شه‌ممه‌ , كانونی یه‌كه‌م 16 2017
Home / مێژووى ئاینەکان / ئاینى ئیسلام / ئیبن تەیمیە لەنێوان هەوادارا ن و نەیارانیدا

ئیبن تەیمیە لەنێوان هەوادارا ن و نەیارانیدا

ebntaemea-a

ئیبن تەیمیە لەنێوان هەوادارا ن و نەیارانیدا
نووسینی نهاد جلال حبیب الله
ڕاجیاوازی و بەشبوونێكی زۆر لەسەر كەسایەتی ئیبن تەیمیە هەیە و ململانێیەكی سەخت لەنێوان هەواداران و نەیارانیدا بەدیدەكرێت.

گرنگترین تێڕوانینەكان بەرامبەر بە ئیبن تەیمیە خۆی لە سێ‌ خاڵدا دەبینێتەوە:

1. هەوادارانێكی ئیبن تەیمیە كە زیادەڕەوی لە ئاستیدا دەنوێنن، بەڵكو وای لێدەكەن لە ئاستی زانایەتی دەریدەكەن و ئامادە نین لە قسەی ئەو زیاتر وەربگرن، یان دان بە هەر هەڵەیەكیدا بنێن.

2. نەیارانی ئیبن تەیمیە: ئەمانەش دان بە هیچ چاكەیەكی ئەو كەسایەتیەدا نانێن و بە توندی قسەی لە ڕوودا دەكەن و بە كەسایەتیەكی خراپی دەزانن، بەڵكو دەیگەیەننە ئاستی ئەوەی كەسی وایان هەبێت پێی بڵێت (بەندەیەكە خوا سەرشۆر ِ‌و گومڕا و كەڕ و زەبوونی كردووە).

3. كەسانێك بە چاوێكی مامناوەندی بۆی دەڕوانن و چاكە و خراپەكانی لەبەرچاو دەگرن، هەرچەندە نەیانتوانیبێت بێلایەنی خۆیان بپارێزن، بەڵام تا ئاستێك لایەنە باش و خراپەكانیشی لەبەرچاو دەگرن، ئەم دابەشبوونەش بۆ كەسایەتی ئیبن تەیمیە شتێكی ئاساییە، چونكە هەمیشە كەسایەتییە گەورەكان كە ڕۆڵی دیاریان لە ژیانی خەڵك و مێژووی مرۆڤایەتیدا هەیە، دەكەونە بەر دابەشبوونی دوو لایەنی هەواداری و نەیارانەوە و هەركامە و هەوڵ دەدەن ڕای خۆیان بەسەر ئەویتردا بسەپێنن، هەر ئەم ڕا جیاوازیە هێمای گەورەیی ئەو كەسایەتیانەیە، بۆیە دەتوانین بڵێین بوونی ڕای جیاوازیش لەسەر ئیبن تەیمیە بەڵگەی گەورەیی ئەو كەسایەتییەیە.

ئەوانەی نەیاری ئیبن تەیمیەن هەریەكە و لەبەر هۆكارێك یان چەند هۆكارێك ئەو هەڵوێستەیان وەرگرتووە، لەوانەش:

1- فیقهناسان و كەسایەتیەكانی سەردەمی خۆی، لەبەرئەوەی دەمارگیری مەزهەبی لەنێوانیاندا هەبوو و ئامادەنەبوون ڕای مەزهەبی تر وەربگرن، وەك چۆن دەبینین ئیبن مەخلوفی حەنەفی ڕكەبەرێكی توندی ئیبن تەیمیەیە ، یان ئامادەنەبوون ئیجتیهاد بكرێتەوە، بەڵام ئیبن تەیمیە ئەو دەرگایەی كردەوە و كۆمەڵێك ڕای خستەڕوو كە لە مەزهەبەكانی تردا نەبوون یان لەوانە جیاواز بوون، وەك فەتوادانی لەبارەی كەوتنی سێ‌ تەڵاق بەجارێك، ئەمە وایكرد ببێتە مایەی بەندكرنی و دژایەتی زانایایانێك لە ڕوویدا.

2- كەسانێك ئێرەییان بە كەسایەتیەكەی دەبرد، بۆیە دژایەتییان دەكرد، چونكە كاتێك دەیانبینی ئیبن تەیمیە لەناو جەماوەردا هەوادارانێكی زۆری هەیە‌و خەڵك بە پیریەوە دەچن، لەناو حكومەتیشدا ڕێزی بۆ دادەنرێت و گوێی لێدەگیرێت، ترسیان لەوە بوو جێپێی خۆیان لەدەستبدەن، بۆیە دژایەتیان لە ڕووەدا نواند.

3- لەناو دەسەڵاتدا كەسانێكی وەك جاشنگیر هەبوون كە نەیاری ئیبن تەیمیە بوون، ئەمانە لە لایەن نەیارانی ئیبن تەیمیەوە هاندەدران تا دژایەتی بكەن، بۆ ئەمەش گومانیان لەلا دروست دەكرا، وەك ئەوەی جاشنگیر وا تێگەیەنرابوو بوونی ئیبن تەیمیە بەو شێوازە مایەی مەترسیە بۆ سەر دەسەڵاتەكەی، یان سوڵتان ناسر كە هەواداری ئیبن تەیمیە بوو لە لایەن زانایانێكەوە وایلێكرا بڕیاری بەندكردنی بدات و تا مردنیشی لە بەندیخانەدا بیهێڵێتەوە.

4- سۆفیەكانیش بە شێوازێكی زۆر سەخت دژایەتی ئیبن تەیمیەیان دەكرد، ئەمەش لەبەرئەوەی ئیبن تەیمیە لە ڕوانینە چاكسازیەكەیدا بە دیدێكی رەخنەییەوە سەیری چەند لایەنێكی سۆفیگەرایی دەكرد، بە تایبەت لە مەسەلەی ئیبن عەرەبی و نوسینەكانیدا كە بە توندی بەرپەرچی ڕاكانی ئیبن عەرەبی دایەوە، بەرپەرچدانەوەكەشی لەبەر ئارەزوویەكی دەروونی نەبوو، بەڵكو هەوڵێكی ڕەخنەگری زانستی بوو، ئەو لە سەرەتاوە بە ئیبن عەرەبی سەرسام بوو، بەڵام كە چەند نوسینێكی تری خوێندەوە و بە لادان لە شەریعەتی دانان، ئەوكات هەڵوێستی ڕەخنەگری گرتەبەر، لەو كاتەشدا ڕەخنەگرتن لە ئیبن عەرەبی لای زۆرێك تاوانێك بوو كە لێخۆشبوونی بۆ نەبوو، بەڵكو دەبوو لەسەر ئەوە توندترین سزا بدرایە، لەو كەسانەش كە زۆر پەیوەست بە ئیبن عەرەبی بوون نەسری مونبەجی بوو كە لەسەر ئەوە نێوانیان تێكچوو و هەوڵیدا پلان لە دژی ئیبن تەیمیە بگێڕێت تائەوەی راِیكێشایە دادگای میسر.

5- شیعەكانیش نەیارانێكی زورسەر سەختی ئیبن تەیمیەن، چونكە ئەو بە توندی بەرپەرچی ڕاو مەزهەبی شیعە دەداتەوە و نووسینی وەك (منهاج السنە النبویە) یان لەڕوودا دەنووسێت و بە لادان لە ئیسلام پێناسیسان دەكات .

6- كەسانێك نووسیەنەكانی ئیبن تەیمیەیان بەردەست نەكەوتووە، یان تەنها چەند نووسینێكیان بەردەستكەوتووە، یان كۆمەڵێك نووسینیان بەردەستكەوتووە كە دەستكاری كراون و ساختەیان تێدا ئەنجامدراوە، بۆیە هەڵوێستی دژایەتییان لەڕوودا نواندووە، بۆ نموونە ئیبن حەجەری هەیتەمی هەندێك شتی لەسەر ئیبن تەیمیە خوێندەوە كە هی ئەو نین و دراونەتە پاڵی، لەسەر ئەمەش ئالوسی نوسینێكی هەیە بە ناوی (جلا‌ء العینین بمحاكمة اڵاحمدین) تیایدا بە وردەكاریەوە ئەوە دەخاتەڕوو كە زۆر شت هەن دراونەتە پاڵ ئیبن تەیمیە و لە بنەڕەتدا هی ئەو نین و هەیتەمیش لەو ڕوانگەوە لە دژی بڕیاریداوە.

7- یان نمموونەی ئەو هەڵبەستەی كە ئیبن بەتووتەی گەشتیار لە سەفەرنامەكەیدا بەرامبەر بە ئیبن تیمیە نووسیوویەتی وتۆمەتی لادان لە بیروباوەڕی داوەتە پاڵ و دەڵێت:”لە دیمەشق یەكێك لە گەورە فیقهناسەكانی حەنبەلی تەقیەدین ئیبن تەیمیە بوو كە عەقڵی جۆرە نوقسانیەكی تێدا بوو، خەڵكی دیمەشقیش بە گەورەیان رادەگرت،…من لە دیمەشق بووم لە نوێژی هەینی لای ئیبن تەیمیە ئامادەبووم كە لەسەر مینبەری مزگەوت ئامۆژگاری خەڵكی دەكرد و لە وتەكانیدا وتی: خوا وەك دابەزینی من لەم پلیكانانەی مینبەردا دادەبەزێتە ئاسمانی دنیا، ئەو كات دابەزی‌و فیقهناسێكی مالیكی بەناوی ئیبن زەهرا‌و لەڕوویدا وەستا و خەڵكیش دایانە پاڵ ئەو و بە دست و نەعل زۆریان لە ئیبن تەیمیەدا تا مێزەرەكەی سەری كەوتە خوارەوە و ئاوریشمێكی لە ژێردا بوو دەركەوت، خەڵكیش لەسەر ئەوە لۆمەیان كرد و بردیان بۆ ماڵی عیززەدینی كوڕی موسلیمی دادوەری حەنبەلیەكان و ئەویش دوای ئەوە فرمانی گرتنی دەركرد”.

بەڵام لە چەند لایەكەوە ئەو تۆمەتە دەكەوێتە بەر دیدی ڕەخنەییەوە:

• ئەو بە نوقسانی عەقڵی دەزانێت، بەڵام دەڵێت خەڵكی بە گەورە رایاندەگرت.

• ئیبن بەتووتە لە ڕۆژی پێنج شەممە 9 ی مانگی رەمەزانی ساڵی(726ك/1344ز) گەیشتۆتە دیمەشق ، بەڵام ئیبن تەیمیە لە رۆژی دوو شەممە 6 ی مانگی شەعبانی ساڵی(726ك/1344ز) بەند كراوە و تا مردنی لە ساڵی(728ك/1346ز) لەوێ‌ ئازاد نەكراوە.

• ئیبن تەیمیە لە مینبەردا ئامۆژگاری خەڵكی نەدەكرد، بەڵكو هەمیشە لەسەر كورسییەك دادەنیشت.

• ئەو كاتەی ئیبن بەتووتە چوویە دیمەشق دادوەری دادوەران جەلالەدینی موحەممەدی كوڕی عەبدورەحمانی قەزوینی وتاربێژی مزگەونی دیمەشق بوو.

• ئیبن تەیمیە لە هەموو نوسینەكانیدا دژ بەو تۆمەتەیە كە ئیبن بەتوتە لەڕوویدا نوسیویەتی و ئەگەر بڕوانینە نوسینەكانی پێچەوانەی ئەوە دەبینین

8-وەستانی لەڕووی چەند لێكدانەوەیەكی ئەشعەریدا كە خەڵكی پێیان وابوو ڕای ئەهلی سوننەیە و بەشێكە لە بیروباوەڕی ئیسلامی و لادان لەوە تاوانێكی گەورەیە، ئەوان وایاندەزانی ئیبن تەیمیە پێشەوانەی ئەهلی سوننە و زانایان و شەریعەت دەڵێت .

9-هەندێك لەبەر ئەوە دژایەتی ئیبن تەیمیە دەكەن، چونكە شوێنكەوتەی زانایان كەسایەتیەكن و تەواو خۆیان داوەتە دەست ڕا و ڕوانینی ئەو كەسە، ئەویش نەیاری ئیبن تەیمیەیە، ئەو كەسانەش لە پێشڕەوەكەیانەوە ئەو هەڵوێستە وەردەگرن .

بەڵام بەشێوەیەكی گشتی ئیبن تەیمیە كەسایەتیەكە گەورەی وابوو كە بوویە مایەی سەرلەنوێ‌ بوژاندنەوەی هزر و زانستی ئیسلامی و بوو بە بنەڕەتێك بۆ هەوڵەكانی دواتر، لەگەڵ ئەوەشدا كۆمەڵێك شتی هەن كە دەكرێت وەرنەگیرێن و ڕای جیاواز لەوانە هەبێت، یان چەند سیفاتێكی ناباشی هەبوون وەك ئەوەی زەهەبی خوێندكاری لەگەڵ سەرسامبوونی پێی، توندی لێكۆڵینەوە‌و تووڕەیی‌و توندی لەڕووی نەیاران‌و مانەوەی ڕق‌و كینە لەدڵیدا دەكاتە ڕەخنە لەسەری.

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About نورسی گۆران

Check Also

53cdd25eb8811b6cf209a44c2528c34f

” تێسلا : زانا له‌ بیر كراوه‌كه‌ “

” تێسلا : زانا له‌ بیر كراوه‌كه‌ “ ” تێسلا : گه‌وره‌ترین زانای مێژوو به‌ڵام …