Home / بەشی مێژووی كورد / سیابەند و خەجێ کەی ژیاون؟

سیابەند و خەجێ کەی ژیاون؟

بەکر شوانی

 Kürtlerin-aşk-hikayeleri

سیابەند لە شاری سیلڤان لە دایک بووە. باوکی خۆی نەبینیوە، چونکە پێش لە دایکبوونی ئەم، ئەو مردووە. لە سۆزی دایکیش بێبەش بووە، چونکە ئەم تەمەنی دوو ساڵ بووە کاتێك دایکی مردووە. دوای ئەوە، ئەرکی پەروەردەکردنی دەکەوێتە ئەستۆی محەمەدی مامی کە موختاری گوند بووە. سیابەند دوای ئەوەی هەندێک گەورە دەبێت، بە منداڵانی گوند دەڵێت: “مامم موختاری گوندە و منیش موختاری ئێوەم. لەمڕۆ بەدواوە هەرجارێك بچینە دەشتودەر، نابێت کەستان بە دەستی خاڵی بێت. چیتان دەست کەوت لە هێلکە و مریشک بیهێنن بۆ خۆمان لەو دەشت و دەرە دەیبرژێنین.” منداڵانیش لەبەرئەوەی لێی دەترسن، هێلکە و مریشك لە گونددا ناهێڵن و هەمووی دەدزن. خەڵکی گوند لای موختار گازندە لە سیابەند دەکەن و ئەویش لە برازای خۆی دەدات. سیابەند سەرهەڵدەگرێت و دوای ماوەیەک ڕێی دەکەوێتە زۆزان/کوێستانی عەمەر ئاغا لە چیای سیپانێ خەڵات. ڕۆژێک بەسەر ئەسپەوەیە و ڕەشماڵێک دەبینێت کە خەجێی لەژێردا دانیشتووە و هەر لەوێدا شەیدای دەبێت. خەجێ حەوت برای هەیە و هەموویان ڕازی دەبن بیدەن بە سیابەند. دوای ماوەیەک خەجێ لەسەر کانی دوازدە بزنی کێوی دەبینێت، یەکێکیان مێ و ئەوانی نێرین. یەکێك لە نێرییەکان دوازدە شاخی هەیە و لە دە نێرییەکەی تر دەدات. خەجێ لە خەیاڵی خۆیدا ئەوە بە سیابەند دەشووبهێنێت. سیابەند دەگات و خەجێ چیرۆکەکەی بۆ دەگێڕێتەوە. سیابەندیش دەڵێت کەس لە خۆی بەهێزتر نییە، تاو دەدات ئەو نێرییە بکوژێت و گۆشتەکەی بۆ خەجێ ببرژێنێت. بەڵام نێرییەکە سیابەند دەبەزێنێت، بە قۆچێک لە زنارێکەوە بەری دەداتە خوارەوە. سیابەند دەکەوێتە سەر دارێکی دڕکاوی و دەمرێت. بەدوای ئەودا خەجێش خۆی لە زنار هەڵدەداتە خوارەوە و دەمرێت.

تا ئێستا زۆر جاران ئەم داستانە نووسراوەتەوە و بڵاو کراوەتەوە. لە هەندێکیاندا سیابەند بە سیامەند، یان سیاهبەند و خەجێش بە خەجێزەرێ، خامسی و خاسار ناودەبرێت. سیابەند کوڕی ئەحمەد بووە، بۆیە هەندێك جار بە سیابەندێ ئەحمەد ناودەبرێت. پرۆفیسۆر حەجیێ جوندی و پرۆفیسۆر جەلیلێ جەلیل لە گێڕانەوەی داستانی خەجێ و سیابەنددا هاوشێوەی دەنگبێژانی کورد ناوی ئەو دوو ئەڤیندارە دەبەن. دواتر زەینلئابدین زنار و ئەحمەد ئاراس هەریەکەیان لە ساڵی ١٩٩٣دا داستانەکەیان چاپ کردووە. ڕۆنی وار-یش ساڵی ٢٠١١ کتێبێکی بە ناونیشانی سیابەند و خەجێ بە چاپ گەیاندووە. چەندین حەیران و لاوکیش لەبارەی خەجێ و سیابەندەوە هەیە و هەریەکەیان لە چەند بەیتێك پێکدێت. داستانی سیابەند و خەجێ بە زمانەکانی ئەرمەنی و تورکیش چاپ کراون. قەشە باگرات کالاتیانز یەکەمجار ساڵی ١٨٨٤ داستانی سیابەند و خەجێی لە ستۆکهۆڵم چاپ کردووە.

شاعیری ئەرمەنی هۆڤهانێس شیراز-یش داستانی سیابەند و خەجێی بە شیعر نووسیوەتەوە و ساڵی ١٩٦٠ بە چاپی گەیاندووە. شیراز داستانەکە بە ئەرمەنی دادەنێت، لای ئەو سیابەند (سیامانتۆ) ئەرمەنییە و خەجێ کوردە. حوسێن ئەردەم ساڵی ١٩٨٠ سیابەند و خەجێی بە تورکی لە ئەوروپا چاپ کردووە. هەمان کتێب ساڵی ١٩٩٠ لە تورکیا چاپ کراوە. هەر لە تورکیا لەبەر ڕۆشنایی ئەو کتێبەدا فیلمی سیابەند و خەجێ دەرهێنرا و لە سینەماکان نمایش کرا.

لە هەموو ڤێرژنەکانی داستانی سیابەند و خەجێدا بەڵگەی ئەوتۆ دەست ناکەون سەبارەت بەوەی ئەم داستانە چۆن و کەی و لەکوێ ڕووی داوە. لە هەندێك جێگەدا دەگوترێت عەمر ئاغا سەرۆکی هۆزی شکاك بووە. لە هەندێك گێڕانەوەی تردا ناوی عەمەر ئاغا و حەسەن ئاغا دەهێنرێت، بەڵام باسی هۆزەکانیان لە ئارادا نییە. لە داستانی خەلیل بەگۆیشدا، ناوی عەمەر ئاغای میلان دێت کە هاوینان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە ڕووی لە کوێستانەکانی سوبحانگۆل کردووە. مایەی سەرنجە کە کۆنسوڵی ڕووسیا لە ئەرزەرووم ئەلێکساندەر ژابا ساڵی ١٨٥٩ نموونەیەکی داستانەکەی بەناوی داستانی سیاهمەد و شەمسێ لە گۆڤاری “Journal Asiatique”ی فەرەنسیدا بڵاو کردووەتەوە. بە شێوازی ئەو داستانەدا ئاشکرا دەبێت کە لەلایەن مەلا مەحموودی بایەزیدییەوە نووسراوەتەوە. وەک دەزانرێت، ژابا داوای لە بایەزیدی کردووە نموونەی داستان و دەستنووسی کوردی بۆ کۆ بکاتەوە. زیا ئاوجی ساڵی ٢٠١٠ ئەو داستانەی گۆڤارە فەرەنسییەکەی لە تورکیا چاپ کردووەتەوە. لەم چاپەدا ناوی عەمەر ئاغا و حەسەن ئاغا نایەت. هەر لە سەرەتای داستانەکەدا هاتووە کە لە سەردەمی تەیموور پاشای میللیدا قەوماوە و نووسراوە خەمسی (خەجێ) کچی تەیموور پاشایە. بەپێی ئەم گێڕانەوەیە، سیابەند لە زۆزانەکانی چەولیک دەچێتە ناو عەشیرەتی میللی و لەوێ خەمسی کچی تەیموور پاشا دەبینێت و دڵی تێدەچێت. بەڵام تەیموور پاشا ڕازی نابێت، بۆیە ئەمانیش هەڵدێن و دەچنە چیای سیپان. پیاوەکانی تەیموور ئاغا دوایان دەکەون، بەڵام کاتێك دەگەنە سیپان، بەسەر ئەو دیمەنەدا دەکەون کە لە هەموو گێڕانەوەکانی تردا هەیە؛ واتە شەڕی سیابەند و نێری و مردنی سیابەند و دواییش خەجێ.

بەمجۆرە چەند گێڕانەوەیەکی جیاواز بۆ داستانی خەجێ و سیابەند هەیە. جارێك خەجێ کچی عەمەر ئاغا و جارێك کچی تەیموور پاشای میللییە. ئەم دووانە دوو کەسایەتیی ناسراوی مێژووی کوردن و تەیموور پاشا لە نیوەی دووەمی سەدەی هەژدەیەمدا ژیاوە و بە شەڕەکانی لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی و عەشیرەتە عەرەبەکاندا ناسراوە. ئەم زانیارییە دەمانباتەوە بۆ نیوەی دووەمی سەدەی هەژدەیەم و لەبەر نەبوونی بەڵگەی ڕوون، ناتوانرێت لەوە زیاتر سەردەمی ڕوودانی داستانی سیابەند و خەجێ بەتەواوی دەستنیشان بکرێت

About دیدار عثمان

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …