Home / مێژووى ئاینەکان / ئاینى ئیسلام / مێژووی بزوتنەوەی بابی

مێژووی بزوتنەوەی بابی

مێژووی بزوتنەوەی بابی

 

سەرهەڵدانی بابیەکان:
بابیەکان، یان (بابیە) و (بابی)، لە بنەرەتدا ئاینێکە کە گرۆیەک لە خەڵکان بروایان پێ هەبوو، لە دەوروبەری ساڵی (۱۸٤۳ز-۱۲٦۱ک) یان (۱۸٤٤ز-۱۲٦۰) لە وڵاتی ئێران. نووسەر رەشید خەیوون لە کتێبی (الادیان والمذاهب بالعراق) لە بابی و بەهایی دواوە کە بەشێکن لە گرۆیانی شیعە و لێیان جیابونەتەوە، لە هەمبەر سەرهەڵدانیان دەڵێ(لە سەردەمی مەرجەعیەتی ئال کاشفی غیطاء، بزوتنەوەی شەیخیە یان کەشفیە پەیدابوون ئەمەش هەنگاوی یەکەم بوو بۆ سەرهەڵدان و پەیدابوونی بزوتنەوەی بابیان و پاشان بەهائیە، ئەوەش زانراوە کە بزوتنەوەی شەیخیە پەیوەند بوو بە شێخ ئەحمەدی کوری زەینی ئیحسانی، کۆچکردووی ۱۸۲٦، کە لە دورگەی عەرەب لە دایک بووە، کاتی چوونی بۆ حەج لە رێگا کۆچی دوایی کرد لە نزیک شاری مەدینهی پیرۆز و لە بەقیع نێژرا، دەڵێن بەهۆی فشارەوە عێراقی جێهێشتووە. بەڵاوم رێوشوێنی شەیخیە و مشتووماڵە سۆفیگەرییەکەی دەگەرێتەوە بۆ سۆفیزمی شیعەیانی زۆر لە مێژین: شەیخیە کە شەفیەش ناودەبرێ چونکە دەدرێتە پاڵ کەشف و ئیلهام(سروش) کە بانگێشت بۆ ئەوە دەکات موریدانیشی ئەو بانگهێشتەی خەڵکان دەکەن و ئەم رێبازەش لەو ناوچەیە پەیدابوو، پایەکانیشی قوڵبوونەوەیە و رۆچوونە لە روکەشکاریەکانی شەریعەت و وتنی دەرکەوتن واتە کەشفکردنە هەروەک برێک لە شێخانی سۆفی ئەو ئیدیعایە دەکەن، وەک لە (دائرة المعارف الشیعية) دا هاتووە کە شەیخیان بوونەتە سێ بەش: (روکنیە) کە پەیرەوانی (کەریم خانی قاجاری) بوون و (کەشەفیە)یش پەیرەوانی (میرزا محەمەدی باقری ئەسکونی ۱۸۸۳) بوون، ئەمانە ‌وتوویانە یەکگرتن لە نێوان مەرجەعی دینی و ئیمام لەرێگەی کەشفەوە دەبێت، سێیەمیان پەیرەوانی (ملا حوسێن بەشرویی) بوون بەدوای بەڵێن پێدراو-پەیماندار (الموعدا) دەگەران، سەرچاوەکانی بابی و ئەوانی تر ئەوە دەسەلمێنن کەوا بەشرویی ناسراو دەرکی دەروازە (باب الباب). هاورێی (مژدەپێدراو-الموعود) بووە. عەلی محەمەد شیرازی کاتێ قوتابی بوو لای سەید کازمی رەشتی لە کەربەلا، تا بەم جۆرە بزوتنەوەیەک چەکەرەی کرد لە شەیخیە ئەویش بابیە و پاشان بەهائی بوو، ئەم بزوتنەوە ئایینیە سەری هەڵداو بەرپا بوو بەهۆی کابرایەکی خەڵکی شاری شیراز کە بە سەید یان میرزا عەلی محەمەدی (باب)ی کوری میرزا رەزا دەناسرا. ئەو پیاوە لە دایک بووی ساڵی (۱۸۱۹ز-۱۲۳٥ک) شیراز بوو، دەڵێن یەکێک بووە لە قوتابیەکانی شێخ ئەحمەدی ئەحسانی، ناوی دایکی خەدیجە بووە، ئەو منداڵ بووە باوکی کۆچی دوایی دەکات خاڵی دەیگرێتە خۆێ کە ناوی (سەید عەلی بازرگان) بووە. خاڵی دەینێرێتە بەر خوێندن و فێری چۆنیەتی زمانی فارسی و عەرەبی بووە، لەگەڵ خۆش نووسیدا لەو بوارە ناوبانگی دەرکردبوو، دەڵێن لە ماوەی چوار سەعاتدا هەزار دێری بە فارسی و عەرەبی دەنووسی. لە خورەوشتدا گەلێ سادە و ساکار بووە، لە منداڵیەوە بە رەوشت بەرز و لاوچاک ناسرابوو، زۆر قسەخۆش و سەرنج راکێش بووە لەگەڵ ئەو نەوجەوانیەی کە سیما و روخسارێکی ئێجگار دڵگیری هەبووە و زیاتر رەونەقی پەیدابوو، پاشان لەلای سەید کازمی رەشتی دەست بەکاربووە لە خوێندن و ئەم سەید کازمیەش دەرچووی ژێر دەستی شێخ ئەحمەدی ئەحساییە. دوای ئەوەی سەید عەلی محەمەدی (باب) پێگەیشت لە تەمەنی ۲۲ ساڵیدا ژنی هێناو کە گەیشتە تەمەنی ۲٥ ساڵان توانی خەڵکی بە نهێنی بانگێشت بکاتە سەر بیروباوەرەکانی و خەڵکان لەخۆ نزیک بکاتەوە پاش دڵنیابوون لێیان بانگی بە گوێیاندا دەدا کە خودا مەقامی-پایەی (باب-دەروازە)ی پێبەخشیوە. بۆ یەکەمجاریش ئەم نهێنیەی خۆی لای (ملا حوسێن بەشرەوی) ناوێک درکاند کە زانایەکی ئایینی گەورەی (بوشەهر)ی بوو، جگە لەوەی پیاو ماقوڵی تایەفەیەک بوو بەناوی (الشيخيه- شەیخیان) کە گرۆیەک بوون لە شیعە و بیروباوەرە باتنیەکانی ئێران و سەرگەورەشیان شێخ ئەحسائیە. لە راستیدا مەلا حوسێن ئەوی تاقی کردۆتەوە پاش گوێ بیست بوونی لە وەڵامەکانی سەید عەلی بۆی دەرکەوتووە ئەمە ئەو زاتەیە کە بەشوێنی دا وێڵن، ئەم شێخیانە باوەریان بە (باب) هێناو بە (بابی) ناوزەند کران، سەرەتا واپێدەچێ کە ۱۸ کەس لەمانە باوەریان بە باب هێنا بێ و بوون بە موریدی.
کە ئەمانە ناوەکانیانە:
۱-مەلا حوسێنی بەشرەوی(دەرگای دەروازە).
۲-مەلا محەمەد حسن.
۳-مەلا باقری بچوک.
٤-مەلا عەلی باستامی.
٥-مەلا عەلی رازی
٦-مەلا حوسێنی بوجەستانی.
۷-سەیید حوسێنی یەزدی.
۸-میرزا محمد رەوزخانی یەزدی.
۹-سەعیدی هیندی.
۱۰-مەلا ئەحمەدی ئەبداڵی مەراغی.
۱۱-مەلا محمدی خویی.
۱۲-مەلا جەلیلی رومی.
۱۳-مەلا باقری تەوریزی.
۱٤-مەلا هادی قەزوینی.
۱٥-مەلا یوسفی ئەردەبیلی.
۱٦-میرزا هادی قەزوینی.
۱۷-میرزا عەلی بارفرۆشی.
۱۸-زێرین تاج قورەتولعەین نازناو بە (الطاهرة).
پەیرەوانی بابیە بە (اهل البیان)یش دەناسران و هەر لە مانیشەوە رێبازەکانی بەهائیە و ئەزەلیە پەیدابوون.

بەتایبەتی دروستبوونی بەهائیە کاتێک بە هائوڵا لە ساڵی ۱۸٦۳ز خۆی بە کەسی مژدەپێدراو لە قەڵەم دەدات ئەوی باب ئاماژەی پێکردبوو، دەڵێ باب جاردەر و مژدەدەری من بوو، بەناوی منەوە دەدوا و هەواڵی دەرکەوتنمی رادەگەیاند.
لایەنگرانی باب بۆ بڵاوکردنەوەی بیروباوەری باب کەوتنە گەران و بڵاوبونەوە بەناو سەرتاسەری ئێران و تورکستان، لە مزگەوت و شوێنە گشتیەکاندا دەستیان دایە وەعزدان و پیاهەڵدان بە شان و باڵی باب و بیروباوەری، بەم هۆیەوە باب ئاوازەکی خۆشی بەدەست هانی و لە هەموو شارانی ئێران باسی بیروباوەری ئەو دەهاتە گۆرێ. لەبەر ئەمە زانایانی شیعەی ئێران دەستیان کردە نارەزایی دەربرین بەرامبەر بەم بیروباوەرەی باب و بە توندی بەرەنگاری بونەوە، گاڵ و دنەی حاکمانی فارسیان لێدان و لە پاش چەندین روداوی دڵتەزێن لە کوشت و برین و زیندانی کردن و دوورخستنەوە و گاڵتەپێکردن و سوکایەتی کە توشی (باب) و یارانی بوون، توانییان لە ساڵی ۱۸٥۰ خودی باب بکوژن.

واتا و نازناوی باب:
———————
وشەی باب بەواتای دەرگا لەرووی رێزمانیەوە، بەڵام لە ئیستیلاح و زاراوەی سۆفیزمدا بەواتای (بابا،پیر،شێخ)ی تەریقەت دێت کە (مورید) لەرێگە و دەرگای ئەوەوە بە کامو مورادی دەگات: لەبەر ئەوەشە لەلایەن گروپەکانی وەک (دروزی-دروستی) و (ئیسماعیلیه) و (نوسەیری) و ئایین زاکانی ‌وڵاتی کوردستانی ئێمەیش(۱) گرنگیەکی تەواوی پێدەدرێ.
چەند راو بۆچونێک هەس سەبارەت بە واتای نازناوی میرزا سەید عەلی محمدی باب کە چۆن ناوی خۆی ناوە (باب) و چ واتایەک دەگەیەنێت و چۆن لێکدراوەتەوە، ‌هەیانە دەڵێ کاتێ باب دەستی کردە خوتبە و وتار خوێندن لە مزگەوتەکاندا و رەخنەگرتن لە پیاوانی ئایینی توانی ناوی (باب) بەسەر خۆیدا دابرێ و ئاماژەیش بەوە بکات کە خۆێ تاکە دەرگایە و خەڵکان لێی دێنە ژورێ و داوای لێ دەکرێ کە ئەو بیانگەیەنێتە خودای گەورە. بۆیە پەیرەوانی ناوی (حضرة العلی)یان لێناوە جگە لە ناوی (نقطة) بە واتای جێگای دەرکەوتنی رۆحی هەق و روح اللە و مظهر الله.
سەرچاوەی تر دەڵێ: باب زۆر جار ئەم فەرمودەیەی دەدا بە گوێی خەڵکاندا ‌(انا مدینة علم وعلي بابها) من شاری زانستم و ئیمامی عەلیش دەرگایەتی.
زۆر جاریش بە ئەدەب و رێزەوە باسی لە پێغەمبەر (ص) و ئیمامان دەکرد، قسەکانی لەم بارەیەوە دڵگربوون. نازناوی (النقطة) یاخود خالقی خەلقی لە خۆ نابوو لە کاتێکدا بە خەڵکانی دەگوت گەیشتن بە خودا یەکسەر نابێ بەبێ یارمەتیدەر بۆیە هەستا خۆی بەو هۆکارەوە ناساند (باب) و ئەو کەسانەش دوای کەوتن ناو نران بابیەکان.
دیسان باب پێشتر بە خەڵکی راگەیاندووە کە ئەو زاتی مەهدییە کە پێغەمبەر (ص) بەهاتنی خەبەری داوە، ئێرانیان ئەمەیان بە دڵ نەبووە چونکە وایان لێکداوەتەوە ئەوەی کە دەبێ زهور بێ ئیمامی مەهدی ئاخر زەمانە، کە دوازدەمین ئیمامێکە کە هەزار ساڵ لەمەوبەر بە شێوەیەکی نهێنیانە لە سامەرا لەبەر چاو ونبووە. هەروا لایان وایە کە هێشتا ئەو زیندووە و لەشێوە و روخساری پێشویدا و پەیدادەبێتەوە، هەر لەبەر ئەمەش شیعەکانی ئێران ئەم داواو بانگەوازەی بابیان وەڵام داوەتەوە بە توندی دژی وەستاون.
دوای ئەوە باب بەمەوە رانەوەستاوە کە ئەو تەنیا دۆنی حەزرەتی مەهدیه، بەڵکو نازناوی (نقطة الاولی )ی داوەتە پاڵ خۆی کە ئەمەش نازناوێ بووە موسڵمانان بە مەقام و پایەی پێغەمبەریان شایستە دی بوو، هەتاوەکو ئیمامەکانیش پلەو پایەی خۆیان لە پاش پلە و مەقامی (نقطة)وە دەبینی و داوای یارمەتی و هێز و روسم و دەستووریان لەو زاتەوە دەخواست.
سەرچاوەیەکی شیعەی ئێران دەڵێ: باب پاش ئەوەی سەری بە ماڵی خودا ساوی و زیارەتی مزگەوتی گەورەی کوفەی کرد، هەستا رایگەیاند کە ئەو دەرگای دەرکەوتنی مەهدیە و پاشان لای خەڵکی درکاندی کە ئەو ئایین و رێبازێکی سازاندووە، توانی خەڵکانێکی زۆر لە وڵاتدا بەرەو لای خۆی رابکێشێ و کەمەندکێش بکات بە نواندنی چەندین وێنەی جودا و کاری لە ئەقڵ بەدەر و بەرچو، رەنگەلێکی ئاڵ و واڵای پێشاندان کە ئەو کات تەمەنی ۱۹ یان ۲٥ ساڵان بووە، بۆیە پاشتر خەڵکەکە ناویان بە جەنابی (حضرة العلی) ناو ناوە، ئەمەش لە کاتێکدا بووە کە باب ناوی (نقطة-واتا جێگەی دەرکەوتنی حەقی) لە خۆنابوو، لەبەر ئەمە دەست بەرداری نازناوە کۆنەکەی خۆی بوو، واتا نازناوی (باب)ی بەجێهێشت و بەخشی بە یەکێک لە پەیرەوەکانی خۆی کە یەکەم کەس بوو باوەری پێ کرد پاش تاقیکردنەوە ‌ئەویش (ملا حوسێنی بەشرەوی) بوو کە خەڵکی خۆراسان بوو، لە پێناو بڵاوکردنەوەی ئەم بیروباوەرەی بابیەش گەلێ کاری کرد لەگەڵ دوو زاتی تر وەک (محمد علی بارفرۆش و میرزا یەحیای دارابی) و یەکێک لەو ئافرەتانەی بە (زێرین تاج) دەناسراو کە نازناوی (قرة العین)ی وەرگرت و خاوەن زانست و حەماسەتێکی بێ وێنەی ئەم ئایین و بیروباوەرە بوو، لە جوانی و رەوانبێژی هاوتای نەبووە لەو رۆژگارەی ئەو بیروباوەرەی تێدا پەیدابووە یەکەمین ئافرەتێکیشە

خۆی بە زانست چەکدار کردبێ و لە کۆری پیاواندا وانەی وتبێتەوە بەبێ روپۆش لەو سەردەمەدا کە خەڵکان بە نەشیاویان دەزانی.

بیروباوەری بزوتنەوەی بابیە:
لە بیروباوەرەکانی بابیەکان کە پاشان بەهائیەکانی لێکەوتەوە، باوەریان بە خودایەکی تاک و تەنیایە و ئەو زاتە ئەزەلیە و بە بروای وان دەتوانێ لە لەشی مرۆڤێکی خاوێنی دیندار بەرجەستە بێت. بە گوێرەی ئەحکامەکانی کتێبی (البیان) دەچنە رێوە، بۆیە بە (اهل البیان) دەناسرێن. ئەم کۆمەڵەیە ژمارەکانی (پێنج) و (حەفت) و (نۆیان) لا پیرۆزە، قیبلەی وان (عکا)یە و نوێژی بەیانی و نیوەرۆشیان هەیە لەکاتی سەفەریشدا یەک سوجدە دەبەن و نوێژی بە کۆمەڵیان نیە.
مرۆڤی بە تەمەن و نەخۆش و ئافرەتی بێنوێژ، نوێژیان لەسەر نیە. هەروەها رۆژویان ۱۹ رۆژە کە دەکاتە مانگێک لە مانگەکانی بابی، مەی خواردنەوە و جگەرەکێشانیان لا حەرامە، زۆر بە ئەدەب و رەوشتن، گەلێک سەخی و دەست بڵاون و هاورێتی و هاوسێتیان خۆشە و لەکاری ئاژاوە دوورن. شایانی باسە بابیەکان زۆر گرنگی بە رۆڵی ئافرەت دەدەن و دان مافەکانیان دەنێن ‌و بۆشیان هەیە و ماوەشیان پێ دراوە ببنە باڵا دەست ‌لە کاروباری ئایینی تایفەکەیاندا.

نوسراوەکانی باب:
لەنوسراوەکانی (باب-سەید علی محمد) وا فام دەکرێ ‌کە ئەم زاتە زیاتر باسی ئامانجی بنەرەتی گفتەکانی سەبارەت بە مەدحو سیفەتی ئەو حەقیقەتەیە کە پێی گەیشتووە، نیشانە و مەبەستی خۆشەویستی لە وتارەکانیدا دەتکا، جگە لەوەی خۆی بە مژدەدەرێکی ئەو هەستی خۆی بە واسیتەی دەزکەوتنی کەلاماتێکی هەرە گەورە دەدایە قەڵەم، بروای بە گەرانەوەی رۆح-دۆنادۆن هەبووە. بۆیە هەندێ جار خۆی بە (مەهدی چاوەروانکراو) دەهاتە پێش چاو، لە سەرچاوەیەک کە رەنگە لەناویان ژیابێت و شارەزایان بووبێت، زۆر ستایشی ئەم زاتە دەکات دەڵێت شەو و رۆژ لە خەڵوەت و ریازە کێشاندا بووە، بە موریدانی خۆی راگەیاندووە کە چاوەروانی دەرکەوتنی ئەو بن، نوسینەکانی باب لەلایەن موریدانیەوە بە وەحی ئاسمانی سەیر کراوە،
لە دڵی یارانیدا خۆشەویست بوو.

-ئەمە وێنەی یەحیا نوریە ناسراو بە
(سوبحی ئەزەل) کە گەورەیەکی بابیەکان بووە لەنێوان ساڵانی ۱۸۳۱-۱۹۱۲ ژیاوە.

پەراوێز:
۱-نووسەر خەڵکی رۆژهەڵاتە مەبەستی پێ کوردستانی رۆژهەڵاتە.

سەرچاوە:مێژووی بزووتنەوەی
بابی و بەهائیەکان (هاشم کاکەیی)

 

About زريان احمد

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …