چوار شه‌ممه‌ , كانونی یه‌كه‌م 2 2020
Home / بەشی مێژووی كورد / له‌ یادی‌ دروستبوونی‌ شاری‌ سلێمانیدا پێشینه‌ی‌ مێژوویی بزاڤی‌ ڕۆشنبیری‌ شاری‌ سلێمانی‌ ‌

له‌ یادی‌ دروستبوونی‌ شاری‌ سلێمانیدا پێشینه‌ی‌ مێژوویی بزاڤی‌ ڕۆشنبیری‌ شاری‌ سلێمانی‌ ‌

slemani1411

له‌ یادی‌ دروستبوونی‌ شاری‌ سلێمانیدا
پێشینه‌ی‌ مێژوویی بزاڤی‌ ڕۆشنبیری‌ شاری‌ سلێمانی‌ ‌

د.ئاراس محه‌مه‌د ساڵح

شاری‌ سلێمانی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مێژوویه‌كی‌ دێرینی‌ نیه‌، به‌ڵام له‌ ڕور مێژووی‌ بزاڤی‌ ڕۆشنبیری‌ و ئه‌ده‌بی‌و سیاسی‌و كه‌لتوریه‌وه‌ مێژوویه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ بۆخۆی‌ تۆماركردووه‌، لێره‌دا ئه‌و پرسیاره‌ دێته‌وه‌ پێشه‌وه‌ ئه‌م شاره‌ له‌گه‌ڵ ته‌مه‌نێكی‌ كه‌مدا چۆن ئه‌و مێژووه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ تۆماركردووه‌و له‌ڕووه‌كانی‌ ڕۆشنبیری‌‌و فه‌رهه‌نگیه‌وه‌ زوو گه‌شه‌ی‌ كرددوه‌و هه‌نگاوی‌ گه‌وره‌ی‌ ناوه‌، به‌تایبه‌تی‌ هه‌ر له‌دوای‌ دروستكردنی‌ شاری‌ سلێمانی‌ توانی‌ شێوه‌زاری‌ سلێمانی‌ بكاته‌ زمانی‌ شیعرو ئه‌ده‌ب، كه‌ بۆ ماوه‌ی‌ چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك بوو شێوه‌زاری‌ گۆران یان (ماچۆ) زمانی‌ شیعر‌و ئه‌ده‌بی كوردی‌ بووه‌، ئه‌و هه‌موو گۆڕانكاریانه‌ چۆن دروستبوون‌و بۆچی‌ سلێمانی‌ له‌ماوه‌یه‌كی‌ كورتی‌ مێژوویدا بووه‌ ناوه‌ندێكی‌ ڕۆشنبیری‌‌و سیاسی گه‌وره‌؟. بۆ وه‌ڵامی‌ ئه‌م پرسیاره‌و نهێنی‌ زوو گه‌شه‌كردنی‌ بزاڤی‌ ڕۆشنبیری‌ له‌ سلێمانیدا ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ مێژووی‌ زیاتر له‌سه‌د ساڵی‌ ئه‌م شاره‌ له‌ قه‌ڵاچوالاندا‌و پێشتریش له‌ ماوه‌ت‌و ناوچه‌ی‌ پشده‌ر‌و ئه‌و سیاسه‌ته‌ ڕۆشنبیرییه‌ی‌ میره‌كانی‌ بابان له‌ قه‌ڵه‌مڕه‌وه‌كه‌یاندا پیاده‌یان كردوه‌.
هه‌روه‌ها سلێمانی‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای‌ بنیاتنانیه‌وه‌ وه‌ك شارو به‌ مه‌به‌ستی‌ شاربوون دروستكراوه‌و گوندێكی‌ گه‌شه‌كردوو نه‌بووه‌ كه‌ به‌ درێژایی ڕۆژگار گه‌شه‌ بكات و ببێته‌ شاره‌دێ‌ و شار، به‌ڵكو یه‌كه‌م به‌ردی‌ بناغه‌ی‌ سلێمانی‌ سه‌رای‌ شار بووه‌، سه‌را وه‌ك ناوه‌ندێكی‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتی‌ سیاسی و حوكمڕانی‌ بنایتنراوه‌، ، هه‌روه‌ها سلێمانی‌ درێژكراوه‌ی‌ مێژووی شارێكی‌ ناوه‌ندی‌ ده‌سه‌ڵات و قه‌ڵه‌مڕه‌وی‌ وه‌ك قه‌ڵاچوالانی‌ پایته‌ختی‌ میرایه‌تی‌ بابان بووه‌، میرانی‌ بابان له‌ پێش قه‌ڵاچوالانیشدا له‌ ماوه‌ت و پێشتریش له‌ ناوچه‌ی‌ مه‌رگه‌و داره‌شمانه‌ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات بوون، سلێمانی‌ بریتیبووه‌ له‌ گواستنه‌وه‌ی‌ شارێك له‌ جێگه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ جێگه‌یه‌كی‌ تر له‌به‌ر هه‌ندێ‌ هۆی‌ بابه‌تی‌، مێژووی‌ سلێمانی‌ له‌و ڕۆژه‌وه‌ ده‌ست پێناكات له‌ جێگه‌ی‌ ئێستایدا بنیاتنراوه‌و ناونراوه‌ سلێمانی‌، به‌ڵكو درێژكراوه‌ی‌ مێژووی‌ چه‌ند سه‌ده‌ی‌ پێشخۆیه‌تی‌ له‌ دارشمانه‌و ماوه‌ت و قه‌ڵاچوالاندا، كه‌ پایته‌ختی‌ بابانه‌كان بووه‌ كه‌ به‌ده‌سه‌ڵاترین میرایه‌تی‌ كوردی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بوون چ له‌ ڕووی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌ و به‌رفراوانی‌ جوگرافی‌ قه‌ڵه‌مڕه‌وه‌كه‌یانه‌وه‌.
قه‌ڵاچوالان له‌ پێش گواستنه‌وه‌یدا بۆ شوێنی‌ ئێستای‌ سلێمانی‌ بۆ ماوه‌ی‌ زیاتر له‌ یه‌ك سه‌ده‌ پایته‌ختی‌ میرایه‌تی‌ بابان بووه‌، ئه‌و شاره‌ به‌ پێوه‌ری‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ هه‌موو پێویستیه‌كانی‌ شار بوونی‌ تێدا بووه‌، بونی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌ و ملكه‌چی‌ دانیشتووه‌كانی‌ بۆ قانون و بڕیاره‌كانی‌ میر، هه‌روه‌ها له‌ ڕووی‌ پێكهاته‌ی‌ دانیشتوانیشه‌وه‌ هه‌موو پێكهاته‌كانی‌ شاری‌ له‌خۆگرتووه‌، هه‌ر له‌ چینی‌ بازرگان و پێشه‌گه‌ره‌كان و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان و مامۆستاو قوتابی‌ و بوونی‌ كتێبخانه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ بابان و خاوه‌ن موڵك و مه‌لاو چینی‌ خوێنده‌وار، هه‌روه‌ها بوونی‌ كارمه‌ندی‌ كتێبخانه‌و نوسه‌ره‌وه‌ی‌ كتێب و به‌رگتێگر و لانه‌ی‌ مناڵی‌ بێباوك و هه‌ژار و بێنه‌واو زۆر دیارده‌ی‌ تری‌ شاربوون له‌ قه‌ڵاچوالاندا بوونیان هه‌بووه‌.
پێش گواستنه‌وه‌ی‌ قه‌ڵاچوالان ئه‌و شاره‌ ناوه‌ندێكی‌ گرنگی‌ خوێندن و خوێنده‌واری‌ بووه‌، له‌ هه‌موو گۆشه‌و كه‌نارێكه‌وه‌ قوتابیان زانست ڕویان تێكردووه‌و له‌ توانای‌ زانستی‌ مامۆستا و خوێندنگه‌كانی‌ قه‌ڵاچوالان به‌هره‌مه‌ند بوون، هه‌روه‌ها میره‌كانی‌ بابان له‌سه‌ر ئاستی‌ كوردستان هه‌ر مامۆستا و مه‌لاو زانایه‌كی‌ به‌توانایان بینبێ بانگهێشتی‌ قه‌ڵاچوالانیان كردووه‌و له‌و شاره‌دا مزگه‌وت خوێندنگه‌و ژیانیان بۆ دابین كردووه‌و هاوكاریان كردووه‌، هه‌ر له‌خۆڕا نیه‌ سه‌دان زانای‌ گه‌وره‌ی‌ وه‌ك مه‌لا محه‌مه‌دی‌ غه‌زایی و مه‌لا عه‌لی‌ قزڵجه‌یی و چۆڕیه‌كان و به‌رزنجیه‌كان و مه‌ردۆخیه‌كان و ده‌یان و سه‌دانی‌ تر له‌و شاره‌دا كۆبوونه‌ته‌وه‌وه‌و ده‌رسیان وتوه‌ته‌وه‌و سه‌دان زانای‌ گه‌وره‌یان پێگه‌یاندووه‌و ئه‌وانیش دوای‌ ته‌واوكردنی‌ خوێندن و لادێ‌ و شارۆچكه‌و شاره‌كانی‌ تری‌ كوردستانیان به‌ زانست ئاوه‌دان كردووه‌ته‌وه‌.
له‌ قه‌ڵاچوالاندا پێش گواستنه‌وه‌ی‌ له‌ڕووی‌ بیناسازیه‌وه‌ له‌و شاره‌دا بینای‌ میرایه‌تی‌ و كاروباری‌ حكومه‌ت و خانووی‌ میره‌كان و پیاوه‌ گه‌وره‌كان و مه‌لاكان و كه‌سایه‌تیه‌كانی‌ تری‌ شار و كتێبخانه‌و چه‌ندین مزگه‌وت و خوێندنگه‌و ژماره‌یه‌كی‌ زۆر فه‌قێ‌ و لانه‌ی‌ بێباوكان و حه‌مام و بازاڕ و كاروانسه‌راو زۆر جێگه‌ی‌ تری‌ تێدا بووه‌.
له‌كاتی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ ئه‌و شاره‌دا داروپه‌ردووی‌ بیناو مزگه‌وت و خوێندنگه‌كانی‌ گواستراوه‌ته‌وه‌و له‌ شاری‌ نوێدا جارێكی‌ تر كراونه‌ته‌وه‌ به‌ مزگه‌وت و خوێندنگه‌ و خانوو، ئه‌مه‌یش هه‌نگاوێكی‌ باش بووه‌و بۆ كارئاسانكردن و كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ تێچووی‌ بینا نوێیه‌كان، یه‌كێك له‌ مزگه‌وتانه‌ی‌ داروپه‌ردووی‌ له‌ قه‌ڵاچوالانه‌وه‌ بۆ سلێمانی‌ گواستراوه‌ته‌وه‌ مزگه‌وتی‌ شێخ ئه‌مینی‌ خاڵ و بنه‌ماڵه‌ی‌ خاڵه‌، كه‌ هه‌ر له‌ قه‌ڵاچوالاندا خاوه‌نی‌ مزگه‌وت و خوێندنگه‌و فه‌قێ‌ بوون، ئه‌م خێزانه‌ سه‌ر به‌ خێزانی‌ چۆڕیه‌كان و مه‌لا ئه‌بوبه‌كری‌ موصه‌نیفن و زیاتر له‌ شه‌ش سه‌ده‌ له‌ كوردستاندا خزمه‌تی‌ زانست و فه‌قێ‌ و مزگه‌وت و خوێندن و خوێنده‌واریان كردووه‌.
مه‌حمود پاشای‌ بابان له‌ ساڵی‌ 1196كۆچی‌ (1783ز) سه‌رای‌ سلێمانی‌ له‌ نزیك گوندی‌ مه‌ڵكه‌ندی‌ دروستكرد، مه‌حمود پاشا و میرایه‌تیه‌كه‌ی‌ جێگه‌ی‌ گرنگی‌ پێدانی‌ والی‌ به‌غداو ده‌وڵه‌تی‌ عوسمانی‌ بوون، ته‌نانه‌ت والی‌ به‌غدا له‌كاتی‌ كێشه‌ی‌ خێڵه‌ عه‌ره‌به‌كاندا په‌نای‌ بۆ هێناوه‌و ئه‌ویش خۆی‌ سوپای‌ فریای‌ كه‌وتوون، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ مه‌حمود پاشا واز له‌ ده‌سه‌ڵات ده‌هێنێ‌، ئیبراهیم پاشای‌ بابان جڵه‌وی‌ حوكم ده‌گرێته‌ ده‌ست، ئیبراهیم پاشا له‌ كاری‌ میرایه‌تی‌ و حوكمڕانیدا زۆر زیره‌ك و دادپه‌روه‌ر لێهاتوو بووه‌، له‌لایه‌ن والی‌ به‌غداوه‌ نازناوی‌ میری‌ میرانی‌ پێدراوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئیبراهیم پاشا نیوه‌ی‌ ژیانی‌ له‌شارێكی‌ گه‌وره‌وی‌ وه‌ك به‌غداد به‌سه‌ر بردووه‌ حه‌زی‌ له‌ ژیانی‌ شارستانی‌ بووه‌، هه‌روه‌ها خولیای‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌بووه‌ كه‌ میرایه‌تی‌ بابان زیاتر فراوان بكات و وه‌ك حكومه‌تێكی‌ سه‌ربه‌خۆ مامه‌ڵه‌ بكات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ بیر له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ نه‌خشه‌ی‌ شارێكی‌ گه‌وره‌ دابڕێژێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ دوای‌ پرس و ڕاو بۆچوونی‌ زۆر بڕیار ده‌دات له‌ نزیك ئه‌و سه‌رای‌ مه‌حمود پاشای‌ مامی‌ دروستیكردبوو بنیاتی‌ شارێكی‌ نوێ‌ بنێت.
ئه‌بێت ئاماژه‌ به‌وه‌یش بكه‌ین هه‌رچه‌نده‌ میرایه‌تی‌ بابان جێگه‌ی‌ بایه‌خپێدانی‌ هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی‌ عوسمانی‌ و سه‌فه‌وی‌ بوون، عوسمانیه‌كان بۆ پاراستنی‌ ده‌وڵه‌ته‌ سونیه‌كه‌ی‌ خۆیان له‌به‌رامبه‌ر په‌لاماری‌ ده‌وڵه‌تی‌ سه‌فه‌وی‌ شیعه‌ مه‌زهه‌ب زۆر گرنگی‌ به‌ میرایه‌تیه‌ كورده‌كان ده‌دا، ته‌نانه‌ت ئه‌و میرایه‌تیانه‌ وه‌ك سه‌ربه‌خۆو نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆ مامه‌ڵه‌یان كردووه‌، ئه‌و ململانێی‌ نێوان عوسمانیه‌كان و سه‌فه‌ویه‌كاندا بووه‌ كورده‌كان توانیویانه‌ سودی‌ لێ‌ وه‌ربگرن و گه‌شه‌ به‌ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانی‌ خۆیان بده‌ن، به‌ڵام مه‌خابن به‌هۆی‌ كێشه‌و ململانێی‌ میره‌كانی‌ بابان له‌ناوخۆیاندا و په‌نا بردنیان بۆ عوسمانی‌ و سه‌فه‌ویه‌كان بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی‌ كێشه‌كانیان و ده‌ستگرتن به‌ به‌سه‌ر كورسی‌ حوكمڕانی‌، بووبووه‌ ده‌ردێكی‌ كوشنده‌ی‌ جه‌سته‌ی‌ ئه‌و میرایه‌تیه‌، ڕه‌نگه‌ ئه‌و ململانێ ناوخۆیانه‌ی‌ میرانی‌ بابان نه‌بوایه‌ بتوانرایه‌ هه‌ر ئه‌و كاته‌ حكومه‌تی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ بابان ڕابگه‌یه‌نرایه‌، یان هه‌ر نه‌بوایه‌ خزمه‌تێكی‌ زیاتریان به‌ وڵات و خوێندن و خوێنده‌واری‌ و به‌ره‌وپێشبردنی‌ وڵاتی‌ كوردان بكردایه‌.
ئیبراهیم پاشا له‌ نزیك سه‌را بنیاتی‌ هه‌ندێ‌ خانوو ده‌نێت و له‌ هه‌مان كاتدا مزگه‌وتی‌ گه‌وره‌ دروست ده‌كات، مزگه‌وتی‌ كه‌وره‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ شارو له‌شوێنێكی‌ وه‌ك كانی‌ ئاسكاندا و بوونی‌ خوێندنگه‌و كتێبخانه‌ و شوێنی‌ فه‌قێ‌ و مه‌لا زیاتر له‌ شێوه‌ی‌ زانكۆدا بووه‌ نه‌ك ته‌نها مزگه‌وتێك بۆ نوێژكردنی‌ دانیشتوانی‌ گه‌ڕه‌كێك، گه‌رماو، بازاڕ، خانی‌ دروستكرد، ئیبراهیم پاشا به‌رده‌وام له‌كاره‌كانی‌ هه‌تا له‌ ساڵی‌ 1199كۆچی‌ به‌رامبه‌ر 1784زاینی‌ پایته‌ختی‌ میرایه‌تی‌ بابانی‌ له‌ قه‌ڵاچوالانه‌وه‌ گواسته‌وه‌ شوێنی‌ نوێ‌، ئه‌گه‌ر به‌ وردی‌ سه‌رنجی‌ بڕیاری‌ دروستكردنی‌ سلێمانی‌ بده‌ین كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ مێژوونووسی‌ گه‌وره‌ (محمد ئه‌مین زه‌كی‌ به‌گ) و مامۆستا (محه‌مه‌د قزڵجه‌یی) و مامۆستا (شێخ محه‌مه‌دی‌ خاڵ) باسیان كردووه‌، ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی‌ كه‌ سلێمانی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ شارێك بووه‌و بۆ دروستكردنی‌ شارێكی‌ گه‌وره‌تر ، لێره‌وه‌ هه‌موو ئه‌و بۆچوونانه‌ ڕه‌تده‌كرێنه‌وه‌ كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ سلێمانی‌ گوندێكی‌ گه‌شه‌كردوو بێت، یان مێژووی‌ سلێمانی‌ كورت بكه‌نه‌وه‌ بۆ مێژووی‌ دروستكردنی‌ شاری‌ نوێ‌.
مامۆستا محه‌مه‌د قزڵجه‌یی به‌م شێوه‌یه‌ باس له‌ دروستكردنی‌ ده‌كات: مه‌ڵبه‌ندی‌ حوكمڕانی‌ میرایه‌تی‌ بابان پێش دروستكردنی‌ سلێمانی‌ شارۆچكه‌ی‌ قه‌ڵاچوالان بووه‌، شارۆچكه‌ی‌ قه‌ره‌داغ پێشنیاركراو بووه‌ بكرێته‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ میرایه‌تیه‌كه‌، به‌ڵام دوایی ئیبراهیم پاشا سلێمانی‌ بنیاتنا، به‌ دروستكردنی‌ باخچه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ ڕازاندیه‌وه‌و ناونرا به‌ چوارباخ له‌ ته‌نیشتی‌ كانێسكانه‌وه‌، له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ نه‌مامی‌ بۆهێنا، زۆر جۆر داری‌ تێدا ڕواند، به‌ڵام دوایی‌ ڕۆژگار بۆ ئه‌و له‌بار نه‌بوو، له‌سه‌ره‌تای‌ سه‌ده‌ی‌ سیانزه‌ی‌ كۆچیدا باره‌گای‌ حكومه‌تی‌ گواسته‌وه‌ سلێمانی‌، ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان و زانایان و پیاوماقوڵان وبازرگانه‌كان گواستیانه‌وه‌ بۆ مه‌ڵبه‌ندی‌ نوێ‌، خانووه‌كان و مزگه‌وته‌كانی‌ قه‌ڵاچوالانیان تێكچوون شوێنه‌كانیان كوێربوونه‌وه‌، سلێمانی‌ ورده‌ ورده‌ ئاوه‌دان و فراوان بوو، زۆر كاره‌ساتی‌ ناخۆشی‌ تووش بووه‌ له‌سه‌رده‌می‌ بابانه‌كان و دوا ئه‌وانیش، به‌تایبه‌تی‌ دوای‌ جه‌نگی‌ جیهانی‌ یه‌كه‌م ئه‌و برسیتی‌ و قاتوقڕیه‌ ڕووی‌ تێكرد، وێڕای‌ بۆردومانكردنی‌ به‌ فڕۆكه‌و سوتاندنی‌ و كوشتن و تاڵانكردنی‌.
له‌م نووسینه‌ی‌ مامۆستای‌ قزڵجه‌ییه‌وه‌ ئه‌و ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئیبراهیم پاشا كه‌سێكی‌ زیره‌ك و لێهاتوو ئاگاداری‌ ژیانی‌ شارستان بووه‌، بۆیه‌ باخچه‌و نه‌خشه‌ی‌ شاری‌ به‌و شێوه‌ پێشكه‌تووه‌ ناوه‌، هێنانی‌ چینه‌كانی‌ وه‌ك ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان و زانایان و پیاوماقوڵان وبازرگانه‌كان گواستیانه‌وه‌ بۆ مه‌ڵبه‌ندی‌ نوێ‌، هه‌موو ئه‌و توێژانه‌ توێژی‌ شارین و هۆیه‌كی‌ به‌هێزن بۆ پێشكه‌وتنی‌ شار له‌ڕووه‌كانی‌ و خوێنده‌واری‌ و كه‌لتوری‌ و ئابوری‌ و بازاڕو جموجوڵی‌ بازرگانیه‌وه‌.
سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ باس له‌ مێژووی‌ سلێمانی‌ ده‌كه‌ن باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ سلێمانی‌ درێژكراوه‌ی‌ چه‌ند سه‌ده‌ی‌ حوكمڕانی‌ میرانی‌ بابانه‌كانه‌، هه‌روه‌ها درستكردنی‌ سلێمانی‌ بریتیه‌ له‌ گواستنه‌وه‌ی‌ شارێكی‌ ئاوه‌دانی‌ وه‌ك قه‌ڵاچواڵانی‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ حوكمڕانی‌ ئه‌و میرایه‌تیه‌، دروستبوونی‌ ئه‌و شاره‌ به‌ بڕیار و پلانی‌ دووربینی‌ میرانی‌ بابان و بۆ مه‌به‌ستێكی‌ گه‌وره‌و داهاتویه‌كی‌ پرشنگدار دروستكراوه‌، هه‌ر ئه‌مه‌یش هه‌موو ئه‌و بۆچوونانه‌ ڕه‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ باس له‌ مێژووی‌ سلێمانی‌ ده‌كه‌ن وه‌ك گوندێكی‌ گه‌شه‌كردوو، یان مێژووی‌ سلێمانی‌ كورت ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ ته‌نها كاتی‌ دروستكردنی‌ سلێمانی‌.

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

مێژوویەک-لە-سەر-کێلەشین4

ئایا تا ئێستا مێژووی “کێلەشین”ت زانیوە؟ ئایا تا ئێستا واتای سەر بەردەکەت بە ورگێڕاوی خوێندووەتەوە؟

ئەو کێلە بەردە ناوی (کێلەشین)ە و دەکەوێتە سەر زنجیرە چیاکانی زاگرۆس لە سنووری نێوان شاری …