Home / بەشی مێژووی كورد / کۆنترین گۆرانی لە مێژوودا کوردییە؟

کۆنترین گۆرانی لە مێژوودا کوردییە؟

55ea21cbf018fbb8f86d30a1

تێبینی: چەند ڕۆژێکە ھەواڵێك بە زمانی عەرەبی دەربارەی “کۆنترین گۆرانیی کوردی لە مێژوودا” لە سایتەکاندایە. ڕاستییەکەی، ئەوە ھەواڵێکی منە کە دوو ساڵ لەمەوبەر بە کوردی ئامادەم کردووە و ئەو کاتە لە ڕۆژنامە و سایتی (باس)دا بڵاو کرایەوە. ئەمە دەقی ھەواڵەکە و لینکی میلۆدیی گۆرانییەکەیە:

کۆنترین گۆرانی لە مێژوودا کوردییە؟
بەکر شوانی
گۆرانییەک کە بە ھێڵی نووسینی بزماری لەسەر خشتی گڵین نووسراوە و مێژووی بۆ 3400 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و لە شاری مێژووییی ئوگاریتی سەر کەنارەکانی ڕۆژئاوای سووریا دۆزراوەتەوە، باوەڕ دەکرێت کۆنترین گۆرانی بێت لە مێژوودا. ناوی ‘سروودی ئاینیی ھووری’ لە گۆرانییەکە نراوە و بۆ نیکالی شازادەی ئوگاریت و ھاوسەری یاریخی خواوەندی مانگ نووسراوە. پاش ئەوەی لە ساڵانی شەستی سەدەی ڕابردوودا خشتەکە لەلایەن شوێنەوارناسانی فەرەنساییەوە دۆزرایەوە، دوای لێکۆڵینەوەیەکی چەندین ساڵە توانرا دەقی نووسراوی سەر خشتەکە بخوێندرێتەوە و پاشان بە ھاوکاریی شارەزایانی موزیک نۆتەی بۆ نووسرایەوە. دوای ئەم دۆزینەوەیە ئەوە ئاشکرا بووە کە ھەبوونی ‘حەوت تۆن-نۆتە لە موزیکدا’ دەگەڕێتەوە بۆ پێش سەردەمی یۆنانییەکان. پێشتر وا باوەڕ دەکرا پێش یۆنانەکان ھیچ پێوانەیەک بۆ موزیک نەبووبێت.

بەپێی ھەواڵی ماڵپەڕی تایبەت بە شوێنەواری ئوگاریت، نووسراوی سەر خشتەکە بە زمانی ھووری نووسراوە. وەک دەزانرێت، زاناکان تا ئێستا ئەنجامێکی ئەوتۆیان سەبارەت بەو زمانە بەدەست نەھێناوە. بەشێکی زۆر لە زانایانی زمانناس و شوێنەوارناس، زمانی ھووری بە زمانیکی مردوو دادەنێن و پێیان وانییە سەر بە خێزانی زمانە سامییەکان یان ھندۆئەوروپایییەکان بێت. ھاوکات تا ئێستا لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی قووڵیش دەربارەی گەلی ھووری ئەنجام نەدراوە. ئەوەی لەو بارەیەوە لەبەردەستدایە، لە ڕێگەی شارستانییەکانی ترەوە بە ئەمڕۆ گەیشتووە. شوێنەوارناسی ئەمریکایی و مامۆستای زانکۆی کالیفۆرنیا پرۆفیسۆر ئانە درافکۆرن کیلمەر ساڵانێکی زۆر لە دەقی گۆرانی و موزیکی تەمەن 3400 ساڵەی سەر خشتەکەدا کاری کرد و پاشان زانای موزیکناسی بەلجیکایی مارسێل گویلەمەنیش چووە ناو تیمی کارەوە. دواتر توانرا بە ئامێری کارەبایی موزیکی کۆنترین گۆرانیی مێژوو لێ بدرێت و بەشێک لە موزیکی ئەو گۆرانییە لە سەرەتای مانگی ڕابردوودا لە یوتوبدا بڵاو کرایەوە. ئەم گۆرانییە ئەگەرچی لە لیستی بەناوبانگترین 50 گۆرانیی ئەم ڕۆژگارەدا نییە، بەڵام دەتوانین پێشبینی بکەین کە 3400 ساڵ لەمەوبەر لە سەرزەمینی ھوورییەکان لە ترۆپکی ناوبانگدا بووە.

دەقی گۆرانییەکە نزا و پاڕانەوەی ژنێکی نەزۆک و خوازیاری بە دایکبوونە و تیایدا دەڵێت: ‘خواوەند دەستوور بە ھاوسەرەکان دەدات ببن بە خاوەنی منداڵ. باوکان دەستووری لە دایکبوونی منداڵان دەدەن. بەڵام منداڵێکی تاقانە ھاوار دەکات و دەڵێت (ئەو ژنە نەبوو بە خاوەنی یەک منداڵیش!). بۆچی نەمتوانی وەک ھاوسەرێکی ڕاستەقینە منداڵێکت پێ ببەخشم؟’

ئەگەرچی مێژووناسانی ڕۆژئاوایی ڕاستەوخۆ ئاماژەی بۆ ناکەن، بەڵام چەندین سەرچاوەی گرنگ ھوورییەکان بە باوباپیرانی کورد دادەنێن. ھوورییەکان لە ھەزارەی سێیەمی پێش زاییندا ھاتوونەتە سەر شانۆی مێژوو و لە باکوری میزۆپۆتامیا و شاخەکانی زاگرۆس ژیاون و چەند شانشینییەکیان دامەزراندووە.

تۆیش دەتوانیت گوێ لە موزیکی کۆنترین گۆرانیی مێژوو بگریت کە دوور نییە بە زمانی باوباپیرانی خۆت گوترابێت:
https://www.youtube.com/watch?v=T-bgL5Og344

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …