Home / ناوداران / جەمال حەیدەری تێكۆشەرێكی مەزنی جیهانی

جەمال حەیدەری تێكۆشەرێكی مەزنی جیهانی

تلتلع
مومتاز حەیدەری

چیرۆكی ئەم كورتە نووسینە….!
بە ڕێكەوت، برادەرانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لە هۆڵی میدیا، یادی شەهید محەمەد سەرسپییان دەكردەوە، من و هاوڕێ‌ حەیدەر فەیلی لە تەك یەك دانیشتبووین.. من بە هاوڕێ‌ حەیدەرم گوت بۆ ئێوەش (واتە حزب) یادی شەهیدەكان ناكەنەوە، لەوانە شەهید جەمال حەیدەری .. هتد، لە وەڵاما گوتی من لەگەڵ برادەران قسە دەكەم..
ئەوە بوو پاش چەند ڕۆژێك ئاگاداری كردمەوە، كە حزب پێی خۆشە یادی شەهید جەمال حەیدەری بكاتەوە، بە ڕێكەوتیش مانگ، مانگی تەمووز بوو، چونكە كاك جەمال ڕێكەوتی 20/7/1962، لە ژێر ئەشكەنجەیەكی یەكجار دژوار بەدەستی بەعسیە فاشیستەكان شەهید بوو.. داوای كرد چۆن بكرێ‌، منیش لە وەڵاما گوتم، حزب، لە لایەنی ڕێكخستن و هونەری هۆڵ و دەعوەت نامە..هتد ڕێكبخات، مەسەلەی بەرنامەكەی هەر بە خۆتان دەست نیشان بكەن، تەنها بە ناوی بنەماڵە وتارێكمان هەبێ‌… هتد. گوتی باشە، ئەوەبوو لە گەڵ ساڵح‌و جەمشید رێكەوتین وتاری بنەماڵە من بینووسم‌و پێشكەشی بكەم، ئاگاداری حزبمان كرد كە لە پرۆگرامی یادكردنەوەكە دا تۆمار بكرێ‌. پاشان دوو ڕۆژ پێش یادەكە، سەركردایەتی حزبی شیوعی عیراق، بەڕێز ئەبو ئەحلام و برادەرێكی دیكە هاتنە ماڵەوە، گوتیان دەمانەوێ‌ وتارەكە ببینین، منیش گوتم وتارەكە پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە، بەناوی بنەماڵەوە من پێشكەشی دەكەم، پێویست ناكات ئێوە تەماشای بكەن، ئەگەر هەر سوورن لەسەر دیتنی، ئەوا ئێمە وتارمان نابێت، ئێووش خۆتان چی دەڵێن بیڵێن..، ئەوە بوو، لە هەڵوێستەكەی من پەست بوون،.. هەمدیس حزب ئاگاداری كردم، كە دەبێ‌ وتارەكە ببینن، هەمدیسان ڕازی نەبووم..!! ڕۆژی 20ی تەمووز، نیوەڕۆكەی دیسان هاتن بۆ ماڵەوە، داوای وتارەكەیان كرد، دیارە منیش پێم داگرت، كە نابێ‌ تەماشای بكەن، ئەوە بوو جەمشیدی برام نیوەڕۆكەی لە ماڵی ئێمە بوو،. من پێشنیازم كرد جەمشید سەیری بكات، ئەگەر بڕگەیەك یا ڕستەیەكی ئەوتۆی تێدایە، حزب پێی نیگەران دەبێت، جەمشید با لای بدات، ئەوە بوو دانیشتن چاوەڕێیان كرد، من و جەمشیدی برام وتارەكەمان دەوركردەوە، جەمشید هەندێ‌ بڕگە و دێر لە ئەو(24) لاپەرەم كە قەبارەی وتارەكە بوو، لای دا.. جا ئەوساتەی پێشكەشم كرد، هەستم كرد وتارەكە درێژە، ئامادەبوان بێزار دەكات، بە خۆشم یەك دوو لاپەڕەی دیكەشم لابرد.. هتد، پاش پێشكەشكردنی وتارەكەم، برادەرانی حزب زۆر قەلس و توڕە بوون، ئەوە بوو داوایان لە بەڕێز هادی مەحمود كرد، ئەو سەردەمە، بەرپرسی راگەیاندنی هەرێمی كوردستان بوو، بێ‌ ئەوەی ناوی لە پڕۆگرامی یادەكە هەبێ‌، یەكسەر چووە سەر سەكۆی یادەكە، وتارێكی پڕ لە هێرش و ناڕەوا، لەبارەی وتارەكەی منی پێشكەش كرد، كە شیرازەی یادەكەی تێكدا..!! ..هتد
دیارە ئەوە مایەی سەرنج بوو جەنابی كاك عەزیز لە كوردستان(شەقلاوە) بوو، ئامادەی یادەكە نەبوو، هاوكات لە جیاتی ئەوەی بە ناوی مەكتەبی سیاسی یا سەركردایەتی حزبی شیوعی عیراق یادەكە ئەنجام بدرێ‌، بە ناوی هەرێمی كوردستان كرد، كە وتارەكەی هەرێمی كوردستان، بەڕێز كاك ئەبو دڵشاد، (تەحسین محەمەد خەلیل) ئەندامی لێژنەی هەرێم كورتە وتارێكی زارەكی پێشكەشی كرد، هەروەها چەند بڕگەیەكی دیكەی شیعرو بروسكە پێشكەش كران..
ئەوەی جێگای وەبیرهێنانەوەیە پاش چەند ڕۆژێك جەنابی كاك عەزیز لەشەقڵاوە بە نازەنینی خوشكمی گوتبوو، (مومتاز هێرەی بە حزبی كردووە)..!!؟
لە كۆتایی دا دەڵێم پاش (22)ساڵ، هەقی خۆمە دەقی وتارەكە بە تەواوی بڵاو بكەمەوە، بۆ ئەوەی لە مەیدانی لێكۆڵینەوەی سیاسی، بە تایبەتی لە بارەی شەهید جەمال حەیدەری و حزبەوە نەوەی نوێ‌ ئاگاداری بن..
هیوادارم، حزب، لە ماوەی 22 ساڵ ئەزمونێكی باشی وەدەست هێنابێت، چاوی بەڕێباز و سیاسەتی خۆیدا خشاندبێتەوە، ئەو جۆرە گلەیی‌و گازاندە و سەرنجانەی كەم كردبێتەوە.

دەوری جارانی خۆی زیندوو كردبێتەوە.
هەر هەموو لایەك خۆش بن

24/11/2013

لللللل

یادی كۆستێكی گەورە و مرۆڤێكی مەزن
(شەهیدە بێ‌ نازەكان)
گەورە خوشكان گەورە برایان
ئێوارەتان باش
ئازیزان: من ڕێگا بە خۆم نادەم، یەكسەر بە خێرهاتنی ئێوەی خۆشەویستان بكەم، بەڵكو دەچمە بەر دەرگەی بەهەشتە نەمرەكەی شەهیدان و كڕنووشیان بۆ دەبەم و هاتنی ئێوەی ئازیزان دەكەمە چەپكە گوڵێكی ڕەنگین و بۆندار، جا بە شەرمەوە پێشكەشیان دەكەم و داوای بە خێرهاتنی ئێوەی نیشتمانپەروەران دەكەم… ئەوسا گورج دەگەڕێمەوە و لە ناخەوە لەسەرچاوەی پیرۆزی گیانی زیندووی شەهیدەكانەوە، بەگەرمی بەخێرهاتنتان دەكەم و دەڵێم یاخوا بە خێر بێن… بەسەر چاوان بەخێربێن مایەی ڕێز و سوپاسمانن، نمونەتان زۆر بن.
خۆشەویستان:
واباوە، لە بیرەوەری شەهیداندا، دوا وشە، یان وتار، لە ژێر سەردێڕی سوپاسنامە، بە نێوی بنەماڵەی شەهیدەوە پێشكەش دەكرێ‌، بەڵام من ئەمجارەیان ئەم ڕەچەیە دەشكێنم، چونكە پێم وایە هەر واشە، خودی میللەت، نەتەوە، خاوەن شەهیدەكانە. هەڵبەت بنەماڵەش بەشێكی بچكۆلانەی میللەتەكەن، ئەو حزبەی یادەكەش دەكاتەوە، پردی نێوان میللەت و بنەماڵەیە، بۆیە كە من لێرەدا، وەك نیشتمانپەروەرێك لە یادی ئەم كۆستە گەورەیەدا، بە خێرایی چەند سەرەباسێكتان پێشكەش دەكەم… بەڵكو هاوكات ڕێگام پێ‌ بدەن بە ناوی ئێوەوە، باسی پایەی شەهیدان، بەتایبەتی شەهیدی نەمر جەمال حەیدەری بكەم، ئەوەیش بە چەند سەرە قەلەمێك ژیاننامەو بیروڕاو هەڵوێست و دەورە جوامێرانەكەی لە ڕەوتی جوولانەوەی نیشتمانی‌و نەتەوەپەروەری عێراق بەگشتی، لە گۆڕەپانی خەباتی ڕەوای نەتەوەی كورد لە كوردستانی باشوردا بەتایبەتی بكەم.
جا لە نێوان ئەم چەند سەرە قەڵەمەدا، بە كورتی ژمارەیەك هەڵوێست و هەڵسەنگاندنی حزبی شیوعی لەبارەی شەهید جەمال حەیدەری و سەرجەم شەهیدانی حزب و میللەتی كورد، دەخەمە بەرچاو، چونكە بەلای منەوە، بەداخەوەش، حزب لە ئاستی بەرپرسیاری و گیان و ڕێبازی شۆڕشگێڕانەی حزبێكی ماركسی و لێنینی نەبوو…؟!

سەرجەم شەهیدە بێنازەكانی كوردستان و
ململانێی حزبایەتی تەسك….!
نزیكەی سەدەیەكە، جوڵانەوەی رزگاری خوازی نیشتمانی كورد سەری هەڵداوە و خەباتێكی دژواری هەمە چەشن بەردەوامە و دوژمنە لە مێژینەكانی كورد، قۆناغ بە قۆناغ زیاتر زەبر و زەنگیان لە ڕۆڵە نیشتمانپەروەرەكانی كورد وەشاندووە، قەبارەی قوربانی و ماڵ وێرانی و ژمارەی شەهیدانی لە زیادبووندایە، كەچی سەركردایەتییە جۆر بە جۆرەكانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد، بەگوێرەی پیرۆزی پایەی شەهیدانی و دەور و خەبات و قوربانییەكانیان گرنگییان پێ‌ نەدراوە، بۆ نمونە لە یەكەم شەهیدی ڕێگای سەرفرازی كوردستان-لێرەدا مەبەستم تەنیا كوردستانی باشوورە –شەهیدی نەمر شێخ عەبدولسەلامی بارزانییە كە ساڵی 1914 لە لایەن توركە عوسمانییەكان لەسێدارە دراوە، تا دەگاتە ڕۆژگاری ئەمڕۆكەمان، بە پێی ئەو دەرفەت و قۆناغە جیا جیای باری سیاسی و نەتەوەیی كوردستان، كە تا ڕادەیەك دەرفەت لەبار بووە. چییان بۆ نەكراوە..؟! بەتایبەتی بۆ شەهیدە ڕەش و ڕووت و هەژارەكان، یاخود سەرجەمی پێشمەرگە شەهیدەكانی ڕێگای ئازادیی كوردستان، سەدانی دیكە، كە لە زیندانەكانی دوژمنان شەهیدكراون، بە واتایەكی دیكە لە هەندێك سەركردە و كادیر بترازێ‌، ئەو هەزارەها شەهیدو كەس و كاریان بێناز ماونەتەوە…؟!
بێگومان هەرچەند باری سیاسی و نەتەوەیی كوردستان بە گشتی ئاڵۆز و دژوار بووە، بەڵام ئەو هەڵوێستە و بۆچوونە ناشارستانی و قەدر نەزانینی شەهید پڕ بە پێستی خۆی، تا ڕاددەیەك بۆ خودی پاشكەوتووی كۆمەڵی كوردەواری دەگەڕێتەوە، لە كۆمەڵێكدا كە نرخی گیانی مرۆڤ بە هەند نەزانرێ‌ و نەریتی مرۆڤ كوشتن بە كارێكی ئاسایی بزانرێ‌، لە كاتێكدا مرۆڤ بە نرخترین سەرمایەی سەر ڕووی زەمینە، بگرە هەر ئەم نەریتە ناپەسندە، تا ڕاددەیەك لە هەڵسوكەوتوو ڕێبازی جووڵانەوەی گەلی كوردستان ڕەنگی داوەتەوە، نموونەیەكی زیندوو شەڕی براكوژی (خوانەكا جارێكی دیكە بگەڕێتەوە)…! هەروەها مەسەلەی گیانی حزبایەتی تەسك و لەبەر چەند هۆیەكی دیكە پایەی شەهید لە كۆمەڵی كوردەواری لە ئاستی پیرۆزی خۆیدا نییە…!! بۆیە كە زۆربەی هەرە زۆری شەهیدە كەڵە مرۆڤەكانمان لە بن ئاوی مەنگدا لە بیر چوونەتەوە، ئەگەر وانەبێ‌، كەی ڕەوایە، یەكێكی وەك شێخ عەبدولسەلامی بارزانی كە یەكەم شەهیدی ڕێگای سەربەخۆیی كوردستانە، نە یادی كراوەتەوە، نە كتێبێكی شایستە دەربارەی نووسراوەتەوە..!؟ جا نەك تەنیا نەوەی نوێ‌ تا ئێستا نایناسن، بگرە نەوەكانی دیكەی پێشووی جوولانەوەی كوردایەتی شتێكی ئەوتۆی لێ‌ نازانن..؟ یان مەسەلەی شەهیدی حزبەكان، بۆتە مەسەلەیەكی عەشیرەتگەری، واتە، ئەم حزبە ناوی شەهیدی حزبەكەی دی ناهێنێ‌؟! لە كاتێكا مرۆیەكی نیشتمانپەروەر رێگای دژواری خەبات دەگرێ‌، لە ئەنجامەكەیدا، شەهید دەكرێ‌، جا سەربە هەر حزبێك بێت، ئەوە دەبێتە مووڵكی میللەت، دەبێ‌ گشت لایەك شانازی پێوەی بكات… یاخود ژمارەیەكی زۆر لە تێكۆشەرانی كورد لە ئەنجامی شەڕی براكوژی شەهید بووینە، ڕەوایە بەجارێ‌ مافیان پێشێل بكرێ‌…؟! فەرموون، هەموو لایەك باسی دیموكراتییەت دەكەن، با پێشەكی لە ئاستی شەهیدەكانمان دیموكراتی بن…! هەر هەموویان بە یەك چاو تەماشایان بكەین… بە كورتی نیشانەیەكی نیشتمانپەروەری و شۆڕشگێڕی و شارستانیەتی هەر كۆمەڵێك لە ڕێزگرتنی شەهید و پیاوە گەورەكاندا خۆی دەنوێنێ‌… هیوادارین، لە مەودوا لە ئاستی پیرۆزی سەروەریی شەهیدا بین…

انان

29ساڵ و ئەم یادە نیمچە هەژارە..؟!
ئەمڕۆكە، بیرەوەری 29ساڵەی ئاشكراكردنی شەهید بوونی سەركردەیەكی لێهاتوویی و ڕووناكبیرێكی سیاسی نەتەوەكەمانە و ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی عێراق: شەهیدی نەمر جەمال حەیدەریو شەهیدی نەمر محەمەد ساڵح ئەلعەبەلی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزب و نووسەری تێكۆشەر عەبدولجەبار وەهبی یە، كە بە “ئەبو سەعید” ناسراوە، بەڵێ‌ بۆ یەكەم جارە لە ئەنجامی خەبات و خۆڕاگری و ڕاپەڕین و كۆڕەوە مەزنەكەی گەلی كوردستان، لە شاری تێكۆشەران، لە شاری هەولێر یادی جوامێر و قارەمانێكی كەم وێنەی، ئەم شارە، بەناوی هەرێمی كوردستانەوە، نەك بە ناوی مەكتەبی سیاسی، یاخود لێژنەی مەركەزی حزبەوە دەكرێ‌… ئەمە لە لایەك، لە لایەكی دیكەوە، لە ماوەی ئەم (29) ساڵەدا، چەندین جار دەرفەت هەڵكەوتووە، كە بە لێكۆڵینەوەی تایبەتی، یان بە ئەلقەی لێكۆڵینەوە لە سەردەمی خەباتی شاخدا، یاخود لە دەرەوەی وڵات، یادی ئەم كەڵە مرۆیانە بكرابا، كە لە مێژووی حزبی شیوعی عیراق، دەورێكی باڵایان هەبووە، بە تایبەت لە مەڕ سیاسەتی حزب لە گەڵاڵە كردنی ڕێبازێكی ڕاست بۆ چارەسەر كردنی كێشەی كورد. بگرە ئەوەی كراوە، چەند جارێك لە ماوەی ئەم (29) ساڵەدا، ئەوكاتەی ڕۆژنامەی “گریق الشعب” بە نهێنی دەردەچوو، تەنیا بە چەند دێڕێك باسی شەهید بوونی كراوە، وەنەبێ‌ مەسەلەكە تەنیا دەرهەق شەهید جەمال حەیدەری بووبێ‌، بگرە هەندێ‌ لەسەركردەكانی دیكەی حزبیش تا ڕادەیەكی زۆر فەرامۆشكراون… بەڵام بۆ زیاتر ئاماژە بە شەهید جەمال حەیدەری دەكەم..؟ بێ‌ گومان ئەوە چەند هۆكارێكی تایبەتی هەیە.. پاشان باسی لێوە دەكەم… بۆ سەلماندنی بۆچوونەكەم، لە مەڕفەرامۆش كردنی شەهیدەكان، بە تایبەت ئەوانەی تەنیا لەسەردەمی رژێمی پاشایەتی شەهید كراون، بۆ نمونە ناوی شەهید موسا سلێمان دەبەم، كە خەڵكی ئەم شارەیە و یەكەم شەهیدی شیوعی كوردە…؟! كە لە ڕێكەوتی 18/6/953 لە كارەساتەكەی بەندیخانەی بەغدا لە گەڵ حەوت شۆڕشگێڕی دیكە شەهید بوون، یان فەرموون بۆ شەهید نافع یونس چ كراوە …؟! لە بارەی ئەمانەوە، بە ناوی حزبەوە تاكە دێڕێك نەنوسراوە..؟! یان نمونەیەكی دیكە، دەبینین مرۆیەكی تێكۆشەر لێهاتووی وەك شەهیدی سەركردە: ئەحمەد مەحمود حەلاق، سەرتاپای ژیان و تەمەنی خۆی لە پێناوی ئاواتەكانی حزب و میللەتەكەی بەخشی و تووشی سەدان ئێش و ئازار و ئەشكەنجە و گرتن و ڕاونان هات، تەنیا بەر لە شەهید بوونی لە گەڵ حزبی شیوعی جیاوازی سیاسی و فیكری هەبوو، نەك چووبێتە پاڵ دوژمن، بگرە لە حزبێكی هاوبیر (قیادەی مەركەزی –حزبی شیوعی) درێژەی بە خەبات داوە…!! تا ئێستا تاكە دێڕێكیش لە لایەن حزبەوە، لە بارەیەوە نەنووسراوەتەوە..!؟
تەنیا دۆستی خۆشەویستمان مامۆستا محەمەد مەلا عەبدولكەریم مودەریس نەبێ‌، پەخشانێكی جوانی لە ڕۆژنامەی بیری نوێدا نووسی بووی…!
هەڵبەت مەسەلەی نەخۆشی فەرامۆش كردن، حزبی شیوعی زیاتر گرتۆتەوە، چونكە پێویستە بە گوێرەی بیر و باوەڕی شۆڕشگێر و سۆشیالیزم، ئەوان زیاتر بایەخ بە گیانی مرۆ بدەن، بە تایبەت بە شەهیدەكان…؟!، بەڵام بە داخەوە حیسابی تەبارە و رەوسە دیارە زۆر لێك دوورە…؟! هەر لێرەدا، چەند نمونەیەكی دیكە دێنمەوە، كە سەرجەم سەركردایەتییەكانی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی كورد بە حزبی شیوعی یەوەش، كۆمەڵێك شەهیدی ناسراو هەن، تا ئێستا ئەو حزبانە ناویان ناهێنی:”نمونەی پارێزەر مەئمون دەباغ، رەئیس عورەفا عەبدولموتەلیب، عەریف یونس، قارەمانێكی داستانی هەندرێن بوو، برایم ئەفەندی، عەریف عوسمان، مستەفا حاجی هیرانی، حوسێن حەمەد ئاغای مێرگەسۆری، كە لە ئەنجامی پارێزگاری كردن لە خودی بارزان شەهید كرا، یان مەهدی حەمید، موهیب حەیدەری، مەلا عومەر لە پۆستەی هەولێر كاری دەكرد…. دەیانی دیكە، بگرە سەدانی دیكەی باشوری كوردستان… هتد، وەك بڵێی ئەوانە هەر لە دایك نەبووبن.. چونكە ئەوەندە لە بیر كراون!! شایانی باسە و باسی شەهیدەكانی ئەنفال، هەڵبجە، بارزانییەكان و سەرەڕای هەزاران هاوڵاتی كە سەر بە هیچ حزب و ڕێكخراوێكی سیاسی نەبووینە و لە ئەنجامی سیاسەتی ئاگر و ئاسن شەهید كراون..
جا بۆیە بە ڕاشكاوی دەڵێم شەهیدەكانی كوردستان و كەس و كاریان بێ‌ ناز و لە بیركراون….؟!؟
*شەهید جەمال حەیدەری كێیە و لە كوێ‌ لە دایك بووە و چۆن مرۆیەكی مەزن و سەركردەیەكی كوردپەروەری كۆمونیست بووە و چ دەورێكی گەورەی لە ڕەوتی مێژووی حزبی شیوعی و جوولانەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان گێڕاوە..؟
شەهید جەمال حەیدەری لە ساڵی 1926 لە شاری هەولێر، كە قەڵاكەی نیشانەی مانی كوردە، شاری هەولێری دێرین، مەڵبەندە ڕەسەنەكەی نەتەوەپەروەری، لە بنەماڵەیەكی ناسراوی زانست و زانیاری پەروەر و كۆمەڵایەتی خاوەن موڵك لە دایك بووە.. سێیەم كوڕی حەیدەر ئەفەندی كوڕی عاسم ئەفەندی حەیدەری ماوەرانییە… دایكیشی-فەزیلە0 كچی وەلی قادر چەلەبی یە، كە یەكێك بووە لە هەرە دەوڵەمەندەكانی ئەو سەردەمەی شاری هەولێر… مامیشی ئیبراهیم حەیدەری شەیخ و لئیسلام و وەكیلی ” سەدر و لئەعزەم” ی سەردەمی عوسمانی و وەزیری ئەوقافی حوكمەتی مەلیك فەیسەڵی یەكەم بووە.. كوڕەكەی ئیبراهیم حەیدەریش، داود حەیدەری وەزیری داد بووە.
حەیدەر ئەفەندی باوكی شەهید فەرمانبەرێكی میری عوسمانی لە هەندەران بووە، ساڵی 1917 لە ئەستەمبوڵەوە بۆ هەولێر دەگەڕێتەوە و لە ڕوانگەی ئاینی ئیسلامەوە، دژایەتی ئینگلیزەكان دەكات.. بۆیە لەمیری تازەی عیراق هیچ جۆرە پۆستێك وەرناگرێ‌، بەڵكو لە ماوەران و گوندی بێریات خەریكی كاری كشتوكاڵی دەبێ‌.. شایانی باسە لە ئەنجامی تەنگوچەڵەمەی (قەیران) سەرمایەداری ساڵی 1939 و شەڕی دووەمی جیهانی و هاوكات نەهاتی دەغل و دان-وشكە ساڵ- باری ئابووری حەیدەر ئەفەندی تێك دەچێ‌، هاوكات بە پێچەوانەوە كۆچ كردوو ئیبراهیم حەیدەری و كوڕەكەی داود حەیدەری، كە لە شاری بەغدا نیشتەجێ‌ بوون، پایەی میری و باری گوزەرانی ژیانیان لە ئاستێكی باشدا بوو. هاوكات، باری ئابووری و كۆمەڵایەتی شاری هەولێر لە ئاستێكی خراپ و دواكەوتوودا بوو، لە ئەنجامی ئەمانە هەمووی كۆمەڵێك–تناقچات- دروست دەبێ‌، دیارە ئەم بارو دۆخە دژوارەی كۆمەڵی كوردەواری‌و خێزان سەرنجی هەرسێ‌ كوڕە گەورەكانی حەیدەر ئەفەندی: عاسم، سالح، جەمال راكێش دەكات و زوو هەست بە ئێش و ئازاری چینایەتی و كۆمەڵایەتی، نەتەوەیی، دەكەن، هاوكات لە كۆتایی سییەكان و سەرەتای چلەكان، لە شاری هەولێر جوڵانەوەیەكی نەتەوەپەروەری، دروست دەبێ بە دەستپێشخەری ژمارەیەك لە گەنجە خوێنگەرمەكانی هەولێر وەكو: مستەفا عوزێری، جەلال قادر، عومەری عوسمان، موسا سەمەد، دڵدار، نافع یونس، فەتاح جەبار، سەید فەتاح، رۆستەم جەبار، عزەدین فەیزی و دەیانی دیكە.. ڕێكخراوێك بە ناوی داركار، لەبەر ڕۆشنایی ڕێكخراوێكی، بە هەمان ناو، وڵاتی ئیتاڵیادا دادەمەزرێنن، پاشان ئەم ڕێكخراوە ناوەكەی دەگۆڕدرێ‌ بە هیوا، مامۆستا رەفیق حلمی سەركردایەتی دەكات… لە تەك ئەو هۆكارانەدا وا ڕێك دەكەوێ‌ لە هەمان كاتدا، واتە ساڵی 1939، كاك سالح بۆ تەواو كردنی، قۆناغی خوێندنی ئامادەیی دەچێتە شاری بەغدا، لە ئەنجامەكەیدا بیر و باوەڕی ماركسی پەسند دەكات و دەگەڕێتەوە هەولێر…
من بۆیە كە زۆر بە كورتی باسی ئەو پاشخانە-خلیفە كرد، كە لە ئەنجامەكەیدا شەهید جەمال حەیدەری، ساڵی 1944-1945 ئەندامی حزبی شۆڕش و ڕزگاری دەبێ‌ و سەرەتای تێكۆشانی نیشتمانپەروەری دەست پێدەكات. واتە بە هەژدە ساڵی، كە بە گوێرەی ئەو سەردەمە زوو بووە، ڕێگای خەباتی گرتۆتەبەر… دیارە زووش هەروەك و خۆی دەیگیرایەوە، لە قۆناغی ناوەندی بووە، كە دەستی بە خوێندنەوەی سەرچاوەی سیاسی و زانستی كۆمەڵایەتی كردووە. هاوكات گەنجێكی زیرەك و لێهاتوو چاونەترس بوو، بۆیە كە زوو هەڵدەكەوێ‌، لە 13/12/1946، لە شاری بەغدا لە ئەنجامی بەشداری لە خۆپیشاندانێكی گەورەدا دەگیرێ‌ و سێ‌ مانگ بەند دەكرێ‌، كە ئەوكاتە پۆلی دووی بەشی زمانی ئینگلیزی دەبێ‌، لە ئەنجامەكەیدا، لە كۆلیژ دەردەكرێ‌ و دەگەڕێتەوە هەولێر و دوكانێكی عەتاری لەگەڵ بەرێز ئەنوەر فەیزی دەكاتەوە… جاری دووەم لەهەولێر لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە نیشتمانپەروەرانی هەولێر، لە ئەنجامی ڕاگەیاندنی یاسای عورفی دەگیرێ‌، پاشان ئازاد دەكرێ‌ … سەركردایەتی لێژنەی ناوەخۆی حزبی شیوعی لەهەولێر دەكات. بۆ جاری سێیەم لە مانگی تشرینی یەكەم 1948، لە ئەنجامی خیانەتی مالك سێف، شەهید جەمال حەیدەری لەگەڵ شەهید نافع یونس و كۆچ كردوو ئەحمەد غەفوور، كە ئەندامی لقی كوردستان دەبن، لە شاری كەركوك دەستگیر دەكرێن. حەوت ساڵ بەندكردن و سێ‌ ساڵ لە ژێر چاوەدێری پۆلیس… حوكم دەدرێ‌ هەر وەكو هاوڕێیەكانی دەگێڕنەوە، لە بەندیخانەش لێهاتووی و گیانی شۆڕشگێڕانەی خۆی زۆر زوو دەسەلمێنێ‌.. لە 30/ئاداری/1953دا، لە بەندیخانەی بەغدا ڕادەكا و سەركردایەتی ڕێكخراوی ئاڵای كارگەران-رایە الپقیلە- دەكات پاش یەكگرتنی هەردوو باڵەكەی حزب بە ماوەیەك واتە لە مانگی 9ی ساڵی 1956دووەمین كۆنفرانسی حزب بەسەركەوتوویی ئەنجام دەدرێ‌، هەروەكو هاوڕێیەكان و دیكۆمێنتەكانی حزب دووپاتی دەكەن، كە شەهید جەمال حەیدەری دەورێكی زۆر كاریگەری لە كۆنفرانسەكە دا گیراوە، بە تایبەتی لەبارەی كێشەی كوردەوە… شایەنی باسە لە كۆنفرانسەكەدا، بە ئەندامی لێژنەی مەركەزی و ئەندامی مەكتەبی سیاسی هەڵدەبژێرێ‌… تا ڕێكەوتی 20/7/1963، شەهید دەكرێ‌، هەر بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێژنەی سكرتاریەتی حزب دەمێنێتەوە. دیارە، پاش شۆڕشی 14ی تەمووزی 1958حەیدەری لە سەركردایەتی حزب دەورێكی گەورە و باڵا دەگێڕێ‌ و هەڵوێست و بیر و ڕاكانی پڕ بە پێستی بارودۆخە تازەكەی شۆرشی 14ی تەمووز و پێداویستەكانی قۆناغی شۆرشی نیشتمانی و دیموكراتی دەبێ‌… بەڵام بەداخەوە ئەم هەڵوێست و ڕاو بۆچوونانەی شەهید جەمال حەیدەری، مایەی رەزامەندی لێژنەی مەركەزی نابێ‌، هاوكات سەرۆك عەبدلكەریم قاسم مەترسی لێ‌ پەیدا دەكات، بۆیە كە لە كۆبوونەوە فراوانەكەی لێژنەی مەركەزی حزب لە تەمووزی 1959، دەبێتە هۆ بۆ ڕەوانەكردنی بە ناوی خوێندنەوە بۆ یەكیەتی سۆڤیەت… تا رێبازی حزب بە شێوەیەكی ئەوتۆ، كە لەگەڵ ویست‌و ئارەزووی حوكمرانی 14ی تەمووز و برژوای عەرەب بگونجێ‌… ئەم هەلوێستەی لێژنەی مەركەزی، یەكەم هەنگاوی كارەساتی لە دەست دانی شۆرشی 14ی تەمووز و رێبازی راست رەوی-یەمینی- حزب بوو…!! لەوانەیە هەندێ‌ لە سەركردەكانی حزب بڵێن بۆ خوێندن ڕەوانەی دەرەوەی وڵات كراوە، نەك بە نیازی دوورخستنەوە بووە… ئێمە لە نزیكەوە ئاگادارین، چونكە ئەوكات، من‌و جەمشیدی برام لە بەغدا لەگەڵ ئەو دەژیاین… من لێرەدا، تەنها دوو نمونە دەهێنمەوە، یەكەمیان كە ڕۆژی 1/9/1959 سەفەری كرد، تەنها من و جەمشید لەگەڵی چوینە فرۆكەخانە و بەڕێمان كرد… دووەم، پاش هەفتەیەك، لە چوونە دەرەوەی، بروسكەیەكی نهێنی لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە ئاراستەی كاربەدەستانی بەڕێوەبردن –ئیداری- میری كرابوو، ئەمەش دەقی بروسكەكەیە ” لقد غادر جمال الحیدری بغداد قاصدا موسكو للعلم” ئەگەر مەسەلەی چوونە دەرەوەكەی مایەی خۆشعالی سەرۆك عەبدولكەریم قاسم نەبووایە، بۆ ئەم بروسكەیە ئاراستەی كاربەدەستانی میری بەڕێوەبردن دەكرا…!؟

كێشەی كورد و جەمال حەیدەری
شەهید جەمال حەیدەری، سەرەرای پەروەردەی بنەماڵەیەكی زانست و ڕۆشنبیر و كۆمەڵایەتی چاوكراوەو كورد پەروەر بوو، خۆی لە خۆیدا مرۆیەكی هەست ناسك و دڵسۆز و ژیر و خۆش مەحشەر بوو، لە ناخەوە كورد بوو، هەڵگری خەمی كورد بوو، بە پێچەوانەی پایەی چینایەتی بنەماڵەكەی، تێكۆشەرێكی ڕاستەقینەی ڕێگای ڕزگاری و كامەرانی زەحمەتكێشانی كوردستان بوو، ئەوەتە لە پایزی ساڵی 1948 هاوار دەكا و دەچریكێنێ‌:
هەڵسن
هەڵسن….
نیشتمان ژێر دەستە، هەڵسن
ئەی گەلی هۆزی پتەو، دەی
راپەڕن، تاكەی بێ‌ خەوتن
رەنجبەران
رەنجبەران
رەنجبەران
تێپەڕی كاتی ژیانی
عەبدی ژێر چنگ میرەكان
هەڵگرن ئاڵای نەمانی
چینەكەی رەنج خۆرەكان
برسیان
ئیشكەران
رەنجبەران
پایزی 1948

هەروەكو ئاماژەمان بۆ كۆنفرانسی دووی حزب ساڵی 1956 كرد، كە سیاسەت و ڕێبازێكی شیاوی بە پێی ئەوسەردەمەدا، لە مەڕ دۆزی كوردەوە داڕشت كە شەهید جەمال حەیدەری لەگەڵ هەرسێ‌ نوێنەرەكەی لقی كوردستان: كاك سالح حەیدەری و بەڕێز د.كەمال فوئاد و كۆچ كردو كاكەی فەلاح بە تایبەتی و سەركردایەتی شەهید سەلام عادل بە گشتی زۆر ئاشكرایە، بەڵام بەداخەوە پاش شۆڕشی 14ی تەمووز هەمدیسان سیاسەت و رێبازی كۆنفرانسی 1956، لە مەر دۆزی كوردەوە، پەیڕەو نەكرا، بگرە چەندین گیر و گرفتی سیاسی و نەتەوەی لە كوردستاندا ڕووی دا. هەمدیسان بۆ چارەسەركردنی گیر و گرفتی نێوان حزب شیوعی و پارتی دیموكراتی كوردستان، وەفدێك بە سەرۆكایەتی شەهید جەمال حەیدەری و ئەندامیەتی نیشتمانپەروەری ناسراو و دۆستی دڵسۆزی كورد كۆچ كردوو، مامۆستا عەزیز شەریف و كۆچ كردوو شێخ سادق بارزانی و هی دیكە، سەردانێكی كوردستانیان كرد بۆ چارەسەركردنی ئەو باروو دۆخە ئاڵۆزەی نێوان حزبی شیوعی و پارتی، سەردانەكە ئەنجامێكی باشی بەخشی ، پاشان شەهید جەمال لەگەڵ ئەندامانی شاندەكە سەردانی كۆچ كردووی گەورە شێخ ئەحمەدی بارزانیان كرد.
هەر وەكو باسم كرد، كە شەهید جەمال لە 1/9/1959 سەفەری كرد.. پاش سەفەرەكەی ئەو وەزعی سیاسی عیراق بە گشتی و كوردستان بە تایبەتی پەیتا پەیتا بەرەو ئالۆزی دەچوو، لێرەدا شایەنی باسە شەهید جەمال لەگەڵ مەسەلەكە دەژیا و دەیویست چارەسەرێك بە قەد گەورەیی و پیرۆزی كێشەی كورد پەیڕەو بكرێ‌…ئەوەتا ساڵی 1961 دوای بەرپابوونی شۆڕشی ئەیلول لە مۆسكۆ لێكۆڵینەوەیەكی زانستی –نەتەوەیی، لە ڕوانگەی گیانی نەتەوەپەروەریەوە، بە زمانی عەرەبی لە ژێر سەردێری ( الشیوعیون گلیعە النچال كل قچیە كوردستان و نوال الشعب الكردی حقە فی تقریر الصیر والحریە والوحدە القومیە) ، بەڵام دەزانن كەی؟ ئەم لێكۆڵینەوەیە بڵاو كراوەتەوە…!؟ بەڵێ‌، ئەم لێكۆڵینەوەیە بە نرخە پاش 12 ساڵ، واتە لە ساڵی 1973، لە گۆڤاری ” وپیقە تنشر لاول قرە بقلم الرفیق الشهید جمال الحیدری، عچو المكتب السیاسی للحزب الشیوعی العراقی، كتبها عام 1961″.. جێی ئاماژەیە، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆكەشماندا، پاش هەموو ئەو گۆڕانكاریی پریستوریكا و نەمانی یەكێتی سۆڤیەت و هاتنە كایەوەی دەوڵەتی نەتەوەیی و مافی مرۆڤ و دیموكراتییەت، نەك تەنیا حزبی شیوعی داهێنەرانە ڕێباز و ناوەڕۆكی ئەم لێكۆڵینەوەیە پیادە ناكات، بەڵكو هەڵوێستی حزبی شیوعی عیراق لە ئاستی گەوەیی و پیرۆزی مەسەلەی كورد دا نییە..!؟
لە كۆتایی ساڵی 1961 شەهید جەمال لە مۆسكۆ گەڕایەوە، وەك زۆربەتان ئاگادارن، ئەو سەردەمە باری سیاسی عیراق و كوردستان و سەرهەڵدانی شۆڕشی ئەیلول لە چ ئاستێكدا بوو، دیارە گەڕانەوەی شەهید جەمال بۆ وڵات دەورێكی گەورەی لە داڕشتنەوەی سیاسەت و ڕێبازی حزب، بە تایبەتی لە مەڕ كێشەی كوردەوە بینی.. ڕاپۆرتی ئاداری 1962 دەربارەی مەسەلەی كوردەوە، تا ڕاددەیەك ڕەنگدانەوەی ئەو ڕێبازەی شەهید جەمال بوو… هەروەها لە ئەنجامەكەیدا، تاقمی” الكتلە اربعە” ، كە سیاسەتی راست ڕەویان پەیڕەو دەكرد، لە حزب دوور خرانەوە.. شایەنی سەرنجە، ئەو سەردەمە شەهیدی سەركردە ئەحمەد مەحمود حەلاق، ئەندامی لقی كوردستان بوو، گوتی هەروەها پاش گەڕانەوەی هاوڕێ‌ جەمال، حزب دەگاتە ئەو بڕوایە كە لقی كوردستان لە داڕشتنی سیاسەتەكەی سەربەخۆ بێ‌.. هاوكات ڕێكخراوە پیشەییەكان دووبارە بە ناوی كوردستان كار بكەن… بەڵام بەداخەوە كودەتای رەشی هەشتی شووبات، ئاواتەكانی شەهید جەمالی سەرەو ژێر كرد…
شەهید جەمال، پاش شەهید بوونی هاوڕێ‌ سەلام عادل‌و سیاسەتی قرانی شیوعییەكان، زۆر چاپووك و لێهاتوویی و گیانی شۆرشگیرانە، دووبارە سەركردایەتی حزبی دروست كردەوە، یەكەم بەیاننامەی بە ئیمزای لێژنەی مەركەزی لە سەرەتای مانگی ئایاری 1963 بڵاو كردەوە…
جێی خۆیەتی لێرەدا، كە باسی نمونەیەك لە مەر سەركردەیی و لێهاتووی شەهید جەمال بكەم، ئەویش قسەی دوژمنەكانی حزبی شیوعییە، پاش 8ی شووباتی رەش، مالیك سێف زنجیرە وتارێكی لە ڕۆژنامە ڕەشەكانی بەعسی، لە ژێر سەردێڕی ” نهایە الحزب الشیوعی العراقی” نووسی، جا لەوێ‌ دا : مالیك سیف دەڵێ‌:”حزبی شیوعی كۆتایی هات چیتر زیندوو نابێتەوە، بەڵام مەترسیەكی گەورە هەیە، ئەویش ئەوەیە، جەمال حەیدەری لە مۆسكۆ بگەڕێتەوە، توانای ئەوەی هەیە، دووبارە حزب زیندوو بكاتەوە…” دیارە مالیك سیف ئاگادار نەبووە كە شەهید جەمال حەیدەری بەر لە كودەتاكەی رەشی شووبات گەڕاوەتەوە وڵات، هەمدیسان جێی ئاماژەیە، بە بۆنەی دەست پێكردنی شەڕی كوردستان لە 10ی حوزەیرانی 1963، رێكەوتی 11ی حوزەیرانی 1963، بەیاننامەیەكی زۆر گرینگ بە ناوی حزبەوە، بۆ پشتگیری كورد و شۆڕشی كوردستان و دژ بە فاشییەكانی بەعس دەردەكا و، داوا دەكا كە گشت توانایەك بۆ پشتگیری شۆڕشی ئەیلول تەرخان بكرێ‌…
ئەوەی ڕاستی بێت، بە شەهید بوونی جەمال حەیدەری زیانێكی زۆر گەورە لە خەباتی گەلانی عیراق بە گشتی و جوڵانەوەی ڕزگاری خوازی گەلی كوردستان بە تایبەت كەوت. شایانی وەبیر هێنانەوەیە، ئەگەر ڕاپەڕینەكەی “ئۆردووگای الرشید” نەبوایە، بە بێ‌ ئاگاداری حزب زەمینەی دروست كردبوو، كە دەسەڵات وەربگرێ‌ و رژێمی 8ی شوبات ورد و خاش بكرێ‌… بگرە بە پێی ئاگاداریمان زۆر نزیكیش بوو، بەڵام بە داخەوە زۆریش بە داخەوە بە شەهید بوونی جەمال حەیدەری و هاوڕێیەكانی ئەم دەرفەتە هەرە مێژووییە لە دەست چوو، نەگەڕایەوە..!
ئەگەر ئەو كۆستە گەورەیە ڕووی نەدابا، بێگومان توشی كارەساتی كوشتن و بڕین و سوتاندن و ماڵ وێرانی لەماوەی (29)ساڵە نەدەهاتین…!؟!
دووبارە ئەوەی مایەی سەرنجە، ئەو كتێب و نووسینانەی دژی حزبی شیوعی لە لایەن دەزگاكانی ئەمن و ئاسایش ئیستیخباراتی عێراق بڵاو كراوەتەوە، شەهید جەمال بە مرۆیەكی شۆڤێنی لە قەڵەم دەدەن، بەوە تاوانباری دەكەن، كە بۆتە هۆی ئەوەی حزبی شیوعی عێراقی لە رێبازی عارەبایەتی لابدات، داوای جیابوونەوەی كورد دەكات..

حزب لە ماوەی ئەم (29) ساڵە داو
یادی شەهیدەكان
گومان لەوە دانییە، كە حزبی شیوعی لە ڕۆژی دامەزراندنیەوە، واتە لە ماوەی (58)ساڵدا قوربانییەكی ئێجگار زۆری داوە و هاوكات لە ماوەی 58 ساڵەیدا بە هەر شێوەیەك بووە، لە پێناو جێ‌ بە جێ‌ كردنی پەیام و ئامانجەكانی گەل و حزب درێژەی بە خەبات داوە .. دیارە بە هەزاران ئەندام و كادیر و لایەنگر و هاوڵاتیان گیراون و دەر بە دەر بووینە، یان لە سێدارە دراون، یاخود كوژراون، بەتایبەتی لە ماوەی 29 ساڵەدا (1963-1992)، واتە پاش شەهید بوونی هاوڕێ‌ سەلام عادل و هاورێیەكانی، تا دەگاتە ئەم ڕۆژگارەمان..!
بێگومان ئەوە ڕاستە، كە دوژمنەكانی حزب، زۆر بووینەو زۆرن، لە دڕندەیی كەم وێنەن، لەگەڵ ئەوەشدا حزب تا ڕاددەیەك لە لاواز بوونی دەوری سیاسی و فیكری و جەماوەری، بەرپرسیارە، ئەوەیش لە ئەنجامی پەیڕەو كردنی سیاسەت و ڕێبازی چەوت و هەڵە، لە هەندێ‌ قۆناغە جۆر بە جۆرەكانی تێكۆشان، بەتایبەتی سیاسەت و ڕێبازی ساڵی 1964بە دواوە، واتە ئەوەی سەركردایەتی هاوڕێیان:”فەهد، سەلام عادل و جەمال حەیدەری” و دەیان سەركردە و كادرانی دیكە دروستیان كرد، بنەما سەرەكییەكانی ڕووخێندرا…!؟! بەلای منەوە ئا لێرەدا دەوری مێژوویی، شەهیدە نەمرەكان، دەست بە سڕینەوە دەكرێ‌..! چونكە لە كاتێكدا پێویست بوو بە سیاسەت و ڕێبازی ئەو كەڵە سەركردانە بچنەوە، مێژووی حزب هەڵبسەنگێنن، سوود لە ڕابردوو وەربگیرێ‌، نەخێر سەركردە ڕاست ڕەوەكان كە دووبارە ساڵی 1964 جڵەوی حزبیان گرتە دەست و حزبیان بەرەو هەڵدێرێكی دژوار برد..! بگرە پشتی حزبیان چەماندەوە و تا ئێستا ڕاست نەبۆتەوە و ئەگەر هەر واش بمێنێتەوە زۆر زەحمەتە وەكو جاران ڕاست بێتەوە، لە ناخەوە دەخوازم خەڵكیش ئومێدەكەن، كە حزب هەڵبستێتەوە گرەوی پێشڕەوایەتی وەدەست بێنێتەوە. شایانی هەڵوەستەیە، پاش بەرپابوونی ڕێبازی پریسترویكا و گلاسنوست، حزب دەبوایە، واتە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و لێژنەی مەركەزی لەم 29 ساڵەدا (1963-1992) چاوێكی بە سیاسەتی خۆیدا بخشانەبایەوە مێژووی خەبات و دەوری سەركردەكانی لە (فەهد)ەوە تا دەگاتە ئەو چەند ساڵانەی دوایی بەتایبەتی سەردەمی ڕێككەوتننامەی 1973 لەگەڵ حزبی بەعس، بە ڕاستگۆیی هەڵسەنگێنێ‌ و دەرس لە هەڵە كوشندەكانی وەرگرێ‌، بەڵام تا ئێستا، زۆر بە داخەوە ئەمە ئەنجام نەدراوە، پێشم وایە، ئەم دەرفەتە هەبوو، بگرە زۆر و فراوانیش بوو، كە چەندین ساڵ ژمارەیەك لە سەركردە و كادیرە پێشكەوتووەكانی حزب لە دەرەوەی وڵات بوون… بەداخەوە وێدەچێ‌ هیچیان نەكردبێ‌..! هەمدیسان دەڵێم ئەوانە نەیانویستووە ڕۆڵی جوامێرانە و سیاسەت و ڕێبازە شۆرشگێرانەكەی ئەو شەهیدانە دەستنیشان بكەن…!
من لێرەدا ماوەی ئەوەم نییە، بگرە بە گشتی جێگەی نییە كە باسی دوێنێ‌ و ئەمڕۆ بۆ حزب بكەم، یان باسی ماوەی ئەو (29) ساڵە بكەم، بەڵام ئەگەر زۆر بە كورتیش بێ‌ دوو نموونە دەهێنمەوە، كە چۆن سەركردایەتی ئەو (29) ساڵە، گرنگ بە دەور و یادكردنەوەی پڕ بە پێستی خۆی نەداوە:
1-ساڵی 1973 بە بۆنەی یادی دەساڵەی شەهید بوونی جەمال حەیدەری، ئەوكاتە حزب بەشداری لە دەسەڵاتی سیاسی دەكرد، بە ئاشكرا كاری دەكرد چوومە بەغدا، وێنەیەكی شەهید جەمال حەیدەری لەگەڵ خۆم برد، دامە ئەندامێكی(كاك كەریم ئەحمەد) مەكتەبی سیاسی… پێم گوت ئەوە یادی دە ساڵەی شەهید بوونی جەمال حەیدەری و هاوڕێیەكانی نزیك بۆتەوە، پێویستە وتارێك لە یادی شەهید بوونیان بنووسرێت.. بەڵام بەداخەوە بە تاكە دێڕێكیش لە بارەیانەوە نەنووسرا..؟! نەوەك (هاوڕێیانی بەعس) پێی قەڵس بن…!؟!!
2-دووەمیان لە یادی 25 ساڵەیدا، ساڵی 1988 ئەوكاتە ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و كادیرەكان لە شاری دیمەشق و ئەوروپا دەژییان، جەمشیدی برام داوای لێكردبوون، كە شتێك دەربارەی ئەو یادە بنووسن… هەمدیسان چاوپۆشیان كرد..!؟! بۆ..؟ لەكاتێكا دەرفەتێكی باش هەبوو، نەك بە وتارێك یادی ئەو (25) ساڵە بكرێتەوە. بەڵكو ئەڵقەی لێكۆڵینەوە ساز بكەن و بەشێكیش لە مێژووی حزب بنووسنەوە..!
جا بۆیە دەڵێم بە گشتی مەسەلەكە، دیاردەیەكی ناپەسندە، چارەسەرنەكردنی زیاتر زیان بە حزبی شیوعی دەبەخشێ‌، ئەمڕۆكەش ئەم یادە لە ئەنجامی خوێنی ژمارەیەكی ئێجگار زۆری شەهیدانی ڕێگای ئازادی و كامەرانی كوردستان ساز دەكرێ‌، جا ئەو شەهیدانە هەر هەموویان، هەر سەروەر و نەمر بن.
لە كۆتایی دا پێشنیاز دەكەم، كە پەڕلەمان و ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان، دەزگایەكی تایبەت بە گشت شەهیدانی كوردستان دروست بكەن و لێژنەیەكی (دەستەیەك) كارامەی دڵسۆز پێك بێنن… جا بە یەك چاو و هەست سەیری هەموو شەهیدەكانی خاك و نەتەوەی كورد بكەن.. بگرە لە یەكەم شەهیدی كوردستانی باشوور -1914- شەهیدی نەمر شێخ عەبدولسلامی بارزانی تا دەگاتە ئەو چوار پێشمەرگەیەی كەلە سەردانەكەی خاتوو دانیال میتران شەهید كران.
بژی یادی پیرۆزی گشت شەهیدانی ڕێگای ئازادی و بەختیاری كوردستان
سوپاس
هەولێر-كوردستان 21/7/1992

اتتال

About دیدار عثمان

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …