Home / مێژووی ئیسلام / ئومەوییەكان لە سەردەمی خیلافەتی ڕاشیدیندا

ئومەوییەكان لە سەردەمی خیلافەتی ڕاشیدیندا

الدولة_الأموية

ئومەوییەكان لە سەردەمی خیلافەتی ڕاشیدیندا

نووسينى: نيازنجيب محمد

ئومەوییەكان لە سەردەمی خیلافەتی ڕاشیدیندا

لە سەردەمی خیلافەتی ڕاشیدیندا بنەماڵەی ئومەوی گرنگی زۆریان پێدراوە بە تایبەتی بەرەبابی (سوفیانی)(1) , پاش ئەوەی پێغەمبەر(د.خ) كۆچی دوای كرد و بەیعەت بە ئەبوبەكری صدیق درا تاببێ‌ بە خەلیفەی موسڵمانان, ئەبوبەكریش لە بەكارخستنی ئومەوییەكاندا لەسەر هەمان ڕێبازی پێغەمبەر(د.خ) چوو, لە كارە گەورە و گرنگەكاندا پشتی پێدەبەستن, ئەوانیش دەچوون بەدەم داواكاری ئەبوبەكری صدیقەوە, بەڵام جیهادیان لا گەورەتر بوو لە كارە كارگێڕیەكان, بۆیە لەسەردەمی ئەبوبەكر و عومەریشدا لە جەنگە گەورەكان بەشدارییان كرد, ئایا لە جەنگەكانی هەڵگەڕاوەكان بێت یان لە جەنگەكانی ڕزگاركردنی شام و فارسدا بێت .(2)

كاتێك ئەبوبەكر بڕیاریدا شام فەتح بكات ئاڵایەك لە چوار ئاڵاسەرەكیەكەی دایە دەست (یەزیدی كوڕی ئەبوسوفیان)(3)(4), خەلیفە بە وردی ئامۆژگاری یەزیدی كرد تا شەرمی خوای بەلاوە بێت و بە چاكی هەڵسوكەوت بكات و ماڵ ئاوایشی لێكرد, یەزید بە باشترین شێوە ئەركی خۆی بەجێ‌ گەیاند و نمونەی موسڵمانێكی پاڵەوان و پێشڕەو بوو, بەردەوام خەریكی جیهاد و بەرزكردنەوەی ئاڵای ئیسلام وفەتح كردنی ناوچەكان بوو(5) , ئەوەبوو دوای لە شكركێشی و گرتنی شام ئەبوبەكر , یەزیدی كرد بە والی شام كە پایتەختەكەی شاری دیمەشق بوو, بەردەوام بوو لەسەر كار تا بەنەخۆشی تاعون لە ساڵی(18ك/639ز) كۆچی دوای كرد.

معاوییەی براشی خەلیفە ئەبوبەكر بۆ یارمەتی و پاڵپشتی كردنی یەزید ناردی بۆ شام, معاوییەش كەوتە فەتح كردنی كەناراوەكانی شام, ئەبوسوفیانی باوكیشیان پیربوو بوو توانای جەنگی نەمابوو , بەڵام ڕازی نەبوو لە جەنگ وجیهاد دوابكەوێت, هەستا بە هاندانی موسڵمانان بۆ جەنگ و بڵاوكردنەوەی گیانی جیهادو قوربانی دان لەناو موسڵماناندا .(6)

لە جەنگی یەرموكدا یەزیدی كوڕی ئەبوسوفیان لەباڵی چەپی سوپاكەدا بوو ئەبوسوفیان لەژێر ئاڵای كوڕەكەیدا ئەگەڕاو موسڵمانانی بۆ جەنگ هاندەدا و داوای سەركەوتنی لە خوا بۆ دەكردن, لە یەرموكدا ئەبوسوفیان ‌و یەزیدی كوڕی دەوری دیاریان هەبووە(7) , هەروەها سەركردەیەكی دی سوپای ئەبوبەكر بەرەو شام كەسایەتیەكی ئومەوی بوو, ئەویش خالیدی كوڕی سەعیدی كوڕی عاص بوو, كە خۆی و براكانی لە جەنگی موسڵماناندا دژ بە ڕۆم شەهید بوون, ئەوانیش ئیبان وعەمری كوڕی سەعید بوون .(8)

لەدوای كۆچی دوای ئەبوبەكری صدیق (13ك/634ز) بەیعەتی خیلافەت بە عومەری كوڕیخەتتاب درا, ئەمیش وەك پێغەمبەر و ئەبوبەكر لەبەكارهێنانی ئومەوییەكان ومتمانە پێ بوونیان بەردەوام بوو, هیچ كەسێكیانی لەسەر كار لانەبردو و یەزیدی كوڕی ئەبوسوفیانی كرد بە والی دیمەشق و كاری معاوییەی لە شامدا زیادكرد و جگە لە كاروباری كەناراوییەكان ویلایەتی حیمسیشی بۆ زیاد كرد.

هەروەها عومەر كەسێكی تری ئومەوی خستەكار ئەویش وەلیدی كوڕی عوقبەی كوڕی ئەبی موعید بوو, كردی بە والی ناوچەكانی تغلب وجەزیرەی عەرەب(9) , لە دوای مردن یەزیدی كوڕی ئەبوسوفیان (18ك/639ز) عومەر ویلایەتی شامی دایە دەست معاوییە وكردی بە والی شام .(10)

لە دوای شەهید بوونی خەلیفە عومەر, عوسمانی كوڕی عەففان لە ساڵی (23ك/ 644ز) بەیعەتی خیلافەتی پێدرا و لەو كاتەشدا معاوییە ئەمیری هەموو شام بوو, لە سەردەمی عوسمانیشدا هەروا مایەوە, لەكاتی خیلافەتی عوسماندا معاوییە كەشتی گەلی ئیسلامی دامەزراند وهێرشی كردەسەر دوورگەی قوبروس و لە جەنگی (زاتو سەواری ) بیزەنتیەكانی شكاند .(11)

عوسمانی كوڕی عەففان بەوە تاوانبار ئەكرێت كە زۆربەی خزم وكەسەكانی خۆی لە ئومەوییەكان داناوە لە دەسەڵاتدا و كردونی بە فەرمانڕەوا و والی بەسەر ناوچەكانەوە(12) , بەڵام خەلیفە عوسمان دەڵیت: من تەنها ئەو كەسانەم داناوە كە پێغەمبەر وخەلیفەكانی پێش من دایانناوە, بۆ نمونە معاوییە لەسەردەمی خەلیفە عومەردا والی شام بوو كاتێك خەلیفە عوسمانیش هات لە هەمان شوێندا داینایەوە ولای نەبرد .(13)

بەم شێوەیە معاوییە بۆ ماوەی بیست ساڵ بە والی شام مایەوەو بوو بە بەهێزترین والی لە دەوڵەتی خیلافەتدا, لە دوای شەهید بوونی ئیمامی عوسمان, معاوییە لە سەردەمی خیلافەتی عەلی كوڕی ئەبووتالیب دا داوای تۆڵەسەندنەوە و خوێنەكەی خەلیفە عوسمانی ئەكرد, هەروەها معاوییە ئەوەشی ڕەت كردەوە دان بە خیلافەتی ئیمامی عەلی دا بنێت وەك خەلیفەی موسڵمانان, بەم شێوەیەش سەرەتاكانی كێشە لەنێوان موسڵماناندا دەست پێدەكات و لەشەڕی (الصفین) گەیشتە ترۆپك.

لە دوای شەهید كردنی خەلیفە (عەلی كوڕی ئەبوتالیب) ودانانی (حسەینی كوڕی عەلی) لەلایەن دۆست ولایەنگرانیەوە وەك خەلیفە و مانەوەی بۆ چەند مانگێك, معاوییە بە زیرەكی وسیاسەتی خۆی توانی والە حسەینی كوڕی عەلی بكات دەست بەرداری خیلافەت ببێت بۆ معاوییە, بەرامبەر بە كۆمەڵێك دەست كەوت وپەیمان, لێرەدا (معاوییە) بوو بەخەلیفەی موسڵمانان بەبێ‌ ئەوەی هیچ ڕكابەرێكی هەبێت, ئەو ساڵە بەساڵی (عام الجماعە)(14) ناسرا .(15)

بەم شێوەیە لەسەردەستی معاوییە كۆتای بەخیلافەتی ڕاشیدین هات وسەرەتای پێگە و دەسەڵاتی دەوڵەتی خیلافەتی ئومەوی دەستی پێكرد, كە معاوییە بەدامەزرێنەری دەوڵەتەكە دادەنرێت و چواردە خەلیفە حوكمڕانیان كردووە.

……………………………………………………………………………………………..

1- شوان عوسمان مستەفا: س.پ, لا187.

2- عبدالشافی محمد اللطیف: م.س, ص24.
3- یەزیدی كوڕی ئەبوسوفیان : لەباشترین كوڕەكانی( ئەبوسوفیان )بوو,لەڕۆژی فەتحی مەككەدا موسڵمان بوونی خۆی ڕاگەیاندووە وبەشداری لە شەڕی حونین دا كردووە وبەشێك لە دەستكەوتەكانی جەنگیش پێدراوە (شوان عوسمان مستەفا : س.پ, لا187).
4- عوسمان محمد خمیس: دەمێك لەمێژووی ئیسلام , و/علی محمد علی خان, نوسینگەی تەفسیر, هەولێر, 2009, لا86.لەجەنگی یە
5- د.علی محمد الصلابی: ئەبوبەكری صدیق, و/عومەر تۆفیق الخطاط, الدارالمعرفة, (بیروت:2007), لا488.
6- حبیب محمد سعید: ئەبوبەكری صدیق, چ6, سلێمانی, 2007, لا262-265.
7- محمد بن جریر الطبری : س.پ, ب4, لا1488-1489.
8- د. علی محمد الصلابی: معاویة بن أبی سفیان, ص44.
9- عبدالشافی محمد عبداللطیف: م.س, ص26- 27.
10- حبیب محمد سعید: موعاویەی كوڕی  ئەبوسوفیان, چ3, كتێبخانەی سۆز,  سلێمانی , 1999, لا38.
11- ئیبن ئەسیر: س.پ, ب4, لا1255, 1511.
12- ئەبولئەعلای مەودودی: خیلافەت وپاشایەتی, و/شوان هورامی, چاپخانەی سیما, سلێمانی, 2009,لا111.
13- عبدالشافی محمد عبداللطیف: م.س, ص40.
14- عام الجماعة : ساڵی (41ك/661ز) بوو كە(حسەینی كوڕی عەلی )و(معاوییەی كوڕی ئەبوسوفیان) پێكهاتن وڕێك كەوتن, معاوییە چوویە شاری كوفەو كوڕانی(عەلی كوڕی ئەبوتالیب) بەیعەتیان پێدا, وپاشان لایەنگرو شیعەكانیش بەیعەتیان پێداو موسڵمانان لەسەر یەك خەلیفە ڕێك كەوتن كەئەویش معاوییە بوو, بۆیە ئەوساڵە ناونرا (عام الجماعة-ساڵی كۆمەڵ). (شوان عوسمان مستەفا: س.پ, لا185).
15- شوان عوسمان مستەفا: س.پ , لا188-189.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …