Home / مێژووى ئاینەکان / ئاینى ئیسلام / مێژووی وەرچەرخانی تەریقەتگەرایی و نەخشی كۆمەڵایەتیی و سیاسیی سۆفیگەریی لە كوردستان [بەشی یەکەم]

مێژووی وەرچەرخانی تەریقەتگەرایی و نەخشی كۆمەڵایەتیی و سیاسیی سۆفیگەریی لە كوردستان [بەشی یەکەم]

sufidance

مێژووی وەرچەرخانی تەریقەتگەرایی و نەخشی كۆمەڵایەتیی و سیاسیی سۆفیگەریی لە كوردستان [بەشی یەکەم]

بەرزانی مەلا تەها

دەربارەی سۆفیزم و مێژووی بڵاوبوونەوە و نەخشی تەریقەتی قادریی لە كوردستان

سۆفیگەرایی وەك رێبازێكی چاكەخوازیی‌ و رەوتێكی تازەگەریی هەر لە سەرەتای دەركەوتنیەوە وەك پەرچە كردارێك لە قۆناغە مێژووییە جیاوازەكاندا لە فۆرمی بەرهەڵستیكردنی سیاسیی ‌و وەستانەوە بەڕووی ستەمكارییدا شكڵگیربووە، هەروەها لە دژی ئەو خراپەكارییانەی، كە لەبانەوە بۆ خوارەوە شۆڕ دەبنەوە هەڵوێستی وەرگرتووە، مەبەستمان ئەو بەدكاریی‌و لە ڕێ لادانەیە، كە دەسەڵاتی سیاسیی لەرێگەی گەنبوون ‌و نابوتبوونیەوە تەواوی كۆمەڵگە دووچاری فەساد‌و بەدئاكاریی دەكات‌، رۆحی بەرژەوەندخوازیی‌و بەدبینین‌و بەدكرداریی لەلای تاك‌و كۆمەڵ زیاد دەكات. سۆفیزمی ئیسلامیی یەكێكە لە كایە سەنگینەكانی فەلسەفەی ئیسلامیی، كە لە نسێی ئیسلام‌و شارستانیەتییەكەیدا دەركەوتووە، بەپێی قۆناغە مێژووییەكان برەوی سەندووە، لە هەر یەكێك لەو قۆناغە مێژووییانەدا چەندین كەسایەتیی خاوەن هەژموونی ئایینیی‌و كۆمەڵایەتیی بەیداخی ئەو رەوتەیان هەڵگرتووەو هەریەك بەپێی سیماو سەنگی خۆی تەكانیان داوە بە تەریقەتگەرایی بەتەواوی لقوپۆپەكانیەوە.

بەهۆی ئەو توێژینەوەو تێفكرینە وردانەی لەمبارەوە پێشكەشكراون جۆرێك لە دژیەكیی‌و پرسیاری بنچینەیی دروستبووە داخوا سۆفیگەرایی زادەی ئەزموونی ئیسلامیی‌و گەشەسەندنی شارستانیەتەكەیەتی بەشێوەیەك بونیاتی بیروبۆچوون‌و ئاڕاستەو هەڵسوكەوتەكانی لە گەوهەری ئیسلامەوە هەڵگۆزراوە یاخود لەرووی ریشەییەوە لە ژێدەرە بیانییەكانەوە هەڵگۆزراوە؟ بەپێچەوانەشەوە ئاڕاستەیەكی تری قاڵبوونەوە لە سۆفیزمی ئیسلامیی بە فەلسەفەیەكی ئەقڵیی لێی دەڕوانن، كە رەگەزە بنەڕەتییەكانی لەفەلسەفەی یۆنانییەوە سەرچاوەی گرتووە.

لەبنەڕەتدا، سۆفیزم ئەزموونێكی مرۆڤانەی رۆحیی‌و، دیاردەیەكی مرۆییەو لەچوارچێوەی ئایینە جیاوازەكاندا سەر دەردەكات. سۆفیزمیش لەئیسلامدا قوتابخانەیەكی ئەویندارییە، هەوڵ بۆ هاوتەریبكردن‌و چەسپاندنی ئەقڵ‌و عیشق دەدات، ئەوین دەكاتە پێوەری بنچینەیی بۆ نزیككەوتنەوە لە خواو، توانەوە لەو ئەوینە بەرفراوانە، بنچینەكەشی راستبێژیی‌و وەفادارییە، ئامانجی سۆفیش گەیشتنە بە خۆشەویستی راستەقینەی خوا.

هەروەها گوتاری سۆفیگەرایی بارگاوییە بە تازەگەریی‌و مرۆڤدۆستیی‌و، لێوانڕێژە لەهەستی خۆشویستن‌و بیركردنەوەی قووڵ لەگەوهەری راستییەكان‌، روانگەیەكی ئاوەڵاشە بۆ تێگەیشتن لە بوون‌، روانینێكی تیژە بۆ پەیبردن بە راستییە نەدۆزراوەكان. هەروەها سۆفیزمی ئیسلامیی، هاوشێوەی سۆفیزمی هیندیی یاخود فارسیی‌ و ئەوانی تر، بەدوور لە كاریگەریە بیانییەكان گەشەی سەندووە، زاهیدو سۆفییانی بەرایی ئیسلام لەرێگەی تێكۆشانەوە بەردەوامبوون‌، پێشەنگی ئەوان پێغەمبەر (د.خ و هاوەڵانی بووە، بەو واتایەی بزووتنەوەی زوهدگەرایی بەدرێژایی هەردوو سەدەی یەكەم‌و دووەم دەرهاویشتەی ئەو ژینگەیە بووە، كە تێیدا پەرەی سەندووە، زۆرترین كارتێكردنە فیكرییەكانیشی لە قورئانەوە هەڵهێنجاوە، بۆ نمونە: (قل ان كنتم تحبون الله فاتبعونی یحببكم الله ویغفر لكم ذنوبكم والله غفور رحیم) ال عمران:31. (والذین امنوا أشد حبا لله) البقرە:165. (فسوف یأتی الله بقوم یحبهم ویحبونه) المائدە:54. (فاذكرونی أذكركم) البقرە: 152. (واذكر ربك كثیرا وسبح بالعشی والابكار)) ال عمران:41. (ونحن أقرب إلیه من حبل الورید) ق:16(1).

ئیدی سۆفیزم بەو پێیەی رۆحی ئایینی ئیسلامە لەتەواوی كایە جیاجیاكانی ژیاندا ئامادەیی‌و كاریگەریی هەبووە، بەتایبەت لە پەیوەندیی سۆفیزم‌و فەلسەفەو زانستە ئیسلامیەكانی تردا رەنگیداوەتەوە(2). لەسەدەكانی ناوەڕاستیشەوە زانایانی ئەوروپیی لەبارەی دیاردەی سۆفیزمی ئیسلامییەوە هەڵوێستی خۆیان دەربڕیوە، بۆ یەكەمجار سۆفی ‌و فەیلەسوفی كاتالانی (رامۆن لول Ramon Lull) گرنگی بە ئەدەبی سۆفیگەریی عەرەبیی داوە، یەكەمین چیرۆكیش، كە ئەورپییەكان پێی ئاشنابوون كەسایەتیی (رابیعەی عەدەویی)ە لەئاخروئۆخری سەدەی سیازدەدا. هەروەها هەندێك لە گەڕیدەكانیش، ئەوانەی لەهەردوو سەدەی شازدەو حەڤدەدا گەشتیان بۆ وڵاتانی رۆژهەڵات كردووە، چیرۆكی سەمای دەروێشانیان گێڕاوەتەوە. هەروەها یەكەمین كاری سۆفیانەی نووسراو بە عەرەبیی لەساڵی 1638 بڵاوكراوەتەوە، ئەویش قەسیدەیەكی شیعریی (إبن الفارض) (1235 مردووە) بووە، كە (فابریستی Fabricius) هەوڵی وەرگێڕانی داوە(3).

لەرووی مێژووییەوە، سەرهەڵدان‌و پەرەسەندنی سۆفیزم لە عێراقدا دەگەڕێتەوە بۆ ئاخروئۆخری سەدەی دووی كۆچی/ هەشتی زاینیی. لەدەمێكی سەردەمی عەبباسیدا دەركەوت، كە كۆمەڵگە ئیسلامییەكان نوقمی پشێویی سیاسیی‌و داڕوتانی ئابووریی‌و پەرتەوازەیی بوونەوە، لەرووی سایكۆلۆژییەوە گوژمێكی توندی دڕدۆنگیی دەروونیی‌و لەبەریەكهەڵوەشانی ئەخلاقیی دروستكرد، تێكڕا ئەم فاكتەرانە جۆرێك لە پەرچە كرداری پێچەوانەیان دروستكرد، سۆفیزمیش لەبنەڕەتدا دیاردەیەكی كۆمەڵایەتییە لە چوارچێوەیەكی ئایینیدا. فاكتەری سیاسیی، فاكتەری كۆمەڵایەتیی‌و ئابووریی، فاكتەری فیكریی‌و فەرهەنگیی، فاكتەری ئایینیی‌و سایكۆلۆژیی رۆڵیان گێڕاوە لە دەركەوتن‌و نەشونمای سۆفیگەراییدا لەعێراق وەك لانكەی سۆفیزمی ئیسلامیی (4).

سەبارەت بە مێژووی بڵاوبوونەوەی تەریقەتی قادریی لە كوردستاندا دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی سیازدە، چەندین لقوپۆپی لێ بۆتەوە، لەوانە، بەرزنجیی، تاڵەبانیی، كەسنەزانیی. رێبازی قادریی، یەكەم رێبازی سۆفیگەرییە، كە لە كوردستاندا بڵاوبووبێتەوە، رێبەری ئەم تەریقەتە شێخ عەبدولقادری گەیلانییە، ناوبراو دامەزرێنەری تەریقەتی قادرییەو، لەساڵی 1077 لە گەیلان هاتۆتە ژیانەوە، لە ساڵی 1166 مردووە، لە تافی لاوێتیدا لەبەغدا گیرساوەتەوە، لەوێ زاستە ئیسلامییەكانی خوێندووە، خاوەن پێگەو رۆڵگێڕانێكی مەزن بووە لە بەغدا، پێڕەویی لە مەزهەبی حەنبەلیی كردووە. تەریقەتی قادریی لەدەورانی ئەودا هەڵكشانی بەخۆوە بینیوە، جەمسەرێكی گەورەو بەدیمەنی سۆفیزمە، خاوەنی چەندین كتێبە لەوانە (الغنیە لطالبی طریق الحق، الفتح الربانی، فتوح الغیب، الفیوضات الربانیە) (5). شێخ عەبدولقادری گەیلانیی بۆ ماوەی بیست ساڵ بەغدای بەجێهێشتووە، ئەو ماوەیەی لە زوهدو خواپەرستییدا گوزەراندووە، پاشتر گەڕاوەتەوە بۆ بەغدا، وانەو مۆجگارییەكانی جەماوەرێكی زۆری بەلای خۆیدا كەمەنكێش كردووە (6).

شێخ عەبدولقادری گەیلانیی، لە تەمەنی 18 ساڵییەوە وەبەر تیرێژی سەرچاوەكان دەكەوێت، هەوڵ و شێلگیریی ئەو لە فێربوون و فێركردنی زانستدا زەقە. هەروەها ماوەی 40 ساڵ رێنوێنیكردن و 33 ساڵ وانەگوتنەوە و پەروەردەی ژمارەیەكی زۆری قوتابی و چەندین كتێب، راستیی ئەم بانگەشەیە دەسەلمێنن.. شێخ عەبدولقادر بەردەوام هاونشینی هەژاران بووە، هامشۆی وەزیر و ئەمیرەكانی نەكردووە، وێڕای ئەوەی سەر بە مەزهەبی ئیمام حەنەفی بوو، بەڵام هێندە جێگەی متمانەی خەڵك بوو، لە مەزهەبی شافیعیشدا فەتوای دەدا. هەروەها لە كۆڕو كۆبوونەكانیدا كەسانی سەر بە ئایینی مەسیحیی و جولەكەش بەشدارییان دەكرد، بڕێك لەوانە رویان لە ئایینی ئیسلام دەكرد، ئەمەش بەشێوەیەك لە شێوەكان ئاسانگیریی ئایینیی شێخ عەبدولقادری پێشاندەدا.

(ئیبن عەرەبی) لە كتێبی (فتوحات مكیە)دا شێخ عەبدولقادری وەك كەسێكی دادپەروەر و قوتبی سەردەم لەبارەیەوە دەدوێ و پەسنی دەكات. دیسان شێخ عەبدولقادری گەیلانیی بە نازناوی (غوث اثقلین) خاوەنی 11 كوڕ بووە، یەكێكیان بەناوی (شێخ سەیفەدین عەبدلوەهاب) گەورەترین كوڕی شێخ عەبدولقادر بووە، هەر لە بارەی وەچەكانی شێخ عەبدولقادرەوە لە كتێبی (مناهل الضرب)دا هاتووە، كە شێخ عەبدولقادر خاوەنی 14 كوڕ بووە، لەخوارەوە ئاماژە بە ناوی هەندێك لە مناڵ و نەوەكانی شێخ عەبدولقادر دەدەین، ئەوانیش:

1-عەبدولوەهاب گەورەترین كوڕی شێخ عەبدولقادر و جێنشینی شێخ (593-522ك).
2-عەبدوڕەزاق (602-528 یان 604ك) وەك خواپەرسترین كوڕی شێخ عەبدولقادر ئەژماركراوە.
3-ئەبو نەسر موسا.
4-شەمسەدین عەبدولعەزیز.
5-ئەبولفەزڵ محەمەد.
6-عەبدوڵا.
7-یەحیا، دواین و چكۆلەترین مناڵی شێخ بووە، لە ساڵی 550 واتە پێش مەرگی بابی بە 11 ساڵ لەدایكبووەو لە ساڵی 600دا كۆچی دوایی كردووە.
8-عەبدوسەلام كوڕی عەبدولوەهاب لە ساڵی (611ك) لەدایكبووە، لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەلناسر (622-576ك) بەهۆی خوێندنی ئەستێرەناسیی و فەلسەفەو بەهۆی ئیرەیی كەسانی دەورەبەریەوە خرایە گرتووخانەوە، كتێبەكانیشی، لەوانە كتێبی (هیئت)ی (ئیبن هەیسەم) سووتێنرا.
9-نەسر كوڕی عەبدوڕەزاق (7).

تەشەنەسەندنی قادریی لە كوردستاندا بۆ چەندین فاكتەر دەگەڕێتەوە، ئەوانیش: یەكەم، ژیانی رەوەندیی دێهاتیی خەڵكی كورد. دووەم، بۆشایی دەسەڵات. سێیەم، نەبوونی ركابەرێكی راستەقینە، هەڵبەت تا كاتی هاتنی رێبازی نەقشبەندیی بۆ كوردستان لە نیوەی دووەمی سەدەی سیانزەی كۆچیی. چوارەم، گەشتە بەردەوامەكانی شێخ و پەرتەوازەبوونی مناڵەكانیان بە ناوچەكانی كوردستاندا. پێنجەم، پشتیوانیی خاوەن دەسەڵاتە خۆجێیەكان لە شێخەكانی قادریی. شەشەم، تەكیەكانی قادریی. شەشەم، سیمای مەسیحئاسای شێخەكان (8).

لە كۆنەوە لەڕووی بەجێهێنانی ئەركەكانی سەرشانیان لە تەریقەتی قادرییدا رێچكەیەكی توندوتیژی وەرگرتووە، دەروێشەكان لەڕێگەی دەنگهەڵبرین‌و هەراو زەنایەكی تایبەتەوە جەزبە دەیانگرێت، بە لەخۆدان ‌و بەكارهێنانی شمشێر و زەرك دەیكەنە رۆژی حەشر، هەروەها دەكەونە هەڵبەزو دابەز، خۆڕنین، حاڵلێهاتن‌و خۆجەزرەبەدان، دەروێشەكان لە كۆڕەكانی زیكرو یادكردندا زەرك بەكاردەهێنن‌و بەشێوەیەكی توندئامێز لەگیانیان بەردەبن‌و خۆیان كەلەلا دەكەن، هەروەها دەكەونە تیغبازیی‌و زمان هێنان بەئاسنی سوورەوە بوودا. ئەمشێوە نمایشەی، كە دەروێشەكانی قادریی دەیكەن جیاوازە لەو سرووتە نەقشبەندییانەی، كە سۆفییەكان دەیكەن، كە پتر مۆركێكی نەرم‌و هێوری وەرگرتووە.

دابودەستووری دەروێشایەتیی لە رێبازی قادرییدا هەڵگری چەندین سیماو تایبەتمەندییە، كەسێك، كە دەیەوێت بچێتە ریزی دەروێشانی قادرییەوە، دەبێت لەپێشدا لەهەموو گوناهە گەورەو بچوكەكانی تۆبە بكات. لە كتێبی (سر الاسرار)دا هاتووە: “بڕوات هەبێت، كە گەیشتن بە پلەوپێگەی بەرزی خواناسیی دەستەبەر نابێت، مەگەر بەهۆی تۆبەیەكی پاك‌و بێخەوش‌و لەرێگەی گوێگرتن لە قسەی پیاوچاكان”. بنەمای تۆبەی راستودروست، تۆبەیەكی یەكجارییەو كابرا دەبێت تەنانەت بیر لە گوناهیش نەكاتەوە، واتە تەنیا تۆبەیەكی رواڵەتیی نەبێت.. یەكێك لە داب و دەستوورە سەرەكییەكانی دەروێشان، زیكرو نزایە، كە هەموو رۆژێك بەڕێوەی دەبەن، ئەوان لەپاش نوێژ سەدجار (أستفغرالله)و لە رۆژانی هەینیدا سەدهەزار جار و باقی رۆژەكانی تریش ئەگەر بكرێت سێسەدجار سەڵەوات بۆ رۆحی پێغەمبەر دەنێرن.

بەلای سۆفییەكانەوە زیكر رێگەیەكە بۆ رامانی مەعنەویی، چونكە زیكری ناوە پیرۆزەكان لەژێر چاودێریی زانایەكی ئایینییدا بەشێكە لەزنجیرە راستەقینەی رێبازەكە. زیكر یان “جەلی”یە یانیش “خەفی”یە، جەلی زیكرێكی توندەو بەدەنگێكی بەرز دەخوێنرێت، بە پێچەوانەوە، زیكری خەفی زیكرێكی نەرم‌و هێورەو بەپێی گوتەی نووسەری (أخبار الاخبار) زیكرێكە، كە دراوسێ نەیبیستێ. لەروانگەی قادرییەوە زیكری جەلی پێگەیەكی بەرزتری بەنیسبەت خەفییەوە هەیە، تەنیا لەناو قادرییەكانی چیندا پێچەوانەی ئەم رەوتە پێڕەو دەكرێت. عەبدولقادری گەیلانیی دەڵێت: “زیكركردن هەموو كات دەبێت بە ریتمی توندو دەنگی بەرزبێت هەتا قووڵایی ناخ بە رووناكیی زیكر روون بێتەوە”(9).

هەر سەبارەت بە سەرو سەكوت‌و ئەو زیكرانەی دەروێشەكانی قادریی بەجێی دەهێنن، ئەوان قژیان درێژە، دەوری سەریان وەك ئەڵقەیەك تەراش دەكەن، دەبێت قژیان با پاك‌و خاوێنی بهێڵنەوە، هەروەها بەدەنگێكی بەرز ئاشكرا زیكر دەكەن، زیكری قادرییەكان بریتین لە: یەكەم (تەهلیلە) بە دانیشتنەوە. دووەم زیكری (هرە/قیام).

جۆری زیكری یەكەم (تەهلیلە) دەروێشەكان لە مزگەوت یاخود تەكێ كۆدەبنەوە، شێخ یاخود خەلیفە، ئەگەریش ئەوان ئامادەنەبوون (سەرزیكر) رێبەری زیكركەران پاش ئەنجامدانی نوێژی بەیانی یان خەوتن دەست بە زیكركردن دەكەن. شێخ یاخود خەلیفە یانیش سەرزیكر لەناوەڕاستی زیكركەراندا دادەنیشێت‌، بەتەزبیح (أستغفرالله) دەكەن‌، دەروێشەكانیش دەیڵێنەوە، پاشان بەمشێوەیە دەست دەكەن بە گوتنەوەی “الله اعنا علی دوام ذكرك وشكرك وحسن عبادتك وتوفیق طاعینك واجتناب معصیتك وامتثال أوامرك بتوفیق الله تعالی وبغجازە أنبیا‌ء الله وأولیا‌ء الله وشهادە خیر خلق الله وروسل الله علیه السلام”. ئینجا سەد جار (لا إلە الا الله) دەكەن‌و، زیكری (الله) بە دەنگێكی نزم دەڵێنەوە(10).

جۆری زیكری دووەم (قیام) بەمشێوەیە ئەنجام دەدرێت، بەهەمان شێوە، شێخ یاخود خەلیفە یان سەرزیكر، كە لەناوەڕاستدا دەوەستێت، زیكر بە تەپڵ، دەف‌و شمشاڵ دەست پێدەكات‌، قژیان بەرەدەنەوە، ئینجا بەكۆمەڵ (حی الله) دەكەن‌، (دائم دائم…) دەڵێنەوە. پاش كۆڕی زیكر، شێخ بە خەلیفەو زیكركەران دەڵێت دانیشن، ئینجا دەست دەكەن بە دۆعاو فاتیحە. پاشتریش دەستدەكەن بە ستایشكردن‌و پیاهەڵدانی شێخ، بەمەش دەگوترێت (سۆز)، بێژەری موناجات پەیتا پەیتا فرمێسك بەچاویدا دێتەخوارێ. پاشتر ئەم سەمای دەروێشانە دەگاتە لوتكەو دەستدەكەن بە خواردنی شوشە، بەرد، ئاگر، سیخ، تیغی ریش تاشین، زمان هێنان بە ئاستی سوورەوەبوو، لەپاڵ دەستبردن بۆ تەلی كارەبا، بەو هۆیەشەوە كۆڕی زیكر تێك دەچێت‌وـ دەروێشەكان پرش‌و بڵاو دەبنەوە (11).

بەشێكی تر لە سیماو كردەوەكانی دەروێشانی قادریی خرۆشان، سەماكردن‌و كردەوەی لەئاسایی بەدەرە، تاقمێك لە دەروێشەكانی شێخ عەبدولقادری گەیلانیی وەجدو سەماع دەكەن، سەماع بیستنی نەغمەو ئاوازە، وەجدیش دەستهەڵكردن‌و سەماكردنە. عەبدولقادری گەیلانیی لە حەزرەتی عەلییەوە دەگێڕێتەوەو گوتوویە: “كەسێك، كە جەزبەی ئەوینداریی خوای نییە، دینی نییە”. هەروەها عەبدولقادری گەیلانیی وەجدو سەماع بە كەرەستەی بزوێنەر دەزانێت، كە كاریگەرییەكەی لەدڵی ئەوینداران‌و خواناساندا دەبینرێت. سەماع لە رەچەی قادرییدا برەوێكی زۆری هەیە، بەڵام وەجد زۆربەی لەنێوان قادرییەكانی كوردستان‌و ئەفەریقادا دەبینرێت. لەكاتی زیكری (قیام) حاڵلێهاتن لەكوردستاندا، ئەو دەمەی، كە شەوق‌و جەزبە دەگاتە قۆناغی كامڵبوون، دەروێشەكان دەستدەدەنە خواردنی بەردـ شوشە، ئاگر، بزمار، گوێزانی ریش تاشین، هەروەها ئاستی سورەبوو دەلێسنەوە.. دەروێشەكان لەكاتی تێغبازیی‌و ئاگرخواردندا هەست بە ئێش‌و ئازار ناكەن، بە پێی گوتەی یەكێك لە رێبەرانیان، لە حاڵەتی جەزبەدا رەنگی ئاگر لەچاوی دەروێشاندا رەنگی سەو دەنوێنێت، ئەمەش نیشانەی رەنگێكی پیرۆزەو دەتوانن بیخۆن‌و لەجەستەی خۆیانی بسوون. ئەوان ئەم كردەوانەی خۆیان لەسێ رووەوە لێكدەدەنەوە، ئەگەر بەهۆی نزیكی خاوە بێت كەرامەتە، ئەگەر بەهۆی جێگیری پیری رێبازەكەوە بێت دەستگیرۆییە، ئەگەریش هیچكام لەمانە نەبێت، ئەوە بە یارمەتی شەیتانەو فێل‌و تەڵەكەی ناولێدەنێن (12).

وەك ئاشكرایە، رێبازی بەناوبانگی قادریی یەكەمین رێبازی سۆفیگەریی بووە، كە لەسەر دەستی شێخ عەبدولقادری گەیلانیی خزاوەتە كوردستانەوە، كوڕەكەی (عەبدولكەریم گەیلانیی) چەسپاندوویەتی. تەشەنەسەندنی رێبازی قادریی دەگەڕێتەوە بۆ لێكنزیكیی ئەو رەوتە سۆفیگەرییە لە سوننەوە، هەروەها زۆریش پابەندبووە بە سیماكانی شەریعەتەوەو، زۆربەی بانگخوازەكانیشی كورد بوون (13).

شێخەكانی قادریی پتر لەوەی خاوەن دەسەڵاتبن خاوەنی متمانەو سەنگی خۆیان بوون، بەڵام لەیادمان نەچێت، كاریگەریی سیاسیی و كۆمەڵایەتیی بەرچاویان لەمێژووی كوردستاندا هەبوو. رێبازەكان، چەمكی بچوك‌و بەرتەسكی عەشیرەت‌و خێڵیان تێكشكاند، ئەم دۆخە لەناوحۆی كوردستاندا هێزە دەسەڵاتی بەگ‌و ئاغاكانی كەم‌و بەرتەسك كردەوە، هۆكارەكەشی دابەشبوونی كوردستانە لەنێوان ئێران‌و عوسمانیی، پاشتریش ئێران، عێراق، توركیاو سوریادا، ئەمەش گرفتێكی زۆری بۆ هەریەك لم وڵاتانە دروستكرد.

(شێخ ئیسماعیل وەلیانی) لە سەفەرداو لەكاتی بەسەركردنەوەی موریدەكانی لەشام كۆچی دوایی كرد، هەنوكە بڕێك لە شێخ‌و دەروێشەكان بۆ بەسەركردنەوەی یەكتریی سنوورەكان تێدەپەڕێنن‌و سەفەر دەكەن. شێخەكانی قادریی لە كوردستاندا بەشێوەیەكی گشتیی خۆیان لەگەڵ دەسەڵاتداراندا گونجاندووە، یان لانیكەم لەبەرامبەریان هەڵوێست وەرناگرن‌و لەتەباییدا دەژین. هەڵبەت لەسەدەی نۆزدەدا شێخەكانی قادریی نیشتەجێی وڵاتانی عوسمانیی رێبەرایەتیی بڕێك لە جووڵانەوەو شۆڕشەكانیان لەئەستۆگرت. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە هەر لە بنەڕەتەوە لایەنگری سیاسەتی عوسمانیی بوون. (نادرشای ئەفشار) لەكاتی گرتنی دەڤەری سلێمانی لەساڵی 1156ك نامەیەكی بۆ (شێخ حەسەنی گڵەزەردە كوڕی شێخ مەحمودی نۆدێ) لە شێخەكانی قادریی نووسیوەو بۆ دیدارێك بانگهێشتی كردووە، بەڵام شێخ حەسەن ئاوڕی لێنەداوەتەوە، لەنامەیەكدا داوای لێكردووە دەست لە شەڕ لەبەرامبەر عوسمانیدا هەڵگرێت‌و هێرش نەكاتە سەر شاری موسڵ، لەپاڵ ئەمەشدا، بەتوندیی رەخنەی لە بیروبڕوا ئایینییەكانی نادرشا گرتووە. هەروەها كەسێكی وەك شێخ مەحمودی حەفیدزادەی بەرزنجەیی لەساڵی 1919 بەدژی بەریتانیای داگیركەر راپەڕی‌و شۆڕشی كرد، لەساڵی 1922 خۆی وەك پاشای كوردستان ناساند، هەڵبەت پێگەی بنەماڵەی قادریی لەمبارەوە زۆر كاریگەربوو.

لەراستییدا، كۆڵەكەی بنەڕەتیی‌و زۆربەی هێزەكانی لەموریدو دەروێشەكانی شێخ بوون، كە بە تەواوی گوێ لەمست‌و فەرمانبەری ئەو بوون (14). شێخ مەحمود ناسراوترین‌و بەدەسەڵاتترین كەسایەتی سیاسیی، كۆمەڵایەتیی‌و ئایینیی بوو، كوژرانی (شێخ سەعید)ی بابی لە موسڵ‌و پاشخانی كۆمەڵایەتیی‌و ئایینیی وەك كەسایەتییەكی سەر بە بنەماڵەیەكی رێبازی قادریی ناوو ناوبانگی شێخ مەحمودیان پتر دەرخست. لەوانەیە زێدەگۆیی نەبێت گەر بڵێین چارەنووسی سیاسیی باشووری كوردستان لەماوەی نێوان ساڵانی (1918-1931) بەتایبەت لەسەردەمی ئامادەبوونی چالاكانەی شێخ مەحمود لەناو بزاڤەكەدا (1918-1924) تا رادەیەكی زۆر بەكەسایەتیی‌و جوڵانەوە سیاسییەكەی شێخ مەحمودەوە بەسترابۆوە(15).

تێبینی:
سەرجەم پەراوێزەکان لە کۆتا بەشدا ئاماژەیان پێکراوە

 

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …