Home / ناوداران / جەمال حەیدەری پیـــاوێــك …… بەهـێــزتـــر …… لـە مـــردن …..

جەمال حەیدەری پیـــاوێــك …… بەهـێــزتـــر …… لـە مـــردن …..

جكمن

(شەهید جەمال بە توانا فیكری و سیاسی و نیشتمانپەروەرێتییەكەیەوە ئایندەیەكی گەشی لەبەردەم دابوو) هاوڕێی خۆشەویستمان عەزیز محمد لە ساڵیادی شەهیدی سەركردەی شیوعی جەماڵ حەیدەری وەهای گوت و داخێكیشی هەڵكێشا بەوەی نامەكەی ئەوی پێنەگەیشتووە كە ئاگاداری دەكاتەوە و داوای لێ‌ دەكات نەكەوێتە بەردەستان و گوتی”بەداخەوە نامەكەمی پێنەگەیشت”.
خەبات و قوربانیدانی شیوعییەكان بە ئەژمار ناێێت و كەسیش لەو وڵاتەدا كەمێك ویژدانی هەبێت ناتوانێت نكوڵی لەو ڕاستیە بكات. ئەگەر ساڵیادی شەهید بوونی جەمال حەیدەریش بێت ئەوا ئەو نموونەی دەیان سەركردەی دیكە و سەدان و بگرە هەزاران تێكۆشەر و خەباتكار و پێشمەرگەی شەهیدی حزب و گەلە.
شەهید جەمال لە ساڵی 1926 لە هەولێر لە دایك بووە، لە تەمەنی 22 ساڵیدا دەبێتە بەرپرسی یەكەمی محەللی هەولێر و پاشان لە كۆتایی ساڵی 1948 دا بە لێهاتووی خۆی لەگەڵ هاوڕێی هەمیشە زیندوو نافع یونس و ئەحمەد غەفور بۆ كەركوك دەگوازرێنەوە و لەوێ‌ لقی كوردی حزبی شیوعی عێراق بەڕێوە دەبەن، ئەوكاتە ئەو لە تەمەنی 22 ساڵیدا دەبێت و حزبی شیوعی عێراقیش لە هەڕەتی توانا و بەرفراوانترین بنكەی جەماوەری و تواناییدا دەبێت، جەماڵ حەیدەری ڕۆڵی سەركردایەتی لە دەستە و هەیئەتەكاندا پێدەدرێت (دیارە ئەو قسەیەی هاوڕێ‌ عەزیز محەمەد بۆ ئەوڕۆ تەنها وەسفی شەهیدێكی سەركردە ناكات، ئەوە ساڵانی چلەكانە كە حەیدەری ڕۆڵی جوامێرانەی تێدا گێڕاوە).
شەهید جەمال لەساڵی 1953 ماوەی حوكمی حەوت ساڵەی بەسەر دەبات، كە لە كۆتایی 1948 لە دادگایەكی حورفی بە سەرۆكایەتی (عەبدوڵا نەعسانی) 7ساڵ زیندانی و 3 ساڵ لەژێر چاودێری بەسەردا سەپێنرابوو، بەهۆی فێڵی نەخۆشی لە نەخۆشخانەی مەجیدیەی بەغدا هەلێك بۆ ڕاكردن دەرەخسێنێ‌ و پەیوەندی بە هاوڕێیانی دەكات و لەگەڵ هاوڕێ‌ عەبدوالرەزاق سافی ڕۆژنامەی (رایە الشغیلە) دەردەكات و پاشان ڕۆژنامەیەكیش بەناوی (ڕێگا) بەزمانی كوردی دەردەكات.
ڕۆشنبیر و نوسەر مومتاز حەیدەری شەهید جەمال حەیدەری بە”سەركردەیەكی كوردی كۆمۆنیست” ناودەبات. مومتاز دەڵێت بەهۆی هەڵوێستی نیشتمانپەروەرانەی جەمالی برام لەبارەی كێشەی گەلی كوردستان لەگەڵ ئەوەی كۆمۆنیستێكی ڕاستگۆ بوو، بەڵام هەردەم دەیگوت” ئەگەر شیوعییەكان نیشتمانپەروەرێكی باش نەبن هەرگیز ناتوانن ئومەمیەكی ڕاستگۆ بن” بەڕاستی و بە بەڵگە لەبەردەستم دایە كە چۆن جەمال حەیدەری كوردێكی كۆمۆنیست بووە و چەندین بابەت و نووسین و شیعری لەوبارەیەوە هەیە و ئێستا خەریكم كتێبێك لەسەر نووسین و بابەتەكان و هەڵوێستی كوردستانی و كۆمۆنیستی جەمال حەیدەری كۆبكەمەوە و چاپی بكەم. هەر لەو بارەیە و كاك مومتاز گوتی لەكاتی شەهید بوونی جەمال حەیدەری سۆڤییەت كتێبێكیان بڵاو كردەوە لە ژێر ناوی (پیاوێك بە هێزتر لە مردن) كە مەبەستیان شەهید جەمال و شەهیدانی دیكەی شیوعی بوو.
هاوڕێ‌ عەزیز محەمەد باسی ڕاپۆرتی سیاسی لێژنەی مەركەزی حزبی كرد لە ئاداری 1962 كە بە دەستی شەهید جەمال نووسراوە، پاشان لێژنەی مەركەزی بە كەمێك دەستكاری سووكەوە پەسندی كردووە، ئەو ڕاپۆرتە ئاماژەیە بۆ بۆچوونی جەمال حەیدەری لەسەر كێشەی گەلی كوردستان كە دەیویست حزبی شیوعی هەردەم هەڵوێستی راست و دروستی هەبێت لەسەر كێشەی گەلەكەی، بۆ ئەوەش مامۆستا كەریم شارەزا ئەویش لە نووسینێكی خۆیدا ئاماژە بەو ڕاپۆرتە دەكات كە هەڵوێستی نیشتمانپەروەرانەی كوردستانیانەی شەهید جەمال دووپات دەكاتەوە و ڕاستییەكی مێژوویش هەیە پێویستە بگوترێ‌ ئەو جۆرە سەركردانە هەڵوێستی ڕاست و روونی حزبی شیوعیان لەمەڕ تەواوی كێشەكان بە گشتی و كێشەی گەلان بە تایبەتی دەنەخشێنن.
لەدوا جاردا شەهید جەمال و دەیان سەركردەی دیكە لە ڕۆژانی سەختدا ڕۆڵی جوامێرانە و كۆششیان بۆ ئایندەیەكی باشتر و پڕ لە ئازادی تۆمار كردووە و سەری بڵندیشیان بۆ گەل و نیشتمان و حزبەكەیان بە جێهێشتووە.
هەزاران چەپكە گوڵی سوور و سپی بۆ گیانی پاكی شەهید جەمال حەیدەری و دەیاها سەركردە و هەزاران پێشمەرگە و كادیری شەهیدی شیوعی نیشتمانپەروەر كە گیانی خۆیان لە پێناو نیشتمانێكی ئازاد و گەلێكی بەختیاردا كردە قوربانی.

سەرچاوە: رۆژنامەی رێگای كوردستان

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About didar othman

Check Also

1516611239wefayi

وه‌فایی

جام کوردی: میرزا عەبدوڕە‌حیم سابڵاغی ناسراو به وەفایی شاعیری به ناوبانگی کورد، ساڵی ١٢٦٤ی ھەتاوی …