Home / بەشی مێژووی كورد / زارۆ ئاغای کورد… بەتەمەنترین پیاوی جیهان

زارۆ ئاغای کورد… بەتەمەنترین پیاوی جیهان

زارۆ ئاغای کورد… بەتەمەنترین پیاوی جیهان

بەکر شوانی

Zaro Axa

 زارۆ ئاغا، ١٧٧٧-١٩٣٤

ڕۆژی ٢٩ حوزەیرانی ساڵی ١٩٣٤ کاتێك زارۆ ئاغا مرد، گوڵ خانمی کچی کە ئەو کاتە تەمەنی ٦٥ ساڵ بوو، بەمجۆرە شینی بۆ باوکی دەکرد: “وای دایێ… وای دایێ… تێرت لە دنیا نەخوارد زارۆی خۆم!” ئەوە شیوەن بوو بۆ پیاوێك کە دوای بەسەربردنی ١٦٠ تەمەن ماڵئاوایی لە ژیان کردبوو. ئەوە زارۆ ئاغای کورد بوو کە بە هۆی تەمەنی درێژییەوە سەرنجی ڕۆژنامە گەورەکانی ئەو سەردەمەی ئەمریکا و ئەوروپای بۆ سەر خۆی ڕاکێشابوو و لە دەوڵەتی عوسمانی و کۆماری تورکیاشدا ناوبانگێکی گەورەی پەیداکردبوو. لە سایەی میدیاکانی تورکیا و ڕۆژئاواوە ئەمڕۆ ئەرشیڤێکی دەوڵەمەندی وتار و وێنەی زارۆ ئاغا لەبەردەستدایە. لە هەندێك لەو وێنانەدا کە لە ئەمریکا گیراون، زارۆ ئاغا بە ژنانی شۆخ و جوانپۆش دەور دراوە. زارۆ ئاغا لە ٣ سەدەدا ژیاوە و لەو ماوەیەدا ١٠ سوڵتانی عوسمانی، ٢٨ سەدری ئەعزەم، کۆمارێك،  دوو سەرۆك کۆمار، ٥ سەرۆك وەزیران هاتوون و چوون. هەر لەو ماوەیەدا زارۆ ئاغا ٦ شەڕی بینیوە و بەپێی هەندێك سەرچاوە ١٣ جار و بە گوێرەی هەندێکی تر، ٢٩ جار ژیانی هاوسەرێتیی پێکەوە ناوە.

زارۆ ئاغا لە ئەمریکا

Zaro Axa le Amrika

لە بتلیسەوە بۆ ئیستانبوڵ و لەوێوە بۆ جیهان

زارۆ ئاغا ساڵی ١٧٧٤ زایینی لە گوندی مەرمەندی سەر بە قەزای موتکیی پارێزگای بتلیسی باکوری کوردستان لە دایك بووە. تا تەمەنی ١٨ ساڵی لە گوندەکەی خۆیان دەمێنێتەوە و پاشان ڕوو لە ئیستانبوڵ دەکات و کاری کۆڵبەری و کرێکاری دەکات. زارۆ ئاغا کاتێك بوو بە ١٥٠ساڵ، دەرگای گەشتی ڕۆژئاوای بۆ کرایەوە. چەندین کۆمپانیا و میدیای ڕۆژئاوایی بەمەبەستی سوودوەرگرتن لەو تایبەتمەندییەی زارۆ ئاغا، چەند گەشتێکیان بۆ ساز کرد. ساڵی ١٩٢٥ سەردانی ئیتاڵیا و ساڵی ١٩٣٠ لە تەمەنی ١٥٥ ساڵیدا سەردانی بەریتانیای کرد. لەوێشەوە گەیشتە ئەمریکا و ٩ مانگ بە ویلایەتەکانی ئەو وڵاتەدا سووڕایەوە. گەشتەکەی ئەمریکای زۆر بە باق و بریق بووە و بایەخی زۆری پێدراوە. بەوجۆرە زارۆ ئاغا لە کەسێکی بێ ناوەوە کە سەدە و چارەکێکی تەمەنی بە کرێکاری و کۆڵبەری بەسەربردبوو، ناوبانگێکی گەورەی پەیدا کرد. لە کۆڕ و کۆبوونەوەی جۆراوجۆردا بەشداریی کردووە و قسەی بۆ ڕۆژنامەکان کردووە. کۆمپانیا و کەسانی ڕێکخەری گەشتەکەی زارۆ ئاغا بۆ ئەمریکا پارەیەکی زۆریان دەست کەوتووە. بۆ نموونە و بەپێی هەندێك سەرچاوە، وێنەگرتن لەگەڵ زارۆ ئاغادا بە ١٠ دۆلار و تەوقەکردن و ماچکردنی بە ١٥ دۆلار بووە و خەڵك ڕیزیان بۆ گرتووە. بەڵام ڕۆژنامەکانی ئەو سەردەمەی تورکیا دەنووسن زارۆ ئاغا دوای هەر گەشتێك بە گیرفانی خاڵی گەڕاوەتەوە و تەنانەت زۆریش ماندوو بووە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تەندروستیی تێکچووە.

Hewali Zaro Axa le Rojnameyeki Amerikida

هەواڵی زارۆ ئاغا لە ڕۆژنامەیەکی ئەمریکاییدا

زارۆ ئاغا زیاد لە ٤٠ نەخۆشی هەبووە

ڕۆژی ٢٨ حوزەیرانی ١٩٣٤ تەندروستیی زارۆ ئاغا زۆر تێکدەچێت، دەبرێتە نەخۆشخانەی شیشلی لە ئیستانبوڵ و سەعات دووی شەو دەمرێت. کەسوکاری زارۆ ئاغا ڕازی نابن توێکاری بۆ تەرمەکەی بکرێت، بەڵام سەرباری ئەوە پزیشکەکان دەیخەنە ژێر نەشتەرگەرییەوە. بەپێی ڕاپۆرتی توێکاریی تەرمەکەی کە لە مۆزەخانەی تەندروستیی ئیستانبوڵ پارێزراوە، زارۆ ئاغا ٤٩ نەخۆشی هەبووە؛ لەوانە: هەوکردنی سی و گورچیلە، ڕەقبوونی دەمار، دروستبوونی بەردی زراو، هەوکردنی پرۆستات و فراوانبوونەوەی بۆریی میز و هتد… مایەی سەرسوڕمان بوو کە زارۆ ئاغا سەرباری گشت ئەو نەخۆشییانە ١٦٠ ساڵ ژیابوو! پزیشکەکانی ئەو سەردەمەی تورکیا بەمەبەستی دڵنیابوون لە تەمەنی، پارچەیەکی بچووكی ئێسکی ئەژنۆیان بۆ ئەمریکا نارد. ئەنجامی پشکنین بەمجۆرە بوو: “ئەم ئێسکە هی مرۆڤێکی تەمەن ١٥٠-١٦٠ ساڵە!” پێش بە خاك سپاردنی، تەرمەکەی بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك لە مۆزەخانەی تەندروستیی ئیستانبوڵ نمایش کرا و ئەم چەند دێڕەی لەگەڵ دانرابوو: “مەرجەکانی تەمەنی درێژی وەك تەمەنی زارۆ ئاغا؛ کاری تەندروست، خواردنی خاوێن، هەوای پاك و زۆر و ژیانێکی باشە!”

Zaro Axa 3

زارۆ ئاغا بە پۆشاکی کوردییەوە لە ئەمریکا

زارۆ ئاغا لە کتێبدا

ئەگەرچی بابەتی زۆر لە ئینتەرنێتدا دەربارەی زارۆ ئاغا هەیە، بەڵام تەنیا کتێبێك دەربارەی ئەو هەیە کە لەلایەن نووسەر و توێژەری کورد ڕۆهات ئالاکۆمەوە بە زمانی تورکی نووسراوە و لە وەشانخانەی ئاوێستا لە ئیستانبوڵ چاپ کراوە.  ئالاکۆم لەو کتێبەدا لە میانەی زارۆ ئاغاوە سۆراخی کوردەکانی ئەو سەردەمانەی ئیستانبوڵیش دەکات. نووسەر ٥٠ وێنە و کاریکاتۆر و پۆستکارت و هەواڵی ڕۆژنامەی تایبەت بە زارۆ ئاغای داناوە. لە هەمان کتێبدا ئاماژە کراوە بۆ ناوی زارۆ ئاغا لە ئەنسکلۆپیدیای ئیستانبوڵدا (بەرگی ١٨، ساڵی ١٩٩٥). لەوێدا ساڵی ١٧٧٧ وەك مێژووی لە دایکبوونی دەستنیشان کراوە و نووسراوە: “زارۆ ئاغا (١٧٧٧ بتلیس / ١٩٣٤ ئیستانبوڵ) یەکێك بوو لە مرۆڤە هەرە بەتەمەنەکانی جیهان. لە تەمەنی لاویدا هاتووەتە ئیستانبوڵ. کاری وەك کۆڵبەری و کرێکاری کردووە. خۆی گوتوویەتی ساڵی ١٨٠٠-١٨٠٥ لە بنیاتنانی قشڵەی سەلیمییە و ساڵی ١٨٢٥-١٨٢٧ لە بنیاتنانی مزگەوتی ئۆرتاکوێیدا کاری کردووە. سەردەمانێکیش لە شارەوانیی ئیستانبوڵ وەك خزمەتکار کاری کردووە. پزیشکەکانی ئەوروپا و ئەمریکا بەمەبەستی دۆزینەی نهێنیی تەمەنی درێژی، پشکنینیان بۆ ئەنجام داوە. زارۆ ئاغا تا کۆتایی ژیان خاوەن جەستە و ئەقڵێکی ساغڵەم بوو.”

295b_200x200@2x

کتێبەکەی ڕۆژات ئالاکۆم لەسەر زارۆ ئاغا

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …