Home / مێژووى جیهان / شارستانیەت / زریاب ئەستێرە درەوشاوەکەی شارستانیەتی ئیسلامی لە ئەندەلوس(ئیسپانیا)

زریاب ئەستێرە درەوشاوەکەی شارستانیەتی ئیسلامی لە ئەندەلوس(ئیسپانیا)

زریاب ئەستێرە درەوشاوەکەی شارستانیەتی ئیسلامی لە ئەندەلوس(ئیسپانیا)

ئوسامە حەسیب
زریاب ناوی تەواوی ئەبو حەسەن علی ئیبن نافعە، نازناوی زریابه بەواتای باڵندەی ڕەش بەو ناوە ناونراوە لەبەر دەنگە زوڵاڵ و دڵگیرەکەی و پێستە ئەسمەرەکەی ڕوخساری، لە ساڵی ۷٨۹ز لە موسڵ لە دایک بووە، زریاب بە ڕەگەز کورد بووە و لەسەر ئایینی ئیسلام بووە، لە تەمەنی هەرزەکاریدا دەچێتە لای ئیسحاقی موسڵی کە مۆسیقا ژەنێکی کورد بووە، لای ئەو فێری ژەنینی مۆسیقا دەبێت، مامۆستاکەی بە خەلیفەی ئەو کاتی بەغدای (هاڕونە ڕەشیدی) دەناسێنی زریاب لەبەر ئەدەبی مامۆستاکەی موسڵ بەجێدهێڵێ بۆ ئەندەلوس(ئیسپانیا)، چونکە زۆر بە سەلیقە بووە و ئاستی هونەری لە مامۆستاکەی بەرزتر بووە ئەگەری هەبووە پێگەی مامۆستاکەی لە کۆشکی خەلیقە لەق بکات، لەساڵی ۸۲۲ز دەگاتە شاری قورتبە(کۆردۆبا)ی ئەندەلوس، زریاب لەکاتێکی باش گەیشتە ئەندەلوس، چونکە لەو ماوەیەدا خەلیفە (عبدولڕەحمانی دووەم) بەخشندەیی و سەخاوەتێکی زۆری هەبوو بۆ هونەر، وە هونەرەکانی زریاب لەوێ دەدرەوشایەوە ئەویش دانی پێدانا و پەسندی بوو، زریاب بووە سترانبێژی وڵات و موچەیەکی بەبڕی ۲۰۰دیناری زێری بۆ بڕایەوە لەگەڵ چەندین خەڵات و بەخششی تر، ئەو پشتیوانی و هاندانەش بووە هۆی ئەوەی کە پەرە بدات بە داهێنانەکانی، بەجۆرێک یەکەمین پەیمانگای مۆسیقای لە جیهاندا دامەزراند، وانەی هارمۆنی مۆسیقای دەوتەوە و مۆسیقای دەنوسی و ئاوازی دادەنا چەند ئاوازێکی دانا کە پێشتر نەبوون، چەندین قوتابی موسڵمان و غەیرە موسڵمان هەبووە، کە دواتر بە چوونەوەیان بۆ ناوەڕاستی ئەوڕوپا چەندین تیۆر و داهێنانەکانی ئەویان بۆ ئەوێ گواستۆتەوە، جولیان ریبێرای ئیتاڵی مێژوونوسی مۆسیقی دەڵێت پێکهاتەی گۆرانیەکان و چەندین ئاواز بۆ یەکەمین جار لە قورتبە(کۆردۆبا) گەشەی کرد و پەرەی سەند، جۆری ئەو ئامێرەی ژەنیویەتی عود بووە، هەر ئەویش ژیێ پینجەمی بۆ عود زیادکردووەو پێشنیاری کردووە بە ڕیشە عود بژەندرێ کە پێشتر بە دار بوو،هەروەها زریاب کاریگەرییەکی زۆری لەسەر مۆسیقای ئەوروپا و ئیسپانیا هەبووە بە جۆرێک هەندێک مێژوونوس دەڵێن فلامینکۆی ئیسپانی ئەو دایناوە، هەروەها لەبارەی ناساندنی هونەری كوردی دەوترێ‌ لەكۆشكی خەلیفەدا چەندین ئاوازی بنارەكانی كوردستان و گۆرشانی ئەوانی چریوە و ئاوازی فۆلكلۆری كوردی لەوتنی گۆرانیەكانیدا وتووە.
زریاب تەنها مۆسیقا ژەن نەبووە، بەڵکو لە چەندین بواری تر کاری کردووە و شارەزایی هەبووە لەوانە
دیزاینەری جل و بەرگ بووە لەو بوارە دا ناوباگی دەرکردبوو بەوەی پیاوێکی سەلیقە جوانە و بەردەوام باشترینی بژاردەکانی هەیە، زریاب شێوازی جل و بەرگی زستانە و هاوینەی ناساند، وە بە وردی ڕۆژەکانی دیاریکرد کە دەبێت چ جلێک بپۆشرێت، هەروەها پۆشاکی نیو وەرزی دیاریکرد کە گونجاو بوو بەماوەی نێوان دوو وەرزی جیاواز، وە پۆشاک و بەرگی جوان و سەرنج راکێشی رۆژهەڵاتی لەگەڵ خۆیدا هێنا بۆ ئەندەلوس، لەژێر کاریگەری ئەودا پیشەسازی جل و بەرگ سەری هەڵدا کە جل و بەرگی هێڵ هێڵی و ڕەنگاوڕەنگ و چاکەتیان لە کوتاڵی روون دروست دەکرد، کە تا ئێستاش لە وڵاتی مغریب دەبینرێ، گۆرانی بێژ بووە، شاعیر بووە، ئاواز دانەر بووە چەند ئاوازێکی دانا کە پێشتر نەبوو، کەشناس بووە، ڕووەکزان بووە، جوگرافی ناس بووە، گەردوون ناس بووە، لەبواری سەرتاشی کاری کردووە شێوازی قژ بڕینی کورتی داهێناوە، هەروەها سفرە و خوانی بەشێوازێکی سەرنج ڕاکێش ڕازاندۆتەوە، دانانی سێ جەم خواردن و شێوازێک بۆ ڕێکخستنی ژەمەکان، سەرەتا سوپ یان زەڵاتە دواتر خواردنی سەرەکی لەگەڵ شەربەت( پرتەقاڵ، هەنار یان ترێ) لەپاشان شیرنەمەنی، کە جۆرێکی تایبەتی شیرینی دروستکرد کە ناوی خۆی ناسرا پێیان گۆت (زریابیە) کە ئێستا پێیدەرێن (زلابیە یان زروبیا)، تا ئێستا ئەو شێوازە بە یەکێ لە شێوازە تەواوەکانی ئامەدەکردنی ژەم دادەنرێ، کتێبێکی گەورەشی لەو بارەیەو نووسیوە کە بەیەکەم کتێب دادەنرێ لەو بوارە(جۆرەکانی چێشت و ئامادەکردنی).
جگە لەمانە شەترەنج و مەعجونی ددان و بۆنبەری جەستەی هێنا بۆ ئەندەلوس، دوای ۳۰ ساڵ لە ژیانی لە ئەندەلوس هەر لەوێ کۆچی دوایی کرد لەساڵی ۸٥۷ز، بەڵام هەندێ سەرچاوە دەڵێن ۸٥٤ز، بەڵام جیاوازیەکە زۆر نیە، بەداخەوە ئێستا هیچ کام لە بەرهەمەکانی زریاب نەماوە بەڵام لەڕێگەی دەست کەوتەکانیەوە توانی ڕێز و شکۆی نەوە یەک لە دوای یەکەکان بەدەست بهێنێت هەتا ئەم سەردەمەی ئێستا، لە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی شەقامێک یان قاوە خانەیەک یان ئوتێلێک یان یانەیەک بەناوی زریابەوەیەوە، وە تائێستاش زانایان و مۆسیقاژەنەکانی رۆژئاوا قەرزاری ئەون و ڕێزی دەگرن.

-ئەمە وێنەی ستونێکە کە ئێستا لە شاری کۆردۆبای ئیسپانیایە لەژێری ناوی زریاب و کۆردۆبا (قورتبه) نوسراووە و لەسەرەوەی ستونەکەش عودێک و چۆلەکەیەک و جانتایەک دانراووە مەبەست پێی عودەکەی زریاب و مانای ناوەکەی کە بەمانای چۆلەکەی رەش و جانتاکەش بەمانای کارەکانی تریەتی .

سەرچاوەکان:
۱-کورد کێیە؟ نوسینی سۆران حەمەرەش
۲-کرۆنۆلۆجیای کوردستان نوسینی فەرهاد پیرباڵ
۳- ۱۰۰۱داهێنان نوسینی پڕۆفیسۆر سەلیم حەسەنی
٤-مێژووی گۆرانی و مۆسیقای کوردی نووسینی فەرهاد پیرباڵ
٥-پەیجی شارستانیەتی ئیسلامی

About زريان احمد

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …