Home / بەشی مێژووی كورد / ئایا فارس و تورک و عەرەب و ئەوروپیەکان ڕاست دەکەن کە دەڵێن تا سەدەکانی ناوەڕاست وشەی “کورد” ئاماژە بووە بە خەڵکی ڕەوەند و باری کۆمەڵایەتی وەک لە نەتەوەیەکی تایبەت؟

ئایا فارس و تورک و عەرەب و ئەوروپیەکان ڕاست دەکەن کە دەڵێن تا سەدەکانی ناوەڕاست وشەی “کورد” ئاماژە بووە بە خەڵکی ڕەوەند و باری کۆمەڵایەتی وەک لە نەتەوەیەکی تایبەت؟

17190874_1070562486405134_5341227595530755328_n

ئایا فارس و تورک و عەرەب و ئەوروپیەکان ڕاست دەکەن کە دەڵێن تا سەدەکانی ناوەڕاست وشەی “کورد” ئاماژە بووە بە خەڵکی ڕەوەند و باری کۆمەڵایەتی وەک لە نەتەوەیەکی تایبەت؟
نووسینی: سۆران حەمەڕەش
کە داگیرکراو بوویت مێژووەکەشت داگیرکراوانە دەنووسرێتەوە. ئەوە ڕێک بەسەر کورد دا دەچەسپێت. لەم سەد ساڵەی ڕابردوودا شانبەشانی چەسپاندنی نەخشەی نوێ و دامەزراندنی دەوڵەتەکانی بە ناو عێراق، سوریا، تورکیا، ئێران و تا ڕادەیەکیش ئەرمینییا، “دەزگا ئەکادیمیەکان” ی هەر یەک لەم وڵاتانە ساڵانە بودجەی تایبەتیان داناوە بۆ “دەزگا ئەکادیمیەکان” یان کە لەسەر مێژوو کاردەکەن بەمەبەستی مانادان بەو نەخشە نوێیەی کە وڵاتەکانیانی لەسەر دروست بووە. بەو جۆرە مێژوو لەو ناوچەیەی کە کوردی تێدا بەشکراوە بەشێکی زۆری بەکارهاتووە وەک ئامرازێک بۆ مانادان بە نەخشەیەکی بێ بنەمای دروستکراوی نوێ. جا بۆ ئەوەی کە مانا بەو نەخشە بێ مانایە بدەن، پێویستیان بەوە بووە کە مێژووی کورد بکەنە گاڵتەجاڕی و بەو جۆرە لەو وڵاتانەدا توانای خۆیان خستۆتە گەڕ بۆ تێکدانی مێژووی کورد و بێ ماناییکردنی بۆ ئەوەی کە ئەو کیانە نوێیانە مانایەکی مێژوویی پێ بدرێت و ئەوەی کوردیش بێ مانا بکرێت.
لە ئەنجامدا زۆر جار گەر بەرهەمێکی مێژوویی فارسێک، عەرەبێک، تورکێک یان هەندێک جار ئەرمەنیەک سەبارەت بە کورد ببینیت، بە گشتی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ناوی “کورد” هەتاوەکو سەدەکانی ناوەڕاست ئاماژە نەبووە بە نەتەوەیەکی تایبەت بەڵکو ئاماژە بووە بە خەڵکی ڕەوەند. ئەم بۆچوونە لە سەدان بەرهەمی ئەو وڵاتانەدا کە ئاماژەیان پێکرا و سەدان بەرهەمی ئەوروپیشدا بێ پرسیارلێکردنێک دووبارە کراوتەوە. بۆ ئەم ئەنجامەیان سوودیان لە بۆچوونی مینۆرسکی وەرگرتووە کە سەرەتا ئەو بۆچوونەی داوە و دوایی ئەو بۆچوونە لەلایەن ڤان برۆنسن و زۆربەی بەناو کوردناسەکانەوە دووبارە کراوەتەوە. سەرەتا مینۆرسکی ئەم بابەتەی هێنایە ئاراوە، ئەویش سوودی لە کتێبەکەی حەمزەی ئەسفەهانی وەرگرتووە کە لە سەدەی دەیەمدا نووسیویەتی و دەڵێت “فارسەکان بە دەیلەمیەکانیان دەگووت کوردەکانی تەبەریستان و بە عەرەبیان دەگووت کوردەکانی سوریستان (سوریا)”. بەو جۆرە تەنها لەسەر ئەم بنەمایە ئەمڕۆ “مێژوونووس” و هەر کۆلکە نووسەرێکی فارس و عەرەب و تورک وەک قورئان مامەڵە لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا دەکەن و لە هەموو ئاماژەکردێکیاندا بە کورد دووبارەی دەکەنەوە. بۆ نمونه ‌زەبیحوڵای سەفا (١٩١١ ز-١٩٩٩ز) کە لە سەدەی ڕابردوودا پرۆفسیۆری زانکۆی تاران بووە، له‌ باسی ناوی شاعیرێکی کوردی سەدەی نۆیەمی زاینی به‌ ناوی بەسام-ی کورد، دەڵێت “نازناوی “کۆرد” (لە کتێبی مێژووی سیستان (تاریخ سیستان) دا بە شێوەی “کۆرد” نوسراوە) مەبەست لێی “شوان” بووە و لەوە ناچێت کە هیچ پەیوەندیەکی بە خێڵە خۆرئاواییە ئێرانیەکانەوە هەبێت کە بە کوردەکان دەناسرێن”. ئەمە کاری پرۆفیسۆرێکە زۆر بە ئاسانی و بێ بەڵگە بڕیاری داوە کە کورد شوان بێت نەک نەتەوە و هەروەها کوردی ئەمڕۆشی بە خێڵی ئێرانی لە قەڵەم دەدات و بەسامی کورد دەکاتە “بەسامی شوان”.
با بزانین سەرچاوە مێژووییەکان تا چەند پشتگیری لەو بۆچوونە دەکەن؟
لە کارنامەی ئەردەشیری پابگاندا کە باسی ڕووداوەکانی سەدەی سێیەمی زاینی دەکات، ئاماژە بە پادشایەک دەکرێت بە شێوەی “کوردان شاهی ماسی” بە مانای (کوردان شای میدی/پاشای کوردی میدی). ئەو پاشا کوردە میدیە بەپێی کارنامە سەرەتا ئەردەشیری ساسانی شکاندووە و دوایی لە شەڕێکی تردا لەلایەن ئەردەشیرەوە شکێنراوە. واتە نەک لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، بەڵکو لە پێش ئیسلامدا کورد بە مید لە سەرچاوەی پەهلەویدا ئاماژەی پێکراوە. خۆ ناکرێت پادشایەک لەگەڵ ئەردەشیردا بە پادشای “میدی شوانەکان” لە قەڵەم بدرێت.
چەندین سەرچاوەی ئەرمەنی لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە ئاماژە بە “کوردە میدەکان” دەکەن. تەنانەت لە تێکستی کڵێسەیەکی ئەرمەنیدا کە مێژووەکەی بۆ سەدەی پانزەیەم دەگەڕێتەوە بەڵام لە بەڵگەنامەیەکی دێرینتر کۆپی کراوە، لەسەر کاغەزی ئەو تێکستە نووسراوە “زمانی میدی”. ئەوەی مایەی سەرنجە کە تێکستەکە دەخوێنیتەوە کوردیە و ئەم دێڕەیە “پاکژ خودێ، پاکژ زاهم، پاکژ ڤەمەرگ، کۆی هاتی خاچێ ئژ کر مە، ڕەحمەتێ”. واتە لە سەرچاوە ئەرمینیەکاندا کورد هەر مید بووە و ئەوەی کە بەزمانی میدیش دانراوە هەر زمانی کوردی بووە.
لە سەرچاوەکانی سەردەمی ئیسلامدا کەس بە ڕوونی هێندەی ئیبن وەحشیە باسی کورد و زمانەکەی و ئەلفوبێکەی مێژووەکەی نەکردووە. ئیبن وەحشیە لە سەدەی نۆیەمی زاینیدا سەرەتا باسی ئەوە دەکات کە زانست سەرەتا لە ناو کلدانیەکاندا بڵاوبووەتەوە و لای ئەوان بووە، بەڵام کوردەکان پێیان وابووە کە زانست سەرەتا لای کورد بووە و بەردەوام دەبێت و دەڵێت کە لەسەر ئەوە هەمیشە جۆرێک لە بەربەرەکانی لە نێوان کورد و کلدانیدا هەبووە. هەروەها دەڵێت کە کورد لە زانستی کشتوکاڵ و تایبەتمەندی ڕووەکدا لە کلدانیەکان باشترن و لە ئاماژە بە ئەلفوبێی کوردی دەڵێت “من لە بەغدا سی [٣٠] کتێبم بینی کە بەو ئەلفوبێیە نووسرابوون، لە شام دوو کتێبم لەوانە لەلا بوو، کتێبێکیان سەبارەت به‌ ڕواندنی مێو و دار خورما و کتێبێکەی تریان سەبارەت بە کێشەکانی ئاو و چۆنێتی دەرهێنانی بوو لە ناوچە نەناسراوەکاندا. من ئەو کتێبانەم لە زمانی کوردیەوە وەرگێڕایە سەر زمانی عەرەبی بۆ ئەوەی کە مرۆڤایەتی سوودی لێ ببینێت. بەهۆی ئەوەوە نەمتوانی زووتر ئەم کتێبە تەواو بکەم”. واتە ئیبن وەحشیە نەک لە کتێبەکەیدا ئاماژە بە ئەلفوبێی کوردی دەکات و کورد وەک نەتەوەیەک دەخاتە ڕوو کە بەربەرەکانی کلدانیەکانیان کردووە لە زانستدا، بەڵکو دەڵێت لەبەر خاتری تەرجومەکردنی دوو کتێبی کوردی، کتێبە هەرە بەناوبانگەکەی بۆ دواخستووە کە هەموو ئەلفوبێکانی جیهانی تێدایە لەوانە کوردیش. ئیبن وەحشیە نزیکی سەدەیەک پێش حەمزەی ئەسفەهانی ژیاوە و باسی بۆچوونی کوردی کردووە سەبارەت بە مێژووی کورد و هیچ گومانێکی لەسەر ئەوە نەهێشتۆتەوە کە لە سەرچاوە ئیسلامیەکاندا کورد وەک نەتەوەی تایبەت ئاماژەی پێکراوە. ئەم کتێبە دوو سەد ساڵە لە زمانی عەرەبیەوە کراوەتە ئینگلیزی کەچی هیچ کەسێکی بێگانە بە کورد لە جیهاندا لە ئاماژە بە کورد دا باسی نەکردووە.
هەروەها لە سەدەی نۆیەمدا زانای جیهانی کورد، ئەبوحەنیفەی دینەوەری، کە خەڵکی شاری دینەوەری کوردیە، مێژووی کوردی نووسیوەتەوە لە کتێبێکدا بەناونیشانی “انساب الاکراد” [ڕەچەڵەکەکانی کورد]، کە لە هەموو سەرچاوەکاندا ئەو کتێبە ناوی هاتووە. بە داخەوە هەتاوەکو ئەمڕۆ ئەو کتێبە و دەیان کتێبی زانستیی تری نەدۆزراوەتەوە. ئایا زانایەکی جیهانیی وەک دینەوەری، مێژووی نەتەوەی کوردی نووسیوە یان مێژووی شوانەکان؟
کاتێک ئیبن خەلەکان لە سەدەی سیانزەی زاییندا باسی ڕەچەڵەکی نەتەوەیی سەلاحەدین دەکات بە ڕوونی دەڵێت ئەو کوردە. ئایا دەکرێت ئیبن خەلەکان مەبەستی لە شوان بێت؟
کەسێکی وەک مەحمود کەشگەر/کەشغەری کە زانا و زمانەوانێکی تورک بووە و لە ساڵی ١٠٧٤ ز دا لە کتێبی (دیوان لغات الترك) دا و لە نەخشەی جیهاندا بە ڕوونی دەستنیشانی “بلاد الاکراد” [وڵاتی کوردان] لە هەمان شوێنی وڵاتی کوردستانی ئەمڕۆدا دەکات، تۆ بڵێی ئەو پیاوە زانایە لەوێدا مەبەستی “وڵاتی شوانەکان” بووبێت؟
هەروەها بە درێژایی سەدەکانی ناوەڕاست، هەزاران و سەدان لەکەسایەتی کورد، لەوانە میری گەورەش، لە سەرچاوە ئیسلامیەکانی سەدەکانی ناوەڕاستدا نازناوی کوردیان خستۆتە سەرناوەکانیان. بۆ نموونە (ئەبو شەوک/ابو شوک) کە لە سەدەی دە و یانزەدا ژیاوە و میری دەوڵەتی عەنازی کوردی بووە و بە “میری کوردان” ناوی هاتووە، ئایا سەرچاوەکان لەوێدا مەبەستیان لە میری شوانەکانە یان میری کوردان؟
لە ڕاستیدا سەرچاوەی مێژوویی لەسەر زمان و کەسایەتی و خەڵک، بە ڕوونی کوردیان وەک نەتەوەیەکی تایبەت دەستنیشان کردووە و هیچ گومانێک نیە لەوەدا، ئەوەی کە ڕووی داوە تەنها ئەوەیە کابرایەکی فارس بە ناوی حەمزەی ئەسفەهانیەوە ئەو بۆچوونەی داوە و بێ هیچ پرسیارکردنێک و لێکۆڵینەوەیەک لە سەرچاوە مێژووییەکان، وەک پرۆسەی داگیرکردنی وڵاتەکەی بە هەمان شێوە مێژووەکەشی داگیرکراوە و ئەو بۆچوونە بێ مانایە بەسەر کورد دا سەپێنراوە. واتە مێژووی نەتەوەیەک تەنها لەبەر بۆچوونی کابرایەکی فارس تێکدراوە و هەتاوەکو ئەمڕۆ لە “دەزگا ئەکادیمیە جیهانیەکان” دا دووبارە دەکرێتەوە.
ئەوەی کە مایەی سەرنجە ئیبن ئەسیر لە سەدەی دوانزەهەمدا لە ئاماژە بە یەکێک لەو ڕووداوە مێژوویانەی کە فارسەکان بۆ خۆیان دروستکردووە، دەڵێت “ئەمەشیان درۆیەک لە درۆ سارد و سڕەکانی تری فارسە، ئەوان درۆ و دەلەسەی لەوە سەیرتریان هەیە کە ئـێمە وازمان لە باسکردنیان هێنا”. ئەگەر مێژوو بەو لۆجیکە بنووسرایەتەوە کە بۆ کورد نووسراوەتەوە و تەنها لەبەر بۆچوونی حەمزەی ئەسفەهانی کورد لەبری نەتەوە کراوەتە “شوان”، ئەوا دەبوو بەپێی بۆچوونی مێژوونوسی کورد، ئیبن ئەسیر، “فارس” مانای “درۆزن” ی بدایە نەک نەتەوە و زمان و ئەمرۆ ئەوە بە مێژوو بە جیهان بفرۆشرایەتەوە.
وەک ئاماژەم پێکرد ئەوەی ئەمڕۆ لە ناو وڵاتە داگیرکەرەکانی کورد و زۆرینەی “دەزگا ئەکادیمیە جیهانیەکان” دا لەسەر کورد نووسراوە، بەشێکی زۆری دەچێتە خانەی گاڵتەجاڕیەوە وەک لە مێژوو و زیاتر گوزارش لە هەلومەرجی داگیرکراویی کورد دەکات. لە تورکیایەکدا کە تا چەند ساڵێک لەمەوبەر نکۆڵی لە بوونی کورد کراوە و لە ئێرانێکدا کە تا ئەم نزیکانە کوردیی بە زاراوەی فارسی دانراوە و لە وڵاتانێکی عەرەبیدا کە زۆرجار بە زۆر کوردیان بە عەرەب داناوە و لە زۆربەی ئەو وڵاتانەدا هەوڵی لە ناوبردنی کورد دراوە، مێژووەیەک دەنووسرێتەوە کە هاوکاری ئەو وڵاتانە بکات لە لەناوبردنی دێرنترین فەرهەنگی مێژوویی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەو جۆرە هەزاران درۆ بە ناوی زانستی مێژوویی و ئەکادیمی لەو وڵاتانەدا لەسەر کورد دەنووسرێت.
ئەوەی کە لەسەر کورد وەک مێژوو دەنووسرێت، مێژوویەکی داگیرکراوانەیە و ڕەنگدانەوەی هەوڵی لەناوبردنی زمان و فەرهەنگ و مێژووی کوردە لە جیهانێکدا کە هەتاوەکو ئەمڕۆ داگیرکراویی کوردی قبوڵە. بۆیە لە هەلومەرجێکی ئاوادا گاڵتەجاڕی کراوەتە مێژوو بۆ کورد.
تێبینی:
– زانیاریەکانی ناو ئەم بابەتە هەموویان سەرچاوەیان هەیە و لە کتێبی “کورد کێیە؟” ی بەندەدا خراونەتە ڕوو.
– وێنەکەی لای ڕاست وێنەی دەستکردیی سەلیم پاشای ئامێدیە لە ساڵی ١٨٤٣ دا. وێنەکەی ناوەڕاست وێنەی سوارێکی کوردە بە ڕم و قەڵغانەوە لە ساڵی ١٨٤٣ دا و وێنەکەی لای چەپ وێنەی دەستکردیی ژنێکی ئێزدیە کە لە ساڵی ١٩٢٠ دا کێشراوە.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …