Home / ناوداران / دیدارى عەزیز موحەممەد (بەشی دووەم) / بۆ یەكەم جار بڵاو دەكرێتەوە

دیدارى عەزیز موحەممەد (بەشی دووەم) / بۆ یەكەم جار بڵاو دەكرێتەوە

 19601388_1515050315224051_5035619507538895704_n

دیدارێك لەگەڵا تێكۆشەری ناسراوی كوردستان
عەزیز محەمەد

fgffg
دیدار : شیلان یاسین – مومتاز حەیدەری

* (بەشی دووەم) / بۆ یەكەم جار بڵاو دەكرێتەوە

سەرەتا كاك عەزیز لەبارەی مامۆستا هەمزە عەبدوڵڵا چی دەڵێن؟
مامۆستا عەزیز موحەممەد:
دەربارەی مامۆستا هەمزە بێگومان خاڵی یەكەم. بروا بكەم هەر یەكێك لە ئیمە مانان بەو تەسەورات و تەقدیراتەی كە هەیەتی تەقیمی كابرایەك بكا پێشی ئەو فەترەیە و ئەو فەترەیەی كۆن كە مامۆستا هەمزەی تێدابوو رەنگە حەقی خۆی نەداتێ‌.
چونكە بە تەقدیری من نسبییەن ئەو جیلە جیلی مامۆستا هەمزە رێگایەكی نەكراوەیان گرتە بەر بە رێگای مەجهولدا دەرۆیشتن.
بۆیە هەر هەنگاوێكی ئەوان ئەهمییەتی خۆی هەیە.چونكە ئەوسا رێگایەكە وەكوو ئێستا نەكرابۆوە. یان تەقریبەن وەكوو ئێستا وە لە و حەرەكاتی بیر و باوەری كوردایەتی لە هەندێ‌ شوین لە توركیا و شوێنانی تر بیر و باوەری كوردایەتی باسی لێوە كرابوو. بەڵام بەو شكلەی كە مامۆستا هەمزە دەستی پێكرد ئەوە شتێكی نوێ‌ بوو. بۆیە زەحمەتە مرۆڤ بتوانێ‌ تەقیمی مامۆستا هەمزە بكات. بەبۆچوونی ئێستا. بە روئیای ئێستا. ئەگینا رەنگە غەدری لێبكەین. وابزانم مامۆستا هەمزە لە هەموو لایەنێكەوە كەسێكی لێوەشاوە بوو. مرۆڤێكی راستگۆ بوو رۆڵێكی باڵاشی بینی، بەتایبەت پاشی گەرانەوەی لە ئێراندا. ئێمە ئەوسا تەبعەن لە سیاسەتدا. گاگۆلكەمان دەكرد بە ئیعازی مەلا موستەفا و ئەوانی تر كە حزبی دیموكراتی كوردستان بوو كە ئەوسا ناوێكی تری هەبوو. لەو ماوەیەدا مامۆستا هەمزە دەورێكی باڵای بینی. مامۆستا هەمزە ئەگەر راستگۆبم سادەییەكی تێدا بوو. جارجارەش قیچكە تەنگیشی هەبوو. بەڵام مرۆڤێكی زۆر زۆر وردبین و لەسەر خۆبوو. ئیتر رۆڵێكی باڵای بینی لە پێكهێنانی حزبی دیموكراتی كوردستان. لەسەركردایەتی حزبی دیموكراتی كوردستان بوو. شەونخوونی زۆری بینی. دەربەدەری زۆر بینی و لەشاخ و دەشت و كێو بوو. لەدۆڵە رەقە دەژیا سەروەختێك. زۆر بەسادەیی ئەو كارانەی دەكرد. دووبارە دەڵێمەوە بە روحیەتی ئەمرۆ ئەو قسەیە دەكەم ئەوكات مامۆستا هەمزە مامۆستا هەمزە بوو بەمانای ووشە. پاش گەرانەوەی بارزانی ماوەیەكی باش مایەوە كابرایەكی لە مەلا موستەفا نزیك بوو. رۆڵێكی زۆر زۆر باشی بینی. بەڵام پاشانیش بە تەسەوری من ئەویش و برادەرەكانی تریش پەلەیان كرد لەو ماوەیەی كە نەختێك خیلافات دروست بوو وایان كرد هەڵوێستێكیان هەبوو دەبووایە نەبێت لەو كاتە. وابزانم ئێمەی شیوعیش لەو هەڵویستە دوور نەبووین. یانی رۆڵمان هەبوو لەو مەسەلەیە بە تێروانینی خۆم. من ئەوسا وەكوو كەسایەتییەك ئەو مەوقفەی وەریانگرت بەرامبەر بە كۆنگرە و رێگر بوون كە كۆنگرە ببەسترێ‌ بە تێروانینی من پەلەیان كرد. شتێكی هەڵە بوو دەبووایە نەیكەن جا لێرەوە بە روحیەتی ئەوسا و ئێستا دەڵێم ئێمە گەلێكجار هەیە وەكوو پێویست گوێ‌ ناگرین و حەوسەلەمان تەسكە ئەگینا خۆ دەیانتوانی لەناو حزب بمینن . ئێمە وابووین ئەگینا خۆ ئەبی َ گوێ‌ لە رای بەرامبەریش بگیرێ‌. ئێمە ئەوسا وابووین. من دەڵێم پیاو دەكرێ‌ هەموو حەقیقەتێك نەڵێت ، بەڵام ناكرێ‌ رێگە لە حەقیقەت بگیرێ‌. بەڵام ئەوسا ئێمە دەمانگووت دەبێت هەموو حەقیقەتێك بگوترێت. بەتایبەت لە سیاسەتدا بە تەنزیم و بە فكر بەڵام نەیگەیەنینە ترازان . مادام زەمینە فكرییەكە بە شكلێكی گشتی كۆماندەكاتەوە لە حزبێكدا دەبێت قورسایی ئەوەمان هەبێت صراع بكەین هەتا دەگەینە دەرئەنجامێك كێ‌ دەڵێت هەندێ‌ مەسائیل هەیە حەل ناكرێ‌ بەڵام ئێمە جار جارە دەمانگەیاندە مریشكە رەشە و لە بنی مەنجەلمان دەدا. ئەبووایە وا نەكەین. ئەو كات ئەوە شتێكی باو بوو بۆیە ئەویش و كۆمەلێك برادەری تر لە قیادەی حزبی دیموكراتی كوردستان دەركران. بۆیە بە تەقدیری من ئەوانیش و حزبی دیموكراتی كوردستانیش دۆراندیان. چونكە نوخبەیەكی خوێندەوار و رۆشنبیر و لێوەشاوە لە قیادەی حزبی دەركران، زەرەرو زیانی زۆری بۆ حزب هەبوو بەڵام خۆشیان هاتنە لای ئێمە عیلاقەیەكی چاكیان دروستكرد. مامۆستا هەمزە فەترەیەكی زۆر هەروا مایەوە بە تەسەوری من مامۆستا هەمزە وەكوو پێكهێنەرێكی حزبی دیموكراتی كوردستانی تەقییم نەكراوە.
* K21: كاك عەزیز جەنابتان باستان لەوە كرد كە هەم مامۆستا هەمزە و هەم حزبی دیموكراتی كوردستان زەرەریان كرد لێرەدا حزبی شیوعی عیراقی كەئەویش تەرەفێك بوو چەند هەڵوێستی راست بوو چەند زەرەری كرد؟
عەزیز محەمەد : ئەگەر لەو بابەتە بدوێم دواوم و دووبارەش دەدوێمەوە: بەتەقدیری من ئەو مەوقفەی ئێمە هەمان بوو هەڵە بوو ئەبوایە دەورو ببینین بۆ ئەوەی ئەوانە بمێننەوە ئەوە لەلایەك لەلایەكی ترەوە لە بۆ هیچ حزبێكی شیوعی رەنگە لە عالەما رووینەدابێ‌ قیادەی هیچ حزبێكی تر كە دەستكرد نەبێت حزبی میللەتێك بێت و ئاوات و تەتەلوعاتی میللەتێك بێت قیادەی میللەتێك دۆستایەتییەكی ئاوای لەگەڵ حزبی شیوعی هەبێت. لەوەیان ئێمەش دۆراندمان نەك هەر حزبی دیموكراتی كوردستان و ئەو برادەرەنەش.
ئێمە دەبووایە سەرەتا نەڵێین ئەوانە بوونە بەشێك لە ئێمە بەڵام هەوڵ بدەن پەیوەندییەكی باش هەبێت لە نێوان ئێمە و حزبی دیموكراتی كوردستان. ئەگەر ببنە نوسخەیەك لە ئێمە ئەو بەهایەیان نامێنێ‌ .بەڵام لە مونتەلەقێكی تر ئەوان زیاتر دۆستی ئێمە بوون. جاریواهەیە لە دۆستان دۆستتر بوون ئێمەش ئەوانمان دۆراند هەڵەیەكی مێژوویی بوو ئەوە وابزانم كاریگەرییەكەی موبالەغە نییە ئەگەر بڵێم تاكو ئەمرۆ ماوە.
مامۆستا هەمزە تاكۆتایی هەروا مایەوە. بەو دواییەش مامۆستا هەمزە جارجارە رۆڵێكی باشی دەبینی لە نووسینا بەتایبەت بە زمانی عەرەبی و عەرەبییەكی چاكی دەنووسی بەڵام كەم دەینووسی و زۆری نەدەنووسی بەتایبەت من خۆم یادی بەخێر هەموو جارێ‌ گووتومە پێی. شتێكی نووسی كەم بوو دە تا پانزە لاپەرە بوو بەڵام ئەوە زۆر كەم بوو ئەكرا زیاتر بنووسی بەڵام نازانم بۆ؟
K21: بە نسبەت 11ی ئازار و پێشی 11ی ئازار كە ماڵەكەی وەكو مەڵبەندێكی سیاسی بوو هەموو لایەنێك هاموشۆی كردووە لە موستەشاری جاشەوە هەتا حزبی شیوعی جەنابتان و سەفارەتی چیكی و میسری و سۆڤیەتی چۆن تەقییم دەكرێ‌؟
عەزیز محەمەد : تەبعەن مامۆستا هەمزە پەیوەندییەكی موتەشەعبی هەبوو خۆی نەدەچووە هەموو ماڵێك بەڵام زۆر كەس دەچووە لای لەو بابەتە ئەوانە كە دەچوونە لای زۆر بوون كەم نەبوون سەرنج راكێش بوون وەكوو كەسایەتی و وەكوو حزبی. دووبارە دەڵێمەوە بۆچوونەكانی حەددی ( نسبی) بوو رەنگە ئەوسا ئەو مرونەتەی نەبوو كە ئەبووایە بیبێ‌ بەڵام ئەوە نەخۆشییەكی گشتی بوو خەڵكێكی زۆر هاتوچۆیان دەكرد تەبعەن ئەو برادەرانەی كە لە قیادەی حزبی دیموكراتی كوردستان دوورخرانەوە ( خۆیان وازیان نەهێنا) كۆبوونەوەیان دەكرد لە نێوان خۆیاندا كۆمەڵێكی لێوەشاوە بوون خاوەن بیر و باوەری یەساری بوون ئەمانە لەگەڵ یەكتر هاتوچۆیان دەكرد. یادی بەخێر هاورێ‌ جەمال حەیدەری بوو هاتووچۆیان دەكرد و سەرپەرشتیان دەكرد جار جار ئەگەر هاورێ‌ جەمال نەبووایە بەندەی موخلیستان دەچووم لە مالی مامۆستا هەمزە دادەنیشتین و كۆبوونەوەكە دەكرا، هەولمان دەدا بیرورایان بزانرێ‌ بۆ كێشەی كورد ئاوا بوو مامۆستا هەمزە.
K21: تا ئێستا بە گشتی باسی مامۆستا هەمزەمان كرد با بگەرێینەوە لە خاڵی مێژووی جەنابت كە پرە لە هەوراز و نشێوی و بگەرێینەوە بۆ سەردەمی نوگرە سەلمان و ئەو سەردەمەی كەلە حەپسخانە بووی و سەردەمی هاورێ‌ بەهائەددین كە بووە سكرتێری حزب و میساقی باسم-ی بڵاوكردەوە
عەزیز محەمەد : كاكە مومتاز تۆ هەڵمدەخلیسكێنی ئاگام لێیە بۆ غەیری ئەو دانیشتنەی.
خۆی دەبێت بزانیین كاتی حەپس قسە زۆر هەڵدەگرێ‌ ژمارە یەك هاورێ‌ فەهد كە گیرا كارێكی زۆر باشی كرد ئەساسێكی زۆرباشی دانا بەڵام بەداخەوە هەڵگری شوێنەكەی نەبووین و شوێن پێی نەكەوتین.
هاورێ‌ فەهد لەگەڵ جەنابتان باسم كردووە دوو شتی هەبوو كە رەنگە زۆری تریشی هەبێت كە دوژمن مونازیلێك دەگرێت هەدەفی چییە.
دوای بخات لەرووی فكرەوە و لەرووی جسمەوەش تەشویهی بكات هاورێ‌ فەهد عیلاجی بۆ ئەو دوو موئامەرە دۆزییەوە. دیراسە ، تەوعییە، خوێندن، وە لەهەمان كاتیش نەشاتی
وەرزشی و چالاكی و كار و كردەوە و هەتا تەنانەت موكافەحەی ئوممیە -نەخوێندەواری- دەكرا لە حەپسخانە. زۆر جار باس دەكرێ‌ كە حەپسخانە دەبێتە قووتابخانە بە كورتی ئەوە دەڵێم ئەو دوو شتەی چارەسەر كرد. ئابووری سیاسی دەخوێنرا. زمانی ئینگلیزی فیر دەبوون . ئەوەی ئوممی بوو یەكێكیان بۆی تەرخان دەكەن تاوەكوو فێری بكات. یانی ئەو كارانەی كە كرا زۆر باش بوو ژیانی حەپسخانە ژیانێكی دەوڵەمەند بوو. من پاشی ئەوەش كارم دەكردو بەرپرسی نان كردن بووم چونكە زوو هەڵدەستام بۆیە شەوان لە كۆبوونەوەكان دەبۆرژام. ئەوە یەكێك دووەمینیان ئێمە پاشی بردنی هاورێ‌ فەهد و ئیعدامكردنی گۆڕانكاریەك روویدا لە حەپسخانە هاتەكایەوە. بەداخەوە لەزۆر لایەنی سیاسی و تەنزیمی تووشی تەبسیتێك هاتین یانی سجن ئەگەر مرۆڤ لێی وریا نەبێت بیر و رای مرۆڤ و بیركردەنەوەكانی چوارچێوەی سوری – چوار دیواری بەندیخانە- سجن وەردەگری. بایەخ پێدانی هەمە جۆرەی نابێت. یەكێك چوار تانكی ئاوی لەبەر دەستە وەكوو وەزیری دەریا مامەڵە دەكات . بەرپرسی قاپ شووشتن كەلە قاپشۆرەكان پتر كار دەكات خۆی بە ئەفزەل تر دادەنێت و خۆی پێ‌ زلترە. ئەوە مەبەستم لەمە ئەوەیە كە مرۆڤ بەرە بەرە عەقلیەتی سوری، سجن وەردەگرێت.
لۆیێ‌ ئینشیقاقات لە سجن روویدا بەبێ‌ ئەوەی ئەساسێكی حەقیقی هەبێت.
جار جار ئیزراب –مانگرتن-مان دەگرت لەسەر شتی تافیه (پڕو پوچ) كەنەدەبوو وابكەین.
جارێكیان بیست و چوار رۆژی رەبەق ئێمە لەسەر ئەوە ئیزرابمان كرد كە ئاومان دەگواستەوە ئاوەكە دەپڕژا برادەرێك هاواری كرد هەموومان ئیزرابمانكرد. بە بەلاش و هیچمان دەست نەكەوت، بێ‌ ووردبوونەوە بڕیارمان دەدا و نەدەبوو بیكەین جا ئەوانە ژیانی سجنی گۆڕی، بۆیە من ووتوومە خۆزیا دەرفەتم دەبوو هەندێك شت لەسەر سجن بنووسم بەتایبەت دژی ئەو شتانەی كە دەبووایە نەكرێ‌. زۆر موعارەزەمان لە سجن دەبووایە نەیكەین. هەندێك هەیە شیاوی نووسین نییە بەڵام وەكو نموونە دەیگێرمە. بۆ نموونە ئاوی ناو سجن ئەوەندە سوور بوو نەدەخوورایەوە ئاویان لە دەرەوە بۆ دەهیچناین رۆژێك یەكێك هات گوتی ئەوە سیول –لێل- بووە باران بووە كانییەكە تێكچووە ئێمەش بریارماندابوو باوەر بە قسەی حكومەت نەكەین نەخێر ئیزرابما ن كرد و زنجیرمان لە خۆمان بەستا و دەهاتین و دەچووین و گرمە گرمان لێوە دەهات حەرەسیش هەموو دەستیان لەسەر پەلاپیتكەی تفەنگە كابرا بلێ‌ ارموا لێمانی دەدا . كابرا گووتی با یەكێكتان بێت تەماشا بكەن ئێمەش ناردمان گوتیان وەڵلا راستە و وایە.
K21: جەنابتان لەبارەی سجنەوە فەرمووتان ئەی سیاسەتی ئەوكاتی حزبی شیوعی كاری خۆی نەدەكرد؟
عەزیز محەمەد : بەڵی من دەزانم لە زۆر شوێن گووتومە توند و تیژی تەنانەت لە قیادیشمان هەیە. چۆن حزب دەبووە لێژنەی مەركەزی و لێژنەی مەركزی دەبووە سكرتێر ، سكرتێر دەبووە هەموو شتێك من هەمیشە گوتوومە ئێمە ئەنگوتكێك بووین لەو هەویرە گەورەیە. جا وەكو فەرمووت هەندێك شت هەیە ناگیردرێتەوە. وەكو بلێی لە مێشكی خۆمان بریارماندا بوو هەروا بمێنینەوە كابرا چوو و هاتەوە گووتی بابە كانییەكە تێكچوە. بۆیە دەبێت دەست بە ئاوەوە بگرین . ئەمانە هاتن سجنەكان بەندكراوەكان بگوازنەوە نوگرە سەلمان بەڵام نەیانویست جولەكەكان بگوازنەوە. ئێمە گوتمان بەبێ‌ جولەكە نارۆین ئیمە جیاوازی ناكەین ئەوانەش هاورێی ئێمەن بۆ نەگوازرینەوە بەرێوەبەر رەزامەندی نیشاندا و هەموو سواری لۆری كراین و دوو قەڵا هەیە هی سجن و هی شورتە. لەلای قەڵای شورتە بەزۆر ئێمەیان جودا كردەوە و جولەكەكانیان هێنایە خوارێ‌.
لە سجنی نوگرە سەلمان نەشیدیان خوێندەوە برادەران ئیمە گوتمان دەیانەوێ‌ مەحكەمە بكرێنەوە . مەحكەمەشیان هێناوەتە شاری كووت بە ئێمەیان دەگووت كاكە وەرنە دەرەوە دەمانگووت نایەین !!.
دەرگایان داخست جمهورییەكمان پێكهێنا مانگێك و دووسێ‌ رۆژی خایاند! دوو دارخورما هەبوو قەسپمان دەخوارد ئاویش نەبوو بیخۆین بیرێكمان لێدا كە ئاومان دەخواردەوە دەبوایە بچینە سەرئاو ئەوجا رۆژی حەڤدەهەمی ئەو حەسارە دوو كەسیان لێكوشتین سەبیح میر برای ماردینی خێزانی بەهائەدین نوری یەكێكیشیان گەنج بوو دوو گوللەی لێدرا هەردوكیان بردنە دەرەوە، هاتنە لای من گوتیان با لێرە دەفنی كەین لە سجن منیش ووتم مەخزای شۆرشگێری چییە كە ئەو تاوانە لەناو سجن بشارینە وە و لێرە كفنیان كەین. ئەوان كوشتوویانە بۆ لێرە بیشارینە ئەوجا دوای 3- ئاب هاتنە ژوورێ‌ هەموو شتێكیان پشكنی و ئێمەیان دا بەر تفەنگان.نەوەد و پێنج كەسمان بریندار بوو دە كەسیشمان شەهید بوو، ئێستا بیر دەكەینەوە نەدەبوایە وا بكەین. برادەرێكم بەناوی یەعقوب میسری نارد كە پێیان بڵی ئەوە گۆرەپانەكەیان هەموو كردە هی شەر گووتیان ئێمە حەقمان بە دەسەڵاتەوە نیە. ئەوە هەموو مەبەستم ئەوە كە ئینشیقاقات لەسەر شتی تافیه روویدەدا، جۆرە بیروقراتیەتێك یەكێك دەبووە بەرپرسی ئینشیقاق وەكو ئەوە وابوو كە بۆتە سەرۆك كۆمار !!.
بۆ نموونە من ئەو كات لە لێژنە بووم باسی ئەوەیان دەكرد كە لە سجنی نوگرە سەلمان رابكەین من كاغەزێكی بچووكم نووسی، نووسیم چۆن رابكەین؟ نوگرە سەلمان بیابانە چۆن دەردەچین ئەوجا هەندێك برادەران قەزیەكەیان بە فشە وەرگرتبوو ئەوەی كە حوكمی گران بوو دەیگووت دەچین و دێینەوە زمانی تر فێر دەبین. حەمید عوسمان ئەوكات بەرپرسی لێژنەكە بوو لێم تۆرا. چونكە هەڵگەرانەوە كە كاغەزەكەم نووسی گووتم كاكە لام وایە سەد و شەست كیلۆ مەترە لە نێوان ئێمە و یەكەمین شاری ئاوەدان جار جارە شورتەی بادییە رێگاكە بزر دەكەن، چونكە رەملە لمە لمیش با جولەی پێدەكات. من گووتم قورتار نابین هەبوو باسی ئەوەی دەكرد كیسە ئاوی گەرمی تێبكەین بەس ئەوە یارمەتی چیت دەدات پاشان یەكێك لە سجنی نوگرە سەلمان رایكرد بەڵام مرد. لە كووت و بەغداد جیاواز بوو كە هەلدەهاتی لە سجن شار بوو بەڵام نوگرە سەلمان وانەبوو. پاشان حەمید لێم تورە بوو دوای ئەوەی كە گوازراینەوە بۆ كووت لەوێ‌ پیاسەمان كرد گووتم كاك حمید لێرە دەتوانن هەڵبێن.
K21: ئەوكات لە قیادییەكان كێ‌ لەوێ‌ بوون؟
عەزیز محەمەد : حمید عوسمان بوو ، حاجی عبداللە و برایم شاول زەكی خەیری. عاسم حەیدەری، كە بواسیرییەكە زۆر ئازاری دابوو هەمیشە خوێنی لەبەر دەرۆیشت . سەعید قەزاز و بەرێوەبەرەكە هاتن یان لە بەغدا دەرگای سجنیان رووخاند و لە خەلكیان دا هەندێك شەڕ هەبوو دەبوایە نەكرایە ئەوانەی كە شەهید بوون و لەناو چوون دەبووایە بمێنن ئێمە وەكو پێویست حیسابمان بۆ ئەو بابەتانە نەدەكرد. گەلێك شتی ئەوها لەناو سجن روویدا دەكرا بە حیواری لەسەر خۆ چارەسەر بكرابووایە.
تەسەور بكە لە ئینشیقاقی سالم عوبێد النعمان نەك لە ئینشیقاق بەڵكو لە دەركردنی سالم گووتی نەقدی زاتی دەنووسم گوتیان نا ئێمە بۆت دەنووسین.
بۆیان نووسی و خوێندییەوە نافعیش خۆی گواستەوە باشە بۆ دەتوانرا دوو دانیشتن بكرێ‌ لەگەڵ هاوڕێ‌ سالم بڵێن كاكە ئەو گلەییەمان لێت هەیە و ئەوە خاڵی لاوازی تۆیە… هتد.
چارەسەری بكە كە بێگومان چارەسەر دەكرا. جاریوا هەبوو لەسەر بێجامەیەك لەسەر شتی تافیه كێشەدروست دەبوو كە جیاوازی دەكرا بۆ نموونە بێجامەیەكی باشیان دەدا فلان و یەكێكی خراپ دەدەنە ئەویتر.
K21: كاك عەزیز تۆ نوگرە سەلمانت باس كرد چواردەی تەمموز روویدا ئەو قیادەیە بە هەموو مەشاكلی دەروونی و فكری و سیاسی و اقتصادی و وەلائی متلەق و سیاسەتی ستالین و ئەوانە چواردەی تەمموزی چۆن پێشوازی كرد و چۆن تووانی بەو عەقلیەتی پاشخانی سجن لە قیادەی فەهدەوە مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەكانی چواردەی تەمموز بكات؟ كاریگەری هەبوو یان نەبوو؟
عەزیز محەمەد : ئێمە لەو عەقلیەتە دانەبرابووین چونكە ئەوە زنجیرەیەكی لێك پچراو نییە كە ئێمە دوێنێ‌ وابووین ئەمرۆ وادەبین ناڵێم هەمان شت بووین بەڵام لەو عەقلیەتە دانەبرابووین. هەندێ‌ تەتەوراتی ئیجابی روویدا وەكو خۆت دەزانی كۆنفرانسی پاش 1956، هەموو ئەوانەی شیوعی نەبوون وەكو جەماعەتی عەزیز شەریف هاتنە ناو حزب و یانی خەتەواتی زۆر زۆر چارەسەری تازە بابەتانە بۆ كورد كرا لە 56 بە تەئكید پێشكەوتنی ئیجابی بوو. رەنگە ئەو برادەرانەش كەم تا زۆر پێشكەوتنی بیریان هەبوبێ‌ لەسەر وەزعی سیاسی و ئەوانە بەڵام بە شكلی كۆتایی دانەبرابوون من باسم كرد بە تەقدیری من ئێمە لێرەشدا تەسەور ناكەم وەكو پێویست تەشخیسی عەبدولكەریم قاسممان كردبی وە تۆ بزانە ئەگەر دكتۆرێك نەخۆش بەباشی نەپشكنی عیلاجی جاكی بۆ نانوسێ‌ رەنگە عیلاجەكەشی هەلە بۆ دابنێ‌ رەنگە ببیتە هۆی لەناو چوونیشی ئێمە عەبدولكەریم قاسممان وەكو پێویست تەشخیس نە كرد بوو بە پێچەوانەوە وامانزانی ئەندامێكی حزبە…!
ناوی خواستراوەشی بۆ دۆزراوە . ئەو كابرایە عەسكەری بووە ئەو كابرایە لەكەڵ ئێمە نەبوو تایبەتمەندی خۆی هەبوو. دەبووایە ئەوە تەشخیس كەین ئەوسا لەسەر ئەو تەشخیسە رەفتاری لەگەڵ بكەین و تەعامولی لەگەڵ بكەین. كە لەوانەبوو سودێكی زۆر زۆری لێوەربگرین بە تەقدیری من ئەو تەعامولەی ئێمە لەگەڵ جەیش كردمان بەو ئاشكراییە نەبێت. عەبدولكەریم قاسم سەرەتا چاوپۆشی لێكردین چونكە ئیشی پێمان بوو، ئەگەرچی ئێمە بەهێزیش بووین ئەمما دوایی فكرەی دەبوو لەسەرمان .
بە تەقریری من امكانیەت هەبوو لە سەرەتاوە رۆژی یەكەم لە ئینقلابدا اعتمادی تەواو لەسەر جەماوەر بكرابووایە وێنەكە ئاوا نەدەبوو وەكوو دوایی روویدا.
جا نازانم چەندە راستم . شارع رشید ئەمن بیستوومە دەڵێن پری خەڵك بوو ئەوانەی چونە ناو وەزارەتی بەرگری وێنەی عەبدولكەریم قاسمیان هەڵگرتووە. یانی بەناوی عەبدولكەریم قاسم موحارەبەی عەبدولكەریم قاسم دەكەن یانی هێشتان شەعبیەتێكی ماوە . خەبەر گەیشتۆتە حزب برادەرێكی راسپاردووە قائید قووەی جەوی جەلال ئەوقاتی گوایە سەیارەكەی ئیش ناكات چما بەغدا بێ‌ سیارە بووە بەس دیارە ئێمە مانانیش بەو قەناعەتە نەگەیشتووین كە شتێكی وا ببێ‌ و بە پێیان بروا بكەین.
مومتاز: كاك عەزیز لێرەدا دەبێت پرسیارێكی رۆشنتر بكەم حزبی شیوعی عیراقی چەند تەحەمولی مەسئولیەت دەكات ئەو كودەتا رەشەی كەلە هەشتی شوبات بوو نەتیجەی دلەراوكێی عەبدولكەریم قاسم و حزبی شیوعی موزاهەرەی یەكی ئایاری كرد و ئیستیعابی كرد و نەكرد بەڵام لە چوارچێوە گشتییەكەی حزبی شیوعی عیراقی كە حزبێكی سەرتاسەری عیراق بوو تەحەمولی ج دەكات؟
عەزیز محەمەد : من باسی ئەوەم كرد كە دەبێت لەناو خوێندنەوە ئەوە بەدیار بكەوێت تۆ بلیی ئەوانە زەمینەیەكیان دروست نەكرد بۆ ئەوەی عەبدولكەریم قاسم نیزامەكەی لەناو بچێ‌ لەلایەكیترەوە قەزیەی كوردی دەستی پێكرد ئەوە لایەكی نیزامەكەی عەبدولكەریم قاسمی لاواز كرد و هەلی تەكاند و عەبدولكەریم قاسم مەغرور بوو. خەڵكێكی رەش و رووتی لەگەڵ مابوو بەڵام بە تاكید ئەو دەورێكی باڵای بینی .
جارێك لە منیان پرسی نازانم تۆ بووی یان نا، گوتیان كێ‌ موقەسر بوو گووتم عەبدولكەریم قاسم موقەسری سەرەكییە. ئێمە كەم و كوریمان هەیە وە نەبێت نەمان بووبێت بەڵام ئێمە لەم چوار چێوەیە دەورێكمان نە بینیوە بۆ خۆمان و بۆ خوودی مەسلەحەتمان . بۆ سحەت و سەلامەتی خۆمان دەورێك ببینین بۆ ئەوەی كە كرا نەكرێ‌ .
ئینجا بە نسبەت ئەو قەزیەیە ئێمە كارێكی ئاوامان كرد عەبدولكەریم قاسم لێمان دوور كەوتەوە ئەوە ئەوەندەی تر كاریگەری هەبوو لەسەر ئێمە چونكە وای لێهات كە اعتماد لەسەر ئیمە نەكات. خەبەری بدەینێ‌ بڵێن موئامەرە هەیە باوەر نەكات و بڵێت ئەوە مەخسەدێكیان هەیە.
مومتاز: كاك عەزیز ئەو رۆژی كەلە عەبدولكەریم قاسمی درا لەپێش وەزارەتی دیفاع سعات شەشی ئێوارە كۆمەڵە خەلكێكی زۆر هاتن بۆ پەرۆشی عەبدولكەریم قاسم بەهائەددین نووری لەوێ‌ بووە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و موحەممەدی مەلا كەریم پێی گوتووە ئێستا فورسەتە و استلامی سولتە بكە بەهاددین نوری پێی گوتووە قسەی قۆر مەكە. ئایا ئەو سیاسەتە ئینعیكاسی چی بوو ؟ سۆڤیەتیش خەتابارنییە؟
عەزیز محەمەد : ئەوە ئەمن ناتوانم جوابی بدەمەوە تۆ دەتوانی جوابی بدەیتەوە.
مومتاز: وا بوو یان نا؟
عەزیز محەمەد : من ئاگام لەوە نییە یەكەمجارە لەتۆ دەبیستم راست دەكات موحەممەدی مەلا كەریم بەڵام من لەوێ‌ نەبووم من بیستوومە مادام ئەوەی غریری كە سەددام لێی دا، دوای انقلاب من باسیشم كردووە بە تەقدیری خۆم بە جددی باسی ئەو قەزیەیە نەكراوە . لەگەڵ ئەوەشدا جار جارە بیر دەكراوە گەلۆ ئەو هێزەی كە هەیە ئەگەر بەیانی جوڵە بكەین نابێتە دوو بەش بەشێكی لەگەڵ عەبدولكەریم قاسم بێت و بەشەكەی تری لەگەڵ ئێمە بێت. یانی ئەوسا ئەو فەرزە نەبوو لەنێوان ئێمە و عەبدولكەریم قاسم بۆیە حزبی شیوعی عیراقی پاشی لێدانی عەبدولكەریم قاسم دژی بەعس هاتە مەیدان…!
ئەوسا ئەو نەزعەیە نەبوو جگە لەوەش بیر لەوە دەكراوە گەلۆ ئەوانەی كە ئێستا اعتبارما كردووە هێزێكی وایە و موشتەرەكە و چەندی لەگەڵ ئێمەیە و چەندی لەگەڵ عەبدولكەریم قاسم . بۆ یە ئەو حەسمە نەبوو نە گەیشتبووینە ئەو رایە ئێستاش نازانم ئەمانتوانی یان نەماندەتوانی. شتێكی تریش دەلێم رەنگە بمانتوایایە بەڵام ئایا دەمانتوای پارێزگاری لە دەسەڵات بكەین؟ ئێمە لەو كاتەدا تەتویق كرابووین لەهەموو قووەی رەجعی لەعالەمی عەرەبیدا. لە دەورو بەرماندا لە زمانماندا.
مومتاز: كاك عەزیز لە ئینقلابی پاشی 1963 كە ئەو زابتە زۆرەی گیرا حزبی بەعس گوتبوویان ئێمە بمانزانیبایە حزبی شیوعی ئەوەندە زابتەی هەیە ئێمە جورئەتمان نەدەكرد ئینقلاب بكەین!
عەزیز محەمەد : من ئەوەم باسكردووە و ئەوە نووسراوە و بڵاو كراوەتەوە.
مومتاز: تازە جەنابتان باسی كێشەی كوردتان كرد، تەبعەن لەو رۆژەی دەوڵەتی عێراق دروست بووەو مەلیك فەیسەل هاتۆتە عێراق كێشەی گەورەی عێراق كێشەی كوردە لەمەسەلەی ویلایەتی مووسڵ لەعیراق. لەو رۆژەی حزبی شیوعی تاكو ئەم رۆژگارەی سیاسەتی حزب لە چوارچێوەی كێشەی كورد چۆن بووە؟
عەزیز محەمەد : ئاخر تۆ باست كرد من ئەو ژمارەیەم نەدیوە لە جریدەی جزب كە باسی تەقریری مەسیر دەكا ئەوە مانای وایە تەعبیر لە سیاسەتی حزب دەكات یانی حزب ئەوسا ئەوەی گوتبێ‌ لەو شەوە تاریكەی ئەوەی باسكردبێ‌ بە تەقدیری من دەست پێشخەرییەكی گاڵتە نییە و زۆر باشە بەڵام چەند بۆ روونكردنە وە و شیكردنەوەی ئەو بابەتە هەوڵی داوە ئەوە گرنگە ، ئەو دروشمە كە دەڵێن لەو ساوە هەڵگیراوە من نەمدیوە بە تەقدیری من مەوقفی حزبی شیوعی عیراقی بە پێچەوانەی هەموو حزبی شیوعی لە ناوچە دەربارەی كێشەی كورد هەڵویسَتێكی تەبیعییە. بەرچاو روونی تێدایە. بەڵام دیسانیش دەبێت هەڵوێستی حزبی شیوعی جۆرێكی تر بووە كە حزبی شیوعی وای لێكداوەتەوە كە ئەگەر ووڵاتی عیراق ببێتە ئیشتراكی بە تاكید كێشەی كوردی تێدا چارەسەر دەبێت. جار جارە بیری زۆر لە كێشەی كورد نەدەكردەوە. یانی حوكمی زاتی تەبەنی كردووە و هەوڵی بۆ داوە بەڵام هەمووی لە چوارچێوەی عیراقدا، وا بزانم بەشێكی لەبەر ئەوە بوو لە كاتی خۆی ئیشتراكییەكانی جەزائیریش تووش هاتن تەسەوریان دەكرد ئەگەر لە فەرەنسای ئیشتراكیەت سەركەوێت جەزائیر ئۆتۆماتیكییەن استقلالیەت وەردەگرێت. رەنگە ئێمە مانانیش دەمان گووت ئەگەر عیراق ببێتە دەوڵەتێكی ئیشتراكی ئۆتۆماتیكیەن كێشەی كورد چارەسەر دەكرێت. دەمانتوانی بڵێین باشتر چارەسەر دەكرێت. بەڵام رەبتی بكەین و ئەو رەبتە بكەین كە ناتوانرێ‌ بەبێ‌ ئەوە میللەتی كورد بەهیچ بگات من تەسەور دەكەم لەوەیاندا هەڵە بووبین. چونكە میللەتی كورد میللەتێكە وەكو هەموو میللەتانی جیهان مافی بوونی هەیە و بەر لە سەد ساڵ مافی بوونی هەبووە بەڵام نەیتوانیوە بگات بەمە ئەوەش رەنگە بارودۆخی خۆیی و بابەتی رۆڵێكی باڵای بینیوە لەو بابەتە وە جارجارە دابەشكردنی بەشێكی باشی كوردەكان لە دەسەڵاتی ئێران و دەسەڵاتی توركیا و كەوتنە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی عیراقی و ئینگلیزی وای كردووە ئیمكانیاتی ئەوتۆیان نەبووە بەڵام لە هەمان كاتیشدا درێخیشیان كردووە و حزبی شیوعی عیراقی ئەو دروشمەی هەڵگرتووە وابزانم زۆر جار هەیە زۆر بە روونی هەڵی گرتووە زۆرجاریش هەیە تەنازولی بۆ نەكردووە بە نسبەت قەزیەی كوردی جا نازانم دەبێت چیتری بكردایە تەنانەت ئەو پێشكەوتنەش كەلە نێوان ئێمە و حزبی دیموكراتی كوردستانی روویدا لە 1974 و بەر لەوەش وا بزانم وابزانم ئێمە بەتەنها تەحەمولی ئەو مەسئولیەتە ناكەین بە پێچەوانەوە موقابیلیش تەحەمولی ئەو مەسئولیەتە دەكات. جگە لەوەش ئەو دوو لایەنەی كە ئێمە پەیوەندیمان پێیەوە هەبوو بە نسبەت ئێمە ئەوسا وەكو ئەمەریكا و ئێران بوو. ئەوسا ئەوەمان بە ئاشكرا نەدەگووت بەڵام ئەوە لە پاشخانی فكریمان هەبوو.

بۆیە ئێستاش بە تەسەوری من قەزیەی كوردی لە وەزعێكی زۆر زۆر حەساسە پێویستە هەر مەوقفێكی وەریگرین بە تەرازووی زێرینگر هەڵیسەنگێین. بە داخەوە هەمیشە نەیاری كورد بوونە و دوژمنی خودی كوردن.
بەداخەوە میللەتی كورد حدودێكی محایدی نەبوو ووڵاتێكی ترمان لە تەنیشت بووایە كە كورد و كێشەی كوردی تێدانەبێت. ئەو حەساسیەتەی نەدەبوو بەرامبەر بەكێشەی كورد لێرە قەزیەی كوردی هەڵدەچێ‌ توركیا خۆی بۆ ئامادە دەكات ئیران و سوریا خۆی بۆ ئامادە دەكات.
ئوردن خۆی بۆ ئامادە ناكات چونكە كێشەی كوردی نییە. ئێمە نە دەریا سنورمانە نە بیابان سنورمانە لە كوردستان دەچییە كوردستان لە قەڵادزێ‌ دەچییتە سەردەشت هەردوك هەر كوردستانە بەڵام ئەوێ‌ ئیرانە و ئێرەش عێراقە.
لە دهۆك و زاخۆ دەچیتە وان و ئاماد ئەم قەزیەیە گرنگییەكی زۆر زۆر حەساسی لەپێش قیادەی ئێمە داناوە.
پێویستە زۆر زۆر وریا بین باسی ئیعلانی ئیستقلال دەكرێ‌ مام جەلال تەعبیرێكی هەیە دەڵێت كام سەگباب ئەوەی ناوێ‌ !!!!
بەڵام ئایا دەكرێ‌ لەوانەیە لەوانەشە دەبێت بیری لێبكرێتەوە هەوڵ نەدەین كارێكی وابكەین ئەوەی هەشمانە بیدۆرێنین. زۆرجار هەیە لەوانەیە بە جەنابیشتانم گووتبێ‌ ئەگەر سەبینێ‌ هەموو كوردستان ئازاد بكرێ‌ بە خەیاڵی من كە ئەگەر چی لەوانەشە من بیر تەسكبم، دەڵێم رەنگە ئێمە لە بەردەم موهیممەیەكی توحیدی اندماجی كوردستان نەبین. ئێستا هەندێك مەجالی تر هەیە چونكە لەوێندەرێ‌ لە كوردستانی رۆژهەڵات و باكور بارو دۆخێكی تایبەتی هەیە و خسوسیاتی تایبەتی هەیە. وابزانم بەشێكی زۆر دەیانەوێت بە گوێرەی ئەو خسوسیاتە قیادەی ناوچەی خۆیان بكەن. دەبێت ئەو ئامانجەت لەبەر چاو بێت بەڵام دەبێت رێگایەكی راستی بۆ ببینیەوە. زۆرجار هەیە بە خەیاڵم دادێت جا نازانم بەشێوەیەكی واعییە یان نا واعییە ؟.
وەحدەی سوریا لەگەڵ مسر چونكە خسوسیاتی سوریا بە نەزەر اعتبار وەرنەگیرا، هەرەسی هێنا!، لام وایە هەندێك خسوسیاتی خۆیان وەرگیرایە اهتمام بە قیادەی سووری بدرایە اعتماد لەسەر مولكی سوری بكرایە با بە نەوعێك هاریكاری لەگەڵ میسرییەكان بكرابا، بەڵام میسرییەكان زاڵبن بەسەر سوریا سورییەكان لە خۆیان دەپرسن ئەی ئێمە تۆ تەماشا دەكەی ئیماراتی عەرەبی چونكە تایبەتمەندییەكە بە نەزەر اعتبار وەرگیراوە ئەوە بیست ساڵ زیاترە ئەو ماوە بۆ بە تەقدیری من بەیانی دوو بەیانی هەموو كوردستانیش ئازاد ببێت دەبێت بیر لەوە بكەینەوە هەر شتێكی هاوبەش هەیە لە نێوانمان دەستی پێوە بگرین.
ئەوانەی تایبەتمەندی تێدایە بهێڵینەوە دەوری زەمەنیشی تێدابێت خۆشمان هەوڵی بۆ بدەین بەرە بەرە ئەم مەسەلەیە چارەسەر بكەین تاوەكو كارێكی وا بكەین كە كارێكی ئەوتۆ نەكەین بۆ نموونە عەبدولڵا ئۆجەلان اعتبار دەكەن قائیدی كوردستانە زۆركەسیش لە توركیا رەنگە ئەو شعورەیان هەبێت. ئەمە پێویستە حیسابی بۆ بكرێ‌ بە تەسەوری من لە كۆنەوەش هەندێك مەسەلە هەبووە وەكوو پێویست حیسابمان بۆ نەكردووە بە تەسەوری من. ئێمە لە سەرەتادا لەساڵانی هەشتاكان بیرمان لەوە دەكردەوە كە كۆنگرەیەكی نیشتمانی ببەسترێ‌ نەمانتوانی چونكە لەهەر ووڵاتێك لەو ووڵاتانە ڤیتۆ هەبوو لەسەر بەشدارنەبوونی ئەو جیهەتە یان ئەویتر لە توركیا دەیانگووت پەكەكە نابێت بەشدار بێت لە ئێران دەیانگووت كۆمەڵە بەشدارینەكات لای ئێمەش لە باشوور دەبووایە حزبی دیموكراتی كوردستان بەشدار نەبێت هەر ئێمە بووین دەمانگووت نەخێر ئەوەی نەیەت خۆی نەیەت ئەو بەرنامەیەی كە ئێمە هەمانە پێشكەشی هەموو لایەنێكی دەكەین ئەوەی بەدڵی نەبوو نایەت خۆی با نەیەت. یان لە مەسەلەی كوردستان ئێمەش بێگومان هەڵەمان هەیە تەسەور دەكەم بە تەقدیری من سەرجەم ئەو شیعاراتانەی كە هەڵگیراوە بەشێوەیەكی گشتی . جار جار ئێمە دەمانگووت شیوعی كورد دەبێت بە ناوەرۆك شیوعی بێت بەڵام بە رواڵەت كورد بێت لەرووی بەرگ و زمان و كلتور و عادات بەڵام لەوەشدا هەندێكجار لەگەڵ حزبی دیموكراتی كوردستان جۆرە سیراعێكمان دەبوو كە نەدەبووایە بیكەین. من لە رواندز بووم هەندێك شیعاراتم بینی كە بە عەرەبی نووسرابوون من لە برادەرانم پرسی بۆ بە عەرەبیتان نووسیوە؟ ووتیان بۆ نابێت !!! ووتم دەبێت بۆ نابێت بەڵام بۆچی خۆ لێرە عەرەبی تێدانییە!!!
شتی وا روویداوە تەبعەن ئەوجا بەشێكی هاتە سەر ئەوە یانی ئەوەی پارتی بیكات دەبێت ئێمە لە پێچەوانەكەی بگەرێین. هەتا برێك جیاوازبین لەوان ئەو جیاواییەش لەسەر بنەمایەك دەكرێ‌ كە ئەوان هەڵە بن لەسەر شتێك ناكرێ‌ كە ئەوان راست بن چونكە كە ئەوان راست بن ئێمەش هەمان ئەو راستییە دەڵێن جا بۆیە ئەو شتانە روویداوە . بەشێوەیەكی گشتی ئەو برادەرانەی كاتی خۆی لای ئێمە چوونە لای پارتی دیموكراتی كوردستان یادی بەخێر سالح حەیدەری و مام قادر – پاشان گەڕایەوە- و كەمال فوئاد ئەو نانەوایەی لەبەرامبەر كەنیسەی ئەرمەن لەوێندەر نانەوایی دەكرد لەتیف نانەوا كۆمەڵێَك بوون. ئەمانە چوون، كێشە لە چوونەكە نییە لەسەر ئەو بنەمایەی پارتی دیموكراتی كوردستان هەوڵ بدەن بیكەنە حزبێكی تەقەدومی. ئەوسا تەنزیماتی حزبی شیوعی نابێت. من گلەییم لەسەر چوونەكە نییە، بەڵام دەبێت ئەو هەڵویستەش دەرنەبرن نابێت حزبی شیوعیش تەنزیماتی هەبێت.
بوونی تەنزیماتی حزبی شیوعی وەكو تەنزیماتێكی موتەمەیز لەرووی فكری و سیاسی بەقەدەر ئەوەی كە هەیەتی هەر خزمەتی خۆی ناكات خزمەتی ئەوەی حزبەكانی تریش دەكات.
من جار جار گلەیی لە برادەرانی خۆمان دەكەم دەڵێم ئەوەندەی توانامان هەیە دەبێت پارێزگاری سەربەخۆیی خۆمان بكەین. هەر رۆژێك سیاسەتی ئێمەو بیرو بۆچوونی ئێمە تە م و مژاوی بێت ئێمە زیان بە شكل و روخسار و ناوەرۆك و . مانای حزب دەگەیەنین.
چونكە ئەوكات ئێمە دەبینە بەشێك لەم لا و لەو لا. كە سەر بەو فكرە یان ئەو فكرەیەین جا بۆیە دەبێت هەوڵبدەین سەربەخۆیی خۆمان هەبێت بەڵام كە هەمانە قەت قەت مانای ئەوە نییە كە ئێمە دەبینە موعارزێكی درێژ دادر یان موشاكس؟!.
نا هەر شتێكی هاوبەش دەبێت لە خەڵكی تر بە گەرم و گوورتر دیفاعی لێبكەین. بەڵام ئەگەر هەڵویستیشمان هەبوو دەبێت بە راشكاوانە دەریببرین.
ئەمە دڵسۆزییە بۆ حزبەكانی تریش. بۆ دەبێت ئێمە هەمیشە گوێ‌ بۆ رای ئەوان شل بكەین دەبێت ئێمەش خاوەن بریاری خۆمان بین. لەوانەیە رای ئێمە راستر بێت دەبێت ئەو راستییە لە قیادەكانی تر نەشارینەوە ئەوە دڵسۆزییە بۆ قیادەكانی تر.
یەكێك موجامەلەی قائید بكات و راستییەكانی لێبشارێتەوە ئەوە خزمەتی سەركردە ناكات. ئێمە كە حزبین نەك ئەشخاس چۆن دەبێت كاری وا بكەین. بۆ نموونە چۆن سیاسەتێك ئێمە ئەگەر بەرپرس نەبین لە رەسم كردنی چۆن دەكرێ‌ ببینە وتە بێژ بەناوی حكومەتەوە.
كە رۆڵمان نەبێت لە رەسمیا ، جار جار گووتوومەو ئێستاش دەڵێم لە هەموو كوردستاندا مدیر مەكتەبێكمان نییە و مدیر ناحیەیەكمان نییە بۆ؟ من لەبارەی بەشكردن باسی ئەوە ناكەم بەشی حزبی شیوعی دەبێت دوو تا سێ‌ مدیر مەكتەب و دوو مدیر ناحیەی هەبێت نا من باسی ئەوە ناكەم بەڵكو لێوەشاوەیی خودی كەسەكە پسپۆرێكە لە بواری خۆیدا بیكەنێ‌ بەبێ‌ ئەوەی كە شیوعی بێت نیمانە ئەدی بۆ كە یەكێك لە ئێمە دەپەرێتە وە ئەو بەر یان ئەمبەر رێزی لێدەنرێ‌ و كاری گرنگی پێدەسپێردرێ‌…؟!
جۆرەها كاری تایبەتیشی بۆ جێبەجێدەكرێ‌.
جا بۆیە مەبەستم ئەوەیە ئێمە دەبێت ئەو هەڵویستەمان هەبێت ئەو هەڵوێستە هەر بۆ خۆشەویستی هەڵویستەكە نییە بۆ زەروورەتی هەڵوێستەكەیە دەبێت ئێمە وابین .
مومتاز: لە كۆتاییدا زۆر سوپاست دەكەین زۆر ماندومانكردی بەڵام هیچشتان ماوە پیاو ئەگەر چێشتێكی بە تامی لەبەر دەمی بێت تێریش بێت حەز دەكات دوو پارووی تر بخوات جا ئەو یەك دوو پارووە یەك دوو پرسیاری بچكۆلانەش دروست دەكات ، یەكەمیان ئەوە حزبی شیوعی كوردستان بەرەو كۆنگرە دەروات لەناو ئەو گێژاوەی كوردستان وەكو بەرێزتان پێشتر سكرتێری حزبی شیوعی عێراق بوون چۆن گەشبینی لەرۆڵی حزبی شیوعی كوردستان دوای كۆنگرە لەو بارو دۆخە ئاڵۆز و جەنجاڵەی ئێستای كوردستانی عیراقدا؟
عەزیز محەمەد: بۆ ژمارە یەك دەمەوێت گەشبین بم ، ژمارە دوو هەر گرنگییەكی كۆنفرانس و ئەوانە سەركەوتنی بریتیە لە ئامادەباشی پێشینە ئەگەر راست گۆبم هەست بەو ئامادەباشییە ناكەم، بەڵام ناتوانم من بێ‌ هیوابم و وا بزانم پێویستە حزبی ئێمەش بیر لەخۆی بكاتەوە و بیر لە كەم و كوڕییەكانی خۆی بكاتەوە و چونكە بە تەقدیری من یەكێك ئەگەر بۆرە سیاسی بێت رەشبین بێت با لە ماڵی خۆی دانیشێت. باسی هیچ نەكات من لەگەڵ ئەوە نیم من گووتم هیوا هەیە و دەمەوێت گەشبین بم. من گلەییشم لەم رووەوە هەیە. ئێمە تەنانەت ئەو هەڵویسَتەی كە دەبێت هەمان بێت و نەمان بینیوە خەڵكی تر سوودی لیوەردەگرێ‌ ئەو دەورەی كە دەبوو بمان بینیایە و نەمانبینیوە رەنگە كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی و حزبێكی تر سودی لێوەردەگرن. ئەو خەلكەی كە دەبووایە ئیمە بۆلای خۆمانی بینین ئەوان بۆ لای خۆیانیان دەبەن ئێمەش دەبێت گلەیی لە خۆمان بكەین. من جارێك لە كۆبوونەوەیەك باسم كرد گووتم ئێمە دوو شت هەیە ئەگەر لەگەڵ ئەو دۆستانە و ئەو هاو پەیمانانە دانیشین ئەوا بەراشكاوی گلەییان لێدەكەین بەڵام كەلەگەڵ خۆشمان دانیشین ئەوا گلەیی لە خۆمان دەكەین.
بۆ واین كە بكرێ‌ پەراوێز بخرێین بۆ؟؟؟ ئەوە دەبێت بپرسین سیاسەت موجامەلە نییە، سیاسەت ئەوەیە كەچەند خەڵك دەنگت بۆ دەدا. ئەگەر ئەوەت نەبوو چایەكت بۆ دێنن و پێشوازییەكی گەرمت لێدەكەن و هەر ئەوەندە و بەس . ئەمە لێرە باسی ناكەم لە كۆبوونەوەیەك باسم كرد كە شەست حەفتا كەسی لێبوو ئێمە دەچین گلەیی دەكەین دەڵێین بۆ بەرێوەبەری ناحیەمان نییە و مدیر مەكتەبمان نییە تۆ بڵێی ئەوەندە نەزۆك بین و پیاوێكی وامان لێهەڵنەكەوێت؟ ئەوەیان ناوێت زەمانی بەعس ئێمە وەزیرمان هەبوو بەڵام مامۆستایەك ئەگەر بزانن ئەكتیڤە زەحمەتە بیەڵن ببێتە مامۆستا….!؟
K21: زاراوەی دەوڵەتی كوردی چۆن دەخوێنیتەوە؟ دوێنێ‌ باسكراوە و ئەمرۆ باسكراوە و سبەینێ‌ باسدەكرێت. خیتابی مووەحەدمان نییە و جەنجاڵە و دوژمنمان زۆرەو پاشی ئەو ئەزموونەت و ئەو تەمەنەت چۆن لێكی دەدەیتەوە؟
عەزیز محەمەد: تەمەنم زۆرە مانای ئەوە نییە ئەزموونم هەیە ، چونكە تەمەن رەبتی بە ئەزموونەوە نییە من جارێك لە راپرسییەك لێیان پرسیم ووتم لەگەڵیم بەڵام دیسانەوە كاكە مومتاز دەبێت بیر بكەینەوە و تەعبیرێك هەیە دەڵێت نانەكە بگەیەنینە دۆشاوەكە. دوو جۆتیار كە لە نزیكی یەك یەكێكیان هاوار دەكات و دەڵێت كورە هۆجۆتیار وەرە نانەكی بخۆ لەسەرەخۆ دەڵێت بە دۆشاوی.
وە ناكات كابرا تێبگات كە نان و دۆشاوی دەخوات كە ئێوارە دەگەرانەوە گووتی ئەری كاكە لۆ نەهاتی نانەكم لەگەڵ بخۆی ئەویش گووتی وەڵلا تۆ نانی خۆتت هەبوو منیش نانی خۆم هەبوو گووتی ناوەڵلا ئەمن دۆشاوم هەبوو گووتی چ گوێم لە دۆشاوەكە نەبوو! هەموو شتێك دەبێت هەوڵی بۆ بدەی كە چۆن دەیگەیتێ‌ ئەگینا دەبێتە هیوا. ئێستا دروشمی خراپ نانوسین بەڵام رەنگە هەموو شتێكمان باشتر بێت بەڵام شەرم و حەیایە مرۆڤ خراپ قسە بكات و خراپ بنووسێ‌. بەڵام كاری باشی بۆناكەین .
ئێمە مانانیش لەو بابەتە ئێستا بڵێن دەوڵەت پێكدەهێنین دەبێت حیسابی بۆ بكەین خالێ‌ بەهێزمان یەك ریزییە. گونجانمان هەبێت . بەڵام پێویستە بزانین چۆن دەوڵەت پێكدەهێنین لە سەرەتاوە ووتم رەنگە بارودۆخی سیاسی وای كردبێ‌ نەگەیشتبینە پێكهێنانی دەوڵەتی كوردی، بەڵام خۆشمان درێخیمان كردووە كە باسی كۆماری مەهاباد دەكرێت دەیخەنە سەر سۆڤیەت و زەمانی شێخ مەحمود ئەمە دەبێت بیری لێبكرێتە وە و ئەو كێشەیە جێبەجێبكرێت.
ئەو خیلافەی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بكرێت.
یان ئەو خیلافەی كە لە نێوان مەركە ز و مەركز هەیە كە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ كاریگەری لەسەر ئێمە هەیە. بەڵام ئیشی ئێمە نییە ئەمە پێویستە . دەلێن دەوڵەت پێكدەهێنین من دووبارە ئەوە دەلێمەوە تۆ كە شتێكی وا دەڵێی بەرامبەرت خۆی ئامادە دەكات بۆ ئەوە. تۆ ئامادەی ئەوە بكەی . باسی موزاهەرەی یەكی ئایارم كرد. تۆ ئیعلانی شتێكی وا دەكەی ئامادەی بیكەی ئەگەر ئامادەی بیكەی دە دەست و قۆلت لێهەڵكە و لە خۆوە بیكە، ئەگەر وانەبێت پێویستە ئەوەت هەبێت نەك نەت بێت بەڵام پێویستە رێگا بۆ ئەمە بدۆزیتەوە ئەوجا هەر هەنگاوێك بۆ ئەوە بێت مرۆڤ دەبێت بەحەلالی بزانێت و لەخۆی حەرام نەكات من ئێستا بیر لەوە دەكەمەوە گەلۆ ئەوانەی ئێمە لەگەڵیان دادەنیشین و دژایەتی مالیكی دەكەین چیان بۆ ئێمە پێیە؟ ئاخر ئەگەر ئەوا بێنە سەر حوكم چی بۆ ئێمە دەكەن؟ بۆ كەركوك و بۆ ناوچە دابریێنراوەكان؟ چیتان پێیە؟ ئێمە لەگەڵتانین بەڵام سبەینێ‌ ئەگەر ئێوە بێنە سەر حوكم چۆن لەگەڵا ئێمە رێكدەكەون؟ جا مەبەستم ئەوەیە دەبێت كارێكی وا بكەین مالكی سوودی لێوەرنەگرێت نەك پێگەی خۆی بەهێزبكات. ئەو شتانە دەبێت هەڵبسەنگێنرێ‌ . دەوڵەتی كوردی كاكە مومتاز ئێمە كەیفی جیم بەوە بێت؟ ئەمن زۆر كەس دێنە لای من و باسی دەكەن من دەڵێم دەسكەوتێكی گران بەهامان هەیە ئەبێ‌ وەكو گلێنەی چاومان بیپارێزین بە بەراورد لەچاو دوێنێ‌ لەم دۆڵ بۆ ئەو دۆڵا و لەم شاخ بۆ ئەو شاخ ئەوە دەبێت حیسابێكی جددی بۆ بكرێت. ئەگەر گلەییش دەكەین گلەیی بۆ ئەوە دەكەین تاكو مەترسییەكی خەتەر ناك لەسەر ئەو دەستكەوتە پەیدا نەكەین. ئەمرۆ پاراستنی قەوارەی نەتەوایەتی كورد لێرە لە كوردستان بەو توانایە و بەو دەسەڵاتە ئەمە دەسكەوتێكی گران بەهایە. ئەوە لەسەر رێگا پێكهێنانی دەوڵەتە. ئینجا بۆ ئەوە دەبێت ئەو وەختە هەڵبژێرین بە ووردی كە پاشگەز بوونە وە و پەشیمانبوونەوەی نەبێت ئەگینا دەوڵەت چۆن دەبێت نەمانەوێت !!!
لەپێشی سەد ساڵ دەبووایە دەوڵەتمان هەبێت، ئێمە دەبێت خۆمان هەوڵی بۆ بدەین . چاوەرێی توركیا بكەین؟ توركیا با بۆ كوردی توركیای بكات. ئێمە تا دوێنی َو پێرێ‌ پشت ئەستوور بووین بە ئێران! ئێران ئەگەر دەیەوێت بیكات با بۆ كوردی ئیرانی بكات. ئێستاش ئەمە ئەوهاین ئەوانەی ئەمرۆ یاری لەگەڵ (مەشاعیرمان) دەكەن یان ئەوانەی كە لەگەڵمان دادەنیشن بۆچی لێدوانیان نەداوە لە دژی ئێمە.
جا مەبەستم ئەوەیە قەزیەی دەوڵەت ئاوا نییە كە بڵێین دەتەوێ‌ یان ناتەوێ‌ ، دەتەویت و چۆنی دەكەی دەبێت حیساب بۆ هەردوو لا بكرێ‌.
مومتاز: كاك عەزیز موحەممەد لەوەتەی گۆڤاری كەی بیست و یەك و لەیلا قاسم – لەیلا زانا دەردەچێت دەڵێت ئەو گۆڤارانە كە دەردەچێت لێناگەرێن من كتێب بخوێنمەوە، ئەوەمان چۆن بۆ شیدەكەیتەوە؟
عەزیز محەمەد: من بێگومان لە منداڵیەوە لە خیلال هەڵوێستێك لە دایكمەوە لە حادیسەیەك وا خولقاوم كە بە چاوێكی زۆر زۆر رێز سەیری ئافرەت دەكەم كە دایكم باس دەكات ژنێكیان بە مێرد دا یەك شەو لای مێردی مایەوە بۆ ئەوەی رووی خۆی سپی بكات گەرایەوە تووشی وەرەم هات مرد نەگەراوە ، بەزۆرداری بە خەنجەر بە مێردیان دابوو رەنگە پێشی ئەوەی ببمە سیاسی بەراستی هەڵویستم وابوو من لەوە بەرامبەر بە ژن لە لایەن دایكمەوە بەر لە وەی بە مافەكانی ژن بزانم بۆیە شعورێكی وام هەیە كە كۆمەڵگە كۆمەڵگەی هەردوولایە هیچ كامیان بێ‌ ئەویتر هەو نینە نە پیاو بێ‌ ژن پیاوە، نە ژن بی پیاو ئەوە شتێكی زۆر تەبیعییە.
ئەوێ‌ رۆژێ‌ برادەرێك بۆم باسدەكات حكومەتی مەركەزی ئەوەندە رێژەی ژنی هەیە و حكومەتی هەرێم ئەوەندەی نییە! من لەو كۆبوونەوەی كە لە حزبی شیوعی دانیشتبووم شەست حەفتا پیاوی تێدا بوو یەك ژنی تێدانەبوو بۆ من چاوم لەوە قووچاند !!!؟
ووتم ئای دیارە ئێمە حزبی پیاوانین . مولاحەزە دەكەی ئێستا ئێمە ئەوە دەڵێین كە حزبی شیوعی لێژنەی مەركەزیمان چەند ژنی تێدایە؟ فلتەرەكەشی ئەوەندە تەسك بوو ژنی پێوە نەچوو بۆ مەكتەبی سیاسی. من قسەم كردووە و چاوم نەپۆشیوە ، ئێمە هەڵگری ئەو رایە پیرۆزەی داكۆكیكردن لە مافی ژنان و هەموو چالاكییەكانی شان بەشانی پیاو دەبێت وا بین؟ لەهەموو عەرەبستاندا یەك ژنە وەزیر هەبوو (نەزیهە دلێمی) بوە، جگە لە بزوتنەوەیەكی ژنانی زۆر زۆر پێشكەوتوومان هەبوو ئێمە بۆیە بەو چاوە تەماشادەكەم فعلەن ئەو گۆڤارەی دەریدەكەن جووت لەیلاكە كە دەخوێنمەوە زۆر زۆر بە سەرسامییەوە دەیخوێنمەوە. جار جارە زیاتر لەوە دەلێم خۆزگە منیش بمتوانیایە ئەوها بنووسم و ئەوها بڵێم ، سەرسامم بەوە ، وە لاموایە یەكێك ژنێكی لیوەشاوە لە ماڵا كەسب بكات ماڵەكەی كەسب كردووە. ئەوێ‌ رۆژێ‌ لە كۆبوونەوەی حزبی شیوعی بە هەر دە پیاوێك ژنێكیان بهێنایەتە كۆبوونەوەكە دەبووە رەنگاو رەنگ و بۆن خۆش. ئەمن تەقدیرێكی زۆر زۆرم هەیە بۆ ئەمە تەبعەن مومكینە بارەكەی جەنابتان زۆر زۆر گرانە بەڵام دیارە تا ئێستا هەڵت گرتووە ئینشائەڵلا تاكو كۆتایش هەڵیدەگری. وا بزانم شتێكی دەگمەنە و جێگەی ئەو پەری پیرۆزباییە ئەوە. چونكە من سەرسامم چۆن دەبێت وا نەبین بۆ دەبێت وانەبین كەچی بەداخەوە ئێمەی هەڵگری ئەو رایە وەكو پێویست وانین. لە لایەنێكی ترەوەش كە ئەو دوو لەیلایەت هەڵبژاردووە لەراستیدا ژنێكی لێوەشاوەمان كەم نییە، بەڵام ئەم دوو لەیلایە وەكو رەمز بۆ رەمزی قوربانیدان و ئیعدامكردن كە پاڵەوانانە چووە بەر پەتی سێدارەو، وە ئەویتریان خەباتگێری كوردستانی باكوورە یانی رۆژێك ئازادە و رۆژێك لە سجنە ئەوە زۆر زۆر سەرسامم پێی.
K21 : زۆر سوپاس

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About didar othman

Check Also

1516611239wefayi

وه‌فایی

جام کوردی: میرزا عەبدوڕە‌حیم سابڵاغی ناسراو به وەفایی شاعیری به ناوبانگی کورد، ساڵی ١٢٦٤ی ھەتاوی …