Home / بەشی مێژووی كورد / هەڵوێستی (حزبی تودە) لەحاست كێشەی نەتەوایەتی گەلی كورد لە ئێران (1941-1983 )

هەڵوێستی (حزبی تودە) لەحاست كێشەی نەتەوایەتی گەلی كورد لە ئێران (1941-1983 )

232714_908
پێشەكی:

حیزبی تودە، یەكێكە لە گرنگترین رێكخراوە چەپە ئۆپۆزیسیۆنەكانی ئێران، كە لە نێو ڕوداوە سیاسییە گرنگ و چارەنووسسازەكانی مێژووی هاوچەرخی ئێراندا، ڕۆڵی دیاری هەبوە و وە ك جیزبێكی جەماوەری مۆدێڕن و پێشەنگی جوڵانەوەی دیموكراسی ئێرانی دەركەوتووە، هەر بۆیە هەڵوێستی ئەم حیزبە سەبارەت بە كێشە سیاسی و دیموكراتیەكانی نێو كۆمەڵگای ئێرانی بایەخی تایبەت و گرنگی خۆی هەیە.

ئەم لێكۆڵینەوەی بەردەست ئامانجی خوێندنەوەیەكی رەخنەگرانەیە لە هەڵوێستی حیزبی تودە لە حاست جوڵانەوەی نەتەوایەتی گەلی كورد لە كوردستانی ئێران مەسەلەیەكی وا كە وەك ئاگاداربین پێشتر بە شێوەیەكی بابەتیانە و سەربەخۆ كاری لە سەر نەكراوە و لێی نەكۆڵێراوەتەوە، هەر بۆیە لێرەدا بە پشتبەستن بە چەندین سەرچاوەی مێژوویی رەسەن و دكۆمێنتی بنەڕەتی و لە رێگای بە كارهێنانی شێوازێكی ئەكادیمی لێكۆڵینەوە، هەوڵدراوە وێنەیەكی راستەقینە لە هەڵوێستی مەزنترین هێزی ئۆپۆزیسیۆن و رێكخراوی چەپ لە ئێراندا سەبارەت بە كێشەی كورد لەو وڵاتەدا بخرێتە بەرچاو، هەروەها بنەما و سەرچاوەكانی گرتنەبەری هەڵوێستێكی بەو چەشنە، كە بە گشتی سەلبی بوە، لە بەر تیشكی سەرچاوە و ڕوداوەكان لێكداتەوە.

شایەنی باسە، لێكۆڵینەوە كە لە پێشەكی و دووبەش و لیستی سەرچاوەكان پێكهاتووە.
لە بەشی یەكەمدا، هەوڵدراوە بە كورتی باس لە قۆناغە مێژووییە جیاوازەكانی ژیانی حزبی تودە بكرێت. هەر لە دامەزراندنییەوە تا لە ناو چونی، جگە لەوە هەڵدراوە هەرلەم بەشەدا باسێك بۆ گرنگترین كەم و كورتییەكانی ئەو حزبە و بەشێك لەو ڕەخنانە تەرخان بكرێت كە لە تودە گیراون، ئەوەش بێگومان بایەخی خۆی هەیە، چونكە زانیننی ئەو ڕەخنە و كەم و كورتییانە پێویستن بۆ تێگەیشتن لە چۆنێتی هەڵوێست وەرگرتنی ئەو حزبە لە كێشەی نەتەوایەتی گەلی كورد لە ئێران، مەسەلەیەكی وا كە تەواوی بەشی دووەمی بۆ تەرخانكراوە.

پێویستە بگوترێت، كە لە بەشی دووەمدا كەمتر لە سەر خودی كێشە نەتەوەییەكەی كورد لە ئێراندا و زیاتر لە سەر هەڵوێستی تودە لەو كێشە قسە كراوە، جگە لەوەی باسێكی سەربەخۆ لەم بەشەدا بۆ ئەو بنەما و سەرچاوانە تەرخانكراوە كە هەڵوێستی سەلبی حزبی تودەیان لە مەڕ كێشە نەتەوایەتییەكەی كورد لە ئێران وێنا كردووە.

دیارە بابەتی ئەم لێكۆڵینەوەیە دەهێنی زیاتر قسەی لە سەر بكرێت و جێگای سەرنج و بیروڕای جیاوازە. هەر بۆیە حومێد دەكەم كەسانێك كە زانیاری گرنگ و پڕبایەخیان لایە لە ڕێگای بڵاوكردنەوەی بۆچوون و سەرنجەكانیان، نێوەرۆكی ئەم لێكۆڵینەوە دەوڵەمەندتر بكەن و لە خزمەتی روونكردنەوەی راستییە مێژووییەكاندا بن.
لەگەڵ هیوای سەرفرازی و تەندروستی بۆ هەمووان.

د. یاسین سەردەشتی
نەورۆزی 2704
سلێمانی
بەشی یەكەم:
سەرنجێكی گشتی لە مێژووی حزبی تودەی ئێران و گرنگترین كەم و كورتییەكانی
باسی یەكەم:سەبارەت بە قۆناغە مێژووییەكانی حزبی تودەی ئێران.

ئاشكرایە كە داگیر كردنی ئێران لە لایەن هێزە هاوپەیمانەكانەوە لە بەرواری 25ی ئابی ساڵی 1941 دا، بە خاڵێكی وەرچەرخان و قۆناغێكی نوێ وچارەنووسساز لە مێژووی ئێرانی هاوچەرخ دادەنرێت كە گرنگترین دەرهاویشتەكانی هەڵوەشاندنەوەی كوتوپڕی لەشكری شاهەنشاهی ئێران و روخانی دیكتاتۆری بیست ساڵەی رەزاشا پەهلەوی بوو، لە بەرامبەریشدا ئازادبونی زیندانیە سیاسییەكان، گەڕانەوەی دوورخراوەكان لە دەرەوەی وڵات، دەستپێكردنەوەی ژیانی پارتایەتی و پەرلەمانتاری، پەرەگرتنی جوڵانەوەی دیموكراتی سەرانسەری و تێكۆشانی نەتەوایەتی ئازادیخوازانەی گەلانی غەیرە فارس، روخساری سەرەكی قۆناغە مێژووییە نوێیە كە بوون(1).

لە هەل و مەرجێكی بەو جۆرەدا، ژمارەیەك لە ڕۆشنبیرە ماركسی و كۆمۆنیست و سۆسیال دیموكراتەكان و كەسانی میللی و ئازادیخوازی وەك: میرزا سلێمان اسكندری، ایرج اسكندری، رچا روستە،ادشیر ێ‌ونسیان، د. مرتچی یزدی، د> رادمنش، محمود بقراگی و خلیل ملکی…هتد، لە تشرینی یەكەمی ساڵی 1941 دا حیزبێكیان بە نێوی (حزب تودە ایران/ پارتی گەلی ئێران) لە تاران دامەزراند (2).

شایەنی باسە حزبی تودە بە یەكێك لە گرنگترین حیزبە ماركسیستە ئۆپۆزیسیۆنەكانی ئێرانی دادەنرێت كە بۆ ماوەی چوار دەیە لە مێژووی ئێرانی هاوچەرخدا، لە نێو رووداوە سیاسییە گرنگ و چارە نووسسازەكاندا هەڵسووڕاوە، و وەك حیزبێكی جەماوەری مۆدێڕن كاریگەری خۆی لە سەر ئەو رووداوانە هەبووە و قامكی لە سەر خەباتی دژی دیكتاتۆری و كۆنەپەرستی نێو خۆ و ئیمپریالیزم لەو وڵاتە دا دیارە، ئەوەش راستییەكە نابێ چاوی لێ بنوقێنرێت، چونكە ئەو حیزبە توانی بۆ یەكەمین جار لە مێژووی جوڵانەوەی ئازادیخوازی ئێرانیدا، خەباتی چین و توێژە ئازادیخوزەكان و زەحمەتكێشانی ئێرانی دژی دیكتاتۆری لە ڕێكخراوی جیاجیادا بە ناوی ڕێكخراوی: كرێكاری، جوتیاری، ژنان، خوێندكاران، نوسەران، مامۆستایان…هتد، كۆبكاتەوە و تێكەڵ بە سیاسەتیان بكات و رایانبهێنێت كە بە چ شێوازێك بۆ وەدەستهێنانی خواستە دیموكراتییەكانیان تێبكۆشن و جگە لەوەی سەروەری وە دەرخستنی تاوانەكانی ئەڵەمانیای نازی لە ساڵانی جەنگی دووەمی جیهانیدا، نێوەرۆكی سیاسەتی ئیستیخلالی دەوڵەتە زلهێزە سەرمایەدارەكان لە هەمبەر ئێران، برەو پێدان و زەقكردنەوەی خەباتی چینایەتی لەو وڵاتە و ئاراستە كردنی دژی چینە ستەمكار و كۆنەپارێزەكان، ڕەخنە گرتنی بێ پەروا و هەمە لایەنە لە گەندەڵی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییە كانی وڵات لە سایەی دیكتاتۆری شاهەنشاهی پەهلەویدا، تێكڕایان بۆ حیزبی تودەی ئێران دەگەڕێتەوە، بە جۆرێكی ئەوتۆ كە ئەو حیزبە بە درێژایی تەمەنی نەوەیەكی نوێ و بەرجەستەی لە نووسەران و ڕەخنە گران و هۆنەران پێشكەش بە كۆمەڵگای ئێرانی كردووە. سەرباری ئەوەی ژمارەیەكی زۆری ئەندام و لایەنگرانی بونەتە قوربانی سیاسەتی سەركوت و دایڵۆسینی رژێمی شاهەنشاهی و لەو لایەنەوە زێدەتر لە هێز و لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەكانی دیكەی ئێران بەر شاڵاوی قین و تۆڵەی دام و دەزگا سەركوتگەرەكانی حكوومەتی تاران كەوتووە.
هەر حاڵ، لە ڕووی مێژووییەوە دەتوانرێت بە گشتی تەمەنی پڕ لە هەوراز و نشێوی زیاتر لە چل ساڵی حیزبی تودە بە سەر چەند قۆناغی جیاوازی یەك بە دوای یەكدا دابەشبكرێت:
1/1/1/: لە سەرەتای دامەزراندنەوە تا رووخانی دەەسەڵاتە میللیەكانی كوردستان و ئازەربایجان تشرینی یەكەمی 1941 ــــ كانوونی یەكەمی 1946.

ئەم قۆناغە بە قۆناغی لە دایك بوون و گەشەكردنی پلە بە پلە، و بەڵام خێرای حیزبی تودە دادەنرێت، بە شێوەیەك لە كۆتایی ساڵەكانی جەنگی دووەمی جیهانیدا ئەو حیزبە لە كۆڕێكی رۆشنبیرانی بێ ئەزموونەوە گۆڕدرا بۆ مەزنترین حیزبی جەماوەری و كاریگەرترین هێزی سیاسی سەرشانۆی وڵات و بە هێزترین حیزبی چەپ ، نەك هەر لە ئێراندا بگرە لە تەواوی خۆرهەڵاتی ناوەنددا، بێگومان رووخانی دیكتاتۆری و پەرەگرتنی جوڵانەوەی دیموكراتی گەلانی ئێران لە لایەك و پاشەكشەی فاشیزم و سەركەوتنەكانی یەكێتی شورەوی و بوونی سوپای سوور لە ناوچەكە لە لایەكی ترەوە، زەمینە خۆشكەری ئەم هەڵتۆقینەی حیزبی تودە بوون، ئەو حیزبەی لەم قۆناغەدا سەرەتا لەلایەن سلیمان اسكندری و پاش مردنی ئەویش لە ساڵی 1942 وەو ایرج اسكندری رێبەرایەتییەكەی گرتە ئەستۆ(3).

پێویستە بگوترێت حیزبی تودە سەرەتا وەك حیزبێكی دیموكراتیكی لیبراڵی ریفۆرمیست، نەك شۆڕشگێڕی رادیكاڵ و كۆمۆنیست هاتە مەیدان و خۆی بە نوێنەری تاقە چینێكی كۆمەڵایەتی دانەدەنا، بەڵكو ناوی (تودە/گەل)ی لە خۆناو وەك حیزبی تێكڕای چین و توێژە ئازادیخوازو پێشكەوتوخوازەكان خۆی ڕاگەیاند، لێرەشەوە سیاسەتەكانی لە مەڕ مەسەلەكانی نێو خۆو دەرەوەی ئەو قۆناغە داڕشت كە لە سەر ئاستی نێوخۆ، بەرگریكردن بوو لە بەرژەوەندی نیشتمانی و یاسای بنەڕەتی و وەدیهێنانی دیموكراسی و ریفۆرەی كۆمەڵایەتی و ئابووری، لە سەر ئاستی دەرەوەش، خەبات دژی فاشیزم و كۆلۆنیاڵیزم بوو، ئامانجەكانیشی لە: چەسپاندنی دیموكراسی، پتەوكردنی سەربەخۆیی سیاسی و ئابووری ئێران، دانانی یاسای كار و گرانتی كۆمەڵایەتی، پاكسازی دەزگاكانی دەوڵەت لە پیاوانی رەزاشاهی و فاشیستەكان و پتەوكردنی پەیوەندی لەگەڵ بەرەی دیموكراتیك بوو (4).
شایەنی باسە پێ بە پێی گەشە كردنی حیزب و دوای بەستنی كۆنفرانسی یەكەمی لە تشرینی یەكەمی 1942 دا، خواست و دروشمەكانی حیزب شێوازێكی كامڵتری و ئاشكراتریان گرتە خۆ، و خواستە ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانی چینە زەحمەتكێشەكانی وەك: بیمەی بێكاری، بایەخدان بە خانەنشینان، قەدەغە كردنی كاری منداڵان، دابەشكردنی زەوی بە سەر وەرزێران و هەشت سەعات كار…هتد، لە بەرنامەدا جێگیر كران(5)، ئەو بەرنامەیەی لەم قۆناغەدا بەرجەستەی تەواوی خواستەكانی ئازادیخوازان و تێكڕای چین و توێژە زەحمەتكێشەكانی كۆمەڵگای ئێرانی دەكرد، ئەوەش ڕۆڵی مەزنی لە فراوانبوونی پێگەی جەماوەری حیزب، ژمارەی ئەندامانی، فراوانبوونی رێكخستنەكانی و كردنەوەی لق و بارەگاكانی لە زۆربەی شارە گەورەكانی باكوور و دواتر باشووری ئێران دا بینی، ئەو شارانەی شوێنی ژیانی هەزارەها خوێندكار، كارمەند، رۆشنبیر و كرێكار بوون و حیزبی تودە بایەخێكی زۆری پێدەدان و هەوڵی دەدا لە ڕێگای ئۆرگانەكانی وە (رهبر)، (مردم/ خەڵك)، (رزم/ خەبات) و (سیاست)ەوە، كە لە تاران دەردەچوون، و بە هۆی بڵاوكردنەوەی هەرێمییەكانی دیكەوە، سیاسەت و ئامانجەكانی حیزبی تودەیان بۆ ڕوون بكاتەوە و لە دەوری حیزبیان گرد كاتەوە و لە ڕیزەكانی خۆیدا ڕێكیان بخات(6).

لێرەوە پێویستە ئاماژە بە داهێنانی ڕێكخراوە پیشەیی و جەماوەرییەكانی وەك: لاوان، ژنان، پیشەوەران، نووسەران…هتد، بدرێـت، كە حیزبی تودە بۆ یەكەمجار مۆدێڕنانە دایمەرزاندن و چالاكی و كارەكانیانی لە چوارچێوەی سیاسەتی ئەو وەختی حیزبدا ئاراستە دەكرد(7)، بەوەش یەكەمین جارە لە مێژووی ئێراندا حیزبێكی رادیكاڵی غەیرە مەزهەبی وەك تودە، ببێتە حیزبێكی جەماوەری و لایەنگری گشتی كۆمەڵانی خەڵك مسۆگەر بكات.

لە نێو چین و توێژەكانی كۆمەڵگادا، كرێكاران لە لایەن تودە وە بایەخێكی زیاتریان پێدەدرا، هەر وەك گرنگی دان بە خەباتی كرێكاری و سەندیكا كانیش، لە سەرەتای ساڵی 1944دا ئەنجومەنێكی ناوەندی بۆ یەكێتی سەندیكاكانی ئێران بە نێوی (شورای متحد مركزی) دامەزراند بە ڕێبەرایەتی كەسایەتی سەندیكایی ناسراوی ئێران (رچا روسته)،ئەو شورایەی زیاتر لە 300 هەزار لە كرێكارانی ئێرانی لە ریزەكانی خۆیدا كۆكردبونەوە و بۆ داكۆكیكردن لە خواستەكانیان و پشتەگیری كردنی سیاسەتەكانی حیزبی تودە جاروبار دەڕژانە سەر شەقامەكانی ئێران (8).
هەروەها حیزبی تودە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، هەوڵی دابوو ڕێكخراوێكی سەربازی نهێنی لە ئەفسەرە ئازادیخواز و چەپەكانی نێو لەشكری ئێراندا بە نێوی (سازمانی نڤامی جزب توده) دابمەرزێنێت، كە بەرجەستەترین ئەندامەكانی (سرهنگ عزت اللە سیامك، سرهنگ محمد علی ێ‌ژر ، سرگرد علی ێ‌کبر اسحندانی و سیروان خسرو روزبه)بوون، و لە ڕێگای (عبدالصمد كامبحش)ی ئەندامی ڕێبەرایەتی تودەوە، پەیوەندی نهێنی و توند و تۆڵیان بە حیزبی تودەوە هەبوو، ئەو ڕێكخراوەی ژمارەیەكی بەر چاوی لە ئەفسەرەكانی ئێرانی و لە بەشە جۆربەجۆرەكانی سوپادا لە خۆگرتبوو، ئەوانە وێڕای ئەوەی هەواڵ و جموجۆڵەكانی سوپایان دەگەیاندە ڕێبەرایەتی تودە، دەیانتوانی لە كاتی پێویستدا بە قازانجی حیزب و پشتگیری سیاسەتەكانی دژی چینی فەرمانڕەوا بێنە مەیدان(9).

شایەنی باسە، حیزبی تودە لەم قۆناغەدا توانی وەك حیزبێكی یاسایی ئۆپۆزیسیۆن، بە كاندید كردنی (62) ئەندامی خۆی، كە (10)یان لە ڕێبەرایەتی حیزبدا بوون، بەشداری هەڵبژاردنەكانی خولی چواردەهەمی مەجلیس بكات، كە لەپایزی ساڵی 1943دا، ئەنجامدرا و زیاتر 13%ی كۆی دەنگەكانی ئێران وەدەست بهێنێت و 8 ئەندامی بە نێوی (فراكسیۆنی تودە) بنێرێتە مەجلیس (10).

هەروەها كاتێك جوڵانەوەی ئازادیخوازی میللی لە ئازەربایجان و كوردستاندا لە كۆتایی ساڵی 1945 دا پەرەیان گرت و گەلانی كورد و ئازەر حكوومەتی میللی خۆیان لە مەهاباد و تەورێز دامەزراند، نفوز و جەماوەری حیزبی تودە لە ناوەند چەند بەرامبەر بوو، بە تایبەتی پاش ئەوەی لەگەڵ (حیزبی ئێران)دا، بەرەیەكیان بە ناوی (جبهە مۆتلفە احزاب ازادیخواە) لە سەرەتای مایسی ساڵی 1946دامەزراند و بانگەشەیان بۆ تێكڕای حیزبە ئازادیخوازە ئۆپۆزیسیۆنەكانی دیكەی ئێران كرد بێتە ناوی، سەر ئەنجام حیزبی سۆسیالیست لە تاران، حیزبی جەنگەڵ لە گەیلان، فیرقەی دیموكراتی ئازەربایجان لە تەورێز، حیزبی دیموكراتی كوردستان لە مەهاباد، چوونە نێو بەرەیان ڕاگەیاند، دواتریش (قوام السلگنە)ی كۆنە سیاسەتكار و سەرۆك وەزیرانی ئێرانی، پاش ئەوەی حیزبی دیموكراتی ئێرانی لە 29ی حۆزەیرانی ساڵی 1946 دامەزراند، خۆی بە یەكێك لە حیزبە سەرەكییەكانی ئەو بەرەیە ڕاگەیاند(11).
لە ڕاستیدا نفوز و دەسەڵاتی حیزبی تودە بە وەرگرتنی 3 پۆستی وەزارەتەكانی (فەرهەنگ، تەندروستی، پیشە و هونەر)، لە حكوومەتەكەی قوام السلگنەدا لە 2ی ئابی 1946 گەیشتە چڵە پۆپە، بەوەش ڕێبەرایەتی تودە لە كاتێكدا لە دەسەڵاتی دەوڵەتدا بەشدار بوون، كە گەورەترین ڕێكخراوی سیاسی وڵاتیان لە بەردەست بوو، ئەوەی ئەندامە بنەڕەتییەكانی خۆی دەدا لە پەنجا هەزار و لایەنگرەكانیشی سەد هەزار بوون (12)، ئەم قۆناغە كە دەكرێت بە چاخی زێڕین لە مێژووی ئەو حیزبە بێتە هەژماردن.
2|1|1لە دوای روخانی حكوومەتە میللییەكانی كوردستان و ئازەربایجان تا هەوەڵی تێرۆر كردنی شاهەنشا كانوونی دووەمی 1947ـــ شوباتی 1949
لە ڕاستیدا دەتوانرێت دەرچوونی سوپای سوور لە ئێران و بادانەوەی قوام السلگنە بە لای ڕاست، و ڕوخانی هەردوو حكوومەتی میللییەكەی كوردستان و ئازەربایجان لە لایەك و گەڕانەوەی ئەرتەشی شاهەنشاهی بۆ ناوچەكە و نەخشی لە ناكاوی محەمەد ڕەزاشا و پشتیوانی مەزنی ئەمریكا و نێوان گەرمبوونی لەگەڵ ئێراندا، و كێشكردنی خێرای ئەو وڵاتە بۆ ناو بازنەی ململانێی جەنگی سارد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە لایەكی ترەوە، بە وەرچەرخانێكی ڕیشەیی و خەتەرناك لە سەر هەل و مەرجی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی ئێران دابنرێت، هەل مەرجێك كە تێیدا زەمینەیەكی لەباری بۆ زیندوو كردنەوەی حوكمی دیكتاتۆری و باڵا دەستی ئەفسەرانی ئەرتەش لە سەر شانۆی سیاسی وڵات ڕەخساندەوە و پاشەكشەیەكی مەزنی بە جوڵانەوەی دیموكراتی و ئازادیخوازی گەلانی ئێران كرد(13).

دیارە حیزبی تودە بە درێژایی چوار ساڵی ئەم قۆناغە نوێیە، دەورانی زێڕینی خۆی تێپەڕاند و لە ڕووی كار و چالاكی و ڕێكخستنەكان و توانای جەماوەرییەوە گێرقەكەی تا دەهات بەرەو خوار دەكشا و لە زۆر ڕووەوە توشی قەیرانی قوڵ و چاوەڕواننەكراو هات و زیانی مەزنی وێ كەوت.
هەر پاش گەڕانەوەی لەشكری شاهەنشاهی بۆ كوردستان و ئازەربایجان و چەسپاندنی حوكمی ڕاستڕەوە كان، تەواوی ڕێكخستنەكانی حیزبی تودە لە شارەكانی باشوور و هەرێمەكانی ئێراندا، تووشی پەلامار و سەركوت و راوەدووخان و گرتن و هاتن، و ڕێكخراوە جەماوەرییەكانی هەڵوەشان و بارەگاكانیان داخران، و بڵاوكراوە و
ئۆرگانەكانی حیزب لەو ناوچەیە قەدەغە كران، و وێڕای ئەوەی لە تاران حیزبی تودە سیفەتی یاسایی خۆی لە دەست نەدابوو، بەڵام بە ڕاگەیاندنی حكوومەتی سەربازی لە پایتەخت خۆپیشاندان و كۆڕ و كۆبوونەوەكانی قەدەغە كران و شێوازی حاڵەتێكی نهێنییان گرتە خۆ، و ژمارەیەكی ڕێبەرانی حیزبی وەك (كامبخش، اوانسیان، امیری خیزی وایرج اسكندری) ناچار بوون ئێران جێبهێڵن(14).

لە هەل و مەرجێكی وا دا ناكۆكییەكانی نێو خۆیی حیزب ڕوویان لە تەقینەوە كرد، و ژمارەیەك لە ئەندامانی ڕێبەرایەتی وەك: انور خامە و جلال ال احمد، بە ڕێبەرایەتی (خلیل ملحی) لە ساڵی 1947دا، جیابوونەوەی خۆیان لە تودە ڕاگەیاند و ناوی (هێزی سێیەم) یان لە خۆیان ناو، و كەوتنە بە دناوكردنی حیزبی تودە و سیاسەتی هەلپەڕستی شووڕەوی بەرامبەر بە ئێران (15)، بەوەش ئەندام و لایەنگرێكی بەرچاو لە حیزب تەكینەوە، كە لەودەمەدا ژمارەی ئەندامە بنە ڕەتییەكانی بۆ هەزار كەس دابەزیبوو.

شایەنی باسە، حیزبی تودە لە سەرەتای بەهاری ساڵی 1948دا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قۆناغی نوێ، كۆنگرەی دووەمی خۆی بە شێوەیەكی نیمچە نهێنی لە شاری تاران گرێدرا و هەوڵی دا ڕیزەكانی خۆی ڕێك بخاتەوە، بۆ ئەومەبەستەش ڕێبەرایەتیەكی نوێ هەڵبژێردرا،و (د. رادمنش) بووە سكرتێری یەكەمی حیزب، لە كۆنگرەدا مەسەلەكانی: ڕێز گرتنی یاسای بنەڕەتی و ئازادییە سیاسی و دیموكراتییەكان، ڕێگرتن لە گەڕانەوەی دەسەڵاتی دیكتاتۆری بۆ ئێران، لایەنگری لە خەباتی ئازادیخوازانی گەلانی چین ڤێتنام و یۆنان، قسە و جەختیان لە مەڕ كراو لە مەرمنامەی حیزبدا چەسپێندران (16).

لە ڕاستیدا حیزبی تودە پاش كۆنگرە لە هەوڵی ئەوەدا بوو، كاریگەرییە سلبییەكانی قۆناغە نوێیەكە لە سەر خۆی كەمكاتەوە و سەر لە نوێ كەسانی ئازادیخواز و ئۆپۆزیسیۆن لە ڕیزەكانیدا ڕێك بخاتەوە و بێ ئەوەی بە شێوەیەكی راستە و خۆ لەگەڵ حكوومەت و دەرباردا ڕووبەڕوو بێتەوە، بێتەوە مەیدان و ڕێبەرایەتی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەكانی ئێران بگرێتەوە دەست، بۆ ئەو مەبەستەش لە سەرەتای پایزی ساڵی 1947دا پلنیۆمی سێیەمی خۆی بەست. دیارە ئەوەی لەم قۆناغەدا هومێدی وەدیهاتنی ئامانجەكانی حیزبی تودەی ڕێدەتر دەكرد، ئەوە بوو كە وێڕای بەردەوامی پشتگیری مادی و مەعنەوی یەكێتی شوورەوی بۆ حیزب، هەل و مەرجی ئابووری و كۆمەڵایەتی ئێرانیش تا بڵێی لە خراپی و ئاڵۆزیدا بوو(17).
بەڵام رووداوی هەوڵی تێرۆر كردنی شای ئێران لە زانكۆی تاران لە 4ی شوباتی 1949دا (18)، نەك هەر هومێدكەی حیزبی تودەی كاڵ كردەوە، بگرەی حیزبیشی لەو قۆناغەدا ڕووبەڕووی چارەنووسی مەترسیدار كردەوە، پاش ئەوەی دەربارو حكوومەتی ئێران، حیزبی تودەیان وەك ئاگادتار و بەرپرسی پیلانی تێرۆرەكە تاوانبار كرد و بڕیاری نایاسایی بوون و هەڵوەشاندنەوەی حیزبی تودەیان ڕاگەیاند، ئاكامی ئەوەش پۆلیسی ئێرانی پەلاماری بارەگای ئەو حیزبەیان لە تاران دا و پارە و كەل و پەلی حیزبیان تاڵانكرد و زیاتر لە 200 ئەندامی ڕێبەرایەتی و كادرە تودەییەكان دەستگیر كران، ئەوانەی راپێچی دادگا سەربازییەكان كران و بە تاوانی ئاژاوە گێڕی و پیلان گێڕان حوكمی توند و جیاوازیان بە سەر دا سەپێنرا، شایەنی باسە ژمارەیەك لەو ئەندامە ڕێبەرایەتییانەی حیزب وەك: (د.
رادمنش، احسان گبری،فریدون كشاورز) كە سزای مەرگیان بە سەردا درا بوو، و دەستگیر نەكرابوون ئێرانیان بەرەو شوورەوی بە جێهێشت، بەوەش چالاكی و هەڵسووڕانی حیزبی تودە بە ڕادەیەكی زۆر لە كار كەوت (19).

1/1/3 : حیزبی تودە لە دەورانی پەرەگرتنی بزووتنەوەی خۆماڵیكردنی نەوتی ئێران و حاكمییەتی مصدق دا تموزی 1949 ــــ ئابی 1953

ئەم قۆناغە قۆناغێكی گرنگ و ئاڵۆزی مێژووی ئێرانی هاوچەرخ پێكدەهێنێت، كە تێیدا خەباتی بورجوا دیموكراتی نیشتمانی ئێرانی بە شێوەیەكی زۆر خێرا بە ڕێبەرایەتی بەرەی نیشتمانی بە سەر كردایەتی (د.محمد مصدق) پەرەی گرت، پاش ئەوەی دروشمی چەسپاندنی ئازادییە دیموكراتییەكان و ڕیفۆرمی ئابووری و كۆمەڵایەتی، هەروەها خۆماڵیكردنی نەوتی ئێران و بە گژا چوونەوەی نفوزی بەریتانیای لە ئێراندا بەرزكردەوە و شێلگیرانە بۆ وەدیهێنانیان كەوتە خۆ، ئەوەش بوە هۆی پاشەكشەی دەربار و لایەنگرانی سیاسەتی بەریتانیا لە وڵات و كەمبوونەوەی دەسەڵاتی فەرماندەكانی لەشكر و دەزگا سەركوتگەرەكانی رژێمی پەهلەوی، لە بەرامبەریشدا كۆنترۆڵكردنی مەجلیس ودامەزراندنی حكوومەتێكی نیشتمانی لە لایەن بەرەی نیشتمانی و مصدق ەوە هێنایە دی. مەسەلەیەكی وا كەسەر چاوەی وەدیهێنانی فەزایەكی ئازاد و ئاوەڵای لێكەوتەوە و هێزە نیشتمانی و ئازادیخوازەكان بە دژی شا و دەربار و كۆمپانیای نەوتی ئێرانی ـــــ ئینگلیزی لە سەنگەرێكدا یەك خست و شەقامی ئیرَانی خستە خزمەتی هەنگاوەكانیان(20).

سەبارەت بە حیزبی تودە لەم قۆناغە چارەنووسسازەدا، دەكرێ بگوترێت كە پێشتر ڕاگەیاندنی مردن و پێچراوە بوونی حیزب لە لایەن رژێمی پەهلەوییەوە ڕاستیەكی چەسپاو نەبوو، پێچراوە بەڵێ، بەڵام مردوو نە خێر، چونكە وێڕای پەلاماردانی تودە و گرتنی ئەندامانی و نایاسایی ڕاگەیاندنی لە لایەن حكوومەتی ئێرانەوە وەك پێشتر ئاماژەی پێكراوە، بەڵام حیزب توانیبووی كە بەشێك لە ڕێكخستنە نهێنییەكانی خۆی بپارێزێت، بە تایبەتی ڕێكخراوی سەربازی، ئەو ڕێكخراوەی كە توانیبووی لەم قۆناغەدا دزە بكاتە نێو (ڕێكخراوی هەواڵبەری سوپای ئێران)ەوە.ڕێبەرایەتی تودە لە زینداندا كۆمیتەیەكی ڕێبەرایەتی كاتییان دامەزراند و چونكە دەستیان بە دەرەوەی زینداندا دەگەیشت، كاری تەواویان بۆ خۆ ڕێكخستنەوە و پێكهێنانی شانەی نهێنی و دەركردنی ئۆرگانەكانی وەك: رزم، مردم، ڤفر،….هتد داو، كەوتنە خۆ و چاوەڕێی دەرفەتێكی لەبار بوون (21).

لە ڕاستیدا بە نیًوبانگترین ڕووداوەكانی ئەم قۆناغە كە بە مەزنترین سەروەری بۆ حیزبی تودە لە قەڵەم دەردێت، هەڵاتنی (10) كەس لە ڕێبەرایەتی حیزب بوو لە زیندانی رژێمی شاهەنشاهی و دامەزراندنی كۆمیتەیەكی ڕێبەرایەتی (8) كەسی نوێ بوو لە سەردەمی حكوومەتی (جنرال رزم ارا)دا،(22) ئەو سەرۆك وەزیرانەی كە ئاستەنگێكی گەورە بوو لە بەردەم بزووتنەوەی خۆماڵیكردنی نەوتی ئێران و بە تیرۆكر كردنی لە 7ی ئاداری 1951 دا،(23) ڕێگا بۆ بەرەی نیشتمانی و مصدق خۆش بوو تا لە نیسانی 1951دا دەسەڵاتی سیاسی بگرنە دەست و حكوومەت دابمەرزێنن، مەسەلەیەكی وا كە ئەو دەرفەتەی بۆ حێزبی تودە هێنایە پێش كە چاوەڕێیان دەكرد.

شایەنی باسە حیزبی تودە بێ دوا كەوتن دەستی بە چالاكی فراوان كردەوە و بڵاوكراوەكانی حیزبی پەرەپێدان و مۆڵەتی یاسایی بۆ بڵاوكراوەی (بە سوی ایندە/ بەرە و داهاتوو) وەدەستهێنا. ئینجا لە جیاتی ڕێكخراوە پیشەییە هەڵوەشاوەكان، چەند ئەنجومەنی: لاوان، ژنان، ڕۆژنامەنووسان، یاساناسان…هتد دیموكراتیكی دامەزراند و یەكێتییەكانی: مامۆستایان، خوێندكاران، ئەندازیاران..هتد پێكهێنا. ئەمانە و وێڕای ئەنجومەنەكانی (كمك بە دهقانان/ هاوكاری وەرزێران) و (مبارزە با بیسوادی/ خەبات بە دژی نەخوێندەواری) و انجمن هواداران صلح/ كۆمیتەی ئاشتیخوازان) و (انجمن ملی مبارزە با استعمار/ كۆمیتە نیشتمانی بە گژدا چوونەوەی كۆلۆینالیزم (24)

بەم چەشنە حیزبی تودە بێ ئەوەی یاسای هەڵوەشانەوەكەی ڕەتكرابێتەوە، لە ماوەیەكی كەمدا توانی ببێتەوە حێزبێكی جەماوەری و وەك مەزنترین هێزی سیاسی سەر شانۆی وڵات خۆ نیشاندا، لە كاتێكدا پاش پێنج ساڵ قەدەغە كردن، ئاهەنگی مەراسیمی 1ی ئایاری جەژنی كرێكارانی جیهان لە ساڵی 1951دا رَێگەی درا. حیزبی تودە خۆپیشاندانی لە شارەكانی ئێران پێكهێناو لە تارانی پایتەختدا زیاتر لە(25) هەزار كەسی هێنایە سەر شەقامەكان، جگە لەوەی لە كاتی توند و تیژبوونی روداوەكاندا، حیزبی تودە زوو زوو خۆپیشاندانی جەماوەری و مانگرتنی كرێكارانی ساز دەدا و لەگەڵ هێزەكانی پۆلیس و پیاوانی شاهەنشاهیدا ڕوو بە ڕوو دەبوونەوە و شەقامەكانی تارانیان سوور دەكرد(25).

شایەنی باسە نفوز و جەماوەری حیزبی تودە لە دوا ساڵەكانی حوكمڕانییەتی مصدق دا هێندە پەرەی گرتبوو، كە بە پێی هێندێك بایەخداران ژمارەی ئەندامەكانی ئەو حیزبە خۆی دەدا لە (25000) و لایەنگرانیشی نزیكەی (200000) دەبوون، هەروەك هەواڵنێرێكی بێگانە ڕادەگەیەنێت كە نفوز و پاڵپشتی جەماوەری حیزبی تودە هێندە زۆرە كە “زوو یا درەنگ، بێ ئەوەی ڕێگای توند و تیژی بگرێتە بەر، دەتوانێت دەسەڵاتی وڵات بگرێتە دەست” (26).

1/1/4: حیزبی تودە لە نێوان كودەتای زاهدی و ڕوخاندنی رژێمی پەهلەوی ئابی 1952 ــــ شوباتی 1979
ئاشكرایە كودەتای 19ی ئابی ساڵی 1953 و ڕوخاندنی حكوومەتی مصدق بە پیلانی دەربار و ئەفسەرە شاپەرستەكان بە سەر كردایەتی (سرلشكر فیزاللە زاهدی)و بە ڕێنمایی دەزگای سیخوڕیی (CIA)، بە ڕووداوێكی خەتەرناك و خاڵێكی وەرچەرخان لە مێژووی ئێرانی هاوچەرخدا دادەنرێت، چونكە بە سەركەوتنی كودەتا و چەسپاندنی حكوومەتی زاهیدی، گورزێكی مەزن و جوڵانەوەی دیموكراتی ئێرانی كەوت و تووشی پاشەكشەیەكی سەر سووڕ هێنەری كرد، لە بەرامبەریشدا هێزە شاپەرستەكان بوژانەوە، ژیانی پارتایەتی و پەرلەمانتاری سەر لە نوێ لە ئێراندا پێچرایەوە و فەزایەكی سەركوت و توندوتیژی بە جۆرێك لە وڵاتدا دەستپێكرد كە زەمینەی دامەزراندنی دەوڵەتێكی دیكتاتۆری میلیتاریستی تۆتالیتێری لە ئێراندا ڕەخساند كە نزیكەی چارەكە سەدەیەكی خایاند، ئەو دەوڵەتەی تا دەهات زیاتر لە ڕووی سیاسی، سەربازی، ئابووری و فەرهەگییەوە خۆی بەرەو بلۆكی سەرمایەداری جیهانی و ئەمریكا دەكوتا و بەرەو وابەستەیی دەڕۆیی (27).

لە ڕاستیدا حیزبی تودە لەم قۆناغەدا گیرۆدەی، چارەنووسێكی نالەبار و خەتەرناك هات، پاش سەركوتنی كودەتا، قۆناغی سەركوت و ڕاوەدونان تا ڕادەی ڕیشەكێشكردنی حیزب دەستپێكرد، دیارە تودە زێدەتر لە تێكڕای هێزە ئۆپۆزیسیۆنەكانی دیكەی ئێران وە بەر شاڵاوی ڕق و تۆڵەی حكوومەتی كودەتا و دەربار كەوت، پاش ئەوەی رژێمی شاهەنشاهی لە ڕێگای دەزگا هەواڵبەرەكانی فەرمانداری سەربازی لە تاران و بە یارمەتی دەزگای (CIA) هەواڵی ووردی لە سەر ڕێكخستنەكان و شوێنی نهێنی و ئەندامە چالاكەكانی حیزب چنگ كەوت، زنجیرەیەك شاڵاوی ڕاونان و گرتنی تودەییەكانی دەستپێكرد و لە نێوان ساڵانی 1953 ــــ 1958 زیاتر ەل سێ هەزار كەسی لە كادر و ئەندامە چالاكەكانی حیزبی تودە گرت و ڕەوانەی زیندانە تاریك و شكەنجەخانەكانی كردن، كە هێندێك لەوانەی پلەی ڕێبەرایەتییان هەبوو،وەك (بهرامی، یزدی، علوی و شرمینی) (28).

مەزنترین گورز كە لەم قۆناغەدا حیزبی تودەی لە بناغەوە هەڵتەكاند، ئاشكرابوونی ڕێكخراوی سەربازی حیزب بوو لە ساڵی 1955 و گرتنی زیاتر لە حەفتا ئەفسەری پایە بەرزو پلە جیای تودەیی بوو لە سوپای ئێراندا، كە بەشێكی زۆریان لە لایەن دادگا سەربازییەكانەوە بە تاوانی خیانەت بە مەرگ سزادران و گوللە باران كران (29).

دیارە لە هەل و مەرجی شاڵاوی توند و پەلاماری بەرفراوانی لەو چەشنەدا، ئەو ئەندام و ڕێبەرانەی تودە كە تا ئەو دەمە لە ئێراندا مابوونەوە و دەستگیر نەكرابوون وەك (كیانوری، جودت..هتد) ناچار بوون ڕێگای شورەوی بگرنە بەر و لە ئێران بچنە دەر و تەواوی ڕێبەرایەتی تەسلیم بە (خسرو روزبە) بكەن، ئەو خسروەی پاش یەك دوو ساڵ كەوتە بەر پەلاماری پۆلیسی نهێنی شاهەنشاهی و دوای ئەوەی بە برینداری دەستگیر كرا، لە ساڵی 1958دا گوللە باران كرا(30).

بەمجۆرە حیزبی تودە لە بەریەك هەڵوەشا و لە ئێران ڕیشەكێشكرا، ئەوانەشی پێشتر چووبوونە دەرەوە، لەگەڵ ڕێبەر و ئەندامە ڕاكردووەكانی پاش كودەتای ئابی 1953، لە مۆسكۆی پایتەختی یەكێتی شوورەوی یەكیان گرتەوە و بە ناوی حیزبی تودە درێژەیان بە كاری حیزبایەتی لە تاراوگەدا، ئەوانەی لە ساڵی 1959 بنكەیان گواستەوە بۆ شاری (لایپزیك)ی ئەلمانیای خۆر هەڵات، بێ ئەوەی كاریگەرییەكی ئەوتۆیان لە سەر ڕووداوەكانی ئێران هەبێت.

هەر لێرەدا پێویستە بگوترێت كە حیزبی تودە لە پلنیۆمی یازدەهەمیدا لە ساڵی 1964، تووشی پەرتبوونێكی تر هات ، كە لە مێژووی حیزبدا بە (پەرتبوونی ماوییەكان) و مەزنترین جیابوونەوە دادەنرێت، كاتێك دوو ئەندامی چالاكی كۆمیتەی ناوەندی بە ناوی (احمد قاسمی، د.غلام حسینی فروتن) جیابوونەوەی خۆیان ڕاگەیاند و چوونە ئەوروپای خۆرئاوا و تەواوی ڕێكخراوە خوێندكارییە ئێرانییەكانی سەر بە تودەیان لە خۆیان كۆكردەوە و سەرەتا (سازمانی انقلابی حزب تودە/ ڕێكخراوی شۆڕشگێڕی حیزبی تودە) و دواتر ڕێكخراوی توفان/ لافاو)یان دامەزراند (31).

ئەو ڕووداوانە كاردانەوەی خراپیان لە سەر باری نالەباری حیزبی تودە لە تاراوگە بە جێهێڵا، پۆستی ڕێبەریش كە نزیكەی بیست ساڵێك بوو لە دەستی د.رادمنش دابوو، لە پلنیۆمی سیازدەهەمی حیزبدا لە ساڵی 1969 كەوتەوە دەست ایرج اسكندری، كە ئەویش پاش دە ساڵ واتە لە شوباتی 1979 دا بۆ نورالدین كیانوری بە جێهێڵا، ئەو كاتەی شۆڕشی گەلانی ئێران بۆ ڕوخانی رژێمی شاهەنشاهی لە گەرمەیدا بوو.

1/1/5 : لە ڕوخاندنی رژێمی شاهەنشاهیەوە بۆ گورزی گورچكبڕی كۆماری ئیسلامی. شوباتی 1979 ــــ 1983

ئەم قۆناغە بە دوا قۆناغی ژیان و چالاكی سیاسی حیزبی تودە دێتە ژماردن، كە سەرەتاكەی سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و ڕوخاندنی رژێمی شاهەنشاهی پەهلەوییە، و نێوەندەكەشی دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی و ململانێی هێزە سیاسی و كۆمەڵایەتییە جۆربە جۆرەكانی ئێرانییە لە پێناوی گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسیدا ، و دوا بەشیشی چەسپاندنی دەسەڵاتی باڵی ئاخوندە بونیاد گەراكانی نێو دەزگای ئاینی ئێران و ڕاگەیاندنی دیكتاتۆرییەتی مەزهەبی و شاڵاوی لە ناكاو بەرفراوانی دەزگا سەركوتگەرەكانی رژێمی ئیسلامییە بۆ سەر حیزبی تودە و دەستگیر كردنی زیاتر لە هەزار ئەندامی ئەو حیزبەیە بە خودی (كیانوری) ڕێبەریشەوە.

لە ڕاستیدا بە سەر كەوتنی شۆڕش و ڕوخانی رژێمی دیكتاتۆری پەهلەوی، فەزایەكی ئازاد و ئاوەڵا لە ئێران هاتە ئارا، بەوەش ڕێبەرە ئاوارەكانی ئەورووپای خۆرهەڵاتی حیزبی تودە هەل و مەرجی گەڕانەوەیان بۆ ڕەخسا، ئەوانەی كاتێك گەڕانەوە ئێران وێڕای ڕێكخراوێكی بچوكی نهێنی لە تاران كە بە ناوی (نوید) و لە لایەن (محمد مهدی پرتوی و (رحمان هاتفی) وە سەرپەرشتی دەكرا، تەشكیلات و نفوز و جەماوەرێكی دیاریكراویان نەبوو، بەڵام هەر زوو ڕێبەرایەتی ئەو حیزبە كەوتە خۆ كە سەر لە نوێ بە چەشنێكی ئاشكراو نهێنی، ڕێكخستنەكانیان زیندوو بكەنەوە و هەوڵبدەن پێگەیەكی كۆمەڵایەتییان لە نێو كۆمەڵگای ئێراندا هەبێت (32).

شایەنی باسە حیزبی تودە بە پشتبەستن بە سیاسەتی لایەنگری و پشتگیری بێ قەید و شەرتی باڵی ڕادیكاڵی مەزهەبی، و بەستنی پەیوەندی توند وتۆڵ لەگەڵ شورەویدا، و هەوڵدان بۆ نەخشاندنی ڕووی شۆڕش وەك شۆرشێكی دژی ئەمریكا و بلۆكی سەرمایەداری، توانی تا ڕادەیەك و بە شێوەیەكی كاتی شوێنی خۆی لە سەر شانۆی سیاسی وڵات بكاتەوە و وەك ئۆپۆزیسیۆنێكی وەفادار و یاسایی لە پێشەوەی خەتی (ئیمام)دا خۆ بنوێنێ، بێ ئەوەی حیسابێك بۆ ئەو ڕاستییە بكات كە باڵی ڕادیكاڵی مەزهەبی و حكوومەتی ویلایەتی فەقێ هەروا بە ئاسانی مەسەلەكانی ڕاگرتنی ئۆپۆزیسیۆن و وەفاداری حیزبێكی ماركسی و چوونە نێو بلۆكی سۆسیالیستی پێ هەرس ناكرێت، هەر بۆیە هێندێك نووسەر ناوی (سەمای مەرگ) یان لە سەر ئەم قۆناغەی ژیانی حیزبی تودە و سەرجەم هێزە ماركسی و چەپەكانی ئێران داناوە (33)، ئەو مەرگەی كە لە سەرەتای بەهاری 1983دا بووە میوانی حیزبی تودە، ئەویش پاش ئەوەی لە ناوەڕاستی ساڵی 1982دا (ڤلادیمیر كوزیچكین) دیپلۆماتی شورەوی و ئەفسەری (K.G.B)ی باڵیۆزخانەی شورەوی لە تاران، لە ڕێگای توركیاوە پەنای بردە بەریتانیا، و لیستێكی ناوی سیخوڕەكانی یەكێتی شوەوی لە ئێراندا پێشكەش بە دەزگای هەواڵبەری (ئینتلجنس سێرڤایس)ی بەریتانیا كرد، كاربەدەستانی بەریتانیاش لە ڕێگای پاكستانەوە ئەو زانیاری و ناوانەیان خستە بەردەست دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی، ئەو رژێمەی كە لە شوباتی ساڵی 1983دا، كتوپڕ گورزێكی گورچكبڕی سرەواندە حیزبی تودەو تا نیسانی ئەو ساڵە تەواوی ئەندام و ڕێبەرەكانی قۆڵبەست كردن و مەرگی دووبارە و هەتا هەتایی ئەو حیزبەی ڕاگەیاند (34).

بەمجۆرە حیزبی تودە كە دەتوانرێت وەك دایكی ڕێكخراوە ماركسی و چەپە ئۆپۆزیسیۆنەكانی ئێرانی هاوچەرخ دابنرێت و لە تێكڕایان بە تەمەنتر و نفوز دارتر بوو، لانی كەم لە قۆناغی یەكەم و سێیەمی مێژووی ژیانیدا، لە وەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی تەواو و فەرمانڕەوایی ئێران ناكام بوو، لە كاتێكدا هێزە ئۆپۆزیسیۆنەكانی دیكەی وەك: نیشتمانییە لیبراڵەكان یامەزهەبییەكانی زیاتر لە تودە بە ختیان لە حاكمییەت و گرتنە دەستی دەسەڵاتدا یار بوو.

باسی دووەم: بەشێك لە كەم و كورتییەكان و ئەو ڕەخنانەی لە حیزبی تودەی ئێران گیراون.
سەرەتاپێویستە ئاماژە بۆ ئەو ڕاستییە بكرێت، كە كەم ڕێكخراو و حیزبی سیاسی لە ئێراندا هەن ئەندازەی حیزبی تودە قسە لە سەر هەڵە و كەم و كورتییەكانیان كرابێت و مێژوو و تێكۆشان و هەڵوێست و ئاكار و كەسایەتی ڕێبەرەكانیان وەك تودە، بەر نەشتەری تیژی ڕەخنە گران درابێت، كە بەشێكی ئەوانە ، وێڕای دەزگا ڕاگەیاندنەكانی دەسەڵاتی حاكم و لایەنگرانیان، یان لە نێو هێز و گروپە ئۆپۆزیسیۆنە ئێرانییەكانن، یا خود كۆنە ئەندام و دۆستی دێرینی ئەو حیزبەبوون و پاشتر لە قۆناغە جیاوازەكانی ژیانی دواتری حیزبدا لێی جیابونەتەوە یان وازیان لێ هێناوە و لە سیاسەت دوور كەوتوونەتەوە. شایەنی باسە بەشێكی بەرچاوی نووسراوە ڕەخنە ئامێزەكان بۆ ئەو سەركردە و ڕێبەرە پلەیەكانەی حیزب دەگەڕێتەوە كە پاش گرتنیان و هەڵوەشانەوەی حیزب وەك بیرەوەری و هەڵسەنگاندنی سیاسەتەكانی تودە و نیشاندانی هەڵوێستیان بڵاویان كردۆتەوە، هێندێكی دیكەشیان وەك (احسان گبری) تیۆریستەی حیزبی تودە لەوەشی تێپەڕاندووە و مەسەلەی ڕەخنە گرتن و باسكردنی كەم و كورتییەكانی حیزبی تودەی وەك پەشیماننامە و نەفرەتنامەیەك لە ڕابردوو و تێكۆشانی چەند ساڵەی بە چاپ گەیاندووە و تا توانیویەتی لە ڕیسوا كردنی پێشینەی خۆی و هاوڕێكانی و سیاسەت و هەڵوێستەكانی تودە بەرامبەر ڕووداوە مێژووییەكانی ئێران كەمتەرخەمی نەكردووە.
هەر حاڵ دەكرێت سەرەكیترین ئەو كەم و كورتی و ڕەخنانەی ئاراستەی حیزبی تودە كراون، بەم شێوەی خوارەوە بخرێنە بەر چاو:

1/2/1: وابەستە بوون بە شوورەوی و خولانەوە لە بازنەی بەرژەوەندییەكانی بلۆكی سۆسیالیستدا:

زۆربەی سەرچاوەكان لە سەر ئەوە كۆكن كە حیزبی تودەی ئێران بە درێژایی مێژووی هەڵسووڕانی وەك حیزبێكی سەربەخۆی چەپی نیشتمانی نە جوڵاوەتەوە و چالاكییەكانی لە پێناو پشتگیری و لایەنگریكردنی بەرژەوەندی و سیاسەتەكانی رۆژی یەكێتی شورەوی لە ئێران و ناوچەكەدا بووە، بە جۆرێك ئەو حیزبە بە تەواوی تەسلیمی ئیرادەی ئەنتەرناسیونالیزمی كۆمۆنیست (كۆمێنترن) بووە و وەك ئامرازێكی دەستی ئەو زلهێزە لە ئێراندا هەڵسووڕاوە،ئەوەش زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە حیزبی تودە لە قۆناغی حوكم و باڵادەستی ستالینییەتدا تروكاوە و لەو ڕووەوە چ وەك حیزبێكی كۆمۆنیستی دەورانی ستالین كە دەبوایە گوێڕایەڵی پارتی كۆمۆنیستی شورەوی بێت و پەیوەندی توندوتۆڵی لەگەڵیدا هەبێت، یا خود لە ڕێگای بەشێك لەو ڕێبەرە تودەییانەی وەك (كامبحش و كیانوری…هتد) كە پەیوەندی راستەوخۆو ژێر بە ژێریان لەگەڵ دیپلۆمات و دەزگا هەوڵبەرو سیخوڕییەكانی یەكێتی شورەویدا هەبوون، مەسەلەیەكی وا كە خودی ئەو ڕێبەرانە بە شێوەیەك لە شێوەكان رادەیەكی دانیان پیاناوە و لە بایەخداران شاراوە نییە.

شایەنی باسە وابەستەیی حیزبی تودە بە یەكێتی شورەوییەوە لە قۆناغی هەڵاتنی ڕێبەرانی ئەو حیزبە لە ئێرانەوە بۆ شورەوی و مانەوەی چەند ساڵەیان لە ئەوروپای خۆرهەڵات بە ڕادیەكی بەرچاو توندتر بوو، دیارە لە تەواوی مێژووی پڕ هەوراز و نشێوی حیزبی تودەدا چەندین نموونەی زەق بەرچاو دەكەون كە ئەو ڕاستییەی سەرەوە بسەلمێنێت لەوانە: ڕێگرتن لە مانگرتنە كرێكارییەكانی كارگە وكۆمپانیاكانی شارەكانی باشووری ئێران لە سەرەتای ساڵًەكانی جەنگی دووەمی جیهانیدا، بادانەوەی سەدو هەشتا پلەی فراكسیۆنی تودە لە مەجلیسی چواردەهەمدا و لایەنگری لە بەخشینی ئیمتیازی نەوتی ئێران بە شورەوی و خۆپیشاندان دژی حكوومەتی (ساعد) كە ئامادە نەبوو داواكانی شاندەكەی شورەوی بە سەرۆكایەتی (كافترارزادە) لەو بارەیەوە بسەلمێنێت، هەروەها دژایەتیكردنی ئەمەریكا و گەرمكردنی پێش وەختی پەلاماری پڕۆ پاگندەیی لە كاتێكدا بزووتنەوەی نیشتمانی دیموكراتی ئێرانی لەگەڵ بەریتانیادا سەنگەریان لێكتر گرتبوو، جگە لە دژایەتیكردنی توندی هێزە ماركسییە ماوییەكان، یان ئەو هێزە چەپ و ئازادیخوازانەی ئامادە نەبوون وەك تودە جڵەوی خۆیان لە دەستی كاربەدەستانی شورەوی بنێن و لە بازنەی بەرژەوەندییەكانی ڕۆژی شورەویدا نەدەخولانەوە و ڕەخنەیان لە شورەوی دەگرت (35).

شایەنی باسە بیرەوەرییەكانی سەرانی حیزبی تودە بە ئاشكرا ڕاستی وابەستەیی بێ قەیدو شەرتی ئەو حیزبەمان بە یەكێتی شورەوییەوە دەخەنە بەر چاو، لەو بارەیەوە تێوریستەی چواردەیەی حیزبی تودە (احسان گبری) لە بیرەوەرییەكانیدا حیزبی تودە بە حیزبێكی بێگانە پەرەستی جاسووسپەروەر، و ئامرازی دەستی كۆمێنترن، و نۆكەری یەكێتی شورەوی لە ئێراندا دەناسێنێت و لە یەكێك لە لاپەڕەكانیدا نوسیویە “حیزبی تودە ئەنتەرناسیونالیزم و سۆڤێتیزمی واتە شورەوی پەرەستی بە یەك شت دەزانی و دەیگوت: هەر كارێكی دژی شورەوی كارێكی دژی كۆمۆنیزمە”(36). هەروەها كاتێك باسی پەلاماری كۆماری ئیسلامی بۆ سەر حیزب و گرتن و هێنانە سەر شاشەی تەلەفیزۆنی ئێرانی سەر كردە تودەییەكان بە تاوانی جاسوسی بۆ شورەوی دەكات دەڵێت “حیزبی شەیتان (مەبەستی تودەیە/ل) سەرئەنجام ڕووی ڕاستە قینەی خۆی بۆ تێكڕای خەڵكی ئیران و جیهان ئاشكرا كرد (مەبەستی سیخوڕییە بۆ شورەوی ـــــ ل)” (37).

هەروەها (فریدون كشاورز) كە ئەندامێكی دیكەی ڕێبەرایەتی حیزبی تودە بووە دان بە ڕاستییەدا دەنێت و باس لەوە دەكات كە پارتی كۆمۆنیستی شورەوی ئەو هەلەیان بە خراپی قۆزستۆتەوە كە زۆرینەی ئەندامانی حیزبی تودە بڕوایەكی پتەویان بە ئەنتەرناسیونالیزم هەبووە، تا ئەو ڕادەیەی بە كرێگرتە و سیخوڕانی خۆیان بە سەر حیزبدا سەپاندووە و “ئەوانەی گەیشتنە پلە باڵاكانی حیزب و هێدی هێدی حیزبی تودەی ئێرانیان گۆڕی بۆ ئامرازێكی
وەدیهاتنی سیاسەتەكانی شورەوی”(38) دیارە گەر لە نوسینەكانی (خلیل ملكی و ایرج اسكندری) و ڕێبەرانی دیكەی حیزبی تودە بڕوانین زۆر زیاتر سەبارەت بە وابەستەیی ئەو حیزبە بۆ شورەوی بەر چاو دەكەوێت(39).
ڕاستییەكی بەو چەشنە كە سەرچاوەی ڕاستەقینەی زۆربەی كەم و كورتییەكانی دیكەی حیزبی تودە بوو.

1/1/2: ڕاڤە كردنی چەواشەكارانە و گرتنە بەری هەڵوێستی چەوت لە حاست جوڵانەوەی دیموكراتی ئێراندا.
یەكێك لە توندترینی ئەو ڕەخنانەی ئاراستەی حیزبی تودەی ئێران كراون، بریتییە لە هەڵنەسەنگاندنێكی واقیعبینانەی بۆ ڕووداوە چارەنووسسازەكانی ئێران لە كاتی خۆیدا و گرتنە بەری سیاسەتێكی ئوپۆرتۆنیستی و چەواشەكارانە و هەڵوێستی چەوت وناشۆڕشگێڕانە لە حاست خەباتی ئازادیخوازی و دیموكراتی گەلانی ئێران و دژی یكتاتۆری و نفوزی بێگانە لە وڵاتدا، كە ئاكامەكەی بە زیانێكی مەزن بۆ ئەوخەباتە كۆتایی هاتووە و ئاوی بە ئاشی ڕژێمە دیكتاتۆر وسەركوتكەرەكانی ئێراندا كردووە، بۆ نموونە:

1/2/2/ 1: زەمینە خۆشكردنی بۆ (قوام السلگنه)ی فریودەر

ئاشكرایە حیزبی تودە بە درێژایی تەمەنی و بە تایبەتی لە ساڵەكانی جەنگی دووەمی جیهانیدا، لە كڵاوڕۆژنەی قازانج وبەرژەوەندییەكانی شورەوییەوە، ڕووداوەكانی هەڵسەنگاندووە و هەڵوێستی لێگرتوون، هەربۆیە كاتێك مەسەلەی جوڵانەوەی نەتەوەیی گەلانی غەیرە فارس، بە تایبەتی لە كوردستان وئازەربایجان بە دامەزراندنی دەسەڵاتی میللی خۆیان هەنگاوێكی مەزن چونە پێش، و پێویستی ئەوە لە بەردەمدا بوو، كە لەگەڵ جوڵانە وەی دیموكراتی سەراسەری ئاوێتە بكرێن و زەمینەی دیموكراتیزەكردنی ئێران بڕەخسێنرێت، ئەو كاتە حیزبی تودە لە سۆنگەی شورەو یخوازی و بێ ئەزمونی و هەڵنەسەنگاندنی ڕەهەندە ڕاستەقینەكانی مەسەلەكان، سیاسەتێكی چەوت و مانۆڕێكی سەرە ڕۆیانەی گرتەبەر، ئەویش بە چەواشەكردنی هێزە دیموكراتخوازەكانی ئێران و كۆكردنەوەیان بوو لە بەرەیەكدا بە ناوی (جبهە مۆتلفە احزاب ازادیخواە) و تەسلیمكردنی جڵەوی ئەو بەرەیە بوو بە فێڵبازترین و بێگانە پەرەستترین و كۆنەپەرەستترین سیاسەتەكاری ئێران واتە (قوام السلگنە).

شایەنی باسە قوام وەك پاداش و بۆ فریوكاری، سەرەتا سێ كورسی وەزارتەكانی حكوومەتەكەی بە سێ ئەندامی هەلپەرەستی ڕێبەرایەتی حیزبی تودە بەخشی، و مانۆڕێكی ڕیاكارانەی گرتە بەر تا خۆی وەك ئازادیخوازێكی شورەویخوازی ڕاستەقینە بێنیتە بەرچاو، ئەوەش زەمینەی چوونە دەرەوەی هێزەكانی شورەوی لە ئێران و ڕوخاندنی هەر دوو حكوومەتی كوردستان و ئازەربایجان، و گەڕانەوەی لەشكری شاهەنشاهی بۆ ناوچە ئازادەكانی ئێران ڕەخساندەوە وگورزی توند لە جوڵانەوەی ئازادیخوازی گەلانی ئێران وەشێنرا، مەسەلەیەكی وا كە خودی كیانووری لە بیرەوەرییەكانیدا بە داخێكی زۆرەوە باسی لێوە دەكات و بە هەڵەیەكی مەزنی دادەنێ لە مێژووی حیزبی تودە دا (40).

1/2/2/2: هەڵوێست لە خۆماڵیكردنی نەوتی ئێران و حكوومەتی بەرەی نیشتمانی
وەك دەزانرێت جوڵانەوەی دیموكراتی نیشتمانی ئێرانی لە كۆتایی چلەكانی سەدەی بیستەم و سەرەتای پەنجاكانیدا بوژانەوەیەكی خێرای بە خۆوە بینی، بە جۆرێك پاشەكشەی بە دەربار و هێزە شاپەرەستەكان لە وڵاتتدا كرد و بۆ ڕیشە كێشكردنی نفوزی سیاسی و ئابووری پیرە ئیسیعماری بەریتانیا كەوتە خۆ، و توانی دەسەڵات بگرێتە دەست و دروشمی (خۆماڵیكردنی نەوتی ئێران) بكاتە دروشمێكی جەماوەری، حیزبی تودە كە هەڵوێستێكی نادروستیان دژی بەرەی نیشتمانی و د. مصدق و دروشمی خۆماڵیكردنی نەوتی ئێران گرتەبەر، گیروگرفتێكی گەورەیان خستە بەردەم جوڵانەوەی دیموكراتی نیشتمانی، و بەوەش بەشێكی مەزنی لێپرسراوێتیان سەبارەت بە شكستی جوڵانەوەكە لەو قۆناغە دا و سەركەوتنی كودەتای 19ی ئابی 1953ی شاپەرەستەكان كەوتە سەر شان.

شایەنی باسە حیزبی تودە لە كڵاوڕۆژنەی ئەو باوەڕەی كە كۆمۆنیستە شورەوییەكان قسەیان لێوە دەكرد، گوایە چینی بۆرجوا لە خەباتی گەلانی كۆڵۆنی و نیمچە كۆڵۆنیدا پشتی لە دروشمی دیموكراسی وەرگێڕاوە و مەبەستێكی وا تەنیا لە ڕێگای ئینتەر ناسیۆنالیزمی پرۆلیتاریاوە ئەگەری سەركەوتنی دەبێت، لێرەوە بەرەی نیشتمانییان بە جەریانێكی پەیوەست بە چینی بۆرجۆا و موڵكداری لیبراڵ دەدایە قەڵەم، كە تێكۆشانی سرۆشتێكی ریفۆرمیستانەی چەواشە كارانەی هەیە و دەیەوێت بە پشتبەستن بە ئیمپریالیزمی ئەمەریكا شوێنێكی لە دەسەڵاتدا چنگ كەوێت و لە بنەڕەتدا كار بۆ چەسپاندنی نفوز و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە ئێراندا دەكات. هەر بۆیە حیزبی تودە لە تەواوی ئۆرگان و بڵاوكراوەكانی خۆیدا ناوی (بەرەی ئیمپریالیستی)، (بەرەی دژی میللی) و (نۆكەرانی ڕیسوای ئیسیعماری) لە جیاتی بەرەی نیشتمانی بە كار هێناو بە سووك ترین شێوە نێوی ڕێبەرەكانی دەبردن و، لەقاودانی دروشمەكانی بەرەی نیشتمانی وهەوڵدان بۆ دوورخستنەوەی جەماوەر لەو بەرەیەی لەم قۆناغەدا كردبووە ئەركی پلەیەكی خۆی (41).

حیزبی تودە هەوڵی دەدا والە خەڵك بگەیەنێت، كە دروشمی خۆماڵیكردنی نەوت دروشمێكی فریودەرانەیە لە لایەن بەرەی نیشتمانییە بەرز كراوەتەوە، و لە كاتێكدا حكوومەتێكی دیموكراتیكی شورەوی دۆست لە ئێراندا دەسەڵاتدار نەبێت، وەدیهاتنێكی راستەقینەی دروشمێكی وا ئیمكانی نابێت، لە بەر ئەوە حیزبی تودە لە بەرامبەر ئەو دروشمەی بەرەی نیشتمانیدا، دروشمی (ڕەتكردنەوەی بێ قەید و شەرتی ئیمتیازی نەوتی باشور) هەڵبڕیبوو (42).

دەبێ بگوترێت، ویڕای ئەوهەڵوێستە سەرسەختەی حیزبی تودە دژی بەرەی نیشتمانی و بزووتنەوەی خۆماڵیكردنی نەوتی ئێران، كەچی ئەو بزووتنەوەیە تا دەهات زیاتر فراوانتر و جەماوەری تر خۆی دەنواند ولە ئامانجەكانی نزیك دەكەوتەوە، بە چەشنێكی وا پاشەكشەیەكی كاتی بە دەربار و هێزە شاپەرەستەكان و كۆمپانیای نەوتی ئێرانی ــــــ ئینگلیزی كرد و هەنگاوی بەرەو دیموكراتیزە كردنی ئێران دەهاوێشت (43).
لە هەل و مەرجێكی بەو جۆرە و پاش بە فیڕۆدانی كاتێكی زۆر، ئینجا حیزبی تودە سەد وهەشتا پلە لە هەڵوێستی پێشووی بایداوەو كەوتە لایەنگری بەرەی نیشتمانی، و زۆربەی كات جەماوەری خۆی بۆ پشتگیری مصدق دەڕژانە سەر شەقامەكان و لەگەڵ پۆلیس وهێزە شاپەرەستەكاندا ڕووبەڕوو بوونەوەی خوێناوی دەقەوماند، جگە لەوەی دروشمی قەبە و توندڕوانەی ناوەختی وەك: دابەشكردنی بێ بیمەی زەوی موڵكداران بە سەر جوتیاران، دامەزراندنی كۆمارێكی دیموكراتێكی گەلی، میللەتی ئێران كودەتا بە دژە كودەتا وەڵام دەداتەوە…هتد یان بەرز دەكردەوە و ئاكاری ئانارشیستانە و ئۆپۆرتۆنیستانەیان ڕۆڵی لە ئاڵۆز كردنی بارودۆخەدا دەبینی (44).
كەچی لە ڕۆژی كودەتاكەی زاهدی و ڕوخانی حكوومەتی مصدق دا، وێڕای ئەوەی حیزبی تودە لە توانایەكی جەماوەری مەزن و ڕێكخراوێكی تۆكمەی سەربازی بەرخورداربوو، نەك هەر دژە كردەوەیەكیان بەرامبەر كودەتا و پیلانی شاپەرەستەكان لێ نەبینرا، بگرە ئەندام ولایەنگرانیشیان لە ماڵ نەهاتنە دەر، ئەوەشی قسەیان لێدەكرد گوایە لە (20)ی ئابدا بزووتنەوەیەكی سیاسی و چەكداری و ڕێكخراوەیی بەرفراوان بە دژی كودەتا دەستپێدەكا، درۆ دەرچوو، پاساویشیان بۆ ئەو مەسەلەیە ئەوە بوو “ئەگەر كارێكی چەكدارانەمان كرابا، شكست و سەركوت توندتر بە بوون و پێشقەڕە و ڵانمان بێ ئامادە باشییەكی گشتی لە ڕووبەڕووبوونەوەیەكی نابەرامبەردا لە دەست دەدا” (45)!!.

پاشتریش حیزبی تودە لە بڵاوكرداوەیەكدا بە ناوی (دربارە 28ی مرداد) كە ڕۆژی كودەتاكەیە، هەوڵی دابوو لە سایەی لێكدانەوەیەكی ستالینی بۆ شۆڕشی دژی ئیمپریالیستی گەلانی جیهانی سێ، گوایە لەو شۆڕشانەدا ڕێبەرایەتی لە ئەستۆی چینی بورجوایە، ئۆباڵی هەر بەرپرسیارییەكی شكستی جوڵانەوەی دیموكراتی نیشتمانی ئێران لە ئەستۆی خۆیان داماڵن و هەمووی بهاوێنە سەرشانی بەرەی نیشتمانی و مصدق (46).ئەو جولانەوەیەی لە دەورانی شۆڕشی مەشرووتە خوازییەوە دەرفەتی بەو شێوەیە گونجاوی لە ئێراندا بۆ نەڕەخسا بوو.
1/2/2/3: حیزبی تودە و دامەزراندنی ڕژیمێكی تیۆكراتی لە ئێران.

بە سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و ڕوخانی ڕژێمی شاهەنشاهی لە شوباتی ساڵی 1979دا، هێزە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی ئێران لە پێناو پڕكردنەوەی بۆشایی سیاسی و گرتنە دەستی دەسەڵات لە ململانێیەكی تونددا بوون، تێكڕای مەسەلەكەش بەو ئاقارەدا دەڕۆیی كە باڵی ڕادیكاڵی مەزهەبی و ئاخوندە بونیاد گەراكان بەرابەری (خمینی) لە پەیجوی پێكهێنانی حكوومەتێكی تیۆكراتی پاوانخواز و دەرپەڕاندنی تێكڕای هێزە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی دیكەی ئێران بوون لە سەرشانۆی سیاسی وڵات، بە تایبەتی هێزە لیبراڵ و چەپ و سیكۆلارەكان (47).

حیزبی تودە لەم قۆناغە چارەنووسسازەشدا سیاسەت و هەڵوێستێكی هێندە چەوت و نالەباری گرتەبەر كەنەك هەر ڕۆڵێكی خەتەرناكی لە باربردنی شۆڕش وبەلاڕێردنیدا دیت، بەڵكوو سەرخۆشی پێوە خوارد، ئەویش بە پشتكردنە نێوەرۆكی سیكۆلاری هەر حیزبێكی ماركسی و چەپی ئەم حیهانە و بوونە ماسكی هێزێكی مەزهەبی و ڕێگا خۆشكردن بۆ دامەزراندنی ڕژێمێكی تیۆكراتی لە ئێراندا.
حیزبی تودە لە سایەی بیرۆكەی (راە رشد غیر سرمایداری/ رێگای گەشەكردنی ناسەرمایەداری) دا پێی وابوو ئێران لە قۆناغی شۆڕشی دیموكراتیكە و دەبێ پشتگیری بێ قەید وشەرتی ڕێبەرایەتی شۆڕشەكە بكرێت كە نوێنەری
چینی بۆرجوای نێوەنجی و شۆڕشگێڕە و لە ڕێگای پەیوەندی توند و تۆڵ لەگەڵ یەكێتی شورەوی و بلۆكی سۆسیالیستی جیهانیدا، دەتوانرێت شۆڕشی سۆسیالیستی لە ئێراندا وەدی بهێنرێت (48). ئەوەش هۆكاری ئەوە بوو حیزبی تودە هەر لە سەرەتاوە لێكدانەوەیەكی نازانستیانە و كوێرانەی لە مەڕ شۆڕشەكە و ماهییەتی باڵی ڕادیكاڵی مەزهەبی هەبوو، تێكڕای هەڵوێستە چەوتەكانیش لێرەوە سەرچاوەیان دەگرت.

كیانوری سكرتێری یەكەمی حیزب و ئاراستەكەری سیاسەتەكانی تودە، لەم قۆناغەدا پێی وا بوو ڕێبەرایەتی ئاخوندی و باڵی توندڕەوی مەزهەبی لە ڕووی چینایەتیەوە بەشێك نین لە بۆرجوای مەزن و موڵكدارە گەورەكان و پەیوەستیكیان بە هێزە كۆمپرادۆرەكانی ئێرانەوە نییە، بەڵكوو ئەوانە نوێنەری راستەقینەی زەحمەتكێشان و بورجوای شار و سەرمایەداری بچووك و ناوەندین، و هەوڵەكانیان بۆ ڕاوەدوونانی پیاوان و لایەنگرانی ڕژێمی شاهەنشاهی و دەست بە سەرا گرتن و تاڵانكردنی موڵك و ماڵیان، هەروەها بانگەواز كردن بۆ ڕزگاری لانەوازنی جیهان و هەڵبڕینی خەبات دژی ئەمەریكا و ئیمپریالیستی ڕۆژئاوا بەسن بۆ سەلماندنی ئەو دیدە (49).

كیانووری بێ ئەوەی ڕێزێك بۆ سیكۆلار بوونی كۆمۆنیزم و هەر ڕێكخراوێكی ماركسی لە جیهاندا دابنێ، بە چاولێكەری (ڤلادیمیر ونیوگرادۆڤ)ی سەفیری شورەوی لە ئێران كە لێرەو لەوێ ڕایدەگەیاند “شۆڕشی موستەزعەفینی خومەینی هەمان شۆڕشی پرۆلتاریایە كە ماركس پێشبینی كردووە” (50).
دەیگوت “زۆر ئاسایی دێتە پێش چاو ئەگەر گروپێك مەزهەبی بن و ماركسی ــ لێنینی نەبن، بەڵام هاوكات و بە پراكتیك لە خزمەت چینە زەحمەتكێشەكان و وەدیهێنانی ئامانجەكانیاندا بن”(51).

شایەنی باسە حیزبی تودە ئەو باوەڕەی لا دروست ببوو، كە شۆڕشی گەلانی ئێران بە ڕێبەرایەتی خومەینی و باڵی توندڕەوی مەزهەبی دەتوانێت لە دژایەتیكردنی كۆنەپەرەستی نێو خۆی وا بەستەی ئیمپریالیزم هەنگاوی مەزن بهاوێت و سەربەخۆیی سیاسی و ئازادی نیشتمانی وەدی بهێنێ، ئەو ڕێبەرایەتییەی كە بۆ سەرخستنی شۆڕش و وەدیهێنانی ئامانجەكانی لە ئایندەدا جگە لە نزیكبوونەوە لە شورەوی و پەیوەست بوون بە بلۆكی سۆسیالیستی جیهانییەوە پەناگاو چارەیەكی دیكەی نابێت، دیارە حیزبی تودە خۆی بە زەمینە ڕەخسێنەر و ڕێگە خۆشكەری ئەو ئایندەیە دەزانی و یەكێتی شورەویشی بە دۆستی ستراتیژی وەدیهاتنی بیرۆكەی گەشەكردنی ناسەرمایەداری ئێران بەرەو سۆسیالیزم دەدایە قەڵەم، بۆ ئەوەش دروشمی (تشبیت، تحمیق و گسترش انقلاب/ چەسپاندن، قوڵكردنەوە و پەرەپێدانی شۆڕش)ی هەڵبڕیبوو(52).
لێرەوە حیزبی تودە هەر لە سەرەتا و پشتگیری بێ قەید و شەرتی خۆی بۆ باڵی مەزهەبی توندڕەو ڕایگەیاند و ڕۆڵێكی پڕۆپاگندەی بەرچاوی لە هاندانی زەحمەتكێشان و چەواشەكردنی كۆمەڵانی خەڵك دا هەبوو، تادەنگ بۆ ڕژێمێكی تیۆكراتی و دەستورێكی مەزهەبی لە ئێراندا بدەن و لە ڕیگای ئۆرگان و بڵاوكراوەكانییەوە هێرشی توندی دەكردە سەر مەزهەبی لیبراڵ و نیشتمانییە دیموكراتخواز و چەپەكانی ئێران و تێكڕای ئەو ڕێكخراوانەی ئامادە نەبوون لە پشتی ئیمامی خومەینی یەوە بۆ دژایەتیكردنی ئیمپریالیزم و چەسپاندنی سوسیالیزم لە ئێراندا سەنگەر بگرن (53).

حیزبی تودە ئەو هێزانەی دەرەوەی خەتی ئیمام بە (جبهە متحد زد انقلاب/ بەرەی یەكگرتووی دژی شۆڕش) نێوزەد دەكرد وهەوڵیدا لە بەرامبەریاندا (جبهە متحد خلق/ بەرەی یەكگرتووی گەل) و (اتحاد همەنیروهای زد امپریالیستی/ یەكێتی هەموو هێزەكانی دژی ئیمپریالیستی) بۆ لایەنگری و پاڵپشتی ڕژێمی خومەینی دابمەرزێنێت (54).

لە ڕاستیدا حیزبی تودە كە ڕۆڵی حیزبێكی بەر هەڵستكاری وەفادار ویاسایی دبینی، وێڕای ئەوەی ئاكاری توندڕەوانە وسەرەڕۆیانەی دەسەڵاتدارانی ڕژێمی نوێی پاساو دەدا و بە كاری شۆڕشگێڕانە و دژی ئیمپریالیستیانەی نێوزد دەكردن، لە پەیجوی ئەوەشدا بوو درز بكاتە نێو ڕێكخراوە چەپەكانی دیكەی ئێران و لەو ڕێگایەوە بیانهێنێتە خەتەوە و لایەنگر بۆ سیاسەتەكانی بدۆزێتەوە، یا خود هانی پەرت بوون و جیابوونەوە لە نێو ئەو ڕێكخراوانە بدات و ئەوانە بگرێتە خۆی كە هاودیدی حیزبی تودەن و ڕێگای ناسەرمایەداری گەشە سەندییان بەڕێیەرایەتی ئیمام قبووڵە.

لەوەش بترازێ، دەمێكی ڕژێمی كۆماری ئیسلامی لە هێزە ئازادیخوازە لیبراڵ و چەپ و كۆمۆنیستەكان ڕاپەڕی و هەموویانی لە سەرشانۆی سیاسی وەدەرناو شاڵاوی سەركوتی بردنە سەر و كەوتە پاوانكردنی دەسەڵاتی وڵات، حیزبی تودە وێڕای پشتگیریكردنی هەنگاوەكانی ڕژێم، تێدەكۆشا لە ڕێگای جاسووسكانییەوە زانیاری تەواو لە سەر ئەو ڕێكخراوانە، بیروباوەڕیان، لایەنگر و ئەندامانیان، سەرچاوەی یارمەتی و جۆری چەكیان…هتد، كۆیكاتەوە بیخاتە بەردەست دەزگا سەر كوتكەرەكانی ڕژێمی نوێ، بگرە لە هێندێك شۆنیشدا، حیزبی تودە بە پراكتیك ڕاستەوخۆ لە سەركوتكردنی ئەو هێزانەدا بەشداربوو، ئەوەش مەسەلەیەكە پێشتر لە هیچ جێگایەك و لە مێژووی ئێراندا نەدیتراوە كە ڕێكخراوێكی ماركسی ببێتە هاوكاری و پاڵپشتی ڕژێمێكی مەزهەبی بۆ سەركوتكردنی هێزە كۆمۆنیست و چەپەكانی ئەو وڵاتە.

هەر بۆیە ڕێكخراوێكی ماركسی ئێرانی سەبارەت بەم هەڵوێستەی حیزبی تودە لەم قۆناغەدا نووسیویە:
“حیزبی تودەی ئێران….. كە تا ئەم قۆناغە لە ژێر پەردەی ئەنترناسیۆنالیزمی پرولیتری دا و ئەوەی كە لە چەرخی تێپەرین لە سەرمایەداریەوە بۆ سوسیالیزم وردە بورجوازی ناوەرۆكی كی نویی گرتووە و ئیسلامی یان بە “شۆڕشگێڕ و دژی ئیمپریالیست” دایە قەڵەم و لایەنگری یان لێ كرد، ئەم هەلپەرستانە…. بە ڕەچاو كردنی ڕێبازێكی ڕیفۆرمێستی ودژی شۆرَشانە، بەڕاشكاوی و بە كردەوە دەستیان خستە ناو دەستی ئۆرگانە سەر كوتگەرەكانی حكوومەتەوە و بە جاسووسی كردن بۆ كۆماری ئیسلامی و بە چەوتی كێشان و هەڵداشتی بەشێك لە هێزی چەپ، یاریدەدەر و سەلمێنەری سەركوتی دڕندانە و دژی ئینسانی كۆماری ئیسلامی بوون، كرێكاران و زەحمەتكێشانی ئێران هیچ كات خەیانەتی ئەم ڕێكخراوە لە دەورەی سەركوتی فاشیستانەی حكوومەتی ئیسلامیدا لە بیر ناكەن”(55).

1/2/3: حیزبی تودە و ساواكی بوون
كاتێك لە سەر ڕێبەرایەتی حیزبی تودە قسە بكرێت راستییەك هەیە پێویستە بدركێنرێت ئەویش ئەوەیە، بە بەراورد كردنی ڕێبەرایەتی ئەوحیزبە لەگەڵ زۆر حیزبە كۆمۆنیستەكانی ناوچەكانی دیكەی خۆرهەڵاتی ناوەراستدا، ئەندامەكانی ڕێبەرایەتی تودە زیاتر لەو لاوە خوێندەوارە فارسانە پێكهاتبوون كە لە بنەماڵەی داراو بووە چاویان هەڵهێنابوو،وبە نازیش پەروەردە كرابوون و تالێ و سوێری ژیانیان نەچێشتبوو،هەر بۆیە ئەوانە زۆركەمتر لە ئەندامە
ئاساییەكانیان ئامادگی قوربانی و بەرگە گرتنی هەل ومەرجە نائاساییەكان و ڕووبەڕووبونەوەی قۆناغە سەخت و پڕ نەهامەتییەكانی ژیانی حیزبیان هەبوو، ئەوانە ئامادەبوون بۆ پاراستنی گیانی خۆیان ومانەوەیان بە ئاسانی پشت لە بیر و باوەر ِو ڕەوشتی حیزبایەتی بكەن و لەژێر فشاری دەزگا سەركوتەكەرەكانی رژێمدا بە ئاسانی تەسلیمی خواستەكانی بن و ئامادەیی هاوكاری و جاسوسیكردن بن.

دیارە پاش كودەتای 19ی ئابی 1953 و گرتنی بەشێك لە ڕێبەرایەتی حیزبی تودە لە لایەن فەرمانداری نیزامی تاران، كەسانی وەك (محمد بهرامی، نادر شرمینی، امان اللە قریشی و دوكتور مرتچی یزدی) بۆ رزگار كردنی گیانی خۆیان ئامادەی هاوكاری تەواو بوون (56)، پاش ئەوەش كە ئەو فەرماندارییە لە ژێر سەرپەرەشتی تەیمور بەختیاردا ناوەكەی لە ساڵی 1957دا گۆڕدرا بۆ (ساواك) واتە (سازمان امنیت و اگلاعات كشور/ ڕێكخراوی ئاسایش و هەواڵ كۆكردنەوەی وڵات) وبووە ترسناكترین و بەدناو ترین دەزگای سەركوت و تۆقاندن لە جیهاندا و ئەركی یەكەمی ببووە ڕاوەدونان و گرتن و لێدانی هێزە ئۆپۆزیسۆنەكان، بە تایبەتی حیزبی تودە و ئەندامانی (57)، ئەم ڕێكخراوە بە درێژایی شەستەكان و حەفتاكانی سەدەی ڕابردوو چەندەها كەسایەتی ناسراوی تودەیی وەك (ارسلان پوریا، متقی، قدرت اللە نادری، برادەران یزدی (حسین و فریدون) و عباس علی شهریاری) كڕی و لە ڕێگای ئەوانەوە توانیویەتی نەك هەر ئەندامانی حیزبی وەك (خسرو روزبە، محمد حسین معچوم زاده، حسین رزمی، پرویز حكمت جو) بخاتە ڕاوەوە و گوللەباران و بێ سەرو شوێنیان كات، بەڵكوو كۆنترۆڵی تەواوی چلاكییەكانی حیزبی تودەشیان لە ئێران كرد و بەویست و قازانجی خۆیان ئاراستەیان دەكرد، بە تایبەتی ڕۆڵێ بەر چاوی شهریاری لەو بوارەدا ئاشكرایە، ناوبراو دۆستی نزیك و جێی باوەڕی پلەیەكی د. رادمنیشی سكرتێری یەكەمی حیزب و بەرپرسی یەكەمی كۆمیتەی تاران و تێكڕای ڕێكخراوە هەرێمییەكانی تودە بوو لە نێو ئێراندا. مەسەلەیەكی وا كە زیاتر چالاكییەكانی حیزبی لە ئێراندا ئیفلیج دەكرد و تۆوی بێ بڕوای لە دڵی ئەندام و لایەنگرانی حیزبدا سەوز دەكرد (58).

1/2/4 : كەم و كووڕییە خۆیییەكان
1/2/4/1: فراكسیۆنگەرایی و دووبەرەكی
ئاشكرایە حیزبی تودە بە درێژایی میژووی خۆی بە دەست دیاردەی فراكسیۆنگەرایی و دووبەرەكی سەختی ڕیزەكانییەوە ناڵاندوویەتی، كە جیاوازی بیرو ئایدیا فاكتەرێكی لاوازی ئەو دووبەرەكییە پێكدێنێت و مەسەلەكانی رق و كینە تۆزی شەخسی و ململانێی نابەجێ و ئاكاری پاشقولگرانە و خۆبردنە پێشەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی ڕێبەرایەتی سەرچاوە سەرەكییەكەی بوون، شایەنی باسە ڕێبەرایەتی ئەو حیزبە هەر ل سەرەتای دامەزراندنییەوە بۆ سێ باڵی جیاواز دابەش ببوو، باڵی راستڕەو كە (خلیل ملكی، انور خامە، محمد رچا قدە و عباس نراقی) نوێنەرایەتییان دەكرد و ساڵی 1947 لە تودە جیابوونەوە و ڕەوتێكی سۆسیال دیموكراتیان گرتەبەر و (حزب سوسیالیست)یان پێكهێنا، باڵی مەیانەڕەو كە (ایرج اسكندری، د. رادمنش، فریدون كشاورز، نادر شرمینی، حسین جودت و مرتچی یزدی) بوون، لەگەڵ باڵی توندڕەو و بە نوێنەرایەتی (كامبخش، كیانوری، گبری، احمد قاسمی، غلامحسین فروتن) (59).

دووباڵی دوواییان واتە میانەڕەو و توندڕەو، بە درێژایی تەمەنی حیزبی تودە، بە تایبەتی لە تاراوگە، لە ناكۆكی و دووبەرەكییە توندوتیژی لە ئاشتی نەهاتوودا بوون، بێ لەوەی كە پاش گرژبوونی پەیوەندی و توندوتیژ بوونی ململانییەكانی نێوان حیزبی كۆمۆنیستی چین و شورەوی و بڵاوبوونەوەی (ماویزم)، چەند ئەندامێكی باڵی توندڕەو لە حیزب جیابوونەوە و ڕێكخراوێكی سەر بە خۆیان پێكهێنا، ئەوەش لە مێژووی حیزبی تودەدا بە گەورەترین ڕووداوی جیابوونەوە دادەنرێت.

ناكرێ ئەوەش لێرەدا لە بیر بكرێت كە پاش یەكگرتنی حیزبی تودە و فیرقەی دیموكراتی ئازەربایجان لە ساڵی 1960دا، ڕێبەرایەتی فیرقە كە (غلام یحیی دانشیان) نوێنەرایەتی دەكرد وەك فراكسیۆنێكی تایبەت لە تودەدا حیسابی بۆ دەكرا، ئەمە و جگە لە (رچا روسته)ی ئەندامی كارگێڕی (شورای متحدە مركزی) كە ئەویش لە زۆر ڕووەوە شوێنێكی تایبەت بە خۆی هەبوو لە سەركردایەتی و بڕیاردان لە مەسەلە چارەنووسسازەكاندا.
لە ڕاستیدا دیاردەی فراكسیۆنگەرایی مەنفی و دووبەرەكی و ناكۆكی سەخت و ئەو شێوازانەی پێی بەڕێوە دەچوون، وەك: چاڵ بۆ یەكتری هەڵكەندن، یەكتری ڕیسوا كردن، ئۆباڵی چەوت و چەوێلییەكانی حیزب خستنە ئەستۆی یەكتری، ڕاپۆرت لە یەكتری بەرز كردنەوە بۆ دەسەڵاتدارانی شورەوی ڕیز كردنی دەیان تۆمەتی/ بێ هەڵوێستی، سستی لە بەجێگەیاندنی ئەركی حیزبین و تا جاسووسی، دزی ، بەرتیلخۆری، بەدڕەوشتی و داوێنپیسی…هتد، مەسەلەیەكی بەو جۆرە فاكتەرێكی سەرەكی ئیفلیج بوونی ڕێبەرایەتی حیزبی تودەی پێكدەهێنا، بە جۆرێك نەتوانێت لە مەڕ ڕووداوە گرنگ و چارەنووسسازەكان بڕیاری لێبڕاوبدات و هەڵوێستی خێراو گونجاو وەرگرێت(60).

1/2/4/2: پەتای ستالینگەرایی

ڕاستییەكی بەڵگەنەویستە، حیزبی تودە وەك زۆربەی پارتە كۆمۆنیستەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، كە لە دەورانی حوكمی ستالین دا و بە هاوكاری كۆمێنترن تروكابوون، بە سەختی گیرۆدەی پەتای ستالینگەرایی بوون و دیاردە دزێوەكانی ئەو (مامۆستا و خوێندنگا) یەی بە سەر دا زاڵ بوون وەك: دەردی خۆ بە پێشەنگ و پێشڕەو و تاكە ڕێكخراویی شۆڕشگێڕ زانین لە ئێراندا، سەركردەپەرستی، كاركردبی بە پرنسیپی (مركزیت دیموكراتیك/ ناوەندگەرایی دیموكرتی) كە ناوەندگەراییەكی بێ سنوور و دیموكراتییەكەی بێ نێوەرۆك بوو، دژایەتی لیبراڵی و بڕوانەبوون بە ئازادییەكانی تاكەكەس، دوگمایی و چەقبەستویی هزر، پشتبەستن بە وشكە تیۆری و سواو و تێكستگەرایی بێ ڕادە و سەپاندنی بە سەر واقیعدا، دەمكوتكردنی جیابیران و سەركوتكردنیان لە ڕێگای پاكتاوكردنی فیرزیكییەوە وەك كوشتنی چەند تودەیی وەكو (حسام لنكرانی، محسن صالحی، داریوش نهادی، پرویز نوایی و ێ‌قابدار فاگمی…هتد بە تۆمەتی جیا جیا(61)، خوێندنەوەی فەلسەفەی ماركسیزم و تێڕوانین بۆ مێژووی سۆسیالیزم و بزووتنەوەی كرێكاری و كۆمۆنیستی جیهان و ئێران لە كڵاوڕۆژ و دیدی قوتابخانەی ستالین و سەرچاوەكانی شورەوییەوە ئەوەش ڕێبەر و تیۆریستەكانی تودەی تووشی نامۆیی بە ماركسیزم و لاوازی ئاستی فەلسەفی و نەبوونی رۆشنبیرییەكی قووڵی سیاسی و ناكارامەیی و بێ لیاقەتی سیاسی و ڕێكخراوەیی كردبوو، جگە لە نامۆبوون بە كۆمەڵگای ئێران و تێنەگەیشتن لە ڕەهەندە ڕاستەقینەكانی گرفتە مێژوویی و سیاسییەكانی (62).

بەشی دووەم: بەدواداچونێكی مێژوویی هەڵوێستی حیزبی تودە لە حاست كێشەی نەتەوایەتی گەلی كورد لە ئێران 1941 ـــ 1983.

2/1/1: هەڵوێستی حیزبی تودە لە ساڵەكانی جەنگی دووەمی جیهانی و دەورانی حكومەتی كوردستاندا 1941 ــــ 1946
وەك بەڵگە و سەرچاوە مێژووییەكان دەریدەخەن، بە درێژایی ساڵەكانی پاش دامەزراندنی حیزبی تودە و جەنگی دووەمی جیهانی، ئەو حیزبە لە حاست كێشەی نەتەوایەتی لە ئێران بە گشتی، و سەبارەت بە كێشەی كڵپەسەندووی نەتەوەیی كورد لە كوردستانی ئێران، تەواو بێ هەڵوێست بووە، شایەنی باسە نە یەكەمین بەیاننامەی ڕاگەیاندنی حیزبی تودە، و نە مەرامنامەی كۆنفراسی یەكەمی ساڵی 1942، و نە ئەو بەرنامەیەی لە لایەن فراكسیۆنی تودەوە پێشكەش بە مەجلیسی چواردەهەم كرابوو، باسێكی لە سەر كێشەی نەتەوایەتی و خواستەكانی هەرێمە غەیرە فارسەكانی ئێران تێدا نەبوو، لە ڕاستیدا تودە بە چەسپاندنی (حفڤ استقلال و تمامیت ایران/ پاراستنی سەربەخۆیی و یەكێتی خاكی ئێران) وەك ئامانجێكی پلە یەكی لە بەیاننامەی دامەزراندنیدا و جێگیر نەكردنی بەندێك سەبارەت بە كێشەی نەتەوایەتی (63)، جگە لەوەی چاوی لە ستەمێكی گەورەی دەورانی دیكتاتۆری ڕەزاشاهی پۆشیبوو، و لەگەڵ ناسیۆنالیستانی فارسدا خۆی لە سەنگەرێك نابوو، بەوە خۆی لە ئاڵۆزترین و مەزنترین مەسەلەكانی ئێران دزیبووەوە.

چونكە پاش داگیر كردنی ئێران لە ئابی 1941 و هەڵوەشانەوەی لەشكری شاهەنشاهی و ڕووخاندنی دیكتاتۆری ڕەزاشا لە لایەن هاوپەیمانەكانەوە، جوڵانەوەی ئازادیخوازانەی نەتەوە غەیرە فارسەكانی ئێران لە پێناو وەدیهێنانی مافە نەتەوایەتییەكانیان و رەتكردنەوەی ستەمی دەزگا سەركوتگەرەكانی نەتەوەی سەردەستەوە بە خێرایی پەرەی گرت، ئەوانەی خوازیاری دامەزراندنی میكانیزمێكی نوێ بوون بۆ پێكەوە ژیانی نەتەوە جیاكانی ئێران كە لە سەر بنەمای (دیموكرتی، دادپەروەری و یەكسانی) بێتەدی.

پێویستە بگوترێت كە لەو لایەنەوە جوڵانەوەی ئازادیخوازانەی گەلی كورد دژی زۆرداری نەتەوەیی و دامودەزگاكانی دەوڵەتی ناوەندی بە هۆی چەند تایبەتمەندییەوە لە نەتەوە غەیرە فارسەكانی دیكەی ئێران بە هێزتر بوو، شایەنی باسە كوردستانی ئێران بە درێژایی ساڵەكانی جەنگی دووەمی جیهانی شوێنی ڕوودانی چەندین ڕاپەڕینی چەكدارانە و سیاسیانە بوو بە دژی دام و دەزگاكانی دەوڵەتی ناوەندی، ئەو ڕاپەڕینانەی لە ناوچەكانی بانە، ورمێ، هەورامان و مەریواندا دەقەومان، بە شێویەك ئامانجی سیاسی، نەتەوایەتی، ئیداری و فەرهەنگییان هەبوو، و دژی سیاسەتی سەنترالیسیت توندوتیژ و فارسگەرایی بوون(64).

پەرەگرتنی حیزبی تودە و دامەزراندنی بنكە و بارەگاكانی لە هەرێمە غەیرە فارسەكان و زۆربوونی ئەندام و لایەنگرانی، بە پراتیك كێشەی نەتەوایەتی كێشایە نێو ڕیزەكانی حیزبەوە، ئەو كێشەیەی لە كۆنگرەی یەكەمی حیزبدا لە ساڵی 1944 زۆر بە زەقی ڕووبەڕووی ڕێبەرایەتی حیزب بووەوە، پاش ئەوەی ژمارەیەك لە نوێنەرە تودەییە غەیرە فارسەكان دەنگی ڕەخنە و گازندەیان هەڵبڕی، شایەنی باسە یەكێك لەو 44 نوێنەرە ئازەرییانەی بەشداری كۆنگرە بوون لە ڕێبەرایەتی حیزبی تودە ڕاپەڕی و بە توركی ئازەری ڕەخنەی توندی لەوە گرت، كە بە گشتی كۆمیتەی ناوەندی حیزبی تودە ئاوڕ لە خواست و نەهامەتییەكانی هەرێم و ناوچە غەیرە فارسەكان ناداتەوە و گوێی خۆی لێ خەواندوون. نوێنەرێكی گەیلانیش ڕایگەیاند، كە حیزب بە مەبەستی ڕێكخستنی كرێكاران و وەرزێرانی ناوچەی گەیلانی ئازەری نشین و تورك زمان، چەند ڕۆشنبیرێكی فارسیان ناردۆتە ئەو ناوچەیە كە فڕیان بە زمانی ئازەرییەوە نییە و خەڵكی لێیان تێناگەن (65).

هەروەها لە دوادانیشتنەكانی كۆنگرەی یەكەمدا، ئەو مەسەلەیە هاتبووە بەر باس و لێكۆڵینەوە كە پێویستە حیزب حیسابێك بۆ تایبەتمەندێتی و داواكارییەكانی هەرێمە غەیرە فارسەكان بكات و بە خانەی فەرامۆشییان نەسپێرێت، بەڵام وەك سەرچاوەیەكی هەواڵ سەفارەتی بەریتانیای لە تاران ئاگادار كردۆتەوە، كۆنگرە لە دانیشتنە نهێنیەكانی خۆیدا، بە توندی دژی هەر مەیلێكی جیاخوازانەی هەرێمەكان وەستاوە، و قسە كردنی لە سەرە هەر مەسەلەیەك كە ببێتە هۆی لاواز كردنی یەكێتی خاكی ئێران و كەلەبەر دروستكردن لە نێوان فارس و غەیرە فارسدا ڕەتكردۆتەوە(66). ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە تودەش وەك بورجوازی حاكم، قسە كردن و ئاوڕدانەوە لە خواستی هەرێم بە نەتەوە غەیرە فارسەكان بە هەڕەشە لە سەر یەكێتی خاكی ئێران و جیاخوازای و كەلەبەر دروستكردن لە نێوا فارس و غەیرە فارسدا دەداتە قەڵەم، بێ ئاگا لەوەی كە بێدادی نەتەوایەتی لە ئێران لە جیاتی كەلەبەر، دەلاقە و
شەبەقێكی مەزنی لە پەیوەندییەكانی نێوان گەلی فارسی سەردەست و نەتەوە بندەستەكانی دیكەی ئێراندا دروستكردووە.
هەر بۆیە لە مەرامنامەی كۆنگرەی یەكەمی حیزبی تودەدا هیچ ئیحتیبارێك بۆ كێشەی نەتەوایەتی و خواستی هەرێم و نەتەوە غەیرە فارسەكانی ئێران دانەنرابوو، بە چەشنێك بەرنامەی حیزب تەنیا ئەسڵێكیشی لەو باریەوە لە خۆنەگرتبوو، ئەوەش كە سەبارەت بە “ئازادی تەواوی كەمینەكان لە ڕووی ئاینی و فەرهەنگییەوە” یا خود “یەكسانی تەواوی كۆمەڵایەتی لە نێوان هەموو ئەندامانی میللەتی ئێراندا بێ جیاوازی ئاینی و نەژادی تاكەكان” (67) قسەی لێكرابوو، مەبەست لێی كەمینە ئاینییەكانی وەك (جوو، زەردەشتی، ئاسووری…هتد) بوو، نەك نەتەوە غەیرە فارسەكانی وەك (كورد، ئازەر، بلوچ، عەرەب….هتد).

لە لایەكی دییەوە، حیزبی تودە كە لە ساڵانی جەنگی دووەمی جیهانیدا بە خێرایی پەرەی دەسەند، لە هەوڵی ئەوەدا بوو لە ناوچەكانی كوردستانی ئێرانیش نفوز و لایەنگر بۆ خۆی پەیدا بكات و چالاكی بنوێنێ، بەڵام ئەو هەوڵەی بە سەختی شكستی هێنا، و جگە لە شاری كرماشان (68) و شارۆچكەی بۆكان و میاندوئاو، نەیتوانی لە شارو شارۆچكەكانی دیكەی كوردستانی ئێراندا خۆنیشاندا، ئەوەش وێڕای بافتی كۆمەڵایەتی و شێوازی ژیانی عەشیرەتی كۆمەڵگای كوردەواری، كە وەك پێویست چینی كرێكار و كارمەندە حكومییەكان و خوێندكاران و ڕۆشنبیرانی تێدا نەبوون، لە بێ هەڵوێستی حیزبی تودە سەبارەت بە كێشەی نەتەوە غەیرە فارسەكانی ئێران بە گشتی، و كێشەی كورد بە تایبەتی، سەرچاوە دەگرێت، جگە لەوەی كە تودەییەكان لە كوردستاندا بە كۆمۆنیست و بێگانە پەرەست دەناسران و زۆرینەی خەڵك لەو لایەنەوە لێیان بە گومان بوون (69).

لەو بارەیەوە كونسوڵی بەریتانی لە تەورێز، پاش ئەوەی گەشتێكی بە ناوچەی ئازەربایجانی خۆرئاوا و ناوچەی موكریاندا لە ساڵی 1942دا كردووە، نووسیویە “خێڵەكانی كورد بە هاندانی سەركردەكانیان بە توندی دژایەتی حیزبی تودە دەكەن، بە جۆرێك ڕێگەیان نەداون تەنانەت بارەگاش لە ناوچەكانیاندا بكەنەوە” (70). هەروەها (هێمن موكریانی)ش لە (تاریك و ڕوون)دا باس لەوە دەكات كە لە كوردستاندا ژمارەیەكی كەم لە ئەرمەنی و كورد لایەنگری حیزبی تودە بوون و هەوڵەكانی ئەو حیزبە بۆ بارەگا كردنەوە و ڕاكێشانی ئەندام و لایەنگر لە هەرێمی موكریاندا بە گشتی بێ بەر بوو(71).

شایەنی باسە هەرێمی موكریانی كوردستانی ئێران ڕاستەوخۆ پاش ڕوخاندنی دیكتاتۆری ڕەزاشا و هەڵوەشانەوەی دەزگا سەركوتگەرەكانی دەسەڵاتی ناوەندی و نەمانیان لە ناوچەكە، هەروەها بە هۆی هێندێك تایبەتمەندی جوگرافی و كۆمەڵایەتی، و كاریگەری جوڵانەوەی ئازادیخوازی كوردەكانی كوردستانی عێراق لە سەری، هەل و مەرجێكی ئاوەڵا و لەباری تێدا هەڵكەوت و پاش ماوەیەكی كەم بووە سەنتەری چالاكی ڕێكخراوەیی و سیاسی و نەتەوەیی كوردەكانی ئێران. لەو ڕووەوە، دەتوانرێت (حیزبی ئازادی كوردستان) بە ڕێبەری (عزیز زەندی) بە یەكەمین ڕێكخراوی سیاسی نەتەوەیی لە كوردستانی ئێراندا بدرێتە قەڵەم، ئەو حیزبەی كە پەیڕەو پرۆگرامێكی نەتەوەیی دیموكراتی پێشكەوتووخوازانەی هەبوو، و بە گەرمیش تێدەكۆشا لە ساڵانی 1941 ــــ 1942دا جوڵانەوەی سیاسی و چەكدارانەی گەلی كورد بۆ وەدیهێنانی مافە ڕەواكانی ئاوێتە و ئاراستە بكات، ئەو تێكۆشانەی ڕووبەڕووی بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی ئێران و هاوپەیمانەكان بووە و نەیتوانی ئامانجەكانی بێنێتە دی. بە تایبەتی روسیای شورەوی كە هاوكارییەكی باشی حكوومەتی ئێرانی كرد تا ڕاپەڕینە چەكدارییەكەی ورمێ دابمركێنێ، ئەو ڕاپەڕینەی چارەنووسی حیزبی ئازادی پێوە گرێدرابوو (72).

دیارە وێڕای ئەوەی هیچ بەڵگە و سەرچاوەیەكی مێژووییمان لە بەردەستدا نییە پەیوەندییەك یا خود هەڵوێستێكی موسبەت و دۆستانەی حیزبی تودەی ئێران بەرامبەر حیزبی ئازادی كوردستان و ڕاپەڕینەكەی كورد لە ورمێ بخاتە بەرچاو، دەگونجێ لە سۆنگەی خۆ بە پێشڕەو زانیینی حیزبی تودە و بێ هەڵوێستیان سەبارەت بە مافی نەتەوە غەیرە فارسەكان و خواستی هەرێمەكان، هەروەها بە هۆی لایەنگرییان لە سەنترالیزم و فارسگەرایی لە لایەك و پشتگیرییان لە پاراستنی هێمنی و ئاسایشی ڕێگای گواستنەوەی هاوكارییە جەنگییەكانی هاوپەیمانەكان بۆ یەكێتی شورەوی لە لایەكی دییەوە، نە پەیوەندییەكیان لەگەڵ حیزبی ئازادی دا هەبوو بێ و نە كەیفیشیان بە ڕاپەڕینی كوردەكانی ورمێ هاتبێ، بەڵكوو ڕێی تێدەچێ كاتێكی شورەوییەكان دژی ڕاپەڕینەكەی ورمێ بە قازانجی حكوومەتی ئێران هەنگاویان هاوێشت، حیزبی تودە بێ ئەرك و گرتنە بەری هەڵوێستی نەیار بەرامبەر حیزبی ئازادی و ڕاپەڕینەكەی ورمێ دانەنیشتبێ و بێ لایەن نەبووبێ، مەسەلەیەكی وا كە دكۆمێنت و بەڵگەی مێژوویی دەوێت تا وەك ڕاستییەكی مێژوویی بچەسپێت، كە تا نوكە بەردەست نەكەوتوون، بەڵام خاڵی گرنگ لێرەدا بێ هەڵوێستی حیزبی تودەیە لەو ڕاپەڕینە كوردییە چەكدارانەیەی كە بە تەنیا لە سەر هەل و مەرجەكەی ئەودەمی ئێران كاریگەری نەبوو، بەڵكوو ببووە جێگای مشتومڕی زلهێزەكان و دەوڵەتە هاوپەیمانەكان لە ناوچەكەدا (73).

بە هەر حاڵ بێ هەڵوێستی حیزبی تودە لە حاست كێشەی نەتەوایەتی كورد و جوڵانەوەی ئازادیخوازانەی كوردەكانی ئێران لە ساڵانی جەنگی دووەمی جیهانیدا، بگرە دوژمنایەتیشی لەگەڵ ڕێكخراوە نەتەوایەتیەكانی كوردستانی ئێراندا ڕاستییەكی مێژووییە. (مەدەنی) سەبارەت بە هەڵوێستی تودە بەرامبەر بە (كۆمەڵەی ژیانەوەی كورد/ ژ.ك) كە وەك ڕێكخراوێكی نەتەوەیی كوردستانی لە 16ی ئابی 1942دا لە مەهاباد دامەزراوە، نووسیویە “حیزبی تودە لە موخالیفانی سەر سەختی كۆمەڵەی ژ.ك بوو، خۆی بڕوای بە فرە گەلی و مافی نەتەوایەتی گەلانی ئێران نەبوو، لەم بارەوە هیچ شتێكی لە بەرنامەكەیدا نەگونجاندبوو، بەردەوام لە لای سۆڤیەتیەكان بۆ ژ.ك ی تێ دەچاند، زۆری هەوڵ دا لاوازی بكا و بی توێنێتەوە، حیزبی تودە وەكوو ڕێكخراوێكی سەرانسەری لە ئێراندا، حەقی بە ڕێكخراوێكی سەر بەخۆی كوردی لە كوردستان نەدەدا، ئەویش بە دروشمی سەربەخۆیی قیت بێتەوە و سەروەری خاكی ئێران تێك بدا”(74).

بێگومان كرابەدەست و دیپلۆماتەكانی شورەوی كە لە ئێراندا بوون و پەیوەندی ڕاستە وخۆیان بە (ڕێبەرایەتی تودەوە هەبوو، خوازیاری ئەوە بوون بە قازانجی تودە لە كوردستاندا دەخاڵەت بكەن و بنكەی جەماوەری بۆ داتاشن و خەڵكی لە كۆمەڵەی ژ. ك دوور خەنەوە و گەر بلوێت ژ.ك یش لە مۆركە نەتەوایەتییەكەی داببڕن و بیكەن بە حیزبی تودەی پێشڕەودا، وەك (هەژار) نووسیویە: “حیزبی تودە كە سەر بە روسان بوو لە ئێراندا زۆر ب هێز بوو، نەیتوانیبوو لە موكریان خۆی دیاربدا، ڕۆژێك قازی لە تەورێز گەڕاوە و كۆی كردینەوە (واتە ئەندامانی ژ.ك/ل)، و
گوتی: قولی یۆف (لێپرسراوی شورەوی لە تەورێز/ل) گوتوویە ئێمە جگە لە تودە هیچ حیزبێك قبوڵ ناكەین، دەبێ خۆتان حەل كەن و ببنە تودە” (75).

لە ڕاستیدا شورەوییەكان كە بە درێژایی ساڵانی جەنگی دووەمی جیهانی، سیاسەتێكی ڕوون و ئاشكرایان لە حاست كێشەی كورد و بە قازانجی جوڵانەوەی نەتەوایەتی كوردستانی ئێراندا نەبووە، و لەوبارەیەوە زۆر بە وریایی جوڵاونەتەوە تا هاوپەیمانەكانی وەك (توركیا، ئێران، ئەمەریكا و بەریتانیا)یان لێ نەورووژێ، لە سایەی ڕاپۆرتەكانی حیزبی تودەدا، تێڕوانینێكی خراپیان لە بارودۆخەكەی كوردستان و ئامانجەكانی ئازادیخوازانی كورد (هەبووە، وەك لە نووسینێكی (مۆڵۆتۆف)ی وەزیری دەرەوەی شورەویدا دەردەكەوێت كە دەڵێت “نابێ بڕوا بە سەرۆكە كۆنەپەرەست و خۆفرۆشەكانی كورد بكرێ، دەبێ دان بەوەدا بنێن كە پشتیوانی كردن و یارمەتی دانی كوردەكان بۆ وەدیهێنانی خودموختاری و دامەزراندنی كوردستانێكی ئازاد دروست نییە، چونكە لە هەل و مەرجی ئێستای ئێران دا ئەوە داوایەكی بێ بناغە و دواكەوتوانەیە” (76).

بە هەر حاڵ، تێكڕای هەوڵەكان بۆ وەدەستهێنانی پێگەیەكی جەماوەری تودەیی بەر فراوان لە كوردستانی ئێران لەم قۆناغەدا شكستی خوارد، كۆنگرەی یەكەمی حیزبیش بە باشی بەرجەستەی ئەم ڕاستییە دەكات، چونكە لە كۆی 68/ نوێنەری بەشدار، كەمترینیان كە هەشت كەسە لە كوردستانەوە هاتبوون، واتە بە ڕێژەی 7/4%ی بەشدداربووان، بە چەشنێك بەشێكی ئەو هەشت كەسەش ئاسووری و ئەرمەنی بوون و سەرچاوەیەكمان لە بەردەستدا نییە باس لە بوونی كوردێك بكات لە كۆبوونەوەكانی كۆنگرەدا، جگە لەوەی لە تێكڕای 21 ئەندامی ڕێبەرایەتی و كۆمسیۆنی ڕاوێژكاری هەڵبژێردراوی كۆنگرەی یەكەم تاكە كوردێكیشی تێدا نەبوو (77).

پێویستە بگوترێت كە لەو ئاخاوتنە سێ كاژێرییەی كە فریدونی كشاورز د.رادمنش لە بەرامبەر نوێنەرانی مەجلیسی چواردەهەم لە 25و 26 ئایاری ساڵی 1945 دا وەك نوێنەری فراكسیۆنی تودە كردیان، جگە لە باشكردنی رێفۆرمی ئابووری و تەندروستی و مەسەلەكانی هەڵبژاردن و كێشەی وەزیران، شتێك بە ناوی كێشەی نەتەوایەتی و ناڵەی نەتەوە غەیرە فارسەكانی وڵات باسی لێنەكرا، لە كاتێكدا زۆرینەی ڕۆژنامەكانی ئێران ئەو دەمە قسەیان لە سەر ڕووداوەكانی ئازەربایجان و كوردستان دەكرد و پەلاماری لەشكری شاهەنشاهییان بۆ سەر ناوچەكانی مەریوان و هەورامان ڕیسوا دەكرد(78).

هەروەها ڕێبەرانی حیزبی تودە لە كۆنفرانسی دووەمی حیزبدا كە لە 19ـــ 22ی ئابی 1945 لە تاران بەسترا، نەك هەر باسێكیان لە مافی نەتەوەیی و فەرهەنگی گەلانی غەیرە فارس لە ئێراندا نەكرد، بەڵكوو بڕیارێكی عەنتیكەیان بە سەر كۆمیتەی هەرێمەكان و ناوچە غەیرە فارسەكانی حیزبدا سەپاند، ئەویش ئەوەیە كە پێویستە كۆمیتەكان چەند پۆلێكی خوێندن بە زمانی فارسی بۆ كرێكارە نەخوێندەوارە غەیرە فارسەكان بكاتەوە تا فێری خوێندنەوە و نووسینی زمانی فارسی ببن (79)!!.

لە ڕاستیدا حیزبی تودە هەروەك لێپرسراوانی شورەوی و نوێنەری زلهێزەكان لە ئێران وخودی دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی ناوەندی لە تاران، تێكڕای جوڵانەوەی ئازادیخوازانی هەردوو گەلی كورد و ئازەریان بە مەسەلەی ئازەربایجان ناو دەبرد و زۆر كەم نەبێت بڵاوكراوەكانیان بە لای ڕووداوە گرنگەكانی كوردستان و دەسەڵاتە میللییەكەی دا نەدەچوون، بەڵكوو تودە زیاتر سەبارەت بە ڕووداوەكانی تەورێز و هەرێمی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات دەهاتە قسە و لە تەواوی ئۆرگان و بڵاوكراوە و وتاری ڕێبەرەكان و فراكسیۆنەكەیان لە مەجلیسی چواردەهەمدا هەوڵی دەدا خۆ لە هەموو داخوازی و دەستكەوتێكی نەتەوەیی كورد و ئازەری وەك: زمان، دەسەڵاتی نەتەوەیی لە شێوەی خودموختاری، هێزەكانی فیدایی و پێشمەرگە…هتد، بە دوور بگرێت، و زیاتر مەسەلە ئابووری و كۆمەڵایەتییەكان زەقكاتەوە.

كاتێكیش دووەمین كۆنفرانسی وەزیرانی دەرەوەی دەوڵەتە هاوپەیمانەكان لە نێوان 16ــ 26ی كانوونی یەكەمی 1945دا لە مۆسكۆ بەسترا، و مەسەلەی ئێران و چۆڵكردنی هێزەكانی هاوپەیمانەكان لەو وڵاتەدا بووە تەوەرەیەكی سەرەكی گفتووگۆكان، (بیڤن)ی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، بە مەبەستی دەركردنی هێزەكانی سوور لە ئێران وڕێگرتن لە زیاتر ئاڵۆز بوونی هەل و مەرجەكەی نێو خۆی ئەو وڵاتە و ڕۆیشتنی بە ئاقارێكی دژی ڕۆژئاوادا، پێشنیارێكی خستە بەردەم ئامادە بووانی كۆنفرانسەكە كە تێیدا باسی لە دامەزراندنی كۆمسیۆنێك دەكرد لە نوێنەرانی هەر سێ زلهێزەكە (شورەوی، بەریتانیا، وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا) لە پێناوی ڕێنمایی كردنی حكوومەتی ئێرانی وهاندانی دەسەڵاتی ناوەندی لە تاران بۆ ئەنجامدانی چەند ڕێفۆرمێكی نێو خۆیی تا ڕەوشە ئاڵۆزەكەی ئێران ئاسایی بكاتەوە، بەو مەرجەی ئەو هەنگاوە ڕێفۆرمیستانەیە لە ژێر چاوەدێری كۆمسیۆنەكەدا بەڕێوە بچێت، ئەو پێشنیارەی كە تێكڕای ئامادە بووان ڕەزامەندییان بەرامبەر دەربڕی (80).

سەبارەت بە ڕێكخستنی پەیوەندی هەرێمەكان لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی لە تاران، بیڤن گوتی “لە ڕاستیدا تا ئێستا یاسای بنەڕەتی لە ئێراندا جێبەجێنەكراوە، بە پێی ئەو یاسایە كاروباری هەر پارێزگایەك پێویستە بە دەستی خەڵكی پارێزگاكە خۆیەوە بێت، دواتر هەموو پارێزگاكان لە سایەی بەڕێوە بەرایەتی حكوومەتی ناوەندیدا كۆببنەوە، بە شێوەیەك ئێران ببێتە حكوومەتێكی فیدراڵی” (81)، دیدێكی وا كە لە بەندی چواری بەیاننامەی كۆمسیۆنەكەدا جێگیر كرابوو، دیارە باس لەوەش كرابوو كە دەسەڵاتدارانی هەرێمەكانی لە ڕێگای هەڵبژاردنی گشتییەوە هەڵدەبژێردیرێن و خودی كۆمسیۆنەكەش سەرپەرەستی هەڵبژاردنەكان لە ئەستۆ دەگرێت.

هەروەها وەك هەواڵێك بۆ هێور كردنەوەی كێشەی نەتەوایەتی لە ئێران و ڕازیكردنی نەتەوە غەیرە فارسەكان و لابردنی ستەمی فەرهەنگی لە سەریان، كۆمسیۆنی سێ لایەنە لە بەندی 7ی بەیاننامەكەیدا پێی لە سەر ئەوە داگرتبوو كە پێویستە غەیرە فارسەكان بە تەواوی ئازاد بن لە بەركارهێنانی زمانی میللییاندا، چ لە كاروباری خوێندن، یا خود لە هەر كاروبار و بوارێكی تردا، شایەنی باسە زمانی (كوردی)یش وەك زمانێكی سەربەخۆ لە پاڵ زمانەكانی دیكەی توركی و عەرەبی دا لەو بەندەدا جێگیر كراوە (82).

شایەنی باسە، هەر ئەوەندەی هەواڵی كۆمسیۆنەكە و پێشنیارەكانی لە لایەن ڕادیۆیB.B.C ەوە لە 15ی كانوونی دووەمی 1946دا بڵاوكرایەوە و بەرگوێی خەڵكانی ئێرانی كەوت، حیزبی تودە هێرشێكی توندی دەستپێكرد و دژی كۆمسیۆنەكە و تەواوی پێشنیارەكانی وەستا، ڕۆژنامەی (مردم)ی زمانحاڵی تودە لە وتارێكدا بە ناونیشانی (ما كمسییونی سە جانبە/ ئێمە و كۆمسیۆنی سێ لایەنە) نووسیبووی: “ئێمە بێ پەردە و ئاشكرا دەڵێین كە لە هەر حاڵەتێكدا دامەزراندنی كۆمسیۆنێكی بەو چەشنە پێچەوانەی قازانج و بەرژەوەندییەكانی میللەتی ئێرانە و مافی حاكمییەتی میللەتی ئێران زەوتدەكات و هەموو ئەو ڕەنج و ماندوو بوونەمان بە فیڕۆ دەدات كە میللەتی ستەمدیدەی ئێران لە پێناوی ئامانجی هاوبەشی سەركەوتنی گەلانی هاوپەیماندا داوییەتی…. ئێمە بە ڕاشكاوی ڕادەگەیەنین كە ڕازیبوون بە وەها كۆمسیۆنێك میللەتی ئێران تاڕادەی كۆڵۆنییەك یان وڵاتێكی ماندێتی دێنێتە خوار و بۆ ئێمەش شكستێكی سەرتاسەری دەبێت… ئێمە پڕ بە دەنگ هاوار دەكەین كە میللەتی ئێران ڕێگە بە هیچ دەوڵەتێكی بێگانە نادات بیخاتە ژێر ماندێتەوە یا خود لە جێگای ئەو بڕیار بدات”(83).

دیارە ئەم هەڵویستە دژەی حیزبی تودە لە كاتێكدا بوو، كە خودی لایەنێكی كۆمسیۆنەكە كە شورەوی بوو بەرامبەر بە پێشنیارەكەی بیڤن و ئەركەكانی كۆمسیۆنەكە خانە گومان بوو، هەر بۆیە زوو بە زوو خۆی لێ دزییەوە و پێی وابوو هێشتا كاتی ئەوە نەهاتووە سوپای سوور لە باكووری ئێران ببرێتە دەرەوە و وا چاكیشە شورەوی لە ڕێگای دوور خستنەوەی ئەمەریكا لە مەسەلەكە و بە هیوای وەدیهێنانی دەستكەوتی زیاتر لە ڕێگەی دانیشتنی دوو لایەنەوە كێشەكان یەكلا بكاتەوە (84)، ئەو حاڵەتەی كە لەگەڵ تێكڕای فاكتەرەكانی دیكەدا بوونە هۆی شكستی هەنگاوەكەی بیڤن و پیادە نەكردنی كاری كۆمسیۆنەكە، كارێكی وا كە گەر كرابا دەگونجا تا ڕادەیەكی زۆر بەهرەی بە جوڵانەوەی دیموكراتی ئێرانی گەیاندبا و لایەنێكی ستەمی سەر نەتەوە غەیرە فارسەكانی وڵاتی نەدەهێشت.

پاش ئەوەی جوڵانەوەی نەتەوایەتی هەر دوو گەلی كورد و ئازەر بە تەواوبوونی جەنگ پێی خستە قۆناغێكی نوێ وە، و لە كۆتایی ساڵی 1945 و سەرەتای ساڵی 1946 زەمینەی دامەزراندنی دەسەڵاتی نەتەوەیی ئەو دوو گەلە لە ئازەربایجان و موكریانی كوردستانی ئێراندا ڕەخسا، و مەسەلەی ئازەربایجان و خەباتی ئازادیخوازانی گەلی كورد بوونە هومێدی ئازادیخوازانی تەواوی ئێران و ململانێ لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیدا توندوتیژ بوو، حیزبی تودە بە پێچەوانەی ئەو ئەسڵە لیینینییەی كە دەڵێت: “سۆسیالیستەكان پێویستە بوێرانە و بە ورەیەكی بەرزەوە پشتگیری جوڵانەوەی بورجوا دیموكراتیكی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی لە وڵاتە (كۆڵۆنی و نیمچە كۆڵۆنییەكان)دا بكەن و لە حاست ڕاپەڕینی ئەوانە یا خود جەنگی پراتیزانی ئەوانە دژی هێزە ئیمپریالیستە زۆرداەكان، هاوكاری بكەن” (85). ئامادە نەبوو هیچ كاتێك بە پراتیك بە قازانجی ئەو جوڵانەوەیە هەنگاوێك باوێژی.

شایەنی باسە ئازەرییە تودەییەكان كە لە نێو حیزبی تودەدا ژمارەیان زۆربوو، لە ڕێبەرایەتیشدا بوون و لە پاش فارسەكان پلە دوو بوون، بە هۆی ئەو بێ هەڵوێستییەی حیزبەكەیان بڕیاریاندا بڕیزەكانی حیزب جێبهێڵن و بێ ئاگاداری حیزب بچنە نێو فیرقەی دیموكراتی ئازەربایجانەوە، و بۆ وەدیهێنانی مافە نەتەوایەتییەكانی خۆیان
تێبكۆشن، مەسەلەیەكی واو پاشان دامەزراندنی حكومەتە نەتەوایەتییەكانی ئازەربایجان و كوردستان بۆ ڕێبەرە فارسەكانی حیزبی تودە خەمێكی گەورە و خورپەیەكی دڵتەزێن بوو (86).
ڕێبەرە فارسە تارانییەكانی حیزبی تودەی وەك: خلیل ملكی، احسان گبری،كیانورین د.رادمنش ….هتد، زۆر لە خواستە نەتەوایەتییەكانی گەلی كورد و ئازەر دەسڵەمانەوە، و هێندەی لێپرسراوانی دەسەڵاتی ناوەندی لە دامەزراندنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و فیداییەكانی ئازەربایجان، دەنگۆی یەكگرتنەوەی هەر دوو ئازەربایجانی ئێرانی و شورەوی، كۆماری دیموكراتی كوردستان و هاتنی بارزانییەكان و ئەگەری سەربەخۆیی…هتد بێزار و شپرزە بوون ، و لە پەیجوی ئەوەدا بوون جوڵانەوە نەتەوایەتییەكانی كوردستان و ئازەربایجان لە خواستە نەتەوایەتی و سیاسییەكانیان دا ببڕن و بەرگێكی ئابووری ـــــ كۆمەڵایەتی ڕووتی لە بەركەن.

بۆ نموونە، ئۆرگان و بڵاوكراوەكانی سەر بە حیزبی تودە زنجیرە وتاریان سەبارەت بە (مەسەلەی ئازەربایجان) بڵاو دەكردەوە و تیایاندا ئەوەیان دەورووژاندا كە ئێران نابێ پەرت بكرێت و میللەتی ئێران یەك میللەتە و ناكرێت لە پاڵ زمانی فارسیدا كە زمانی ڕەسمی تێكڕای میللەتی ئێرانە، زارێكی هەرێمی قوتبكرێتەوە (87).

لە چەند وتارێكی (رهبر)ی ئۆرگانی حیزبی تودە دا، كەسانی وەك: خلیل ملكی و انور خامە بە خۆ گێلكردن لە فاكتەری نەتەوەیی، هەوڵیاندا بوو ئەوە بسەلمێنێنن كە مەسەلەی ئازەربایجان زادەی سیاسەتی فشاری ئابووری و گەندەڵی چینی فەرمانڕەوای ئێرانە و ئازەربایجان لەگەڵ هەرێمە فارسنشینەكانی دیكەی ئێراندا جیاوازییەكیان نییە، چونكە خەڵكی ناوچە فارسنشینەكانیش وەك ئازەرییەكان فشاریان لە سەرە و لە سیاسەتی حكومەتی ناڕازین و كەس لە كەس چەوساوەتر نییە (88).

هەروەها د.رادمنش لە دانیشتنێكی مەجلیسدا و لە گەرمەی ڕووداوەكانی ئازەربایجان و كوردستاندا، هەوڵیدا لە قسەكانیدا ئەوە بسەلمێنێت، لە بەر ئەوەی حكوومەتی ناوەندی ڕێفۆرمی زەوی ئەنجامنەداوە، خۆی لە ڕێفۆرمی كۆمەڵایەتی بە دوو گرتووە، یاسای كاری دانەڕشتووە، خەڵكی لە برسێتی و گرانیدا جێهێشتووە، هەر بۆیە قەیرانی ئازەربایجان وا بە زەقی دەركەوتووە. ئەو دەیگوت “بیركەنەوە، ئایا ئەم قەیرانە تەنیا تایبەتە بە ئازەربایجان؟!، چونكە دانیشتووانی باشووریش (مەبەستی هەرێمی فارسە ــــ ل) لە ڕووی بێ خۆراكی و بێ پۆشاكی و نەبوونی پێویستییەكانی دیكەی ژیانەوە زێدەتر لە ناڕەحەتیدان، پێویستە حكوومەت بە خێرایی و بە ئاشتی بە فریای چارەسەری ئەو مەسەلەیەوە بێت، گەرنا سبەینێ ڕێكخراوێكی دیكە دادەمەزرێت و دەڵێت: بەڵێ قوربان، ئێمەش عەرەبین و عەرەبستانمان دەوێت، ئەوسا جەنابتان چ وڵامێكتان دەبێ؟”(89).

شایەنی باسە لەم قۆناغە ناسك و ئاڵۆزەی ئێران و لە گەرمەی پەرەگرتنی خواست و دەستكەوتە نەتەوایەتییەكانی گەلانی غەیرە فارس، بە تایبەتی كورد و ئازەر، بۆیەكەم جار لە مێژووی حیزبی تودەدا شتێك بە ناوی كێشەی نەتەوایەتی لە لایەن ڕێبەرێكی تودەی وەك (اردشیر اوانسیان)ەوە قسەی لە سەر دەكرێت، اوانسیان لە وتارێكدا چەمكی نەتەوەی بە شێوە ستالینیەكە پێناسە كردووە كە لە كۆمەڵە كەسانێك پێكدێن: زمان، فەرهەنگ، ئابووری و زەوی هاوبەشیان هەیە، بێ ئەوەی هیچ باسێك لەوە بكات كە ئایا لە ئێراندا فرە نەتەوەیی یا خود كێشەی نەتەوەیی هەیە یان نییە (90). دیارە ئەوەش تەنیا بۆ سەلماندنی ئەو دیدە تودەییە بوو، كە لە بەر ئەوەی خەڵكانی وەك كورد، ئازەر، بلوچ و عەرەب ی ئێران لەگەڵ هاوڕەگەزەكانیاندا لە سەر زەوییەكی هاوبەش، بە هۆی ئابوورییەكی هاوبەشەوە پێكەوە نەبەستراونەتەوە و لەو لایەنەوە لە سەر خاكی ئێران و بە ناوەندەوە گرێدراون، ئیتر نابێت بە پێی پێناسەی ستالین بۆ نەتەوە، حیسابی نەتەوەیان بۆ بكرێت و بەوەش چ مافێكی نەتەوایەتییان پێ ڕەوا نابینرێت.

كاتێكیش قوام السلگنه ی سیاسەتكار زۆرزانی ئێرانی لە 4ی نیسانی ساڵی 1946دا، توانی شورەوی بە كشانەوەی سوپای سوور لە باكووری ئێراندا قایل كات، و بكەوێتە ئەوەی مەسەلەی ئازەربایجان بە شێوەیەكی (ئاشتیخوازانە و خێر خوازانە) كۆتایی بهێنێ، وەك تاكیتك دەرگای دانوساندنێكی ماراسۆنینیانەی بە ڕووی سەرانی كورد و ئازەردا كردەوە، بەوەش مەسەلەكانی: هێشتنەوەی دەسەڵاتی نەتەوەیی و پەرەپێدانی ئیدارە نەتەوایەتییەكان، بە ڕەسمی ناساندنی زمانی نەتەوەیی و پەرەپێدانی دەستكەوتە فەرەهەنگییەكان….هتد لە لایەن سەرانی كورد و ئازەرەوە وەك داواكاری پێشكەش لەو كاتەدا ئەندامانی فراكسیۆنی تودە لە مەجلیسی چواردەهەمدا بێ ئەوەی پشتگیری هیچ ماف و دەستكەوتێكی نەتەوەیی كورد بكەن، یان مەسەلەی زمانی كوردی وەك مافێكی فەرهەنگی، نەك لە تەواوی كوردستانی ئێراندا، بگرە بۆ خەڵكی مەهابادیش بە ڕەوا بزانن، ئەوانە هەڵوێستی ڕاستەقینەی حیزبی تودەیان ئاشكرا كرد، ئەوەی كە ڕازی دەبێـت تەنیا زمانی ئازەری لە سێ پۆلی سەرەتاییدا بخوێنرێت و هیچی تر (91).
لە كاتێكدا وەك دەزانین قەدەغە كردنی خوێندن و نووسینی زمانی نەتەوە غەیرە فارسەكان لە ئێراندا بڕیارێكی شۆڤێنیستانەی ڕەزا شا پەهلەوی بوو. هەموو پشتگیرییەكی حیزبی تودە لە جوڵانەوە نەتەوایەتییەكەی كورد و داواكارییەكانی ڕێبەرانی كۆماری كوردستان، یەك دوو چاوپێكەوتن بوو كە ڕۆژنامەكانی (رهبر) و (مردم) لەگەڵ پێشەوا قازی لە تاران كردبوویان(92)، تا خەڵكی ئێران دڵنیا بكەنەوە كە جوڵانەوەكەی كوردستان جوڵانەوەیەكی سەربەخۆ خوازی نیشتمانی نییە و بۆ یەكپارچەیی خاكی ئێران زیانێكی نییە و لە بنەڕەتدا بەشێكە لە جوڵانەوە دیموكراتی ئێرانی دژی كۆنەپەرەستی، مەسەلەیەكی وا كە بەشێكی ڕێبەرانی باڵی ڕاستی نێو حیزبی تودەی دڕدۆنگ كرد، ئەوانەی پاشتر حیزبیان لە سەر ئەو (هەڵە)یەی بە توندی سەرزەنش كرد(93).

لە ڕاستیدا حیزبی تودە لەم قۆناغەدا، بەو هەموو هێز و توانا ڕێكخراوەیی وتەبلیخاتی و نفوزە جەماورییەی كە هەیبوون گەر هەڵوێستێكی ڕاست و موسبەتیان سەبارەت بە كێشەی نەتەوایەتی لە ئێراندا هەبوایە و بڕیاری ڕاست و سەر بەخۆیان لێبدایە، دەیانتوانی جوڵانەوە ئازادیخوازانەی نەتەوەیی ئازەر و كورد و شەپۆلی دیموكراتیخوازی لە ئێران و ناوچەكەدا بە جۆرێكی وا گرێبدەن كە خزمەتێكی مێژوویی بە تەواوی گەلانی ئێران و ناوچە بكەن و مەزنترین قەیران بۆ شاپەرەستەكان و بەرژەوەندییەكانی ئیمپریالیزم پێكبهێنن، بە چەشنێك نەتوانن ڕەوتی مێژوو لەو ناوچەیەدا بە قازانجی خۆیان و دەسەڵاتە بە كرێگیراوە زۆردارەكان ئاراستە بكەن.

وەك پێشتریش ئاماژەی بۆ كراوە، حیزبی تودە لە 29ی حوزەیرانی 1946دا بەرەیەكی بە ناوی (جبهە موتلفە احزاب ازادیخواە) دامەزراند، كارێكی وا كە لە دوو لاوە زیانی مەزنی لێكەوتەوە، یەكەمیان: حیزبی تودە بێ ئەوەی هیچ مافێكی نەتەوەیی بۆ نەتەوە غەیرە فارسەكان، بە تایبەتی كورد و ئازەر لە ئێراندا بسەلمێنێت، بە دامەزراندنی ئەو بەرەیە و ڕاكشانی فیرقەی دیموكراتی ئازەربایجان و حیزبی دیموكراتی كوردستان و چەند ڕێكخراوی ئازادیخوازی دیكە بۆ نێو بەرە، توانی شەرعییەتێكی ڕەها بداتە خۆی و وەك پێشەنگ و ئاڵاهەڵگری جوڵانەوەی دیموكراتی و ئازادیخوازی سەرتاسەری ئێرانی خۆ بنوێنێت و لە گەمەیەكی سیاسیدا بەرە بخاتە خزمەتی وەدەستهێنانی زۆرینەی كوردسییەكانی مەجلیسی پازدە (94)، ئەو مەجلیسەی كە دوو سێ مانگی مابوو هەڵبژاردنەكانی بۆ ئەنجامبدرێت. لە لایەكی دییەوە ئەو بەرەیەی حیزبی توتدە دایمەزراند، لە ئەنجامی كەمفامی حیزبی تودە و فێڵبازی قوام السلگنەدا كرایە ئەسپی تەڕوادە بۆ قوام و حیزبە (دیموكرات)ەكەی، بە چەشنێك تەواوی دیموكراتخوازانی ئێرانی و ئازادیخوازانی كورد و ئازەری پێ لە خشتە بڕان و زەمینەی سەركەوتنی شاپەرەستەكانی ڕەخساندەوە.

قوام كە كەوڵی چەپێكی پێشكەوتووخوازی كردبۆ بەر، ئاڵای بەرەی دیموكراتخوازانی گرتبۆدەست و لافی ئاشتیخوازی و ڕێفۆرمیستی لێدەدا و هات وچۆی تودەییەكانی دەكرد، و وێڕای ئەوەی 3 وەزارەتی لە حكوومەتەكەی دابونێ، لە بارەگای حیزبی تودەوە لە تاران لە ئەیلولی 1946دا ڕایگەیاند كە دیموكراتخوازەكان وەك بەرەیەك بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی خولی پازدەهەمی مەجلیس خۆ ئامادە دەكەن (95).

شایەنی باسە قوام بە چەشنێك لە گێڕانی ڕۆڵە چەواشەكارانە كەیدا سەر كەوتوو بوو، تێكڕای ئازادیخوازانی مەست كردبوو، سەبارەت بە جوڵانەوەی نەتەوەیی كورد، كاتێك شاندێكی كوردی بە ڕێبەری پێشەوا بۆ دانوساندن سەردانی تارانیان كرد و ئاغای قوام بە بیانووی نەخۆشییەوە خۆی لێدزینەوە، شاندەكە بە دەستی بە تاڵ بۆكوردستان گەڕایەوە، و پێشەوا ڕایگەیاند “نەزەری ئاغای سەرۆك وەزیرانم زۆر تێكەڵ و حوسنی ڤه ن و چاك نیەتی دیوە، داخەكەم بەر هەڵستێكی كە گفتوگۆی ئێمەی وەدواخست نەخۆشی جەنابی ئاغای قوام السلگنه بوو، لە خودام تەلەبە زووتر چابێتەوە تا موزاكەرە بە خێروخۆشی و نەفع و قازانجی ئازادی دوایی بێت… من ئاتییەكی زۆر چاك تیبینی دەكەم و هیوادارم دەوڵەتی مەركەزی بتوانی دیموكراسی بە هەموو ئێران دا بڵاو بكاتەوە” (96).

لە ڕاستیدا قوام نەك هەر بوارێكی دیكەی بۆ موزاكەرە و چاوپێكەوتنی ڕێبەرانی كورد نەڕەخساند، بەڵكوو زۆر بە خێرایی سەد و هەشتا پلە بە دژی ئازادی و بەڵێنەكانی پێشووی بایداوە، و بە فەرمانی شا حكوومەتێكی نوێی بێ بەشداری هیچ تودەییەك دامەزراند و بە بیانووی ناردنی هێز بە مەبەستی چاودێریكردنی هەڵبژاردنەكانی مەجلیسی داهاتوو، زەمینەی ڕوخاندنی هەر دوو حكوومەتە میللییەكەی كورد و ئازەر، و گەڕانەوەی لەشكری شاهەنشاهی بۆ ئازەربایجان و كوردستان ڕەخساندەوە.

پێویستە بگوترێت، حیزبی تودە كە لە حاست گۆڕانە كتوپڕەكەی هەل و مەرجەكە و بادانەوەكەی قوام دا دۆش دامابوون و هەڵوێستێكیان نەگرتە بەر كە لە ئاستی مەترسیداری مەسەلەكە دا بێت، كەوتنە بیانوو داتاشین گوایە “هەر بەر گرییەك بكرابا، جەنگی نێو خۆیی لێدەكەوتەوە، ئەوەش دەرفەتی بە هێزە ئیمپریالیستەكان دەدا دەست
وەردەنە كاروباری ولاتەكەمان….كشاندنی جەنگ و بەرگری بۆ سنورەكانی شورەوی، ئاسایشی پێگەی سوسیالیستی دەخستە مەترسییەوە….. چەك دانان و بەرگری نەكردن لە پێناو داكۆكی لە ئەنتەرناسیۆنالیزمی پرۆلیتاریا دایە” (97)!!

بێ هەڵوێستی و بڕووبیانووی بەو شێوەیەی حیزبی تودە دواتر لە لایەن كۆنگرەی دووەمی حیزبی دیموكراتی كوردستانەوە كە لە تشرینی دووەمی 1964دا بەسترا، بە توندی ڕەخنەی لێگیرا، بەیاننامەی كۆنگرە لە ژێر سەردێڕی (رابردووی ح. د.ك) لە كاتی جمهووری كوردستان دا گاڵتەی بە هەڵوێست و بیانووەكانی ئەودەمی حیزبی تودە هاتووە گوایە ڕوخاندنی دەسەڵاتە نەتەوایەتییەكانی ئازەربایجان و كوردستان و پاشەكشەی شورەوی لە ئێران لە پێناوی سەركەوتنی خەباتی ئازادیخوازانەی گەلی چین بووە!!، ئینجا بەیانەكە دەڵێت “لەو لاشەوە حیزبی تودەی ئێران ویستیان بەو دەلیلە پڕوپووچانە خۆحەشار دەن وەك كەوەكە سەریان لە بەفر گرتبوو لەشیان بە دەرەوە بوو، دەیانویست ئەو ڕاستیە بشارنەوە كە لەو كاتەدا تەواوی هێزی ڕەش و بەدفەڕی شا ــــ ئیمپریالیزم و دوژمنە سوێندخۆرەكان كلكیان لێك بەستبوو لە تارانەوە بە “دڵنیایی” ڕوویان كردە كوردستان” (98).

2/1/2: هەڵوێستی حیزبی تودە لە پاش ڕووخاندنی كۆماری كوردستان تا پەلاماری ساواك 1947 ــــ 1959
ئاشكرایە كە ڕوخاندنی حكوومەتە نەتەوایەتییەكانی ئازەربایجان و كوردستان بە خاڵێكی وەرچەرخان لە مێژووی ئێران بە گشتی و لە مێژووی حیزبی تودە بە تایبەتی دادەنرێت، وێڕای ئەوەی ئەو شكستە بووە هۆی پاشەكشەی جوڵانەوەی دیموكراتی سەرتاسەری لە ئێران، و گیانێكی نوێی بە هێزە كۆنەپارێز و شاپەرەستەكان بە خشییەوە، سیاسەتی یەكێتی شورەوی لە ئێران و هەڵوێستی حیزبی تودەی بەرامبەر سەرجەم خەباتی ئازادیخوازانی ئێران خستە ژێر پرسیارەوە، چونكە مەسەلەكە هەر بە پەلاماری هێزە شاپەرەستەكان بۆ سەر بارەگا و ئەندامانی حیزبی تودە لە باشوور و هەرێمەكانی دیكەی ئێراندا نەوەستا، بەڵكوو لە ڕووی جەماوەریشەوە حیزبی تودە زیانی مەزنی وێ كەوت و بەشێكی زۆری خوێندكاران و ڕۆشنبیرانی لێ تەكییەوە.

هەروەها مەسەلەی نەتەوایەتی لە ئێران و ساغكردنەوەی هەڵوێستی حیزب لەو مەسەلە گرنگە فاكتەرێكی گرنگی ڕوودانی یەكەمین پەرتبوونی ڕیزەكانی حیزب بوو، چونكە باڵی ڕاستی حیزب كە خلیل ملكی و هاوڕێیانی بوون و لەو ڕووەوە كیانووری و احسان گبریشیان دەگەڵدابوو، بە توندی دژی هەر جۆرە پشتگیری و لایەنگرییەكی حیزب بوون لە هەر خواستێكی تایبەتی نەتەوە غەیرە فارسەكان و دژی دابەشبوونی دەسەڵات بوون لە ئێراندا، و مەسەلەیەكی وایان بە فاكتەری لاواز بوونی ناوەند و بە هێز بوونی زمانی كەمینەكا لە سەر حسابی زمانی فارسی دادەنا.
ئەوانە كە هەر لە كۆنگرەی یەكەمی حیزبەوە سەبارەت بە خواستی هەرێمەكان دڕدۆنگ بوون، و لە پەرەگرتنی جوڵانەوەی نەتەوایەتی هەر دوو گەلی كورد و ئازەر تەواو هەراسان بوون، دواتریش ڕەخنەی توندیان لە حیزب ئەوە بوو كە چۆن ڕێكخراوە میللییەكانی ئازەر و كوردی لەبەرەدا قبوڵ كردووە و جوڵانەوەكانی ئازەربایجان و كوردستانی بە بەشێك لە جوڵانەوەی دیموكراتی گشتی نێوبردوون. هەر بۆیە حیزبی تودە لە پاش ڕووخاندنی حكوومەتەكانی ئازەربایجان و كوردستان هەتا كۆنگرەی دووەم لە بەهاری ساڵی 1948 دا چ هەڵوێستێكی ئاشكرا و ڕەسمییان سەبارت بە كێشەی نەتەوایەتی لە ئێراندا نەبوو، حاڵەتێكی وا كە تا جیابوونەوەی باڵی ڕاست و خۆ ئامادە كردن بۆ بەستنی كۆنگرەی دوو وەك خۆی مایەوە و تەنیا خواستە ئابووری و كێشە چینایەتییەكان جێگای مشتوومڕ بوون (99).

لە ڕاستییدا مەسەلەی جیابوونەوەی خلیل ملكی و هاوڕێیانی لە حیزبی تودە، ژمارەی ئەندامە فارس ڕەگەزەكانی لە ڕێبەرایەتی ئەو حیزبە دا كەمكردەوە و سەنگیانی دابەزاند، لە بەرامبەر ئەوەشدا چەند ئەندامی ئازەری توانییان بگەنە پۆستی ڕێبەرایەتی، بە چەشنێك لە كۆنگرەی دووەمدا 44% ڕێبەرایەتی حیزبی تودە ئازەری زمان بوون، ئەوەش هەل و مەرجێكی وای سەپاند كە ڕێبەرایەتی كە لە دەستی باڵی مەیانڕەودا مابووەوە، بە لە بەرچاو گرتنی ڕووداوەكانی پاش جەنگی دووەمی جیهانی و خەباتی نەتەوەیی هەردوو گەلی كورد و ئازەر، ئاوڕێك لە كێشەی نەتەوایەتی لە ئێراندا بداتەوە و هەوڵی ئەوە بدات ئەو كێشەیە بخاتە خزمەت خەباتی چینایەتی و سەرتاسەری دژی دەربار و موڵكدارە كۆنەپارێزەكان و ئیمپریالیزم لە ئێراندا، بەوەی كە حیزبی تودە، لە ڕووی تاكتیكەوە، بە قسە و نووسین، نەك بە پراكتیك، لایەنگری لە وەڵامدانەوە بە لانی كەمی مافی فەرهەنگی و ئیداری سنورداری نەتەوە غەیرە فارسەكانی ئێران بكات.

لێرەوە یەكێك لە بڕیارەكانی كۆنگرەی دووی حیزبی تودە، بریتی بوو لە هەوڵدان بۆ بەستنی پەیوەندی لەگەڵ فیرقەی دیموكرتی ئازەربایجان و حیزبی دیموكراتی كوردستان، بەو پێیەی ئەو دوو ڕێكخراوە “ڕێزیان لە یاسای بنەڕەتی ئێران گرتووە و لە پێناو چەسپاندنی هێزە پێشكەوتووخوازەكانی ناوچەكانی دیكەی ئێراندا تێكۆشاون”، هەروەها زەمنیە خۆشكردن بۆ یەكگرتنی حیزبی تودە و ئەو دوو ڕێكخراوە هەرێمییە، هەر بۆیە حیزبی تودە لە كۆنگرەی دوودا چەند دروشمی وەك: (زندە باد جنبش ملی ێ‌ژربایجان و كردستان/ بژی جوڵانەوەی نەتەوەیی ئازەربایجان و كوردستان)، (از حق خود مختاری ملی كردستان و ێ‌ژربایجان حمایت می كنیم/ پشتگیری مافی خودموختاری نەتەوەیی كوردستان و ئازەربایجان دەكەین)و (نابود باد همە اشكال ستم ملی/ ڕیسوا بێت هەموو شێوازێكی چەوساندنەوەی نەتەوەیی) لەگەڵ دروشمەكانی دیكەی حیزبدا بەرز كردەوە (100).

هەروەها لە یادی دەیەمین ساڵوەگەڕی مەرگی (د.ارانی)دا، ژمارەیەكی (مردم) كە تایبەت بوو بە یادی شەهیدانی مەزنی ئێران، ناوی ئەو ڕێبەرە نەتەوەییانەی كورد و ئازەری بە تێكۆشەر و شەهیدی ڕێگای ئازادی ئێران ناو بردوو، كە بە دەستی لەشكری شاهەنشاهی هەڵواسران و گوللە باران كران (101).

شایەنی باسە تودە لە سایەی تێزی نەتەوایەتی ستالین و ئەزمونی شورەویدا بەو شێوەیە قسەی لە كێشەی نەتەوایەی لە ئێراندا دەكرد، كە ئێران لە چەند میللەتی جیاواز پێكدێت، هەریەكەیان زمانی تایبەتی خۆی هەیە و لەوی دیكە جیاوازە، بەڵام تێكڕای ئەو میللەتانە لە پێناو هێنانەدی فەرەهەنگێكی دەوڵەمەند و خەباتێكی هاوبەش دژی فیوداڵیزم و زۆرداری و ئیمپریالیزم و بێ جیاوازی لە سەنگەرێكدا تێدەكۆشن. هەروەها ئەو باوەڕەی لا دروست ببوو، كە پێویستە ماركسیستەكانی ئێران دان بە فرە گەلی ئێراندا بنێن و هەوڵبدەن لە پێناوی بە هێز كردن و سەرخستنی خەباتی چینایەتی و دژی ئیمپریالیستیدا، دژایەتی ستەمی میللی لە ئێراندا بكەن، و ئەو ستەمە بە ڕوویەكی قێزەونی سیستەمی سەرمایەداری كۆمپرادۆری لەو وڵاتەدا بزانن، و بە جۆرێك مامەڵە لەگەڵ ئەو كێشەیەدا بكەن كە ببێتە هۆی لاواز كردنی پایە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی چینی فەرمانڕەوا و ئیمپریالیزم لە ئێراندا.

بێگومان ئاوڕدانەوەی حیزبی تودە و دانپیانانی بە كێشەی نەتەوایەتی لە ئێران و ستەمی سەر گەلانی غەیرە فارس مەسەلەیەك بوو كە بۆشاییەكی گەورەی لە بەرنامەی حیزبێكی ماركسی وەك تودەدا پڕ كردەوە، بەڵام خوێندنەوەیەكی ئابووری چینایەتی ئەو كێشەیە و گرێدانی بە سەركەوتنی خەباتی چینایەتی و دژی ئیمپریالیستی گەلی سەردەستەوە و بە زۆر كۆكردنەوەی چینە زەحمەتكێشەكانی تێكڕای گەلانی فارس و غەیرە فارس لە سەنگەرێكدا، ئەوەیان مەسەلەیەك بوو كە گیروگرفت و دوو فاقێیەكی ئێكجار زۆری لە پراكتیكدا دەهێنا گۆڕێ، و ستەمی نەتەوایەتی بە تەواوی بنبڕ نەدەكرد و یەكسانی و دادپەروەری نەتەوەیی وەدینەدەهێنا.

هەر بۆیە هیچ كاتێك حیزبی تودە مافی چارەنووس و دروستكردنی دەوڵەتی نەتەوەیی بە گەلە غەیرە فارسەكانی ئێران ڕەوا نەدەبینی و باسیشی لێوە نەدەكرد، و بگرە دژیشی دەوەستان و كارێكی وایان بە زیانی خەباتی (یەكگرتووی) چینە زەحمەتكێشەكانی ئێران بە دژی كۆنەپەرەستی و ئیمپریالیزم دەزانی، و پێیان وا بوو ئەو مافە هەل و مەرجی بە دەستەوە گرتنی دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی لە لایەن چینی بورجوراو نیمچە دەرەبەگی ناسیۆنالیستی نەتەوەی غەیرە فارسەوە فراهەمدەكات و ئێران (یەكپارچە) دەكاتە چەند دەوڵەتێكی ناسیۆنالیستی دژ بە یەك. مەسەلەیەكی وا كە زۆر بۆ پاشەوەی دەگێڕانەوە (102).

لە ڕاستیدا ئەم جۆرە دید و لێكدانەوەیەی حیزبی تودە سەبارەت بە كێشەی نەتەوایەتی و چۆنیەتی چارەسەر كردنی، و وێڕای ئەوەی فاكتەرێكی بنەڕەتی ناڕوونی و دژ بەیەكی هەڵوێستەكانی ئایندەی بوون لە مەڕ ئەو مەسەلەیە لە ڕووی تیۆر و پراكتیكەوە، كە لە باشترین حاڵەتیدا خۆی لە دانییانان بە مافی (خودگردانی) (103) دەبینیەوە، ئەوەی كە نەك هەر كێشەی نەتەوایەتی لە ئێراندا لە بەین نەدەبرد، بگرە شێوازێكی دیكەی لە پەیوەندی نا بەرامبەر و ستەمگەرانە لە نێوان ناوەندێكی بە هێزی فارسنشین و هەرێمە غەیرە فارسەكانی كوردستان، ئازەربایجان، عەرەبستان، بلوجستان….هتد، دەهێنایە گۆڕێ.

ئەوەش ئەو ڕاستیەمان بۆ ڕووندەكاتەوە كە حیزبی تودە لەو پەڕی توانا و هێز و نفوزی جەماوەریدا، ئامادە نەبووە هاوكاری و لایەنگری هیچ حیزب و ڕێكخراو و گروپێكی سیاسی نەتەوایەتی لە كوردستانی ئێراندا بكات، ئەگەر ئەو
حیزب و ڕێكخراوە پێشڕەوی و پێشەنگی حیزبی تودەی قبوڵ نەبێ و لە ژێر ئاڵای ئەنتەرناسیۆنالیزمی تودە دا لە سەنگەری دژ بە كۆنەپەرەستی و ئیمپریالیزمدا لە ئێرانێكی یەكپارچەی ناوەندگەرادا تێنەكۆشێ.
بۆ نموونە، كاتێك چەند لاوێكی شاری مەهاباد لە سەرەتای ساڵی 1948دا خوازیاری ژیاندنەوەی حیزبی دیموكراتی كوردستان بوون، بە هومێدی ئەوەی حیزبی تودە هاوكارییان بكات بەیاننامەیەك بە زمانی كوردی چاپ و بڵاوبكەنەوە و تێیدا بڵێن “حیزبی دیموكرات نەمردووە و زیندووە و بۆ وەدەست هێنانی ئامانجەكانی گەلی كورد درێژە بە خەبات دەدات” (104)، كەچی حیزبی تودە خۆی تێنەگەیاندن، ئاكامەكەشی وە بلوریان دەڵێت “پاش ئەوەی لە حیزبی تودە نا ئومێد بووین، بڕیارماندا دووكەس بنێرین بۆ كوردستانی عێراق و لە پارتی دیموكراتی كوردستان یارمەتی وەرگرین” (105).

بە هەر حاڵ پاش پەرەگرتنی جوڵانەوەی دیموكرتی سەرتاسەری و بزووتنەوەی خۆماڵیكردنی نەوتی ئێران بە ڕێبەرایەتی بەرەی نیشتمانی و د.مصدق لە سەرەتای پەنجاكاندا، حیزبی تودە توانی ئەم دەرفەتە بۆ خۆ ڕێكخستنەوە و پەرەپێدانی چالاكییە سیاسییەكانی بفۆزێتەوە، لێرەشەوە ڕێبەرایەتی حیزب بە لە بەر چاو گرتنی پێشینەی ئازادیخوازانە و هەل و مەرجی تایبەتی كوردستانی ئێران، لە هەوڵی ئەوەدا بوو خەونی كۆنی لە پەیدا كردنی نفوزی جەماوەری و كۆنترۆڵكردنی جوڵانەوەكەی كوردستان بێنێتە دێ، ئەویش لە ڕێگای خۆنزیككردنەوە لە حیزبی دیموكراتی كوردستان كە لەو قۆناغەدا سەر لە نوێ لە لایەن ژمارەیەك لاوانی خوێنگەرمی مەهابادی دامەزرابووە ولە نێوخەڵكیشدا ڕیشەی داكوتابوو، لە ڕاستیدا حیزبی تودە خوازیاری داماڵینی سروشتی كوردایەتی و نەتەوەیی حیزبی دیموكراتی كوردستان و گۆڕینی بوو لە ڕێكخراوێكی سەربەخۆوە بۆ شاخەی حیزبی تودە لە كوردستاندا.
بلوریان دەڵێت: “حیزبی تودە زانی حیزبی دیموكرات لە نێو خەڵكدا ڕیشەی هەیە و ئەندامانی بە نهێنی خۆیان ڕێكخستۆتەوە داوای پەیوەندی لێكردین”(106)، سەرەتای ئەو پەیوەندییەش لە ڕێگای صارم الدینی صادق وەزیری) خەڵكی سنە و دانشتووی تاران و وەكیلی پایەی یەكی دادوەریی و بە هۆی سەدیقی ئەنجیری ئازەر كە كارمەندی ئەو كاتەی باڵای ئیدارەی فەرهەنگ بوو لە تاران، ئەنجامدا تا دواتر لە بەهاری 1953دا حیزبی تودە چوار كادری پلە دووی خۆی ناردە كوردستان بە ناوی (عبدالرحمن قاسملو، بهنام، ئیحسانوڵڵا و جەوهەری) كە بە مەبەستی بارهێنانی ڕێبەران و ئەندامانی حیزبی دیموكراتی كوردستان بە بیری چەپی تودەیی و ئێرانچێتی و شورەویپەرەستی.

جۆری پەیوەندییەكەش وەك قاسملو نووسیویە “بەڕێوەبەری حیزبی تودە ئەو كاتە لەو بڕوایە دابوو كە هەم لە باری تەشكیلاتی و هەم لە باری سیاسییەوە ڕێكخراوەكانی حیزبی دیموكرات لە كوردستان دەبێ بە گشتی پەیڕەوی بەڕێوەبەری حیزبی تودە بێ، لە ڕاستیدا بەشێك بن لە تەشكیلاتی حیزبی تودە، بەڵام ناوی حیزبی دیموكرات بپارێزن و هەر بەو ناوەش درێژە بە تێكۆشانی خۆیان بدەن كە بە كردەوەش هەر وای لێهات” (107).

ئەم قسەیەی قاسملو ئەوەمان بۆ ڕووندەكاتەوە كە لە ئەنجامی ئەو پەیوەندییەدا حیزبی دیموكرات لە ڕووی سیاسی و ڕێكخراوەییەوە سەربەخۆیی خۆی لە دەستدا و بە پراكتیك بووە شاخەی حیزبی تودە لە كوردستان بە ناوی حیزبی دیموكرات، لە ڕووی ئیدۆلۆژیشەوەی ڕێبەرانی حیزبی دیموكرات پشتیان لە ناسیۆنالیزم و كوردایەتی كرد و لە ڕێگای كلاسی تایبەتەوە بوونە هەڵگری ئاڵای ئەنتەرناسیۆنالیزم بە ڕێبەرایەتی و شێوازە تودەییەكەی. مەسەلەیەكی وا كە تەسلیمكردنی ئاڵای جوڵانەوەی نەتەوایەتی گەلی كوردە بە ژمارەیەك ماركسیستی شۆڤێنستی فارس لە تاران، ئەوانەی لە بەر زۆر هۆ لە ڕەهەندە ڕاستەقینە سیاسی و مێژووییەكانی كێشەی كورد لە ئێران نەدەگەیشتن، و نە دەیانتوانی و نە مەبەستیشیان بوو لە پێناو ئامانج و ئاواتەكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانی ئێراندا تێبكۆشن، جگە لەوەی بۆ چەند ساڵ دەست و پێی حیزبی دیموكرات و ئازادیخوازانی كوردیان زنجیر كرد و تەواوی ماندووبوون و تێكۆشانی خەڵكی كوردستانیان كردە قوربانی سیاسەتی ناجێگیر و هەڵوێستە دژ بە یەكەكانی حیزبی تودە لە تاران.

بۆ نموونە، حیسامی نووسیویە “كاتێك قونسڵخانەی ئینگلیزی لە خوزستان بەسترا و ئاڵای ئێران لە ساختومانی شیركەتی نەوت هەڵكرا، لە سەرانسەری ئێران تیلگرافی پشتیوانی بۆ مصدق لێ درا، منیش لە نەغەدە تیلگرافی پشتیوانی و پیرۆزباییم بۆ دوكتۆر مصدق نارد… پاش ماوەیەك لە مەهابد نامەیەكم بۆ هات نووسرابو براەرانی سەرو (واتە ڕێبەرانی حیزبی تودە لە تاران ــ ل) لە تیلگرافی پیرۆزبایی تۆ ڕەخنەیان گرتوە…تیلگرافی پشتیوانی ئەو دەبێتە هۆی ئەوەكە خەڵك حكوومەتی مصدقیان پێ باش بێ” (108).

وەك لە پێشەوە ئاماژەی بۆ كراوە، وێڕای ئەوەی حیزبی تودە لە كۆنگرەی دووەمییەوە دانی بە فرەگەلی ئێراندا نابوو، و مافێكیشی بە ناوی (خودگردانی) ییەوە پێ ڕەوا بینیبوون و دژایەتی هەر شێوازێكی ستەمی نەتەوەیی لە ئێراندا ڕاگەیاندبوو، كە چی بە پراكتیك و لە كوردستان نە شتێك لەو بارەیەوە ڕەچاو كرابوو، نە تاقە هەنگاوێكیش نرابوو كە لە ڕووی زمان و فەرهەنگەوە، یا لە بارەی مافە سیاسی، نەتەوەیی و كۆمەڵایەتییەكان و هۆشی نەتەوایەتیەوە خزمەت بە گەلی كورد لە كوردستانی ئێران بكات، نەك ەر خۆی، بگرە حیزبی دیموكراتی كوردستانیشی لەو ئەركە هەڵپە ساردبوو، وەك حیسامی گوتوویە “ئێمە بە ناوی حیزبی دیموكرات كار و تەبلیغاتمان دەكرد، بەڵام لە واقیع دا وەك بەشێك لە ڕێكخراوی حیزبی تودەی ئێران بووین، بە تایبەت كادری بەڕێوەبەری خۆیان بە تودەیی دەزانی، برادەرانمان بە تاوانی تودەیی دەگیران… خەباتی نەتەوایەتی، تەبلیغات بۆ مەسەلەی كورد یا وەدەست هێنانی مافی نەتەوایەتی، هەر باس نەدەكرا، ئەساس و بناغەی تێكۆشانمان لە سەر

خەباتی چینایەتی دامەزرابوو، بە هیچ جۆر سەرەڕای ئەو هەموو ئیمكاناتە بیرێك لە دەركردنی ڕۆژنامەیەك بە زمانی كوردی نەدەكراوە، ڕێبەرایەتی حیزب تودە مەسەلەی نەتەوایەتییان جارێكیش نەهێنا گۆڕێ” (109).

هەروەها حیسامی لە شوێنێكی دیكەشدا ئاماژەی بەو ڕاستییە داوە و دەڵێت “ڕاستە لە نێو خەڵك تێكۆشان بە ناوی حیزب دیموكرات بوو، بەڵام هیچ بەرنامە و سیاسەتێكی نەتەوایەتی و كوردستانیمان نەبوو، دەستورات و ئەوامپری حیزبی تودە دەهاتن و بە گوێرەی ئەوان تێكۆشان بەڕێوە دەچوو” (110).

(سەعید كاوە)ش لە بیرەوەرییەكانیدا باس لە چۆنێتی بیر كردنەوەی نانەتەوەییانەی ڕێبەرانی ئەودەمی حیزبی دیموكراتی كوردستان كردووە و گوتوویە “لە بیرمە لە كۆبوونەوەی كادر و مەسئولاندا كاتی مەسەلەیەك دەهاتە پێش بیری حیزبی تودە بە سەر هەست و مێشكی كوردە سیاسییەكاندا زاڵ بوو، بە زاهیر ئەندامی حیزبی دیموكراتی كوردستان بوون، بەڵام مەسەلەی میللی و ڕزگار بوونی كورد هەر باسیشی لێ نەدەكرا” (111).

لەوەش زیاتر كاتێكی ناڕەزایەتی وەرزێرانی كوردستان دژی زۆڵم و ستەمی دەرەبەگە شاپەرەستەكان پێ بە پێی خەباتی دیموكراتیكی سەرتاسەری دژی دەربار و ئیمپریالیزمی بەریتانی بە ڕێبەرایەتی بەرەی نیشتمانی لە گەشە كردندا بوو، ململانێ چینایەتییەكان لە ناوچەی بۆكان گەیشتە ڕادەی تەقینەوە و ڕاپەڕینی وەرزێران لەو ناوچەیە بە سەركردایەتی (حاجی قاسم) كە لایەنگری بەرەی نیشتمانی بوو، دەستیپێكرد(112)، بە داخەوە كۆمیتەی سەركردەیی لە مەهاباد (واتە حیزبی دیموكراتی كوردستان ــ ل)و ڕێبەرانی حیزبی تودەش نەیانتوانی ڕاپەڕین ەب هێزكەن و بۆ لای شۆڕشێكی ڕاستەقینە پاڵی پێوەبنێن” (113).

هەروەها (هێمن) وێڕای ئەوەی داخ بۆ ئەوە هەڵدەكێشی كە حیزبی دیموكرات درەنگ جوڵاوەتەوە و وەك پێویست لەگەڵ ئەو ڕاپەڕینە ڕەسەنەدا مامەڵەی نەكردووە، گازندەشی لە هەڵوێستی خۆ گێل كەرەی حیزبی تودە لە مەڕ ئەو ڕاپەڕینەوە كردووە و ڕەخنەی ئەوەی لێگرتوون، كەلەگەڵ ئەو هەموو توانا و ئیمكاناتەی هەیانبووە، چ یارمەتییەكیان بە جوتیارە ڕاپەڕیوو دواتر وەدەرنراوەكان نەكردووە (114). جگە لەوەش هەوڵدرا شێوازی سەركوتی خوێناوی ڕاپەڕینەكە بكرێتە بیانوویەك بۆ هێرشكردنە سەر مصدق و حكوومەتی بەرەی نیشتمانی، وەك ئەوەی لێپرسراوی كۆمیتەی وەرزێرانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی لە ناوچەی نەغەدە، لە كۆبوونەوەیەكی جەماوەریدا بە خەڵكی ڕاگەیاند: “برایانی بەڕێز، زەحمەتكێشانی شاروگوند، وەك دەبینن حكوومەتی دوكتۆر مصدق لە هەموو شوێنێ پشتیوانی لە دەرەبەگەكان دەكات، ئێستا بە پشتیوانی لەشكری مەهاباد و بە تانك و تۆپەوە چونە سەر وەرزێرانی ناوچەی بۆكان و فەیزوڵڵابەگی”(115).

بەم چەشنە، لە بیركردنی كێشەی نەتەوایەتی گەلی كورد، وەڵامنەدانەوە بە پێویستییە واقعییەكانی كۆمەڵگای كوردەواری، دیارینەكردنی سنوور و ڕێ و شوێێك بۆ پەیوەندییەكانی نێوان حیزبی دیموكرتی كوردستان و حیزبی تودە،دوور كەوتنەوە لە كوردایەتی و خۆ بەستنەوە بە حیزبی تودەی پێشەنگی چینی (پرۆلیتاریا)ی ئێران و

سیاسەتە دژ بە یەكە سەرەڕۆكانی لە لایەن ڕێبەرایەتی حیزبی دیموكراتی كوردستانەوە، نەك هەر زەمینەی بۆ دەركەوتنی چەند حیزبی دیكەی وەك (حزب سادات)و (حزب سعادت ملی) لە كوردستان ڕەخساند(116)، و بەشێكی چینەكانی كۆمەڵگای كوردەواری لە حیزبی دیموكرات دوورە پەرێز ڕاگرت، بگرە بووە ماكێكی خراپ و پەتایەكی درێژخایەن لە بەدەنی حیزبی دیموكراتی كوردستاندا و گیانی چەپگەرایی و ئێرانچێتی بە سەر گیانی نەتەوایەتی و كوردستانی بووندا زاڵكردو بووە بەردی بناغەی تەواوی پەرت بوون و ناكۆكییە ئایندەییەكای ڕێبەرایەتی حیزبی دیموكراتی كوردستان و دابەشبوونی ئەو ڕێبەرایەتییە بە سەر چەپ و ڕاست، ناسیۆنالیست و ئەنتەرناسیۆنالیست، شۆڕشگێڕ و سوپەر شۆڕشگێڕ…هتد كە جگە لە زیان قازانجێكی بە مەسەلەی نەتەوایەتی كورد لە ئێران نەگەیاندووە.
لەوەش بترازێت، حیزبی تودە لێرە بە دوا هیچ كات ئامادە نەبووە حیزبی دیموكراتی كوردستان وەك حیزبێكی سەربەخۆی خاوەن ڕێبازی كوردایەتی بناسێت، و هەمیشە وەك شاخەیەك خۆی لە كوردستاندا تێی ڕوانیوە و هەوڵی ئەوەی داوە حیزبی دیموكرات ئەو ئەشكەوتە بە تاڵە بێت سەدای تودەی تێدا دەنگباتەوە، مەسەلەیەكی وا كە بۆ خودی حیزبی تودە و بۆ جوڵانەوەی نەتەوایەتی گەلی كوردیش لە ئێران زیانێكی بێ قەرەبوو كردنەوەی گەیاند.
بە هەر حاڵ، بە سەكەوتنی كودەتای ئابی 1953 و ڕوخاندنی حكوومەتی مصدق، لە كوردستانیش وەك ناوەند و زۆربەی هەرێمەكانی دیكەی ئێران لەشكر و هێزە شاپەرەستەكانی دەسەڵاتیان گرتەوە دەست و بە ئاسانی خۆیان سەپاندووە، ڕابەر و كادرەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستان بە چاولێكەری و وەك وابەستەیەكی ڕێبەرایەتی تودە لە تاران بێ هەڵوێست دۆش دامابوون، حیزبی تودەش وەك گوترا لە هەوڵی تیۆر داتاشیندا بوو تا شكستی جوڵانەوەی دیموكراتی بخاتە گەردنی بەرەی نیشتمانی و خۆی لە هەر لێپرسراوییەك بدۆزێتەوە، ئەوەش چ لە سەر حیزبی تودە و چ لە سەر حیزبی دیموكراتی كوردستان گران كەوت، لە كوردستان ژمارەیەكی زۆری خوێندكار و لاوە خوێنگەرمەكان و كادرەكانی پلەی خوارەوەی حیزبی دیموكرات یا بە تەواوی وازیان هێنا، یا خود ڕوویان لە پاشماوەی بەرەی نیشتمانی كرد (117).

لە لایەكی ترەوە، شاڵاوی بەرفراوانی دەزگا سەر كوتگەرەكانی ڕژێمی شاهەنشاهی بۆ سەر ڕێكخراو و بارەگا و ئەندامەكانی حیزبی تودە لە تاران و گرتنی بەشێكی بەرچاوی ڕێبەرایەتی ئەو حیزبە و بڵاوكردنەوەی پەشیماننامەكانیان لە ڕۆژنامە ڕەسمییەكانی میریدا، هەروەها سەرقاڵبوونی ڕژێم بە لێدانی ئۆپۆزیسیۆنی سەرتاسەری وەك ڕاوەدوونانی ئەندامانی بەرەی نیشتمانی و كەسایەتییە مەزهەبییەكان لە شارە گەورەكاندا، هەل و مەرجێكی بۆ ڕێبەرانی حیزبی دیموكراتی كوردستان هێنایە پێش كە بڕیار لەوە بدەن بۆ پاراستنی ڕێكخستنەكانی خۆیان و بە كەڵك وەرگرتن لە فەزای تا ڕادەیەك ئاوەڵای گوندەكانی كوردستان، سەربەخۆ لە ڕێبەرایەتی حیزبی تودە كە زۆربەیان یا بەرە و شورەوی هەڵاتبوون، یا خود گیرابوون و بەڵێنی هاوكارییان بە دەزگا سەركوتگەرەكانی ڕژێم دابوو، لە سەر كاروچالاكی خۆیان بەردەوام بن.

هەر بۆیە لە بەهاری ساڵی 1955دا ڕێبەرایەتی حیزبی دیموكراتی كوردستان لە تاران كۆبوونەوە و بڕیاریاندا پەیوەندی تەشكیلاتی لەگەڵ حیزبی تودە دا بپچڕێنن و نامەیەكی ڕەخنە ئامێزیش سەبارەت بە بێ هەڵوێستی حیزبی تودە لە مەڕ كودەتای 19ی ئاب بنووسن و حیزبی كۆمۆنیستی شورەوی لێ ئاگادار بكەنەوە، ئەو بڕیارەی لە یەكەمین كۆنفرانسی حیزبی دیموكراتی كوردستاندا لە ناوچەی (لاجان) لە مایسی 1955دا جەختی لە سەر كرایەوە و هەنگاوی بۆنرا (118)، شایەنی باسە پاش دابەشكردنی ئەرك و ڕێكخستنەوەی ڕێبەرایەتی، حیزبی دیموكرات چالاكییە كانی خۆی لە كوردستانی ئێراندا پەرەپێدا، و سەرلەونوێ ڕۆژنامەی (كوردستان)ی ئۆرگانی حیزبی بە زمانی كوردی بە چاپ گەیاندەوە، هەروەك قاسملو لە نامەیەكیدا بۆ مەلامستەفای بارزانی نووسیوە: “كاری حیزبی دیموكراتی كوردستان بە تایبەت پاش كودەتای ساڵی 1953 پەرەی گرت چونكە حیزب دەستی كرد بەوە سەربەخۆ كار بكات و كاری كوردستان هەر خۆی بەرێتە پێش” (119).
بەڵام جێگای سەرنجە، خودی قاسملو كە پێشتر وەك ئەندامێكی ڕەسمی حیزبی تودە سەرپەرەشتی پەیوەندییەكانی حیزبی تودەی ئێران و ڕێبەرایەتی حیزبی دیموكراتی كوردستانی دەكرد، بڕیارەكەی كۆبوونەوەی تاران و كۆنفرانسی یەكەمی حیزبی دیموكراتی لە بەرچاو نەگرت و لە سەر پەیوەندییەكانی خۆی بە ڕێبەرایەتی حیزبی تودەوە بەردەوام بوو، ئەوەش هەل و مەرجێكی هێنایە كایەوە كە دەزگا سەر كوتگەرەكانی ڕژێمی شاهەنشاهی پاش ئەوەی خودی قاسملۆیان خستە داو، ئاوڕێكی جیددی تر لە چالاكییەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستان و ئەندامەكانی بدەنەوە و خۆبۆ ئەوە ئامادە بكەن گورزێكی توندی لێوەشێنن، ئەو گورزەی كە پاش جێگیر بوونی لقەكانی دەزگای (ساواك) لە شار و شارۆچكەكانی كوردستانی ئێران لە ساڵی 1957دا پلانی بۆ داڕێژراو لە شەوی 2/3ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1959 بە جۆرێكی وا سرەوێندرایە حیزبی دیموكراتی كوردستان كە لە بناغەوە هەڵیتەكاند و زیاتر لە 200 ــ 300 ئەندامی ڕێبەرایەتی و كادر و لایەنگری حیزبی راپێچی زیندانە تاریكەكانی ڕژێمی شاهەنشاهی كرد (120).

2/1/3: هەڵوێستی حیزبی تودە لە قۆناغی ئاوارەییدا

گەر بمانەوێت سەبارەت بەهەڵوێستی حیزبی تودە لە حاست كێشەی نەتەوایەتی گەلی كورد و ڕووداوەكانی كوردستانی ئێران لە دەورانی ئاوارەیی ڕێبەرایەتی تودە لە شورەوی و ئەوروپای ڕۆژهەڵات قسە بكەین، ئەوا سەرچاوە و دكۆمێنتە مێژووییەكان ئەوەمان بۆ دەسەلمێنن كە ئەو هەڵوێستە هەر وەك پێشوو نادیار و تەم و مژاوی و زۆرجار هەلپەرەستانەبووە، دیارە وەك پێشتریش ئاماژەی بۆ كراوە ئەم قۆناغەی مێژووی حیزبی تودەی ئێران قۆناغێك بوو كە مەسەلەكانی: وابەستەبوونی یەكجارەكی حیزب بە سیاسەتی شورەوی، توندوتیژ بوونی ناكۆكییەكانی نێو ڕێبەرایەتی و پەرتبوونی ماوییەكان، دزەكردنی بەكرێگیراوانی ساواك بۆ نێو ڕیزەكانی حیزب…هتد، ئەوانە ڕوخساری سەرەكی قۆناغەكە بوون و مەسەلەی هەڵوێست وەرگرتنی جیددی لە حاست ڕووداوەكان و پراكتیز كردنی تێكۆشانی ڕاستەقینە دژی ڕژێمی شاهەنشاهی لە پەراوێزدا بوون.

بە گشتی دەتوانرێت بگوترێت، هەڵوێستی حیزبی تودە لە حاست كێشەی نەتەوایەتی لە ئێران بە گشتی، و سەبارەت بە كێشەی نەتەوەیی گەلی كورد بە تایبەتی، لە قۆناغی ئاوارەیی دا هەروەك ئەو هەڵوێستەیان وابوو كە لە پێش كۆنگرەی دوودا لە ساڵی 1948 سەبارەت بەو كێشەیە گرتبوویانە بەر، واتە خۆگێلكردن و بایەخنەدان و ئاوڕنەدانەوە. لە ڕاستیدا حیزبی تودە سەرەتا لە پەیجوی ئەوەدا بوو هەل ومەرجی ئاوارییەكە لە ئەوروپا بقۆزێتەوە تا ڕێكخراوە هەرێمییە غەیرە فارسە چەپەكانی وەك فیرقەی دیموكراتی ئازەربایجان و حیزبی دیموكراتی كوردستان بە تەواوی لە نێوخۆیدا بتوێنێتەوە و بە فیعلی خۆی وەك پێشەنگ و پێشڕەو و تاكە حیزبی چینی كرێكاری ئێران و لایەنگری بەرەی پێشكەوتووخواز و بلۆكی سۆسیالیزم ڕاگەیەنێت، لەم لایەنەشەوە حیزبی تودە توانی لە كۆنفرانسی حەوتەمدا كە بە ناوی (یەكگرتن) لە 19 ــ 28 تەمووزی 1960دا لە مۆسكۆ بەسترا فیرقەی دیموكرات ڕاكێشێتە نێو حیزبی تودەوە (121). بەوەش فیرقەی دیموكراتی ئازەربایجان كۆتایی هات.
بەڵام حیزبی دیموكراتی كوردستان چارەنووسێكی دیكەی لە فیرقەی دیموكراتی ئازەربایجان گرتە بەر، چونكە ڕێبەرایەتییەكەی پاش پەلامارەكەی ساواكی ساڵی 1959 بە تێكڕا هەڵنەهاتنە ئەوروپا، بەڵكوو ئەوانەی بەر پەلامارەكە نەكەوتن، كشانەوە سەر سنوورەكانی كوردستانی ئێران و ئاودیوی خاكی كوردستانی عێراق بوون، بەوەش نەكەوتنە ژێر ڕەحمەتی ڕێبەرایەتی هەڵاتووی حیزبی تودە و دەسەڵاتدارانی شورەوییەوە.

لێرەدا دەبێت ئەو ڕاستییە بدركێنرێت، كەوێڕای ئەوەی حیزبی دیموكراتی كوردستان لە ساڵی 1955ەوە بڕیاری پچڕانی پەیوەندی تەشكیلاتی خۆی لەگەڵ حیزبی تودەدا، بەڵام تا ساڵی 1960 یش زیاتر عەقڵییەتێكی چەپی دوور لە نەتەوایەتی بە سەر ڕێبەرایەتی حیزبی دیموكراتدا زاڵ بوو، جگە لەوەی ئەو حیزبە تودە لە قەڵەم دەدا و باسی لە (بەرەی یەكگرتوو) دەكرد.

ئەوەتا بەیاننامەیەكی حیزبی دیموكراتی كوردستان كە بە بۆنەی یادی سێزدە ساڵەی ڕووداوی لە سێدرەدانی پێشەوا و هاوڕێیانی لە 10ی خاكە لێوەی 1339/ 21 ئاداری 1960دا بڵاوكراوەتەوە دەڵێت “بەر قەرار بێتەوە بەرەی یەكگرتوو لە نێوان (حیزبی دیموكراتی كوردستان) و (حیزبی تودەی ئێران)و (فیرقەی دیموكراتی ئازەربایجان) و (حیزبی ئێران) و حیزبەكانی تری نیشتمانی پێشكەوتوو بۆ ئازادی ئێران” (122)!!.

بەڵام پاشتر، حیزبی دیموكراتی كوردستان لە سایەی ڕێبەرایەتی (عبداللە اسحاقی) ناسراو بە (ئەحمەد توفیق)، و لە ژێر كاریگەری ڕووداوەكانی كوردستانی عێراق و هەستی هەڵچووی نەتەوایەتیدا، بە تایبەتی پاش هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلولی كوردستانی عێراق و پەرەگرتنی كوردایەتی، لە ڕێبازی چەپگەرایی و ئێرانچێتی بای داوە و ڕێبازی نەتەوایەتی و كوردستانییەتی گرتە بەر، وپەیوەندی لەگەڵ پارتە كوردییەكانی وەك (پارتی دیموكراتی كوردستان ـ عێراق) و (پارتی دیموكراتی كوردستانی سوریا) دامەزراند، و هەوڵیدا سەربەخۆ و لە پێناوی بەرژەوەندی نەتەوایەتی گەلی كورد، نەك چینی پرۆلیتاریای ئێران، پەیوەندی لەگەڵ پارتی كۆمۆنیستی شورەویدا هەبێت (123). ئەوەش بە تەواوی لە حیزبی تودەی دوور خستۆتەوە، ئەو ئەندامانەش كە لە بەر عەقڵییەتی تودەییان ئەم ڕێبازە نەتەوایەتییەی ئەحمەد تۆفیقیان قبووڵ نەبوو، ڕێگای ئەوروپای خۆرهەڵاتیان گرتە بەر و گەڕانەوە بۆ لای حیزبی تودە.

حیزبی تودەش لە ئەوروپای خۆرهەڵات، لەم قۆناغەدا تاقە ئیشێكی كە پەیوەندی بە كوردەوە هەبێت كردی ئەوە بوو، كەدوای ڕاكشانی فیرقەی دیموكراتی ئازەربایجان بۆ نێو حیزبی تودە، بڵاوكراوەی (كوردستان) یان هەڵگرت كە بە لاپەڕیەك و بە زمانی كوردی لە ڕۆژنامەی (ێ‌ژربایجان)ی ئۆرگانی فیرقەدا بۆ ماوەی پازدە ساڵ لە باكۆ بڵاوكرایەوە، ئینجا وەك حیسامی دەڵێت “هەموو هەوڵ و تەقەلایان هەر ئەوە بووكە بە هۆی كاك عەلی گەلاوێژ و كاك ڕەحیمی قازی (دوو كوردی ئەندامی سەركردایەتی فیرقە بوون و تێكەڵاوی تودە بوون ـ ل)…. وە بە هۆی دوكتۆر قاسملو وكاك حەسەنی قزڵجی و من (واتە حیسامی ـ ل)… حیزبی دیموكرات وەك فیرقەی ئازەربایجان بكەن بە ڕێكخراوی حیزبی تودە ئێران لە كوردستان” (124).

پێویستە بگوترێت، گەرمبوونی ڕووداوەكانی كوردستانی عێراق و هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلولی ساڵی 1961و ئەو هەواڵ و هەڵوێستە ئیجابییانەی زۆربەی هێزە ئازادیخواز و چەپەكانی ناوچەكە بە حیزبی شیوعی عێراقیشەوە (لە ڕاستیدا پاش ئەوەی بەعسییەكان قەسابخانەیان بۆ دانان) بڵاویان دەكردەوە و گرتیانە بەر،نەبووە هۆی ئەوەی حیزبی تودە بە قازانجی كورد هەڵوێستێك وەرگرێت، یا هەر هیچ نەبێت لە ڕادیۆ كەیانەوە كە بە ناوی (پەیكی ئێران)ە وە لە سۆفیای پایتەختی بولگاریاوە بەرنامەكانی خۆی پەخش دەكرد، هەواڵی ڕووداوەكانی كوردستان و لەشكركێشی و وێرانكارییەكانی سوپای عێراق بڵاوبكاتەوە، ئەوە لەكاتێكدا بوو كە بەشێكی بەرچاوی ئەندامانی حیزبی دیموكراتی كوردستان بە ئەحمەد تۆفیقی سكرتێریانەوە لەو شۆڕشەدا پێشمەرگە بوون دژی پەلامارەكانی سوپای عێراق لە سەنگەری بەرگریدا بوون (125)، ئەوەش بۆ كوردەكانی ناو حیزبی تودە كەسەرێكی گەورە بوو، هەر بۆیە دوكتۆر ڕەحیمی قازی لە نامەیەكیدا سەبارەت بە بەشە كوردییەكەی ڕادیۆی پەیكی ئێران نووسیویە “پەیكی ئێران بە كوردی نەبوونی لەمە باشترە”(126)، یا خود وەك حیسامی دەڵێت “هیچمان لە سیاسەتی حیزبی تودە سەبارەت بە مەسەلەی كورد ڕازی نەبوین” (127).

هەر بۆیە حیسامی كە ئەو دەم بێژەری بەشە كوردییەكەی ڕادیۆی پەیكی ئێران بوو، سەبارەت لەو بێ هەڵوێستی و خۆگێلكردنەی ڕێبەرایەتی حیزبی تودە لە مەڕ كێشەی كڵپەسەندووی نەتەوەیی گەلی كورد، نامەیەكی ڕەخنە ئامێزی ئاراستەی كۆمیتەی ناوەندی حیزبی تودەی ئێران كردووە كە تێیدا هاتووە “هەر لە ڕێفۆرمی شاەوە بگرە تا ڤێتنام و هاڤانا… لە كونگوو انگولا و امریكای لاتین وە بگرە تا پاكستان و عەدەن و عومان و بەحرەین باسدەكرێت كەچی باسێك لە بزووتنەوەی دیموكراتیكی گەلی كورد لە ئێران ….نییە، دیارە ئەوەش شتێكی لە خۆڕا نییە، چونكە كاتێك كە بە فەرمانی ڕێبەرایەتی حیزب و لە یادی بیست ساڵەدا دروشمەكەی (بژی گەلی كورد)ی فیرقەی دیموكراتی ئازەربایجان بسڕێتەوە، مەعلومە كە یادەوەری بزووتنەوەی دیموكراتیكی گەلی كورد لای ڕێبەرایەتی حیزب شوێنێكی نابێ” (128).

هەروەها عەلی گەلاوێژ لە نامەیەكیدا سەبارەت بەو بێ هەڵوێستییەی حیزبی تودە لە حاست ڕووداوەكانی كوردستاندا گوتوویە “هیوادارم خەباتی پیاوانەی میلتی كورد بلاخرە ئەم بێ خەبەرانە حاڵی بكات كە لە گوێی گادا نەنستوون و چاو لە حقیقت نوقاندن ناتوانێ صدمە بە كوردان بگەینی، بەڵكوو ماڵی ئەو كەسە وێران ئەكات كە چاوی نوقاندووە و گوێی خۆی ئاخنیوە” (129).

شایەنی باسە زیاتر توندوتیژ بوونی ڕووداوەكانی كوردستانی عێراق و شۆڕشی چەكدارانەی گەلی كورد لەو پارچەیەی كوردستاندا لە لایەك، و پەرەسەندنی ڕەوتی چەپی نوێ و بیرۆكەی خەباتی چەكدارانەی شۆڕشگێڕانە بە پشت بەستن بە ئۆردووی چینی جوتیاران و زەحمەتكێشان لە ژێر تیشكی خەبات و ئەزموونەكانی گەلانی ژێر دەست لە كوبا و ڤێتنام و جەزائر، و لەسایەی ڕێبازی (ماویزم)دا، لە نێو ڕۆشنبیرە ئێرانییە چەپەكان و خوێندكارە لاوە كوردە ماركسیستەكانی كوردستانی ئێراندا لە لایەكی دییەوە، هەل و مەرجەكەیان بەرەو ئاقاری هەڵگیرساندنی ڕاپەڕینێكی چەكدارانە بە دژی ڕژێمی شاهەنشاهای لە كوردستانی ئێراندا برد، بە تایبەتی پاش ئەوەی كە بەشێكی ئەو لاوە كوردە ماركسیستانە بە چاولێكەری (مهدی خانبابا تهران، بیژن حكمت، كورش لاشائی، محسن رچوانی)لە ساڵی 1963دا لە حیزبی تودە جیابوونەوەو ماویزمیان كردە ڕێباز و بە ناوی (سازمان انقلابی حزب تودە/ ڕێكخراوی شۆڕشگێڕانی حیزبی تودە) هەڵدەسوڕان، ئەوانیش لەگەڵ بەشێكی كادرەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستاندا لە 14ی ئەیلولی ساڵی 1966دا (سازمان انقلابی حزب دمكرات كردستان)یان پێكهێناو، لە بەهاری ساڵی 1967دا ڕاپەڕینی چەكدارانەیان لە كوردستانی ئێراندا تەقاندەوە، ئەو ڕاپەڕینەی نزیكەی هەژدە مانگی خایاند و پاش بە كارهێنانی سەركوت و توندوتیژییەكی كەم وێنە لە لایەن ڕژێمی شاهەنشاهییەوە دامركێنرا (130).
لە ڕاستیدا هەر چەندە حیزبی تودە لەم قۆناغە مەسەلەی نەتەوایەتی لە ئێران دا بە خانەی فەرامۆشی سپاردبوو، و بایەخێكی ئەوتۆشی بە كێشەی پەرەگرتووی كورد نەدەدا، بەڵام لەگەڵ دامەزراندنی سازمانی ئینقلابی حیزبی دیموكراتی كوردستان و بەستن و پتەوبوونی پەیوەندییەكانی و نزیكبوونەوەی ڕێبەرایەتی لە سازمانی ئینقلابی حیزبی تودە، وكەوتنەوەی هەواڵی ئەگەری هەڵگیرساندنی جوڵانەوەیەكی چەكدارانە دژی ڕژێمی شاهەنشاهی لە كوردستانی ئێران، حیزبی تودە لەگەڵ ئەوەی بڕوایەكی بە خەباتی چەكداری شۆڕشگێڕانە نەبوو (131)، كەچی بە پەلە هەڵپەرەستانە كەوتەخۆ، و د.رادمنشی سكرتێری حیزب لەگەڵ چەند ئەندامێكی كوردی تودەیی بە هەڵەداوان خۆیان گەیاندە بەغدای پایتەختی عێراق و لە 9ی شوباتی 1968دا، لەگەڵ چەند ئەندامێكی ڕێبەرایەتی سازمانی ئینقلابی حیزبی دیموكراتی كوردستاندا كۆبوونەوە و پاش گفتوگۆ ڕێكەوتننامەیەك لە نێوان هەر دوو لادا بەستراو بەیاننامەیەكی هاوبەشیان بە زمانی فارسی دەركرد (132).
شایەنی باسە، حیزبی تودە مەبەستی لەم كۆبوونەوەیە، هەروەك لە بەیاننامەكشدا دەردەكەوێت بریتیبوو لە:

أ ــ بە پەراوێزكردنی كێشەی نەتەوایەتی كورد لە ئێران و لە قەڵەمدانی جوڵانەوە چەكدارانەكەی كوردستان لە بەشێك لە خەباتی گەلانی ئێران و نیشاندانی وەك جوڵانەوەیەكی چینایەتی بە دژی كۆنەپەرەستی شاهەنشاهی و ئیمپریالیزم.

ب ــ قسە كردن لە بەلشەفە كردنی ئێران وەك تاكە چارەسەرێكی كێشەی نەتەوەكانی ئەو وڵاتە بە كوردیشەوە، مەسەلەیەكی وا كە ئەزموونێكی شكستخواردوو و ناكام بوو، جگە لەوەی چاولێكەری و تێنەگەیشتن بوو لە هەردوو واقیعەكەی شورەوی و ئێران و زیاتر بەزیان بۆ كێشەی نەتەوایەتی و چارەسەر كردنێكی زانستیانە و ئازادانەی ئەو كێشەیە كۆتایی دەهات.

جـ ــ هەوڵدان بۆ سڕینەوەی ناو و كارەكتەری سەربەخۆی حیزبی دیموكراتی كوردستان و بە فیرقەیی كردنی، تا لە ئایندەیەكی نزیكدا لە نێو حیزبی تودەی دایك و پێشڕەودا بتوێتەوە.
ع ــ نیشاندانی حیزبی تودە وەك دۆستێكی ستراتیژ و دابینكەری پێویستییە مادی ومەعنەوییەكانی جوڵانەوە چەكدارانەكەی كوردستانی ئێران، ئەوەش لە لایەكەوە جوڵانەوەكەی لە سازمانی ئینقلابی حیزبی تودە دوور دەخستەوە، لە لایەكی تریشەوە كز كردن و هێشتنەوەی ئەو ڕاپەڕینە چەكدارییە بوو لە كوردستانی ئێران و هومێدی گەیشتنی هاوكارییەكانی حیزبی تودە كە هیچ شتێكی دیار نەبوو.

دیارە كۆمیتەی ئێرانی حیزبی تودە لەو دەمەدا نەك هەر بە قازانجی جوڵانەوەكە و پێشكەشكردنی هاوكاری و زەمینە خۆشكردنی سەركەوتنی كارێكی پێ نەدەكرا، بەڵكوو ڕێبەرایەتییەكەی بە دەست كەسایەتییەكی ساواكی وەك (عباس شهریاری) یەوە بوون كە زۆر دوور نییە زانیاری زۆر ووردی لە سەر دەستە چەكدارەكانی سازمانی ئینقلابی حیزبی دیموكراتی كوردستان پێشكەش بە دەزگای جاسووسی و سەركوتی ساواك نەكردبێت، چونكە هێندێك هەواڵ دەگەیشتنە ئەو دەزگایە كە تەنیا ڕێبەرەكانی سەركردایەتی حیزبی تودە و چەكدارە شۆڕشگێڕەكانی لێ ئاگادار بوون، بۆ نموونە هەر خودی كۆبوونەوە دوو قۆڵییەكی 9ی شوباتی 1968 لە بەغدا، كە پاش دوو هەفتەی تەواوی خواس و باسەكانی بە ڕاپۆرتێك گەیشتوونەتە ساواك (133).

ئەوەی جێی تێڕامانە، یەكێكە لەو ڕاپۆرتانەی كە لە بەرواری 25ی شوباتی 1968 و لە ژێر ناونیشانی (دژایەتی حیزبی تودەی هەڵوەشا و لەگەڵ ڕاپەڕینی چەكداری لە كوردستانی ئێراندا) گەیشتۆتە ساواك، لەم ڕاپۆرتەدا باس لەوە كراوە كە دەوڵەتی شورەوی مەسەلەی جوڵانەوەیەكی چەكدارانە لە كوردستانی ئێراندا بەفیكی ماوییەكان دەداتە قەڵەم و ئێستاكێ بە بوونی چەكدارە كوردەكان لە ئێراندا خۆشحاڵ نییە، هەر بۆیە د.رادمنش، ڕەحمان قاسملو و كریم حیسامی چوونەتە بەغدا تا پەیوەندی بە نوێنەری چەكدارە شۆڕشگێڕەكانەوە بكەن و تێیان بگەیەنن كە ئەمێستا كاتی شۆڕش نییە و جارێ لەو مەسەلەیە خۆ بپارێزن و هەوڵدەن لە بەغدا بمێننەوە (134).
هەواڵێكی لەو جۆرە تا ڕادەیەكی زۆر ڕێی تێدەچێت، چونكە دژایەتیكردنی شورەوی لەگەڵ هەر هەوڵێكی هەڵگیرساندنی جوڵانەوەیەكی چەكدارانە لە ئێراندا بە دژی ڕژێمی شاهەنشا و نفوزی ئیمپریالیزم لە چەند ڕاستییەكەوەسەرچاوەی دەگرت، لە لایەكەوە یەكێتی شورەوی لەو سەردەمەدا سیاسەتی سنگ دەرپەڕاندن و خۆ گیڤكردنەوەی دەورانی ستالینییەتی لە بەرامبەر بلۆكی سەرمایەداریدا لە گۆڕنابوو، و سیاسەتێكی نوێی بە ناوی (پێكەوە ژیانی ئاشتیخوازانە) لە بەرامبەردا كردبووە ئەلتەرناتیڤ( 135)لە لایەكی تریشەوە پەیوەندییە ئابووری و هونەری و بازرگانییەكانی نێوان ئێران و شورەوی لە سەرەتای شەستەكانی سەدەی بیستەوە تا دەهات باشتر و گەرمتر دەبوو، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە 1ی مارتی 1967دا ڕێكەوتننامەیەكی ئابووری لە نێوان هەر دوو دەوڵەتدا بەسترا، ئەو ڕێكەوتنەی كە نرخی كاڵای نێردراوی ئێرانی لە 20 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 70 ملیۆن دۆلار لە ماوەی یەك ساڵدا بەرز كردەوە و زۆری پێنەچوو شورەوی بووە بازاڕێكی چاكی ساغكردنەوەی كاڵای ئێرانی، و خۆشی كانزا وئاسن و چیمەنتۆی دەدایە ئێران و لە چەند ساڵی داهاتوو دا ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو دەوڵەت لە ملیارێك زیاتر تێدەپەڕێ (136).

هەر بۆیە حیزبی تودە كە لە بنەڕەتەوە بڕوایەكی بە كێشەی نەتەوەیی كورد و جوڵانەوەی چەكداری لە ئێراندا نەبوو، هەروەها لە سەر سفرەوخوانی شورەوی و وڵاتانی ئەوروپای خۆرهەڵات میوانی بوو، چاوەڕێی ئەوەی لێ نەدەكرا كە بەڵێنەكانی سەبارەت بە یارمەتی چەك، پارە، دەرمان و دەزگای چاپ…هتد بۆ جوڵانەوەی چەكدارانەی كوردستانی ئێران بێنێتە دی، بە قەوڵی حەسەنی قزڵجی “ئەو نووسین و بێرە و بەرە و كۆبوونەوە هەمووی ڕاوی سەر كاغەزە و هیچی تر” (137).

بێگومان ئەوەش بە فاكتەرێكی شكستی جوڵانەوەكەی ساڵانی 1967 ــ 1968 دادەنرێت، فاكتەرێك كە لەگەڵ سەرجەم كەمووكورتییەكانی دیكەی حیزبی تودە دا كاریگەرێكی مەزنی كردە سەر ڕۆحییەتی ئەندامە كوردە تودەییەكان و لە بێ هەڵوێستی و سیاسەتی هەلپەرەستانەی ئەو حیزبە هەراسان بوون، ئەوەتا یەكێك لەو ئەندامانە لە نامەیەكی ڕەخنە ئامێزیدا بۆ كۆمیتەی بەڕێوەبەرایەتی حیزبی تودەی نووسیوە “بەڵام بە داخەوە كاری هەڤاڵانی كۆمیتەی ناوەندی لەم بارەیە(واتە سەبارەت بە جوڵانەوەكەی كوردستانی ئێران ــ ل) وەك كارەكانی پێشوویان بریتیبوو لە: سستی، خۆدزینەوە، بڕیارنەدان و سەرەئەنجام بێ بەرنامەییە… دەربارەی هاوكاری نەكردنی هەڤاڵان، هەڤاڵانێ كە گەیونەتە ئەو بڕوایەی كەحیزبی تودە بە نرخی ڕۆژ نان دەخوا، كاتێك جوڵانەوەكە لە گەرمەیدا و ڕێكخراو و چەكداری زۆری هەیە، ئەو حیزبە خۆی وە پێش دەخا و گفت و بەڵێن دەبەخشێتەوە، بەیاننامەی هاوبەش پەخش دەكات، بەڵام پاشتر كە ژمارەیەك دەكوژرێن و جوڵانەوەكە سەركوت دەكرێت، ئەوا بە چەشنێكی دیكە ڕەفتار دەكات و تەواوی بەڵێنەكانی بە خانەی فەرامۆشی دەسپێرێت” (138).

لە ڕاستیدا حیزبی تودە لەو ڕووەوە بییەك نەبوو بەو چەشنە بایانە بلەرزێ، زاراوەكانی (ناسیونالیست)و (منحرف)یان دەدا بە ڕووی هەر كوردێكی تودەییدا داوای هەڵوێستی ڕوون و شیاوی لە مەڕ مەسەلەی نەتەوایەتی و
كێشەی كورد لێبكرانایە (139)، ئەوەش مەسەلەكەی گەیاندە مریشكە ڕەشە، پاش ئەوەی ژمارەیەك لەو كوردانە ڕیزەكانی حیزبی تودەیان جێهێشت و هەوڵیاندا لەگەڵ ئەندامە پەرتەوازەكانی دیكەی حیزبی دیموكراتی كوردستان و سازمانی ئینقلابی حیزبی دیموكراتدا، سەر لە نوێ حیزبی دیموكراتی كوردستان لە سەر ڕێبازێكی نەتەوەیی پێشكەوتوووخوازی سەربەخۆ بنیاتبنێنەوە.

2/1/4: هەڵوێستی حیزبی تودە پاش گەڕانەوە بۆ ئێران تا ڕاپێچكردن بۆ زیندان شوباتی 1979 ـــ شوباتی 1983

ئاشكرایە بە سەوكەتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و ڕوخاندنی ڕژێمی شاهەنشاهی پەهلەوی لە سەرەتای ساڵی 1979دا، هەل و مەرجی كوردستانی ئێران گۆڕان و وەرچەرخانێكی مەزنی بە سەر داهات، بەوەی جوڵانەوەی ڕێكخراوەیی و ئازادیخوازی نەتەوەیی لەو پارچەیەی كوردستاندا بە ڕادەیەك بوژایەوە كە سەرەتای قۆناغێكی نوێی بۆ وەدیهێنانی مافە نەتەوایەتییەكانی گەلی كورد هێنایە كایەوە.

دیارە جگە لە حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران كە پاش سی و دووساڵ خەباتی نهێنی و ژیانی ئاوارەیی سەر لە نوێ ئاشكرا خۆی ڕاگەیاند و جەماوەری كوردی لێ كۆبووەوە، ڕێكخراوی دیكەی وەك (كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران) كە بە دواتر هەر بە كۆمەڵە ناوی دەركرد، هەروەها چەند كەسایەتی سیاسی وەك (شێخ عزالدین حسینی) هاتنە سەر شانۆ و دەستیان دایە چالاكی سیاسی و نەتەوەیی لە پێناوی دیمۆكراتیزە كردنی ئێران و وەدیهێنانی مافە نەتەوایەتییەكانی گەلی كورد كە لەو قۆناغەدا دروشمی (خودمختاری)یان بۆ كردبووە ستراتیژی (140).

لە لایەكی دیەوە، ململانێی ڕەوت و هێزە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی سەر شانۆی سیاسی ئێرانی لە ناوەند و بە ئاقارێكدا دەڕۆیی كە هەلی دەسەڵات گرتنە دەستی بۆ باڵی ئاینی توندڕەو ئاخۆندە بونیاد گەراكان ڕەخساند، ئەوانەی بە دامەزراندنی دەسەڵاتێكی تیۆكراتی بە ناوی (كۆماری ئیسلامی) لە ئێران كەوتنە پراكتیزەكردنی دید و بۆچوونە سیاسی و ئایدۆلۆژییەكانیان، ئەو ئایدۆلۆژییەی نەك هەر بڕوایەكی بە دیموكراتی، فرەمینبەری، خەڵكسالاری و مافی نەتەوە غەیرە فارسە ستەملێكراوەكانی لە ئێراندا نەبوو، بگرە تێكڕای ئەو مەسەلانەی بە ئاژاوەگێڕی و پیلانی ڕۆژئاوا و پێچەوانەی فەلسفەی ئیسلامەتی دەزانی و لایەنگرانی بە (عدواللە، مفسد فی الارخی، چدی انقلاب و عوامل ایمپریالیزم) نێوزەد دەكرد و خوێنیانی حەڵاڵ دەكرد. هەر بۆیە دەسەڵاتدارانی ڕژێمی نوێ لە جیاتی دیموكراتی بۆ ئێران و چەسپاندنی مافە نەتەوایەتییەكانی گەلانی غەیرە فارس، دیكتاتۆریان بۆ ئێران و سیاسەتی سەركوت ولەشكركێشییان لە حاست ئەو كێشە گرنگەدا گرتەبەر، سەبارەت بە كوردستانی ئێرانیش فتواكەی خومەینی بۆ جیهاد دژی گەلی كورد لە 19ی ئابی 1979 دا سەرەتای پراكتیزەكردنی ئەو سیاسەتە بوو (141).

سەبارەت بە حیزبی تودە، هەروەك پێشتریش ئاماژەی بۆ كراوە، ڕێبەرایەتی حیزب لەگەڵ ڕوخاندی ڕژێمی شاهەنشاهی ئەوروپای خۆرهەڵاتیان جێهێشت و گەڕانەوە ئێران و سەرلە نوێ چالاكی سیاسی و ڕێكخراوەییان دەستپێكردەوە، و لە هەوڵی ئەوەدا بوون لە سایەی تێزی (ڕێگای نا سەرمایەداری گەشە كردن) و بە پشتبەستن بە تاكتیكی (كۆنكردنەوەی تەواوی هێزە دیموكرات و پێشكەوتووخوازەكان لە پشتی ئیمام خومەینی)یەوە، و لە بەر تیشكی بەرژەوەندی بلۆكی سۆسیالیستی، بە بەرزكردنی دروشمی (چەسپاندن، قوڵكردنەوە، فراوانكردنەوەی شۆڕش)، پایەی سیاسی و نفوزی كۆمەڵایەتی لە دەست چووی چەند ساڵەیان قەرەبوو بكەنەوە.

سەبارەت بە هەڵوێستی حیزبی تودە لە حاست كێشەی پەرەگرتووی نەتەوەیی كوردستانی ئێران لەم قۆناغەدا، وەك سەرجەم سەرچاوەو بەڵگەنامە مێژووییەكان نیشانمان دەدەن هەر بە هەمان شێوازی پێشوو لە سایەی سیاسەتێكی هەڵپەرەستانەوە سەرچاوەی دەگرت، و لە پێناو وەدیهاتنی خەونە زڕەكانی ئەو حیزبەدا هەڵدەسووڕا.
(بهاالدین نوری) كۆنە سكرتێری حیزبی شیوعی عێراقی، كاتێك لە ساڵی 1979دا سەردانی شاری مەهابادی كردووە، سەرنجی خۆی لە مەڕ مەسەلەیەكی وا لە بیرەوەرییەكانیدا تۆمار كردووە و دەڵێت “شاری مەهاباد بۆ یەكەم جار لە دوای ڕوخاندنی كۆمارە ساواكەیەوە لە ساڵی 1946دا تامی ئازادی ڕاستەقینەی دەچێژت و دەسەڵاتی ناوەندی تێدا نەبوو، ڕێكخراوی سیاسی دەسەڵاتدار بریتیبوو لە حیزبی دیموكراتی كوردی (كوردستانی ئێران راستترە ــ ل) بەرابەری عەبدولڕەحمانی قاسملو…. وێڕای ئەوەی ژمارەیەك لاوی ماركسیستی هەبوو، كەچی حیزبی تودە بچووكترین و لاوازترین ڕێكخراوەكانی كوردستان بوون هۆكاری لاوازی و نەبوونی ڕێكخراوێكی تودەی بەم چەشنە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ڕێبەرایەتی حیزبی تودە هەر لە كۆنەوە تا ئەو دەمەش (مەبەستی ساڵی 1979یە ــ ل) ئەوەی ڕەتدەكردەوە كە ڕێكخراوێكی تایبەت بە خۆی دابمەزرێنێت، و گرەوی لە سەر گۆڕینی حیزبی دیموكرات بۆ شاخەیەكی حیزبی تودە لە كوردستاندا دەكرد، ئەو بۆچوونە پڕوپووچەی كە حیزبی تودە پێی لە سەر دادەگرت و چ پەیوەندییەكی نە بە ماركسیزم و نە بە دیموكراتییەت و نە بە هیچ لۆجیكێكی سیاسییەوە هەبوو، بەڵكوو بەرجەستەی خواستێكی خۆبەزلزانانە و شۆڤێنیستانەی فارسی دەكرد كە دەیویست بە سەر هەموو ژیانی سیاسی كوردستانی ئێراندا زاڵ بێت” (142).

هەروەها (بانیخێڵانی)كە ڕێبەرێكی شیوعی دیكەی عێراقییە لەو قۆناغەدا لە ‌وئێران بووە و هەر لەو بارەیەوە نووسیویە “لەو كاتەدا حیزبی تودە لە هەندێ لە شارەكانی ئێراندا خەریكی ڕێكخراو دروستكردن بوون، بەڵام لە كوردستاندا شتێكی ئەو تۆیان نەبوو، چونكە ئەوان سەرمایەگوزارییان لە سەر حیزبی دیموكرات دەكرد و حیزبی دیموكراتیان بە لقی حیزبی تودە دەزانی، بە بێ ئەوەی هیچ ڕایەكی حیزبی دیموكراتیان وەرگرتبێت، تەنیا پشتیان بەوە دەبەست گوایە پاش تێكچوونی كۆماری مەهاباد بە چەند ساڵێك ڕێكەوتنێكی لەو چەشنە لە نێوان حیزبی تودە و ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتی حیزبی دیموكراتدا بووە كە حیزبی دیموكرات بە بەشێك لە تودە بزانرێت…. بەڵام لەو وەختەوە تا شۆڕشی ئێران چەند جار سەركردایەتی حیزبی دیموكرات گۆڕاوە و ئاڵوگۆڕ بە سەر ئەم حیزبەدا هات و حیزبی دیموكرات بە هەق حیزبێكی نیشتمان پەروەر و ڕزگاریخواز و نەتەوەیی بوو، كەچی حیزبی
تودە وای دەزانی هێشتا مەڵیك ماوە، دەیانگوت حیزبی دیموكرات بیەوێ و نەیەوێ هەر لقێكە لە حیزبی تودە” (143).
پێویستە بگوترێت كە حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بە ڕێبەرایەتی د.قاسملو لەو قۆناغەدا بە ڕادەیەكی زۆر خێرا گەشەی دەكرد و تا دەهات زیاتر لە كوردستانی ئێراندا خۆی دەچەسپاند، ڕێبەرایەتی ئەو حیزبە لەو كاتەدا پەرۆش بوو لەگەڵ حیزبی تودەدا لە سەر بنەمای ڕێزگرتنی سەربەخۆی یەكتر و ئامانجە هاوبەشەكان پەیوەندی لەگەڵ حیزبی تودەی ئێراندا دابمەرزێنێت، چونكە بە بڕوای ئەوان بوونی پەیوەندی باش لەگەڵ تودەدا، پشتگیری زلهێزێكی وەك یەكێتی شورەوی مسۆگەر دەكرد.( ) بەڵام حیزبی تودە و كیانوری سكرتێری كە د.قاسملوی ڕێبەری دیموكراتیان بە نەیاری سەر سەختی خۆیان دەزانی و تەواو لە پەرەگرتنی نفوزی جەماوەری حیزبی دیموكرات لە كوردستانی ئێراندا هەراسان بوون، تاقە مەرجێكیان بۆ پەیوەندی و هاوكاری وەلانانی د.قاسملو بوو لە پۆستی ڕێبەرایەتی دیموكرات، ئەو مەرجەی كە ڕێبەرایەتی حیزبی تودە بە نامەیەك خستییە بەردەم ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموكرات و لە لایەن عەلی گەلاوێژی بەرپرسی كۆمیتەی كوردستانی حیزبی تودە وە خوێندرایەوە( )، كارێكی دوور لە ئسووڵ و ڕەوشتی حیزبایەتی بەو شێوە جگە لە ئاكاری خۆبە زلزانانە و نەخوێندنەوەی بەرامبەر لە لایەن سەرانی حیزبی تودەوە شتێكی دیكەی نەدەگەیاند.
وەختێكیش بە دەركردنی فەتوای جیهادی خومەمینی لە 19ی ئابی 1979دا لەشكركێشی پاسداران و هوروژمی سوپای ڕژێمی كۆماری ئیسلامی بۆ قەڵتوبڕی گەلی كورد لە كوردستانی ئێران دەستی پێكرد، ئەوەی كە بە شەڕی سێ مانگە ناو دەبرێت، بەشێكی بەرچاوی ڕێكخراوە ئێرانییەكان ئەو لەشكركێشییە و تاوانەكانی پاسداران لە: پاوە، دووئاو، قاڕنێ…هتد، هەروەها كۆمەڵكوژییەكانی (خالخاڵی) سەرۆكی دادگای سەرپێی ئینقیلابی ئیسلامییان ڕیسوا كرد، و هەوڵە پاوانخوزییەكانی ڕژێمی كۆماری ئیسلامیان لە كوردستان، بە سەرەتای لادان لە ئاراستەی شۆڕش و وەك هەوڵێك بۆ دامەزراندنی دیكتاتۆرییەتێكی مەزهەبی لە ئێران دا دایە قەڵەم، كەچی حیزبی تودە كە خۆی وەك حیزبێكی وەفادار بە خەتی ئیمام و قوڵكەرەوەی (شۆڕشی ئیسلامی) دەناساند، لە پەیجوی ئەوەدا بوو ئەم لەشكركێشییە وەك هەلێك بفۆزێتەوە، تا لە لایەك خۆی لە خومەینی و ڕێبەرانی كۆماری ئیسلامی نزك بكاتەوە، ولە لایەكی دیەوە نفوزی سیاسی و كۆمەڵایەتی لە كوردستانی ئێراندا بەرێتە پێش.
لە ڕاستیدا حیزبی تودە دەیویست وا نیشانبدات كە بەشێكی زۆری هێزو ڕێكخراوە سیاسی وكۆمەڵایەتییەكانی كوردستانی ئێران داردەستی ئەمەریكا و زایۆنیزم و ئەڵقە لە گوێی ڕژێمی بەعسی عێراقن، و لەو هەرێمەشەوە پیلانێك بۆ لە نێو بردنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران جێبەجێدەكرێت، ئەو هێزانەی حیزبی تودە بە (دژی شۆڕش) ناوی دەهێنان ، و گوایە مەسەلەی ستەمی نەتەوایەتی خەڵكی كوردستانیان بۆ پیلانگێڕان و ئاژاوەنانەوە دژی شۆڕش قۆزتۆتەوە، هەر بۆیە ڕێبەرایەتی شۆڕشی ئیسلامی پێویستە بە حیكمەتی خۆیان جیاوازی لە نێوان خەڵك و ئەو جۆرە هێزانەدا بكەن و هەوڵی ئەوە بدەن خەڵك بە دژی (دژی شۆڕش) ڕاپەڕێنن، خەڵكی كوردیش پێویستە ناسكی قۆناغەكە و ئەركی گرنگی دژی ئیمپریالیزمی شۆڕشی ئیسلامی لە بەر چاو بگرن و لەو پێناوەدا قەناعەت بە
وەدیهاتنی لانی كەمی مافەكانیان بكەن و خۆیان لە مەسەلەی پێكدادان لەگەڵ هێزەكانی برا پاسدارەكاندا بپارێزن و بۆ سەركەوتنی شۆڕش بە ڕابەری ئیمام بچنە سەنگەرەوە.
(مردم)ی ئۆرگانی ناوەندی حیزبی تودە كە لەو قۆناغەدا بە كوردی دەستی بە بڵاوكردنەوە كردبوو، لە وتارێكیدا بە ناونیشانی (براكوژی لە كوردستان…) نووسیویە “وەكوو دەزانین حیزبی تودەی ئێران هەوەڵین ڕێكخراوەیەكی سیاسی بوو، كە نادروست بوونی ڕێگای چارەسەركردنی نیزامی هێنا گۆڕێ و تێكۆشا كە بۆ ڕزگاركردنی نیشتمانەكەمان لەو كارەساتە خوێناویەی كە بە دەستی ئیمپریالیزم و سەهیۆنیزم و كۆنەپەرەستی لە كوردستان هەڵگیرساوە، یارمەتی ڕابەرایەتی شۆڕش و دەوڵەتی كاتی كۆماری ئیسلامی ئێران بدات، ئەوا جارێكی دیكەیش بە گیانێكی پڕ لە خۆشەویستی و پەیوەندییەوە لەگەڵ شۆڕشی ئێران و پتەوكردن و بە قەوەت كردنی نیزامی كۆماری ئیسلامی ئێران، سەرنجی بەر پرسیارەكانی وڵات بۆ لای ئەم مەسەلەیە ڕادەكێشین…. ئێمە دەزانین كە هێزەكانی ئیمپریالیستی و سەهیۆنیستی و پاشماوەی ڕژێمی ڕووخاوی پەهلەوی كارەساتی كوردستان دەنە دەدەن و ئاگرەكەی خۆش دەكەن” (145).
هەروەها لە وەڵامێكی ڕۆژنامەی (اگلاعات) دا كە باسی لەوە كردووە گوایە بۆچی لە كوردستان كەڵە پیاوێك نایەتە مەیدان كە تا ڕادەیەك شعور و لێزانینی هەبێ و ڕێگا چارەیەكی عاقڵانەی وا پێشكەش بكات كێشەكە ببڕێنێتەوە؟ حیزبی تودە بێ ئەوەی نفوزێكی لە كوردستانی ئێراندا هەبێت، هەوڵدەدات خۆی وەك دەمڕاستی گەلی كورد نیشانبدات و لە ڕێگای (مردم)ەوە دەڵێت: “پێویستە بڵێین، بۆ جێ بە جێ كردنی ئەم كارە خێرە نەك تەنیا (كەڵە پیاوێك)ی داخواز، بەڵكوو هێزێكی سیاسی داخوازی خاوەن نفووز و بایەخداری وەكوو حیزبی تودەی ئێران هەیە” (146).
شایەنی باسە كۆمیتەی ناوەندی حیزبی تودەی ئێران لە بڵاوكراوەیەكیدا بە ناونیشانی “كوردستان چ ڕادەبرێ و مەسەلەی كوردستان چۆن شایەنی چارەكردنە”، پاش ئەوەی تێكڕای ناتەواوییەكان و ئاڵۆزی هەل و مەرجەكەی ئێران و كوردستانی خستۆتە ملی “ئاغای موهەندیس بازرگانی بورژوا لیبراڵ”ی سەرۆكی حكوومەتی كاتی و ئۆباڵی تاوانەكانی كوردستانی لە ئەستۆی ڕابەری شورای ئینقیلاب و باڵی مەزهەبی توندڕەو دوورخستەوە، ئینجا هاتۆتە سەر ڕیزبەند كردنی هێزە سیاسی و كۆمەڵایەتییە ڕەسەنەكانی كوردستانی ئێران و لە ژێر سەردێڕی (2 ــــ دژی شۆڕش)دا دەڵێت:
“ئەمڕۆ كوردستان بۆتە گرنگترین سەنگەری هەڵسوڕانی ئاشكرای دژی شۆڕشی ئێران، ئەم دژی شۆڕشە پێكهاتووە لە دەستە و تاقمەكانی سیاسی و (مەزهەبی) و قەومی و عەشیرەتی، وە هەروەها دەستە و تاقمەكانی ڕێكخراوی سەر بە حكوومەتی بەعسی عێراق…. ڕێكخراوی چەپ نوێنی كۆمەڵە، ڕێكخراوی ڕزگاری، دارودەستەی سەرهەنگ عەلیار و هاوكارەكانی بە ناوی 0ئارا)، تاقمە كۆنەپەرەستەكانی سەر بە شێخ عوسمان و شێخ جەلالی حوسەینی لم ڕیزەدان…. ئەم دژی شۆڕشە كە لە لایەن هەموو ئیمپریالیستەكانەوەن بە سەركردەیی ئەمەریكا، ئیسرائیل، میسر و حكوومەتی بەعسی عێراق بە هەموو چەشنێ پشتیوانی لێدەكرێ، توانیویەتی لەم مانگەنەی دوایی دا جێگای خۆی لە ناوچەكانی سەر سنووری ئێران قایم كات…. مەعلوماتی بڕوا پێ كراو نیشان دەدات كە ئەشرەفی پەهلەوی، ئووەیسی، بەختیار، پالیزبان و ئەدەشێری زاهیدی بە كۆمەكی حكوومەتی بەعسی عێراق، چەند جار هاتوونەتە كوردستان و بە چالاكی ل هاوروژاندن و ڕێكخستنی دژی شۆڕش دا هاوبەشی دەكەن” (147).

سەبارەت بە كۆمەڵەش كە وەك ڕێكخراوێكی چەپی شۆڕشگێڕی نەتەوەیی لەو قۆناغەدا لە كوردستانی ئێران تێدەكۆشا، بڵاوكراوەكەی حیزبی تودە گوتوویە “سەرنج دانی بەخشی كاولكاری كۆمەڵە، لەم لایەشەوە گرنگە، كە ئەم ڕێكخراوەیە بە هەڵكردنی ئاڵای كۆمۆنیزم (دیارە كۆمۆنیزمی ئەمەریكایی) هەوڵی داوە یەكێ لە پایە گرنگەكانی سیاسەتی ئیمپریالیزمی ئەمەریكا لە دژی ئێران….. بە جێ بگەیەنێت، بەم مانایەی كە لە هەر ڕێگەیەكەوی دەلوێ، ئاگری كێشە و ناكۆكی نێوان هێزەكانی لایەنگری ئیمام خومەینی و هێزە شۆڕشگێڕەكانی لایەنگری ڕاستەقینەی سوسیالیزمی عیلمی و تێكۆشەرە ڕەسەنەكانی خەباتی دژی ئیمپریالیستی ئێران هەڵگیرسێنێت، كۆمەڵە لە درۆ بە حیسابێكی دیاری لە (كۆمۆنیزم) دەدوی وە لە تەنشت شای لیكەوتوو، بەختیار، ئەمەریكا و ئیسرائیلەوە لە دژی شۆڕشی ئێران شەڕەدەكا، بۆ ئەوەی موسوڵمانانی تێكۆشەری دژی ئیمپریالیزم لە حاست كۆمۆنیزمی ڕاستەقینە و ڕەسەن بەد بین بكات”(148)!!!

لە بارەی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانیشەوە، كۆمیتەی ناوەندی حیزبی تودە دەڵێت: “گرنگترین تایبەتی ئەم حیزبە، نا هوچەشنی ئەوە لە هەڵوێست گرتنی سیاسیدا… دوو دەستە لەو كەسانەی كە لەگەڵ شۆڕشی ئێران دوژمنایەتی دەكەن، خۆیان تێ خزاندووە و لە كاتی زۆر ناسك و بە هەستدا سیاسەتی حیزب دەخەنە ژێر تەئسیری دیاریكەرەوە، ئەم دوو دەستەیە بریتین لە:

أ ــ نەتەوە پەرەستەكانی بەرچاو تەنگی كورد: كە بە لای ئەوانەی خەباتی دژی ئیمپریالیستی تەواوی خەڵكەكانی ئێران لە كردەوەدا بە تەواوەتی یان بە لانی زۆرەوە لە دەستوورە و بەرنامەی ڕۆژدا خراوەتە لاوە….

ب ــــ كەسانی سەر بە ئیمپریالیزم و كوردە كۆنەپەرەستەكانی ئێران و بەعسی عێراق، هەوڵ دەدەن بە كەڵك وەرگرتن لە دروشمەكانی بە ڕواڵەت شۆڕشگێڕی و میللی خەڵك خەڵەتێن، كارێكی وا بكەن هەر جۆرە تێكۆشانێك بۆ چارە كردنی هێمنانەی مەسەلەی كوردستان و دامەزراندنی بەرەی یەكگرتووی دژی ئیمپریالیستی و دژی كۆنەپەرەستی لە كوردستان سەرنەگرێ” (149).

سەیرتر ئەوەیە (كیانوری) سكرتێری حیزب پاش دە ساڵ زیندانی و ئەو هەموو ڕیسوایی و ئازار و مەینەتییەی لە لایەن ڕژێمی كۆماری ئیسلامییەوە بە سەریدا هێنرا، ئینجا لە بیرەوەرییەكانیدا حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و ڕێكخراوی كۆمەڵ‌ بە (خەمیری سوور) لە كەمبۆدپا و (كۆنترا) لە نیكاراگوا دەشوبهێنێت و دەڵێت لەو شوێنانەی حكوومەتی میللی و دژ بە ئیمپریالیزم دێنە سەركار، هێزە كۆنەپەرەستەكانی وابەستە بە ئیمپریالیزم بۆ خراپەكاری و ئاژاوەگێڕی و ڕێگرتن لە هەر بەرنامەیەكی شۆڕشگێڕانە و نوێخوازی لەو وڵاتانەدا هانی جوڵانەوە چەكدارانە تێكدەرەكان بە دژی حكوومەتە شۆڕشگێڕ و نیشمانییە دژ بە ئیمپریالیستەكان دەدەن، كیانوری دەڵێت “لە سەرەتای سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامییەوە تا ئێستا (واتە ساڵی 1992 ـــ ل) ئیمپریالیزم لە وڵاتەكەماندا بە سوود وەرگرتنی لە جۆرە (كۆنترا)یەك، بەرەنگار بوونەوەی چەكدارانەی بە دژی كۆماری ئیسلامی خولقاندووە و دەیبینین، واتە مەبەست لە هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆنی كۆماری ئیسلامی، حیزبی دیموكراتی كوردستان، تاقمی كۆمەڵە…. كە لە دەرەوەی مەرزەكانی وڵات و لە ژێر سایەی دەوڵەتی عێراقدا و لە خاكی ئەو وڵاتەدا شوێنیان بۆ كراوەتەوە و لەوێوە بە ئۆپەراسیۆنی تێكدەرانە و هێندێك كاری تیرۆریستی هەڵدەسن” (150).
هەروەها (احسان گبری)یش لە تێكڕای بیرەوەرییەكانیدا حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بە: دارودەستەی قاسملو، خائینان، ئاژاوەگێڕ، خۆپەرەست، نامەسئوول و دژی شۆڕش …هتد ناودەبات (151).
شایەنی باسە لە كاتێكدا لەشكری كۆماری ئیسلامی و سوپای پاسداران، لە زەوی و ئاسمانەوە ئاگریان بە سەركۆمەڵانی خەڵكی كوردستانی ئێراندا دەباران، خومەینی لە وتاری هەینیدا، كێشەی كوردستانی بە پیلانی وڵاتی بێگانان دایە قەڵەم ، و یەكێتی شورەوی بە هاندەری ڕاپەڕینی گەلی كورد لە ئێران تاوانبار كرد و دەیگوت “دەیانەوێت حكومەتی كۆمۆنیستی لە كوردستاندا بەرپا كەن” (152).

لێرەدا حیزبی تودە بۆ بەرگریكردن لە شورەوی، لە ئۆرگانی خۆیدا وتارێكی بە ناونیشانی (اتحاد شوروی در حوادپ كردستان دخالت ندارد/ یەكێتی سۆڤێت پەیوەندی بە ڕوداوەكانی كوردستانەوە نییە) بڵاوكردەوە، كە تیایدا جگە لەوەی هەوڵی دابوو ئەوە بسەلمێنێت كە بەرژەوەندییەكانی شورەوی لە بەرقەرار بوونی ئارامی و ئاسایش، و لە سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێراندایە، بە پشت بەستن بە قسەیەكی (حجت الاسلام حسین عمادی) نوێنەری دەفتەری ڕاگەیاندنی ئیمام خومەینی، ئۆباڵی شەڕ و ڕوداوەكانی كوردستانی ئێرانی خستبووە گەردنی ئەمەریكا و ئیسرائیل، و دەست و پێوەندەكانی ئیمپریالیزم لە ئێران” (153).
لە ڕاستیدا باڵی ئاینی توندڕەو پاش ئەوەی بۆی دەركەوت كە لەشكركێشییە سێ مانگییەكەی بۆ سەر كوردستان بە پراكتیك شكستی خوارد، و پاش ئەوەی پێشمەرگە كوردەكان گورزی گەورەیان لە پەلاماردەران وەشاند، و لە هەموو شارەكانی كوردستانی ئێرانیشدا خەڵكی پەلاماری دەزگا سەركوتگەرەكانی ڕژێمیان داو پیاوەكانیان ڕأوە دوودەنان، لە هەل ومەرجێكی بەو شێوەیەی كوردستان و پاش قووڵ بوونەوەی قەیرانە ئابوورییەكانی وڵات، و توندوتیژبوونی ناكۆكی باڵە سیاسییەكان لە ناوەند، ئەو باڵە بۆ خۆكۆكردنەوە و وەك تاكتیكێك فەرمانی وەستاندنی لەشكركێشییان ڕاگەیاند ولەو بارەیەوە خومەینی وتارێكی ئاراستەی (خەڵكی كورد) كرد، ئەو وتارەی كۆمەڵێك هەڵە و چاوبەستی گەورەی تێدابە دی دەكرا، و نە باسێكی لە ستەم و مافێكی نەتەوایەتی كورد و نە دانێكی بە ڕێكخراو و هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێراندا نابوو (154)، ئەوانەی وێڕای تێكڕای ئەو كەم وكورتیانەش هێشتا هومێدێكی زۆریان بە وەدەستهێنانی مافە نەتەوایەتییەكانی گەلی كورد لە ڕێگای ئاشتی و وتووێژەوە هەبوو، هەر بۆیە داواكارییەكانیان فۆرمەڵە كرد و دەستەیەكی گفتوگۆیان پێكهێنا.
حیزبی تودە وێڕای ئەوەی وتارەكەی خومەینی ناونا “پەیامی مێژوویی”، بێ لە بەرچاوگرتنی ئەوەی گفتوگۆ لە نێوان كورد و دەوڵەتدا هەیە، هێرشێكی تەبلیغاتی توندی دژی هێندێك لە هێزە كوردییەكان دەست پێكرد بوو، و داوای لە حكومەت دەكرد سەركوتیان كات، لەوە ڕووەوە (مردم) نووسیویە: “بیروڕای حیزبی تودە لە بەیان نامەكان و وتارەكان…. بە ڕاشكاوی دیارە، نەێجە وەرگرتنمان لە نرخاندنەكانمان ئەوەیە كە هێزە نیشتمانپەروەر و شۆڕشگێڕی ڕاستەقینە لە كوردستان دەبێ زۆر بە خێرایی و زۆر بە ڕۆشنی بەرەی كاری سیاسی خۆیان لە بەرەی هیزەكانی سەر بە ئیمپریالیزم، دژی شۆڕش و بەعسی عێراق، لە كۆمەڵ‌، شێخ جەلال (باری شێخ عزالدین ـــ ل)، ڕزگاری، شێخ عوسمان و هی دیكە جیا بكەنەوە، وە بكەونە سەر ڕێگەی نەهێشتنی ئەم دوژمنانەی شۆڕشی ئێران…ئێمە جارێكی دیكە تەئكید دەكەین و بە ڕاشكاوی دەڵەین كە سەركوت كردنی دژی شۆڕش لە كوردستان، دژی شۆڕشی سەر بە بەعسی عێراق، پاشماوەكانی ڕژێم و بەردەستەكانی ئیمپریالیزمی ئەمەریكا و سەهیونیزم كارێكی پیویست و فەوری یە” (155).
لەوەش زیاتر حیزبی تودە بێ ئەوەی ڕێزێك لە دستەی نوێنەرایەتی گەلی كورد بگرێت كە داوای مافی خودمختاری بۆ كورستان دەكرد لە چوارچێوەی ئێرانێكی دیموكراتدا، ئەوان لە بەرامبەر ئەو مافە، چەمكی (خودگردانی)یان زەقكردەوە، ئەو چەمكەی كە دواتر دەوڵەتیش لێرە و لەوێ نێویان دەبرد، لە خودگردانیدا بێ ئەوەی باس لە كێشەی نەتەوایەتی و دەستنیشانكردنی سنووری كوردستانی ئێران بكرێت و زمانی كوردی بە ڕەسمی بناسرێت، تەواوی كاروبارەكانی: سنوورەكان، سیاسەتی دەرەوە، بازرگانی و گومرگ، بەرنامە ڕێژی ئابووری سەرانسەری، تەنزیمی مالییات، پۆست و تەلەگراف، ڕێگاكانی ئاسنی و هەوایی و دەریایی، كاربەدەستانی ئیدارەكانی ناوچەی خودگەردان، كارمەندانی دادگاكان، سەرۆكایەتی شارەبانی و ژاندارمەری، بەڕێوەبردنی دەزگاكانی ڕاگەیاندن….هتد لە دەستی دەسەڵاتی ناوەندیدا، ئەوەش كەمترین مافی بۆ هەرێمەكە دەهێشتەوە كە لانی كەمی مافە نەتەوایەتییەكانی گەلی كوردیان لە كوردستانی ئێراندا دەستەبەر نەدەكرد، هەر بۆیە ئەو چەمكە لە نێو كورد دا بە (سەرگەردانی) ناوی دەركرد (156).
شایەنی باسە لە گەرمەی وتووێژی نێوان نوێنەرانی گەلی كورد و حكوومەتی ئێراندا، حیزبی تودە بەردەوام لە بڵاوكراوەكانیدا بەڕێوەچوونی پیلانگێڕانی (دژە شۆڕش)ی بە گوێی خەڵك و حكوومەتدا دەدا و لە هەوڵی ئەوەدا بوو چارەسەری كێشەی گرنگی نەتەوایەتی و گەلانی غەیرە فارس و كێشە ئاڵۆز و وەختییەكانی دیكەی ئێران بكات بە قوربانی مەسەلەی بە هێز كردنی ڕژێمی كۆماری ئیسلامی بە ناوی خەبات دژی ئیمپریالیزم و ئەمەریكا.

بۆ نموونە لە ئاهەنگێكدا كە ڕێكخراوی مەهابادی حیزبی تودە لە ڕۆژی 12ی نیسانی 1980دا لە خوێندنگای ناوەندی (شەهید عەزیزی یوسفی) گێڕای،(عەلی گەلاوێژ)ی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی حیزبی تودە لە وتارێكیدا
گووتی “مەسەلەی گرنگی ئەوڕۆی ئێران نەجات دانی شۆڕش و شاندنی ئیمپریالیزمە، مەسەلەكانی دیكە لە چاو ئەم دووە ناگرنگن… مەسەلەی ئەمڕۆكەی ئێمە یەكیەتییە، یەكیەتی ئسووڵی لە سەربنچینەی هاوكاری تەواوی هێزەكانی مەردمی لە ژێر ڕابەرایەتی ئیمام خومەینیدا، كە ئسپاتی كردووە دەتوانی تەواوی میللەت لە دژی شەیتانی گەورە یەكگرتووكات… ئەمڕۆ كە حیزبی تودەی ئێران حیزبی چەشنی نوێی چینی كارگەری ئێران بە مێژووی پڕ لە شانازی خۆیەوە ل خەتی مەردمی و دژی ئیمپریالیستی ئیمام خومەینی بە هەموو توانای خۆیەوە پشتیوانی دەكات، دەبێ هەموومان دەست بدەینە دەستی یەكترەوە لەم خەتە قاتیمەی ئیمام پشتیوانی بكەین”(157).
ئەمە لە كاتێكدا بوون حیزبی تودە دانی بە هیچ یەك لە ڕێكخراوەكانی كوردستانی ئێراندا نەدەنا و وەك دیترا بەشی زۆریانی بە دەسكەلای دەستی ئیمپریالیزم دەزانی، دیارە حیزبی دیموكراتی كوردستانیش لە لایەن تودەوە هەر بە هەمان چاو سەیر دەكرا، هەر بۆیە كاتێكی ئەو حیزبە لە شوباتی ساڵی 1980دا كۆنگرەی چوارەمی خۆی بەست و بەشێكی زۆری حیزبە ئێرانی و چەپەكانی جیهانی وەك: جەبهەی میللی، موجاهدینی خەڵك، سازمانی چریكە فیداییەكان، حیزبی شیوعی عێراق، حیزبی شیوعی فەرەنسا، …هتد، بروسكەی پیرۆزباییان ئاراستەی كۆنگرە كردبوو، كەچی حیزبی تودە نەك هەر ئەوەشی نەگرتبووە ئەستۆ (158)، بەڵكوو لە بنەوە بۆ ناكۆكی نانەوە و پەرتبوونی حیزبی دیموكرات بە توندی تێدەكۆشا.

لە لایەكی ترەوە، شكستو بێ ئاكامی گفتوگۆی نێوان نوێنەرانی گەلی كورد و ڕژێمی كۆماری ئیسلامی، پاش ئەوەی باڵی ئاینی توندڕەو لە دەسەڵادا خۆی چەسپاند و بڕیاری دا كێشەی كوردستانی لە ڕێگای ئاگر و ئاسن و پەلامارێكی سەرتاسەرییەوە یەكاڵا بكاتەوە، هەر بۆیە لە بەهاری ساڵی 1980دا ساڵاوی بەرفراوانی لەشكر و سوپای پاسداران بۆ سەر كوردستان دەستی پێكرد و لە هەموو لایەكەوە شەڕە هەڵگیرساو وێرانكاری كەوتەوە (159).
حیزبی تودە بە مەبەستی خۆنزیكردنەوە لە ئیمام و سەلماندنی خۆشخزمەتی بە ڕژێمی كۆماری ئیسلامی لە لایەك، و لە پێناو وەدیهێنانی پایە و نفووزی كۆمەڵایەتی و میوەچینی ڕاحەت لە سەر حیسابی دەرپەڕاندنی ڕێكخراوە هەرێمی و چەپە ئۆپۆزسیۆنەكان لە لایەكی دییەوە، هەوڵی دەدا ڕۆڵی چالاكانەتر بگێڕێت، ئەو حیزبەی دەمێك بوو تاكتیكی دروستكردنی ستونی لاری سەر بە خۆی لە نێو ئەو ڕێكخراوانەدا گرتبوبەر، كە جگە لە سازمانی چریكە فیداییەكان، حیزبی دیموكرتی كوردستانیشی گرتبووەوە، ئەو حیزبەی كە بەشێكی ڕێبەرایەتیەكەی (غەنی بلوریان و هاوەڵانی) پێشتر ژێربە ژێر لە لایەن تودەوە لە خشتە بڕابوون و لە و قۆناغە ناسكەدا دوو بەرەكی و ئاڵۆزییەكی مەزنیان لە نێو حیزبی دیموكراتی كوردستاندا پێكهێنا، و ئاكامەكەشی بە پەرتبوونی حیزب و جیابوونەوەی حەوت كەس لە ڕێبەرایەتی ئەو حیزبە بە ڕابەری بلوریان كۆتایی هات، ئەو ڕووداوەی كە لە مێژووی كوردستانی ئێران و حیزبی دیموكراتی كوردستاندا بە (خیانەتی تاقمی حەوت نەفەرە) ناودەبرێت (160).
لە ڕاستیدا پیلانی حیزبی تودەی بۆ قوتدانی حیزبی دیموكراتی كوردستان یا خود پەرتكردنی ڕیزەكانی، مەسەلەیەكی زۆر ڕوون وئاشكرایە و جگە لە ڕابەرەكانی تودەی وەك (احسان گبری) و (كیانوری) كە وەك بەشێك
لە سیاسەتی حیزب دانی پێدا دەنێنو (عەلی گەلاوێژ)یش دەكەنە جێبەجێكەری ئەو پیلانە، (161)، لە لایەن خودی لایەنگرانی ئەو تاقمە و سەرجەم ئەو كەسانەی لەم مەسەلەیە دوواون سەلمێنراوە، ئەو تاقمەی كە هەر بە پەرت بوون وازیان نەهێنا، بەڵكوو لە پاڵ حیزبی تودە و پاسدارانی كۆماری ئیسلامی دژی كورد و هێزی پێشمەرگەی كوردستان، چەكی ڕژێمیان كردە شان.

لەو بارەیەوە (سەعید كاوە) لە ژێر ناونیشانی (زەربێكی كوتووپڕ)دا نووسیویە:
“بەدنەدان و پیلانی حیزبی تودە، نەك هەر حیزبیان بە جێ هێشت، بەڵكوو بە پێی بەرنامەی داڕێژراوی حیزبی تودە خۆیان بۆ بەربەرەكانی دژی حیزبی دیموكراتی كوردستان ئامادە كرد…..كاتێكی فرە ناسك بوو….هەڵبڕاوەكانی لە حیزبی دیموكرات بیانەوێ و نەیانەوێ، كردەوەكەیان خەنجەرێك بوو لە بڕبڕەی پشتی نەتەوەی كوردی دا و بە قازانجی لە سەداسەدی ڕژێمی كۆماری ئیسلامی تەواو بوو… لە شارەكانی كوردستان بە گەرمی خەریكی گێرەشێوێنی و كاری تێكدەرانە بوون و دژی حیزب بە سوودی كۆماری ئیسلامی هەڵدەسووڕان” (162).
شایەنی باسە چەكدارەكانی سەر بە بلوریان چالاكانە لەگەڵ هێزی پاسداراندا پەلاماری سەنگەری پێشمەرگەیاندەدا و ناوچە ئازادكراوەكانیان تەسلیم بە هێزەكانی ڕژێم دەكردەوە. وەك لە ناوچەكانی پێرانشار و سەرگردە كردیان، هەر بۆیە (سرهنگ علی صیاد شیرازی)ی ئەفسەری پایە بەرزی ئێرانی لە نامەیەكدا سوپاس و ستایشی رەفتاری (قارەمانانە)ی بلوریان و چەكدارەكانی بە قازانجی حكوومەتی ئیسلامی ئێران دژی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دووپاتكردۆتەوە (163).

دەبێ بزانرێت كە پەلاماری سەر لە نوێی لەشكری كۆماری ئیسلامی بۆ سەر كوردستانی ئێران بە تانك و تۆپ و فڕۆكەی ڤانتۆم، شێوازێكی ترسناكی بە خۆوە گرت و ڕژێم سەرباری ئەوەش گەمارۆیەكی ئابووری سەختی بە سەر ناوچەكەدا سەپاندبوو كە هەل و مەرجێكی دژواری بۆ گەلی كورد پێكهێنابوو، لەو كاتەدا واتە لە ناوەڕاستی ئەیلولی 1980دا، (حمید درویش)ی سكرتێری پارتی دیموكراتی پێشكەوتووخوازی سوریا هاتبووە ناوچە ئازاد كراوە سنورییەكانی ئێران ــــ عێراق و ئەو مەسەلەیەی هێنابووە گۆڕێ، كە بە بەشداری پارتە كۆمۆنیستەكانی توركیا، سوریا، عێراق و ئێران كۆنگرەیەكی نەتەوەیی لە سەر هەل و مەرجی ئاڵۆزی كوردستان و شێوازەكانی خەبات ببەسترێت، بەڵام (فاتح رەسووڵ)ی ئەندامێكی ڕێبەرایەتی حیزبی شیوعی عێراقی سەبارەت بە هەڵوێستی حیزبی تودەی ئێران لە مەسەلەیەكی وا (حەمید درویش)ی تێگەیاندبوو كە “حیزبی تودەی ئێران… نەك هەر بەشداری لەم جۆرە كۆنگرەدا ناكەن، و یارمەتی نادەن، بەڵكوو بە پێچەوانەشەوە پڕۆپاگەندەی توند دژی فكرەكەش بڵاو دەكەنەوە، كۆسپیش دەخەنە پێش، چونكە لە ژێر كارتێكردنی ئایدۆلۆژیای ڕەگەز پەرەستی نەتەوەی گەورەو دوگماكانی ستالینیزم دا ڕزگاریان نەبوون” (164).
هەروەها لە كاتێكدا حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە هەوڵی ئەوەدا بوو لەرزەی جیابوونەوەی تاقمی حەوت نەفەرە هەڵمژێت و لەو هەل و مەرجە ئاڵۆزەی كوردستاندا سەنگەری بەرگری چۆڵ نەكات و هەوڵبدات ڕاستیەكان، كاولكارییەكانی سوپای پاسداران، نەهامەتییەكان بۆ نێو خۆ و جیهانی دەرەوە ڕوونكاتەوە. حیزبی تودە وەك ئەوەی بە تەواوی جەنگی لە دژی گەلی كورد و جوڵانەوە نەتەوایەتییەكەی ڕاگەیاندبێت، خەریكی چەواشە كاری و درۆهەڵبەستن و پڕۆپاگندە بوو دژ بە كورد.

(مردم) لە یەكێك لە ژمارەكانیدا نووسیبووی “دوكتۆر قاسملو 9 ملیۆن دۆلاری لە ناتۆ وەرگرتووە”، ئەو هەواڵە كە بڵاوكراوەكانی ڕژێمی كۆماری ئیسلامی بە مانشێتی گەورە بڵاویان دەكردەوە و وایان نیشانی خەڵكی سادە دەدا گوایە جوڵانەوەی نەتەوەیی كوردستان دەسكەلای ناتۆ و ئیمپریالیزمە (165)، ئینجا هەواڵێكی دیكەیان بڵاوكردەوە گوایە د.قاسملو و شاپور بەختیاری دوا سەرۆك وەزیرانی شا لە شارۆچكەی قەڵادزێ لە كوردستانی عێراق، یەكتریان بینیوەو دژی شۆڕشی ئیسلامی پیلانیان داڕیشتووە، یا خود هەواڵێكی دیكەیان بڵاوكردبۆوە گوایە (سەلاحودینی موهتەدی) بە پووڵی پێشمەرگەی كۆمەڵەوە ستونێكی سوپای ئێرانیان لە ڕێگای كرماشان ـــــ پاوە ڕووتكردۆتەوە و نەیانهێشتووە بۆ بەرگریكردن ل مەرزی ئێران بگاتە شوێنی خۆی (166).
شایەنی باسە د.قاسملو لە نامەیەكیدا بۆ ڕۆژنامەی (اگلاعات) لە 11ی تەمووزی 1980دا، هەواڵی وەرگرتنی پارەی لە ناتۆ بە درۆ خستبۆوە و سەبارەت بە حیزبی تودەش نووسیبووی: “حیزبی تودە بۆ قەرەبوو كردنەوەی شكستی سیاسەتە ناڕاستەكانی خۆی لە كوردستاندا، تاوی داوەتە ساز كردنی ئەم درۆ بێ شەرمانەیە… بەم شێوەیە تاوانبار كردنی سكرتێری گشتی حیزبی ئێمە بە هاوكاری كردن لەگەڵ ئیمپریالیزمی ئەمەریكا، تەنیا بە مەبەستی خۆش خزمەتی و دەربڕینی نۆكەرایەتی لە لایەن ڕێبەرایەتی حیزبی تودەوە… جگە لە تاوانێكی ناڕەوا… ڕق و قینی ڕێبەرایەتی حیزبی تودە دەرهەق بە بزووتنەوەی میللی و دیموكراتیكی خەڵكی كوردستان نیشان دەدا و سووكایەتی یەكی ڕاستەوخۆیە دەرحەق بە خەباتی ڕەسەنی گەلی كوردە” (167).
سەبارەت بە بینینی بەختیاریش، د.قاسملو لە كورتەی ڕاپۆرتی دەفتەری سیاسی كە لە 1ی تشرینی دووەمی ساڵی 1980دا پێشكەشی كۆبوونەوەی گشتی كۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانی كرد گووتی “دیارە ئێمە ئەگەر بمانەوێ بەختیار، ببینین، ئەوە كوردستانمان دەدەستدایە و بەختیار دەتوانێ بێتە كوردستان، پاشانیش شارەكەیان خراپ هەڵبژاردووە، چونكە من نزیكەی هەموو شارەكانی عێراقم دیوە “قەڵادزێ” نەبێ!!… پێویستیش ناكا بڵێم كە هەرگیز لە ژیانمدا لەگەڵ بەختیار دانەنیشتووم…”(168).

لەوە دەچێ بەرگری و خۆڕاگری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە تەواوی ڕێبەرایەتی حیزبی تودەی ئێرانی هەراسان كردبێت، بۆیە (مردم) لە پێناوی كۆتایهێنانی ئەو بەرگرییە و توندتر سەركوتكردنی بە قەوڵی خۆی (دژی شۆڕش)، ئامۆژگاری دەوڵەتی كردووە و نووسیویە “جمهوری اسلامی باید پاسداران انقلاب باری دفاع از انقلاب بە سلاح های سنگین مجهز كند/ كۆماری ئیسلامی پێویستە پاسدارانی شۆڕش بۆ بەرگریكردن لە شۆڕش بە چەكی قورس ئامادە بكات” (169)!!

لە ڕاستیدا هەڵوێستی نابار و هەڵپەرەستانەی حیزبی تودە لە حاست ڕووداوەكانی كوردستانی ئێران و جوڵانە نەتەوایەتیەكەی گەلی كورد لەو پارچەیەی كوردستاندا شێوازێكی خەتەرناكی لە خۆگرتبوو، هەر وەك (فاتح ڕەسول) دەڵێت ” ڕۆژنامەی (مردم) ئۆرگانی حیزبی تودە بە فارسی و بە كوردی گەلێك لە خومەینییەكانی گەرم و گوڕتر بەرگرییان لە ڕژێمی ئاخوندەكان و پەیڕەوی ئیمام دەكرد…هەڵوێست و ڕێبازی سەركردەكانی تودە، دەربارەی ئاپۆڕ و وێرانكردنی كوردستان وەك هەڵوێستی حیزبەكان شۆڤێنست تووشی گومڕا هاتبوون، گیۆیان قوڕقوشمی تێكدرابوو، دەویان لۆك كرابوو، دەنگێكی ناڕەزایی، هاوارێك، پروتستویەكلیان دەرنەچوو، نە بە ناوی مافی مرۆڤایەتی و دیموكراتیەت، یا ئایدیۆلۆژیەتی ئینتەرناسیۆنالی كە بە درۆ و سەرزارەكی فشەفشیان پێوە دەكرد، كەمێك داكۆكی لە نەتەوە لێقەوماوە ماف ژێر پێ خراوی كوردی كوردستانی ئێران بكەن… بە هیچ جۆرێك لەم جۆرە هەڵە زلانە شەفاعەت كردن وخۆڕزگار كردن سانانیە!” (170).
پێویستە بگوترێت كە سیاسەتی هەڵپەرەستانە و خۆشخزمەتی حیزبی تودە و ئەو هەڵامەزنەی سەبارەت بە یەكگرتنی هێزە پێشكەوتنخوازەكان لە پشتی ئیمامەوە بە دژی ئیمپریالیزم نابویەوە نەیانتوانی یەكێیتیەكی ڕاستە قینە و هەتاسەر لە نێوان بە قەوڵی خۆیان “موسوڵمانانی ڕاستەقینە و ماركسیستە شۆڕشگێڕەكان” بێنێتە دی، چونكە پاش ئەوەی سەرەی سەركوتكردنی حیزبی تودە گەیشت، دەزگا سەركوتگەرەكانی ڕژێمی كۆماری ئیسلامی لە بەهاری 1982دا شاڵاوێكی لە ناكاویان كردە سەر حیزبی تودە و نزیكەی تەواوی ڕێبەرایەتی و ئەندامانی ئەو حیزبە دەستگیر كران، بە (كیانوری) سكرتێریشەوە، كە یەك بە دوای یەك هێنرانە سەر شاشەی تلفیزۆن و دانیان بە تاوانەكانیان (دژی شۆڕش) دەنا، بە تایبەتی جاسووسی كردن بۆ دەوڵەتی شورەوی(171)، بەوەش حیزبی تودەی ئێران، بۆ دووەم جار لە مێژووی ژیانیدا ڕیشەكێش كرا.
حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، لە كاتی خۆیدا بەیاننامەیەك بە مجۆرە ڕیشەكێشكردنی حیزبی تودەی ئێرانی لێكدایەوە “شك لەوەدا نییە كە كارنامەی تێكۆشانی ڕێبەرایەتی حیزبی تودەی ئێران لە ساڵەكانی پاش شۆڕشدا ڕەشە وسیاسەتێك كە لەو ماوەیەدا پەیڕەوی یان لێ دەكرد، لە لایەن خەڵكی ئێرانەوە مەحكوومە، پشتیوانی بێ ئەم لاولا لە تەواوی كردەوەكانی كۆنەپەرەستانە و دژی گەلی ڕژێم…دەنگدان و نیزامی چەرخەكانی نێوەڕاستی ویلایەتی فەقیهی، پەسەند كردنی جینایەتەكانی ڕژێم دژی تەواوی خەباتی ڕێگای ئازادی و هەوڵدان بۆ دروستكردنی دووبەرەكی لە نێوان هێزە شۆڕشگێڕەكاندا… بەشێك لە كارنامەی تێكۆشانی ڕێَبەرایەتی حیزبی تودەی ئێرانە…. هاندانی ڕژێم… بۆ درێژە پێدانی شەڕ لە كوردستاندا، هەوڵی سەرنەكەوتوو بۆ پێك هێنانی دوو دەستەیی (انشعاب) لە نێو حیزبی دیموكراتی كوردستاندا، پاڵدانی تۆمەتی ناڕەوا بە ڕێبەرایەتی حیزبی ئێمە، جاسووسی كردنی ئەندامان و هەوادارانی حیزبی تودە دژی تێكۆشانی حیزب و پێشمەرگە قارەمانەكان لە نێو شارەكانیشدا، بەشێك لە كارنامەی ڕەشی ڕێبەرایەتی حیزبی تودە بە حیساب دێ، لە هەمووی سەیرتر ئەوە بوو كە تەواوی ئەو كردەوانە لە ژێر سەرپۆشی خەبات دژی ئیمپریالیزمی ئەمەریكادا دەكرا.

ڕێبەرایەتی حیزبی تودە… ئەو ڕاستییە سادەیان دەرك نەكرد كە هەر حیزبێك كە بە نرخی ڕۆژ نان دەخوا، ئوسووڵ فیدای تاكتیك دەكا، ئۆپۆرتونیسم و هەڵپەرەستی دەكاتە بناغەی سیاسەتی خۆی و ماكیاولیزم تا ڕادەی سیاسەتی ڕەسمی خۆی بەرز دەكاتەوە، داهاتوویەكی بێجگە لە تێ شكان و لە دەست دانی نفووز و ئیعتباری خۆی لە نێو كۆمەڵانی خەڵك دا نابێ” (172).

د. قاسملۆی سكرتێری حیزبی دیموكرات كە ساڵانێكی دوورودرێژی لە هەڵسووڕان و تێكۆشانی سیاسی لە نێو حیزبی تودەدا هەبوو، سەبارەت لەو چارەنووسەی تودە لە نامەیەكیدا بۆ سەعید كاوەی نووسیوە “زۆر كەس ئێستا چارەنووسی حیزبی تودەی پێ خۆشە، من پێم ناخۆشە، بەڵام هەر وەك لە اگلاعییه دەفتەری سیاسی دا هاتووە، سیاسەتی دوور لە ئوسووڵ ئاكامی هەر ئەوەیە” (173).

2/2: : ئەو فاكتەرانەی هەڵوێستی سەلبی حیزبی تودەیان لە حاست كێشەی نەتەوایەتی گەلی كورد لە ئێراندا وێنا دەكرد.

لە ڕاستیدا هەڵوێستی سەلبی حیزبی تودە لە حاست كێشەی نەتەوایەتی گەلی كورد لە ئێراندا بە درێژایی ساڵانی 1941 ـــــ 1982 لە چەند فاكتەر و بنەماوە سەرچاوە دەگرێت كە دەكرێت بە گشتی وەك لای خوارەوە ڕیزبەند بكرێن.

2/2/1: پێكهاتەی دامەزراندنی حیزبی تودە و پەروەردەبوون لە سایەی شۆڤێنیەتی ڕەزا شادا:

پێش هەر شتێك پێویستە بگوترێت كە زۆربەی ئەندامانی دامەزرێنەری حیزبی تودە لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە لەو خوێندەوارە فارسە تارانییانە بوون كە تەمەنی لاوێتییان لە قۆناغی دیكتاتۆری بیست ساڵەی ڕەزاشا لە ئێران بردبووە سەر و لە سایەی ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیستی فارسگەرای پەهلەویدا لە خوێندنگا و زانكۆو دەزگا فەرهەنگییەكانی حكوومەتی شاهەنشاهیدا لە تاران پەروەردە ببوون (174)، ئەوەش كاریگەرییەكی زێدە خراپی لە سەریان جێهێڵابوو، بە چەشنێك نەتوانن درك بەو ڕاستییە بكەن، كە ئێرانی نوێ دەوڵەتێكە بە دەستی ڕەزاشا وبە قازانجی ئیستعماری بەریتانیا لە پاش جەنگی یەكەمی جیهانیەوە هێنراوەتە بوون، ئەویش بە گرتنەبەری سیاسەتی كودەتا و پیلانگێڕان و لە ڕێگای پەلاماری سەربازی و سەركوت و گۆڕینی ئیمپراتۆری قاجاری فرە گەل، جوگرافیا، كلتور و فەرهەنگەوە، پاش سەرپێدانەواندنی گەلانی غەیرە فارس و لە خوێنا گوزاندنی جوڵانەوە نەتەوایەتییەكانی و گرتن وكوشتنی ڕێبەرانیان و هەوڵدانێكی بێ ووچان بۆ بە فارسكردنیان و وەدیهێنانی سیستمێكی سەنترالیستی میلیتاریستی فارسگەرا و تۆتالیتێر (175).

بە واتایەكی تر، ئەوانە لە ڕەهەندە مێژووییەكانی دامەزراندنی دەوڵەتی ئێرانی نوێ و پێكهاتە نەتەوەیی و كۆمەڵایەتییەكانی نە دەگەیشتن و خوێندنەوەیەكیان بۆ نابەرامبەری پەیوەندییەكانی نەتەوەی سەردەستی فارس لە

ناوەند لەگەڵ نەتەوە ژێر دەستەكانی هەرێمەكان نەبوو، ئەوانە هەروەك پیاوانی ڕەزاشا و ناسیۆنالیستی تەنگەتیلەی فارس ئێرانی بوون و فارس بوونیان بە شێروخەتی دراوێك دەزانی، لێرەشەوە شتێكیان بە ناوی (كێشەی نەتەوایەتی) لە ئێران بە عەقڵدا نەدەهات، هەر لە بەر ئەوەش بوو چەمكی (ملت ایران/ نەتەوەی ئێران)، و ئامانجی (حفڤ و تمامیت خاک ایران/ پاراستن و یەكێتی خاكی ئێران)ی ڕەزاشا و دەوڵەتی شاهەنشاهیان بە ڕاستیەكی ڕەها و ئەزەلی دەزانی و لە ناخەوە بڕوایان بە سەنترالیزم و فارسگەرایی هەبوو، و لە پێناویدا تێدەكۆشان.
بێ سوود نییە گەر لێرەدا (دكتۆر تقی ارانی) بكرێتە نموونە، ئەو ڕۆشنبیرە ماركسییە ئێرانییەی كە تێكڕای دامەزرێنەرانی تودە بە سەرچاوەی ئیلهام و پێشەنگی خۆیان دەزانی و بە مامۆستا و ڕێبەرێكی مەزنیان لە قەڵەم دەدا و ساڵانە یادیان دەكردەوە.

ئارانی وێڕای ئەوە لە تەورێز لە دایك ببوو، بەڵام پەروەردەی تاران بوو، ئەویش وەك زۆرینەی ڕۆشنبیرانی هاوكاتی خۆی لایەنگرێكی سەنترالیزمی دەوڵەتی و فارسگەرایی بوو، ئەو دوو پایەیەی ڕەزاشا ئێرانی نوێی لە سەر دامەزراندن، نێوبراو لە وتارێكیدا بە ناونیشانی (ێ‌ژربایجان مسأله حیات و ممات برای ایرانیان/ ئازەربایجان مەسەلەی مردن و ژیان بۆ ئێرانییەكان)، ئازەربایجانی هەرێمی ئازەرنشینانی تورك زمانی بە لانكی ئێران نێو بردووە و دەڵێت كە ئەو ناوچەیە لە ئاكامی هێرشی مەغۆلە دڕندەكانەوە زمانی فارسی لە دەستدا، ئینجا بە ڕاشكاوی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئازەرییەكان بە هەڵە خۆیان بە تورك لە قەڵەم دەدەن و خۆ لە فارس جیادەكەنەوە، ئارانی خواستی لە بەرچاوگرتنی تایبەتمەندی هەرێمەكان و خۆ بە فارس نەزانینی گەلانی غەیرە فارسی بە هەڕەشەیەكی خەتەرناك لە سەر ئێران دەداتە قەڵەم، و بۆ ڕێگرتن لە هەر هەڕەشەیەكی مەترسیداری بەو شێوەیە لە ئایندەدا، ئارانی داوا لە دەوڵەت دەكات تاكو لەو نێوچەیەدا واتە لە ئازەربایجان زمانی توركی بنبڕ بكات و زمانی فارسی برەو پێبدا (176).

دیدێكی بەو چەشنەی ئارانی كە دەكرێت ناوی شۆڤێنییەتی لە سەر دابنرێ، لەگەڵ هیچ بیرێكی پێشكەوتووخوازانەدا یەكناگرێتەوە ئەو دیدەی كە لە مێژووی هاوچەخدا لە لایەن ڕۆشنبیرە فارسە ماركسیستەكانی ئێران بە گشتی و ڕێبەرانی حیزبی تودە بە تایبەت، باو و بڕواپێكراو بوو.

2/2/2: تێڕوانینێكی ئابوریانەی چینایەتی سیاسییانە بۆ كێشەكانی نێو خۆی ئێران:

لە لایەكی ترەوە بەشێكی بەرچاوی دامەزرێنەران و ڕێبەرانی حیزبی تودە، لە سییەكانی سەدەی بیستەمەوە بۆ خوێندن نێردرابوونە ئەوروپا، بە تایبەتی ئەڵەماینای نازی، بەشێكی ئەوانە سەرەتا لە ژێر كاریگەری بیری فاشیزمدا بوون (177)، پاشان هەر لەوێ بە ماركسیزم ئاشنا ببوون، ماركسیزمێك كە زادەی قۆناغێكە تێیدا جوڵانەوەی ڕزگاریخوازی گەلانی كۆڵۆنییەكان و كێشەی نەتەوەكانی تێدا نەخەملیبوون، وێڕای تێڕوانینی ئەو فیكرە و لێكدانەوەی دیاردەكان لە كڵاوڕۆژنەی ململانێی چینەكانی كۆمەڵگا و بەرژەوەندی مادی و سیاسی چینی پرۆلیتاری جیهان، ئەوەش مانای نەبوونی هەڵسەنگاندنێكی گشتگیر و هەڵوێستێكی دیار و ئاشكرای تەواوی كێشەی

نەتەوایەتی لە ماركسیزمدا دەگەیەنێت (178)، ئەوەش بۆ خۆی گرێیەكی گەورە و كەم و كورتییەكی دیكەی لە لای ڕێبەرایەتی حیزبی تودە پێكدەهێنا، چونكە ئەوانە ئاگادارییەكی وورد و خوێندنەوەیەكی زانستییانەیان ل سەر ئەو زیادەكاری و داهێنانە نەبوو كە (ڤلادیمیر ایلتش لنین) سەبارەت بە كێشەی نەتەوایەتی و جوڵانەوەی ڕزگاریخوازی گەلانی چەوساوە و مافی چارەنووسی گەلان بە ماركسیزمی بەخشیبوو، جا هەر چەندە لینینیش تێكڕای ئەو مەسەلانە هەر لە بەرژەوەندی خەباتی پرۆلیتاریاوە شەن و كەو دەكات و بە مەسەلەی خەباتی دژی ئیمپریالیزمەوەی دەبەستێتەوە و بە تەواوی مافی خۆی نەداوەتی (179)، بەڵام لە چەند شوێندا زۆر بە باشی مەسەلەكانی شیكردۆتەوە و داكۆكی لە مافی چارەنووسی گەلان كردووە و ئەوەندەی خستۆتە بەردەست كە حیزبی تود گەر ئاگایەكی كەمی لێ بوایە، دەبوایە لە سەرەتادا بە ناوی مافی نەتەوەكان و گەلانی بندەست بۆ ناویش بوایە بەندێكی لە مەرامنامەكەیدا بۆ تەرخان بكردایە.
بۆ نموونە لینین گوتوویە “هەموو نەتەوایەتییەكی بۆرجوازی گەلانی چەوساوە، چەمكێكی دیموكراتی گشتی دژ بە چەوسانەوەی هەیە، ئەو نێوەرۆكەی كە ئێمە بێ قەید و شەرت پشتگیری لێدەكەین” (180) یان لە جێگایەكدا نووسیویە “ئەوە چەوسانەوە درێژخایەنەی كە هێزە ئیمپریالیستەكان بە دژی گەلە كۆلۆنیكراو و خاوەن ئابوورییە دواكەوتۆكان گرتوویانەتەبەر، جگە لە ڕق و بێ بڕوایی، هیچ شتێكی دیكەی لە دڵی جەماوەری زەحمەتكێشی ئەو هەرێمانە، بە پرۆلیتاریاشەوە، ناڕوێنێ، ئەو گومان و بێزارییەی كاتێك زێدەتر دەبێت، كە هێزە سوسیالیستە دیموكراتەكان خیانەت لە بەرژەوەندییەكانی چینی كرێكار دەكەن و خۆیان وەك خزمەتكارێكی گوێڕایەڵی بورجوای ئیمپریالیستی دەردەخەن، بەوەی (مافی) چەوساندنەوەی كۆڵۆنی و هەرێمە بە زۆر بەستراوەكانی پێ ڕەوا دەبینن” (181).

2/2/3: لە سایەی تیۆری نەتەوایەتی ستالیندا.

ئاشكرایە كاتێك حیزبی تودە دەمی لە كێشەی نەتەوایەتی دا، وێڕای دەوڵەمەندی لینینیزم لەو بارەیەوە، یەكسەر تیۆری تەنگەتیلەی ستالینی لە مەڕ كێشەی نەتەوایەتییەوە كردە بنەمای دید و بۆچوون و سەرچاوەی مامەڵە كردنی لەگەڵ ئەو كێشەیە و هەڵوێست وەرگرتن لە حاستیدا، شایەنی باسە تیۆری ستالین بۆ پێناسە كردن و چۆنێتی پەیدا بوونی نەتەوە و نەتەوایەتی و دانانی (ئابووری هاوبەش) بە مەرجێكی بنەڕەتی پەیدا بوونی هەر نەتەوەیەك (182)، دەگونجێت بۆ گەلانی ئەوروپا تا ڕادەیەكی زۆر گونجاوبێت، بەڵام بۆ نەتەوایەتی گەلانی رۆژهەڵات و جیهانی سێهەم كە لە هەل و مەرجی پێش سەرمایەداری پیشەسازیدا دەژین راستیەكی چەسپاو نییە، چونكە نەتەوایەتی ئەوە گەلانە لە بازاڕی هاوبەشی سەرمایەداری سەری هەڵنەداوە، بەڵكوو هەل و مەرجی خەبات دژی داگیركاری و لە سەنگەری ڕووبەڕوو بوونەوەدا خوڵقاوە، ئەو راستیەی حیزبی تودە بە تەواوی تەمەنی دەركی نەكرد.
ئەمە لە لایەك و لە لایەكیترەوە بە چاولێكەری حیزبی كۆمۆنیستی روس كە خوازیاری ئەوە بوو بە پێكهێنانی نەتەوەی رووسی مەزن و لە قاڵبدانی تێكڕای چیە پرۆلیتاریا و زەحمەتكێشەكانی هەموو نەتەوە و ڕەگەزە جیاوازەكانی نێو یەكێتی شورەوی بە هۆی پارتە كۆمۆنیستە وابەستراوەكانەوە، شێوازێكی نوێ‌ و چینایەتی پێوەری

نەتەوایەتی بێنێتە دی، حیزبی تودەش لە خەیاڵی دامەزراندنی ئێرانێكی سۆسیالیستدا بوو بە پێشڕەوی خۆی، كە تێیدا رەگەز و زمانی نەتەوەی غەیرە فارسەكان شوێنێكی لەو پرۆسەیدا نەبێت، بەڵكو نەتەوەیەكی چینایەتی ئێرانی بە زمانێكی فارسی رەسەن و بە ئیدۆلۆژییەكی ئینتەرناسیۆنالیستی ماركسی و لە پێناو بنیات نانی كۆمۆنیستیدا ئامانج و ئاوات بێت. مەسەلەیەكی وا نە لە شورەوی و نە بۆ حیزبی تودە، بگرە لە هیچ كوێیەكی ئەم جیهانەدا نەهاتۆتە دی.

2/2/4: لە سایەی وابەستەیی فیكری و سیاسی بە ئەنتەرنالسیۆنالیستی كۆمۆنیستەوە (كۆمێنترن).

ئەوەی نابێ‌ لێرەدا لە یاد بكرێت ئەوەیە، وابەستەیی حیزبی تودە وەك هەر حیزبێكی كۆمۆنیستی دیكەی خۆڕهەڵاتی ناوەڕاستی سەردەمی جەنگی سارد بە كۆمێنترن و یەكێتی شورەوییەوە كاریگەری خۆی هەبوو، لە سەر مەسەلەی بایەخدان یان بایەخنەدان بە كێشەی نەتەوایەتی و مافی گەلانی غەیرە فارس لە ئێران، چونكە حیزبی تودە لە سایەی ئەو وابەستەییەدا زیاتر هەڵوێستی جیددی لەو مەسەلانە وەردەگرن كە لە بەرنامە و جێگەی بایەخی كۆمێنترن بوون، دیارە مەسەلەی نەتەوە غەیرە فارسەكان بە گشتی و كێشەی لە ئێران بە تایبەتی ئەوەندە شوێنی گرنگی پێدان و بایەخی كۆمێنترن نەبووە و نەبۆتە پایەیەك مەسەلەی ستراتیژی لەو وڵاتەدا پێوە گری بدات، ئەوەش سەرچاوەیەكی دیكەی خەمساردی ئاوەڕنەدانەوەی حیزبی تودەیە لە كێشەیەكی ئاڵۆزی بەوە شێوەیە.
لە لایەكی دیكەوە خولانەوەی حیزبی تودە لە بازنەی بەرژەوەندییە سیاسیەكانی شورەوی لە ئێران و ناوچەكەدا، ببووە سەرچاوەی گرتنە بەری سیاسەت و خیتابێكی دەق گرتوو بە مەسەلەكانی: پێشكەوتنخوازی و كۆنەپەرەستی، دژایەتی ئەمریكا و ئیمپریالیزمی خۆرئاوا، هاندانی نزیك بوونەوە لە شورەوی و بەپیرەوە چوونی بەرژەوەندییەكانی لە ئێران، تێكڕای ئەو مەسەلانە كە حیزبی تودەیان لە مەڕ مەسەلەكانی مافی مرۆڤ، دیموكراتی، پەیوەندی دەوڵەت و تاك، دەوڵەت و هەرێمەكان، نەتەوەی فارس و نەتەوەی غەیرە فارسەكان، فەرهەنگی گەلانی ئێران …هتد ,دوور و بێ‌ئاگا راگرتبوو، ئەوەش نامۆ بوونی تودەییەكانی بە واقیعی كۆمەڵگای ئێران و گرفتەكانی تۆختر كردبووە و رەگەزەكانی رۆشنگەری و داهێنانی لە لای رێبەرانی ئەو حیزبەدا مردار كردبۆوە( 183).

سەرچاوە و پەراوێزەكان:

1ـ بۆزیاتر:
عبدالهادی کریم سلمان، ایران فی سنوات الحرب العالمیە الپانیە، مرکز دراسات الخلیج العربی، البصرە،1986.
2ـ نورالدین كیانوری، خاگرات نورالدین كیانوری، موسسە تحقیقات و انتشارات دیدگاە، تهران، 1272ش، ص 67ـ 68.
3ـ محمود تربتی سنجابی، قربانیان باور و احزاب سیاسی ایران، چاپ أول، انتشارات ێ‌سیا، تهران، 1275ش، ص 320.
4ـ د. گاهر خلف البکا‌و، التگورات الداخلیە فی ایران 1941ــ 1951، بغدا،2002، ص 93.
5ـ یرواند ێ‌براهامیان، ایران بین دو انقلاب، ترجمه: کاڤم فیروزمند، حسن شمس ێ‌وری و محسن مدیر شانه چی، چاپ چهارم، نشر مرکز، 1280ش، ص 256.
6ـ محمود تربتی سنجابی، سەرچاوەی پێشوو، ل 320.
7ـ نورالدین كیانوری، سەرچاوەی پێشوو، ل 18.
8ـ احسان گبری، کژراهه. خاگراتی از تاریخ حزب توده، چاپ أول، انتشارات امیر کبیر، تهران، 1366، ص 50.
9ـ بۆ زیاتر:
تیمور بختیار، كتاب سیاە (دربارە سازمان افسران تودە)، چاپ مگبوعات، تهران، اسفند ماە 1324.
10ـ نورالدین كیانوری، سەرچاوەی پێشوو، ل 97.
11ـ یرواند ابراهامیان، سەرچاوەی پێشوو، ل 271.
12ـ هەمان سەرچاوە، ل 274.
13ـ بۆ زیاتر:
پیتر ێ‌وری، تاریخ معاصر ایران، ترجمە: محمد رفیعی مهرێ‌بادی. جلد دوم، چاپ چهارم، انتشارات عگائی، تهران، 1377ش، فصل نهم.
14ـ نورالدین كیانوری، سەرچاوەی پێشوو، ل 145.
15ـ احسان گبری، سەرچاوەی پێشوو، ل 78 ـ 82.
16ـ یرواند ابراهامیان، سەرچاوەی پێشوو، ل 281 ـ 282.

17ـ د. گاهر خلف البکا‌و ، سەرچاوەی پێشوو، ل 223 ـ 224.
18ـ ئەم هەوڵە لە لایەن (ناصر فخرێ‌رائی) ەوە ئەنجامدرا كە سەر بە ڕێكخراوی (فدائیانی اسلام)بوو، ئەو ڕێكخراوەی لە ساڵی 1946دا لە لایەن خوێندكارێكی ئاینی بە ناوی (مجتبی نواب صفوی)یەوە دامەزراو یەكێك بوو لە سەرسەخترین گروپە مەزهەبییەكان كە لە ڕووی سیاسییەوە ئەندێشەی دامەزراندنی دەوڵەتێكی ئیسلامی هەبوو،

ترۆری سیاسیشی پراكتیزە دەكرد بۆ لە ناوبردنی نەیارەكانی، ئەم ڕێكخراوە لە ساڵی 1956دا بە لە سێدارەدانی دامەزرێنەرەكەی كۆتایی هات. بڕوانە:

جمعی از نویسندگان، سلسلە پهلوی و نیروهای مژهبی بە روایت تاریخ كمبریج، ترجمە: عباس مخبر، چاپ دوم، تهران، 1272، ص 295 ـ 297.
19ـ احسان گبری، سەرچاوەی پێشوو، ل 82 ـ 86، نورالدین كیانوری، سەرچاوەی پێشوو، ل 183 ـ 185.
20 ـ بۆ زیاتر:
سپهر زبیح، ایران در دوران دكتر مصدق، ترجمە: محمد رچا رفیعی مهرێ‌بادی، تهران، 1263.
21 ـ یرواند ابراهامیان، سەرچاوەی پێشوو، ل 287 ـ 288.
22 ـ هەڵاتووەكان بریتیبوون لە (بقراگی، مهندس علوی، كیانوری، شاندرمنی، جوادی، صمد حكیمی، خسرو روزبە، ڤبادی، نوشین، دكتور یزدی و احمد قاسمی) كە لە كاتی خۆیدا دەنگۆكە وا كەوتبوو گوایا ڕەزم ێ‌را بۆ ڕاكێشانی سەرنجی شورەوی ئەم دەرفەتەی داونێ. بڕوانە:
پیتر ێ‌وری، سەرچاوەی پێشوو، ل 400.
23 ـ خلیل گهماسبی سەر ب ڕێكخراوی فدائیانی اسلام هەستا بە كوشتنی ڕِەزم ئارا، ئەو (خەلیل )ی كە ساڵی 1955د گیراوپاشتر گوللەباران كرا. بڕوانە:
ابراهیم صفایی، رهبران مشروتە، فرهنگ و هنر، تهران، 1356.
24ـ یرواند ابراهامیان، سەرچاوەی پێشوو،ل 288 ـ 289.
25ـ نورادین كیانوری، سەرچاوەی پێشوو، ل 242 ـ 245.
26ـ ح.ارسنجابی، یادداشتهای سیاسی، تهران، 1335، ص4.
27ـ بۆ زیاتر:
مارگ.د.گازیورسكی، سیاست خارجی أمریكا و شاە، بنای دولت دست نشاندە در ایران، ترجمە: فریدون فاگمی، چاپ أول، سعدی، نشرمركز، تهران، 1271.
28 – یرواند ابراهامیان، سەرچاوەی پێشوو، ل 294.
29- نورالدین كیانوری، سەرچاوەی پێشوو، ل 335- 337.
30- هەمان سەرچاوە، ل 351- 352.
31- احسان گبری، سەرچاوەی پێشوو، ل 234- 238.
32- نوالدین كیانوری، سەرچاوەی پێشوو، ل 474- 475.
33- مازیار بهروز،شورشیان ێ‌رمانخواه، چپ در ایران، ترجمە: مهدی پرتوی، تهران، ققنوس، 1380، ص170.
34- هەمان سەرچاوە، ل 218،219.
35-بۆ زیاتر:
خلیل ملكی، برخورد عقاید و ێ‌را، ویرایش و مقدمە: محمد علی همایونی كاتوزیان، امیرپیشداد، چاپ دوم، تهران، 1376.

36- احسان گبری، سەرچاوەی پێشوو، ل 239.
37- هەمان سەرچاوە، ل 40.
38- فریدون كشاورز، من متهم می كنم كمیتە مركزی حزب تودە ایران را، انتشارات رواق، تهران، ص 79- 80.
39- خلیل ملكی، سەرچاوەی پێشوو؛ اسكندری، “حزب تودە و شوروی” در فصلی در گلی سرخ. شمارە 3، پاییز 1365.
40- نورالدین كیانوری، سەرچاوەی پێشوو، ل 136- 137.
41- گژشته چراغ راه ێ‌ینداست، ل 582- 585.
42- مردم، شمارە 67، 23 دیماە 1329.
43- سپهر زبیح، سەرچاوەی پێشوو، بەشی 4وە.
44- نورالدین كیانوری، سەرچاوەی پێشوو، ل 242- 247؛ مازیار بهروز، سەرچاوەی پێشوو، ل 45- 46.

45- گژشته چراغ راه ێ‌ینداست، ل 703.
46- دربارە 28 مرداد، نشریە كمیتە مركزی حزب تودە ایران، بهمن 1332.
47- بۆ زیاتر:
جمعی از نویسندگان، انقلاب اسلامی و چرایی و چگونگی رخداد ێ‌ن، چاپ أول، قم؛ 1378، د. ێ‌مال السبكی، تاریخ ایران السیاسی بین پورتین (1906- 1979)، سلسلە عالم المعرفە 250، الكویت، 1999.
48- بۆ زیاتر: احسان گبری، سەرچاوەی پێشوو، ل 203.
49- كیانوری، نورالدین، پرسش و پاسخ دربارە مشی سیاسی حزب تودە ایران، (2)، چاپ أول، شركت سهامی، تهران، 1258، ص 24- 25.
50- وەرگیراوە لە: عبدالرچا هوشنگ مهدوی، سیاست خارجی ایران در دوران پهلوی 1300- 1357، چاپ سوم، تهران، 1375، ص 484.

51 ـ نورلدین كیانوری، پرسش و پاسخ…..، ل 25.
52 ـ هەمان سەرچاوە، ل 27.
53 ـ شایەنی باسە كیانوری ئەوەندە بە توندی و بێ قەید و شەرت لایەنگری باڵی مەزهەبی توندڕەوی دەكرد كە لە لایەن (د. كریم سنجابی) یەوە ناوی (ێ‌یە الله کیانوری) بە سەردا دابڕا. بڕوانە:
دكتر كریم سنجابی، امیدها و نا امیدی ها، چاپ اول، لندن، 1268، ص 370.

54 ـ مازیار بهروز، سەرچاوەی پێشوو، ل 215.
55 ـ سازمانی كارگەرانی ئینقلابی ئێران (راهی كارگەر) ـ كۆمیتەی كوردستان، كورتەیەك بۆ ناسینی سازمانی كارگەرانی ئینقلابی ئێران (راهی كارگەر)، بێ ش، بێ م، ل 18 ـ 19.
56 ـ مازیار بهروز، سەرچاوەی پێشوو، ل 48.
57ـ بۆ زیاتر:

ارتشبد حسین فردوست، ڤهور و سقوگ سلگنت پهلوی، جلد أول،چاپ دوم، تهران، 1370،ص 279 ـ 471.
58ـ احسان گبری،سەرچاوەی پێشوو، ل 188- 189، 228، 229، 254 ؛
نوالدین كیانوری، خاگرات….،ل 443- 461.
59- مازیار بهروز، سەرچاوەی پێشوو، ل 55- 60.
60- بۆ زیاتر، احسان گبری ، سەرچاوەی پێشوو، ل 267- 294.
61- بۆ زیاتر: محمد رچا پهلوی، پاسخ بە تاریخ، بە كوشش: شهریار ماكان، چاپ سوم، تهران، 1377، ص 348- 349.
62- بڕوانە: خلیل ملكی، سەرچاوەی پێشوو، ل 122، 124؛ مازیار بهروز، سەرچاوەی پێشوو، ل 263- 269.
63- گژشته چراغ راه ێ‌ینداست، ل 151، 201.
64- بۆ زیاتر:
د.یاسین سەردەشتی، كوردستانی ئێران. لێكۆڵینەوەیەكی مێژوویی لە جوڵانەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی گەلی كورد (1939- 1979)، سلێمانی، 2003، ل 67- 110.
65- یرواند ابراهامیان، سەرچاوەی پێشوو، ل 358.

66- British charged Affaires to the Foreign office,Memorandum
the Tudeh Congress ,F.O 371\ persia \644\ 34 -40187.

67- گژشته راە ێ‌ینداست، ل151، رهبر، 14- 16 شهریور 1323.

68- حیزبی تودە لە سەرەتای ساڵی 1945دا لقی خۆی لە شاری كرماشان كردەوە كە ناسراوترین ئەندامەكانی: محمد حسن خسروی، سید محمد كزازی، عبدالعڤیم دزفولی، حسن سالمین, حسین جمشیدی، حشمت سبحانی،فاچل بحرالعلوم و حمید سالمی بوون، ولە لایەن ئاغای شهاب پورەوە ڕابەری دەكرا، دوای ئەویش محسن علوی سەرپەرشتی كۆمیتەی كرماشانی حیزبی تودەی گرتە ئەستۆ، شایەنی باسە ڕۆژنامەی (بێستون) كە لە لایەن ئاغای مهدی فرهپور هەر لە ساڵی 1942ەوە لە كرماشان بە زمانی فارسی دەردەكرا، بووە ئۆرگانی لقی كرماشانی حیزبی تودە، ئەو ڕۆژنامەیەی كە تا ساڵی 1949 بەردەوام بوو، بڕوانە:
محمد علی سلگانی، احزاب سیاسی و انجمن های سری در كرمانشاە، جلد دوم، تهران، 1378، ل 329- 304.

69- عمویی كە یەكێكە ل ئەفسەرە تودەییە ناسراوەكانی لەشكری ئێران، و خەڵكی كرماشانە، باس لەوە دەكات كە خەڵكی ئەودەمی كرماشان تودەیی بوون و كۆمۆنیستی و خوانەناسییان بە یەك شت دەزانی. بڕوانە: محمد علی عمویی، درد زمانە، انتشارات انزان، تهران، 1377، ل 16.

70- British Ambassador to the Foreing office, 25 September 1945
F.O. 371\ Persiq 1945\ 34 – 45 451.

71- هێمن، تاریك و ڕوون، گوڵبژێرێك لە شیعرەكانی هێمن، لە بڵاوكراوەكانی بنكەی پێشەوا، ل 20.
72- (كریس كۆچێرا) تێكدانی حیزبی ئازادی كوردستان دەخاتە ئەستۆی شورەوییەكان و بە سەرەتای هاوكاری ئێرانی – شورەوی دادەنێت بە مەبەستی دامركاندنەوەی ڕاپەڕینە چەكدارانەكەی گەلی كورد لە ورمێ. بڕوانە:
كریس كۆچێرا، مێژووی كورد لە سەدەی 20- 19دا، وەرگێڕانی: محمد ریانی، تاران، 1369، ل 257.
73- د. یاسین سەردەشتی، سەبارەت بە حیزبی ئازادی كوردستان، بەدرخان- مانگنامەیەكی هونەری ڕۆژنامەوانی گشتی ئازادە، ژمارە 38، 39، سلێمانی، 22 تشرینی دووەم و كانوونی یەكەمی 2003.
74- حوسێنی مەدەنی، كوردستان و ستراتیژی دەوڵەتان، بەرگی دووەم, بێ شوێن، 1380، ل 232- 233.
75- هەژار (عەبدولڕەحمان شەرەفكەندی)، چێشتی مجێور، ئامادە كردن و سەرپەرشتی كردنی چاپ: خانی شەرەفكەندی، چاپی یەكەم، پاریس، 1997، ل 72.
76- وەرگیراوە لە: حوسێنی مەدەنی، سەرچاوەی پێشوو، ل 232.
77- بڕوانە: یرواند ابراهامیان، سەرچاوەی پێشوو، ل 264.
78- هەمان سەرچاوە، ل 361.
79- رهبر، 28- 21 مرداد 1324.
80- علی دهقان، سرزمین زردشت، رچائیه، چاپ أول، انتشارات ابن سینا، ص 711- 712.
81- گژشته چراغ راە ێ‌ینداست، ل 350.
82- هەمان سەرچاوە، ل 351- 352.
83- مردم، 18 دی 1324.
84- پیتر ێ‌وری، سەرچاوەی پێشوو، ل 388.
85- لینین، كلیات ێ‌پار، جلد 22، چاپ مسكو، ص 164.
86- نورالدین كیانوری، سەرچاوەی پێشوو، ل 127- 129.
87- ایران مان 20 ێ‌بان، 10 ێ‌ژر 1324.
88- رهبر، 3و 6 اردیبهشت 1325.
89- د.رادمنش، صورت جلسات مژاکرات مجلس، مجلس چهاردهم، 4 دی 1325.
90- رهبر، 4 شهریور 1325.
91- ایران ما، 29 اسفند، 1324.
92- رهبر، 12 ێ‌بانماه 1325؛ مردم، 11 بهمن 1324، 11 دیماە 1325.
93- بۆ زیاتر:
احسان گبری، سەرچاوەی پێشوو، ل 66- 69؛ خلیل ملكی، سەرچاوەی پێشوون ل 116- 122.

94- كوهستان، 13 ابان 1325.

95- احسان گبری، سەرچاوەی پێشوو، ل 72- 77. شایەنی باسە كیانوری لە بیرەوەرییەكانیدا بە ڕاشكاوی دان بەو هەڵە مەزنەدا دەنێت كە حیزبی تودە ئەو كاتە تێیكەوتبوون هەروەها باسی لەوە كردووە كە وەزیرە تودەییەكان ژێر بە ژێر هاتوچۆی شاهەنشایان كردووە و پەیوەندییەكان بە دەربارەوە هەبووە: بڕوانە:
نورالدین كیانوری، سەرچاوەی پێشوو، ل 136- 139.
96- وەرگیراوە لەك نەوشیراون مستەفا ئەمین، حكوومەتی كوردستان ڕێبەندانی 1324- سەرماوەزی 1325، چاپی دووەم، هەولێر، 1993، ل 237.

97- گژشته چراغ راە ێ‌ینداست، ل 481- 482.
98- بەیان نامەی دووهەمین كۆنگرەی حیزبی دیموكرتی كوردستان، كۆمیتەی ناوەندی، سەرماوەزی 1343 (نوامبری 1964).
99- یرواند ابراهامیان، سەرچاوەی پێشوون ل 278- 279.
100- كمیتە مركزی حزب تودە، شعارهای حزب تودە، رزم، 8 دی 1331.
101- مردم، 14 بهمن 1327.
102- لە ڕاستیدا بەستنەوەی كێشەی نەتەوایەتی گەلانی غەیرە فارس بە خەباتی دژی ئیمپریالیستی لە ئێراندا وەك دیدێكی زاڵ و كارپێكراو لای سەرانی حیزبی تودە تا دوا تەمەنی ئەو حیزبە بەردەوام بوو، بە جۆرێك قسەكردن لەو كێشەیە بە شێوەیەكی سەربەخۆ و هەنگاونان بۆ چارەسەركردنی چووبووە خانەی فەرامۆشییەوە، بۆ نموونە لە یەكێك لەو كۆبوونەوانەی لە باكۆی ئازەربایجانی شورەوی گرێدران و سەرانی حیزبی تودەی لێ ئامادە بوون، كاتێك قسە لە كێشەی كورد و نەتەوە غەیرە فارسەكان هاتە گۆڕێ، ئیرج اسكندری، گوتی “ئێمە فارس و ئازەر و كورد وەك سێ منداڵی بێ باب واین، نانەكەمان لە سندووقێك دایە، لاسارێكی مل ئەستور قفڵی داوە و لە سەری دانیشتووە، دەبێ هەر سێكمان پێكەوە لە سەر سندوقی فڕێ دەین و ئەوسا نانەكەمان دەست كەوێ و پێكەوە تێرببین، ئێستا باسی جیابوونەوەی ئازەربایجان و كوردستانێك نابێ بكرێ”. بڕوانە: هەژار، سەرچاوەی پێشوو، ل 345.
103- خود گەردانی چەمكێكی فارسییە كە لە دوو بەش پێكدێت، ئەویش (خود/خۆ) و (گردان/گێڕان)ە، لە ڕووی سیاسییەوە واتە مافی خەڵكانی هەرێمێكی دیاریكراوی وڵاتێك كە كاروباری خۆیان لە سایەی ئەو یاسا و دەستورانەی دەسەڵاتێكی ناوەندی بە هێز بە سەریاندا دەسەپێنێت، بەرن بەڕێوە، بێ ئەوەی كاریگەرییەكی ئەو تۆیان لە داڕشتنی ئەو یاسا وپەیوەندییانەدا هەبێت كە ناوەند بۆ بەڕێوەبردنی وڵات دەیگرێتە بەر، چەمكێكی وا كە ناتوانرێت وەك سەرەتاییترین چەمكەكانی مافی دیاریكردنی چارەنووس و بە دیهێنەری لانی كەمی یەكسانی نەتەوایەتی لە وڵاتێكدا لە قەڵەم بدرێت.
104- غەنی بلوریان، ئاڵە كۆك. بە سەرهاتەكانی سیاسی ژیانم، ستۆكهۆڵم، 1997، ل 78.
105- هەمان سەرچاوە، ل 79.
106- هەمان سەرچاوە، ل 111.

107- دكتور عبدالرحمان قاسملو، چل ساڵ خەبات لە پێناوی ئازادی، كورتەیەك لە مێژووی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، فەسڵی سێیەم، ل 17.
108- كەریمی حیسامی، لە بیرەوەرییەكانم، بەرگی یەكەم، سوید، 1986، ل 186- 187.
109- هەمان سەرچاوە، ل 164.
110- هەمان سەرچاوە، ل 186.
111- سەعید كاوە، ئاوڕێك لە بە سەرهاتەكانی خۆم و ڕووداوەكانی نێو حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، چاپی یەكەم، بێ ش، 1996، ل 19.
112- بۆ زیاتر: د. یاسین سەردەشتی، سەرچاوەی پێشوو، ل 268- 272.
113- كەریمی حیسامی، سەرچاوەی پێشوو، ل 207.
114- هێمن، سەرچاوەی پێشوو، ل 39.
115- كەریمی حیسامی، سەرچاوەی پێشوو، ل 201.
116- حیزبی یەكەمیان لە مەهاباد دامەزرا و سەر بە بەرەی شاپەرەستەكان بوو، ئەوی دیكەشیان لە شاری سنە لە لایەن (شێخ معتصم حیسامی) پێكهێنرا و پشتگیری بەرەی نیشتمانی و موسەددەقیان دەكرد.
117- جەلیل گادانی، با نەبێتە درۆی پاش مردوو، بێ ش، 2000، ل 19.
118- هەمان سەرچاوە، ل 123؛ غەنی بلوریان، سەرچاوەی پێشوو، ل 155- 156.
119- وەرگیراوە لە:
مسعود البارزانی، البارزانی و الحرکە التحرریە الکردیە، الکرد و پورە 14 اتموز1958 14|تموز|1958- 11 أیلول| 1961، کردستان، 1991، ص 253.
120- غەنی بلوریان، سەرچاوەی پێشوو، ل 156؛ د.یاسین سەردەشتی، سەرچاوەی پێشوو، ل 307- 308.
121- احسان گبری، سەرچاوەی پێشوو، ل 192- 196.
122- بەیانی نامەی (حیزبی دیموكراتی كوردستان) بە بۆنەی 10ی خاكەلێوە ڕۆژی شەهیدانی جەمهوری دیموكراتی كوردستان، كۆمیتەی سەركردەیی حیزبی دیموكراتی كوردستان، 10ی خاكەلێوەی 1339.
123- بۆ زیاتر: مسعود البارزانی، سەرچاوەی پێشوو، ل 255- 292.
124- كەریمی حیسامی، سەرچاوەی پێشوو، بەرگی سێیەم، ستۆكهۆڵم، 1988، ل 7.
125- بڕوانە: هەژار، سەرچاوەی پێشوو، ل 366، 388، 402.
126- كەریمی حیسامی، سەرچاوەی پێشوو، بەرگی دووەم، سوید، 1987، ل154.
127- هەمان سەرچاوە.
128- هەمان سەرچاوە، بەرگی سێیەم، ل 17- 18.
129- هەمان سەرچاوە، ل 12- 13.
130- بۆ زیاتر:
یاسین سەردەشتی، خوێندنەوەیەكی مێژوویی جوڵانەوە چەكدارییەكەی كوردستانی ئێران لە ساڵانی 1967- 1968دا، ئامادە كردنی بەڵگەنامە و بڵاوكردنەوەی: شازین هێرش، سلێمانی، 2002.
131- نورالدین كیانوری، سەرچاوەی پێشوو، ل 433.

132- بۆ دەقی ڕێكەوتننامەكە بڕوانە:
كەریمی حیسامی، سەرچاوەی پێشوو، بەرگی سێیەم، ل 96- 100.
133- شمارە گزارش: 189/ 12ه، موچوع: ایجاد تشكیلات حزبی در ایران با اتلاف تودەایهای ایران وعراق و حزب دمكرات كردستان ایران، تاریخ 5/12/ 46 در: چپ در ایران، بە روایت اسناد ساواك حزب دمكرات كردستان، جلد اول، تهران، 1378، ص 451.
134- هەمان سەرچاوە، شمارە گزارش: 1976، موچوع: مخالفت حزب منحلە تودە با شورش كردستان ایران، تاریخ: 6/12/46، ص 452.

135- احسان گبری، سەرچاوەی پێشوو، ل 142.
136- عبدالرچا هوشنگ مهدوی، سەرچاوەی پێشوو، ل 414- 419؛ محمد رچا پهلوی، سەرچاوەی پێشوو، ل 216- 262.
137- كەریمی حیسامی، سەرچاوەی پێشوو، بەرگی سێیەم، ل 126.
138- هەمان سەرچاوە، ل 181.
139- حیسامی دەڵێت “ڕێبەرایەتی حیزبی تودە نەك هەر بۆ یارمەتی برادەران و بە جێ گەیاندنی قەوڵ و قەرارەكانیان هەنگاویان نە هاوێشت، بەڵكوو كەوتبوونەپەڵپ و بیانوش، ڕۆژێك لە پڕ نامەیەكیان بۆ ڕادیۆ نار بوو كە گۆیا بەشی كوردی پەیكی ئێران حكوومەتی عێراقی پەلامار داوە، لە كاتێكدا سرف درۆ بوو، كاك حەسەنی قزڵجی گوتی: ئەوە سەرەتای پەڵپ وبیانووە، پیاو ئەگەر بە دەستی خۆی پەت بكاتە ملی خۆی ئاوا دەبێ” هەمان سەرچاوە، ل 184.

140- بۆ زیاتر: د. یاسین سەردەشتی، كوردستانی ئێران….، ل 381- 399.
141- هەمان سەرچاوەن ل 422.
142- بها‌والدین نوری، مژاکراتی، الگبعە الپانیە، سلیمانیە، 1993، ص 349.
143- ئەحمەد بانیخێڵانی، بیرەوەرییەكانم، سوید/ ستۆكهۆڵم، 1997، ل 343- 344.
144- جلیل گادانی، سەرچاوەی پێشوون ل 50- 51.
145- مردم، ژمارە1، خەزەڵوەری 1358 بەرامبەر /23ی ئوكتوبەری 1979.
146- هەمان سەرچاوە.
147- مردم، ژمارە 21، 18ی جوزردانی 1359.
148- هەمان سەرچاوە.
149- هەمان سەرچاوە.
150- نورالدین كیانوری، سەرچاوەی پێشوون ل 463.
151- احسان گبری، سەرچاوەی پێشوو، ل 143، 301، 303، 307.

152- سندشمارە 30، موچوع: موقعیت كردها، تاریخ: 2سپتامبر 1979 در: اسناد لانە جاسوسی. كردستان (1)، ص 175.
153- مردم، (مهرماە 1358.
154- بۆ زیاتر:
د.یاسین سەردەشتی، سەرچاوەی پێشوون ل 439- 440، 462- 463.
155- مردم، ژمارە 21، جوزردانی 1359.
156- بۆ زیاتر:
مردم، ژمارە 2، 13ی بەفرانباری 1358؛ عبداللە حسن زادەن نیو سەدە تێكۆشان، بڵاوكراوەی كۆمسیۆنی چاپەمەنی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، گەلاوێژی 1374ی هەتاوی، ل 193- 197.
157- مردم، ژمارە 15، 7ی بانەمەڕی 1359. شایەنی باسە حەسەنی قزڵجی لە دانیشتنێكدا بە جەفەنگ دابووی بە ڕووی كیانوریدا و پێی گوتبوو “هاوڕێ كیانوری تۆش بەم خەتی ئیمامەت سەرمان بە فەتارەت دەدەی…. ئاخیر قوربان موللاو ئینقلابی”. بڕوانە: حەسەنی ماوەرانی، بە یادی نووسەر و ئەدیب وتێكۆشەری شەهید مامۆستا حەسەنی قزڵجی، هیوا – گۆڤار، سوید، ژمارە 9، ل 37.
158- بڕوانە: گزارش كمیتە مركزی كنگرە چهارم حزب دمكرات كردستان ایران. توسگ دبیر كل رفیق دكتر عبدالرحمان قاسملو، 1 اسفند 1358/ فوریە 1980.
159- بۆ زیاتر: د.یاسین سەردەشتی، كوردستانی ئێران…، ل 419- 441.
160- ئەو حەوت كەسە بریتیبوون لە: غەنی بلوریان، فەوزیە قاچی، فاروق كیخسروی، ئەحمەد عەزیزی، نوید معینی، دكتور رحیم، سەیفی قاچی، مامۆستا هێمن، شایەنی باسە مامۆستا هێمن هەڵەیەكی مەزنی كرد كە پاڵی بەو بەرەیەدا، بەڵام نەكەوتە داوی خیانەتەوە، چونكە هەر زوو خۆی لەو تاقمە جیا كردەوە و شێوازێكی دیكەی بۆ خەبات هەڵبژارد.

161- احسان گبری، سەرچاوەی پێشوو، ل 299؛ نورالدین كیانوری، سەرچاوەی پێشوو، ل 533.
162- سەعید كاوە سەرچاوەی پێشوو، ل 214- 215.
163- محاهد. نشریە سازمان مجاهدین خلق ایران. مردادماە 1364.
164- فاتح رسول، چەند لاپەڕەیەك لە مێژووی خەباتی گەلی كوردمان. ڕووداو بەڵگەنامە، بەرگی دووەم، سوید، 1992، ل 188.
165- جلیل گادانی، 50 ساڵ خەبات.كورتە مێژوویەكی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، بەرگی یەكەم، بی م، ل 248.
166- چاوپێكەوتن لەگەڵ كاك سەلاحودینی موهتەدی، سلێمانی، 4/10/2003.
167- جلیل گادانی، 50 ساڵ خەبات، ل 249.

168- كورتە ڕاپۆرتی دەفتەری سیاسی، كە لە لایەن سكرتێری گشتی حیزب، دكتۆر عبدالرحمن قاسملوەوە لە ڕۆژی 10ی مانگی خەزەڵوەردا (1359- ل) پێشكەش بە كۆبوونەوەی گشتی كۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران كراوە.
169- مردم، شمارە 243، 4 خرداد 1359.
170- فاتح رسول، سەرچاوەی پێشوو، ل 35.

171- بۆ زیاتر:
اعترافات كادر مركزی حزب تودە، سازمان تبلیغات اسلامی، تهران، 1362.
172- بڕوانە: جلیل گادانی، 50 ساڵ خەبات، ل 288- 291.
173- سەعید كاوە، سەرچاوەی پێشوو، ل 250.
174- شایەنی باسە 80%ی ڕێبەرە دامەزرێنەرەكانی حیزبی تودە لە ڕۆشنبیرە فارسەكانی دانیشتووی تاران پێكدەهاتن كە ناوەندی تەمەنی تێكڕایان 37 ساڵ دەبوو. بڕوانە: یرواندابراهامیان، سەرچاوەی پێشوو، ل 260، 298.
175- بۆ زیاتر:
یاسین خالد سردشتی، لمحات عن الاوچاع السیاسیە و الاقتصادیە و الاجتماعیە فی شرق کوردستان 1930- 1939، مه تین- مجلە سیاسیە پقافیە، الصدد 58، تشرین الپانی 1996.
176- وەرگیراوە لە: یرواند ابراهامیان، سەرچاوەی پێشوو، ل 354.
177- نورالدین كیانوری، سەرچاوەی پێشوو، ل 60- 70.
178- بۆ زیاتر: جورج گرابیشی، المارکسیە و المسألە القومیە، الگبعە الاولن، بیروت، 1969.
179- بڕوانە: ایڤان غروشیڤ، المسأ لە القومیە فی الاتحاد السوفیتی. پجارب و حلول، تعریب:
فارس عچوب، بیروت، 1973.
180- ڤلادیمیر ایلتش لنیین، المولفات الکاملە، باریس، موسکو، المجلد20، ص 161.
181- هەمان سەرچاوە، المجلد 20، ص 151.
182 بۆ زیاتر: الیاس مرقص، الستالینیە و المسأ لە القومیە، عن کتاب: الفکر السیاسی، الگبعەالاولی، دمشق، 1963.
183- بۆ زیاتر: مازیار بهروز، سەرچاوەی پێشوو.

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …