Home / ناوداران / سەردار قاسم سولەیمانیی کێیە؟

سەردار قاسم سولەیمانیی کێیە؟

سەردار قاسم سولەیمانیی کێیە؟

FB_IMG_1507195470477

نوسینی : هیمداد شاهین

پیاوێک ھەمیشە لە تاریکییدا دێت و لە تاریکییشدا دەڕوات، ئەو پیاوەی نەیھێشت ھەولێر بکەوێتە دەست داعش، لەنیوەشەوێکی ئەنگوستەچاودا، لەچاوتروکانێکدا ڕایاندەماڵێت، نیویۆرک تایمز لەبارەیەوە دەنووسێت “ئەو دوژمنێکە ھەم ڕقت لێیەتی و ھەم خۆشت دەوێت”، واشنگتن پۆست ئەو وەکو گرنگترین و کاریگەرترین سیاسییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران پێناسە دەکات، لەھەمانکاتدا وەکو ترسناکترین پیاوی ئێران بە نسبەت ئەمێریکا وێنای دەکات.

سولەیمانیی، پیاوێک نزیک بە ٣٥ساڵ پێش ئێستا، فەرمانبەرێکی سادەی بەڕێوبەرایەتیی ئاو بوو، کەچی ئێستا کەسی یەکەمی ئێرانە، وەکو تارمایی لەم وڵات بۆ ئەو وڵات دەڕوات، تەنانەت ئەوانەی خۆشیشیان ناوێت، بەپیاوێکی ھۆشیار و وردەکاری دەزانن، لەئێستادا ئەو بەھێزترین پیاوی ئێران و ناوچەکەیە، پێیەکی لە بەغداد و پێیەکی لە تاران، ھێندەت زانی لە سوریا دەرکەوت، ڕۆژێک دواتر لە ئەفغانستانە، لەھەمان ڕۆژدا لە ئێران دەیبینیتەوە، ھێندەت زانی گەیشتە لوبنان و یەمەن و تاد..

ھەندێک بە ئاشوب و ھەندێک وەکو فریادڕەس و ڕەحمەت پێناسەی دەکەن. ھەندێک بە تێرۆریست و ھەندێک بە جەنگاوەر، بەڵام دواجار ئەوەی ئەو دەیکات، پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی ئێرانە، بەپێی قسەی بەشێک لەنزیکەکانی، سولەیمانیی سەرەتا ئاماژە دەدات، گەر سوودی نەبوو، دواتر چاوێک سوور دەکاتەوە، گەر ھەر سوودی نەبوو و کارلەکار ترازا، بێ ئەوەی خۆی شلوێ بکات، بەبێ ئەوەی ھیچ فەوزا و دەنگەدەنگێک درووست بکات، بەتێپەڕینی کات لوتی دوژمنەکەی دەخاتە سەرزەوی.

یەکێک لە پارلەمانتارانی سەردەمی نووری مالیکیی لەباسی سولەیمانییدا دەڵێت: لەماوەی ھەشت ساڵی حوکمڕانیی مالیکیدا، تەنھا یەکجار سولەیمانیی ھات، ئەو پیاوێک بوو بە ھێمنی قسەی دەکرد و کەسێکی لۆژیکیی و زۆر بەئەدەب بوو، کاتێک قسەی لەگەڵدا دەکەیت، ھێندە سادە و ساکارە تەصەور ناکەیت، تا ئەو کاتەی پشتیوانییەکانی دەبینیت، ئەوسا دەزانیت ئەم پیاوە چەندە بەھێز و پڕ قودرەتە!

سەردار سولەیمانیی، لەئێران ھێندە کاریگەر و بەھێزە، تەنانەت زۆر بەھێزتر لە خامنەیی و ڕۆحانییە، ئەو خۆشەویسترین کەسی نێو سوپای پاسداران، فەرماندە و شادەماری سوپای قودسی ئێرانە، سولەمانیی، ئەو پیاوە بەویقارە ڕیش سپییەی گەورەترین ڕۆڵی لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا ھەیە، ڕۆژنامەکانی بەریتانیا وەک بەھێزترین یاریکەری ناوچەکە پێناسەیان کردووە، ساڵانێک پێش ئێستا، ڕۆژنامەی گاردیان نووسیبووی، سیاسییە باڵاکانی عێراق، ئەو وەکو فریشتەیەک دەبینن کە لە کارەسات و نەھامەتییەکاندا، بێدواکەوتن بەھانایانەوە دێت.

لە نامەیەکدا کە سولەیمانیی بۆ جەنەراڵێکی ئەمێریکی نووسیویەتیی، تێیدا دەڵێت، من سەردار سولەیمانییم، ئەو پیاوەی سیاسەتەکانی ئێران لە عێراق و غەزە و لوبنان و سوریا و …تاد، جێکەوت و تەبەنی دەکەم، لە نامەیەکی تردا کە بۆ سەرۆکی پێنتاگۆن نووسیویەتیی، تێیدا دەڵێت، ئاغای سەرۆکی پێنتاگۆن، باوەڕت نەدەکرد ئەم نامەیە بگاتە دەستت؟! بەڵام ئەگەر پێویست بکات، زۆر نزیکتر دەبمەوە لەو نامەیەی کە ئێستا گەیشتووە بەدەستت!

About زريان احمد

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …