Home / بەشی مێژووی كورد / پەیوەندیی ڕۆشنبیر و دەسەڵات لە سەردەمی شێخ مەحمووددا

پەیوەندیی ڕۆشنبیر و دەسەڵات لە سەردەمی شێخ مەحمووددا

پەیوەندیی ڕۆشنبیر و دەسەڵات لە سەردەمی شێخ مەحمووددا

      
سەنگەر زراری

رووداو – هەولێر

ئەگەرچی شێخ مەحموود وەكو ڕەمزێكی خەباتی كوردایەتی چاوی لێ دەكرێ، بەڵام سەردەمی دەسەڵاتدارێتییەكەی، لە هەموو لایەنێكەوە بێ كەموكووڕی نەبووە، بەتایبەتیش بۆ ڕۆشنبیران، بۆ نموونە لە سەروبەندی دەسەڵاتدارێتییەكەی ئەودا، بەهۆی ڕەخنەكانیانەوە، جەمال عیرفان تیرۆر دەكرێ و جەمیل سائیب دوور دەخرێتەوە، هەروەها ئەحمەد موختار جافی شاعیر و چیرۆكنووسیش بە هەمان هۆكار لەلایەن شێخەوە بەند دەكرێت. لەم بابەتەدا پەیوەندی و چیرۆكی بەندكردنی ئەحمەد موختار جاف (1898-1935ز) لەلایەن شێخ مەحموودەوە، وەكو نموونەی پەیوەندیی نێوان ڕۆشنبیر و دەسەڵات دەخەینەڕوو.

بەگوێرەی چیرۆك و شیعرەكانی بێت، ئەحمەد موختار وا دەردەكەوێ كەسێكی نەتەوەپەروەر و خەباتگێڕ و هاوسۆزی میللەتەكەی بووە، لایەنگری هەژاران بووە و حەزی لە دادپەروەری و كاری خێر بووە، هەرچەندە كەسێكی بەگزادە و دەسەڵاتداری ناوچەكەی خۆی بووە، بەڵام سەرەتا لە سەروبەندی خەباتی شێخ مەحموودی حەفیددا، وازی لە گشت سامان و پلەوپایە فەرمی و كۆمەڵایەتییەكانی هێناوە و چووەتە پاڵ شۆڕشەكەی شێخ مەحموود، لەو پێناوەشدا تووشی گەلێك گرفت هاتووە.

دوای شكستهێنانی یەكەمجاری شێخ مەحموود لە ساڵی (1919) و داگیركردنی سلێمانی، لەلایەن ئینگلیزەوە كراوە بە قایمقامی هەڵەبجە. كە بۆ جاری دووەم شێخ گەڕاوەتەوە سلێمانی لە ساڵی (1922)، ئەمیش یەكێك بووە لەوانەی لەگەڵ دەستەی بەگزادانی جافدا چووە بە پیرییەوە و خۆشنوودیی نیشانداوە، ئینجا كە حكوومەت پێكهێنراوە، وەزارەتی شەرع و عەدل بەبێ وەزیر هێڵراوەتەوە، ئەم بە شێوەیەكی كاتی كراوە بە وەكیلی ڕەئیسی شەرع و عەدل، واتا وەكیلی وەزارەت یان وەزیر بە وەكالەت، بەڵام وادیارە دوای ئەوە بە ماوەیەكی كەم، شێخ مەحموود گرتوویەتی و بەندی كردووە”.(1)

دەستگیركردنەكەی ئەحمەد موختار جاف لە ساڵی (1923) بووە، دكتۆر عیزەدین مستەفا دەەڵێت سەردانی ئەو شوێنەی كردووە لە گوندی جاسەنە كە كاتی خۆی شێخ مەحموود، ئەحمەد موختار جافی تێدا بەند كردووە‌ و شوێنەكەی بینیوە.(2)

ئەوكاتەی ئەحمەد موختار جاف لە بەندیخانە بووە، شیعرێكی بە‌ ناونیشانی (ئەوسا قائیمقام و ئێستا مەحبووس) بۆ ڕۆژنامەی ڕۆژی كوردستان ناردووە و شیعرەكەی ئاراستەی شێخ مەحموود كردووە كە بەمشێوەیە دەستپێدەكات:

كە جورمێكی نییە تاكەی لە حەبسا دانیشێ قوربان
لە تەنهایی لە فیكری چۆتەوە ئادابی ئینسانی
ئەگەر داوای كەفیلی لێ ئەفەرمووی یاخود
موڵك تەئمین ئەكا سەدجار، بە ئایین و بە ئیمانی (3)

ئەم شیعرە نامەیەكی كراوەیە، ئەحمەد موختار بۆ شێخ مەحموودی نووسیوە، مارف خەزنەدار لەبارەی ئەم شیعرە دەنووسێت: “لە ناوەڕۆكی شیعرەكەدا ئەوە دەردەكەوێ شاعیر بە فەرمانی شێخ مەحموود، خرابێتە بەندیخانەوە. ئەم گیرانەی شاعیر لەسەر چی بووە؟! ئایا هەڵوێستێكی سیاسیی وا لە نێوان ئەو و شێخ هەبووە، لەڕووی بوەستێ، ئەویش ناچار بێ بیخاتە بەندیخانەوە، لەوەدا گومان نییە كاری وا لە شێخ ڕوویداوە كە جێی ڕەخنەگرتن بێ لێی، دیارە گومانیش لە بیری كوردایەتی و نیشتیمانپەروەریی ئەحمەد موختار نەبووە”.(4)

ئەگەر لە دێڕی دووەمی ئەو شیعرە وردبینەوە كە ئەحمەد موختار جاف بۆ شێخ مەحموودی نووسیوە، دەبینین ئەحمەد موختار، ڕاستە شوێن و عەشیرەتەكەی خۆی جێهێشتووە و بەگەڵ شێخ كەوتووە، بەڵام هێشتا وەكو كەسێكی خانەدان و بەگزادە خاوەنی پێگە و كەسایەتی خۆیەتی، ئەو لەم دێڕەدا دەڵێت:

ئەگەر داوای كەفیلی لێ ئەفەرمووی یاخود
موڵك تەئمین ئەكا سەدجار، بە ئایین و بە ئیمانی

ئەحمەد موختار بە شێخ مەحموود دەڵێت شێخ داوای چ بكات لە بەرامبەر ئازادكردنی ئامادەیە بیدات، چ‌ كەفیل و چ موڵك و ماڵ، ئەمەش پێگە و پلەوپایەی كۆمەڵایەتی و عەشیرەتی و دەوڵەمەندیی ئەو دەردەخات و نیشانەی ئەوەیە كە ئەحمەد موختار كەسێكی ئاسایی نەبووە چووبێتە پاڵ شێخ مەحموود، بەڵكو كەسایەتییەكی دیار و دەوڵەمەندی ناوچەكە بووە و بۆ پلەوپایەش نەچووە.

لەمانەوە بۆمان دەردەكەوێ كە ئەحمەد موختار جاف نێوانی لەگەڵ شێخ مەحموود خۆش نەبووە، یان تێكچووە، بۆیەش “دوای تێكشكانی دووەمجاری شێخ مەحموود و سەرلەنوێ داگیركردنەوەی سلێمانی لەلایەن ئینگلیزەكانەوە (1923)، ئەحمەد موختار كراوەتەوە بە قایمقامی هەڵەبجە و دواییش بووە بە نائیبێكی پەرلەمانە بەناوبانگەكەی نووری سەعید.(5)

ڕۆژنامەی ژیان، لە ژمارە (28)ی ڕۆژی 26ی حوزەیرانی 1925، ناوی ئەو مەبعووس (ئەندام)ـانەی بڵاوكردووەتەوە كە لە دەورەی یەكەمی مەجلیسی نواب (پەرلەمان)ی عێراقدا بە ئەندام هەڵبژێردراون‌، یەكێك لەوانە ئەحمەد موختار جافە كە بە بەدەستهێنانی (110) دەنگ بووەتە مەبعووس.(6)

بەڵام دواتر و پاش هەشت مانگ، لەناو ئەندامەكان، تەنیا ئەحمەد موختار بەگ دەست لەكار دەكێشێتەوە و دەست لەكاركێشانەوەكەی لە ژمارە (3)ی ڕۆژی (4)ی شوباتی (1926)ی ڕۆژنامەی ژیان بەم شێوەیە بڵاودەكرێتەوە: “بەپێی تەلغرافێكی بێتەل كە لە وەزارەتی جەلیلیەی داخلییەوە بۆ مەقامی موتەسەڕیف هاتووە، ئەحمەد موختار بەگ لە مەبعوسیی ئیستیعفای كردووە و ئوسوڵەن لەجیاتی موما ئیلەیهی مەبعوسێكی تر ئینتیخاب بكرێت…”.(7)

هەرچەندە هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی ئەحمەد موختار جاف ڕوون نەكراوەتەوە، بەڵام بە بۆچوونی من بەهۆی كەمتەرخەمیی ئەندامەكان بووە و دەستلەكاركێشانەوەكەشی لەجێی خۆیدا بووە، ئەوەتا لە كۆتاییەكانی تەواوبوونی ئەم دەورەیەی پەڕلەمان و لە ساڵی (1928) ڕۆژنامەی (ژیان) ڕەخنە لە ئەندامەكان دەگرێت و دەنووسێت: “موقابیل بەم وەزیفە موهیمەتان و لە حاڵێكدا كە ئەزانن میللەتەكەتان ئەمەندە دواكەوتووە و ئەبێ فەوقەلحەد سەعی بۆ بكرێت، كەچی مەعەلئەسەف هەتاكو ئێستا نە لە مەجلیسدا و نە لە خاریجەوە بە نەشریات و تەشەبووسات كەس خدمەتێكی لە ئێوە نەدی و فەعالییەتێكتان نەنواند و تەئمینی یەكێ لە مەقاسیدانی میللەتتان نەكرد”.(8)

لە دەورەی دووەم و سێیەمدا، ئەحمەد موختار ناوی نەهاتووە، بەڵام لە دەورەی چوارەمی مەجلیسی نواب كە دەكەوێتە نێوان ساڵانی (1933-1934)، دیسان ئەحمەد موختار جاف بە مەبعووس هەڵبژێردراوە و ناوی لەگەڵ ئەندامانی دیكەی ئەنجوومەنەكە لە ڕۆژنامەی ژیان بڵاوكراوەتەوە.(9)

كاتێك بەرهەمەكانی ئەحمەد موختار جاف دەخوێنینەوە و دەڕوانینە ژیاننامەكەی، هەست بەوە دەكەین كە ئەو كەسە بەهۆی هەلپەرستییەوە، یان ئارەزووی بۆ پلە و دەسەڵات، بەوشێوەیە لەلایەك بەشداری حوكمی شێخ مەحموود و لەلایەكی دیكە بەشداری حوكمی ئینگلیزەكانی نەكردووە، بەڵكو ئەو گەلەكەی زۆر خۆشویستووە و هیچ كات ئامادە نەبووە خیانەت لە میللەتەكەی بكات، هەر بۆیە ئەمسەر و ئەوسەری كردووە، بۆ ئەوەی شوێنێك بدۆزێتەوە و لێیەوە خزمەتی میللەت و خاكەكەی بكات.

جەژنی قـوربان، ساڵی جارێ خەڵكی قـوربانی ئەكەن
بۆ وەتەن من رۆژی سەد جار رۆحی خۆم قوربان ئەكەم (10).

زۆریش ڕەخنەی لە ڕۆشنبیر و مونەوەرانی ئەوكات گرتووە كە بەرامبەر میللەتەكەیان خەمسارد و بێباكن:

شاعیرانی كورد! بەسە بەس باسی زوڵف و چاو بكەن
كەم خەیاڵی پەرچەم و كاكۆڵی ئاڵۆزاو بكەن
لابدەن كەم باسی سونبوڵ، یا لقی لاولاو بكەن
ئێوە تەدبیرێكی حاڵی قەومی دڵسوتاو بكەن (11)

* * *
پێدەچێت ئەم ئەملا و ئەولاكردنەی ئەحمەد موختار جاف لە نێوان دەسەڵاتدارێتی شێخ مەحموود و حكوومەتی عێراقی، سەری خواردبێ، هەر بۆیەش كوشتنەكەی نادیارە و لە نێوان دوو لایەنی دژ بە یەكدا بزر بووە، بۆ نموونە لەلایەك (ڕووناك)ی كچی ئەحمەد موختار جاف دەڵێت: “لەبەرئەوەی دژ بە بڕیارێكی حكوومەتی ئەوكاتەی عێراق لە پەرلەمان وەستاوەتەوە، حكومەت بە گێرەشێوێن ناساندوویەتی، كە هاتووەتەوە بۆ هەڵەبجە و قسەی لەگەڵ بنەماڵەكەی كردووە، پێیان گوتووە مەچۆرەوە و لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێران قسەیان كردووە و ماوەیەك لە ئێران بووە، كە بە نهێنی گەڕاوەتەوە بۆ ناو ماڵ و منداڵی، لە كاتی ڕۆیشتنەوەدا لە كەناری سیروان تیرۆر كراوە.!”،(12)

لێرەشەوە باس لەوە دەكرا كە پیاوان و سیخوڕانی حكوومەتی عێراقی كوشتبێتیان، هەندێ كەسی دیكە باس لە یەكێك لە پیاوانی نزیكی ئەحمەد موختار جاف خۆی دەكەن و هەندێ كەس باس لە خزمانی جاف و هەندێجاریش گومان دەكرێت لە هەندێ لە پیاوانی نزیك لە شێخ مەحموود كە ئەوان كوشتبێتیان، هەرچەندە لەو كاتەدا شێخ دوورخراوە بووە، بەڵام لەبەرئەوەی پێشتر ئەم شاعیرە خۆشەویستیی خاك و نیشتمان وای لێكرد لەگەڵ شێخدا هاوكار بێت، بەڵام شێخ لەبری پاداشت زیندانی كردووە.!(13)

بەم جۆرەش تیرۆركردنەكەی ئەحمەد موختار جاف بە نادیاری دەمێنێتەوە و خوێنەكەی بزر دەبێت.

ژێدەر و پەراوێز:

(1) چیڕۆكی هونەری كوردی- حسەین عارف، دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی ئاراس، چاپی یەكەم (2011)…ل31.

(2)  دیوانی ئەحمەد موختار جاف- لێكدانەوە و پێشەكی: عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ، بڵاوكراوەی كتێبخانەی هەژار موكریانی، چاپی دووەم (2016)…ل21.

(3)  هەمان سەرچاوە…ل181.

(4) مێژووی ئەدەبی كوردی- عەلائەددین سەججادی، بڵاوكردنەوەی كوردستان (انتشارات كردستان) سنە، چاپی دووەم (1395)ی هەتاوی…ل486.

(5)  چیڕۆكی هونەری كوردیی…ل31-32.

(6)  بەدەم ڕێگاوە گوڵچنین (كتێبی دووەم، بەرگی دووەم)- نەوشیروان مستەفا ئەمین، دار العربیە للعلوم ناشرون، بیروت (2013)…ل58.

(7)  هەمان سەرچاوە…ل58.

(8)  هەمان سەرچاوە…ل182.

(9)  هەمان سەرچاوە…ل104.

(10)  دیوانی ئەحمەد موختار جاف…ل95.

(11) هەمان سەرچاوە…ل114.

(12)  ساتێك پێش بیرچوونەوە- كامەران سوبحان، چاپخانەی سەردەم، چاپی یەكەم (2016)…ل133.

(13)  هەمان سەرچاوە…ل133

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About زريان احمد

Check Also

215091752015_11

شوێنەوارەكانی سەردەمی فەرمانڕەوایی میرنشینی بابان

   شوێنەوارەكانی سەردەمی فەرمانڕەوایی میرنشینی بابان شوێنەوارەكانی سەردەمی فەرمانڕەوایی میرنشینی بابان لەبەردەم هەڕەشەی داڕوخانو لەناوچووندان! …