كۆمه‌ڵگه‌ى ئیسلاميى ئایدیاى مردووى لێده‌ڕژێت
هه‌ندێكجار ئایدیاكانمان له‌كه‌سایه‌تیيه‌كدا به‌رجه‌سته‌ده‌كه‌ین، كه‌كه‌سایه‌تيیه‌كه ده‌مرێت ئایدیاكانیش له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌نێژێت
گێڕانه‌وه‌ى هاوسه‌نگى
بۆ جیهانى شته‌كان و كه‌سه‌كان و ئایدیاكان
لاى مالیكى كوڕى نه‌بی
خالد محه‌ممه‌د غه‌ریب
له‌دایكبووی 1969 هه‌ڵه‌بجه
ماسته‌ر له‌بواری شه‌ریعه‌ت
چه‌ندین وتار و به‌رهه‌م و توێژینه‌وه‌ی بڵاوكراوه‌ی هه‌یه
بیرمه‌ندى جه‌زائیرى، مالیكى كوڕى نه‌بی له ساڵى(1905 ز) له دایكبووه و له خێزانێكى هه‌ژار و ئاینپه‌روه‌ردا گه‌وره بووه، له شاری (ته‌بسه) كه شارێكى دوورده‌ست ده‌بێت له ده‌سه‌ڵاتى فه‌ره‌نسییه‌كان، گه‌وره ده‌بێت و به‌یانیان زوو قورئانى پیرۆز و زمانى عه‌ره‌بی ده‌خوێنێت و كاتژمێرى هه‌شتی به‌یانیانیش ده‌چێته قوتابخانه‌ى فه‌رمى. ساڵی (1930) بۆ درێژه‌دان به خوێندن ده‌ڕوات بۆ پاریس و زانستى كاره‌با و میكانیك ده‌خوێنێت، ساڵى (1935) كۆلیجى ئه‌ندازیارى ته‌واو ده‌كات. ده‌گه‌رێته‌وه بۆ جه‌زائیر، به‌ڵام نه له جه‌زائیر و نه له وڵاته عه‌ره‌بیه‌كاندا كارى پێ نادرێت. ناچار ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ فه‌ره‌نسا و هه‌تا ساڵى (1956) له‌وێ ده‌مێنێته‌وه و له‌و ماوه‌دا ئه‌م به‌رهه‌مانه بڵاو ده‌كاته‌وه:
الظاهرة القرآنیة، شروط النهضة، وجهه العالم الإسلامي، فكرة الإفریقیة الآسیویة.
ساڵى (1956) سه‌ردانى میسر ده‌كات و هه‌تا ساڵى (1963) ده‌مێنێته‌وه، له قاهیره ئه‌م به‌رهه‌مانه بڵاو ده‌كاته‌وه:
حدیث في البناء الجدید، مشكلة الثقافة، في مهب المعركة، تأملات في المجتمع العربي.
ساڵى (1963) ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ جه‌زائیر و وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى خوێندنى باڵا داده‌مه‌زرێت. ساڵى (1967) له پۆسته‌كه‌ى ده‌ستله‌كارده‌كێشێته‌وه و خۆی ته‌رخان ده‌كات بۆ كارى فیكرى، ئه‌م به‌رهه‌مانه بڵاوده‌كاته‌وه:
آفاق جزائریه، مشكلة الأفكار في العالم الإسلامي ، المسلم في عالم الإقتصاد.
ئه‌م بیریاره جه‌زائیرییه له (31 ئۆكتۆبه‌ر 1973) له جه‌زائیر كۆچی دوایی كردووه([1]).
جیهانى شته‌كان و كه‌سه‌كان و ئایدیاكان
جیهانى شته‌كان
كاتێك كۆمه‌ڵگه له حاڵه‌تى هه‌ستانه‌وه‌دا بێت، پێویسته هاوسه‌نگى نێوان هه‌رسێ جیهانى شته‌كان و كه‌سه‌كان و ئایدیاكان به باشی تێدا بێته‌دى، به‌ڵام كۆمه‌ڵگه‌ى ئیسلاميى ئه‌مڕۆ به هۆی له‌ده‌ستدانى ئه‌و جۆره هاوسه‌نگیه‌وه ده‌ناڵێنێت و هه‌ر ئه‌مه‌شه گرفتى سه‌ره‌كى كۆمه‌ڵگه‌ى ئیسلاميى.
له‌م جیهانه‌دا چه‌ندایه‌تى زاڵ و باڵاده‌سته و كۆمه‌ڵگه‌ى ئیسلامی به‌ره‌و ساتمه بردنێكى گه‌وره و مه‌ترسیدار راپێچ كردووه، شت بووه به سه‌نته‌ر و كه‌سه‌كان و ئایدیاكان به ده‌وریدا ده‌سوڕێنه‌وه، كاتێك جیهانى رۆشنبیرى به ده‌ورى ته‌وه‌رى شته‌كاندا ده‌سوڕێته‌وه، شته‌كان له په‌یژه‌ى به‌هادا لوتكه ده‌گرن، فه‌رمانه جۆرییه‌كان ده‌گۆڕێن بۆ فه‌رمانى چه‌ندێتى و كاروباره‌كان به‌پێی په‌یژه‌ى شته‌كان هه‌ڵده‌سه‌نگێنرێن.
كارمه‌ند له ریزبه‌ندى ئیداریدا و له دیاریكردنى پۆسته‌كه‌یدا پشت به ژماره‌ى ئامێره‌كان ده‌به‌ستێت به‌كاریان بهێنێت یان نا. هه‌روه‌ها كاتێك ده‌زگایه‌كى فه‌رمى بیه‌وێت خۆی نه‌وژه‌ن بكاته‌وه داواى ژماره‌یه‌كى خه‌یاڵى كه‌لوپه‌ل و كه‌ره‌سته ده‌كات.
ئه‌م له سنورده‌رچوونه‌ى جیهانى شته‌كان له هه‌موو بواره‌كاندا به‌جوانى دیاره، مالیك چه‌ندین نمونه بۆ بوارى ده‌روونيى، ئاكاريی، مه‌عریفيی، كۆمه‌ڵایه‌تيى و سیاسيی دێنێته‌وه. بۆ نمونه له بوارى مه‌عریفیدا پرسیار له نوسه‌ر ناكرێت چ گرفتێكى چاره‌سه‌ر كردووه‌و و چی نووسیوه و له‌چی ده‌كۆڵێته‌وه، به‌ڵكو پرسیارى ژماره‌ى كتێب و به‌رهه‌مه‌كانى و ژماره‌ى لاپه‌ڕه‌كانى لێده‌كرێت. هه‌ندێكجار نوسه‌رانیش توشى هه‌مان په‌تا ده‌بن و خۆشیان باس له ژماره‌ى به‌رهه‌مه‌كانیان ده‌كه‌ن.
له بوارى ئه‌ده‌بى سیاسيیدا، له وته‌ى پشتگیريكردن له یه‌كێك له وڵاته‌كاندا ئه‌م ده‌سته‌واژه هاتووه (حكومه‌ت و گه‌له‌كه‌ى). به راستى په‌یوه‌ندى خاوه‌ندارێتى ئاوه‌ژوو كراوه‌ته‌وه، له‌برى ئه‌وه‌ى گه‌ل حكومه‌تى هه‌بێت، واى لێ هاتووه حكومه‌ت گه‌لى هه‌یه، خاوه‌ندار بووه به موڵك و سامان، هه‌رچۆنێك بێت ئه‌م ساتمه یه‌كێكه له‌نیشانه‌كانى ئاوه‌ژووبوونه‌وه‌ى په‌یژه‌ى به‌هاكان ([2]). له كه‌شوهه‌وایه‌كى ئاوا بیماردا كه‌ڵه‌كه‌كردنى شت به شارستانییه‌ت داده‌نرێت، كۆمه‌ڵگه‌ى پاش شارستانى پڕه له شت به‌ڵام ژیانى لێ نیيه ([3]).
جیهانى كه‌سه‌كان:
كاتێك خه‌ڵكى – زیاتر له‌ئایدیا و راستی- هۆگرى كه‌سایه‌تيیه‌كان ده‌بن، هه‌میشه چاوه‌ڕێی قاره‌مان و كه‌سایه‌تيیه‌كى كاریزمایی ده‌كه‌ن سه‌رهه‌ڵبدات و رزگاریان بكات. وتاربێژ و بانگخوازه‌كان زۆرجار له وتاره‌كانیاندا هاوار ده‌كه‌ن: وامعتصماه! صه‌لاحه‌دین ده‌هه‌سته‌وه! ئه‌مه‌نه‌خۆشییه‌كى به‌ربڵاوى ناو كۆمه‌ڵگه‌ى ئیسلامیيه.
مالیك ده‌ڵێت: جارى واهه‌یه له به‌رانبه‌ر پیاوى قه‌ده‌ر و پاڵه‌واندا پیاوى كڵۆڵ و نه‌گبه‌تیش هه‌یه([4])، پیاوى كڵۆڵ ئه‌و كه‌سه‌یه كه سه‌رله‌به‌رى شكست و نسكۆكان ده‌خرێنه گه‌ردن و ئه‌ستۆى و به هۆكارى هه‌موو نه‌هامه‌تیه‌كان داده‌نرێت. له‌بری ئه‌وه‌ى له رووداوه‌كان بكۆڵينه‌وه و هۆكاره‌كان بدۆزینه‌وه، یا چاوه‌ڕێی پیاوى قه‌ده‌ر و پاڵه‌وانێكى ئاسمانین، یان كه‌سێك كڵۆڵ و به‌دبه‌خت ده‌كه‌ینه هۆكارى سه‌رجه‌م نسكۆكانمان ([5]). له‌ئێستای هه‌رێمی كوردستانی خۆشمان‌دا سه‌رۆكی هه‌رێم له‌لایه‌ن پارته‌كه‌یه‌وه‌كراوه‌به‌پیاوی قه‌ده‌ر و به‌تاقه‌ئومێدی ئاینده‌له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت! به‌ڵام له‌لایه‌ن پارته‌كانی تره‌وه‌كراوه‌به‌پیاوی كڵۆڵ و به‌سه‌رچاوه‌ی سه‌رجه‌م نه‌هامه‌تیه‌كان داده‌نرێت!
هه‌ندێكجار ئایدیاكانمان له كه‌سایه‌تیيه‌كدا به‌رجه‌سته ده‌كه‌ین، كه كه‌سایه‌تيیه‌كه ده‌مرێت ئایدیاكانیش له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌نێژێت. جارى واش هه‌یه ئه‌و كه‌سه شایان و شایسته نيیه و دواجار هه‌ڵه‌كانى به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ى ئیسلامی‌دا ده‌شكێته‌وه.
جیهانى ئایدیاكان
پێشتر باسی گرفتی كۆمه‌ڵگه‌ى ئیسلامیمان كرد له هه‌ردوو جیهانى شته‌كان و كه‌سه‌كاندا، گرفته‌كانى ئه‌و دوو جیهانه به‌شێكن له گرفتی جیهانى ئایدیا.
بۆ روونكردنه‌وه‌ى گرفته‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى ئیسلامى له جیهانى هزر و ئایدیادا سه‌ره‌تا پێویسته ئه‌م دوو چه‌مكه روون بكه‌ینه‌وه:
یه‌كه‌م: ئایدیای ره‌سه‌ن:
بریتیه له ئایدیای راست و دروست، ره‌سه‌نایه‌تى سیفه‌تێكى زاتى ئایدیای راست و دروسته، كه ئایدیایه‌ك راست و دروست بوو پارێزگارى له ره‌سه‌نایه‌تى خۆی ده‌كات.
دوووه‌م: ئایدیاى كارا:
بریتیه له‌و ئایدیایه‌ى كه له دڵ و ده‌روون و هۆش و زه‌ین و هه‌ست و نه‌ستى تاكدا ئه‌كتیڤ و كارایه و ده‌یهه‌ژێنێت و ده‌یبزوێنێت و به‌ره‌و ئامانجێكى دیاریكراو ئاراسته‌ى ده‌كات.
په‌یوه‌ندى ئایدیاى ره‌سه‌ن و ئایدیای كارا
مه‌رج نیيه ئایدیاى ره‌سه‌ن هه‌میشه كارا و كاریگه‌ر بێت، وه‌ك چۆن مه‌رج نيیه ئایدیای كاریگه‌ریش هه‌میشه ره‌سه‌ن و دروست بێت. كاریگه‌رى په‌یوه‌ست نيیه به راستى و دروستى ئایدیاكه‌وه، كاریگه‌رى سیفه‌تێكى كاتى و ده‌ره‌كییه، به‌ڵام ره‌سه‌نایه‌تى سیفه‌تێكى زاتى و هه‌میشه‌ییه.
كاریگه‌ريی مێژووى خۆی هه‌یه، وه‌ك مالیك ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ ساتى ئه‌رخه‌میدسدا ده‌ستپێده‌كات، ئه‌و ساته‌یه كه پاڵه‌په‌ستۆ و فشار و هه‌ژموونه‌كه‌ى هه‌ڵده‌كات و تاك و ده‌وروبه‌رى ده‌هه‌ژێنێت([6]).
ئه‌رخه‌میدس (Archamade 278-212 پ. ز) زانایه‌كى گه‌وره‌ى یۆنانیه، ده‌گێڕنه‌وه سیراكۆزى پاشا، ئه‌ركى ئه‌وه‌ى پێ سپارد دیارى بكات تاجه‌كه‌ى ئاڵتونى پوخته یان نا، به‌توێژینه‌وه چه‌مكى كێشى عه‌ینى دۆزییه‌وه. ئه‌و ده‌مه‌ى له گه‌رماوێكدا خه‌ریكى خۆشتن بوو، بیرى له بابه‌ته‌كه ده‌كرده‌وه له‌پڕ ئیلهامى بۆ هات و له‌خۆشیدا خۆى له‌بیر چوویه‌وه و له گه‌رماوه‌كه هاته ده‌ره‌وه و هاوارى كرد: “ئۆریكا! ئۆریكا! واته: دۆزیمه‌وه! دۆزیمه‌وه! “.
ئه‌مه ساتى كاریگه‌رى ئایدیایه كه هه‌ست و نه‌ست و هۆش و فیكر و هه‌موو گیانى ئه‌رخه‌میدس ده‌گرێته‌وه و جۆش و خرۆشییه‌كى وه‌هاى پێده‌به‌خشێت خودى خۆیی بیر بچێته‌وه.
كۆمه‌ڵگه‌ى ئیسلاميى له ئه‌شكه‌وتى حیراوه ئایدیا زیندوو و ره‌سه‌نه‌كانى وه‌رده‌گرێت، ئه‌و ئه‌شكه‌وته‌ى كه وه‌ك نیچه ده‌ڵێ: سه‌مفۆنیایى قاره‌مانێتی دابه گوێی ئاینى مه‌رداندا([7]).
ئایدیاى ره‌سه‌ن له كات و ساتى خۆیدا كاریگه‌ره و دڵ و هۆش و هه‌ست و نه‌ست و ویژدان ده‌هه‌ژه‌نێت، فیكر و حه‌ز و ئاره‌زوو و به‌ها و ئاراسته‌كانى تاك ده‌گۆڕێت و له ره‌فتاریدا به‌رجه‌سته ده‌بێت، دروست وه‌ك ئه‌و ئایدیا قورئانیانه‌ى كه ده‌سته‌ى كۆچه‌ران و پشتیوانانى كرد به باشترین ئوممه‌ت. (كنتم خير أمة أخرجت للناس تأمرون بالمعروف و تنهون عن المنكر….) ([8]).
به‌ڵام به‌داخه‌وه ورده ورده كاریگه‌رى ئه‌م ئایدیا ره‌سه‌نانه له دڵ و ده‌روونى تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى ئیسلامی‌دا دامركایه‌وه، ئه‌مه‌ش به هۆی لا‌سه‌نگبوونى هه‌رسێ جیهانى شته‌كان، كه‌سه‌كان و ئایدیاكانه‌وه بوو. په‌یوه‌ندى نێوان ئایدیا‌و شت گۆڕا، شت بوو به سه‌نته‌ر و ئایدیا و كه‌سه‌كان به ده‌وریدا كه‌وتنه سوڕانه‌وه.
كاتێك شت ببێت به سه‌نته‌ر، بیروباوه‌ڕ و كه‌سه‌كانیش ده‌كرێنه قوربانى شته‌كان و چیدى ئیتر تاك ناتوانێت باوه‌ڕ یان خۆی ببه‌خشێت و به‌رخۆدان ده‌پوكێته‌وه و چڵێسی و چاوچنۆكى و رژدى و پیسكه‌یی له ده‌روونى تاكه‌كاندا باڵاده‌ست ده‌بێت.
به هه‌مان شێوه په‌یوه‌ندى ئایدیا‌و كه‌س گۆڕا و هه‌ندێكجار ئه‌م په‌یوه‌ندیيه بووه و ده‌شبێ به په‌یوه‌ندى ئایدیا و ته‌وته‌م یان ئایدیا و شه‌یتان.
كه‌سێك یان گرووپ و پارتێك یان خێڵ و نه‌ته‌وه و زمان و ره‌چه‌ڵه‌كێك ده‌كرێت به بت و ته‌وته‌م و ده‌په‌رسترێت، یان ده‌كرێته شه‌یتان و نه‌فره‌تى لێده‌كرێت.
كاتێك په‌یوه‌ندى ئایدیا و كه‌س ده‌گۆڕێت بۆ په‌یوه‌ندى ئایدیا و بت، یان ئایدیا و شت چیدی ئیتر بوارێك نامێنێته‌وه بۆ یه‌كتر قبووڵكردن و گوێگرتن له یه‌كتر چ جای پێكه‌وه ژیان!
به ته‌وته‌مكراوه‌كه ده‌بێت به پێوه‌رى راست و هه‌ڵه و باش و خراپ و جوانى و ناشیرینی. بڕیاردان به پێی جیهانى ئایدیا نابێت، به‌ڵكو به‌پێی جیهانى كه‌سه‌كان ده‌بێت و هیچ بوارێك بۆ ره‌خنه نامێنێته‌وه و پرۆسه‌ى پیرۆزكردن به كاڵاى تازه و مۆدێلى نوێوه – به‌شێوه‌یه‌كى مه‌ترسیدار- ته‌شه‌نه ده‌كات و دڵ و ده‌روونى تاكه‌كان داگیر ده‌كات.
له‌و سۆنگه‌وه كه هه‌ڵسوكه‌وتكردن له‌گه‌ڵ ته‌وته‌م ئاسانتره له هه‌ڵسوكه‌وتكردن له‌گه‌ڵ ئایدیا، هه‌میشه ناحه‌زان و دوژمنان كار له‌سه‌ر هێشتنه‌وه‌ى ته‌وته‌م ده‌كه‌ن، راسته ته‌وته‌مپه‌رستی له رۆژى ئازادكردنى مه‌كه‌دا له ساڵى شه‌شه‌مى كۆچی‌دا، مۆدێله‌كه‌ى به‌سه‌رچوو، به‌ڵام هه‌میشه شێوه و شێوازى خۆی ده‌گۆڕێت، یان راستتر بڵێین شێوه و شێوازى ده‌گۆڕدرێت و مۆدیل و ستایلی نوێی پێده‌به‌خشرێت. مۆدێلی ته‌وته‌مپه‌رستى له‌م سه‌رده‌مه‌دا له كه‌سایه‌تى و سه‌ركرده‌و پارت و خێڵ و زمان و نه‌ته‌وه‌دا به‌رجه‌سته بووه.
ئه‌مه ئه‌و دۆخه نه‌خوازراوه‌یه كه موسوڵمانان تێیكه‌وتون، ده‌سبه‌ردارى ئایدیا ره‌سه‌نه‌كانیان بوون و په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵى نه‌ماوه، یان هێنده سست و لاوازه له حو‌كمى نه‌ماندایه و دووچاری نه‌سازییه‌كى سه‌یر بوون، له مزگه‌وتدا نوێژى هه‌ینى و نوێژه‌كانی تر ده‌كه‌ن، به‌ڵام هه‌ركه له مزگه‌وت دێنه ده‌ره‌وه، له جیهانێكی دیكه‌دا نغرۆ ده‌بن ته‌واو جیاواز له جیهانه رۆحییه‌كه‌یان. كار به ئاستێك گه‌شتووه كه خودى بیركردنه‌وه‌ى تاكه‌كان بووه‌ته به‌ربه‌ست و ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م رزگاربوون و به‌ره‌وپێشچوونیاندا.
كاتێك كۆمه‌ڵگه له بشێوی و شڵه‌ژاندا بێت، نه ئه‌وه‌یه له ده‌ستپێكى شارستانییه‌تدا بێت و نه ئه‌وه‌شه به ته‌واوى له ده‌ره‌وه‌ى شارستانییه‌تدا ژیان به‌سه‌ر ببات، له‌و دۆخه‌دا ناتوانێت له‌گه‌ڵ نێوه‌ندى كۆمه‌ڵایه‌تیدا خۆی بگونجێنێت، له‌بری ئه‌وه‌ى قسه له‌سه‌ر گرفت و ئازاره‌كانى خه‌ڵكى بكات و پلان دابنێت بۆ ئاینده‌یه‌كى باشتر، باس له رابوردوو ده‌كات و به باڵاى رابوردوودا هه‌ڵده‌دات.
رۆژانه چه‌ندین كتێب له چاپخانه‌كانه‌وه ده‌رده‌كرێن كه هیچ په‌یوه‌ندیه‌كیان به ئێستا‌و واقیعه‌وه نيیه، به‌ڵكو ته‌نها راكردن و هه‌ڵاتنه له واقیع. له‌م كه‌شوهه‌وا بیمار‌و نه‌ساز‌دا، بوارى تیۆرى زاڵه به‌سه‌ر بواری پراكتیكیدا، قاڵه‌قاڵ و گفتو‌گۆی وشك و بێ‌گیان، زاڵه به‌سه‌ر توێژینه‌وه و گفتو‌گۆی زانستیدا و بیركردنه‌وه‌ى ره‌خنه‌گرانه به خۆسووركردنه‌وه و سه‌ركوتكردن داده‌نرێت.
هه‌مووان قسه ده‌كه‌ن و تانه له یه‌كتر ده‌ده‌ن و شمشێر له یه‌كتر ده‌سون! له‌مه‌ش سه‌یرتر ئه‌وه‌یه كه كه‌س گوێ له‌وى تر ناگرێت، قسه هیچی تێناچێت و ئاسانه و به هه‌موو كه‌س ده‌كرێت، به پێچه‌وانه‌ى توێژینه‌وه و گفتو‌گۆی ئه‌كادیمیه‌وه، كه به هه‌موو كه‌سێك ناكرێت و پیاوى تایبه‌تى ده‌وێت. قسه‌وباس و خواسته‌كانیش هێنده‌بێ تام و خوێن، یان پێاهه‌ڵدانن یان سوكایه‌تیكردن.
هه‌ندێكجار بوارى تیۆری زاڵ ده‌بێت ته‌نانه‌ت به‌سه‌ر مامۆستاى زانكۆشدا، مالیك ده‌ڵێت: له یه‌كێك له‌وانه‌كانیدا سه‌باره‌ت به پێكهاته‌ى ده‌رمانه‌كان، مامۆستایه‌ك له وه‌سفكردنى یه‌كێك له رووه‌كه‌كاندا خۆى ماندو ده‌كات، له‌برى ئه‌وه‌ى ده‌ست درێژ بكات و له حه‌وشه‌ى كۆلێژه‌كه‌وه رووه‌كه‌كه لێبكاته‌وه و پێشكه‌شى بكات به فێرخوازه‌كانى، له‌وانه‌كه‌یدا له دوو توێى كتێبه‌كاندا به‌دواى شێوه‌ى رووه‌كه‌كه‌دا ده‌گه‌ڕا، له كاتێكدا رووه‌كه‌كه له‌خوار په‌نجه‌ره‌ى هۆڵى وانه‌وتنه‌وه‌كه‌دا بوو([9]).
هه‌روه‌ها مالیك نمونه‌یه‌كی تر دێنێته‌وه، ئه‌ویش بارودۆخی جه‌زائیره له ساڵى (1936ز) له‌بری ئه‌وه‌ى ببێت به وه‌رشه‌ى كاركردن بۆ هه‌ستانه‌وه، بوو به سه‌كۆی هه‌ڵبژاردن و میلله‌تیش بوو به چه‌پڵه‌لێده‌ر بۆ هه‌ر كاندید و وتاربێژێك كه وه‌ك مێگه‌ل به‌ره‌و بازاڕی هه‌ڵبژاردن راپێچی بكات ([10]).
كاره‌ساتى خراپتر له‌وه‌دایه كه نوخبه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى ئیسلاميى ویستیان و ئێستا‌ش ده‌یانه‌وێت جیهانى رۆشنبیری – كه لێوانلێوه له ئایدیای مردوو- به ئایدیای كوشنده و مرێنه‌ر زیندوو بكه‌نه‌وه!
ئایدیاى مرێنه‌ر ئه‌و ئایدیایه‌یه كه پاش ونكردنى ره‌گ و ریشه‌كانى شوناس و به‌هاو رۆشنبیرییه‌كه‌یشی ونكردووه، بێ ره‌گ و ریشه هاورده‌كراوه و كۆلۆنیالیست به‌رهه‌م دێنێت، كاتێك ئایدیا له جیهانه رۆشنبیريیه سه‌ره‌كیه‌كه‌ى جیاده‌كرێته‌وه، ده‌بێت به میكرۆب و ده‌زگاو رێكخراو و كۆمه‌ڵگه دووچارى نه‌خۆشی ده‌كات!
گرفته‌كه په‌یوه‌ست نيیه به سروشتى شارستانیه‌تى رۆژئاواوه، به‌ڵكو په‌یوه‌سته به سروشتى په‌یوه‌ندى تاكه‌كان به جیهانى رۆشنبیری رۆژئاواوه. تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى ئیسلاميى كاتێك بۆ خوێندن یان بۆ گه‌شتكردن یان له‌به‌ر جه‌ور و سته‌م به‌ره‌و رۆژئاوا ده‌چن، روو ده‌كه‌نه ئه‌و شوێنانه‌ى كه شارستانیه‌تى رۆژئاوا پاشماوه‌كانى خۆی فڕێده‌داته ناوى و به‌ره‌و سه‌رچاوه‌كانى شارستانیه‌تى رۆژئاوا ناڕۆن، به‌ڵكو توێكڵ و رووكه‌شیان ده‌وێ به ده‌سته‌واژه‌ى هه‌ژار موكریانى له توێكڵ كڕه‌كڕیانه و كاكڵ به‌سه‌ر ناكه‌نه‌وه! پاشماوه و به‌شه مردووه‌كه‌ى شارستانیه‌ت وه‌رده‌گرن نه‌ك به‌شه زیندووه‌كه‌ى. به‌م شێوه كۆمه‌ڵگه‌ى ئیسلاميى له لایه‌ك ئایدیاى مردووى لێده‌ڕژێت و له لایه‌كى تر ئایدیاى مرێنه‌ر هه‌ڵده‌مژێت.
تاك له‌م كه‌شوهه‌وا ناسازگاره‌دا باجى ئاوێته‌بوونى كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ى ده‌دات، چه‌نده كۆمه‌ڵگه له گه‌شه‌كردن و به‌ره‌وپێشبردنى تاكدا كه‌موكورتى هه‌بێت، هێنده‌ش باجه‌كه‌ى قورس‌تر و گرانتر ده‌بێت و رێژه‌كه‌شی به‌رزتر ده‌بێته‌وه.
چاره‌سه‌ر
سه‌ره‌تا پێویسته بزانین كه ئه‌م گرفتانه گرفتى ئوممه‌تێكى گه‌وره و به‌ربڵاوه، كه ئوممه‌تى ئیسلامه به درێژایی چه‌ندین سه‌ده، له‌م سۆنگه‌وه ده‌ستنیشانكردن و چاره‌سه‌ركردنى گرفت و نه‌خۆشیه‌كان به هه‌وڵ و كۆششی تاقه بیرمه‌ندێك ئه‌گه‌ر مه‌حاڵ نه‌بێت، كارێكى زۆر ئه‌سته‌م و دژواره. مالیك به‌پێی توانای خۆی هه‌وڵیداوه پشكى تایبه‌تى خۆی هه‌بێت له‌و كاره‌دا. به‌ڵگه‌ى ناوێ كه ده‌ستنیشانكردنى گرفت و نه‌خۆشیه‌كان، خاڵى یه‌كه‌مى چاره‌سه‌ركردنه. به‌كورتى مالیك چاره‌سه‌ر له‌سێ خاڵى سه‌ره‌كیدا ده‌بینێته‌وه:
ده‌رچوون له‌و هه‌سته‌ى كه بكوژى سه‌رله‌به‌ری كه‌سێتى و بڕست و توانا و به‌هره و چالاكی و كارامه‌یی مرۆڤه، هه‌ستى خۆبه‌كه‌مزانین.
كاركردن به پلان و میتۆدى زانستى و دووركه‌وتنه‌وه له عه‌قڵیه‌تى گه‌ردیله‌گه‌رایی. مه‌به‌ست له‌م چه‌مكه ئه‌وه‌یه هه‌ندێك به شێوه‌یه‌كى پچڕ پچڕ و جیا ته‌ماشاى رووداوه‌كان ده‌كه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ى رووداوه‌كان زنجیره‌یه‌ك نه‌بن له مێژوو، به‌ڵكو كۆمایه‌كى كه‌ڵه‌كه بوون له رووداو.
مالیك ده‌ڵێت: دووباره‌ى ده‌كه‌ینه‌وه و دووباره‌كردنه‌وه‌ش بێزارمان ناكات، كێشه‌ى ئێمه كێشه‌ى ئایدیا و نه‌بوونى پرۆگرامه. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: واقیعی ئێمه یان بیرۆكه‌یه‌كه كه نایه‌ته، دى یان كارێكه په‌یوه‌ست نيیه به هه‌وڵ و تێكۆشانێكى فیكریه‌وه ([11]).
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر هه‌وڵ و تێكۆشانى ریفۆرمیستى ئیسلاميى شرۆڤه بكه‌ین، په‌ى به مه‌به‌ستپاكیه‌كه‌ى ده‌به‌ین، به‌ڵام له هه‌وڵ و تێكۆشانه‌كانیدا بۆن و به‌رامه‌ى میتۆد و پرۆگرام، بوونى نیيه([12]).
به‌كورتى: چاره‌سه‌ر له‌وه‌دایه ته‌وژمێكى ئیسلاميى تۆكمه بونیات بنرێت كه له‌بری ئه‌وه‌ی هۆگری شت و كه‌س بێت، هۆگرى راستى و ئایدیا بێت و به شێوازى جڤاتى كار بكات، په‌یوه‌ست بێت به میتۆد و پرۆگرامه‌وه، نه‌ك به كه‌سێكى دیاریكراوه‌وه.
گێڕانه‌وه‌ى كاریگه‌رییه بۆ ئایدیا ره‌سه‌نه‌كانمان، ئه‌ویش به هاوسه‌نگكردنه‌وه‌ى ئه‌و سێ جیهانه ده‌بێت كه باسمانكرد، جیهانى شته‌كان و جیهانى كه‌سه‌كان و جیهانى ئایدیاكان. مالیك ده‌ڵێت: كۆمه‌ڵگه‌ى ئیسلامى ده‌توانێت كاریگه‌رى خۆی به‌ده‌ست بهێنێته‌وه، به‌وه‌ى له بناغه‌ى پلانه‌كانیدا ئه‌م دوو خاڵه دابنێت:
1 بژێوى بۆ هه‌موو كه‌سه‌كان
2 كاركردن بۆ هه‌موو ده‌سته‌كان ([13]). دیاره مه‌به‌ستى هه‌موو ئه‌و ده‌ستانه‌یه كه تواناى كاركردنیان هه‌یه، نه‌ك هه‌موو ده‌ستێك. پێویسته هه‌موو كه‌سه‌كان بژێویان بۆ دابین بكرێت و وه‌ك مرۆڤ بژین، هه‌روه‌ها هه‌موو ده‌ستانه‌ى كه تواناى كاركردنیان هه‌یه كار بكه‌ن و دروشمى ” كاركردن خواپه‌رستیه” به‌رزبكه‌نه‌وه.
یابانیه‌كان پاش جه‌نگى دووه‌مى جیهانی و پاش ئه‌و وێرانى و شكسته گه‌وره‌یه‌ى كه رووبه‌ڕوویان بوویه‌وه، به حكومه‌ت و میلله‌ته‌وه، رێككه‌وتن له‌سه‌ر به‌رزكردنه‌وه‌ى ئه‌م دروشمه “كاركردن خواپه‌رستیه و ئامانجمان كوالیتیه”.
جێگاى خۆیه‌تى ئاماژه به‌وه‌ش بده‌ین كه كۆمه‌ڵگه‌ى یابانيى و كۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلاميى وه‌ك یه‌ك له ده‌وروبه‌رى (1860ز) بوون به قوتابی رۆژئاوا، كۆمه‌ڵگه‌ى ئیسلاميى په‌ناى بۆ ئایدیا مرێنه‌ره‌كان برد و كۆمه‌ڵگه‌ى یابانیش به ئه‌مه‌كدارى مایه‌وه بۆ جیهانى رۆشنبیری و كلتور‌و داب و نه‌ریت و رۆحه سامۆراییه‌كه‌ى!
سه‌رچاوه‌و په‌راوێزه‌كان
([1]) چه‌مكى رۆشنبیری و گرفته‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى ئیسلامى لاى مالیكى كورِى نه‌بی، خالد محمد غریب، گۆڤارى هه‌ژان، ژماره 14-15ساڵى 2004ز، ل276
([2]) مالیكى كورِى نه‌بی، گرفتى ئایدیاكان له جیهانى ئیسلامی‌دا، وه‌رگێڕانى: خالد محمد غریب، نوسینگه‌ى ته‌فسیر، هه‌ولیێر/ چاپی یه‌كه‌م 2014ز، ل90 به‌دواوه.
([3]) بڕوانه: مالك بن نبی، شروط النهضة، ترجمة عبد الصبور شاهین و عمر كامل مسقاوي، دار الفكر، دمشق، الطبعة الأولى 1986م، ل40 به‌دواوه.
([4]) مالیكى كورِى نه‌بی، گرفتى ئایدیاكان، ل97
([5]) سه‌رچاوه‌ى پیێشوو
([6])سه‌رچاوه‌ى پیێشوو ل70
([7])سه‌رچاوه‌ى پیێشوو ل42
([8]) سوره‌تى(آل عمران:) ئایه‌تى١١٠
([9])سه‌رچاوه‌ى پیێشوو ل98
([10])سه‌رچاوه‌ى پیێشوو ل117
([11]) مالك بن نبی، وجهه العالم الإسلامي، ترجمة عبد الصبور شاهین، دار الفكر، دمشق، إعاده الطبعة الأولى 2002م، ص83
([12]) مالك بن نبي، فكرة الأفریقیة الآسیویة، ترجمة: عبد الصبور شاهین، دار الفكر، دمشق، الطبعة الثالثة 2001م، ص83
([13]) مالیكى كورِى نه‌بی، گرفتی ئایدیاكان، ل139