Home / په‌رتووكخانه‌ / فەلسەفەی مێژوو / گەڕانەوەیەک بۆ چەمکی سۆسیالیزم ‌‌

گەڕانەوەیەک بۆ چەمکی سۆسیالیزم ‌‌

گەڕانەوەیەک بۆ چەمکی سۆسیالیزم ‌
پێناسە، مێژوو و ئەزموونەکانی

د. کامەران ئەمین‌ ئاوە
«یەکێتی ئەوانەی کە لەمەر بیرکردنەوە تووشی ڕەنج و مەینەتن لەگەڵ ئەوانەی کە بەهۆی ڕەنج و مەینەتیان بیردەکەنەوە، مەرجی گۆڕانکاری جیهانە.»
مارکس
بەشی یەکەم
مرۆڤ بە درێژایی ژیانی خۆی و بە تایبەتی لە کاتی پێکهاتنی کۆمەڵگای چینایەتی‌یەوە بە ئاواتی گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی ئازاد، دادپەروەر و ژیانێکی ئاشتی‌خوازانە بووە‌و لەم پێناوەدا گەلێک خەباتی کردوە و قوربانی داوە. بیرو هزری سۆسیالیستی کە زۆربەی ئاواتە مێژینەکانی مرۆڤ لە‌خۆ دەگرێ ئاکامی سروشتی سەرهەڵدانی کۆمەڵگای سەرمایەداری‌ و ڕادەی گەشەسەندنی شێوەی بەرهەم‌هێنانێتی. بیری سۆسیالیستی بە پێی بارودۆخی سەرەتاکانی سەدەی نۆزدە واتە بارودۆخی نەگەیشتووی بەرهمهێنانی سەرمایەداری‌ و ڕادەی نزمی ئاگایی چینایەتی نوێنەرانی فیکری زەحمەتکێشان کاڵ ونەگەیشتوو بوو و زۆرتر ڕەنگ‌و ڕووی خەیاڵی بەخۆیەوە‌گرتبوو.
ئەم بیرۆکەیە پاشتر لە لایەن بیرمەندە بە ناوبانگەکانی چەپ وەک مارکس و ئێنگلس بە چەشنێکی زانستی گەشەی‌سەند و تیوریزە کرا و بە شوێن شۆڕشی ئۆکتۆبری رووسیە بە ڕێبەرایەتی لێنین [ساڵی ١٩١٧ی زایینی]، پێکهاتنی وڵاتە سۆسیالیستی‌یه‌کانی ڕۆژهەڵاتی ئوروپا پاش شەڕی دووهەمی جیهانی [١٩٤٦] و دامەزرانی کۆماری گەڵی چین بە‌ ڕێبەرایەتی مائۆتسە‌دۆن [یەکی ئوکتۆبری ١٩٤٩] و هتد… تێکۆشراوە بە شیوە جۆراوجۆرەکان ڕیگەی گەیشتن بە دادپەروەری سۆسیالیستی تاقی‌ بکرێتەوە و ڕەنگ‌و ڕووی ڕاستی پێبدرێ.
بنەمای سەرەکی تەواوی ئەم هەوڵانە گەیشتن بە ئازادی مرۆڤ و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی دادپەروەرانەو زاڵکردنی سەروەری چینی کرێکار و تەواوی زەحمەتکێشانی کۆمەڵگا بووە. بەڵام ئەم ڕەوتە بە هۆی نوێ‌بوون و نەبوونی ئەزمونێکی مێژوویی، سەرەڕای ئەوەی دەستکەوتێکی گەورە بۆ مرۆڤایەتی بوو، بە هۆگەڵی جۆراوجۆر بە ئاواتەکانی نەگەیشت و تووشی شکستێکی مێژوویی هات. بەم پێ‌یە پێویستە هێزی چەپ پێداچوونەوەیەکی جیددی بەسەر مێژوو، بیرو هزر و ڕوانگەی گشتی و فەلسەفەی خۆی بکاتەوە و پاش خەسارناسی ڕابردووی خۆی، بەرەو پیری داهاتوو بروا.
پاش ڕووخانی یەکێتی سۆڤییەت‌و وڵاتە هاوپێمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ئوروپا، قەیرانی فیکری و ڕیکخراوەیی زۆرینەی حیزبە کلاسیکەکانی چەپی جێهانی لەخۆگرتەوە‌‌و مەدینەی فازیلەی ئەوان لە ماوەیەکی کورتخایەندا بوو بە بەشێک لە مێژووی سەدەی ٢٠ی زایینی. بەشێک لەوانەی کە سیستێمی یەکێتی سۆڤییەتی‌یان بە سەرمایەداری دەوڵەتی نێودەبرد پێیان وایە کە سیستمی سۆسیالیستی لەم کۆمەڵگایەدا هەر بوونی نەبووە هەتا شکستی خواردبێ، بەشێکیش لەسەر ئەم باوەڕەن کە ئەم کۆمەڵگایە بە ڕاستی سۆسیالیستی بووە و بە ئاکام نەگەیشتنی ئەم ئەزموونە لە ڕاستیدا شکستی سۆسیالیزمە، بەشێکیش پێداگرێ لەسەر بیرو باوەڕی پێشووی خۆیان واتە پشتیوانی لە سیستمی سۆڤییەتی و سۆسیالیزمی بە ڕاستی ئارایی  دەکەن و سەڕەرای قەبوڵی ڕەخنەگەلێک، ڕووخانی ئەم سیستێمە وەکو ئاکامی فیت‌و پیلانی دوژمنانی سۆسیالیزم، ئەمپریالیزم و خۆفرۆشانی نیو ڕێبەری حیزبی کۆمۆنیست دەزانن.
لە لایەکی دیکەشەوە، بەرەی هێزە جۆراوجۆرەکانی دژ بە سۆسیالیزم کەوتونەتە گەڕ و چەمکی سۆسیالیزم و تەنانەت تەواوی مێژووی خەباتی چەپەکان و دەستکەوتەکانیان لە بەرەی خەباتی دژ بەسەرمایەداری بە چەشنی جۆراوجۆر بێ‌بایەخ لەقەڵەم دەدەن و ڕووخانی سۆسیالیزمی بە‌ڕاستی ئارایی لە سۆڤییەت و وڵاتە هاوپەیمانەکانی وەکو شکست هێنانی یەکجاری نەک هەر ئەم سیستمە بەڵکوو بیرو هزری چەپی سۆسیالیستی پێناسە‌ دەکەن.
 لێرەدا گەلێک پرسیار لە پێوەندیی لەگەڵ چەمکی سۆسیالیزم، هۆیەکانی شکستی ئەم ئەزموونە لە زۆرینەی ئەو وڵاتانەی کە وەکو بەرەی سۆسیالیستی پێناسە دەکران دێتە ئاراوە کە پێویستە وڵام بدرێنەوە. لە چەند دەیەی ڕابردوودا گەلێک کتێب و بابەتی جۆراوجۆر لە لایەن یاران و نەیارانی سۆسیالیزم لە تەواوی جێهاندا نووسراون و ئەم مەسەلەیە لە ڕوانگەی جۆراوجۆرەوە لێکدراوەتەوە. لێرەدا نووسەر تێدەکۆشی پاش پێداچوونەوەیەک بەسەر مێژوو  و بەشێک لە چەمکە سەرەکی‌یەکانی سۆسیالیزم، ئاوڕێک لەم بیرو هزر و هۆیەکانی شکست هێنانی ئەزموونی سۆسیالیستی، هەروەها پێوەندی خەباتی نەتەوایەتی و چینایەتی کورد بداتەوە.
چەمکی سۆسیالیزم لە ڕوانگەی مێژووییەوە
لە هەوەڵ دەیەکانی سەدەی نۆزدەی زایینی بیری سۆسیالیستی بە چەشنێکی ڕەخنەگرانە و خەیاڵی لە ئوروپا سەری هەڵدا. نوێنەرانی فیکری ئەم بیرۆکەیە بریتی بوون لە سن سیمون و شارل فووریە لە فەرانسە و رابرت ئوون لە بریتانیا. دامەزرێنەرانی سۆسیالیزمی ڕەخنەگرانە‌و خەیاڵی ڕەخنەگری سیستمی سەرمایەداری و خوازیاری گۆڕانی بنەرەتی ئەم نیزامە بوون و «هێرشیان کردبووە سەر بنەمای کۆمەڵگای ئارایی‌ و بەم پێ‌یە بنچێنەیەکەی گەلێک بە نرخیان بۆ ڕوونکردنەوەی بیری کرێکاران پێکهێنا»[بوو] … داهێنەرانی ئەم سیستمانە [سۆسیالیستی و کۆمۆنیستی] هەرچەند دژایەتی نێوان چینەکان‌و کاریگەری فاکتەرگەلی وێرانگەری نێو کۆمەڵگای دەستەڵاتداریان دەدێ، بەڵام لە بەرەی پرۆڵتاریادا توانایی لێکدانەوەی هیچ چەشنە کردەویەکی سەربەخۆی مێژوویی و هیچ چەشنە بزووتنەوەیەکی سیاسی‌ کە تایبەتمەند بە پرۆڵتاریا بێ، نەدەدی».
ئەم بیرمەندانە متمانەیان بە چینی کرێکار و دەوری مێژوویی ئەم چینە و پێداویستیی خەباتی سیاسی و شۆرشی کرێکاریی نەبوو. بە باوەڕی ئەوان چینی کرێکار توانای ڕزگارکردنی خۆی نەبوو، پێویست بوو هێزێک لە دەرەوەی ڕیزی پرۆڵتاریا ئەم ئەرکە وەئەستۆ بگرێ. بە باوەڕی ئەوان، زانایانی ئاشتی‌دەرەوە و خێرخواز پێکهێنەری ئەم هێزە بوون و ئەوان دەیانتوانی بە یاریدەی ئامۆژگاریی ئاکاریی و نیشاندانی نموونەگەڵێکی دیاریکراو بەم ئاواتە بگەن. ئەوان هەر چەشنە هەنگاوێکی سیاسی و بە تایبەتی هەر چەشنە تێکۆشانێکی شۆڕشگێرانەیان ڕەد دەکردوەو دەیانویست و هەوڵیان دەدا لە ڕێگەی ئاشتی‌خوازانەوە بە ئامانجەکانیان بگەن و شوێنگرەکانیان تەنانەت لەبەرامبەر بزووتنەوەی کرێکاریدا ڕادەوەستان. «بۆ وێنە شوێنگرانی ئوون لە بریتانیا دژایەتیان لەگەڵ چارتیستەکان و شووینکەوتووەکانی فووریە لە فەرانسە- دژایەتیان لەگەڵ رفۆرمیستەکان دەکرد.».
سۆسیالیستە خەیاڵی‌یەکان بە ڕەدکردنەوەی خەباتی سیاسی و چینایەتی، هەروەها پەنابردن بە خۆشخوویی و ئاکارباشیی بۆرژواکان، بە تایبەتی کاتێک بزووتنەوەی کرێکاری‌ و زەحمەتکێشان گەشەی ‌دەسەند، دەکەوتنە بەرەی کۆنەپەرەستەکانەوە، بەقەوڵی مارکس و ئێنگلس لە مانیفێستدا «گرنگی سۆسیالیزم و کۆمۆنیسم ڕەخنەگرانە – خەیاڵی پێوەندی‌یەکی پێچەوانەی لەگەڵ ڕەوتی گۆڕانی مێژوو» هەبوو. «سۆسیالیزمی خەیاڵی نەیدەتوانی نە ناوەڕۆکی کۆیڵەتی مزبەری  لە بارودۆخی سەرمایەداریی شیکاتەوە، نە یاسای گۆڕانکارییەکانی بدۆزێتەوە و نە ئەو هیزە کۆمەڵایەتی‌یەی کە دەتوانێ داهێنەری کۆمەڵگایەکی تازە بێ، ببینێتەوە».
بەم حاڵەش ئەم بیرمەندانە بە‌پێی قۆناغێکی مێژوویی نوێنەری ویست و ئاواتەکانی خەڵکی زەحمەتکێش بە چەشنێکی کاڵ و نەگەیشتوو بوون، لە نووسراوەکانیان بایەخێکی بەرچاویان بە گرنگی خاوەنداریەتی کۆیی، سەرچاوەی کۆکردنەوەی سەروەت و سامانی تاک، دارشتنی بەرنامە بۆ ئابووری وڵات، لەناو‌بردنی جیاوازیی شارو گوند و هتد دابوو و ئامۆژگاری‌یەکانیان وەکو یەکێک لە سەرچاوەکانی سەرەتایی مارکسیزم پێناسە دەکرێ. لێنین لە سێ سەرچاوە و سێ پاژی مارکسیزم سەبارەت بە ئامۆژگاری‌یەکانی مارکس دەبێژێ: «ئەم بارهێنانە میراتبەری بەنرخی باشترین بیرۆکەیەکە کە مرۆڤ لە سەدەی نۆزدەدا لە چەشنی فەلسەفەی ئاڵمان، زانستی ئابووری بریتانیا و سۆسیالیزمی فەرانسە پێکیهێناوە.
  هەتا ناوەڕاستەکانی سەدەی ١٩ی زایینی چەمکی سۆسیالیزم و سۆسیالیست لە ئەدەبیاتی کۆمۆنیستی‌دا زۆرتر بۆ بزوتنەوەی بۆرژوایی بەکار دەهێندرا. لە بەشی ٣ی مانێفیستی حیزبی کۆمۆنیست – مارکس و ئێنگلس، لە ژێر دێری «نووسراوە سۆسیالیستی و کۆمۆنیستی‌یەکان» تێرو تەسەڵ ڕەخنە لە سۆسیالیسمەکانی فئوداڵی، مەسیحی، وردەبۆرژوایی، ئەڵمانی یان «راستیی»، خۆپارێز یان بۆرژوائی دەگیرێ. ئێنگلس لەو پێشەکی‌یانەی کە بۆ چاپی ئینگلیسیی مانیفێست لە ساڵی ١٨٨٨ و چاپی نوێ ئاڵمانی‌یەکەی لە ساڵی ١٨٩٠ نووسیوە، لەم پێوەندی‌یەدا ئاماژە دەکات و دەڵێت: … «بەم حاڵە، کاتێک ئەم نامیلەکەیە[مانیفێست] بڵاوکرایەوە، ئێمە نەماندەتوانی ناوی بنێنە مانیفێستی سۆسیالیستی. لە ساڵی ١٨٤٧ ناوی سۆسیالیست بە دوو چەشنە کەس دەکوترا: لە لایەکەوە بە لایەنگرانی مەکتەبە جۆراوجۆرە خەیاڵی‌یەکان و بە تایبەتی شوێنکەوتووەکانی ئوون لە ئینگلیس و شوێنگرانی فووریە لە فەرانسە دەکوترا کە هەردووکیان لەو کاتەدا گرووپگەلێکی تەریک لەکار دەرهاتبوون و پەیتا پەیتا بەرەو لە ناوچوون دەچوون، و لە لایەکی دیکەوە بە سێحربازە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵایەتی‌ دەکوترا کە دەیانویست تەواوی بەڵا کۆمەڵایەتی‌یەکان بە کەڵک‌وەرگرتن لە ئیکسیر و پینەوپەڕۆکردن لەناوبەرن، بێ‌ئەوەی کەمترین ئێشێکی بە سەرمایە و سوود هەبێ. ئەمانە لە هەر دوو حاڵەتەکەدا کەسانێک لەدەرەوەی بزووتنەوەی کرێکاری بوون کە زۆرتر لە چینە «خوێندەوارەکان» یاریدەیان وەردەگرت. بە پێچەوانە، ئەو بەشە لە چینی کرێکار کە بڕوایان بە کەم‌وکووڕی‌ گۆرانکاری‌یەکانی تەنیا سیاسیی هەبوو و خوازیاری سەرلەنوێ درووستکردنەوەی بنەرەتیی کۆمەلگا بوون، نێوی خۆیان کۆمۆنیست نابوو. … لە ساڵی ١٨٤٧ سۆسیالیزم، بزووتنەوەی بۆرژوایی و کۆمۆنیزم، بزووتنەوەی کرێکاری بوو».
مارکس و ئێنگلس بە پێی ئاڵوگۆڕە سیاسی و کۆمەڵایەتی‌یەکانی ساڵەکانی دوو دەیەی پاش نووسینی مانیفێست، باس لەوەی دەکەن کە بەشێکی بەرچاو لە مانیفێست بەڕۆژ نی‌یە و ئیتر بۆ ئەو کاتە کارایی نەماوە. لە پێشەکی بۆ چاپی ئەڵمانی مانیفێست لە ساڵی ١٨٧٢ سەبارەت بە بەشی ٣ و ٤ی مانیفێست هاتووە :… «هەروەها ئەوە خۆبەخۆ ئاشکرایە کە ڕەخنە لە بابەتەکانی سۆسیالیستەکان بۆ ئەمڕۆ ناتەواوە، لەبەر ئەوێ‌کە تەنیا تا ساڵی ١٨٤٧ لەخۆدەگرێتەوە. هەر بەم چەشنەش ئاشکرایە کە خاڵە پێوەندیدارەکان لەگەڵ هەڵوێستگرتنی کۆمۆنیستەکان لەبەرامبەر حیزبە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆن (بەشی چوارەم) سەرەرای ئەوەی کە ئەمڕۆش لە هێڵە سەرەکی‌یەکانی هەر راستە، بەڵام لە ڕوانگەی بە‌کارهێنانی لەکردەوەدا کۆن‌بووە، لەبەر ئەوەی کە بارودۆخی سیاسی بە یکجاری گۆڕاوە و ڕەوتی مێژوو، زۆرینەی ئەو حیزبانەی کە لەوێدا باسیان لێکراوە لە بەین بردوە.»
ئێنگلس بە تایبەتی لە کتێبی» ڕەوتی تەواوکاری سۆسیالیزم – خەیاڵی و زانستیی، وێرای هەڵسەنگاندنی سۆسیالیزمی خەیاڵی سەدەی هەژدە بە نوێنەرایەتی سن سیمون و فووریە لە فەرانسە و ئوون لە ئینگلیس و هتد، باس لە سۆسیالیزمی تازە یان ئەمڕۆیی، هەروەها زانستیی دەکات. «ئێنگلس ئاماژە بەوەی دەکا کە سۆسیالیزم دوو قۆناغی سەرەکی تەواوکاریی تێپەرکردوە. بۆ هەوەڵین جار لە هەیبەتی پێش زانستیی، ئیدەئالیستی و ناپرۆڵتێری سەری هەڵداوە، پاشان، بە‌پێی پەرەگرتنی شێوەی بەرهمهێنانی سەرمایەداری پێداگری لەسەر ئاکامەکانی خۆی دەکا و لە قاڵبی مارکسیزمدا سەرهەڵدەدات …   ئێنگلس دەبێژێ: «جەوهەری سۆسیالیزمی نوێ ئاکامی ڕاستەوخۆی ناسینی دوو ڕاستی‌یە: یەکیان دژبەرەکیی چینە دەستەڵاتدارەکانی کۆمەڵگای ئەمڕۆ، دژبەرەکیی خاوەندارەکان‌و هەژارەکان، سەرمایەدارەکان و کرێکارە مزبەرەکان; ئەوی دیکەش بێ‌سەرەوەبەرەیی بەرهەمهێنانە».
 «[هەروەها] لەوەبەوڵاوە سۆسیالیزم ئیتر دۆزینەوەیەکی بەهەڵکەوتی ئەم یاخود ئەو مێشکە بیرمەندە یان ئەو بلیمەتە نەبوو، بەڵکوو ئاکامێکی بە‌ناچاری خەباتی دوو چینی پرۆڵتاریا و بورژوازی بوو کە لە قۆناغێکی دیاریکراوی مێژوویی‌دا پێکهاتن و گەشەیان کرد. ئەرکی سۆسیالیزم ئیتر ڕێک‌و پێک‌کردنی نیزامێکی کۆمەڵایەتی بەڵانیکەم تەواو نەبوو، بەڵکوو بریتی بوو لە لێکدانەوەی ڕەوتی مێژوویی و ئابووریی کە بە‌ناچار دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ئەم چینانە و پێکدادانیان، هەروەها دۆزینەوەی ئامرازی چارەسەرکردنی ئەم ناکۆکی‌یانە لەو بارودۆخە ئابووری‌یەدا کە لەم ڕێگایەوە پێکهاتبوون. بەڵام سۆسیالیزمی پێشوو هەر ئەوەندە لەگەڵ تێگەیشتنی ماتریالیستی ناکۆک بوو کە سروشت‌ناسی ماتریالیستە فەرەنسی‌یەکان لەگەڵ دیالێکتیک‌و زانستە سروشتی‌یە تازەکان.
 هەرچەند سۆسیالیزمی پێشوو ڕەخنەی لە شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری ئارایی و ئاکامەکانی دەگرت، بەڵام، توانای شیکردنەوە و ڕوونکردنەوەی ئەوی نەبوو و لە ئاکامدا، هەروەها توانای چارەسەرکردنیشی نەبوو. تەنیا دەیتوانی ئەو وەکو شتێکی خراپ و نادروست بەهەژماری بێنێ.
سۆسیالیزمەکەی پێشوو، هەرچەند چەوساندنەوەی چینی کرێکاری کە بەشی جیانەکراوەی شێوە بەرهەمهێنانی سەرمایەداری بوو بە تووندی ئیدانە دەکرد، هەر بەو ڕادەیەش لە ڕوونکردنەوەی چۆنیەتی و چڵونایەتی پێکهاتنی ئەم چەوساندنەوەیە بێ دەسەڵات بوو. لە ڕاستی‌دا، مەسەلە ئەوە بوو کە پێویست بوو:١) شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری لە لایەکەوە لە پێوەندی‌یەکی مێژوویی و پێداویستی پێکهاتنی لە قۆناغێکی مێژوویی‌دا لێک بدرێتە; لە لایەکی دیکەوە، هەروەها تایبەتمەندی‌یە ناوەکی‌یەکەی کە شاراوە بوو ئاشکرا بکرێ، و ئەم بایەخدانە لە ڕێگەی دۆزینەوەی زێدە‌بایی وەدی هات…
ئێمە لە پێوەندی لەگەڵ دوو دۆزینەوەی گەورە: تێگەیشتنی ماتریالیستی مێژوو و ئاشکراکردنی نهێنی‌یەکانی شیوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری بە پێی زێدە‌بایی قەرزداری مارکسین. بە‌پێی ئەم دوو دۆزینەوەیە، سۆسیالیزم کرا بە زانست…».

About زريان احمد

Check Also

گرفتی داروین

هه‌ڵكه‌وت محمد پشده‌ری بیردۆزەکەی داروین بۆ دەرکەوتن و پەرەسەندنی زیندەوەران بەردی بناغەی زانستی زیندەوەرزانییە. بەشێکی …