Home / مێژووى ئاینەکان / ئاینى ئیسلام / ئیخوان موسلمین کێن و بۆچی دروست بوون؟

ئیخوان موسلمین کێن و بۆچی دروست بوون؟

الإخوان-المسلمين

ئیخوان موسلمین کێن و بۆچی دروست بوون؟

د.یسری غەرباوی پسپۆڕ لەسەنتەری ئەهرام بۆ لێکۆلینەوەی سیاسی و ستراتیژی لەلێکۆڵینەوەیەکدا پەردە لەسەر مێژووی سیاسی و کاری رێکخراوەیی کۆمەڵەی ئیخوان موسلمینی مسیر هەڵدەماڵێت و چەندین نهێنی نەزانراو گرنگ لەبارەی ویستگە گرنگەکانی ئەو کۆمەڵەیەوە دەخاتەروو.
لەسەرەتای دروستبوونی کۆمەڵەی ئیخوان موسلمین لەمیسر، ئەم کۆمەڵەیە جێگەی مشتومڕی فراوان بووە، نەک تەنیا لەمیسر بەڵکو لەسەر ئاستی جیهان بەگشتی، کە لەرووی ئامانج و هەیلکەلی رێکخستنەوە هەمیشە ئاڵۆزو ناڕۆشن بووەو جگە لەچەند کەسێک لەناویدا نەبێت، کەسی تر ئاگایان لەوردەکارییەکانی ئەم کۆمەڵەیە نەبووە، ئیخوان موسلمین هەر لەسەرەتای دروستبوونیەوە هەتا گەیشتنە دەسەڵات ئەملاولای زۆی کردووەو دەرئەنجامی ئەوەش بۆتەهۆی دروستکردنی چەندین هاوپەیمانی کە ماوەیەک لەگەڵ ئینگیلیز و ماوەیەک لەگەڵ مەلیلک و ماوەیەکیش لەگەڵ سادات و جارێکی دیکە لەگەڵ رژێمی موبارەک و پاشان پێکدادان لەگەڵیدا، هەتا گەیشتنی بەدەسەڵات هەر بە مەنتقی (پێکدادان و سەفەقات) مامەڵەی کردو ئەمەش نەک هەر مایەی شکست بوو بۆ کۆمەڵەکە بەڵکو دەوڵەتی نیشتمانی میسریش کە بۆ یەکەمجار لەمێژوودا لەسەر بنەما دینی و مەزهەبیەکانی ئەرکانە جێگیرەکانی دەوڵەتی میسری رووبەرووی هەرەشە کردەوەو دینی ئیستغلال کرد بۆ دەرکەوتنی وەک ئۆپۆزسیۆن و راکێشانی رای گشتی لە پشتیەوە، هەروەک کۆمەڵەکە لەپێش و دوای ئۆپۆزسیۆنیشیەوە هاوپەیمانی لەگەڵ دیارترین گروپە توندڕەوەکاندا گرێداو تیرۆری لە تەواوی دەوڵەتی میسردا بڵاوکردەوە کە لەبەردەم دەوڵەت و لەژێر فشاری جەماوەریدا هیچ چارەسەرێک نەمایەوە جگە لە دانانی کۆمەڵەکە لەناو لیستی گروپە تیرۆریستەکاندا.

یەکەم: دروست بوون و سەرهەڵدان
کۆمەڵەی ئیخوان موسلمین بە قۆناغی جۆراوجۆردا گوزەری کردووە، قۆناغی یەکەمی لە شاری ئیسماعیلیەوەو لەمیانی کارکردنی حەسەن بەنا لەو ناوچەیەوە دەستی پێکردو ئەم قۆناغەش لەساڵی 1928ەوە تا 1932 بەردەوام بوو، کە لەرێگەیەوە کۆمەڵەکە لەچوارچێوەی فکری حەسەن بەنادا دەخولایەو لەم قۆناغەشدا یەکەم یاسای رێکخستنی ئیداری و رێکخراوەی کۆمەڵەی ئیخوان موسلمین گەڵاڵەکراو لەساڵی 1934دا یەکەم یاسای رێکخستنی کۆمەڵەکە دەرچوو، لەبارەی ئەو سەرچاوانەی کە بەنا بۆ بونیادنانی هەیکەلی رێکخراوەیی کۆمەڵەکە پشتی پێ بەستبوو رای جیاواز هەیە، هەندێکیان پێیان وایە کە بەنا لە تەریقەتی شازلیەوە وەری گرتووەو هەندێکی دیکە پێیانوایە کە بەنا دیراسەیەکی وردی ئەو بزوتنەوە نهێنیانەی کردبوو کە لەسەردەمی بنی ئومیەدا سەریهەڵدابوو، بۆچوونی سێیەم پێی وایە کە بەنا سودی لەبزوتنەوەکانی خۆرئاوا وەرگرتوە، بەم پێیە رووندەبێتەوە کە دامەزرێنەران زانیاری لەسەر هەموو ئەو رێکخراوانە هەبووە چ ئیسلامی بوبێت یان خۆرئاوایی و بەشێویەکی ورد دیراسەیان کردووەو ئەوەیان لێوەرگرتووە کە گونجاو بووە بۆکاری دەعوە.

1-هەیکەلی رێکخراوەیی و پلە بەندی لەناو کۆمەڵەکەدا
مادەی نۆ لە یاسای سیستمی بنەڕەتی ئیخوان موسلمین، دەستەکانی (الهیئات) کۆمەڵەکەی بۆ سێ دەستە دیاری کردووە ئەوانیش: ( رابەری گشتی المرشد العام، نوسینگەی ئیرشاد مکتب الارشاد، دەستەی تائسیسی الهئیە التاسیسیە).
أ‌-رابەری گشتی (المرشد العام)
بریتیە لەسەرۆکی باڵای دەستەکەو سەرۆکی مەکتەبی ئیرشادو دەستەی دامەزرێنەرە، هەر هەمان یاسا (یاسای سیستمی بنەڕەتی ئیخوان) ئەو مەرجانەی دیاریکردووە کە دەبێ لە رابەردا هەبێت بۆ هەڵبژاردنی کە برتییە لەوەی نابێ تەمەنی لە سی ساڵی هیلالی کەمتر بێت، دەبێ سیفەتی زانستی و رەوشتی و عەمەلی تێدابێت، بەڵام رێگەی هەڵبژاردنی بەپێی هەمان یاسا دیاریکراوە کە لەناو ئەندامانی دەستەی تائسیسی یان ئەنجومەنی شورا بە ئامادەبوونی لانی کەمی چوار لەسەر پێنجی ئەندامەکانی ئەو دەستەیە دەبێت و دەبێ دەنگی سێ لەسەر چواری ئامادەبوان بەدەست بهێنێت، ئەگەر ژمارەی یاسای ئامادە نەبوو ئەوا هەڵبژاردنەکە دوادەخرێت بۆ کاتێکی تر بەمەرجێک لە دوو هەفتەر کەمتر نەبێت و لەمانێگیش لە بەرواری کۆبوونەوەی یەکەم زیاتر نەبێ.
ب‌- نوسنگەی ئیرشاد گشتی (مکتب الارشاد العام):
دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی شورای گشتی دەبێت و ئەرکی ئەم نوسینگەیە بریتیە لە (یەکەم: پاسەوانی سیستمی گشتی کۆمەڵەکە، دووەم: سەرپەرشتی بەرێوەبەرایەتیەکانی بەشێوەیەکی گشتی، سێیەم: جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی شورای گشتی ئیخوان و بانگێشتکردنیان بۆ کۆبوونەوەو گرتنەبەری ئەو رێوشوێنانەی کە پێویستە، چوارەم: گرێدانی ئەندامان کۆمەڵەکە بەگشتی و کارئاسانی کردن لەنێوان بەرێوەبەرێتیەکان بۆ پەیوەندیکردن بەیەکەوەو یەکلایکردنەوەی ناکۆکیەکانیان).
ج-دەستەی دامه‌زرێنه‌ر (الهیئە التاسیسیە)
بریتیە لە ئەنجومەنی شورای کۆمەڵەکەو وەکو کۆمەڵەی گشتی وایە لەرێکخستنەکانی دیکەدا، لەبەرئەوەی کۆمەڵەی گشتی ئیخوان موسلمین رێگەیەک نییە بۆ کۆبوونەوەیان چونکە ژمارەیان ملیونەها دەبێت بۆیە لەجیاتی ئەوە دەستەی تائیسیسی یان هەیە، ئەمەش بۆ نەبوونی ئیمکانیاتی دارایی دەگێرێتەوە بۆ کۆبوونەوەی هەموو ئیخوان.
د-سکرتێری گشتی
نوێنەرایەتی نوسینگەی ئیرشادی گشتی و دامەزراوە گشتیەکانی ئیخوان دەکات لە هەموو مامەڵە رەسمی و دادوەریی و ئیدارییەکاندا جگە لە هەندێک حاڵەتی تایبەت نەبێت .
ه-ئەمین سندوق
هەڵدەستێت بەرێکخستنی کاروبارە داراییەکانی دەستەکە و چاودێری هەموو چالاکییە درایی و حسابیەکان دەکات و سەرپەرشتی رێکخستنیشیان دەکات و لەماوەی گەنجاویشدا نوسینگەی لێ ئاگادار دەکاتەو.

2-ئەندامێتی لەناو کۆمەڵەکەدا
ئەو رێوشوێنانەی کە بۆ ئەندامێتی لەناو ئیخوان موسلمیندا دیاریکراوە بریتیە لەوەی کە دەبێ موسلمان بێت و مەبەستی دەعوەو شێوازەکانی بزانێت و بەڵێنی سەرکەوتن و رێزگرتنی سیستمی کۆمەڵەکە بدات و هەستێت بەو ئەرکانەی کە دەکەوێتە ئەستۆی ئەندام و جێبەجێیان بکات، ئەندامانیش بۆ سێ ئاست پۆلێن دەکرێن ئەوانیش (یاریدەدەران و لایەنگران و کاردیران و موجاهدین)، هەروەها پۆل یان شعبە بچوکترین یەکەی ئیداری ئیخوان موسلمینە لە هەیکەلی رێکخراوەیداو ئەو پۆلانەش لە ساڵی 1929ەوە رۆڵیان هەبووە لە پێکهێنانی کۆمەڵەی ئیخوان موسلمیندا.

3-رێکخراوە ئیخوانییە نیمچە سەربازییەکانی.
لەسەرەتای دروستبوونی کۆمەڵەی ئیخوان موسلمین لەئیسماعیلیە گرنگی بە لایەنی سەربازی و جیهادی داوە وەک باوەڕێک بە مەسەلەی جیهاد لە دینی ئیسلامیدا، لەو دروشمانەشی کە کۆمەڵەکە گوزارشتی لێکردووە بریتیە لە (خواد مەبەستمانەو پێغەمبەر سەکردەمانەو قورئان دەستورمانەو جیهاد رێگەمانەو مردن لەپێناوی خواد بەرزترین هیوامانە).
أ‌.الجوالە: گروپی جەوالە لە کۆنترین رێکخستنەکانی کۆمەڵەی ئیخوان موسلمینە، ئەم گروپە بەیەک قۆناغ دروست نەبوو بەڵکو قۆناغی دوای گروپی (رحلات) بوو کە هەندێک پێیانوایە ئامانجی حەسەن بەنا لە گروپی رحلات دروستکردنی تیمێکی سەربازی بووە کە فکرەی جیهاد لەئیسلامدا جێبەجێ بکات.
لایەنی سەربازی لە مەشقەکانی جەوالە بۆ چوار بەش دابەشکرابوون ئەوانیش (رێکخستنی ئیزامی و ئامادەباشی کردەوەی سەربازی بەرێک و پێکی، هەروەک بەکارهێنانی چەک و تفەنگ و هەموو ئەوانی لە مناوەراتی جەنگی بەرکادێت).
ب‌.نظام الکتائب: ئەمە لەدوای قۆناغی جەواڵە لە ساڵی 1937 سەریهەڵدا، لەرووی رێکخراوەییەوە ئەم کەتیبەیە لە 40 کەس پێکهاتبوو، لە شەوێکی دیاریکراوی هەفتەدا بۆ مەشقکردن کۆدەبوونەوە.
ج.رێکخستنی نهێنی یان دەزگای تایبەت: رای جیاواز لەسەر ئەو ماوەیە هەیە کە ئەم دەزگایەی تیدا دروست بووە، هەندێک پێیانوایە کە لەگەڵ فکرەی دەعوە بۆ سونەت لەدایک بووە، سیستمی ئەم دەزگایە لە سێ پۆلی بنەڕەتی پێکهاتووە، ئەوانیش پێکهاتەی مەدەنی و سوپا و پۆلیس، هەروەها بەم سیستمەوە چەند پسپۆڕیەکی پێوەبەسترا بوو، لەوانە دەزگای چەکدارکردن و دەزگای هەواڵ کە ئەمەیان وەک دەزگای هەواڵگری کۆمەڵەی ئیخوان موسلمین کاری دەکرد.

4-رێکخستنی نێودەوڵەتی ئیخوان:
یەکەم هەوڵی کۆمەڵەکە بۆ کردنەوەی لقی دەرەوەیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1932، لەو کاتەدا بەنا سەرکەتووبوو لە دروستکردنی پۆلێک لەناو ئیخواندا لە جیبۆتی، لە کۆنگرەی سێیەمی کۆمەڵەکە لەساڵی 1935 بڕیاردرا بە گشتاندنی فکرەی دەعوە لە دەرەوە بە هەموو شێوەیەک، لە نێوەی دووەمی چلەکانی سەدەی رابردوودا ئیخوان فراوان بوو، هەتا لە کۆنگرەی گشتی ساڵی 1945 بڕیار لەسەر دامەزراندنی لقەکانی دەرەوەی میسر درا، بۆ ئەم مەبەستە ئیخوان بەشی پەیوەندی بەجیهانی دەرەوە دامەزراندو بۆ سێ بەش دابەشی کرد، ئەوانیش:
یەکەم: لیژنەی خۆهەڵاتی نزیک: وڵاتانی عەرەبی و جیهانی ئیسلامی لە ئەفریقا دەگرتەوە.
دووەم: لیژنەی خۆرهەڵاتی دور: دەوڵەتانی ناوەڕاست و خۆرهەڵاتی ئاسیای دەگرتەوە.
سێیەم: لیژنەی ئیسلام لە ئەوروپا.
لەسەرتای دروستبوونیانەوە هەموو شانەکانی لەلای پیاوی ئاسنین مستەفا مەشهود دەستی پێدەکردو کۆتایی دەهات، هیچ شاراوەش نەبوو کە دەسەڵاتەکانی ناوبراو لەناو ئەم کۆمەڵەیەدا لە دەسەڵاتەکانی رابەر زیاتر بوو، چ عومەر تەلمسانی یان محەمەد حامد ئەبو نەسر، هەروەها سەرباری کەسایەتی مەشهود ناکرێت رۆڵی سەعید رەمەزان لەبیر بکرێت لە پێکهاتەی رێکخستنی دەروەی کۆمەڵەکەدا، کە خاوەنی هەوڵێکی سەرەکییە لەم بوارەداو پەیوەندیەکی بەهێزیشی لەگەڵ رژێمەکانی ناوچەکەدا هەبوو، دواتر چوو بۆ ئەورپاو لە سویسرا نیشتەجی بوو، دوای وەرگرتنی رەگەزنامەی سویسری گۆڤاری موسلمینی دەرکردو ناوەندی ئیسلامیشی لە جنیف دامەزراند کە لە بلاوکردنەوەی بیروبۆچوونی ئیخواندا سەرکەتوو بوو، هەتا گەیشە ئەمریکاو کاریگەری لەسەر ژمارەیە کەسایەتی ناسراوی ئەویش دروست کرد، وەک مالکوم ئاکس کە زۆر کاریگەر بوو بە رەمەزان و هاتە سەر بیروباوەڕی ئەهلى سوننە، ناوەندی جنیف بە یەکەم و گرنگترین بنکەی ئیخوان لە ئەورپا دادەنرێت، دوای ئەمە دامەزراوەو دەزگاکانی ئیخوان لە جیهاندا بڵاوبوونەوە وەک ناوەندی راگەیاندن لە لەندەن و ناوەندی ئیسلامی لە میونخ لە ئەلمانیا.
لە ئێستادا تاریق سەعید رەمەزان کوری سەعید رەمەزان و وەفای کچی حەسەن بەنا بە مەترسیدارترین کەس لەناو کۆمەڵەی ئیخوان موسلین دادەنرێت، هەروەها ئەیمەن عەلی و ئیبراهم زەیات، بەرپرسی ئیدارەدانی سامانی رێکخستنی نێودەوڵەتی کۆمەڵەکەن و پارە بۆ گروپە جیهادیی و ئیسلامییەکان لەسەرتاسەری جیهاندا رەوانە دەکەن، ئیبراهیم زەیات میسریەو هەڵگری رەگەزنامەی ئەڵمانیەو پۆستی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی ئیسلامی لە ئەڵمانیا دەبات بەرێوەو ئەندامی ئەنجومەنی ئەمیندارێتی دامەزراوەی ئیغاسەی ئیسلامیە کە بارەگاکەی لەلەندەنە و هەوەها ناوبراو ئەندامی مەکتەبی تەنفیزیە لە یەکێتی رێکخراوە ئیسلامییەکان لە ئەوروپا، جگە لە کەسە چالاکانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد چەند کەسایەتیەکی دیکە لە رێکخستنی نێودەوڵەتی کۆمەڵەکەدا هەن لەوانە ئەنەس تکریتی و راشد غەنوشی و عیسام حەداد و جیهاد حەدادو ئبراهیم منیر کە ئەمینداری گشتی رێکخستنی نێودەوڵەتی ئیخوان موسلمینە.

دووه‌م: ویستگە فکرییەکانی کۆمەڵەی ئیخوان موسلمین:
هێشتا لای کۆمەڵەی ئیخوان موسلمین چەندین هەڵوێستی نادیار هەیە لەتێڕوانیاندا، هەرچەندە لە کتێبەکانی حەسەن بەناو شێخەکانی کۆمەڵەکەدا باسکراون، لەسەرو هەمویانەوە هەڵوێستیان لەبارەی گەرانەوە بۆ خەلافەت، ئیخوان بە یەکەم هێزی هاوچەرخ دادەنرێت کە داوای فکرەی خەلافەت و پێویستی بڵاوکردنەوەی دەکەن، و لەسەر ئەم بنەمایەش رێکخستنی نێودەوڵەتیان دەمەزراندووە، یەکێک لە بەڵگەنامەکان ئاماژە بەوە دەکات کە ئیخوان موسلمین لە هەموو شوێنک یەک گروپەو لەنێوانیاندا دەعوە هەیەو سیستمی نبەڕەتی کۆیان دەکاتەوەو ئامانجی ئەوەیە کە ئومەیەکی جیهادی بۆ وەستان لە یەک بەرەدا دروست بکات وەک ئامادەکارییەک بۆ بونیادنانی دەوڵەتێکی ئیسلامی، ئەو بەڵگەنامەیە پیکەری رێکخراوەی روندەکاتەوە کە لەسەرویەوە رابەری گشتی و چاودێرانی گشتی لە هەموو ناوچەیەک و ئەندامانی ئەنجومەنی شورا دەخاتەروو، هەر بەپێی بەڵگەکە مەکتەبی ئیرشاد لە 13 ئەندام پێکدێت هەشتیان لە میسرو پێنجیشیان لە هەڵبژاردنیاندا رەچاوی نوێنەرایەتی هەرێمایەتی دەکرێت، هەموویان لە هەر شوێنێک پابەندن بە رێنوێنی مەکتەبی ئیرشادی گشتی لە بارەی ئامانج و سیاسەتی گشتی و هەڵویستی کۆمەڵەکە لەبارەی هەموو ئارستە جیاواز و پرسە جۆراوجۆرەکان، بەم شێوەیە کۆمەڵەی ئیخوان موسلمین لە هەموو ناوچەکانی جیهان کاریکردووە وەک هەوڵێک بونیادنانی دەوڵەتی خەلافەت.
سەبارەت بە هەڵوێستیان لەبارەی دیموکراسی و دەستورو حزبەوە، لەرێگەی وتەی شێخەکانیانەوە رووندەبێتەوە، عومەر ئەلتلمسانی تەئکد دەکاتەوە کە ئێمە لەگەڵ هەموو حزبەکات کاردەکەین لەسەر بنەمای رێزگرتنی ئازاد بۆ رای بەرامبەر، هەروەها محەمەد حامد ئەبو نەسر لە گفتوگۆیەکی گۆڤاری عالەم دەلێت دیموکراسیەکی گشتیگیرو تەوامان دەوێت بۆ هەموان. هەروەها فەرید عەبدولخالق لە کتێبی ئیخوان موسلمین لە تەرازوی حەقدا و بابی دووەم بەناویشانی فکرو چەمکی کۆمەڵەکە دەلێت: ئەگەر بەرژوەندی گشتی لەگەڵ فرەیی حزبی بێت ئەوا ئیسلامیش هەوڵی بۆ دەدات.
بەڵام لەواقعداو ئەوەی دوای شۆڕشی 25 یەناری میسر رویدا، هەمووی پێچەوانەی ئەو لێداوان و بنەما جێگیرانە بوون کە لە کۆمەڵەکە دەردەچوون، ئەو دیموکراسی و فرە حزبییەی کە کۆمەڵەکە داوای دەکرد هەموو پێچەوانە دەرچوو، هەروەک لەدوای شۆڕشەوە هەموو ئەوانە ئاشکرا بوون کە لەهەناوی کۆمەڵکەدا بوو، ئەو گۆڕانکاریانەشی لە دوای شۆڕش سەریهەڵدا بووەهۆی کردنەوەی دەرگا لەبەردەم سەرهەڵدانی چەندین هێزی ئیسلامی کە سواری شۆڕش بوون، هەرچەندە ملکەچی دەسەڵاتەی موبارەک بوون هەتا روخاندنی، هەر ئەم هێزە ئیسلامیانەی کە داوای مافی ژن و قبتیەکانیان دەکرد هەستان بەهێرشکردنە سەریان، وەک یاسای پۆشتی جل وبەرگ و ئازادییە کەسیەکان.

سێیەم: نەخشەی ئەو کردەوە توندوتیژیانەی کە کۆمەڵەکە ئەنجامی داوە:
مەسەلەی هەڵویستی ئیخوان لەبارەی توندوتیژی و ئیرهابەوە لەبناغەی سەرەکی زۆربەی ئەو توێژینەوانە بووە کە لەسەر مێژوی ئیخوان موسلمین کراوەو سەرجەمیشیان پاساوی جۆراوجۆری هێناوەتەوە بۆ ئەو شێوازە لە بەکارهیچنانی توندوتیژی لەسیاسەتدا:
1-چەند نمونەیەک لەو کارە تیرۆریستیانەی کە کۆمەڵەکە کردویانە:
لەنمونەی ئەو کارە تیرۆریستاینەی کە کۆمەڵەی ئیخوان موسلمین کردویەتی: روداوی هاویشتنی چەندین بۆمب و تەقاندنەوەیان لە چەند ناوچەیەکی قاهیرە لە ساڵی 1946، هەروەها بەئامانجگرتنی دادوەر ئەحمەد خەزنەدار بەگ بریکاری دادگای پێداچوونەوەی قاهیرو کوشتنی ئەحمەد ماهر باشا لە ساڵی 1945 و هەوڵی کوشتنی سەرۆک عەبدولناسر لە ساڵی 1945 و لە ساڵی 1982 رۆڵی ئیخوان لە دروستکردنی دیاردەی ئەفغانی عەرەب زیادکرد کە ئەمانە بوونە هەوێنی دروستبوونی رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە، دوای ساڵی 1982 رێککەوتنێک لەنێوان مەهدی عاکف بەپرسی پەیوەندییەکان بەجیهانی دەرەوەو ئەمریکیەکاندا ئەنجامدرا لەسەر ئەو بنەمایەی کە ئیخوان هاوکاری ئەمریکا بکات لە جێبەجێکردنی ئامانجەکانی لە ئەفغانستان بۆ دەکردنی سۆڤێت، لەبەرامبەردا ئەمریکا کارئاسانی بۆ کردنەوەی چەند ناوەندێکی کۆمەڵەکە بکات لە ئەورپا، بەڵام نەک راستەوخۆ لەژێر ناوی ئیخوان موسلمیندا، هەرچەندە ئیخوان بە ئاشکرا ئیدانەی ئەو کردەوانەی دەکرد کە گەڕاوەکانی ئەفغانستان ئەنجامیان دەدا، بەڵام هەموو دەزانن کە ئەو ئیدانەیە تەنیا بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو رۆڵەیان بوو کە لە دروستکردنی ئەم دیاردەیە (عەرەب ئەفغان )گێڕابوویان.

2-نەخشەی ئەو گروپە تیرۆریستانەی کە پەیوەستن بە ئیخوانەوە:
جەختکردنەوەیەکی زۆر هەیە کە کۆمەڵەی ئیخوان موسلمین بەشێوەیەکی توند بە گروپە جیهادییەکانی میسرەوەو هەندێک لەو گروپە جیهادیانە دوای دەورەدانیان لە سینا بەرەو پارێزگاکانی بڵاوەیان کردووە، کە ئەمەش لە داهاتوو مەترسیەکی گەورەیە بۆ سەر میسر، ئەو نەخشەیەش کە لەدوای لەکارخستی مورسیەوە سەریهەڵداوە بریتیە لە:
أ‌.کۆمەڵەی ئیسلامی (الجماعە الاسلامیە)/ هەموو ئەوانە تەکفیر دەکات بە شەرعی خوا کار ناکەن، ئەم گروپە لەناوچە سنوریەکانی بین رفح و شێخ زوید بڵاوەیان کردووەو لەناو ئەم کۆمەڵەیەدا رێکخراوەکانی وەک التکفیریین، والتکفیروالهجرە، تنڤیم الرایات السوداء، کە لەدوای 25 یەنایەرەوە خۆی راگەیاندووە.
ب‌.الریات السوداء/ یەکێکە لە گروپە ئیسلامیەکان لە سینا، لەناوەراستی سیناوە چالاکیەکانی دەستپێکردووەو لە عەریش خۆی راگەیاند، فکرەی ئەم گروپە تکفیرکردنی هەموو حاکمێکە کە بە شەرعی خوا کار ناکات، لە نەوەدەکاندا ئەم گروپە زۆر چالاک بووەو لەیەک چونێکی زۆریشی هەیە لەگەڵ گروپە تەکفیریەکانی دیکە.
ج.گروپی تەوحیدو جیهاد (الجماعە التوحید و الجهاد)/ لەساڵی 2002 لەسەر دەستی پزیشکێک بەناوی خاد مساعد دامەزرێنرا کە دواتر ناوبراو کوژرا، باوەڕی بە فکرەی تکفیری جیهادی هەیە کە لەسەر بنەمای فراوانخوازی پرۆسەی تەکفیرییە، ئەو ئەندامانی رێکخراوە لەنێوان ساڵانی 2004- 2006 کاروکردەوەی تیرۆریستی زۆری ئەنجامداوەو لەناویدا چەندین ناوچەی گەشتیاری لەباشوری سینا کردۆتە ئامانج، لەدیارترین سەرکردەکانی ئەم رێکخراوە لە ئێستادا بریتیە لە حمادە ئەبو شتیە، کە پێشتر دەستگیرکراوە دواتر ئازادکراوە، هەروەها ئەبو منزر ئەلشنقیتی کە دواتر ناوبراو فتوای تەکفیری لەدژی موسی و حوکمی ئیخوان دەرکرد.
د.سەلەفی جیهادی (السلفیە الجهادیە)/ کۆمەلێکی جیهادین و لە سەر بنەمای تەکفیکردن کاردەکات و پەیوەندیەکی بەهێزی لەگەڵ رێکخستنی دایک هەیە لە غەزە، بەسەرۆکایەتی ئەبو وەلید ئەلمقدیسی (هشام السعدنی) کە بەمدواییە بەهۆی هێرشی هێزەکانی ئیسرائیل کوژرا، ئەم گروپە لەکاتی کوژرانی 7 لە ئەندامانی لەرووبەروونەیەکی چەکداریدا بەرەسمی خۆیان راگەیاند.
ه.ئەنجومەنی شورای موجاهدین (اکناف بیت المقدس) پێشتر بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقاندنی دوو ساروخی گراد بۆ شاری ئیلاتی ئیسرائیلى راگەیاندو خاوەنی چەکی قورسەو بەمدوایەش بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقاندنەوەی بۆری غاری نزیک شاری عەریش راگەیاند.
و.انصار بیت المقدس/ وەرچەرخاندێکی مەترسیدار بوو لە شێوازی چالاکی گروپە تیسرویستەکان کە میسر بەدرێژایی مێژوو بەخۆیەوە بینیوە، ئەویش گواستنەوەی کاروکردەوە تیرویستیەکان بوو لە دەوروبەری سینا بۆ ناو میسرو هەتا قاهیرەی پایتەخت، بەشێوەیەک تەقینەوەی خوکوژی و ئۆتۆمبییلی بۆمبرێژکراو بەکارهێنرا کە لە سەختترین قۆناغەکانی پێشووی میسردا نەبینرابوون، گروپی ئەنێار بیت مەقدس جێگەی مشتومڕی فراوانە لە هەموو لایەکەوە بەتایبەتی دوای دەرکەوتنی چالاکییەکانیان لەگەڵ لەکارخستنی سەرۆکی پێشووی میسر محەمەد مورسی و گروپی ئیخوان موسلمین، هەر ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە تۆمەتبار بکرێن کە پەیوەندی لەنێوان ئەم دوو گروپەدا هەبووە، بەڵکۆ هەندێک زیاتر دۆڕن و ئاماژە بەوە دەکەن کە گروپی ئەنێار بیت مەقدس هیچ شتێک نییە بێجگە لە میلشیای خەیرەت شاتری سەرکردەی ئیخوان.
سەرباری ئەوە چەندین گروپی دیکە هەن کە بەشێوەی رێکخراو خۆیان رانەگەیاندووە کە بەشێوەی نهێنی کاروکردەوەی تێکدەرو تیرۆریستانە لە لە ناو سیناو لەدەرەوەی سینا جێبەجێ دەکەن و بەشێوەی رێکخراو کۆدەبنەوەو بەم دوایانەش هێزەکانی پۆلیسی لە قاهیرەو پارێزگای دەلتا کردۆتە ئامانج.

 

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …