Home / مێژووى جیهان / شارستانیەت / باسێک لەسەر مۆسیقاژەنی گەورەی کورد زریاب

باسێک لەسەر مۆسیقاژەنی گەورەی کورد زریاب

باسێک لەسەر مۆسیقاژەنی گەورەی کورد زریاب

نوسینی:ئوسامە حەسیب
ناوی تەواوی ئەبو حەسەن علی ئیبن نافعە، نازناوی زریابه بەواتای باڵندەی رەش بەو ناوەوە ناونراوە لەبەر دەنگە زوڵاڵ و دڵگیرەکەی و پێستە ئەسمەرەکەی روخساری ، لە ساڵی ۷٨۹ز لە موسڵ لە دایک بووە، زریاب لەسەر ئایینی ئیسلام بووە، لە تەمەنی هەرزەکاریدا دەچێتە لای ئیسحاقی موسڵی کە مۆسیقا ژەنێکی کورد بووە، لای ئەو فێری ژەنینی مۆسیقا دەبێت،زریاب قوتابیەکی بە سەلیقە و بیرتیژ بووە، بۆیە دەبێتە مۆسیقا ژەنی خەلیفەی بەغدا کە ئەو کات هارون رەشید بووە،دواتر خەلیفەی ئەندەلوس عەبدوالرەحمانی دووەم سەرسامی دەبێت و بانگێشتی دەکات، لەساڵی ۸۲۲ز لە شاری قورتبە(کۆردۆبا)ی نیشتەجێ دەبێ،زریاب لەکاتێکی باش گەیشتە ئەندەلوس، چونکە لەو ماوەیەدا خەلیفە بەخشندەیی و سەخاوەتێکی زۆری هەبوو بۆ هونەر، وە هونەرەکانی زریاب لەوێ دەدرەوشایەوە ئەویش دانی پێدانا و پەسندی بوو،زریاب بووە سترانبێژی وڵات و موچەیەکی بەبری ۲۰۰دیناری زێری بۆ برایەوە لەگەڵ چەندین خەڵات و بەخششی تر،ئەو پشتیوانی و هاندانەش بووە هۆی ئەوەی کە پەرە بدات بە داهێنانەکانی، بەجۆرێک یەکەمین پەیمانگای مۆسیقای لە جیهاندا دامەزراند،وانەی هارمۆنی مۆسیقای دەوتەوە و مۆسیقای دەنوسی و ئاوازی دادەنا چەند ئاوازێکی دانا کە پێشتر نەبوون،جولیان ریبێرای ئیتاڵی مێژوونوسی مۆسیقی دەڵێت پێکهاتەی گۆرانیەکان و چەندین ئاواز بۆ یەکەمین جار لە قورتبە(کۆردۆبا) گەشەی کرد و پەرەی سەند، جۆری ئەو ئامێرەی ژەنیویەتی عود بووە، هەر ئەویش ژیێ پینجەمی بۆ عود زیادکردووە، زریاب کاریگەرییەکی زۆری لەسەر مۆسیقای ئەوروپا و ئیسپانیا هەبووە بە جۆرێک هەندێک مێژوونوس دەڵێن فلامینکۆی ئیسپانی ئەو دایناوە، زریاب تەنها مۆسیقا ژەن نەبووە، بەڵکو لە چەندین بواری تر کاری کردووە و شارەزایی هەبووە لەوانە
دیزاینەری جل و بەرگ بووە لەو بوارە دا ناوباگی دەرکردبوو بەوەی پیاوێکی سەلیقە جوانە و بەردەوام باشترینی بژاردەکانی هەیە، زریاب شێوازی جل و بەرگی زستانە و هاوینەی ناساند، وە بە وردی رۆژەکانی دیاریکرد کە دەبێت چ جلێک بپۆشرێت، هەروەها پۆشاکی نیو وەرزی دیاریکرد کە گونجاو بوو بەماوەی نێوان دوو وەرزی جیاواز، وە پۆشاک و بەرگی جوان و سەرنج راکێشی رۆژهەڵاتی لەگەڵ خۆیدا هێنا بۆ ئەندەلوس، لەژێر کاریگەری ئەودا پیشەسازی جل و بەرگ سەری هەڵدا کە جل و بەرگی هێڵ هێڵی و رەنگاورەنگ و چاکەتیان لە کوتاڵی روون دروست دەکرد، کە تا ئێستاش لە وڵاتی مغریب دەبینرێ، گۆرانی بێژ بووە، شاعیر بووە، ئاواز دانەر بووە چەند ئاوازێکی دانا کە پێشتر نەبوو، کەشناس بووە، رووەکزان بووە، جوگرافی ناس بووە، گەردوون ناس بووە، لەبواری سەرتاشی کاری کردووە شێوازی قژ برینی کورتی داهێناوە، هەروەها سفرە و خوانی بەشێوازێکی سەرنج راکێش رازاندۆتەوە، جگە لەمانە شەترەنج و مەعجونی ددان و بۆنبەری جەستەی هێنا بۆ ئەندەلوس، دوای ۳۰ ساڵ لە ژیانی لە ئەندەلوس هەر لەوێ کۆچی دوایی کرد لەساڵی ۸٥۷ز، بەڵام هەندێ سەرچاوە دەڵێن ۸٥٤ز، بەڵام جیاوازیەکە زۆر نیە، بەداخەوە ئێستا هیچ کام لە بەرهەمەکانی زریاب نەماوە بەڵام لەرێگەی دەست کەوتەکانیەوە توانی رێز و شکۆی نەوە یەک لە دوای یەکەکان بەدەست بهێنێت هەتا ئەم سەردەمەی ئێستا، لە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی شەقامێک یان قاوە خانەیەک یان ئوتێلێک یان یانەیەک بەناوی زریابەوەیەوە، وە تائێستاش زانایان و مۆسیقاژەنەکانی رۆژئاوا قەرزاری ئەون و رێزی دەگرن.
ئەمە وێنەی ستونێکە کە ئێستا لە شاری کۆردۆبای ئیسپانیایە لەژێری ناوی زریاب و کۆردۆبا (قورتبه) نوسراووە و لەسەرەوەی ستونەکەش عودێک و چۆلەکەیەک و جانتایەک دانراووە مەبەست پێی عودەکەی زریاب و مانای ناوەکەی کە بەمانای چۆلەکەی رەش و جانتاکەش بەمانای کارەکانی تریەتی .
سەرچاوە:۱-کورد کێیە نوسینی سۆران حەمەرەش
۲-کرۆنۆلۆجیای کوردستان نوسینی فەرهاد پیرباڵ
۳- ۱۰۰۱داهێنان نوسینی پرۆفیسۆر سەلیم حەسەنی

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About زريان احمد

Check Also

2017031608070171

40 ساڵ به‌سه‌ر جه‌نگی میسر و سووریا دژ به‌ ئیسرائیل تێپه‌ر ده‌بێت

لە ٦/١٠/١٩٧٣ جەنگ لە هەردوو بەرەی سوری و میسری دەستیپێکرد، سوپای میسری توانی لە هەمان …