Home / مێژووى ئاینەکان / ئاینى ئیسلام / قوربانیکردن لە ئایینە جیاجیاکاندا [بەشی یەکەم]

قوربانیکردن لە ئایینە جیاجیاکاندا [بەشی یەکەم]

قوربانیکردن لە ئایینە جیاجیاکاندا [بەشی یەکەم]

 

 میللەت

هێمن عەلی محەمەد

قوربانیکردن و قوربانیدان،  لە زۆرینەى ئاینەکاندا هەیە و، وەکو بەشێک لە ئەرکەکانى پەرستن تەماشا دەکرێت و بە ئەنجامدانى  چاوەڕوانى پاداشتێکی باش دەبن و لەناو کۆمەڵگەشدا پایەی ئەو کەسەى کە قوربانی ئەنجام دەدات بەرزدەبێتەوە.  بەگوێرەی پشکنین و بەدواداچونە مێژوویی و شوێنەوارناسیەکان قوربانیکردن لە ئاینێکەوە بۆ ئاینێکى تر جیاوازە.

لەبارەی ناساندن و پێناسەى قوربانىکردن و رەگ و ریشەی وشەکە لەزمان و دیالێکتەجیاوازەکانی جیهان تێگەیشتنی خپیان هەیە. بەوپێیەی ئەم چەمکە لە زمانى ئینگلیزیدا بە (sacrifice) هاتووە کە لە ووشەى لێکدراوی  (sacrificium) ەوە وەرگیراوە.  بەجۆریک (sacer) بە واتاى پیرۆز و (facere) بە ماناى دروست کردن دێت. ووشەى (قربان) لە زمانى عەرەبیدا لە (قرب) ەوە وەرگیراوە کە بە ماناى (نزیک) دێت.  بە کۆی مانای وشە جیاوازەکان ئەوە دەگەیەنێت کە هەموو قوربانیەکان هۆکارى نزیک بونەوەن لە خواوەند و خوداکان.

ئەمە لە کاتێکدا کە واژەى (sacrifice) بە ماناى قوربانى دێت،  واتە بەقوربانى کردنى شتێک بۆ خواوەندەکان و بەهۆى ئەمەوە پیرۆزى خواوەندەکان لەخۆدەگرێت. هەندێکى تر وەکو ئاینێک پێناسەیان بۆ قوربانیکردن کردووە کە لەمەدا شتێک فیدا دەکرێ یان لەناودەبرێ ئەمەش بۆ دروست کردنى پەیوندییە  لە نێوان هێزێکى سەرو سروشتەوە، (ماوراء الطبیعە)،  کە مرۆڤەکان لە پێویستیان بەو هێزە هەیە کە دەکرێت بۆ بەدەستهێنانى هێزێکى مەعنەوى بێت.

لەبارەی قوربانیکردن و قوربانیدانەوە پێویستە بۆچون و لێدوانی هەندیک لە زانا و کۆمەڵناسان بخەینەڕوو، چونکە دیوەکەی دیکەی قوربانیدان، تێگەیشتنێکی کۆمەڵناسیانە لەخۆدەگرێت.  (ئیدوارد بارنت تایلور) کۆمەڵناسی ئینگلیزی سەدەى نۆزدە و بیستەم،  ماوەیەک  لەبارەى ئەفسانە و ئاینى کۆمەڵگا سەرەتاییەکان کارى زانستى ئەنجامداوە. پێیوایە؛ قوربانیکردن،  دیارییەکە بۆ شتانێکى (ماوراء الطبیعە) هەتا پەیوەندی دروستبکەن لەگەڵ ئەو کەسانەى کە قوربانى ئەنجام دەدەن یان دوژمنایەتیکردنى ئەوانە کەم بکاتەوە.

بەجۆرێی دیکە، تویژەر  (رابرتسون ئیسمیت)، دواى چەندین ساڵ گەڕان و گەشت لە نیشتمانى عەرەبیدا لە کۆتاییدا لێکوڵینەوکانى بڵاوکردەوە دەربارەى قوربانى و “تەوتەمناسی” لە ئاینى سامیەکاندا ، ئەم نوسەرە کارەکانى لەسەر نەژادى سامیەکان ئەنجامداوە و  باوەڕى وایە قوربانیدان لاى سامیەکان بنچینەیەکى تەوتەمى هەیە. کە لە قۆناغەکانى سەرەتاوە جیاواز بووە لە قۆناغەکانى دواتر. سەرەتا دەیانویست لەو ڕێگەیەوە خۆشەویستى خواوەندەکان بەدەست بهینن، بەڵام دواتر پیشاندانى نیەتپاکی خۆیان بوو بۆ خواوەند.  قوربانیەکانیان بریتى بوون لە: ( مرۆڤ، میوە و شەراب)، بەشیوازى تایبەت پیشکەش و ئامادەکراوە بۆ خواردن و خواردنەوە.

هەرچی فەیلەسوف و کۆمەڵناسى فیلەندى (ئی وستر مارک) ئەوەى خستوەتە ڕوو لەو شوێنەى کە بونەوەرانى (ماوراء الطبیعە) ئارەزوو و خواستى مرۆڤیان هەیە هەمان شت وا لە مرۆڤ دەکات کە دیاری پێشکەشى ئەو بونەوەرانە بکات. بە بۆچونى ئەم  لەناوبردنى شەڕ و تاوان و خراپەکارى یەکێکە لە ئاساییترین هۆکار بۆ  ئەنجامدانى قوربانى لە کۆمەڵگا سەرەتاییەکاندا.[1]

قوربانیکردن لەسەردەمە جیاوازەکان

قوربانیکردن وەک چۆن لای ئاینەکانی جیاوازە کە دواتر باسی دەکەین، بەپێی سەردەمەکانیش جیاوازە، کە بەم شێوە باسیان دەکەین:

قوربانیکردن،  لە ئاینە سەرەتاییەکاندا
قوربانیکردن، لە ئاینە سەرەتاییەکاندا دابەش دەبێت بەسەر دوو بەشدا وەک    قوربانیدانی خوێن و بێ خوێن:

قوربانیدانی خوێندار:
بنچینەى قوربانى  خوێنى بە ماناى هێزى پیرۆزى ژیان لە مرۆڤ و ئاژەڵ دێت. بەهۆى قوربانیکردنەوە ژیانى پیرۆز بۆ لاى خودا دەگەڕێتەوە. قوربانى خوێنى بە تەواوەتى قوربانى کردنى مرۆڤ و ئاژەڵ بووە. فەیلەسوفی بەریتانی (ویل دورانت) باوەڕى وایە؛ ڕێوڕەسمى قوربانى کردنى مرۆڤ دەرەنجامى کولتوورى مرۆڤە بووە بە هۆى سەرهەڵدانى مرۆڤخواردن، کە  لە کاتێکدا باوەڕیان وابووە  خواوەندەکان حەزیان لە گۆشتى مرۆڤ بووە.

ڕێوڕەسمى قوربانى لەناو خەڵکى کارتاژ (قرتاج) لە باکورى ئەفریقا بەجۆریک بووە کە ژنە کارتاژییەکان بە شانازییەوە مناڵەکانى خۆیانیان پێشکەش بە (مولوخ) دەکرد کە ئەوانیان بە زیندوویی دەسوتاند. مولوخ خواوەندێکى فینیقیەکانە ئەم خەڵکانە مناڵەکانى خۆیان بە زیندوویی وەکو قوربانى دەسوتاند. خەڵکى سوریا مناڵەکانى خۆیانیان دەکردە قوربانى بۆ خواوەندى خۆر. لە وڵاتى سۆمەر ساڵانە هەزاران کچیان پێشکەشى پەرستگا دەکرد هەتا لە ڕێگەى کاهینەکانەوە بدرێنە خواوەندەکان.[2]

فینیقیەکان یەکێکن لە نەتەوە سامیەکان و لە ناوچەکانى سوریا و لوبنان و فەلەستیندا نیشتەجێ بوون ، ئەمانە مرۆڤیان دەکردە قوربانى و هەندێک کات پاشاکانیان مناڵەکانى خۆیان دەکردە قوربانى. شێوازی قوربانیکردنەکە بەجۆرێک بو کە  قوربانیەکە بە مۆسیقاوە لەبەرامبەر بە خواوەندەکان دەسوتاند و دەبوایە دایکەکان خۆیان بە باشترین شێوە بڕازاندایەتەوە تا کوشتنى مناڵەکانیان لە ناو ئاگردا ببینن و لە کاتى سوتاندنى مناڵەکاندا دەنگى تەپڵ و مۆسیقا بە جۆرێک بەرز ئەبوەبوە  کە هاتوهاوارى مناڵەکان نەدەبیسترا. بەم جۆرە قوربانیکردنى مناڵەکان قبوڵ دەبوو.

لە ناو سامیەکاندا لە باشورى سوریا هەمان دیاردە هەبووە.[3]  . لەناوچەکانی  سامیەکانى ئاسیاى ڕۆژئاوا، کاتێک دەسەڵاتیان دەکەوتە مەترسیەوە،  پادشا کوڕى خۆى دەکردە فیداى خزم و کەسەکانى. هەروەک چۆن   پادشا (موئاب) ڕوبەڕوى هێرشى ئیسرائیلیەکان بوویەوە و گەمارۆدران کوڕە گەورەکەى خۆى کە بڕیار بوو لە پاش خۆى ببێتە جێنشین فرمانیکرد، ببرێتە شوێنى قوربانى کردن و  لە بەردەم خواوەندەکاندا بسوتێنرێت.[4]

هەروەها جارێکیان کە شارى کارتاج گەمارۆ درا بوو لە لایەن دوژمنەوە لە ساڵى( 307) ى پێش زاینیدا ( ٢٠٠) کوڕیان بۆ ئەم خواوەندە خستە ناو ئاگرەوە.[5] کاتێک کە کارتاجەکانى باکورى ئەفریقا لە ناوچەکانى وڵاتى تونس ڕووبەڕووى هێرشى (ئەغاپقلس Agathocles) ى حوکمدارى باشورى خۆرهەڵاتى (سیسیل) بونەوە و شکستیان خوارد، ئەمەیان بۆ توڕەیى و قینى خواوەند گەڕاندبویەوە چونکە ماوەیەک لەوەو پێشتر بڕیاریاندابوو کە مناڵى کۆیلە بکڕن و گەورەى بکەن و بیانکەنە قوربانى خواوەند ، بەڵام بەپێی گێڕانەوەکان خواوەند ئەم کارەى بەدڵ نەبوە و توڕە بووە ، لەبەرئەمە بۆ لابردن و کەمکردنەوەى توڕەیی خواوەند دوو سەد مناڵیان لە خێزانە دیار و ناسراوەکانى وڵاتیان هێنا لەگەڵ سێسەدی تر کە خۆیان ویستبویان بکرێنە قوربانى.[6]

لە قوبرس بۆ شادى ئاپۆلۆن مرۆ ڤیان لەسەر تاشە بەردەکانەوە بەردەدایە خوارەوە. ئارییەکان ئەو ژن و پیاوانەى کە دەگەیشتنە حەفتا(٧٠) ساڵى دەیانکردنە قوربانى و گۆشتەکەیان دابەش دەکرد و دەیانخوارد. بەڵام لاى بیکەکان گۆشتى ژنانیان نەدەخوارد کە پێدەچێت بەهۆى بە خاکسپاردنى (اناهیتا) دایکى زەوى و دایکى ڕەگەزى مێ ببێتە هۆى توڕەیی لە کاتێکدا کە گۆشتى پیاویان دەخوارد چاوەڕوانى گواستنەوەى ئازایی و دلێرى ئەو کەسانە بوون بۆ خۆیان.

ئارییەکان بۆ خۆر و ئاگر و ئاهورامەزدا شتى جۆراوجۆری وەکو گول و نان و میوە و بۆنى خۆش و مانگا و گویرەکە و وشتر و ئەسپ و گویدریژیان دەکردە قوربانى. لە کۆندا ئارییەکان وەکو میللەتەکۆنەکانى تر مرۆڤیان دەکردە قوربانى ، تەنها بۆنى قوربانیەکە بۆ بۆ خواوەندەکان بوو گۆشتەکەى پیاوە ئایینیەکان  و باوەرداران سودیان لێدەبینى.هیرۆدۆتسى مێژوونوسی یۆنانى باسی ئەوەدەکات کە پارسیەکان هەرکاتیک قوربانیان پێشکەشى خواوەند دەکرد ئەوا گۆشتەکەیان دەبردەوە بۆ مالەوە. ئەمانە دەرۆیشتن بۆ  بەرزترین شوینى شاخەکان و لەوى قوربانیەکەیان پیشکەشى ئەهورامەزدا کردووە.

(سترابۆن) جوگرافیناسی یۆنانى باسی ئەوەدەکات بە بڕوای پارسیەکان  خواوەند پێویستى بە دەروونى قوربانیەکەیە نەک گۆشتەکەى. هەروەها زەینەفونیش چەندین جار قسەى لەسەر قوربانیکردنى کۆرشى پاشاى هەخامەنشینەکان کردووە لە یەکەم رۆژى پاشایەتى و چونە بەر دەرگاى کۆشک و رۆژانە دەمە و بەیان قوربانى ئەنجام داوە.هەروەها لە دواى سەرکەوتنەکانى لە شەرەکانیدا و لەکاتى دەرچونەکانىیشى لە کۆشک و لە چەندین بۆنەى تردا بەهەمانشیوە قوربانی ئەنجامداوە. لەکاتى لەشکرکیشیەکانى خەشایار شاى چوارەمین پاشاى هەخامەنشینەکان  بۆ سەر یۆنان و شارى تروادە پاشا داواى کرد کە هەزار مانگا بکەن بە قوربانى.

زەردەشت رازى نەبوو بە قوربانیکردنى گیانلەبەران و لە چەند شوینى دەقە پیرۆزەکاندا سەرزەنشتى ئەو کەسانە دەکات کە مانگا و چوار پی دەکەن بە قوربانى و خۆشحال دەبن. بەلام بە تیپەر بوونى کات زەردەشتیەکانیش بە ئەندازەى سەرەتا زۆر توند نەبوون بەرامبەر بە قوربانیکردنى ئاژەلان بەزۆرى مەڕیان دەکرد بە قوربانى..[7]

لە سەردەمەکانى پێشوتردا قوربانى کردن گەیشتبوە بەرزترین پلە بە جۆرێک کە لە قاڕەى ئەمریکا تائێستاش قوربانى بێڕەحمانە ئەنجام دەدرێت. تەنانەت  لەناو خێڵە پێشکەوتوەکانى وەکو ئازتەک (Aztec)ى مەکسیکى و ئینکاکەکان (Inca) ى وڵاتى پیرۆ بەربڵاو بوە.بەتایبەتی بە قوربانیکردنى مناڵ لە لەو وڵاتە  بەربڵاو بووە. بۆ نمونە هۆزى (کیتۆ) پێش هۆزى (ئینکا)  مناڵی یەکەمیان دەکردە قوربانى. هەروەها  باس لەوە دەکرێت لە پیرۆ لە کاتى هاتنە سەر حوکمى هەر ئینکایەکى نوێ نزیکەى هەزار مناڵیان دەکردە  قوربانى.[8]

لە کاتێکدا کە پادشا یان ئیمپراتۆرى (ئینکەکان) لە باشورى ئەمریکا دەمرد بۆ ئەوەى خۆر بگەڕێتەوە بۆ دەستەڵاتەکەیان خزمەتکاران و ژنانەکانیان دەکردە قوربانى. وەک ئاشکرابوە هەندێکجار پرسەیەکى لەو جۆرە بە خوێنى هەزاران کەس تەواو بووە.[9] یەکێک لە کولتوورە سەر سوڕهێنەرەکانى ئەزتیکەکانى مەکسیک بریتی بووە لە لەتکردنى سنگ و دەرهێنانى دڵ. ئەو خێڵانە بەناوبانگ بوون بە پابەندبوون بە ڕێوڕەسمە ئاینیە توندوتیژەکانیانەوە، هەورەها بە قوربانیکردنى مرۆڤ بۆ خواوەندى شەڕ و ڕاو و خواوەندى هەورە بروسکە و باران و زەوى و ئاسمان. ئەمانە ئەوەندە مرۆڤیان دەکرد بە قوربانى تا ئەوەى لە ئێسکەکانیان گرد و بەرزایی دروست بکەن.[10]

لاى سکاکەکانیش ریورەسمى تایبەت بەخۆیان هەبووە لەم جۆرە رووداوانەدا، ئەمانە بە چەند جۆریک ناویان هاتووە لەوانە (سکیتەکان) لە بنەڕەتدا کۆمەلە خەڵکێکى کۆچەرى ئاریایی و ئێرانى بوون لە ناوچەکانى خوارووى سیبریا و دەریاى قەزوین و چەند ناوچەى تر ژیاون کاتێک پاشاکەیان دەمرد ئەوا بە هاوڕێیەتى پاشاى مردوو یەکێک لە ژنەکانى کە گرێبەستى هاوسەرگیرى نەبووە لەگەڵ پاشا و خزمەتکارەکانى و ئەسپ و زێڕ و خشڵەکانینان ئەسپەردە دەکرد. بەپێى پێشکەوتنەکانى ڕەوشتى مرۆڤ هەندێک لە قوربانیەکانى مرۆڤیان گۆڕى بۆ بەشێک لە جەستە وەکو پەنجە ، خوێن ، موو ، خەتەنە ، خەساندن ، بەخشینى کچێنى.

کاتێک پاشاى سکاکەکان دەمرد خەڵکى ئەوێ بەشێک لە گوێی خۆیانیان دەبڕى و موەکانیانی خۆیان دەتاشى و بازوویان لەتلەت دەکرد و لوت و دەموچاویان لەت لەت دەکرد و ڕمێکى بچوکیان دەکرد بە دەستى چەپیاندا بەجۆرێک لەو سەرەوە ئەهاتە دەرەوە ، ئەو خوێنەى کە دەڕژێت ببێتە هۆى ئەوەى کە خودا لە گوناهەکانى پاشا خۆش ببێت… بەهەمان شێوە ئەم جۆرە کولتورە لە ناو میللەتانى تر بە شیوەى جیاواز دەبینریت بۆ نمونە لە ئوسترالیا ڕژانى خوێنى پەنجەکان  ڕێوڕەسمێکى تایبەت بووە. کچانى خواپەرستى فینیقى داواى خەوتنیان لە پەرستگا دەکرد، واتە کچێنى خۆیان دەدایە پەرستگا تا خوا لێیان ڕازى بێت. لە سوریا دواى چەژن هەندێک خەڵک وەکو  وەفادارییەک بۆ خواوەند خۆیان دەخەساند.[11]

لە بابلى عێراق ئیشتار یان میلیتا کچێنى ئەو کیژانەى کە دەیانپەرست وەکو دیارى قبوڵ دەکرد و هەندێ جار ژنان پەلکەى قژ یان خۆیان پێشکەش دەکرد بۆ خەوتن لەگەڵ یەکەمین پیاوى بێگانە کە لە پەرستگا داوایان لێدەکرا.[12] لاى هەندێک لە میللەتانى ترى وەکو (ئینکاکان و مایا)  لە ئەمریکاى باشور هەوڵیان ئەدا قوربانیەکانیان لە کەسانى گەنج و جوان هەڵبژێرن. دیلەکانى جەنگیان پێشکەشى خواوەندەکان دەکرد یان هەندێکى تر ئەو کەسانەیان دەکردە قوربانى کە سزاى لە سێدارەدانیان بۆ دەرچوو بوو ، هەندێکى تر لەو مناڵانەیان دەکردە قوربانى کە لە خەڵکانى مایەپوچ وهەژارییان کڕیبوو. بەشێکی دیکە دەچوون بۆ جەنگ تاوەکو دیل بگرن و بیکەن بە قوربانى.

لاى هەندێک لە بنەماڵەکانى پاشا و گەورە و چینە باڵاکانى هندستان دیاردەى ساتى پەیڕەو دەکرا ئەویش لە کاتى مردنى پیاودا بەپێى کلتورى ئەوان کە جەستەى مردوو دەسوتێنن ئەوا دەبوایە ژنەکەش وەکو وەفایەک بۆ مێردەکەى خۆى بخستایەتە ناو ئاگرەوە و خۆى بسوتاندایە ئەمە هەندێ جار ئەو کاتەى کە موسڵمانەکان فرمانڕەواى بەشى زۆرى ناوچەکانى نیوەدورگەى هندى بوون ڕێگایان لێدەگرت یان دەبوایە دەستەڵاتدارى ناوچەکە لە ژنەکەیان بپرسیایە کە ئەو کارە بە ئارەزووى خۆیەتى یان ناچارکراوە ئەنجا ڕێگایان دەدا.[13] ساڵى 1830، دەستەڵاتى بەریتانیا لە هندستان بەپێى یاسا و ڕێنمایی سوتاندنى ژنانى قەدەغە کرد.[14]

گۆڕینی قوربانیکردن لە مرۆڤەوە بۆ ئاژەڵ
بەپێى بەرەو پێش چونەکانى ژیانى مرۆڤایەتى قوربانیکردن بە ئاژەڵ جێگاى قوربانیکردنى بە مرۆڤەوە گرتەوە. قوربانیکردنى (بەران – مەبەست مەران نێرینەی مەڕە) چۆن ئاینەکان دەستیان کردووە بە قوربانى کردنى بەران و بۆچى ئاینە یەکتاپەرستەکان ئەمەیان هەڵبژاردووە؟ مێژوو ئەوەی دەرخستووە کە بیرۆکەى بە قوربانیکردنى بەران دەگەڕێتەوە بۆ بیروباوەڕە کۆنەکان کە بۆ 4000 ساڵ لەمەو پێش لاى میسرییە کۆنەکان بەران ڕەمزى (ئامون) خواوەندى بەرهەم بووە. هەروەها ڕەمزى (خنوم) خواوەندى گڵ بووە کە مەبەست لە گڵ ئەویە کە یەکەم کەس لە گڵ دروست بووە. هەروەها لاى هندییەکان بەران ڕەمزى خواوەندى بیر و ئاگر (ئانى) بووە. لەگەڵ ئەوەش هێماى (خواوەند ئیندرا) مامۆستاى خواوەندە ژنەکان و هێماى یەکتاپەرستى بووە. لاى یۆنانیەکانیش هێماى خواوەند ئەپۆڵۆیە کە خواوەندى (المرعی) بووە هەروەها لە چیرۆکى پێغەمبەر ئیبراهیم و قوربانیەکى بەران وێنەیەکى دیارى هەیە.[15]

لە یەکێک لە نوسراوەکانی  (بابلیەکان)دا هاتووە  (بەران) ،  جێگرەوە و فیدیەى مرۆڤە.
میسریەکان لە کاتى مردنى هەر فیرعەونێکدا ژمارەیەکى زۆر لە سەرکردە و ژن و مناڵ و بەندە و خەڵک لە چینە جیاوازەکان دەکوژران لەبەر ئەوەى لەودنیا خزمەتى پاشا بکەن.

بەرەبەرە لەم کوشتارانە دەستیان هەڵگرتوو پەیکەریان بۆ دروستکردن بە گومانى ئەوەى کە یارمەتى خواوەندەکان گیانێک وەردەگرن و لە خزمەتى شوێنکەوتوانیان وەستاون..  هەروەها سور پێستەکانى ئەمریکای باکور، دەستکارى قوربانیەکانیان کردووە، ئەوەش بە دانانى شتى تر لە جێگاى قوربانى داهێناوە. بۆ نمونە هونەرمەندەکانیان لە تەختە سەرى مرۆڤێک دروست دەکەن بە جۆرێک کە لەو کەسە بچێت کە دەکرێتە قوربانى بۆیە لە جیاتى کەسەکە ئەوا سەرى ئەو کەسە دەبڕن کە لە تەختە دروست کراوە. [16]

(پۆل ماسون ئورسل) (فەیلەسوف و رۆژهەڵاتناسی فەرەنسی)باسى ئەوە دەکات کە قوربانى کارى ئاینە ، ئاژەڵى قوربانى لە جیاتى مرۆڤى باوەڕداردایە کە خواوەندەکان لە جیاتى مرۆڤ گۆشتى ئەو ئاژەڵە دەخۆن. یەکێک لە شیعارە مەزهەبیەکاندا هاتووە کە بەران فیدیەى مرۆڤە ، مرۆڤ بەرانى لەجیاتى گیانى خۆى بەخشى و سەرى بەرانى لەجیاتى سەرى خۆى پێشکەشى خواوەند کردووە. یەکێک لە کارى بابلیەکان و خەڵکانى تریش بریتی بوو لە دروست کردنى پەرستگا بۆ خواوەندەکان لەکاتێکدا خواوەندەکان پێویستیان بە ماڵ و پەرستگا هەبووە دواتر پاشا یان پیاوانى ئاینى بۆیان دروست کردوون.[17]

عەبدولمتولیبى باپیرى پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) پەیمانى دابوو ئەگەر ببێتە خاوەنى (١٠) کوڕ، ئەوا یەکێکیان لە کەعبە دەکاتە قوربانى. خودا حەزەکەى بەدیهێنا و بویە خاوەنى (١٠) کوڕ.  دواتر بۆ بەجێهێنانى پەیمانەکەى کوڕەکانى برد بۆ کەعبە لە بەردەم بتى (هبل) بۆ هەڵبژاردنى یەکێکیان، بەڵام دواى مشتومڕ و ڕاوێژێکى زۆر لە برى قوربانیەکە سەد(١٠٠) حوشتریان کردە قوربانى. ئەو مناڵەى کە لە هەڵبژاردنەکەدا ناوى دەرچوو  بکرێت بە قوربانی عەبدوڵڵاى باوکى پێغەمبەر بوو.[18]

قوربانى بەبێ خوێن:

لە ئاینە سەرەتاییەکاندا قوربانى بەبێ خوێن هەموو بابەتە خۆراکیەکانى وەکو:  (میوە، سەوزە، ئاو، شەراب و ئاژەڵە وەقف کراوەکان) بووە. زانای دەرونشیکاری ئەڵمانی سیگمۆن فرۆید باوەڕی وایە ئەم جۆرە قوربانیانە لە نۆبەرەی ئەو بەرهەمانە بووە.

ئاشورییەکان لەسەر گۆڕی باوباپیرانیان دەیانخواردەوە. هەمان کولتور لە ناو هندییەکاندا هەبووە ئەمەش بەبۆچونی خۆیان بۆ پاک بونەوە لە گوناه بووە. عەرەبەکان بە هەمان شێوەى نەتەوە سامیەکان خوێنى قوربانیان بەکارهێناوە بۆ پاکبونەوە بەڵام فینیقیەکان شیریان بەکارهێناوە. دواتر لە جیاتى خوێن سودیان لە مەشروب وەرگرتووە کە لە ترێ دروست کراوە.

بە قوربانیکردنى خواوەندەکان
لە هەندێ کاتدا خواوەندەکان کراون بە قوربانى ئەم دیاردەیە بەتایبەتى لە وڵاتی هندستان باو بووە. وەک لە دەقى براهمانەکاندا ئەوە بەدی دەکرێت کە خواوەندەکان بە هۆى قوربانى کردنەوە بەهەشت بەدەستدەهێنن. هەروەها خواوەندى ئێرانیە کۆنەکان (زوروان) بۆ ماوەى هەزار ساڵ قوربانى کرد بۆ ئەوەى ببێتە خاوەنى کوڕێک تا دنیا دروست بکات.

جیاوازى قوربانى خوداکان لەگەڵ قوربانیەکانى تردا ئەوەیە کە قوربانیەکانى تر بریتی بووە لە پێشکەش کردنى شتێک بە خواوەند بەڵام قوربانى بە خواوەند بریتی بووە لە پێشکەش کردنى بە خواوەندێکى هەمان شێوە.

 

ئەم بابەتە وەرگیراوە لە ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەکان

سەرچاوە و پەراوێزەکان:

[1]http://iec-md.org/farhangi/qurbaani_adyaan_faraahaani.html

[2]–احمد اقايي مبيدى : فطرى بودن قربانى و راز انحرافات آن در اديان ابتدايي , مجلة معرفت اديان , سال دوم , بهار 1390 – 2011

[3]عبدالله مبلغى آبادانى: تاريخ اديان و مذاهب جهان , جلد دوم , ل 79

[4]http://iec-md.org/farhangi/qurbaani_adyaan_faraahaani.html

[5] عبدالله مبلغى آبادانى: تاريخ اديان و مذاهب جهان , جلد دوم , ل 79

[6]http://iec-md.org/farhangi/qurbaani_adyaan_faraahaani.html

[7] https://www.cgie.org.ir/fa/news/84536

[8]http://iec-md.org/farhangi/qurbaani_adyaan_faraahaani.html

[9]احمد اقايي مبيدى : سةرضاوةى ثيَشوو

[10]سفك دم قربانا قديما الحديثاhttp://ossaymajanou.blogspot.com/2012/05/blog-post_9.html

[11] احمد اقايي مبيدى : سةرضاوةى ثيَشوو

[12]عبدالله مبلغى آبادانى: سةرضاوةى ثيَشوو, ل 79

[13] Satish Chandra: History of Medieval India , Delhi,2011 , 46 – 132

[14]3 – الاب صبرى المقدسي : الموجز فى المذاهب و الاديان الهندوسية , الزرادشتية , اليهودية , المسيحية , الاسلام , الجزء الاول , اربيل , 2007 , ص 26

[15]http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=329016

[16]احمد اقايي مبيدى : سةرضاوةى ثيَشوو

[17]عبدالله مبلغى آبادانى: تاريخ اديان و مذاهب جهان , جلد دوم , ل 77

[18] حسن ابراهيم حسن: تاريخ الاسلامى السياسي و الدينى و الثقافى و الاجتماعى , الجزء الاول, دار الجيل الاول, طبع الخامسة العشر, 2001 , ل 60 – 61

About زريان احمد

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …