Home / مێژووى جیهان / ئاوا بوونی رۆژھەڵاتناسی

ئاوا بوونی رۆژھەڵاتناسی

نووسه‌ر : ئەلفەزڵ شەلەق
وه‌رگێڕ : تاریق کارێزی

پێی ناوێ سەبارەت بە ھاوپەیمانیی نێوان (رۆژاوا) و (ئیسلامی سیاسی) سەرمان سوڕ بمێنێت. ئەم ھاوپەیمانییە چوار ھۆی لە پشتە، یەکەم پەیوەندیی بە کولتوور و ئایینەوە ھەیە، دووەم بە ئایدیۆلۆژیا (رۆڵی دەوڵەت)، سێیەم ستراتیژ (پرۆژەی گەورە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست)، چوارمیشیان سیاسەتە (رۆڵی میسر).

ئەوەی پەیوەندیی بە کولتوورەوە ھەبێت، ھەردوو لا پێیان وایە کە لە بڕیاردانی رێڕەوی گەلاندا رۆڵی پێشەنگیان ھەیە. گەلانی موسڵمان و عەرەب بە تایبەتی، خەسڵەتی جەوھەرییان ھەیە، ئەو خەسڵەتەش ریێان لێ دەگرێت کە باپیران و رابردووی خۆیان تێپەڕێنن. ئەوان لایان وایە کە مێژووەکەیان بازنەییە، شۆڕشیش تێپەڕاندنی رابردوو نییە، ھێندەی کە گەڕاندنەوەی شتانە بۆ سەر رێڕەوی پێشووی خۆیان. رۆژاوا باڵادەستیی زانست و تەکنەلۆژیای ھەیە. رۆژھەڵاتیش خودا و ئایینی ھەیە. رۆژھەڵات پاش دەکەوێت، رەنگە ھۆیەکەش پێشکەوتنی زانستی و تەکنەلۆژیانەی رۆژاوا بێت. بەڵام رۆژھەڵات رەسەنایەتیی خۆی ھەیە، بنەچەخوازان (سەلەفی) وای لێک دەدەنەوە کە “پێویستە” بە رێی پێشینانی پیاوچاکدا بڕۆین.

ھەردوو لا پێیان وایە، کە ھەر یەک لە رۆژاوا و رۆژھەڵات رەسەنایەتیی خۆیان ھەیە. رەسەنایەتیی رۆژاوا لەو تێپەڕاندنەدایە کە دەبێتە مایەی پێشکەوتن، ئەویش بە سایەی زانست و تەکنەلۆژیاوە، ھەردوو ملھوڕیی (رابردوو) و (باڵادەستیی پێشینانی پیاوچاک)یشیان تووڕ داوە. ھەرچی رۆژھەڵاتە (بە تایبەتی کولتووری ئیسلامی)، ئەوا ھەرچەندی شۆڕش و راپەڕینیش بەرپا بکات، ھەر دەبێ بگەڕێتەوە سەر ھەنگاوی دەست پێ کردنی خۆی. زەمان لە لای رۆژاوا لوولەییە و روو لە ھەڵکشانە، کەچی زەمان لە لای ئیسلام بازنەییە، ھەردوو لاش ھەر دەبێ ملکەچی قەدەر و چارەنووسی خۆیان بن. چارەنووسی ھەر کامەشیان کولتوور دیاریی دەکات. ئاییندەش زادەی مێژووی بەر لە خۆیەتی. مێژووی رۆژھەڵات بڕیار دەدات بۆ سەرەتا بگەڕێتەوە. مێژووی رۆژاواش بڕیاری داوە بەرەو دوا نەگەڕێتەوە، بڕیاری داوە بەرەو پێشکەوتن و تێپەڕاندن بڕوات. لەم دید و بۆچوونەدا ھەردوو لا چون یەکن، لەبارەی ئەم جیاوازییەشەوە کۆکن، ھەروەھا کە ھەر کولتوورە جەوھەری خۆی ھەیە، ھەروەھا کە جەوھەری کولتوورە کە رێڕەوەکەی دیاری دەکات.

ئایدیۆلۆژیا لە لای ھەردوو لا چون یەکە. ھەر یەکەیان پێیان وایە دەوڵەت لە پەیوەندی بە کۆمەڵەوە، رۆڵێکی پووکاوەی ھەیە. ھەرچەندی ھەژاری زیاد بکات و ئابووری پاشەکشە بکات، ئەوا دەست تێوەردانی دەوڵەت کارێکی خوازراو نییە. دەبێ ھاندەر بین بۆ پشتگیری کردن لە رۆڵی کەرتی تایبەت، تەنانەت ئەگەر لەسەر حیسابی دەسکەوت و پێشکەوتنیش بێت.

دەوڵەت لە خزمەتی سەرمایەداریدایە نەک کۆمەڵ، تەنانەت ئەگەر دەوڵەت دەستی لە کەرتی تایبەتیشەوە وەردا، ئەوا دەبێ لە خزمەتی کەرتی تایبەتدا بێت. رۆژاوا ئەمە وا دەبینێت کە لە خزمەتی کۆمپانیاکان و بەرژەوەندیی ئەودایە لە رۆژھەڵاتی ئیسلامیدا. ئومەمیەتی ئیسلامییش پێی وایە کە ئەمە لە خزمەتی رێکخستنی ئومەمیانەی ئەودایە. ھەر یەکەیان ئومەمیەتی خۆی ھەیە، بەڵام یەکێکیان ھەوڵ دەدات خزمەتی ئەوی دیکەیان بکات، ئەویش بەرامبەر بە مانەوەی خۆی لە دەسەڵاتدا. ھەردوو لا لە دەوروبەری ئایدیۆلۆژیای لیبرالیزمی نوێدا بەیەک دەگەن، کە (لیبرالیزمی نوێ) پێی وایە چارەسەر لە تایبەتاندندایە، تەنانەت ئەگەر لە سەر حیسابی دەوڵەت و کۆمەڵیش بوو. جیاوازییەکە لەوەدایە کە ئەوەی لە رۆژاوادا خزمەت بە دەوڵەت دەکات بریتییە لە قەوارەیەکی بەھێز، ھەروەھا خزمەت بە بەرژەوەندیی چینی باڵادەست لە رۆژھەتی ئیسلامییش دەکات، کە دەوڵەتی بێھێز حوکمڕانیی دەکەن، کە کۆمەڵگاکانیان دەکەنە پاشکۆ بۆ دەوڵەتانی بەھێزی رۆژاوا.

ھەرچی ھۆی ستراتیژییە، ئەوا پەیوەندیی بەو ئاییندەیەوە ھەیە کە بۆ جیھانی عەرەب کێشراوە، لە رێی پرۆژەی گەورە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستەوە، کە عرووبە رەت دەکات و دەیکاتە قوربانی بۆ باڵادەستیی ئیسلامی سیاسی، گریمانە شەرعیەتیش لە سەر بنەمای زمان و ئازادی رۆنانێت، بەڵکوو لە سەر بنەمای شەریعەت و کۆت و بەندێکەوە کە ئیسلامی سیاسی دەیسەپێنێت، ئەمیش رۆژاوای لە پشتە. ھەڵبەت شەریعەت لە دەرەوەی پیادە کردندا نییە، نە موسڵمانانیش لە شەریعەت لایان داوە، ئەگەر وا بایە ئەوا گومان لە موسڵمان بوونیان دەکرا. پرسەکەش لە خودی شەریعەتدا نییە، بەڵکوو ئەوە شەریعەتە وەک ئەوەی ئیسلامی سیاسی دەیبینێ و وەک ئەوەی رۆژاوا نەخشەی بۆ دەکێشێت. ھەردوو لاشیان شەریعەتیان کردووەتە پێچەوانەی ئازادی، لەو کاتەی ھەردوو لا لە ھەوڵی ئەوەدان کە گەلانی عەرەب کۆت و بەند بکەن، رێی بڕیاردانی چارەنووسیان لێ بگرن. دەستووریش لە ھەر وڵاتێکی عەرەبی و ناعەرەبیدا، بەشێکە لە بڕیاردانی چارەنووسی وڵاتەکە، یان دروستتر بریتییە لەو چوارچێوەیەی کە ئازادی خۆی تێدا دەنوێنێت.

ھەرچی ھۆی سیاسییە، ئەوا پەیوەندیی بە رۆڵی میسرەوە ھەیە لە جیھانی عەرەبدا. لەوەتەی رێککەوتننامەی کامپ دیڤید واژۆ کراوە، رۆژاوا ھەوڵ دەدات و لەو ھەوڵەشیدا سەرکەوتوو بووە، کە میسر لە دەرەوەی کاریەی عەرەبدا بھێڵێتەوە. ئیسلامی سیاسییش ھەوڵ دەدات میسر ملکەچی پێداویستەیلی رێکخراوی نێودەوڵەتیانەی خۆی بکات. بە لای ئیسلامی سیاسییەوە، میسر نیشتیمانێک نییە بۆ رۆڵەکانی خۆی، یان گوزارشتێک بێت لە ویستی ئەوان، یان قەوارەیەک بێت کە لە ویستی ئەوانەوە سەرچاوەی گرت بێت. بەڵکوو ھەم میسر، ھەم ھەموو شتێکی دیکەش، ئامرازێکن بۆ ئەو پلانەی ئومەمیەتی ئیسلامی نەخشەی بۆ دادەڕێژێت، ھەڵبەت ئەوانەشیانە لە پشتە کە خاوەنی پرۆژەی گەورە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی نوێن.

مێژوو بە جۆرێک لە جۆرەکان خۆی دووبارە دەکاتەوە. رۆژاواش خۆی دووبارە دەکاتەوە و ناشتوانێ دەستبەرداری کردارەیلێک بێت کە ھەر ئەوان بوون پاڵیان بە جەمال عەبدولناسرەوە نا کە لە پەنجاکانی سەدەی رابردوودا روو بکاتەوە “ناسریزم”، ئەمەش واتای ئەوەیە کە رۆڵی میسر لە ئاستی عەرەبی و نێودەوڵەتیدا فراوانتر بکرێت، ھەروەھا لە سەر بنەمای پێداویستی گەلانی عەرەب نەک ملکەچ بوون بۆ ویستی رۆژاوا، دەوڵەت و ئابووری و کۆمەڵ بنیات بندرێن. ئەم ھەوێرە ئاوی زیاتر دەکێشێ.

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About didar othman

Check Also

_100950867_gettyimages-126337992

ئایینی ئاتون (ئاتونییەت) بەشی دووەم

ئایینی ئاتون (ئاتونییەت)  بەشی دووەم ئوسامە حەسیب کاریگەری بیروباوەڕی  (ئاتون)یەت لەمیسڕ: هەرچەند (ئەخناتون) لەو شۆڕشەی …