Home / ناوداران / پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفا لە حوجرەی دێلێژەوە بۆ پرۆفیسۆری

پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفا لە حوجرەی دێلێژەوە بۆ پرۆفیسۆری

21057232_2006625422899991_1615141355_o

پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفا لە حوجرەی دێلێژەوە بۆ پرۆفیسۆری

عیزەدین كوڕی مەلا مستەفای سەفوەت كوڕی حاجی مەلا ڕەسوڵی دێلێژەیە، ساڵی 1934 لە گەڕەكی دەرگەزێن لە شاری سلێمانی لەدایك بووە، سێیەم منداڵی باوك و چوارەم منداڵی دایكیەتی. كاتێك دایكی لە مێردی یەكەم جیا بووەتەوە، لەگەڵ مەلا مستەفای سەفوەتدا خێزانی پێك هێناوەتەوە.

عیزەدین لەناو بنەماڵەیەكی خوێندەواردا ژیاوە؛ حاجی مەلا ڕەسووڵ كە دەكاتە باپیری یەكێك بووە لە زانا ئاینیەكانی سەردەمی حكومەتی خوارووی كوردستان و لەلایەن مەلیك و كاربەدەستانەوە گوێی لێ گیراوە.

حاجی مەلا ڕەسووڵ 5 كوڕی هەبووە، كە سەرجەمیان خوێندەوار و مامۆستای ئاینی بوون، مەلا مستەفا كە باوكی دكتور عیزەدینە بە كاری مەلایەتییەوە لە شاری سلێمانی ژیانی گوزەراندووە، ژیانێكی مام ناوەندی بەڕێ كردووە و بەردەوام خەریكی خوێندنەوە و بەتایبەت تەسەوف بووە.

عیزەدین لە لای باوكی لە مزگەوتی »حاجی مەلا ڕەسووڵی دێلێژە خوێندویەتی، پاشان ساڵی 1939 وەك گوێگر لە قوتابخانەی غازی وەرگیراوە، پاش نیوەی ساڵ بەهۆی ئەوەی كە خوێندكارێكی وریابووە، كراوە بە خوێندكار و سەری ساڵیش بە یەكەم دەرچووە.
چووەتە ناوەندی و لە سێی ناوەندی تاقیكردنەوەی بەكەلۆریی ئەنجام داوە و سەركەوتوو بووە، مستەفای سەفوەت پێی وتووە: بۆ درێژەدان بە خوێندن بچۆ بۆ بەغدا و لە كۆلێژی شەریعە بخوێنە، هەم خوێندنێكی ئەكادیمیە، هەم مەلایەتییەكەشت دەمێنێتەوە.

دوای چوونی بۆ بەغدا، بووەتە خوێندكاری كۆلێژی شەریعە، بەڵام بەهۆی تێكەڵبوونی بە كاری سیاسییەوە، ساڵی یەكەمی شەریعەی پێتەواو نەكراوە و دەركراوە، پاشان گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و ساڵی دواتر چووەتە پۆلی چوارەمی بەشی زانستیی تەواو كردووە، لەو دەمەدا بەشی ئەدەبی لە شاری سلێمانی نەبوە، ساڵی دواتر كراوەتەوە، یەكێك لە مامۆستاكانی بە ناوی »مووسا داوای لێ كردووە بچێتە بەشی ئەدەبی لە پۆلی پێنجەم لە خوێندنی شەوانە، پاش تەواوكردنی پۆلی پێنجەم، چووەتە بەغدا.

ساڵی 1951 لە خانەی ماڵی مامۆستایان وەرگیراوە، ساڵی 1952 بەشداری ڕاپەڕینی ئەو ساڵە بووە لە شاری بەغدا، بریندار بووە و دواتر لە كۆلێژ دەركراوە لەبەر بەشداریی كردنی لە راپەڕینەكەدا گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و لە بەڕێوەبەرایەتی مەلاریا بە ناونیشانی كرێكار دامەزرێندراوە.

دواتر لە ڕێی چەند كەسێكەوە باوكی كردوویەتی بە مامۆستای سەرەتایی لە قەڵادزێ، بەڵام لەوێش بە هۆی كاری سیاسییەوە گواستراوەتەوە بۆ سلێمانی، دواتر بۆ قەمچووغە،  لەوێش بە كاری سیاسییەوە خەریك بووە، دووبارە گێڕاویانەتەوە بۆ سلێمانی.

بەڵام لەبەر خراپی موتەسەریفی سلێمانی عیزەدین هەڵهاتووە بۆ شام و عیراقی بەجێهێشتووە، دووبارە لە كۆلێژی ئاداب لە شام درێژەی بە خوێندن داوە و پۆلی 2-3ی بەشی عەرەبیی ئادابی تەواو كردووە، هەتا شۆڕشی 14 تەمووزی 1958 گەڕاوەتەوە بۆ بەغدا و لە قۆناغی سێهەمی خانەی مامۆستایان دانراوە. پاشان تەواوی كردووە و هەر لە بەغدا لە بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی كوردی كە یەكەم ساڵ بووە پێك هێنراوە دامەزرێنراوە.

لەوسەردەمەدا عەبدولكەریم قاسم كەوتە ناردنی خوێندكار بۆ سۆڤیەت لەسەر ئەركی دەوڵەت. عیزەدین مستەفا ڕەسووڵیش یەكێكبووە لەو خوێندكارانەی چووەتە سۆڤیەت.

دوای تەواوكردنی زمان، لەگەڵ كەمال مەزهەر و نەسرین فەخریدا چووەتە باكۆ، 24/6/1963 پلەی دكتورای وەرگرتووە و پاشان بە داوای حیزبی شیوعیی عێراق چووەتە سۆفیای پایتەختی بولگاریا بۆ سەرپەرشتیی ڕادیۆی نهێنیی دەنگی گەلی عێراق.

ساڵی 1965 گەڕاوەتەوە بۆ كوردستان و چووەتە شاخ و بووە بە پێشمەرگەی حیزبی شیوعیی عێراق، بەڵام دوای ساڵێك مانەوە لە بارەگای بارزانی، 26/12/1966 بە هەوڵێكی مەلا مستەفای بارزانی بووەتە مامۆستا لە زانكۆی بەغدا و لە بەشی كوردی دامەزرێنراوە.

ساڵی 1979 چووەتەوە بۆ مۆسكۆ، درێژە بە خوێندن داوە و پلەی دكتۆرای و پڕۆفیسۆری وەرگرتووە.

لە ساڵی 1992 بووە ئەندام لە یەكەم خولی پەرلەمانی باشووری كوردستان لەسەر لیستی ی. ن. ك بەڵام وەك كەسێكی بێلایەن.

عیزەدین مستەفا یەكێكە لە دامەزرێنەكانی یەكێتیی نوسەرانی كورد، یەكەم بەیاننامەی دامەزراندنی بە قەڵەمی عیزەدین نوسراوە. دەستەی دامەزرێن 11 كەس بوون. ساڵی 1969 مۆڵەتیان وەرگرتووە و جەمال بابان كراوە بە سەرۆكی دەستەی دامەزرێن. بەڵام دوای گەڕانەوەی نووسەرانی شاخ پاش بەیاننامەی 11ی ئازار، ئەم دەستەیە هەڵوەشێندراوەتەوە و لە بەغدا هەڵبژاردن كراوە، د. عیزەدین بە كۆی 63 دەنگ بووەتە سەرۆكی یەكێتیی نووسەرانی كورد.

ساڵی 1974دا لە هەولێر كۆنگرە گیراوە، لەم كۆنگرەیەدا سەیدا ساڵح یوسفی بووەتە سەرۆك و د. عیزەدین جێگری بووە. دواتریش درێژەی بە كاری ڕۆشنبیریی خۆی داوە لەناو ئەم ڕێكخراوەیەدا. دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 ئازادانەتر كاری كردووە.
د. عیزەدین ڕۆڵێكی گرنگی لە یەكێتیی نووسەراندا گێڕاوە، چ لە چارەسەركردنی كێشەكاندا و چ لەچالاكیەكاندا، بەتایبەت دەركردنی گۆڤاری یەكێتیی نوسەران.

86 بەرهەمی ناوازەی سەرەتای نووسینی لە ڕۆژنامەی دیوارەوە دەست پێ كردووە، كاتێ خوێندكاربووە لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی لە مەكتەبی فەیسەڵییە دوای ئەمە كەوتووەتە نووسینی هەندێك بابەتی سیاسیی ڕۆژانە، دواتر كە لە خانەی بەرزی مامۆستایان وەرگیراوە، یەكسەر بووەتە ڕۆژنامەنوس لە ڕۆژنامەی ئەهالی پاش داخستنی گۆڤارەكەش گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و ڕۆژنامەی ژین بابەتی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی.

دكتۆر عیزەدین مستەفا لە ساڵی 2009 خەڵاتی بلەی بۆ كەسایەتیی ساڵ لە بواری ئەدەبدا وەر گرتووە.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …