Home / مێژووى ئاینەکان / ئاینى ئیسلام / سەرهەڵدانی فیرقە ئیسلامییەكان لەسەردەمی پێغەمبەرەوە تا ئێستا

سەرهەڵدانی فیرقە ئیسلامییەكان لەسەردەمی پێغەمبەرەوە تا ئێستا

10537_873

سەرهەڵدانی فیرقە ئیسلامییەكان لەسەردەمی پێغەمبەرەوە تا ئێستا

وەرگێرانی :حكیم أبوبەكر
سەرەتای سەرهەڵدانی بەرەو گروپە فیكری و عەقیدیەكان لەناو ئیسلامدا دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆكارێكی ناوخۆیی نێو مسوڵمانان كە تێیدا ژیاون وگەشەیان كردوە.

یەكەم هۆكاری دەركەوتنی ئەم گروپانەش ئەوەبوو كە هەندێك لە مسوڵمانان لە پەیڕەوە ڕەسەنەكەیان لایاندا، لەكاتێكدا كە قورئان وسوننە، هەموو ئەو شتانەی لەخۆگرتبوو كە ببوە مایەی سەربەرزی مسوڵمانان و لێڵ نەبوونی ڕێگای ڕۆشن لێیان، چونكە ئەو دوو سەرچاوەیە هۆكاری سەرەكی یەكگرتویی و دامەزراویان بوو، بەڵام كاتێك كە هەندێك وازیان لەو پەیڕەوە هێنا كە خوا بۆی دیاری كردبوون و پێشینە چاكەكان لەسەری ڕۆیشتبوون، بەمەش خۆیان دایە دەست گریمانە عەقڵیەكان بۆ ئەوەی ڕێگای هیدایەتی پێ بدۆزنەوە، بەڵام بەهۆیەوە گومڕابوون و، بوونە هۆكارێكیش بۆ گومرابوون.

هەروەها یەكێكی تر لە هۆكارەكانی دەركەوتنی ئەو گروپانە ئەوەبوو كە هەندێك لە مسوڵمانان كەوتنە ژێر كاریگەری كلتورو رۆشنبیری بێگانەوە، ئەم كاریگەریەش یارمەتیدەرێكی بێ وێنە بوو بۆ ئەو كەسانە كە دڵ پڕ لەكینە بوون بەرامبەر بە پەیڕەوی ئیسلام, هەتاوەكو ژەهری خۆیانی تیا برێژن.

لێرەوە جۆرێك لە تێكەڵكردنی شتەكان لەلای هەندێك لە مسوڵمانان دروست بوو، كە بوو بە هۆی لادانیان لەبیرو باوەڕەكەیان، بەمەش بیرو بۆچونە وێرانكەرەكان زیاتر پەرەیان سەند، بۆیە كەریگەر بوون بەڕۆشنبیری بێگانە و رێگەدان بە بڵاوبوونەوەی بیرە فەلسەفیەكان هۆكاری سەرەكی بوون بۆ دروست بوونی ئەم گروپانە.

ئەگەر بڵێین ئەو دوو هۆكارەی پێشوو لەگەڵ چەند هۆكارێكی تر بوونیان هەبووە، ئەوە بڕبڕەی پارچە پارچە بوونی ئەو كۆمەڵگایە بووە بۆ ئەو گروپانە، بێجگە لەمەش هۆكاری سێیەم هەیە كە بۆتە مایەی تەشەنە كردنی ئەو گروپانە، ئەویش خۆی لەوە دەبینێتەوە كە زۆرێك لە خودی مسوڵمانان هۆكاری دروست بونی ئەو گروپانەن، بەهۆی جێبەجێنەكردنی فەرمانكردن بەچاكە و ڕێگریكردن لە خراپە، بەشێوەیەك هیچ ئامڕازێكیان هەڵنەگرتوە بۆ بەرەنگاربوونەوەیەكی تەواو، بێجگە كەمێكیان نەبێت كە بەردەوام بونەتە قوربانی ئەوەی كە بتوانن یەكەیەكی ئیمانی وا دروست كەن ببێتە مایەی خۆشەویستی و برایەتیەكی قوڵی ناو مسوڵمانان.

پێویست بوو كە ئوممەتی ئیسلامی بتوانێ سود لە وانەكانی ڕابردووی وەربگرێت، بەڵام بەداخێكی زۆرەوە, سەردەمی نوێش چەندەها پارچە پارچەیی فكری نوێی لەناو مسوڵماناندا بەدوای خۆیدا هێنا، وە هۆكاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سود وەرنەگرتن لەڕابردوو، لەگەڵ ئەمانەشدا مسوڵمانان نەیان توانیوە بەڵێنی پەیوەست بوونیان بە ئیسلامەوە نوێ بكەنەوە، و خۆیان لەیەك ڕیز و لەسەر یەك ووشە كۆبكەنەوە ئەویش پەیڕەوی خوای پەروەردگارە، دووبارە ڕێگە بەدوژمنان درا چیان دەوێ‌ بەرامبەر بە ئوممەتی ئیسلامی ئەنجامی بدەن، لێرەوە مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە.

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەرەتاكانی دەسەڵاتی ئیسلامی، و سەرهەڵدانی فیرەقە ئیسلامیەكان ئەو كات دەتوانین ئاماژە بەوە بدەین كە فیرەقە ئیسلامیەكان لە كۆتاییەكانی خەلیفەكانی ڕاشدین سەریان هەڵدا، بەڵام بیرو بۆچونەكانیان دوای ئەو سەردەمە پەرەیسەند و تەشەنەی كرد، پاشان بوونی ئەم فیرەقانە زۆر بەتوندی قوڵ بووەوە, هەریەكەیان چەندەها هۆكاری لەپشتەوە بوو.

• بەڵام لەسەردەمی پەیامبەرو سەرەتایی خەلیفەكانی ڕاشیدین، مسوڵمانان یەك یەكەی تۆكمە بوون، لە هەموو ڕووەكانی عەقیدە و فكر و كۆبوونەوەیەكیاندا، هەركاتێك جیاوازیەكیان لە بۆچونێكدا بەدی بكردایە، ئەوا زوو لەسەری پێكدەهاتن، ئەمەش بەهۆی ئەوەوە بوو كە دەگەڕانەوە بۆ قورئان و سوننەت.

• ئاشوب و جیاكاری و پارچە چارچە بوونی ناو مسوڵمانان لە كۆتایی سەردەمی عوسمانی كوڕی عەففان (رەزای خوای لێبێت) دەستی پێكرد… بەوەی كاتێك هەندێك ستەمكار ناڕازی بوون و گلەییان لە والیەكانی عوسمان دەكرد، تا كار گەیشتە ئەوەی لەخودی عوسمانیش رازی نەبوون، و دەیان وت ئەوانەی عوسمان ئیشیان پێدەسپێرێت لەخزمانی خۆنی.

– پاشان گلەییەكان لەئیمامی عوسمان گۆڕا بۆ تانەدان لێی و قسە پێوتنی.

– پاشان شەهید كردنی عوسمانی كوڕی عەففانی بەدوای خۆدا هێنا، ئەمەش دەرگای كوشت و بڕی لەناو مسوڵماناندا كردەوە.

• دوای دەسەڵات گرتنە دەستی عەلی كوڕی ئەبی تالیب (رەزای خوای لێبێت)، تاوانباریان كرد بەوەی داڵدەی بكوژانی عوسمانی داوە و نایانكوژێتەوە.

– شەڕ لە نێوان عەلی و زوبێر و تەلحەو دایكی ئیمانداران عائیشە (رەزای خوای لێبێت) دروست بوو.

– پاشان شەڕ لەنێوان عەلی و موعاویەدا دەستی پێكرد… بەڕووداوی دادكاری (التحكیم) كۆتایی بەشەڕی نێوانیان هات.

– دوای دادكاریەكە (التحكیم) سەرەتای دروست بوونی فیرەقەكان دەستی پێكرد، كە خۆیان لە خەواریج و شیعەكاندا بینیەوە.

– یەكەمیان : كە خەواریجەكان بوون، وەك ئیبن تیمیە دەفەرموێت: یەكەم گروپ كە لە كۆمەڵی مسوڵمانان جیابوونەوە و ئەهلی قیبلەیان تەكفكیر كرد و خوێنیان حەڵاڵ كردن، بەهۆی گوناهێكەوە كە خۆیان بەگوناهیان دابنایە، خەواریجەكان بوون.

ئەمانیش لە (١٠)ی مانگی شەوالی ساڵی (٣٧)ی كۆچی بەتەواوەتی دەركەوتن، بەوەی كەبەیعەتیان دایە (عبدالله كوڕی وەهەبی راسبی).

– دووەم: شیعەكان: ئەوانەن كەی بانگەشەی ئەوەیاندەكرد شوێنكەوتەی عەلی و كوڕەكانین (ڕەزای خوایان لێبێت)، ئەوانیش بوونە چەند فیرقەیەكی تر، ئەوەیان كە زۆر بەكەمی لایاندابوو، دەیانوت عەلی لە ئەبوبەكر و عومەر زیاتر شایەنی خەلافەت بووە، ئەوانیش ناسراون بە زەیدیەكان.

– لەو كاتانەدا لەگەڵ بەكافر كردنی مسوڵمانان ( مسألة التكفیر)، بابەتێكی تر هاتە كایەوە ئەویش مەسەلەی قەدەر بوو كە كەسێك بەناوی ( مەعبەدی جەهنی ) لەكۆتایی سەدەیی یەكەمی كۆچیدا دایهێنا، ئەم دوو مەسەلەیە لە كۆتایی سەردەمی عەلی دا قسەی زۆری لەسەر كرا.

• لەكۆتایی سەدەیی یەكەمی كۆچیدا فیرقەی مورجیئەش سەریان هەڵدا.

• پاشان لەسەرەتا سەدەی دووەم بابەتی (تعطیل) لەسەردەستی (جەعدی كوڕی دیرهەم وجەهمی كوڕی صەفوان) سەری هەڵدا.

• پاشان هەر لەسەرەتای سەدەی دووەمی كۆچیدا (جەهمی كوڕی صەفوان) بابەتی جەبری داهێنا (مسألة الجبر) بەوەی دەیوت مرۆڤ هیچ ئیرادەیەكی نیە لە ئیشەكانی كە دەیكات بەڵكو هەمووی ئیرادەی خوایە و مرۆڤ هیچ كات سەربەست نیە، واتە خوا هەمووشتەكان بەزۆر بەسەر مرۆڤدا دەدا.

• پاشان موعتەزیلە دروست بوون، بانگەشەی ئەوەیاندەكرد مرۆڤ بە رەهایی ئازادە، بەتەواوەتی پێچەوانەی جەبریەكان بوون، دەیان ووت چونكە خوای گەورە مرۆڤی ئازاد دروستكردووە ئەو ئازادیەش بنچینەی تەكلیفە، پاداشت و سزاش هەر لەسەر ئەو ئازادیەیە.

– دوای ئەوانە بابەتەكان لەسەر سیفات و كەلامی خوا وروژێنران ، مەسئەلەی دروستكراوی قورئان (مسألة خلق القران) سەری هەڵدا، ئایا قورئان دروست كراوە (مخلوق) یاخود قەدیمە، ئەمەش جەهمی كوڕی صەفوان و جەعدی كوڕی درهەم لەسەردەمی ئەمەویەكاندا ووروژاندیان.

– پاشان لەسەردەمی عەباسیەكاندا ئەم بابەتانە قوڵ بوونەوە، هەر ئەمەش بووە هۆی تاقیكردنەوەی ئیمام ئەحمەدی كوڕی حەنبەل .

– لەگەڵ ئەمانەشدا بەهۆی وەرگێڕانی كتێبە فەلسەفیەكانەوە، گروپە ئیسلامیەكان لەزیاد بوون و پەرە سەندندا بوون، بەشێوەیەك هەر گروپێك لەوانە دابەشبوون بەسەر چەندەها گروپی تر دا، موعتەزیلەكان چەندەها گروپیان لێبووەوە لەوانە: واصیلیەكان (الواصلیة) ڕابەرەكەیان واصڵی كوڕی عەتابوو، هوزیلیەكان (الهزیلیة) سەركردەكەیان ئەبو هوزەیلی عەلاف بوو، ئیسماعیلیەكان (الإسماعلیة)و نەصیریەكان (النصیریة) دروزەكان (الدرز) وە چەندەهای تر.

– پاشان ئەشعەریەكان (الاشعریة) و ماتوریدیەكان (الماتردیة) دروست بوون وەك بەر پەرچێك بۆ فەلسەفەچی و باتنی و رافزەكان، ببێتە گورزێكی گەورەش بۆ تێكشكاندنی موعتەزیلەكان، بەمەش جیهادێكی گەورەیان بەرپاكرد بۆ یەكخستنەوەی فیكری ئیسلامی، بەڵام كاتێك پەیڕەوە فەلسەفیەكانیان بەكار هێنا بۆ ئەو مەبەستە، خۆشیان تێوەی گلان و نەیانتوانی بەباشی هەستنەوە، بەمەش كاریگەری فەلسەفی بەسەر بۆچونەكانیانەوە جێهێشت، لە بەشەكانی ترماندا پشت بەخوا باسی ئەوكاریگەریانە دەخەینەڕوو .

ئامانج لەباسكردنی فیرەقی ئیسلامی چیە؟

گرنگیدانی ئێمە بەم بابەتە و لێكۆڵینەوە تێیدا بەشێوەیەكی ورد، بۆ زیندوو كردنەوەی ئەو گروپانە نین لەدوای مردن و لەناچونی هەندێكیان، یاخود بۆ گاڵتە جاڕیەكی مەعریفی نیە وبەس، بەڵكو لەبەر چەندەها هۆكاری پێویستە, هەندێكیان لەخوارەوە ئاماژە پێدەدەین:

١- باس كردنی فیرەق و پارچە پارچە بوون، مێژوویەكیان هەیە لەقورئان و سوننەتدا، قورئانی پیرۆز بەشێوەیەكی فراوان باسی بەسەرهاتی گەلانی لەناوچومان بۆ دەكات، بە باش و خراپیانەوە، باسی سەركردەو فەرمان ڕەواكانیان دەكات، باسی ئەو كردەوانەیان دەكات كە بەرامبەر بەپەیامبەرەكانیان ئەنجامیان داوە، هەروەها پەیامبەری ئازیزیشمان كاتێك باسی میللەتانی پێشومان بۆ دەكات، وانەو سودەكانیمان پێدەگەیەنێ.

٢- ڕونكردنەوە و ئاشكرا كردنی فیكری ئەو گروپانە بە باش وخراپیانەوە، بەڕاست و لاڕێیانەوە، زۆر گرنگە تاكو تاكی مسوڵمان بەرچاو ڕۆشن بێت بەرامبەر بەعەقیدە و ئیمانەكەی و بەئاسانی تێنەكەوێت و هەڵنەخەڵەتێنرێت.

٣- زۆرێك لە بیرو بۆچونی ئەو گروپانە، تازەو بە شێواز و پۆشاكێكی نوێوە خۆیان نمایش دەكەن، كە بە چەندەها ناوی باق و بریقەوە دێنە كایەوە، بەمەش ئەو كەسەی دەیبینێت یاخود دەی بیستێت، دەكەوێتە ژێر كاریگەریانەوە.

٤- چارەسەری ئەم پەرتەوازەیەش بەوەدەبێت، هەموو مسوڵمانێكی ڕۆشنبیر شارەزایی هەبێت بەرامبە بەو گروپانە لە هەموو ڕووەكانی عەقیدە و هزر و شوێنی نیشتەجێبوون و بڵاوبوونەوەیان، لەگەڵ ئەمانەشدا ئێستا زۆرێك لەو گروپانە بوونیان هەیە و لەسەر حسابی ئیسلام تەشەنە دەكەن و دەژیەنەوە.

لەكۆتایدا: بەپشتیوانی خوا لە ئەڵقەكانی داهاتوودا یەك یەك دێینە سەر باسی ئەو گروپانە، داواكارم لە خوای باڵا دەست لەڕۆشن كردنەوەیاندا یارمەتیمان بدا، تاوەكو بەرچاو ڕونی بێت بۆ هەموو تاكێكی مسوڵمان.

سەرچاوە : الموسوعیة المیسرة فی الادیان والمذاهیب والاحزاب المعاصیرة

تألیف : الندوة العالمیة للشباب الاسلامی

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …