Home / بەشی مێژووی كورد / بایەخدانی میرەكانی بابان بە بزاڤی زانست و رۆشنبیری لە میرایەتیەكەیاندا ‌

بایەخدانی میرەكانی بابان بە بزاڤی زانست و رۆشنبیری لە میرایەتیەكەیاندا ‌

mie911

بایەخدانی میرەكانی بابان بە بزاڤی زانست و رۆشنبیری لە میرایەتیەكەیاندا ‌

د.ئاراس محمد صالح
بە سێ سەد هەزار كتێب مەزندە كراوە
بەهۆی پشتگیری خەلیفەكانی عەباسیەوە (بیت الحكمە) دەبێتە كۆگای كتێب و مەڵبەندی وەرگێڕان و دانانی كتێب، هەروەها دەبێته‌ جێگەی توێژینەوەی ئەستێرەناسی، ئەوەی زۆر (بیت الحكمە)ی پێ دەناسرێتەوە فرە بابەتی سەرچاوەكانی لە كتێبی كۆن و ژیاننامەو ئەو كتێبانەی بۆ خەلیفەكان نووسرابوون ئەو كتێبانەی نووسرابوونەوە بەو شێوەیە بووبووە كوڕێكی زانیاری، ئەم مەڵبەندە زانستیە بەردەوام دەبێت هەتا هێرشی مەغۆلەكان بۆ سەر شاری بەغداد لە ساڵی (656كۆچی 1258زاینی) كە بەشی زۆری وێران كراو لە ناوچوو، لەو كاتەدا ژمارەی كتێبەكانی بە سێ سەد هەزار كتێب مەزندە كراوە.
یەكێك لە میراتییە گرنگ‌و گەورەكانی میرایەتی بابان ئەم زمانە ئەدەبییە كوردیە كە بووەتە زمانی نوووسین و كاروباری ڕەسمی كوردستان، هەر لە ڕۆژانی پەیدابوونی ئەم میرنشینەوە شێوەی خوارووی زمانی كوردی بووە زمانی ڕەسمی میرنشینەكە، پێش ئەوەی شێوەزاری سلێمانی ببێتە زمانی ئەدەبی كوردی شێوەزاری گۆرانی هەورامی زمانی شیعر‌و ئەدەبی شاعیرانی كورد بووە، بەڵام لەگەڵ بنیاتنانی سلێمانی‌و گەشەكردنی كۆمەڵگەی كوردی‌و پێشكەوتنی میرایەتی بابان شێوەزاری سلێمانی دەبێتە زمانی شیعر‌و ئەدەبی كوردی، شاعیرانی كورد بەشێوەی سلێمانی هەڵبەستی نیشتمانیان بەسەر گەلی كوردو تێكۆشانی میرنشینی بابان و ئامانجەكانیدا هەڵدا، شابەشانی شیعرە دڵداریەكانیان، شانازیان بە پاڵەوانانی كوردەوە كردووەو بۆ ڕوخاندنی میرنشینی بابان فرمێسكیان ڕشتووە.
ئەگەر لە سەدەی حەڤدەو هەژدەدا كتێبخانەیەكی لەو جۆرە لە شوێنێكی وەك قەڵاچوالاندا هەبووبێت بەڵگەیەكی ڕوون ئاشكرایە لەسەر گرنگیدان و پشتگیری میرانی بابان بە خوێندن و ڕۆشنبیری و سووربوونی خەڵكەكەی لەسەر خوێندن و زانست، بەتایبەتی كە لەو سەردەمەدا كتێب زۆر بە زەحمەت دەست كەوتووەو بوونی كتێبخانە زۆر دەگمەن بووە بۆ شوێنێكی وەك وڵاتی كوردەواری.
هیچ شوێنەوارێكیان نەمایە
ئەگەر پشتگیری بابانەكان لە ئاستێكی زۆر بەرزو بەردەوامدا نەبوایە لە پرۆسەی خوێندن و ڕۆشنبیری و زانایان بێگومان بەهۆی ئەو هەموو شەڕوشۆڕو ململانێی خۆیان و هێنانی هۆردوی بێگانە بۆ سەر دەسەڵاتەكەیان و ئەو هەموو نائارامیە سیاسی و كۆمەڵایەتیەی ناوچەكەوە ڕەنگە ئەو هەموو زاناو نووسین و دەستنووسە زۆرەی ئەمڕۆ لەبەردەستدایەو هیچ شوێنەوارێكیان نەمایە، بەڵام پەرەپێدانی زانست و ڕۆشنبیری لەلایەن ئەو میرانەوە ئەوەندە بەرفراوان بووە هیچ یەك لەو لەمپەرانە نەیتوانیوە تووشی ڕاوەستان و پاشەكشەی بكات یان داروپەردوی بدا بەسەریەكدا هیچی نەمێنێ‌.
میرانی بابان بەچەند ڕێگەیەك پشتگیری خوێندن و ڕۆشنبیریان كردووە لە قەڵەمڕەوەكەیاندا:
یەكەم: كۆمەڵێك لە مامۆستا گەورەكانی ئەو سەردەمە كتێبی تایبەتیان بۆ میرانی بابان داناوەو نووسیوەتەوە، زۆرێك لەو كتێبانە كە بۆ ئەو میرانە نوسراوە كتێبی بەنرخ بوون و لەكاتی ئێستادا زۆرێكیان لە (دار المخطوطات العراقیة) لە بەغدا پارێزراون.
دووەم: میرەكان كتێبیان بۆ زاناكان و كتێبخانە گەورەكان وەقف كردووە، ئەم هەنگاوەیش كاریگەری زۆری هەبووە لە بڵاوبوونەوەی ڕۆشنبیری و ئاوەدانكردنەوەی كتێبخانەكان و كارئاسانی بۆ خوێنەران.
سێیەم:فەرمانیان بە نووسینەوەی كتێب داوەو كتێبیان بۆ نوسراوەتەوە، تەنانەت لە وەقفنامەكەی سلێمان پاشادا ئاماژە بە لیژنەی نووسینەوەی كتێب دەكات لە كتێبخانەی قەڵاچوالاندا بە (نساخ) ناویان دەبات، ئەمەیش بەڵگەی گرنگیدانی میرانی بابانە بە نووسینەوەی كتێب.
چوارەم: گرنگیدانی میرانی بابان بە خوێندن و خوێندنگەو فەقێیان وایكردووە ئەو میرانە زۆر لای ئەو توێژە گرنگەی ئەو سەردەمەی كوردەواری خۆشەویستبن و زۆریان بەشانازیەوە ناو مێژووی میرانی بابانیان لە پەراوێزو كۆتایی دەستنووسەكانیاندا تۆمار كردووە، ئەمەیش سەرچاوەیەكی گرنگە بۆ زانینی زۆر لاپەڕەی نەزانراوی مێژووی بابانەكان.
بۆ گەشەپێدانی خوێندن و خوێنەواری
یەكێكی تر لە هەنگاوەكانی میرانی بابان بۆ گەشەپێدانی خوێندن و خوێندەواری لەناو قەڵەمڕەوەكەیاندا كۆكردنەوەی زاناو مەلا گەورەكان بووە لەسنوری میرایەتیەكەیانداو دابینكردنی خوێندنگەو گوند بوە بۆ ئەو زانا بەهرەمەندانە، ئەم هەنگاوەشیان بۆ گەشەپێدانی خوێندن و خوێنەواری بووە لەناوچەكەیاندا، لەناو مەڵبەندی پایتەختی میرایەتی باباندا لە قەڵاچوالاندا زۆربەی مەلا گەورەو ناسراوەكانی كوردستان كۆدەكەنەوەو خوێندنگەو مزگەوت و قوتابیان بۆ دابین كردوون، هەروەها كتێب و كتێبخانە و دابینكردنی بژێوی و ژیانی مامۆستایان و قوتابیان لە ڕێگەی سیستمی وەقفەوە (نڤام الوقف) بۆ دەستەبەر دەكەن.
لەو زانا گەورانەی لەشاری قەڵاچوالان و پایتەختدا خاوەنی خوێندنگە بوون وەك مەلا محەمەدی غەزایی و مەلا عەلی قزڵجەیی و بنەماڵەی خاڵ و مەردۆخیەكان و بەرزنجیەكان و چەندین زانای گەورەی ئەو سەردەمە، كۆبوونەوەی ئەو زانا گەورانە لە قەڵاچوالاندا هەر لەخۆڕا نەبووەو بەڵكو هەمووی لەسەر داواو خواستی میرانی بابان بووە بۆ ئەوەی لەناو قەڵەمڕەوەكەیاندا برەو بە خوێندن و ڕۆشنبیری بدەن.
گرنگیدانی میرانی بابان تەنها لە سنوری قەڵاچواندا نەوەستاوە بەڵكە زۆر ناوچەی ناو قەڵەمڕەوی ئەو میرایەتیەی گررتووەتەوەو لە زۆر شارو شارۆچكە خوێندنگەیان كردوەتەوەو زانای گەورەیان بۆ هێناوە.
لە ناوچەی قەرەداغ و سلێمانیدا
یەكێك لەو ناوچە گرنگانەی میرانی بابان زانای گەورەیان بۆهێناوە شارۆچكەی قەرەداغ بووە، مەلا عەبدوللەتیفی گەورەی مەردۆخی لەسەر داواو خواستی میرانی بابان لە كوردستانی ڕۆژهەڵاتەوەو هاتووەتە قەرەداغ و خوێندنگەیان بۆ كردوەتەوەو لەدوای خۆیشی بنامەڵەی مەردۆخی ڕۆڵی گەورەیان بینیوە لە بڵاوكردنەوەی خوێندن و خوێندەواری و پێگەیاندنی زانای گەورەو گرنگیدان بە شعرو ئەدەب و زانست لە ناوچەی قەرەداغ و سلێمانیدا، هەر لەناوچەی قەرەداغداو لە دێی تەكێی قەرەداغ كە هەر لەساڵی 183كۆچیەوە خوێندنگەی تێدابووەو دەیان زانای گەورەی تێدا هەڵكەوتووە، میرانی بابان دەستی یارمەتی بۆ ئەو خوێندنگە درێژ دەكەن و باخی بۆ وەقف دەكەن كە تا ئێستا بە باخی برایم پاشای بابان ناسراوە.
هەر لەناوچەی سلێمانیدا سلێمان پاشای میری بابان كاتێك مەلا محەمەدی ئیبنو الحاج(1111هـ 1196هـ 1700م- 1781) دەچێتە لای دوای ئەوەی لە دێی سنجوێی ناوچەی ئالان كە دێی خۆیان بووە دەڕوات، سلێمان پاشا لە گوندی هەزارمێردی ڕۆژئاوای سلێمانی خوێندنگەو مزگەوتی بۆ دابین دەكات، ئیبنوالحاج لە خوێندنگەی هەزارمێردا چەندین زانای گەورەی وەك مەلا عەبدوڵای بەیتوشی و شێخ مەعروفی نۆدێی و مەلا محەمەدی پیرحەسەنی دێلێژەیی و چەندین زانای گەورەی تری پێگەیاندووە.
میرانی بابان گرنگی زۆریان بە خوێندنگەكانی خورماڵ و هەڵەبجەو ناوچەی هەورامان و شارەزور داوەو چەندین زانای بەهرەمەندیان بۆ ئەو خوێندنگانە دابینكردووەو بۆ بژێویو خەرجی خوێندن و چەندین دێهاتیان بۆ وەقف كردوون، وەسێتنامەكەی سلێمان پاشای بابان بەڵگەیەكی ڕوونی ئەم ڕاستیانەیە.
داوای لێدەكات بگەڕێتەوە كوردستان
میری بابان هەر لە خەمخۆری بۆ برەودان بە پرۆسەی خوێندن لە كوردستاندا لە كاتی سەردانیكردنی بۆ شاری بەغدا كە لەو كاتەدا زانای گەورەی كورد مەولانا خالیدی نەقشبەندی لەو شارەدا خەریكی ئیرشادو تەدریس بووەو خاوەن پلەوپایەكی بەرز بووە، میر داوای لێدەكات بگەڕێتەوە كوردستان، مەولاناش داواكەی میر جێبەجێ‌ دەكات و دەگەڕێتەوە كوردستان، پاش گەڕانەوەی میری بابان خانەقای مەلاونا خالیدی لە سلێمانیدا بۆ دروست دەكات، لە هەمان كاتدا چەند دێهاتێك بۆ پێویستی پرۆسەی خوێندن لەو خانەقادا وەقف دەكات، هێنانەوەی مەولانا خالید و دروستكردنی خانەقاكەی بەڵگەیەكی تری گرنگیدانی میرەكانی بابانە بە پرۆسەی خوێندن و خوێندەواری لەشاری سلێمانی‌و هەموو قەڵەمڕەوی باباندا.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …