Home / بەشی مێژووی كورد / کاتی ئەوە نەهاتووە کە هەندێک لە نووسەرانی کورد دەست لە نەورۆز هەڵبگرن؟

کاتی ئەوە نەهاتووە کە هەندێک لە نووسەرانی کورد دەست لە نەورۆز هەڵبگرن؟

17343072_1078415298953186_5615300741967221280_n

کاتی ئەوە نەهاتووە کە هەندێک لە نووسەرانی کورد دەست لە نەورۆز هەڵبگرن؟
تێبینی: ئەم بابەتە بە دەستکاریەکی زۆر و لە ژێر ناوێکی تردا داڕێژراوەتەوە.
سۆران حەمەڕەش
کە منداڵ بووم هەموو ساڵێک زیاتر لە مانگێک پێش نەورۆز، لەگەڵ منداڵانی گەڕەک ڕۆژانە دەبوو چەند سەعاتێک دابنێین بۆ کۆکردنەوەی دار و تەختە و تایەی کۆن. هەتاوەکو نەورۆز دەهات لە ماڵاندا بڕێکی باش تایە و دار و تەختە کۆدەکرایەوە. کە ڕۆژی نەورۆز دەهات، هەر ماڵە و تۆزێک نەوتی پێ دەداین و ئەوڕۆژە بۆ ئێمە بوو بووە ئامانجێکی گەورە و بەوپەڕی خۆشیەوە چاوڕوانیمان دەکرد و لەو ڕۆژەدا جلی کوردیمان دەپۆشی و ئاگرێکی گەورەمان دەکردەوە. ڕەفتاری ئەوکاتەی حکومەتی عێراق لە باشوردا دەگۆڕا و هەر ساڵەو بە شێوەیەکی جیاواز بوو. ساڵانی حەفتاکان هەندێک جار تیپی ئاگرکوژانەوەیان دەنارد و ئاگرەکەیان لێ دەکوژاندینەوە. بەڵام کۆڵمان نەدادا، بۆ ئێمە لەو منداڵیەدا ئەو ئاگرە بوو بووە سیمبوڵی زیندوێتی ڕۆحە کوردیەکەمان، بۆیە هەموو هەوڵێکمان دەدا کە ئاگرەکە نەکوژێنرێتەوە. بۆ ئێمە نەمانی ئاگرەکە کوژانەوەی ڕۆحمان بوو.
سەرەڕای ئەوانە هەموو ساڵێک پێش نەورۆز خەمم لێدێت. لەبەر ئەوەی کە زۆر جار کەسانێک بۆ مەبەستی پاڵپشتکردنی بیروبۆچوونی ئاینیی یان ناسیۆناڵیستیی خۆیان و لەسەر کۆمەڵێک بۆچوونی بێ بنەما، ئەو جەژنە مێژووییەمان لێ ناخۆش دەکەن. زۆریشیان لەم هەوڵەیاندا تەنها پشت بە لێکچوونی ناوی ئەژەدەهاک/هەستیاگ و دوایەمین پاشای میدی دەبەستن. بەو جۆرە بڕیار دەدەن کاوە فارس بووە و زوحاک کورد. جگە لەو لێکچوونە ئاساییەی ناوەکان، لێکۆڵینەوەیەکی زانستی هەتاوەکو ئەمڕۆ لە ئارادا نیە کە بە بەڵگەی ڕوونەوە پشتگیری لەو بۆچوونە بکات.
نەورۆز لە فەرهەنگماندا ڕەگێکی قوڵ و دێرینی هەیە، کۆنترین سەرچاوەی کوردی کە بە ووردی باسی ئەو جەژنەی کردبێت، ئەحمەدی خانیە. ئەحمەدی خانی زیاتر لە سێ سەد ساڵ لەمەوبەر لە مەم و زیندا باسی نەورۆز و خۆشی و شادی ئەو ڕۆژە لە ناو کورد دا دەکات. ئەم جەژنە بە شێوەیەک لە ناو کورد دا ڕەگی داکوتیوە، کە هەتاوەکو نزیکی چوار سەد ساڵ لەمەوبەر شارۆچکەیەک لە شارەزوور ناوی (مێرکاوە) بووە و هەر بە ناوی کاوەی ئاسنگەرەوە ناونرابوو.
هەروەها لە یەکێک لە ئەفسانەکاندا کە سەبارەت بە بنەچەی کورد باسکراوە، تێیدا کورد بەستراوەتەوە بە چیرۆکی کاوە و زوحاکەوە. زانا و مێژوونوسی گەورەی جیهانیی، ئەبوحەنیفەی دینەوەری، کە خەڵکی نزیک کرماشان بووە و یەکەم کەس بووە کە نزیکی هەزار و دوو سەد ساڵ لەمەوبەر کتێبی تایبەتی لەسەر مێژووی کورد نووسیوە و کتێبەکەی بزرە، لە کتێبێکی تریدا کە ماوە سەبارەت بە مێژووی جیهان نووسیویەتی بە ناوی (الاخبار الطوال)، باس لە بنەچەی کورد دەکات. دینەوەری هاتووە چیرۆکی زوحاک دەگێڕێتەوە و ئەویش دەڵێت کە ئەو کەسانەی کە لە دەست زوحاک دەرباز دەکران و ڕوویان دەکردە چیاکان، نەتەوەی کوردیان لێ پێکهات و ئەم ئەفسانەیە لای مەسعودی- ش دووبارە بووەتەوە. لە کڵامی یارسانیشدا دیسان ئەو خۆبەستنەوە بە کاوە و ئەفسانەی زوحاکەوە دەردەکەوێت. شاوەیس قولی کە لە نزیکی ساڵی ١٤٠٧ز لەدایکبووە، دەبینرێت کورد بوون و گوزارشکردنی لە کاوەدا بە شێوەکی زۆر سەرنج ڕاکێش دەخاتە ڕوو کاتێک کە بە هەورامی یێژێت:
ئەسڵمەن جە کورد، ئەسڵمەن جە کورد
بابۆم کوردەنان، ئەسڵمەن جە کورد
من ئەو شێرەنان چەنی دەستەی گورد
سلسلەی سپای زەحاک کەردم ھورد
واتە “من بنەچەم کوردە و باوباپیرانم کوردە و لە ڕەگەزی کوردم، من ئەو شێرەم کە لەگەڵ کۆمەڵێکدا سوپای زوحاکمان وورد کرد”. لێرەدا شاوەیس قولی زۆر بەڕوونی ناسنامەی کوردبوونی بەستۆتەوە بە کاوەی ئاسنگەرەوە.
لە ڕێوڕەسمی نەورزۆدا بەشێکی گرنگی لای کورد ئاگرەکەیە. ساڵان لەسەربانی هەموو ماڵێک لە هەندێک ناوچەدا ئاگردەکرایەوە. بەپێی جەیمس مۆریە کە لە ساڵی ١٨٢٠ دا هاتۆتە ناوچەکە، لە کۆتایی مانگی هەشت و لە دامێنی چیای (دەماوەند/زەماوەند) دا (جەژنی کورد) بەڕێوە چووە، لەوێدا خەڵک لەسەر سەربانی ماڵان هەموو ساڵێک ئاگریان بە بۆنەی ئەو جەژنەوە کردۆتەوە و جەژنەکەش بە ناوی کوردەوە بووە. ئەمڕۆش لە زۆر ناوچەدا سەرەڕای هەڵپەڕکێی کوردی و ئاگرکردنەوە، زۆر جارلاوان بە ناو ئاگرەکەدا باز دەدەن. بازدانی کورد بە ناو ئاگرەکەدا، بیروباوەڕی دێرینی باوباپیرەمان بۆ دەخاتەوە ڕوو. ئاگر لە ڕابردوودا خودای تایبەتی هەبووە و پیرۆز بووە و سیمبوڵی پاکردنەوە بووە. بەو جۆرە لە کاتێکدا لاوان خۆشی لە ئاهەنگەکە دەبینن، لە هەمان کاتدا دابونەریتی خۆپاکردنەوە و خۆپاراستن لە ناو خودای ئاگردا بەجێدەهێنن. خۆپاکردنەوە بە ئاگر دابونەریتێکی دێرینە و هەتاوەکو ئەمڕۆ ساڵانە لە جەژنی “لاس لومیناریاس” لە وڵاتی ئیسپانیادا، سوار بە ئەسپەوە بە ناو ئاگردا باز دەدات بە هەمان مەبەستی پاکردنەوە و پاراستنی ئاژەڵەکە. هەروەها ئاگرکردنەوەش ڕێوڕەسمێکی ئاینی دێرینە، بۆ نموونە نزیکی دوو هەزار و حەوت سەد ساڵ لەمەوبەر پێغەمبەری جوو “جەرمایا/یەرمیاهو” کە لە ناو ئیسلامدا بە “ئەرمایا” ناسراوە، ئاماژە بە دابونەریتێکی نەگونجاوی نامۆ بە جوەکان دەکات کە منداڵان داریان کۆکردۆتەوە و باوکان گڕیان بەرداوەتە ئاگرەکە و دایکانیش نانی تایبەتیان کردووە بۆ خوداژنی ئاسمان. ئەم خودایە سۆمەریەکان بە ئینانا ناویان هێناوە و ئاشوریەکان دوای باڵادەستبوونیان عیشتاریان بەرامبەر داناوە. واتە کردنەوەی ئاگر وەک هەڵسوکەوتێکی پیرۆز لەو ڕۆژەشدا تەمەنی زۆر لە فارس و دەرکەوتنیان لە مێژوودا دێرینترە.
بنەچەی دێرینی نەورۆز لە مێسۆپۆتامیای دێریندا دەبینرێتەوە. لە ڕاستیدا دوو جەژنی سەرەکی لە سەردەمی سۆمەریەوە کراوە، هەردوو ئەو جەژنانە بە تۆزێک گۆڕانەوە لە ناو کورد دا بەردەوام بووە. جەژنەکان بە ناوی جەژنی (یێزن ئەکیتو) کراوە کە سەرنج دەدرێت وشەی (یێزن) ی سۆمەری ئەمڕۆ بە هەمان مانا بووەتە (جەژن) لە کوردی نوێدا. ساڵانە ئەم جەژنە یەکێکیان لە سەرتای بەهار و ئەوی تریان لە حەوتەم مانگی ساڵ و لە پایزدا کراوە. دەبینرێت ئەمڕۆ نەورۆز لە مانگی سێدا بەڕێوە دەچێت و جەژنی سەرساڵ- ی ئیزدی وەک سەردەمی دێرینی مێسۆپۆتامیا لە یەکەم چوارشەممەی مانگی چواردا بەڕێوە دەچێت و لە مێسۆپۆتامیادا لە یەکەم ڕۆژی مانگی چواردا ئەو ئاهەنگەیان کردووە و هەندێک جاریش لە نزیک کۆتایی مانگی سێدا کراوە. سەبارەت شێوە پایزانەکەی ئەو جەژنە، وەک پێشتر ئاماژەی پێکرا، هەموو ساڵێک لە کۆتایی مانگی هەشت و لە دامێنی چیای (دەماوەند/زەماوەند) دا، کە لەڕابردوودا ناوچەیەکی میدی بووە، (جەژنی کورد) بەڕێوە چووە و لەوێدا خەڵک لەسەر سەربانی ماڵان هەموو ساڵێک ئاگریان بە بۆنەی ئەو جەژنەوە کردۆتەوە و جەژنەکەش بە ناوی کوردەوە بووە. واتە شێوە پایزانەکەی جەژنەکە تا سەردەمانێک لە دامێنی چیای دەماوەند دا هەر بە ناوی کوردەوە مابوو و بەسترابووەوە بە ئەفسانەی کاوە و زوحاکەوە. واتە هەردوو جەژنە دێرینەکەی مێسۆپۆتامیای دێرین لە کوردستاندا ماوەتەوە.
لە ڕاستیدا ئەفسانەی نەورۆز هێندە دێرینە کە لە سەرچاوە دێرینەکانیشدا تێکەڵ کراوە. زۆر لە سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زوحاک هەر نەمرودە و لەو جیاواز نیە. مێژوونوسی کورد ئیبن ئەسیر نزیکی هەشت سەد ساڵ لەمەوبەر دەڵێت زوحاک هەر نەمرودە و ئەو لە زمانی ئیبن کەلبی ئەوە دەگێڕێتەوە و ئەم بابەتە لای ئیبن خەلدون دووبارە کراوەتەوە و چەندین سەرچاوەی تری ئیسلامی ئاماژەی پێکردووە.
نەتەوەکانی وەک نەبەتی و ئاشوری و عەرەبیش خۆیان کردۆتە خاوەنی زوحاک و عەرەبەکان بە خەڵکی یەمەنیان داناوە و بەپێی سەرچاوە یۆنانیەکان، هەتاوەکو نزیکی دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر، ئاشوریەکانیش خۆیان بۆ (نینۆس) گەڕاندۆتەوە، کە (نینۆس) دیسان هەر ناوێکی تری نەمردود بووە کە ئەمڕۆ ناوی شاری (نەینەوا) ی لی دروست کراوە.
لە ڕاستیدا زۆربەی سەرچاوە مێژووییەکان بە هیچ جۆرێک کاوە و زوحاک وەک خەڵکانی سەر بە دوو نەتەوەی جیاواز باس ناکەن و وەک یەک دەیانبینن. ئەوە ئەمڕۆ هەندێ نووسەری کوردە کە بۆ مەبەستی ئایدیۆلۆجی خۆی خەریکە ئەو مانایەی پێ دەدەن. مێژوونوسی سەردەم نابێت بەو جۆرە سادەیە مامەڵە لەگەڵ مێژوو بکات. ئەمڕۆ کریستیانەکان سێ جەژنی سەرەکی دەکەن، جەژنی کریسمس، جەژنی سەری ساڵ و جەژنی ئیستەر. ئەو سێ جەژنە هەرسێکیان پێش ئاینی کریستیان لە ناو ڕۆمەکاندا کراون. ئەمڕۆ مێژوونوسانی ئەوروپی هەوڵ دەدەن لە بنەچەی ئەو سێ جەژنە بگەن، بەڵام سەرەڕای بەڵگەی یەکلاکەرەوەی مێژوویی سەبارەت ئەو سێ جەژنە، ئەوان نایەن بە خەڵک بڵێن ئەو جەژنە جەژنی کریستیانی نیە و نابێت ئاهەنگ بگێڕین. کەچی مێژوونووسی کورد زۆر بە سادەیی و بێ بەڵگە داستانێکی هەزاران ساڵە کە وەک ڕوونکرایەوە بۆچوونی چەندین نەتەوە و فەرهەنگی چووەتە سەر، سەرەڕای ئەوە بە زۆر دێت و ئەیەوێت بۆ مەبەستی ئایدیۆلۆجی خۆی، ڕەتیبکاتەوە. خەریکە بە ئەبوحەنیفەی دینەوەری کورد دەڵێت، نە ئەبوو تۆ نزیکی هەزار و دوو سەد ساڵ لەمەوبەر بنەچەی کورد ببەسیتەوە بە ئەفسانەی زوحاک و کاوەوە و بە ئەحمەدی خانی دەڵێت کە نزیکی سێ سەد ساڵ لەمەوبەر نەئەبوو لە مەم و زیندا باسی خۆشی جەژنی نەورۆز بکەیت و بە شاوەیس قوڵی دەڵێت تۆ هەڵە بوویت کە کاوەت بە کورد لە قەڵەم دا و بە شارەزووریەکان دەڵێت ئێوە نەئەبوو شارۆچکەیەک بە ناوی کاوەوە ناوبنێن “مێرکاوە”. ئەمە نەک مێژوونوسین نیە، بەڵکو تاوانە بەرامبەر بە فەرهەنگ و مێژووی نەتەوەیەک. دیارە ئەرکی مێژوونوسە کە هەمیشە لە دابوونەریتە کۆمەڵایەتی و ئاینیەکان بکۆڵێتەوە، بەڵام لێکۆڵینەوە لە دابونەریت نابێت وامان لێبکات کە توندڕەوانە مامەڵە لەگەڵ فەرهەنگ و مێژووی سەدان و هەزاران ساڵەمان بکەین و بە نوکە قەڵەمێک ئەو جەژنە گرنگە هەڵبوەشێنینەوە.
ئەمڕۆ ئەم جەژنە لە ناو چەندین نەتەوەی ناوچەکە شوێنی تایبەتی هەیەو هەریەکەیان ئاهەنگی تێدا دەگێڕن. جا با چیتر ئەم جەژنە دێرینەی چیاکانی کوردستان لە خۆمان تێک نەدەین و با قبوڵی بکەین کە ئەم جەژنە ئەفسانە و بۆچوونی سەردەم و نەتەوەی جیاوازی لێنیشتووە، بەڵام لەبری ئەوەی بێ بنەما جەژنێکی مێژوویی دێرین لە خۆمان بکەین، با لەگەڵ نەتەوە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێمەش بەپێی بۆچوونی خۆمان ئەو جەژنە بگێڕین و بیربکەینەوە چۆن بە جلی کوردیەوە لە بەردەم ئاگرە دێرینەکەی باوباپیرانماندا خۆشی ببینین، لەبری ئەوەی کە ئەو فەرهەنگە دێرینە بکەینە کێبڕکێیەکی نەتەوەیی بێمانا و نازانستی.
سەرچاوەکان
– ابن الأثير (٢٠١٠) الكامل في التاريخ [ئەنتەرنێت]، موقع الوراق. دەست دەکەوێت لە: <http://www.4shared.com/office/JmKBp7sX/___.htm> [سەردان کراوە لە ١/١٢/٢٠١٠] – ابن خلدون (٢٠٠٠)، تاریخ ابن خلدون، دار الفکر، بیروت.
– – حەمەڕەش، سۆران (٢٠١٣) کورد کێیە؟، لەلایەن نووسەرەوە چاپکراوە، لەندەن.
– الحموي، یاقوت (٢٠١٠) معجم البلدان [ئەنتەرنێت]، موقع الوراق. دەست دەکەوێت لە: < http://search.4shared.com/…/%D9%85%D8%B9%D8%AC%D9%85%20%D8%…>. [سەردان کراوە لە ١٨/١١/٢٠١٠] – الدینوري، ابو حنیفة احمد بن داود (١٨٨٨) الاخبار الطوال، مطبعة بریل، مدینة لیدن.
– المسعودي (٢٠١١) مروج الذهب [ئینتەرنێت]. الموسوعة الشاملة. دەست دەکەوێت لە: <http://islamport.com/d/3/tkh/1/133/2652.hml>. سەردان کراوە لە [سەردان کراوە لە١٣/٨/٢٠١١] – Dietrich, B. C. (2004) The Origins of Greek Religion, Bristol Phoenix Press, UK.
– Garnier (1909) The Worship of the Dead, Рипол Классик.
– Johnston, S. I. (2004) Religions of the Ancient World: A Guide, Harvard University Press, USA.
– Lundbom, J. R (1999) Jeremiah one-twenty, Doubleday, Indiana University, USA.
– Morier, J. J. (1818) A Second Journey through Persia, Armeia and Asia Minor to Constantinople between the years 1810 and 1816, Longman, Hurst, Rees, Orme and Brown, London.

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About نورسی گۆران

Check Also

75341173_955724274814673_7299845051868250112_n

چەند دیمەنێكی قەڵا دێرینەکەی شاری وان

قەڵای وان یەکێکە لە شوێنەوارە مێژووییەکان و دیمەنە سەرنجراکێشەکانی شاری وان لە باکوری کوردستان، کە …