Home / بەشی مێژووی كورد / ووردترین زانیاری دەربارەی شاری سلێمانی

ووردترین زانیاری دەربارەی شاری سلێمانی

مێژووی  شاری سلێمانی:

شاری سلێمانی لە ساڵی ١٧٨٤ لەلایەن ئیبراھیم پاشای بابان ەوە ئاوەدانکراوەتەوە. ئیبراھیم پاشا شارەکەی بە ناوی باوکییەوە، سلێمان پاشا، ناوناوە. سلێمانی جگەلەوەی دەبێتە پایتەختی میرنشینی بابان، لەھەمان کاتدا دەبێتە مەڵبەندێکی بازرگانی و ڕۆشنبیری ناوچەکە.[٨] زاراوەی سۆرانی لە ناوچەکەدا پەرە دەستێنێ و دەبێتە زمانی خوێندن و نووسین بە جۆرێک کە زاراوەی سۆرانی لە ناوچەکەدا بەرەو کەمبوون و نەمان دەچێت. پاش ڕووخانی میرنشینی بابان لەساڵی ١٨٥١ وە لەناوچوونی دەوڵەتی عوسمانی لە جەنگی جیھانی یەکەم، شاری سلێمانی دەخرێتە سەر کۆماری ئێراقی ئەمڕۆ. لە ساڵی ١٩٢٢ تا ١٩٢٤ شاری سلێمانی پایتەختی دەوڵەتەکەی مەلیک مەحموود بووە. شاری سلێمانی جگە لەوەی لانکەی ڕۆشنبیر و تێکۆشەران بووە، مەڵبەندی ھەڵگیرسانی چەندان شۆڕش و ڕاپەڕینیش بووە لە مێژووی کوردستاندا. بەپێی ڕۆژنامەی ژین لە ساڵی ١٩٥٥ پانی ڕووی شاری سلێمانی ٢٠ ملیۆن و ٢٥٠ ھەزار مەترە و ژمارەی دانیشتوانی دەگاتە ٦٠ ھەزار کەس و نزیکەی ٧ ھەزار خانووی تیادایە. لە شەش گەڕەکی سەرەکی پێکھاتووە ئەوانیش کانی ئاسکان، گۆیژە، مەڵکەندی، سەرشەقام، چوارباخ، دەرگەزێن گەڕەکی جوولەکانی جارانیش کە ئێستا خراوەتە سەر گەڕەکی سەرشەقام.

بابانییەکان و سلێمانی:

بەر لەوەی بنەماڵەی بابانییەکان بیر لە دروستکردنی شاری سلێمانی بکەنەوە ، ئیمارەتەکەیان لە ناوچەی قەڵاچوالان بوو ، لەگەڵ بەرفراوان بوونی ئیمارەتەکە ، جموجوڵی ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی شارستانی لە ناوچەکەدا دەستی پێکرد ، لە سەردەمی فەرمانڕەوایی باباندا ململانێ و توندوتیژیی لە نێوان فارسەکان وعوسمانییەکاندا ھەبوو ، شوێنی جوگرافیای قەڵاچوالانیش لەبەر نزیکی لە سنووری ئێرانەوە ، شوێنێک بوو ببوە مەترسی شەڕ و پێکدادانی نێوان لەشکری فارس وعوسمانییەکان بۆیە ھەریەکە لە (نادر شا و سوڵتان مەحمودی یەکەم) لە ھەوڵی ئەوەدا بوون ئیمارەتی بابان بە لای خۆیاندا رابکێشن ، کێشمەکێشی ناوخۆیش لە نێو بنەماڵەی بابانییەکان و ئیمارەتە کوردییەکاندا بۆ کورسی و دەسەڵات ئەوەندەی دیکە مەترسی لەسەر ناوچەکە دروست کردبوو ، ئەمەش وایکرد مەحمود پاشای بابان ساڵی (١٧٨١)ی زاینی بیری لەوەکردەوە ناوەندی بەڕێوەبردنی سیاسی لە قەڵاچوالانەوە بگوێزێتەوە بۆ شوێنێکی تر ، بۆیە سەرای حکومەتی لە نزیک گوندی مەڵکەندی دروستکرد ، دواتر ئیبراھیم پاشای بابان لە ساڵی (١٧٨٣)دا فەرمانڕەوایی ئیمارەتەکەی گرتە ئەستۆ و دەستیکرد بە دروستکردنی شاری سلێمانی تا لە ساڵی (١٧٨٤)دا لە دروستکردنی شاری سلێمانی کۆتایی ھات ، لە ھەمان ساڵدا بابانییەکان پایتەختی ئیمارەتەکەیان گواستەوە سلێمانی.[٩]

لە ساڵنامەی (١٩٥٥)ی سلێمانیدا کە لە (ڕۆژنامەی ژین) دا بڵاوکراوەتەوە ھاتووە: ئیبراھیم پاشای بابان خۆی حوکمداری شاری قەڵاچوالان بووە ، لەبەر ناخۆشی و تەنگی شوێنەکە و لە ترسی ھێرشی دوژمن بەتایبەتی لە نادر شای حوکمداری ئێران کە گەلێ جار ویستویەتی ھەڵمەت بەرێتە سەری دەست بەسەری بکات ، بە ناچاری شار و شوێنی ھەڵسوڕانی کاروباری وڵاتەکەی گواستەوە ئەم شوێنە کە ئێستا شاری سلێمانییە.[١٠]

بەردەرکی سەرا:

بەردەرکی سەرای سلێمانی لە سەردەمی پاشایەتیدا

میرەکانی بابان لەگەڵ دروستکردنی شاری سلێمانی جیگەیەکیان تەرخانکردووە بۆ بارەگای بەڕێوبردنی دەسەلاتەکەیان ناسراوە بە سەرا. پێدەچێت بیرکردنەوە لە دروستکردنی ئەم سەرایە لە ئەنجامی ئەوەوە ھاتبێت دوای دامەزراندنی حکومەتی دەوڵەتی مەلیکنشینی بۆ پێگەی ئیدارەی فەرمانگەکانی لیوای سلێمانی ئەو کاتە ئامادەکرابێت. ئەم سەرایە لە ساڵی ١٩٢٦- ١٩٢٨ لە ناو سەنتەری شاری سلێمانی دروستکراوە کە پێکھاتووە لە دوو نھۆم و ٤٣ ژوور، چەندین جار کاری چاکسازی تیادا کراوە بۆ سوود وەرگرتن لە نیشتەجێ بوون و بەڕێوبەرایەتی فەرمانگەکانی شار. پاشان تەرخانکراوە بۆ پێگەی ئیداری پۆلیس و قایمقامیەت ئێستا لەلایەن پارێزگای سلێمانی و بەڕێوبەرایەتی شۆێنەواری سلێمانی بۆ گەڕانەوەی شێوازی ڕەسەنەکەی نۆژەنکراوەتەوە بۆ مۆزەخانەیەکی مێژوویی و سیاسی و نەتەوەیی شاری سلێمانی و شانازیەکانی ڕابردووی ئەم شارەی تێدا دەپارێزێت.[١١]

جوگرافیای شاری سلێمانی:

شاری سلێمانی دەکەوێتە نێوان ھێڵی پانی (٣٤ – ٣٦) پلە لەسەر ھێڵی کەمەر و ھێڵی درێژی (٤٥ – ٤٦) پلە لە ڕۆژھەڵاتی ھێڵی گرینویجی گۆی زەوییەوە ، واتە دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای کیشوەری ئاسیا و ڕۆژھەڵاتی کوردستانی باشوورەوە.[١٢] سلێمانی لە باکووری ڕۆژھەڵاتەوە بە زنجیرە شاخی ئەزمڕ (١٧٠٠م)، گۆیژە (١٥٢٥م) و قەیوان دەورە دراوە ، لە باشووریشەوە بە چیای بەرانان (١٣٧٣م) و لە ڕۆژھەڵاتیشەوە دەشتی شارەزوور دەستپێدەکات کە درێژییەکەی ٤٥کم و پانییەکەی ١٥کم. لە ڕۆژئاواشەوە شاخی تاسڵوجە گەمارۆی داوە. شاری سلێمانی ٨٥٣م لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە و ئاوو ھەواکەی بە دەریای ناوەڕاستەوە کاریگەرە و لە زستاندا سارد و باراناوییە و ھاوینیشی وشک و گەرم و بێبارانە ، جیاوازییەکی زۆریش لە نێوان پلەکانی گەرمای شەو ڕۆژ و وەرزەکانی ساڵیدا بەدی دەکرێت.[١٣]

ئاو و هەوای شاری سلێمانی

ئاو و ھەوای ناوچەی سلێمانی بە زۆری لە ئاو و ھەوای ناوچەی دەریای ناوەڕاست ئەچێت تەنیا ناوچەکانی چەمچەماڵ و دەشتی کەلاریان لێدەرچێت. پلەی گەرمای ھاوین ئەگاتە (٣٩) پلەی سەدی و ئەگەر بەرەوخۆرئاوا ببیتەوە تا (٢٤)نزم ئەبێتەوە. ئەمە بە شێوەیەکی گشتییە بەڵام ھەندێک ساڵ بەرزترین پلەی گەرما لە ھاوین دا سنووری (٤٥) پلەی سەدیش ئەبەزێنێت. بای لە ھەر چوارلاوە بۆ دێت. جاران لە دوانزە مانگی ساڵدا ھەشت مانگ بارانی تیا دەباری بەڵام ئێستا وەک بەشێک لە دیاردەی گەرم بوونی زەوی ماوە و ڕێژەی باران بارینی تیا کەم بۆتەوە. تێکڕای گشتی باران بارین لە ساڵێکدا لە نێوان (٤٠٠-ـ٦٠٠ملم). بێگومان لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای سلێمانیدا ئەگاتە ١٠٠٠ ملم و ھەندێکجار زیاتریش.

شاری سلێمانی ٨٥٣م لە دەریاوە بەرزە. ھەر لە ناو شاری سلێمانی دا بەرزی و نزمی و گردۆڵکەی زۆر ھەن (ھەوارە بەرزە ، گردی عەلی ناجی گردی گەڕەکی ئەندازیاران ، گردی سەرچنار وە گردەکانی تر) ئەمانە بە شوێنی بەرز دائەنرێن بەڵام سلێمانی کۆن وەک دەگەرزێن و چوارباخ و کانێسکان و سەرچنار و سەرشەقام تا بەرەو خوارە بێتەوە ھەر دوو چەمی تانجەرۆ و قلیاسان نموونەی ناوچە نزمەکانی سلێمانین. جیاوازی نێوان لوتکەی گۆیژە و دەوروبەری چەمی قلیاسان ٨٧٨م ئەبێت. واتە گۆیژە نزیکەی ١کم لە باشووری سلێمانییەوە بەرزترە کە ئەمە جیاوازییەکی زۆرە و گەلێک کار ئەکاتە سەر ئاو و ھەوا و پەیدابوونی ڕەشەبا. ئاو و ھەوای شاری سلێمانی پلەی گەرما لە ھاوینی ١٨٢٠دا وەک گەشتیاری بەناوبانگ (میستەر ریچ) لە دوای نیوەڕۆدا گرتویەتی لە ڕۆژی ١٧ی‌ تەموزدا (٣٥) پلەی سەدی بووە ، بێگومان ئێستا ئاو و ھەواکەی گەرمترە و خۆی ئەدا لە ٤٥ پلەی سەدی. لە زستاندا لە بەکرەجۆی نزیک سلێمانی تێکڕا (٣،٥) پلەی سەدییە. بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکان بە تایبەت دوای بەفربارین و لە چلەی زستان دا چەند پلەیەک دێتە ژێر سفرەوە.

تەوژمی پاڵەپەستۆی ھەوا و پلەی گەرما پێچەوانەی یەکترن. واتە ھەتا پلەی گەرمی بەرزتر بێتەوە (با) یاخود (ھەوا) ئەکشێ و بۆشایی تیا پەیدا ئەبێت و قورسای کەم ئەبێتەوە ، بەوە تەوژمەکە کەم ئەبێتەوە بۆیە گەرما کاریگەرترین شتە لەسەر پاڵە پەستۆی ھەوا ھەر ئەمەشە وای کردوە سلێمانی بە شاری ڕەشەبا بناسرێت. ھەوای سلێمانی (شێدار)نییە چونکە دوورە لەدەریاوە .

بازاڕ و قەیسەرییەکانی شاری سلێمانی:

وێنەی ئەسپ و عەرەبانەیەک لە بەردەم مزگەوتی گەورەی سلێمانی کە هۆکاری سەرەکی بووە بۆ گوانستنەوەی ناو شار

لە دروستبوونی سلێمانییەوە بەردەرکی سەرا و دەوروبەری ناوەندی شاری سلێمانی بووە، بۆیە دوکان و بازاڕ زیاتر ئەو ناوەی گرتۆتەوە مێجەرسۆن لە گەشتەکەیدا بۆ ناوچەی سلێمانی لە ساڵی ١٩٠٨ باسی خانی عەجەم و خانی غەفوور ئاغا و قەیسەری وەسمان پاشا و قەیسەری نەقیب ئەکات، واتە لە پێش ھاتنی مێجەرسۆنەوە ئەم خان و قەیسەرییانە لە سلێمانی ھەبوون، ئێستا تەنیا قەیسەری نەقیب وەک خۆی ماوە بەڵام خان و قەیسەرییەکانی تر نەماون و شوێنەکانیان ئێستا دوکان و بازاڕە، لە دوای ئەمانەوە کە سلێمانی فراوان بووە و شەقامی تیا دروستکراوە لە سەر شەقامە سەرەکییەکان و سەنتەری شار و گەڕەکەکاندا بە سەدەھا دوکان و بازاڕی تیادا دروستکراوە. خان و قەیسەرییەکانی سلێمانی لە سەرەتای سەدەی رابردوودا ئەمانە بوون:

ناوی شوێن زانیاری
قەیسەرى وەسمان پاشا وەسمان پاشاى کوڕى حەمە پاشاى جاف دروستی کردووە و لە ساڵى 1974 دا سووتاوە و ئێستا جێگاکەی بازاڕێکی گەورەى لێ دروستکراوە.
قەیسەرى نەقیب شێخ مستەفاى نەقیب کوڕەزای کاک ئەحمەدی شێخ دروستی کردووە و تا ئێستاش ماوە.
قەیسەرى شێخ مەحمود لە ساڵى ١٩١٦6 دروستکراوە لە شوێنی مەیدانی برنجەکە بەرامبەر حەمامی سوورەت، ئێستا شوێنەوارى نەماوە.
قەیسەرى غەفوور ئاغا لاى مەزادخانەکەوە بووە، ڕووخاوە و ئێستا شوێنەکەی دوکان و بازاڕە.
خانی غەفوورئاغا شوێنەکەی ئێستا کراوەتە بازاڕى مەحوی بەرامبەر خانەقاى مەحوی.
خانی عەجەم لە نزیک مەزادخانەکەوە بووە لە ناوبازاڕ و ئێستا شوێنەکەی کراوە بە دوکان و بازاڕە.
خانی عەبدولڵا درێژ عەبدولڵا درێژ
خانی حاجی سەعید ئاغا خۆى دروستی کردووە و موڵکی خۆى و دوو برایەتی.
خانە سووتاو قادرى کەریم دایەن دروستی کردووە و ئێستا بازاڕێکی گەورەى لە شوێندا کراوە بە ناوی بازاڕى خانەقا (بازاڕى جگەرە)وە.
خانی رسوومات موڵکی حەمەئاغای براى حاجی سەعید ئاغا بووە.

شوێنە گشتی و مێژوییەکان:

چایخانەی شەعب:

چایخانەی شەعب هەر لە سەرەتاوە مەڵبەندی کۆبونەوە و حەوانەوەی خوێندەواران و هونەرمەندان و نووسەران بووە. سەرەتای دروستبوونی چایخانەی شەعب ئەگەرێتەوە بۆ ساڵانی پەنجا و وەستا شەریفی چایچی سەرپەرشتی کردووە. عومەر شەریف خاوەنی چایخانەی شەعب لە بارەی سەرەتای دروستبوونی چایخانەی شەعبەوە بەم جۆرە دوا : لە سەرەتادا وەستا شەریفی باوکم چایچی دەسگێر بووە پاشان بیری لە دانانی چایخانەیەک کردووە و ناوی ناوە چایخانەی شەعب سەبارەت بەوەی کە بۆ چایخانەکە ناوی شەعبی لێنراوە وەستا عومەر وتی : لە ساڵانی زوودا بیناکە ئوتێلێک بووە ناوی شەعب بووە هەر بۆیە ئەم ناوەش لە چایخانەکە نرا.

سیتی سینەما:

سیتی سینەما لە ساڵی ٢٠٠٨ لە شاری سلێمانی درووستکرا کە تاکە سینەمای مۆدێرنە لە عێراقدا. لەم سینەمایە نوێترین فیلمەکانی جیهان پەخش دەکرێن کە ئەوانیش فیلمەکانی (بۆکس ئۆفیس)ن کە پێکدێن لە نوێترین ١٠ فیلمی هۆڵیوود.

مۆزەخانەی سلێمانی:

مۆزەخانەی سلێمانی لە (١٤ی تەمموزی ١٩٦١) دامەزراوە سەرەتا لە خانوویەکی بچووکی گەڕەکی شۆڕشدا بوو، لە ساڵی ١٩٨٠ گواسترایەوە بۆ ئەم بینایەی ئێستای. یەکەم بەڕێوەبەری مۆزەخانەی سلێمانیخوالێخۆشبوو (ڕەفیق فەتحوڵا) بوو. مۆزەخانەی سلێمانی پارچە ئاسەواری سەردەمە جیاوازەکانی کوردستان و میسۆپۆتامیا لەخۆ دەگرێت. لەسەر ئاستی عێراقدا بە دووەم مۆزەخانە دادەنرێت.[١٥]

ڕامادا سلێمانی:

ڕامادا سلێمانی ٨٤٠ هەمین هۆتێلی ئەو گروپەیە – کە چەندین بواری گەشتیاری لە خۆ دەگرێت – ٧١ ژووری تێدایە کە ١٢ یان سویتن و یەکێکیشیان بۆ ((VIP)) یە هەروەها مەلەوانگە و فیتنێس و ساونا و حەمام تورکی و ژووری هەڵم و ژووری سەهۆڵ و شێلان و کافێ و مینی باڕ و ڕیستۆرانت و پارکی ئۆتۆمیل لە خۆ دەگرێت.

دارە سووتاوەکە[١٦]:

دارەسووتاوەکە بەو گۆڕەپانە دەوترێت کە دەکەوێتە ناوجەرگەی شاری سلێمانی ‌و لە سەرو مزگەوتی گەورەوە دەست پێدەکات تا شەقامی قەنات، جگە لەوەی شوێنی وەستانی پاسی چەند ھێڵێکە لە شارەکەدا و چەندین پیشەوەری ئیشی دەست ‌و کۆنەفرۆشی تێدا کۆبوەتەوە.هەرچەندە لە ئێستادا بە ھیچ شێوەیەک (دار) لەو مەیدانەدا نافرۆشرێت، بەڵام ھەر بە ناوە کۆنەکەیەوە بەناوبانگە و ناسراوە، تەنانەت لە پێشی پاسەکان نوسراوە (دارە سووتاوەکە).

مێژووی شوێنەکە:

ھاوڵاتیانی دێرینی شاری سلێمانی لە گێڕانەوەی مێژووی ئەو مەیدانەدا، باس لەوە دەکەن کە ئەو شوێنە دەشتایی بووە و لە ناوجەرگەی شارەوە دوور بووە و دواتر کراوەتە باخ ‌و دوای ئەوە بوە بە مەیدانی فرۆشتنی دار. ئازاد محەمەد (٥٤ ساڵ)، دوکاندارێکی ناو دارە سووتاوەکەیە، باس لەوە دەکات کە تا سەرەتای ساڵی شەستەکان دارەسوتاوەکە (دەشت) بوە و ھیچی تێدا نەبووە، دواتر پیاوێک ئەو شوێنەی کردوە بە باخ ‌و لە کارێزی مەجیدبەگەوە ئاوی بۆ دەھێنا تا کۆتایی ساڵی شەستەکان کە باخەکە نەما و کۆمەڵیک دار فرۆش ھاتنە جێگاکە. ئازاد وەک خۆی دەڵێت ماڵیان لەو ناوچەیە بوە و وتی: “دارەکان لە شارباژێرەوە بەسەرپشتی ئاژەڵەوە دەھێنران ‌و لە مەیدانەکە بەشێوەی مەزاد دەفرۆشران ‌و ھەر دارێکی بە ١٠ فلس مەزاد دەکرا”.

شاری ڕۆشنبیری:

یەکەم هەڵبژراردەی یەکێتی نووسەرانی کورد لقی سلێمانی لە ساڵی ١٩٧٠

یەکیک لە قوتابخانە کۆنەکان – قوتابخانەی فەیصەلیە لە شاری سلێمانی لە ناوەڕاستی سەدەی ٢٠ەم

شاری سلێمانی بە ڕای ھەندێک لە خەڵکی کوردستان بە شاری ڕۆشنبیری دەناسرێت. ئەوان وا دەزانن کە ئەو بەرفراوانییەش بۆ دەوری بابانو دامەزراندنی شار و ماوەیەکیش لە ساڵانی دەوڵەتی عوسمانی دەگەڕێتەوە، کە ھەموو مەلا و زاناکان شاعیر و نووسەر بوون و ڕۆڵی مزگەوتو حوجرەش کەم نەبووە لەو بوارەدا، سێ کوچکەی بابان، نالی و سالم و کوردی قوتابحانەی شیعری بابان درووستدەکەن و ئەگەر ئەو قوتابخانەیە لە ڕووی ناوەڕۆکەوە گەلێک دیمەنی لە ئەدەبیاتی ئەمڕۆی کوردیدا نەمابێت، ئەوا فۆرمی ئەدەبیاتی کوردی ئەمڕۆ ئەوا ھەر بەرپێشچوونی فۆرمی ئەو ئەدەبەیە، ئەو زارەی پێی دەنووسرێت ھەر ئەو زارەیە، زۆربەی گەورەنووسەرانی ئەو سەردەمە وەک: نالی، سالم،کوردی، مەولانا خالید، مەلا عەبدوڵلای بێتوشی، شێخ مارفی نۆدێی، سەید ئەحمەدی نەقیب، شێخ حسێنی قازی، حاجی مەلا ئەحمەدی دێلێژە، محەمەد فەیزی زەھاوی، جەمیل سدقی زەھاوی، مەلا ساڵحی حەریق، ساڵح ئەفەندی ئاھی، تایەر بەگی جاف، وەلی دێوانە، عەلی بەردەشانی، زێوەر مەلا عەبدوڵلا، ئەحمەد موختار جاف، مەلا عەزیزی موفتی، پیرەمێرد، بێخود، جەمال عیرفان و چەندین نووسەر و شاعیری دوای ساڵی پەنجاکان بوون بە بەشێکی گرینگ لە ئەدەبی کوردی ھاوچەرخ لە کوردستاندا. ھەرچەند ھەندێک لەمانە لە نێویەکدا بەھۆی تەسەوفەوە ناکۆکیان لە نێواندا ھەبووە کە دیارترینیان شێخ مارفی نۆدێ کە بووە دوژمنی سەرسەختی مەولانا خالید. لەدوای راپەڕینی بەھاری ساڵی ١٩٩١ چەند ھونەرمەندی بەناوبانگی تر لە سلێمانی ھەڵکەوتن کە رۆڵیان بوە لە شەپۆلی نوێی ئەدەبی کوردیدا، لەوانە: مەریوان وریا قانع، بەختیار عەلی، بەرزان ھەستیار، گۆران بابە عەلی، زمناکۆ بورھان قانع، محەمەد موکری، قوبادی جەلی زادە و چەند ناوێکی تر. ئەم بوارە بەرفراوانە ئێستاشی لەگەڵدا بێت سلێمانی تێیدا پێشەنگە و ھەمیشە ئەو نووسەر و شاعیرانە رۆڵی بەرچاویان لە بزوتنەوەی کوردایەتیشدا ھەبووە و بوونەتە داینەمۆی شۆڕشەکان، یەکێکی تر لە ئەو شتانەی کە سلێمانی بە شاری ڕۆشنبیری ناساندوە ئەوەیە کە یەکەم چاپخانە کە لە کوردستان کەوتبێتەکار لە سلێمانی بوە، یەکەم ڕۆژنامەی کوردی لە کوردستان دەرچووبێت ھەر لەسلێمانی بووە.[١٧]

میدیا و ڕۆژنامەگەری:

لە سلێمانیدا دەیان دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی تێدایە و چەندین ڕۆژنامە و گۆڤاری لێوە دەردەچێت و ژمارەیەکی زۆریش ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆن و سەتەلایتی تێدا پەخش دەکرێ، لەم شارەدا چەندین گرووپی شانۆ و مۆسیقا و نیگارکێش و ھونەرمەندی شێوەکار ھەیە و جگە لە زانکۆی ئەمریکی و زانکۆی سلێمانی چەند زانکۆ و پەیمانگا و قوتابخانەی بیانی تێدایە. ئەم شارە پڕە لە ھۆڵی چالاکی و بەردەوام بەرنامەی ھەمەجۆری ھونەری و ڕۆشنبیری تێدایە.[١٨] چەندین گەڕیدەی بەریتانی و بیانی لە کتێب و بیرەوەریەکانیاندا ئاماژەیان بە زیندوێتی ئەم شارەداوە و بە شاری جوانی و خۆشەویستی ناسراوە. لەم شارەدا ژنان ڕۆڵی دیار و بەرچاویان ھەیە لە دام ودەزگا و دامەزراوەکاندا بە تایبەتی لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا. ئازادی ڕادەربڕین و زیندوێتی کاروجولە لەم شارەدا سیما و خەسڵەت و پێناسەی سلێمانیە. سلێمانی لەسەر ئاستی عێراق بەھۆی شوێنی جوگرافیەوە، بەپاک و خاوێنترین شار ناسراوە.[١٩]

ئەو پیشانەی مۆرکی سلێمانیان پێوە دیارە:

هەندێ کار و پیشە هەیە کە هەر لە زووەوە لە شاری سلێمانیدا کراوە و گرنگییان پێ دراوە، لەوانە:

  1. ئاسنگەری
  2. جۆڵایی
  3. موتابچیەتی
  4. چەرخی موو ڕستن
  5. خەڕەک
  6. کارگەچێتی
  7. وەتراقچی
  8. چەخماخسازی
  9. شیرگەری
  10. مسگەری
  11. خومچێتی
  12. زین و کۆپان

کەرتی خوێندن:

قوتابیانی پۆلی یەکی قوتابخانەی فەیسەلیە لە نێوان ساڵانی ١٩٥٩-١٩٦٠

زانکۆی سلێمانی:

زانکۆی سلێمانی بۆ یه‌که‌مجار له‌ساڵی ١٩٦٨ دامه‌زرا، کامپبی سه‌ره‌کی زانکۆ ئه‌که‌وێته‌ شاری سلێمانی یه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان. له‌ سه‌ره‌تادا ته‌نها سێ کۆلێژ هه‌بوون، به‌ڵام ساڵانی دوواتر ژماره‌ی کۆلێژه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی به‌رچاو زیادی کرد له‌ ئه‌نجامی داواکاریییه‌کی زۆر بۆ خوێندنی باڵا له‌هه‌رێمی کوردستان.

له‌ساڵی ١٩٨١ ڕژێمی فاشیستی عێراق ئه‌م دامه‌زراوه‌ ئه‌کادیمییه‌ی ڕاگواست بۆ شاری هه‌ولێر وه ناوه‌که‌شی گۆڕدرا بۆ “زانکۆی سه‌ڵاحه‌دین“. له‌ساڵی ١٩٩٢ جارێکی تر زانکۆی سلێمانی دامه‌زرێندرایه‌وه‌ له‌ئه‌نجامی هه‌وڵ و کۆششی زۆری ڕۆشنبیران و زانستخوازانی کورد و خه‌ڵکی دڵسۆزی شاری سلێمانی و زانکۆ جارێکی تر کرایه‌وه‌ له‌ ڕێکەوتی ١٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٢.

ئه‌مڕۆ زانکۆی سلێمانی ٢٥ کۆلێژی هه‌یه که‌ تیایدا خوێندکاران بڕوانامه‌ی به‌کالۆریۆس به‌ده‌ست ئه‌هێنن له‌ چه‌ندین بواری جیاجیادا.

زانکۆی ئەمریکی لە عێراق – سلێمانی:

زانکۆی ئەمریکی لە عێراق – سلێمانی

زانکۆی ئەمریکی لە عێراق – سلێمانی (بە ئینگلیزی: The American University of Iraq – Sulaimani) زانکۆیەکی ئەھلیی قازانج نەویستە کە خوێندنێکی فراوانی ھونەرە لیبراڵیەکان لەسەر شێوازی ئەمریکی پێشکەش دەکات بۆ ھەموو خوێندکارە شایستەکان بێ گوێدانە ئینتیما و بنەچەیان. زانکۆی ئەمریکی عێراق، سلێمانی کە دەکەوێتە سلێمانیەوە و لە ساڵی ٢٠٠٦ لەلایەن ئەنجومەنی ئەمیندارانەکەیەوە دەستی پێکرد و لە تشرینی یەکەمی ٢٠٠٧ دا دەرگاکانی واڵا کرد. زانکۆی ئەمریکی عێراق، سلێمانی چوار بواری پسپۆڕی زانکۆیی و یەک پرۆگرامی ماستەری بەڕێوەبردنی کار و کۆرسە ئیبگلیزیەکان و پیشەییەکان لە ڕێی پەیمانگای گەشەپێدانی پیشەییەوە پێشکەش دەکات. ھەروەھا زانکۆکە پرۆگرامێکی زمانی ئینگلیزی بەردەوامی ھەیە بۆ خوێندکارە وەرگیراوەکان کە پێویستیان بە ڕاھێنانی زیاتر ھەیە لە ئینگلیزی دا پێش دەستپێکردنی کۆرسە ئەکادیمیەکان. ‌

بەشێک لە کامپی نوێی زانکۆی ئەمریکی لە عێراق – سلێمانی

فولکەی خانەقای سلێمانی

ئاماری دانیشتووان:

میسته‌ر ریچ كه‌ ساڵی‌ ١٨٢٠ هاتۆته‌ سلێمانی واتا (٢٦) ساڵ پاش دروستكردنی‌ شاره‌كه‌ , ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ به‌ ده‌ هه‌زار كه‌س خه‌مڵاندوه‌ دوای‌ ئه‌وه‌ ئه‌ڵێت: سلێمانی (٢٠٠٠) ماڵی‌ ئیسلام. (١٣٠) ماڵه‌ جولەکە (٩) ماڵی‌ دیانی‌ كلدانی‌، ٥ ماڵی‌ ئه‌رمه‌نی‌ تیا بووه‌ , كۆی‌ ماڵه‌كان ئه‌كاته‌ (٢١٤٤). ئه‌گه‌ر هه‌رماڵێك به‌ پێنج كه‌س دابنێین ئه‌كاته‌ (١٠٧٢٠) كه‌س.

  • به‌ گوێره‌ی‌ ساڵنامه‌ی‌ عوسمانی‌ ساڵی‌ ١٩٠٧ ژماره‌ی‌ دانیشتوان (٨٠٢٧) موسڵمان و (٣٦٠) نا موسڵمان كه‌ ئه‌كاته‌ (٨٩٦٣) كه‌س.
  • سه‌رچاوه‌كانی‌ تر له‌ ساڵی‌ ١٩١٣ دا ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ هه‌موو ناوچه‌ی‌ سلێمانییان به‌ (٥١٦٠٠) كه‌س داناوه‌ كه‌ (٤٨٦٠٠) یان موسڵمان و (٩٠٠) یان دیان و (٢١٠٠)یان جووله‌كه‌ن. ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ شاری سلێمانیان به‌ (٢٦٠٠٠) كه‌س داناوه‌ ، له‌ وانه‌ (٢٤٨٢٥) كه‌س موسڵمان و (١٠٠٠) كه‌س جووله‌كه‌ و (١٧٥)دیان.
  • له‌ سه‌رده‌می‌ ئینگلیزدا به‌ گوێره‌ی‌ ڕۆژنامە پێشكه‌وتن ساڵی‌ ١٩٢٠ ژماره‌ی‌ ناوچه‌كه‌ به‌ (٦٢٧٢٢)كه‌س دائه‌نێ‌. دانیشتوانی‌ شاری‌ سلێمانی به‌ ده‌ هه‌زار كه‌س داناوه‌.
  • ساڵی‌ ١٩٢٥-١٩٢٦ سلێمانی‌ خۆی‌ بریتی‌ بووه‌ له‌ ١٣-١٤ هه‌زار كه‌س. دوای‌ ئه‌وه‌ له‌ كاتی‌ حوكمه‌تی‌ عێراقدا و له‌ ساڵی‌ ١٩٢٧ وه‌ سه‌رژمێری‌ ده‌ستی‌ پێكرد: ١٩٢٧- ١٩٣٧- ١٩٤٧- ١٩٥٧- ١٩٦٥ – ١٩٧٦-١٩٨٨
  • ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ شاری‌ سلێمانی‌ له‌ ساڵی‌ ١٩٤٧ دا به‌ گوێره‌ی‌ تۆماری‌ ڕه‌سمی‌ (٢٣٤٧٥) كه‌س بووه‌.
  • ساڵی‌ ١٩٥٧ بریتی‌ بووه‌ له‌ (٤٨٨١٢) كه‌س.

دانیشتوان لە ساڵی ١٩٩٨:

ساڵی‌ ١٩٩٨ شاری‌ سلێمانی‌ به‌گوێره‌ی‌ ساڵنامه‌ی‌ ئه‌و ساڵه‌ به‌م جۆره‌ بووه‌ :

  • ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ شاری‌ سلێمانی‌ خۆی‌ : (٥٤٨،٧٤٧) كه‌س .
  • ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ سنووری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ : (١،١٢٧،٢٢٦) كه‌س .
  • ژماره‌ی‌ خێزان له‌ ناو شاردا : (١١٠،٣٦٠) .
  • ژماره‌ی‌ خێزان له‌ سنووری‌ پارێزگای سلێمانی : (٢١٧،٢٢٠) خێزان .
  • ژماره‌ی‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی‌ شاری سلێمانی : (٥٨) .
  • لە دوایین ئاماردا ژمارەی دانیشتوانی ئەم پارێزگایە بە (١،٩١٧،٩٣٦) کەس مەزەندە کراوە.

شوێنە گەشتیاریەکان:

دیمەنێک لە شاری سلێمانی

سەیرانگای سەرچنار:

سەرچنار یەکێکە لە گەڕەکەکانی شاری سلێمانی ، دەکەوێتە ڕۆژئاوای شار . جاران بەھۆی لاوازی کەرەسەی ھاتوچۆوە و کەمی دانیشتوانی شار، سەرچنار جیابوو لە بەشەکانی تری سلێمانی و دەزانرا لەکوێوە بۆ کوێ دەستپێک و کۆتاییەتی ، ئەمڕۆکە سەرچنار تێکەڵ بووە و لەدەوریا چەندین گەڕەکی تر دروست بوون وەک: شەھیدانی سەرچنار، گردی سەرچنار، ..ھتد . وە هەروەها سەرچناربەیەکێک لە ھاوینەھەوارەکانی عێراق دەژمێردرێت بەھۆی بوونی ئاوی ھەڵقوڵاوی ژێر گرد و بەرزاییەکانی. زۆر لە مێژە سەرچنار ئوتێل و شوێنی حەوانەوەی لێدروست کراوە بۆ گەشتیاران. شوێنێکی فێنک و خەم ڕەوێن بووە بۆ خەڵکی سلێمانی و دەوروبەری، کە تاکوو ئەمڕۆش کۆتایی ھەفتان خەڵکانێکی زۆر ڕووی لێدەکەن بۆ سەیران. سەرچنار چەندجارێک نۆژەنکراوەتەوە و سیمای ناو سەیرانگاکانی دەستکاریی کراون و خۆشکراوە.

هاوینە هەواری دوکان:

به‌نداوی دوکان له‌ خۆر ئاوای شاری سلێمانی به‌ دووری [ ٧٠ ] کم و له‌سه‌ر زێی بچووک دروست کراوه‌ ، که‌ بریتی یه‌ له‌ ده‌ریاچه‌یه‌کی مه‌زن و بڕی [ ٦.٨ ملیار م٣ ] ئاو گل ده‌داته‌وه‌ ، ئه‌م ده‌ریاچه‌یه‌ بۆته‌ ناوچه‌یه‌کی گه‌شتیاری سه‌رنج راکێش و گه‌شتیاران له‌ زۆر ناوچه‌وه‌ ڕووی تێ ده‌که‌ن ، ئۆتێلێکی گه‌وره‌ی به‌ ناوی [ میراڵ ] و کۆمه‌ڵێک کابینه‌ی جۆراو جۆری لێ بنیاد نراوه‌ ، گه‌شتیاران له‌ هه‌ر چوار وه‌رزی ساڵ گه‌شتی بۆ ده‌که‌ن .

باخ و پارکەکانی شار:

باخی گشتی:

باخی گشتی لە شاری سلێمانی کە چەندین پەیکەری شاعیرانی گەورەی کوردی تێدایە

باخچەی گشتی لە کۆندا نەبووە. تا سەردەمی ئەحمەد پاشای بابان کە حاکمی سلێمانی بووە چوار باخی دروستکرد ، ئێستا ئەو چوارباخە بوون بە گەڕەکێک لە گەڕەکەکانی سلێمانی. جا لەبەر ئەوەی ئاوی سلێمانی زۆر بووە و پڕ بووە لە کانی و کارێز جگە لە ئاوی شیوەکان و زێرابەکان کە بەرەو خوار بوونەتەوە ، ئەمانە ھەموو سوودیان لێ وەرگیراوە بۆ باخ دروستکردن.

  • ئەمانەش ناوی ئەو باخانەن کە ھەبوون و ئەوانی تریش ئەوانەن کە لەم دواییەدا دروستکران :
  • تووی مەلیک: لە باکووری شاری سلێمانی ، لە ساڵەکانی سی و چلی سەدەی ڕابردوو (حەوزێکی گەورە)ی ھەبوو لە بەھارا پر ئەبوو لەئاو ، لەوەو پێش دار و درەختی لە بەرابوو ، خەڵک لە بەھارا ئەچوونە ئەوێ بۆ سەیران. ئەم ناوچەیە موڵکی شێخان بوو. لە کاتێکدا دروستکرا کە شێخ مەحمود حوکمدار بوو ، بۆیە ناونرا تووی مەلیک.
  • باخی شێخ لەتیف(شێخ لەتیفی دانساز) لە لای ماڵەکەی خۆیانا لە گەڕەکی دەرگەزێن ، پڕبوو لە داری بەردار و حەوزێک بە فوارەوە لە ناوەڕاستیا ئێستاش ھەندێ شوێنی ماوە بە باریکی درەختی سێو و ھەڵوژە و ھەرمێ و ھەنار و قۆخ و گێلاس و بەھێ و ھەنجیری تیا بوو.
  • باخی فەرەجی حەمە مراد لە دەرگەزێن نزیک بە کارێزی دایکی پاشا دە دۆنم زەوی بوو. بە موڵک ھی (عەزمی بەگی بابان) بوو ، لە ھاوینا تەنیا ئەو باخە ھەبوو کە بە تەنیشت ماڵی عەزمی بەگ خۆیەوە بوو ، خەڵکی شار پۆل پۆل بۆی ئەھاتن. ئێستا شوێنەکەی قوتابخانەو خانووە.
  • باخی مەجید بەگ: لە باکوری شاری سلێمانی. شوێنی بینای زانکۆی سلێمانی و نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و گشتی‌یە.
  • باخی کانی دۆمان لە خوار گەڕەکی سەرشەقامەوە بوو.
  • باخی گەورە و بۆگەنە: ئەمیش ھەر موڵکی (عەزمی بەگی بابان) بوو لە خوار شاری سلێمانیەوە.
  • باخچەی گشتی: لە ڕاستیدا ھەر ئەم شوێنە بوو کە بە تەواوی پێی بوترێ (باخچە). ئەکەوێتە ڕۆژ ئاوای سلێمانی نزیک (سەنتەری پارێزگای سلێمانی). یەکەم باخچەی میرییە و کاتێک کە مەجید یەعقوبی لە ساڵەکانی (١٩٣٧١٩٣٩) موتەسەریفی سلێمانی بوو دروستی کرد کە ئەوسا ئەوپەری شار بوو ، واتا ھیچ خانوو بینا لەو لایەوە نەبوو بێگومان ئەم باخچەیە بۆ ڕازاندنەوەی شارەکە و گەشت و جوانی سەردانی ژن و پیاو ڕۆژانی (چوارشەممە تایبەت بوو بۆ ژنان) بە عەبا و پەچەوە ئەھاتن بەداخەوە بەھۆی نالەباری ئاسایشەوە زۆر دەستکاری کراو زۆری لێ کەمکرایەوە و دارەکانی ئەبڕران ، بەڵام ئێستا گەشاوەتەوە.

شارەوانی سلێمانی لەم ساڵانەی دواییەدا فەرمانگەی‌ باخچەکانی بەتایبەت پێک ھێنا بۆ دروستکردنی باخچە لە ناوشارا. ئەو فەرمانگەیەش ژمارەیەکی زۆری باخچەی دروست کردوە سەرپەرشتیان ئەکات لە ژوور ھەموویانەوە پارکی ئازادی کە لەوەو پێش لەشکرگای حوکمەت بوو (حامییە) بوو. ئەکەوێتە بەشی ژوورووی شار. ژمارەیەکی زۆری تر باخچەی بچووک ھەن لە ناو شارەکە کە ھەموو ڕازاوە و جوان و ڕێک و پێکن ھەندێکیان بە ناوی ئەو کەسانەی بیانی و خۆییەوە ناونراونکە خزمەتیان پێشکەش کردووە. وەک (باخچەی ئولڤ پالما) سەرەک وەزیرانی سوید کە بەدەستی ناحەز شەھید کرا و باخچەی جەواھری کە بە ناوی شاعیری‌ گەورەی عەرەب محەمەد مەھدی ئەلجەواھیری دۆستی دێرینی کورد و باخچەی فەرەیدون علی ئەمین و گەلێکی تر.

وەرزش:

لۆگۆی یانەی وەرزشی سلێمانی

وەرزش لە سلێمانی:

لە پێش دامەزراندنی یانەی وەرزشی سلێمانی لە سەرەتای ساڵی ١٩٥٦ لە زۆربەی گەڕەکەکاندا تیپی ئەھلی (میللی) ھەبووە. یاریگایەکی تۆپی پێ کە بە چیمەنیسەوز و پتر لە (٢٠،٠٠٠) بیست ھەزار کەس دەگرێت، لەسەر تازەترین شێوە نوێ کراوەتەوە لەسەر بوودجەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، وە ئێستا بە کۆبوونەوەی ھەموو یاریگاکان لە چوارچێوەی (مەلعەبەکە)دا ناونراوە “کۆمەڵگای یانەی وەرزشی سلێمانی” لە گەڕەکی چوار باخ.

یانەی وەرزشی سلێمانی یانەیەکی تۆپی پێی پیشەگەری عێراقیە. لە ساڵی ١٩٥٦دا دامەزراوە، یانەکە لە خولی بژاردەی عێراق یاری دەکات.

کەسایتییەکانی شاری سلێمانی:

 پێرستی کەسایەتییەکانی شاری سلێمانی

شاری سلێمانی لە ڕێڕەوی دامەزراندن و پەرەسەندن و پێدا چەسپاندنی خۆیدا لە کۆڕی شارستانێتی و پێشڕەویدا کۆمەڵێکی زۆر لە نووسەر و شاعیری باشی بۆ مێژووهێشتۆتەوە. بۆ سەردەمی بابان و دامەزراندنی شار و ماوەیەکیش لە ساڵانی دەوڵەتی عوسمانی هەموو مەلا و زاناکان شاعیر و نووسەر بوون یان هەموو شاعیر و نووسەرەکان مەلا و زانا بوون. بۆ پاش ئەو سەردەمەش مزگەوت لە بەخشینی شاعیر و نووسەر نەکەوت و قوتابخانەی تازەش گەلێک بلیمەتی بەخشی و مەڵبەندێکی وەکو زانستی وایکرد کە زۆر لە نەخوێندەواران بچنە ڕیزی شاعیران.[٢٠]

گەڕەکەکانی شاری سلێمانی:

  • شۆڕش
  • سەلیم بەگ
  • دەباشان
  • سورێن
  • کارھێزە وشک
  • عەلی ناجی
  • ئاشتی
  • هه‌واری شار
  • تاڤگه‌
  • عه‌واڵ
  • ڕۆژ سیتی
  • دیلان سیتی
  • به‌رانان
  • قوله‌ ره‌یسی
  • مه‌لا داود
  • بادینان
  • باخان
  • بێسەرانی
  • ئەندازیاران
  • بەرانان
  • زەرگەتە
  • کانی سپیکە
  • سەرچنار
  • چوارچرا
  • کەنەسوورە
  • کانی گۆمە
  • بەختیاری
  • ھەندرێن
  • شێروانە
  • ھەکاری
  • بەختیاری نوێ
  • ھەراواز (گردی سەرچنار)
  • قلیاسان
  • زەرگەتەی کۆن
  • مامە یارە، ڕۆژھەڵات
  • ساوان، ڕۆژھەڵات
  • سابونکەران، دارگازێن
  • بازرگانی
  • خەبات
  • تانجەرۆ، زمناکۆ
  • موشیرئاوا
  • ئابڵاغ
  • ڕزگاری
  • کارگەکەن
  • لالا زار
  • زەرداو
  • وڵووبە
  • گوندی ئەڵمانی یەک
  • گوندی ئەڵمانی دوو
  • کورد سیتی
  • كوردسات
  • شاری گۆیژە
  • قڕگە
  • کەلەوانان
  • حاجیئاوا

سەرچاوەکان:

پەراوێزەکان:

  1. Jump up↑ Kurdistan Regional Government. KRG. سەردان لە ڕێکەوتی 2012-08-09.
  2. Jump up↑ ماڵپەڕی فەرمی پارێزگاری سلێمانی
  3. Jump up↑ http://www.iauiraq.org/gp/sulaymaniyah/default.asp
  4. Jump up↑ Twitter / botanosman: Finally a standard spelling. Twitter.com. سەردان لە ڕێکەوتی 2012-08-09.
  5. Jump up↑ http://www.univsul.org/K_UOS.aspx
  6. Jump up↑ پارێزگای سلێمانی (لە ڕێکەوتی ١٢). سلێمانی یەکەمە‏ (کوردی). پارێزگای سلێمانی. سەردان لە ڕێکەوتی ٢٣ی ئابی ٢٠١٢.
  7. Jump up↑ کتێبی: شاری سلێمانی ٢٠٠ ساڵ – نووسین و کۆکردنەوەی – ئەکرەمی ساڵحی ڕەشە / لاپەڕە / ٥٠٣
  8. Jump up↑ The Leading Suly Government Site on the Net. sulygov.com. سەردان لە ڕێکەوتی 2012-08-09.
  9. Jump up↑ http://www.suligov.com/Slemani.aspx?babet=10
  10. Jump up↑ http://www.suligov.com/Slemani.aspx?babet=10
  11. Jump up↑ گەشت و گوزاری سلێمانی
  12. Jump up↑ http://www.suligov.com/Slemani.aspx?babet=10
  13. Jump up↑ http://www.suligov.com/Slemani.aspx?babet=10
  14. Jump up↑ “WorldClim Global Climate Data Grids”. WorldClim. Retrieved 14 September 2011. [data is inaccessible]
  15. Jump up↑ http://kurdish-guide.com/museum/
  16. Jump up↑ http://i4kurd.blogspot.com/search/label/%D9%85%DB%8E%DA%98%D9%88%D9%88
  17. Jump up↑ http://www.kurdsat.tv/hewal.php?id=1489&cor=kurdistani
  18. Jump up↑ http://www.dokan-air.com/ku/header/fluege-nach-sulaymaniyah-im-nordirak.html
  19. Jump up↑ http://www.dokan-air.com/ku/header/fluege-nach-sulaymaniyah-im-nordirak.html
  20. Jump up↑ کتێبی: سلێمانی ٢٠٠ ساڵ – نووسین و کۆکردنەوەی – ئەکرەمی ساڵحی ڕەشە – لاپەڕە / ٥٠٣
  21. Jump up↑ Wusha Corporation بڵاوکەرەوە=Wusha.net. سەردان لە ڕێکەوتی ٢٠١٢-٠٨-٠٩.
  22. Jump up↑ Institut für Iranistik: Feryad Fazil Omar. Geschkult.fu-berlin.de. سەردان لە ڕێکەوتی ٢٠١٢-٠٨-٠٩.

مامۆستا ئه‌حمه‌د گۆران

سەرچاوەی سەرەکی: ویکیپیدیا…

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …