەوە، لەبەر دابەشبوونی كارەكانی ئەودیوانە خەلیفە ناچاربوو دیوانێك دابنێت بۆ ڕێكخستنی كە دیوانی (جڵەوی ئەزمە)بوو، هەروەوها دیوانی ڕوانینە ستەمەكان كارا بوویەوە‌و ئەركی چاوخشاندنەوە بوو بەسكاڵای ستەم لێكراوان لەدەست ستەمی والی‌و كاربەدەستانی بەرپرسی كۆكردنەوەی خەراج، لەبەر گرنگی ئەم دیوانە مەهدی سەركردایەتی دەكرد‌و چەند دادوەرێكی لەگەڵدا بەشداربوون تا بڕیارەكانی هاوڕا بن بە بڕیاری شەریعەی ئیسلامی، هەروەها لەڕێی مەككەدا بینای دروست كردو حەوزی پڕئاوی دروستكرد بۆئاوی كاروانەكان، مزگەتی مەككەی فراوانتر كردو لەنێوان مەككەو مەدینەو یەمەن‌و ناوچەكانی دیكەی خیلافەتدا پۆستەی دامەزراند، شارو سنورەكانی قایموقۆڵ كرد، مەهدی دوای دەساڵ دەسەڵات لەساڵی (169كۆچیدا) مردو دوای ئەو موسا هادی كوڕی هات كە تەنها ساڵێك‌و سێ مانگ لەدەسەڵاتدا مایەوە، دوای مردنیشی خیلافەت كەوتە دەست هارونە ڕەشیدی برای.

*خەلیفە هارونە ڕەشید(170-193 كۆچی):

هارونی كوڕی موحەمەدی مەهدی كوڕی ئەبوجەعفەری مەنسوور لەساڵی (148كۆچی) لەدایك بووە‌و لەناودارترین خەلیفە عەباسیەكانە، بە لە خواترسی‌و خاكی بوون‌و گرنگیدانی بەحەج كردن‌و جیهادی ڕێی خوا ناسراوە تا ئەوەی ساڵێك حەجی كردووەوساڵێك جیهادی كردووە، بەوە ناسراوە زانایان‌و ئەدیب‌و شاعیر‌و نوسەرانی لەخۆ نزیك كردۆتەوە‌و دارولحیكمەی دامەزراند كە دواتر مەئمونی كوڕی كاری لەسەر كرد بەهێنانی كتێبی جۆراوجۆر بۆی، ئیدی لەهەموو زانستەكاندا كتێبی لەخۆ دەگرت، زانایان‌و ئەدیبان گەورەترین كاریگەرییان هەبوو لە پێشكەوتنی بزوتنەوەی زانستیدا، ڕۆشنبیری بڵاوبوویەوە‌ودیارترین وەرگێڕەكان كۆكرانەوەو بزوتنەوەی وەرگێڕان لەسەردەمی ئەودا بەهێز بوو.

هارونە ڕەشید گرنگیدا بەجیهادی ڕێی خواو ناردی هەڵمەتی سەربازی دژ بە ڕۆمە بیزەنتیەكان كە بەردەوام هەڵمەتیان دەبردە سەر سنوری ئیسلامی، ئەویش ناوچە سنووریەكانی ڕێكخست‌و سەربازگەی بەهێزی تێدا دانان، چەند هەڵمەتێكی بەڕێبەری خۆی ئەنجامداو لە هەڵمەتێكدا گەیشتە نزیك قوستەنتینیەی پایتەختیان، نقفوری ئیمپراتۆری ڕۆمی ناچاركرد ئاگر بەست بكات‌و سەرانەی ساڵانە بدات بە مسوڵمانان، هەروەها گرنگیداوە بە دژایەتی‌و ڕێگرتن لە پیلانگێڕانی ناوخۆ كە دەیانویست یەكبوون‌و ئاسایش نەهێڵن وەك بەرمەكیە فارسەكان كە گەیشتنیان بە پۆستە باڵاكانی دەوڵەت قۆستەوەو هەوڵیاندا پیلان بگێڕن، هارونیش لەناوی بردن‌و دەوڵەتی لەخراپەیان پاراست، هاوكات گرنگیدا بەكاروباری هاوڵاتیان‌و باجەكانی ڕێكخست بەتایبەت خەراج، بەرامبەر جوتیاران چاك بوو‌و گرنگیدا بەكشتوكاڵ‌و بڵاوكردنەوەی دادپەروەری‌و یەكسانی لەنێوان خەڵكدا، لەسەردەمی ئەودا بەغداد گەیشتە لووتكەی شارستانیەت‌وبنیاد‌وكۆشكی ڕازاوەو گەورەی تێدا دروست كردو سەرچاوەكانی سامانی زیادیان كرد‌و بازرگانی لەم پەڕو ئەوپەڕی جیهانەوە هەبوو، ڕەشید لەساڵی (139كۆچی -808 زایینی) لەخوراسان كۆچی دوایی كرد.

*خەلیفە ئەمین (193-198كۆچی):

موحەمەدی كوڕی ئەمینی كوڕی هارونە ڕەشید لەبەغداد‌و لەساڵی (170كۆچی) لەدایك بووە، هارونە ڕەشید گرنگی زۆری داوە بە موحەمەدی كوڕی‌و لەگەڵ عەبدوڵای برایدا هەردووكیانی ناردن بۆلای زانایان‌و فەرمودەناسان، ئەهلی كەلام‌و شارەزایان لەلایان دەبوون، ڕەشید ئامادەی وانە زمانەوانی‌و ئەدەبیەكان دەبوو، موحەمەد ئەمین بەوە وەسفی دەكرێت كە ڕەوانبێژ‌و زمانپاراو‌و بەڕێز بووە، ڕەشید كاتێك لەگەڵ ئەمیندا مەئمونیشی بەشداری دەسەلات كرد سەركەوتوو نەبوو، دواتریش موئتەمەنی كوڕیشی دانا، ئەمە وایكرد ئاژاوە‌و دواتریش ناكۆَكی لەنێوان ئەمین‌و مەئموندا ڕووبدات، ئەمین كەبوو بەخەلیفە لەگەڵ مەئمون جەنگاو لەساڵی (198كۆچی) لەجەنگێكدا ئەمین كوژرا.

*خەلیفە مەئموون (198-218كۆچی):

شەش مانگ پێش موحەمەدی برای لەساڵی (170كۆچی) لەدایك بووەو وەك براكەی پەروەردەبوو، مەئمون لەچوار دەوری خۆی زانایانی كۆكردبوونەوە، مەئمون ڕەوانبێژو ئەدیب‌و شاعیر‌و دانا بوو مەئمون سەرقاڵ بووبە كێشە ناوخۆییەكانەوە بۆیە لەگەڵ بیزەنتیەكان نەدەجەنگا بەڵام لەساڵی (215كۆچی) بەسەركردایەتی خۆی هەڵمەتێكی ئامادەكرد بۆ هێرش بردنە سەرسنوورە بیزەنتیەكان‌و قەڵای قرەی گرت‌و وێرانی كرد، قەڵای سوندس‌و قەڵای سنانیشی گرت، بۆ ساڵی دواتر ئیمپراتۆری بیزەنتیەكان هەڵمەتی بردە سەر تەرسوس‌و مصیصە‌و ژمارەیەكی زۆری خەڵكی كوشت، مەئمونیش بەتوندی وەڵامی دایەوە تا بەبێ جەنگ (هرقلە) خۆی دا بەدەستەوە‌و ئەمیر ئەبو ئیسحاق موعتەسەم (30) قەڵای گرت، مەئمون شاری تونەی قایم‌و قۆڵ ڕاگرت‌و لە عێراق‌و سوریاو میسرەوە هێزی هێنا وادیارە بیری لەوە كردبێتەوە نەخشەیەكی بەهێز دابنێت بۆ گرتنی وڵاتی ڕۆم بەڵام لەسەر ڕووباری بدندون لەساڵی (218 كۆچی)دا مرد.

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About نورسی گۆران

Check Also

630

ئایا ده‌زانی ئه‌و كه‌سه‌ی ڕۆبۆتی دۆزیه‌وه‌ كورده‌ و به‌ باوكی ڕۆبۆت ناسراوه‌

ئایا ده‌زانی ئه‌و كه‌سه‌ی ڕۆبۆتی دۆزیه‌وه‌ كورده‌ و به‌ باوكی ڕۆبۆت ناسراوه‌ بێگومان گه‌لی كوردیش …