Home / ناوداران / نەخۆشی کۆتایی بە ژیانی هێنا و لە دووری ووڵات چاوەکانی لێک نا  هەموو شتێک لە بارەییەوە بخوێنەوە 

نەخۆشی کۆتایی بە ژیانی هێنا و لە دووری ووڵات چاوەکانی لێک نا  هەموو شتێک لە بارەییەوە بخوێنەوە 

22141135_1604143209648094_1426027184875774816_n
شارپرێس:
جەلال تاڵەبانی، سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق كۆچی دوایی كرد.

دوای ئەوەی ئەمڕۆ سێ‌ شەمممە هەواڵی كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی بڵاوكرایەوە، میدیای فەرمی یەكێتی نیشتمانی هەواڵەكەی پشتراستكردەوە.

جەلال تاڵەبانی، سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق‌و سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، رۆژی17-12-2012 لەبەغدا بەهۆی جەڵتەی مێشكەوە باری تەندروستی تێكچوو، دواتر رەوانەی نەخۆشخانەیەكی ئەڵمانیا كراو دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی، رۆژی 19-7-2014 گەڕایەوە سلێمانی.

پاشان جارێكی دیكە بۆ هەمان مەبەست برایەوە ئەڵمانیا، دواتر برایە نەمسا، لەمانگی ئەیلوولی ساڵی 2016ەش گەڕایەوە كوردستان‌و باری تەندروستی باشتر بوو، لەوكاتیشەوە تاوەكو ئێستا ناوەناوە سەركردەو كەسایەتییەكان سەردانیان دەكرد.

مانگی تەمموزی ئەمساڵیش لەسەر بانگهێشتی لێپرسراوانی كۆماری ئیسلامیی ئێران سەردانێكی دۆستانەی بۆ تاران ئەنجامداو ئەمڕۆش بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد.

ژیاننامەی جەلال تاڵەبانی
مام جەلال كوڕ‌ی شێخ حیسامەدین كوڕ‌ی شێخ نوری كوڕ‌ی شێخ غە فوور. هاوینی ساڵی 1933 لە گوندی كەلكان ی قەتپاڵی چیای كۆسرەت لە دایكبووە، كە دەڕ‌وانێتە دەریاچەی دوكان. چەند ساڵێك تەمەنی منداڵی لەو گوندە بەسەر بردووەو دواتر باوكی بووە بەر ێبەری تەكیەی تاڵەبانی لە كۆیە. لەوێ چۆتە قوتابخانەی سەرەتایی و بە سەركەوتوویی خوێندنی تەواو كردووە، خوێندكارێكی زیرەك لێهاتوو بووە، هەر لە تەمەنی منداڵییەوە نیشانەكانی سەركردایەتی بە جۆرێ‌ لێدەركەوتووە كە پێش هاوڕ‌ێكانی دەكەوت بۆ كۆڕ‌ی پرسە و ئەو بۆنانەی لەو سەردەمەدا بەڕ‌ێوە دەچوون، بەیانیان لە كاتی ریزبوونی قوتابیاندا، مامۆستاكان پێش هەمووان ئەویان هەڵدەبژارد بۆ خوێندنەوەی شیعری نیشتمانیی و نەتەوەیی.

لەوێوە بیرۆكەی نەتەوایەتی لای ئەو چەكەرەی كرد تا وای لێهات وردە وردە بەسەریدا زاڵ بوو، كە گەیشتە پۆلی چوارەمی سەرەتایی یەكێك بوو لە پێشەنگەكانی خوێندكاران كە بە پەرۆشەوە بەشداری لە چالاكیەكانی قوتابخانە دەكرد و بەشداری لە وتار خوێندنەوەو شانۆدا دەكرد.

ئەگەرچی جەژنی نەورۆز لە لایەن حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عیراقەوە یاساخ بوو، بەڵام لەگە‌ڵ ئەوەشدا گەلی كوردستان لە 21 ی ئاداری هەموو ساڵێك بە ئاهەنگ یادیان دەكردەووە، ئەویش بە هۆی پیرۆزیی ئەم جەژنە لای كورد كە بە رۆژی سەركەوتنی گەلی كورد دادەنێن بەسەر ئەو زاڵمانەی دەیچەوساندنەوە.

ساڵی 1945: ئاهەنگێكی میللی لە كۆیە بۆ نەورۆز سازكرا، تاڵەبانی كە لە تەمەنی سیانزە ساڵیدا بوو بەشداری تێدا كرد و وتەی حەماسئامێزی خوێندەوە، بووە مایەی سەرسۆڕ‌مانی مامۆستا و بەشداربووان.

لە ساڵی 1946 دا لەگە‌ڵ چەند هاوڕ‌ێیەكی خوێندكار و بە ئامۆژگاری یەكێك لە مامۆستاكانی كۆمەڵەیەكی فێركاری نهێنی دامەزراندبە ناوی كۆمەڵەی پێشخستنی خوێندنەوە k.p.x و مام جەلال بە سكرتێری هەڵبژاردرا، ئامانجێكی كۆمەڵەكە هاندانی خوێندكاران بوو بۆ خوێندنەوەی دەرەكی.

لە هەمان ساڵدا و دوای دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كورد لە 16 ی ئابی 1946 كەوتە ژێر كاریگەری بەرنامەی پارتی و لە چوارچێوەی رێكخستنەكانیدا كەوتە چالاكی خوێندكارانە.

دوای چوونە ناو كاری سیاسییەوە، رۆژنامەی رزگاری كە پارتی دیموكراتی كورد بە نهێنی دەریدەكرد، كورتە وتاری لەژێر نازناوی ئاگر دا بۆ بڵاو دەكردەوە.

ساڵی 1947 بوو بە ئەندام لە پارتی دیموكراتی كورد و چالاك و لێهاتوو بوو لەو ئەرك و فەرمانە حزبیانەی پێی دەسپێردران.

ساڵی 1948 خوێندنی سەرەتایی تەواو كرد و لە ناوەندی كۆیە بوو بە خوێندكار، ئەو ساڵە بە ساڵی وەسبە راپەڕ‌ین ناسرابوو، كە گەلی عیراق توانی پەیماننامەی پۆرتسماوس هەڵبووەشێنێتەوەو حكومەتی ساڵح جەبر بڕ‌وخێنێ و حكومەتی محەمەد سەدر دابمەزرێنێو لەو كەش و هەوا ئازادیەدا كە لە سایەی ئەم راپەڕ‌ینە هاتە كایەوە، هەڵبژاردنێكی گشتی خوێ،دكاران ئەنجامدرا بۆ هەڵبژادنی نوێنەرانی كۆنگرەی گشتی.

ئەوە بوو جەلال تاڵەبانی بە نوێنەری خوێندكارانی كۆیە هەڵبژێردرا و بەشداری لە یەكەمین كۆنگرەی خوێندكارانی عیراقدا كرد كە لە نیسانی 1948 لە گۆڕ‌ەپانی السباع ی شاری بەغداد بەسترا.

لەم كۆنگرەیەدا بۆ یەكەمین جار گوێی لە شاعیری مەزن محەمەد مەهدی جەواهیری بوو، كە شیعرە بە ناوبانگەكەی رۆژی شەهید ی خوێندەوە، كە بۆ جەع فەری برای و بۆ شەهیدانی وەسبە وتبووی. ئەو ساتانە لە ژیانی تاڵەبانیدا مێژوویی بوون و وای كرد ببێتە یەكێك لە مریدەكانی شیعری ئەو و دواتریش بوو بە ئازیزترین دۆستی و ئەو دۆستایەتیە تا دوا ساتەكانی ژیانی شاعیر بەردەوام بوو.

ساڵی 1949 و لە سایەی حوكمی عور فی و تۆقاندن كە كوردستان و عیراقی گرتەوە، تاڵەبانی لە حزبدا سەركەوت و بووە ئەندامی لیژنەی ناوچەی كۆیە.

لە شوباتی 1951 دا و لە كۆنگرەی دووەمی پارتی دیموكراتی كورد، بە ئەندامی لیژنەی ناوەندی هەڵبژێردرا، بەڵام لەبەر پاراستنی ریزەكانی پارتی پلەكەی خۆی بە هەڤاڵێكی خۆی بەخشی كە دوای دەرچوونی لە زیندانی بەشداری لە كۆنگرەدا كردبوو.

لە ساڵی 1951 دا لەگە‌ڵ چەند هەڤاڵێكدا گیراو بۆ شاری موسڵ دوور خرایەوە، لەوێش لە خەباتی سیاسیدا بەردەوام بوو و دواتر چووە كەركوك بۆ تەواوكردنی خوێندن و سەر لەنوێ دامەزراندنەوەی رێكخستنەكانی حزب و بووە بەرپرسی رێكخستنەكانی كەركوك. لە هەمان ساڵیشدا ئەركی چاپ و بڵاوكردنەوەی بڵاوكراوەكانی بە شێوەیەكی نهێنی گرتە ئەستۆ تا ئەو رۆژەی گیرایەوە.

ساڵی 1952 چووە كۆلیژی ماف حقوق لە بەغداد كە ئەو دەمە رێكخستنەكانی پارتی دیموكراتی كورد پەرتەوازە بوو، بەڵام مام جەلال توانیی رێكخستنەكانی حزب تۆكمە بكاتەوە.

لە كانوونی دووەمی 1953 دا بەشداریی كۆنگرەی سێیەمی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد و بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا و لە مانگی شوباتدا سەرپەرشتی یەكەمین كۆنگرەی یەكێتی قوتابیانی كوردستانی كرد و لە كۆنگرەیەدا بە سكرتێری گشتی قوتابیانی كوردستان هەڵبژێردرا و لە هەمان ساڵیشدا یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان ، هەر لەو كاتانەدا نوێنەری پارتی بوو لای زۆربەی حزبە نهێنێ و ئاشكراكانی عیراقی.

ساڵی 1954 بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی هەڵبژێردرا.

ساڵی 1955 سە فەری دەرەوەی عیراقی كرد و لە فیستیڤاڵی لاوان و قوتابیانی جیهانی لە وارشۆ بەشداری كرد و لەوێوە سەردانی یەكێتی شوورەوی ئەوسا و چینی كرد.

ساڵی 1956 لەبەر چاوان وون بوو، كەوتە خەباتی ژێر زەمینی و ناچار بوو لە پۆلی چوارەمی ما فدا خوێندن بەجێبهێڵێت.

ساڵی 1957 سە فەری سوریا و مۆسكۆی كرد و لە فیستیڤاڵی لاوان و قوتابیانی مۆسكۆ بەشداری كرد و هاتنی بۆ سوریا بە فرسەت زانی بۆ پەیوەندی بە كوردەكانی ئەوێوە و پەیوەندیەكی سیاسی دروستبوو. لە هەمان ساڵیشدا گەڕ‌ایەوە عیراق و بەشداری لە كارەكانی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانی یەكگرتوو كرد و بوو بە بەرپرسی رۆژنامەی خەباتی كوردستان كە لە سلێمانی بە نهێنی دەریان دەكرد.

لە یەكەمین رۆژی سەركەوتنی شۆڕ‌شی 14 ی گەلاوێژی ساڵی 1958، سەرپەرشتی رێكخستنی خۆپێشاندانی جەماوەری سلێمانی كرد و بە هاوكاری هەڤاڵانی حزب لە نێو شاردا، پاشان چووە بەغداد و بەشداریی لە كاروباری مەكتەبی سیاسی و دەركردنی گۆڤاری رزگاری التحریر دا كرد، هەروەها ئەركی ئەو خەباتەی لە ئەستۆ گرت كە لە نێو ریزەكانی حزبدا فراوان دەبوو، وەك پێویستییەكی بوونی حزبێكی پێشڕ‌ەوی كوردستانی و رێكخراوە پێشەییەكان بەرهەڵستكاری كردنی ئەو هەوڵانەی كە دەیانویست پارتی دیموكراتی كوردستان بكەنە پاشكۆی حزبێكی عیراقی.

ساڵی 1959 جارێكی تر بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەكتەبی سیاسی هەڵبژێردرا و لە هەمان كاتدا ئە فسەری یەدەكی كەتیبەی چوارەمی تانك بوو، هەروەها بەشداری لە دەركردنی رۆژنامەی خەبات دا دەكرد كە بە زمانی عەرەبی دەردەچوو، وە بە ناوی پیرۆت ەوە وتاری تێدا بڵاودەكردەوە.

ساڵی 1960 بەرپرسی لقی سلێمانی و ئەندامی مەكتەبی سیاسی بوو كە خولێكی هۆشیاری بۆ كادێرەكان كردەوە.

ساڵی 1961 بووە سەرنووسەری رۆژنامەی كوردستان و دوای داخستنی رۆژنامەی خەبات دووچاری راوونان بوو لە بەغداد، بەڵام لە شەوی نەورۆزی هەمان ساڵدا وتارێكی دژی دیكتاتۆریەت خوێندەوەو بەرگری لە بارزانی خوالێخۆشبوو كرد كە ئەو سەردەمە قاسم كۆمەڵێك تاوانی دابۆوە پاڵ لە ئەنجامی ئەوەدا فەرمانی گرتنی دەرچوو و بە نهێنی گەڕ‌ایەوە سلێمانی و خۆی شاردەوە و بەشداری لە رێكخستنی مانگرتنی گشتیدا كرد كە لە شەشەی ئەیلوولدا كرا.

لە ئەیلولی 1961 دا كە شۆڕ‌ش هەڵگیرسا، بەرپرسی ناوچەی سلێمانی بوو، یەكەمین بنكەی شۆڕ‌شی لە چەمی رێزان كردەوەو سەرپەرشتی كرد و فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی لیوای سلێمانی كرد تا وای لێهات زۆر فراوان بوو و بووە هێزێكی گەورە، ئەوە بوو كرا بە لێپرسراوی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.

لە نەورۆزی 1962 دا، سەركردایەتی ئەو هێڕ‌شە بەر فراوانەی كرد بۆ سەر ناوچەی شارباژێڕ‌ و لە ماوەی چەند رۆژێكدا دەست بەسەر هەموو بنكەی پۆلیسی ناحیەی بناوەسووتە و چوارتادا گیرا و هێزەكانی بەرەو‌ قەزای پێنجوێن برد و تەواو ناوچەكەیان ئازاد كرد.

بەم شێوەیە هەردوو ناوچەی شارباژێڕ‌ و پێنجوین بوونە دوو ناوەندی شۆڕ‌ش و سەركردایەتی. لە 1962 ـ 1963 زۆربەی ناوچەكانی قەرەداغ و قەڵاسێوكە و گەرمیان و سەنگاو ئازاد كران. ئەو دەمە مام جەلال فەرماندەی هێزی رزگاری بوو، لە هەمان كاتیشدا سەرپەرشتی دامەزراندنی ناوەندەكانی بەمۆ و هەڵەبجە و تەوێڵە و بیارەی دەكرد.

ساڵێ 1963 و دوای كودەتا رەشەكەی شوبات، مام جەلال بە سەرۆكی وە فدی كوردی دەستنیشان كرا بۆ گفتوگۆ لەگە‌ڵ حكومەتی تازەدا كە لە سەرتادا رەزامەندیان لەسەر گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی رەوای كورد نیشاندا، هەروەها سەردانی كۆماری میسری و جەزائیری كرد و چاوی بە عەبدولناسر و بن بێلا كەوت و لە هەمان ساڵیشدا سەردانی ئەوروپای كرد و نوێنەرایەتی شۆڕ‌شی كوردستانی كرد و سەركەوتوو بوو بۆ ناساندنی كێشەی كورد و ئاشكرا كردنی بارودۆخی كوردستان و كۆكردنەوەی یارمەتی و هاوكاری بۆ شۆڕ‌ش لە وڵاتانی فەرەنسا، ئەڵمانیا، روسیا، چیكسلۆ فاكیا و نەمسا.

ساڵی 1964 گەڕ‌ایەوە كوردستان و ئەركی خۆی لە فەرماندەیی كردنی هێزی رزگاری گرتەوە ئەستۆ.

ساڵی 1967 بەشداری لە كۆڕ‌ی ئیشتراكیەكانی عەرەب كرد لە جەزائیر و لێكۆڵینەوەیەكی زۆر بە پێزی دەربارەی كێشەی كورد و شەرعیەتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كورد و دۆستایەتی نێوان كورد و عەرەب پێشكەشكرد.

ساڵی 1970 رۆڵی كاریگەری خۆی بینی لە یەكگرتنەوەی هەردوو باڵی پارتی دیموكراتی كوردستان كە پێشتر ببوونە دوو باڵ و ناكۆكیەكی تاڵ و خوێناوی لە نێوانیاندا هەبوو.

ساڵی 1972 سە فەری دەرەوەی عیراقی كرد و ماوەیەك لە لوبنان و میسر و سوریا مایەوە و دوای رووخاندنی شۆڕ‌شی كورد كە لە ئەنجامی رێكەوتننامەی نێوان سەدام و شای ئێران لە ئاداری 1975 لە جەزائیر ئیمزا كرا، تاڵەبانی هەر لەو ناوچانەدا مایەوە.

لە 01 06 1975 لە دیمەشق لەگە‌ڵ دەستەیەك لە هەڤاڵانیدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیی دامەزراند و نەخشەی بۆ هەڵگیرسانەوەی شۆڕ‌شی نوێ دانا كە لە 01 ی حوزەیرانی 1976 راگەیەنرا و بووە سكرتێری گشتی یەكێتیی.

لە ساڵانی دوای دامەزراندنی یەكێتی لەسەر چالاكی سیاسی و سەركردایەتی حزب و شۆڕ‌ش بەردەوام بوو لەگە‌ڵ هەڤاڵەكانی لە چیا و ئەشكەوتەكانی كوردستاندا دەژیا.

بە گەواهی زۆر لە چاودێرە سیاسیەكان یەكێك بووە لە بزوێنەری سەرەكی بۆ لێك نزیك كردنەوەی بۆچوونەكان لە نێو ریزی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی لە كۆنگرەكانی نیویۆرك و لەندەن و سەڵاحەدین و هەموو دانیشتنەكانی دوای ئەوانەش كە پەیوەندی بە رێكخستن و نزیكبوونەوەی ماڵی عیراقییەوە هەبوو، میوانداری زۆربەی زۆری هێزە عیراقیەكانی كردەوە لە كوردستان و پشتگیری هەمە جۆرەی كردوون.

لەسەر گۆڕ‌ەپانی نێودەوڵەتیش، تاڵەبانی بەشداری چەندین كۆنگرە و كۆبوونەوەی ئیشتراكی نێودەوڵ‌تی كردەوە و چاوی بە سەركردە سیاسیە نێو دەوڵە‌تیەكانی زۆر وڵاتانی جیهانی كەوتووە.

جگە لەوەی كە كەسایەتیەكی سیاسییە خەباتگێرێكی هۆشمەند و نووسەر و یاساناسە، وەك رۆژنامەنووسێكیش لە رۆژنامەی نهێنی و ئاشكرادا نووسیویەتی و لە ساڵی 1959 بە ئەندامی ئەنجوومەنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی عیراقی هەڵبژێردرا كە شاعیری مەزن محەمەد مەهدی جەواهیری نەقیبی بوو.

تاڵەبانی جگە لەوەی یەكێكە لە سیاسی و دیپلۆماسی و رۆژنامەنووسەرە دیارەكان، نووسەرێكی ناوداریشە و بە شێوەیەكی كاریگەر بەشداری لە تیشك خستە سەر تێكڕ‌ای بزووتنەوەی سیاسی عیراق و ناوچەكە و بزووتنەوەی سیاسی كوردی كردەوە، لەم بوارەشدا چەندین كتێبی لە سەردەمی جیاجیادا نووسیوە كە كتێبخانەی عەرەبی و كوردی دەوڵەمەند كردەوە و بوونەتە سەرچاوەیەكی گرنگ بۆ لێكۆڵینەوە لە بواری مێژووی جوڵانەوەی سیاسی كوردی و عیراقیدا.

دوای ئازادكردنی عیراق بە ئەندامی ئەنجوومەنی حوكم هەڵبژێردرا و لە مانگی نۆڤەمبەری 2003 دا سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی كرد و لەم ماوەیەدا كارامەیی خۆی لە هەڵسوڕ‌اندنی كاروباری حوكم نیشاندا.

• لە 06 نیسانی 2005، مام جەلال 227 دەنگی لە كۆی 248 دەنگی ئەندامانی كۆمەڵەی نیشتمانی عیراقی بە دەستهێنا و بە هەڵبژاردنێكی راستەوخۆ بە یەكەمین سەرۆكی هەڵبژێراوی عیراق هەڵبژێردرا، بەم جۆرە تاڵەبانی لە فراوانترین دەروازەكانەوە چووە ناو مێژووی كورد و هەروەها لە جوانترین دەروازەشەوە چووە ناو مێژووی عیراق و لە ناودارترین دەروازەشەوە چووە نێو مێژووی سیاسی و دیموكراسی جیهانەوە، ئێستاش بەردەوامە لەسەر هەوڵی بێوچان و شەودەخاتە سەر رۆژ بۆ هێنانەدی ما فەكانی كورد و گەشەكردنی عیراق و بیاتنانەوەی و قەڵاچۆكردنی تیرۆریستان و پەیوەندی فراوان پەیداكردن لەگە‌ڵ دەرو دراوسێ و دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامی و رۆژئاواو هاوپەیمانان.

About دیدار عثمان

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …