Home / بەشی مێژووی كورد / جەیمس ڕیچی بەریتانی لە دیوانی میری بابان لە سلێمانی

جەیمس ڕیچی بەریتانی لە دیوانی میری بابان لە سلێمانی

10440981_465865610241415_8082703082008292177_n

محەمەد گولتەکین
و. لە تورکییەوە: بەکر شوانی

کلاودیۆس جەیمس ڕیچ ساڵی ١٨٠٨ وەک لێپرسراوی کۆمپانیای (ئێست ئیندیان کەمپەنی) لە بەغداد دەست بەکار دەبێت. بەهاری ساڵی ١٨٢٠ تەندروستیی تێكدەچێت و بۆ ئەو مەبەستە دەیەوێت خۆی لە گەرمای بەغداد ڕزگار بکات و ماوەیەک لە شوێنێکی فێنک بەسەرببات. لەو ساڵەدا خۆی و هاوسەری و شاندێکی پێکهاتوو لە کەسانی مەسیحی و جوولەکە و تورک و فارس و هندستانی بەرەو کوردستان بەڕێ دەکەون. کاتێك لە مانگی ئایاری ئەو ساڵەدا دەشتی شین و لووتکەی بە بەفر داپۆشراوی چیایەکانی کوردستانیان لێ دەردەکەوێت، ڕیچ بە بینینی ئەو دیمەنانە زۆر خۆشحاڵ دەبێت.
پاش گەشتێکی درێژ دەگەنە سلێمانی و لە دەرەوەی شار چادر هەڵدەدەن. میر مەحموود پاشای میری بابان دێتە سەردانی ڕیچ و بەخێرهاتنی دەکات. ڕیچ پێشتریش ئەوڕەحمان پاشای باوکی مەحموود پاشای ناسیبوو و پەیوەندییەکی گەرم لە نێوانیاندا هەبوو. مەحموود پاشا لەو دیمانەیەدا ڕیچ و یاوەرانی بۆ سلێمانی بانگهێشت دەکات. دواتر لە دەروازەی کۆشک پێشوازی لە ڕیچ دەکات و دەیبات لە تەنیشت خۆیەوە دایدەنیشێنێت. ڕیچ دەڵێت لە بەرامبەر ئەوانیش ڕاوێژکاران و برایەکی میر بەناوی عوسمان بەگ دانیشتبوون.
مەحموود پاشا دەست بە قسە دەکات و دەڵێت ئەو کۆشکە لەلایەن باوکییەوە بە بنیاتنان دراوە و پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە، بەڵام دەستیان تێ ناچێت، لەبەرئەوەی نازانن داخۆ سبەی تورک، یان فارس هێرشیان بۆ دەکات. ڕیچ دەنووسێت میری بابان لە نێوان هەردوو دەوڵەتی عوسمانی و ئێرانیدا گیری خواردووە، لەلایەک فارسەکان داوای باجی لێ دەکەن و لەلایەکی تر، تورکەکان قەبوڵ ناکەن ئەو باج بە ئێرانییەکان بدات.
زمان و مێژوو و ئەتنۆگرافیا و کۆمەڵگەی کوردان زۆر سەرنجی ڕیچ ڕادەکێشێت و لەو ڕووەوە پرسیار لە گەورە پیاوانی دیوەخانی میر دەکات. ئەوانیش دەڵێن کورد لە دوو بەش پێکهاتوون؛ کوردی نیوکۆچەر و جەنگاوەر و کوردی گۆران کە نیشتەجێن و بەزۆری سەرقاڵی کشتوکاڵن. ئەو جیاوازییە لە ئاخاوتنی دانیشتتوانی دیوەخانیشدا دەردەکەوێت. کاتێک ڕیچ دەڵێت ئەو بیستوویەتی میری سنە گۆرانە، ئامادەبووان قسەکەی پشتڕاست دەکەنەوە و مەحموود پاشایش باسی ئەوەی بۆ دەکات کە بابانەکان لە ناوچەیەکی نزیك لە سنووری ئێران (ڕۆژھەڵاتی کوردستان)ەوە ھاتوون.
ڕیچ ماوەیەک لە ماڵێکی نزیک کۆشکی میردا لە سلێمانی دەمێنێتەوە و ڕۆژانە لەگەڵ خەڵکی زانا و ناودارانی شاردا گفتوگۆ دەکات. بۆ نموونە، یەکێک لەو کەسانە بە ڕیچ دەڵێت: “جارێک میری سنە لە مەحموود پاشا دەپرسێت بۆچی خەڵکی تۆ ڕێزت لێ دەگرن، بەڵام ئەوانەی من سەرباری خزمەتی زۆریشم بۆیان، ڕێزم لێ ناگرن؟ مەحموود پاشا لە وەڵامدا بە میری سنە دەڵێت چونکە تۆ سەرۆک عەشیرەت نیت و کەسانی دەوروبەرت برا و ئامۆزای خۆت نین، بۆیە چەندیش هەوڵ بدەیت، ڕێزی دانیشتووان بۆ خۆت دەستەبەر ناکەیت.”
ڕیچ باسی پەیوەندییەکانی ناو عەشیرەت دەکات و دەنووسێت خۆی لە بەغداد بینیوێتی چۆن ئەندامانی عەشیرەت هاوکاری یەکدی دەکەن. میرێکی کورد بەناوی میر خالید بۆی گێڕاوەتەوە و گوتوویەتی کاتێک لەلایەن عوسمانییەکانەوە دەسەڵاتی لێ وەرگیراوەتەوە و لە وڵات دوورخراوەتەوە، ئەندامانی عەشیرەت هەموو زێڕ و زیو و زینی ئەسپەکانیان لەبەردەمیدا داناوە و پێیان گوتووە بیانفرۆشە و پێداویستییەکانی خۆتی پێ دابین بکە. ڕیچ هۆکاری ئەوە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کە میر و سەرۆک عەشیرەتەکان لە کاتی دەسەڵاتی خۆیاندا خزمەتی خەڵکی خۆیان کردووە.
ڕیچ باسی پەیوەندی خۆی لەگەڵ ئەوڕەحمان پاشای باباندا دەکات و بە ئامادەبووان دەڵێت ئەوڕەحمان پاشا دەیویست میرنشینییەکەی خۆی لەژێر دەسەڵاتی عوسمانی و میرنشینییەکانی دەوروبەر دەربهێنێت. عوسمانییەکانیش ئەوەیان لێ قەبوڵ نەکرد و داوایان لێ کرد ببێت بە میری میرانی بەغدا، بەڵام ئەو ئەم پێشنیارەی ڕەت کردەوە. ئەوڕەحمان پاشا لەو بارەیەوە بە ڕیچی گوتووە: “دەمتوانی ببم بە وەزیرێکی کاریگەریش، بەڵام قومێك ئاوی سارد و سازگاری چیایەکان نادەم بە هەموو خەڵات و سامانی دەوڵەت. ئەگەر لە بەغداد دابنیشتمایە، لەوانەبوو بەهێزتر و دەوڵەمەندتر ببوومایە، بەڵام لەو حاڵەتەدا ڕەچەڵەکی بابانم لە دەست دەدا.”
یەکێک لە ئامادەبووان بە ڕیچ دەڵێت پێشتر هەندێک میری کورد ڕوویان لە بەغدا کردووە، وەک گا خۆیان بە تورک فرۆشتووە و سەریان بۆیان شۆڕ کردووە، بەڵام دوای ئەوە لە کوردستان کەریش گوێی لە قسەیان نەگرتووە. یەکێکی تر دەڵێت کێشەی کورد ئەوەیە میرەکان دژی یەکن و تورک و فارسەکانیش ئەوە باش دەزانن و لە بەرژەوەندیی خۆیان بەکاریان دەهێنن، ئەگەر وا نەبوایە، تورک و فارس نەیاندەتوانی پێ بنێنە خاکی کوردستانەوە.
کلاودیۆس جەیمس ڕیچ کە ساڵی ١٧٨٧ لە دایک بووە و ساڵی ١٨٢١ لە شیراز بە نەخۆشی مردووە، لە کاتی گەشتەکەیدا بۆ کوردستان، ڕۆژ بە ڕۆژ یاداشتەکانی خۆی تۆمار کردووە، بەڵام لەبەر تێکچوونی باری تەندروستی، نەیتوانیوە بۆ چاپ ئامادەیان بکات. دواتر هاوسەرەکەی کۆی کردوونەتەوە و لە دوو کتێبدا بە چاپی گەیاندوون. ڕیچ لە ماوەی ١٣ ساڵ مانەوەیدا لە عێراق و کوردستان، لە بواری شوێنەوارناسیدا، بەتایبەتی لە موسڵ، کاری زۆری کردووە و لە ڕۆژئاواوە بە بایەخێکی زۆرەوە سەیری کارەکانی کراوە و دەکرێت. کتێبەکانی ڕیچ بوون بە هۆی ئەوەی دواتر کەسانی وەک سێر جۆن ماکدۆنالد، لوێتێنانت شیل، ڕیچارد ڤیلبراهام و هۆراتیۆ ساوتگەیت-یش سەردانی کوردستان، بەتایبەتی سلێمانی، بکەن و لە ئاکامیشدا هەریەکەیان بەرهەمی توێژینەوە بەسوودەکانی خۆیان بە چاپ گەیاندووە.

About دیدار عثمان

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …